بانگهێشتی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق شكستی هێنا
2023-01-22 19:27:57
درەو:
نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقی كرد بۆ هەولێر، بانگهێشتەكە شكستیهێنا، ئومێد خۆشناو رایگەیاند دووشەممە لە یاریگای فرانسۆ هەریری پێشوازیان لێدەكەین، دواتر پۆستەكەی سڕیەوە.
دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق كردوو بانگهێشتی كردن بۆ هەولێر، ئەوانیش رەزامەندیان نیشاندا بە بانگهێشتەكە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە" پیرۆزبایی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دەكەین و رۆژی دووشەمە كاتژمێر (2:30 ) لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر بە ئاهەنگێك پێشوازیان لێدەكرێت".
دوای چەند كاتژمێرێك ئومێد خۆشناو دەقی نوسینەكەی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك سڕیەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە داڤۆسەوە نیگەرانی لەو بانگهێشتە دەربڕیوەو رایگەیاندووە نابێت پێشوازی و ئاهەنگ بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق.
هەربۆیە شوێنی پێشوازی لە یاریزانان لە یاریگای فەەنسۆ هەریری هەڵوەشایەوەو، دواتر شوێنی پێشوازیەكە گۆڕدرا بۆ بەردەم قەڵای هەولێر، دواتر بڕیاردراوە بانگهێشتەكە هەڵبوەشێندرێتەوەو پێشوازی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق نەكرێت.
سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند نێچیرڤان بارزانی زۆر توڕەو نیگەرانە لەوەی بانگهێشتیی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقی كردووەو بانگهێشتەكە هەڵوەشاوەتەوە، مەسرور بارزانی و مەسرور بارزانیش توڕەیە لە بانگهێشتی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ هەولێر، بەبیانووی ئەوەی جەماوەر و لایەنگرانی پارتی نیگەرانن لە پێشوازی لە یاریزانانی عێراق و هەڵكرتنی ئاڵای عێراق لە هەولێری پایتەخت و بەتایبەتیش لە یاریگای فرەنسۆ هەریری كە شوێنی ئاهەنگی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017 بووە.
سبەینێ وادەی بانگهێشتەكەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقە بۆ هەولێر، تا ئێستا لەسەر شێوازی پێشوازیەكە رێكنەكەوتوون، تەنانەت باس لەوەش دەكرێت رەنگە بانگهێشتەكە هەر هەڵبوەشێتەوە چونكە تا ئێستا مەسرور بارزانی رەزامەندی نەنواندووە لەسەر ئەوەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بێنە هەولێر.