عەبادی رووبەڕووی تاقیكردنەوە قورسەكە دەبێتەوە
2018-06-04 12:47:45
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی " النصر" بژاردەكانی بۆ مانەوە لە حزبی دەعوەی ئیسلامیی یان كشانەوە لێی یەكلابكاتەوە، كە بژاردەی دووەمیان مەرجی چەند قەوارەیەكی ترە بۆ پشتگیریكردنی لە بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، یەكێك لەو قەوارانەش " سائرون" ە بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر كە باوەڕی وایە پۆستی سەرۆك وەزیران ماوەی 12 ساڵە لە لایەن حزبی دەعوەوە قۆرغكراوە و پێویستە بدرێتە قەوارەیەكی تری شیعە.
تا ئێوارەی شەممە سەركردەكانی حزبی دەعوە سێ كۆبوونەوەی چڕیان كردووە بۆ تاوتوێكردنی رزگاركردنی حزبەكە لە لێكترازان و جیابوونەوەیەكی تر، كە لەوانەیە ئەگەر رووبدات فراوانتر بێت لەوەی ساڵی 2006 كاتێك بەهۆی ناكۆكیی لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران باڵێك لەلایەن ئیبراهیم جەعفەری وەزیری ئێستای دەرەوەی عێراق لە دایكبووە، و باڵێكی تریش بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، و ئێستاش چوونە دەرەوەی حەیدەر عەبادی و دەستلەكاركێشانەوەی لە حزبی دەعوە چەندین كەسی تری ناو حزبەكە لەگەڵ خۆیدا دەبات كە ژمارەیان كەم نیە.
سەركردەكانی حزبی دەعوە بیرۆكەیەكیان خستوەتەڕوو، كە یەكێك لە ئەندامە دیارەكانی بە چارەسەرێكی مامناوەندی دادەنێت بۆ ئەوەی حزب لە پارچە پارچە بوون بپارێزرێت، بیرۆكەكەش ئەوەیە كە مەكتەبی سیاسی حزبی دەعوە لێكترازانی هەر ئەندامێكی رابگەیەنێت كە پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت، ئەم بیرۆكەیە سەرەڕای گفتوگۆكردن لەسەری بەڵام مایەی رەزامەندی سەركردەكانی دەعوە نەبووە، و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی دەعوە بە بیرۆكەیەكی سادە و ساكار وەسفیكرد، هەندێك ئەندامی تریش داوایانكردووە گفتوگۆی بەشداری حزب لە حكومەت هەڵبپەسێردرێت بۆ پاراستنی یەكگرتوویی حزب، ئەوەش بە لای چەند ئەندامێكی ترەوە بەڵگەیە لەسەر هەڵپە بۆ پۆستەكان بكەن و دەستبەرداری بیروباوەڕەكانی حزب بن.
لەلایەكی ترەوە كەسانی نزیك لە حەیدەر عەبادی جەختدەكەنەوە كە عەبادی بەنیاز نیە لە حزبی دەعوە جیاببێتەوە و بە ئاشكراش ئەوەی راگەیاندووە، بەڵام لە پشتی پەردەوە هیوخوازە لەو سەركردانەی دووربكەوێتەوە كە دەزانێت پرۆسەكەی سیاسییان لە عێراقدا تێكداوە و قەبارەی گەندەڵی داراییان بە باشی دەزانێت كە بووەتە هۆی تێكدانی سیستمی ئابووری وڵات.
كەسێكی نزیكی عەبادی كە قسەی بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" ی قەتەری كردووە دەڵێت:" ئەگەر عەبادی لە حزبی دەعوە بكشێتەوە ئەوا بە واتای ئەوە دێت كە چەترێك نابێت بیپارێزێت."
ئاماژەیبەوەشدا كە " ئیبراهیم جەعفەری وەزیری ئێستای دەرەوەی عێراق كە لە حزبی دەعوە چووە دەرەوە هەموو پشتیوانی و پارێزگارییەكی لەدەستدا كە پێشتر خۆی پێ پتەودەكرد و ئێستا ئەو بە شێوەیەكی نیمچە تەواوەتی لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسییە و عەبادیش ئەمە باش دەزانێت."
لایخۆشیەوە سەعد مەتڵەبی سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات ئاشكرایكرد لەگەڵ حزبەكانی هاوپەیمانیدا گەیشتونەتە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە.
مەتڵەبی روونیشیكردەوە كە " هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات هەتائێستا لە سائرونەوە نزیكە."
بە رای مەتڵەبی دواكەوتنی راگەیاندنی هاوپەیمانێتی حزبەكان بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە هێشتا چاوەڕوانی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكەن لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، " دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان هاوپەیمانێتی كردن دەستپێدەكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و ئێمەش رۆڵێكی بەرچاومان تێیدا دەبێت."
سەعد مەتڵەبی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" ئاشكراشیكرد " هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هاوپەیمانی نێی دۆزیوەتەوە كە لە كوتلە جیاوازەكانی كورد و سوننە و شیعەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە، چونكە ئەو زۆرینەیەی هەوڵی بەدیهێنانی دەدەین بەبێ بووندی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بەدی نایات"
زیاتر وتیشی:" هاوپەیمانی نەسر و عەبادی زیاتر مەیلیان بەلای سائروندایە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، بەڵام سائرون كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات مەرجی بۆ پشتیوانیكردن لە عەبادی ئەوەیە كە لە حزبی دەعوە بێتە دەرەوە و بە فەرمی دەستلەكاربكێشێتەوە لەو حزبە، بەو هەنگاوەش عەبادی خولی دووەكی سەرۆكایەتی بەدەستدەهێنێت كە هەوڵی بۆ دەدات، بەڵام ئەگەر عەبادی لە حزبی دەعوە بچێتە دەرەوە، كێ لە كێشە سیاسییەكان دەیپارێزێت؟ بە دەرچوونی پارێزگاریكردن لێی بەدەستدەدات."
راشیگەیاند :"عەبادی لە شەستەكانی سەدەی رابردوەوە وەك بانگخوازێك لە حزبی دەعوە دانراوە و هەتا ئێستا نازانین هەڵوێستی لەسەر بڕیاری دەستلەكاركێشانەوە لە حزبی دەعوە چییە، من بە دووری دەزانم لە دەعوە بچێتە دەرەوە، بەڵام رەنگە موفاجەئە رووبدات، لەوانەیە رەونەقی دەسەڵات پاڵ بە عەبادییەوە بنێت بڕیاری دەستلەركێشانەوە بدات".
موحسن كینانی ئەندامی هاوپەیمانی سائرونیش دەڵێت:" مانەوەی عەبادی لە چوارچێوەی حزبی دەعوەدا بەواتای ئەوە دێت كە كاریگەری حزبی لەسەر دەمێنێتەوە، بەوەش هیچ شتێكمان بۆ هاوڵاتیان نەكرد، ئەو حزبەی لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا عێراقی بەرەو شكست برد، لە ساڵانی داهاتووشدا خێر و چاكەی بۆ ناهێنێت".
جەختیشیكردەوە كە :" دەرچوونی عەبادی لە حزب خێری بۆ خۆی و بۆ عێراقییەكان دەبێت و یارمەتیدەری دەبێت بۆئەوەی خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەدەستبهێنێت".