ئینفۆگرافیک: قەیرانی ئاو لە عێراق
2018-06-04 12:55:05
(درەو میدیا):
چەند رۆژێكە كەمبونەوەی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە خەڵكی عێراق نیگەران كردووە، سەرچاوەی كەمبونەوەی ئاوی روبارەكە دەگەڕێتەوە بۆ بەكارخستنی بەنداوی ئەلیسۆ لە باكوری كوردستان.
دەسەڵاتدارانی عێراق دڵنیاییان بە خەڵكدا بۆ ئەمساڵ سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە پارێزراوە و هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر نییە، بەڵام وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان ئاماژەی بەوەكرد زیانەكانی بەكاركەوتنی بەنداوی ئەلیسۆ لە وەرزی داهاتوودا قورستر دەبێت.
بەنداوی ئەلیسۆ ساڵی 2006 لەلایەن حكومەتی توركیاوە لە باكوری كوردستان لەسەر روباری دیجلە دروستكرا، بەنداوەكە بەرزییەكەی (135) مەترە و پانییەكەی (1.820) مەترە، خەرجی بونیادنانی ئەم بەنداوە لەسەر حكومەتی توركیا (ملیارێك و 700 ملیۆن) دۆلار كەوتووە.
هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی ئەلیسۆ، ئێرانیش لایخۆیەوە ئاوی زێی بچوكی گرتەوە كە دەڕژێتە هەرێمی كوردستانەوە.
بەگەڕخستنی بەنداوی ئەلیسۆ لە كاتێكدایە یەك لەسەر دووی ئاوی روباری دیجلە پشت بەو ئاوە دەبەستێت كە لە خاكی باكوری كوردستانەوە هەڵدەقوڵێت.
بە گوێرەی زانیارییەكان تەنیا لەماوەی ساڵی رابردودا پشكی ئاوی عێراق لە روبارەكانی دیجلە و فورات بە رێژەی 50% كەمیكردووە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردووشەوە پشكی ئاوی عێراق بەرێژەی 80% كەمیكردووە.
عێراق زیاتر لە (3 ملیار) مەتر سێجا روبەری هەیە بۆ گلدانەوەی ئاو، بەشێوەیەكی گشتیش رێژەی 50%ی ئاو لە عێراق لەلایەن وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانەوە بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان تەرخانكراوە و بەو بڕەش لە ئاو دەتوانرێت (600 هەزار) دۆنم بەروبومی كشتوكاڵی و زیاتر لە (ملیۆنێك) دۆنم زەوی بێستان ئاودێری بكرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئاوەوە ئێستا (یەك ملیۆن) دۆنم زەوی كشتوكاڵی كەوتوەتە دەرەوەی پلانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانەوە.
بەشێوەیەكی گشتی ئاو لە عێراق بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر كەرتەكاندا:
• كشتوكاڵ: 75%
• كاروباری ماڵەوە: 8%
• پیشەسازی: 2.5%
• هۆڕەكان: 12%
• حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی: 2.5%
حكومەتی عێراق بەم چوار رێگایە دەیەوێ روبەڕوی وشكەساڵی ببێتەوە:
• رێنمایكردن لەبارەی بەكارهێنانی ئاوەوە
• داخستنی ژمارەیەك لە وێستگەكانی شتنی ئۆتۆمبیل
• داخستنی حەوزە نایاساییەكانی بەخێوكردنی ماسی
• كۆتایهێنانی بە زیادەڕۆیی پارێزگان لە پشكی ئاودا
سەرچاوەی زانیارییەكان: سۆمەریەنیوز