Draw Media

گەشەی داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە نێوان ساڵی 2021 و 2022

گەشەی داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە نێوان ساڵی 2021 و 2022

2023-01-17 18:42:23


شیكاری: درەو:

گەشەی داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە نێوان ساڵی 2021 و 2022
🔹 ئاستی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ساڵی (2022) دا، بەراورد بە ساڵی (2021) ، نزیکەی (6.5 ملیۆن) بەرمیل و بە ڕێژەی (4.3%) دابەزیوە.
🔹 تێکڕای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە ساڵی (2022) دا بەڕێژەی (44.6%) و بە بەهای (30.11) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت زیادی کردووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر.
🔹 تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022) دا بەڕێژەی (47.3%) و بە بەهای (28.15) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت زیادی کردووە.
🔹 داهاتی گشتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم، لە ڕێگەی بۆرییەوە لە ساڵی (2022) دا، بڕی (3 ملیار و 746 ملیۆن و 466 هەزار و 935) دۆلاری بە ڕێژەی (41.5%) زیاتر بووە لە ساڵی (2021).
🔹 کۆی خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بڕی (2 ملیار و 98 ملیۆن و 21 هەزار و 485) دۆلار بە ڕێژەی (41.5%) لە (2022) دا زیادی کردووە، بەراورد بە ساڵی (2021).
🔹 پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم لە (2022) دا بڕی (1 ملیار و 648 ملیۆن و 445 هەزار و 450) دۆلاری بە ڕێژەی (41.5%) زیاتری کردووە، بەراورد بە ساڵی پێشتر.

یەکەم؛ نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە لە ساڵی 2021 و 2022
پاڵپشت بە ئامارەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم و زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، لە ساڵی (2021)دا هەرێمی کوردستان بڕی (152 ملیۆن و 1 هەزار و 152) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە.
بەڵام لە ساڵی (2022)دا بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی بووە لە (145 ملیۆن و 511 هەزار و 745) بەرمیل. بەم پێیەش لە ساڵی (2022)دا نەوتی فرۆشراو، بڕی (6 ملیۆن و 489 هەزار و 409) بەرمیل، بە ڕێژەی (4.3%) کەمی کردووە.
گەورەترین پاشەکشەش لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بەراورد بە چارەکی یەکەمی (2021) رویداوە، ڕێژەی ئاستی دابەزینەکە بریتییە لە (6.7%)، بەرامبەر بە بڕی (2 ملیۆن و 521 هەزار و 354) بەرمیل. بەڵام لە چارەکی سێیەمی (2022) بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2021) بڕێکی کەم و بەڕێژەی (0.1%) نەوتی فرۆشراو زیادی کردووە کە تەنها (44 هەزار و 709) بەرمیل نەوت بووە. (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1))

 

دووەم؛ تێکڕای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە ساڵی 2021 و 2022
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی (Country Economy) تێکڕای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە تەواوی ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (100.79) دۆلار. لە کاتێکدا تێکڕای نرخی نەوت لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (70.68) دۆلار.
بەم پێیەش تێکڕای نرخی نەوت لە ساڵی (2022)دا بەڕێژەی (44.6%) و بە بەهای (30.11) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت زیادی کردووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر.
گەورەترین بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە بازاڕەکانی جیهانی لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022)دا بەراورد بە چارەکی دووەمی ساڵی پێشتر ڕوویداوەو بە ڕێژەی (65%) و (44.71) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت.
کەمترین بەرزبوونەوەش لە بەراوردی هەردوو چارەکی چوارەمی ساڵەکانی (2021 و 2022) رویداوە بە ڕێژەی (11.3%) و بە بەهای (9) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (2))
خشتەو چارتی ژمارە (2)


سێیەم؛ تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ساڵی 2021 و 2022
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای دیلۆیت و زانیارییەکان، تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بەندەری جەیهانی تورکی لە تەواوی ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (87.65) دۆلار، ئەمەش دەریدەخات نەوتی هەرێم بە (13) دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی فرۆشراوە. لە کاتێکدا تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (59.49) دۆلار.
بەم پێیەش تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا بەڕێژەی (47.3%) و بە بەهای (28.15) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت زیادی کردووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر.
بەرزترین نرخی نەوتی هەرێمیش لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی پێشتر ڕوویداوەو بە ڕێژەی (77.1%) و (37.77) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت.
کەمترین بەرزبوونەوەش لە بەراوردی هەردوو چارەکی چوارەمی ساڵەکانی (2021 و 2022) رویداوە بە ڕێژەی (10.6%) و بە بەهای (7.24) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (3))
خشتەو چارتی ژمارە (3)

چوارەم؛ کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021 و 2022
پاڵپشت بە زانیارییەکانی بەردەست، کۆی ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی هەرێم، لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە هەناردەی کردووەو فرۆشتوویەتی، لە ساڵی (2021)دا کۆی بەهاکەی بریتی بووە لە (9 ملیار و 37 ملیۆن و 887 هەزار و 22) دۆلار.
بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەکانی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا کۆی بەهای نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (12 ملیار و 784 ملیۆن و 353 هەزار و 957) دۆلار
واتە داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە لە ساڵی (2022)دا، بڕی (3 ملیار و 746 ملیۆن و 466 هەزار و 935) دۆلاری، بە ڕێژەی (41.5%) داهاتەکەی زیاتر بووە لە ساڵی (2021)دا.
بەرزترین ئاستی بەرزبوونەوەی داهاتەکەش لە چارەکی دووەمی (2022) دا تۆمار کراوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2021) و ڕێژەکەی بریتی بووە لە (66%). نزمترین ئاستی بەرزبوونەوەکەش لە چارەکی چوارەمدا تۆمار کراوە بە ڕێژەی (3.8%). (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (4))
خشتەو چارتی ژمارە (4)


پێنجەم؛ خەرجی پرۆسەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە ساڵی 2021 و 2022
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت، بەتێکڕا (56%)ی داهاتی گشتی نەوتی هەرێم لە پرۆسەکەدا بە خەرج دەدرێت. هەر بۆیە تا ئاستی نرخی نەوت بەرزبێت، داهات زیاد دەکات و بە هەمان ئاستیش بڕو ڕێژەی خەرجی ڕوو لە هەڵکشان دەکات.
دەبینین لە ساڵی (2021)دا، کۆی خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (5 ملیار و 61 ملیۆن و 216 هەزار و 732) دۆلار. بەڵام لە ساڵی (2022)دا بڕی خەرجی هەڵدەکشێت بۆ (7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار و 216) دۆلار.
واتە بڕی (2 ملیار و 98 ملیۆن و 21 هەزار و 485) دۆلار بە ڕێژەی (41.5%) خەرجی نەوتی هەرێم لە (2022)دا زیاتری کردووە، بەراورد بە ساڵی (2021). (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (5))
خشتەو چارتی ژمارە (5)

پێنجەم؛ پوختەی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە ساڵی 2021 و 2022
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت، بەتێکڕا (44%)ی داهاتی گشتی نەوتی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە. بەهەمان شێوەی بەرزبوونەوەی نرخ و خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم، پۆختەی داهات (داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەتی هەرێم) ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
لە ساڵی (2021)دا، پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (3 ملیار و 976 ملیۆن و 670 هەزار و 290) دۆلار. بەڵام لە ساڵی (2022)دا بڕی پوختەی داهات هەڵدەکشێت بۆ (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلار.
واتە بڕی (1 ملیار و 648 ملیۆن و 445 هەزار و 450) دۆلار و بە ڕێژەی (41.5%) پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم لە (2022)دا زیاتری کردووە، بەراورد بە ساڵی پێشتر. (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (6))
خشتەو چارتی ژمارە (6)

سەرچاوەکان
-    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢١؛
https://govkrd.b-cdn.net
-    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی ٢٠٢١ تاکو ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١؛
https://govkrd.b-cdn.net
-    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی ٢٠٢١ تاکو٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢١؛
https://govkrd.b-cdn.net
-    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ تاکو٣١ کانونی یەکەمی ٢٠٢١؛
https://govkrd.b-cdn.net
-    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی 2022 تاکو ٣١ی ئاداری 2022؛
https://govkrd.b-cdn.net
-    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی 2022 تاکو ٣٠ی حوزەیرانی 2022؛
https://govkrd.b-cdn.net
-    درەو میدیا، هەناردە، نرخ، داهات، خەرجی و نەوتی بارکراوی هەرێم لە ساڵی 2022؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11806 
-    درەو میدیا، دیوی ناوەوەی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت... پرۆسەی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9981
-    Crude Oil Brent US Dollars per Barrel;
https://countryeconomy.com
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand