ئینفۆگرافیک: قەیرانی ئاو لە عێراق
2018-06-04 12:59:02
(درەو میدیا):
چەند رۆژێكە كەمبونەوەی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە خەڵكی عێراق نیگەران كردووە، سەرچاوەی كەمبونەوەی ئاوی روبارەكە دەگەڕێتەوە بۆ بەكارخستنی بەنداوی ئەلیسۆ لە باكوری كوردستان.
دەسەڵاتدارانی عێراق دڵنیاییان بە خەڵكدا بۆ ئەمساڵ سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە پارێزراوە و هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر نییە، بەڵام وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان ئاماژەی بەوەكرد زیانەكانی بەكاركەوتنی بەنداوی ئەلیسۆ لە وەرزی داهاتوودا قورستر دەبێت.
بەنداوی ئەلیسۆ ساڵی 2006 لەلایەن حكومەتی توركیاوە لە باكوری كوردستان لەسەر روباری دیجلە دروستكرا، بەنداوەكە بەرزییەكەی (135) مەترەو پانییەكەی (1.820) مەترە، خەرجی دروستكردنی ئەم بەنداوە لەسەر حكومەتی توركیا (ملیارێك و 700 ملیۆن) دۆلار كەوتووە.
هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی ئەلیسۆ، ئێرانیش لایخۆیەوە ئاوی زێی بچوكی گرتەوە كە دەڕژێتە هەرێمی كوردستانەوە.
بەكارخستنی بەنداوی ئەلیسۆ لەكاتێكدایە یەك لەسەر دووی ئاوی روباری دیجلە پشت بەو ئاوە دەبەستێت كە لە خاكی باكوری كوردستانەوە هەڵدەقوڵێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان تەنیا لەماوەی ساڵی رابردودا پشكی ئاوی عێراق لە روبارەكانی دیجلە و فورات بە رێژەی 50% كەمیكردووە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوشەوە پشكی ئاوی عێراق بەرێژەی 80% كەمیكردووە.
عێراق زیاتر لە (3 ملیار) مەتر سێجا روبەری هەیە بۆ ئەمباركردنی ئاو، بەشێوەیەكی گشتیش رێژەی 50%ی ئاو لە عێراق لەلایەن وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانەوە بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان تەرخانكراوە و بەو بڕەش لە ئاو دەتوانرێت (600 هەزار) دۆنم بەروبومی كشتوكاڵی و زیاتر لە (ملیۆنێك) دۆنم زەوی بێستان ئاودێری بكرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئاوەوە ئێستا (یەك ملیۆن) دۆنم زەوی كشتوكاڵی كەوتوەتە دەرەوەی پلانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانەوە.
بە شێوەیەكی گشتی ئاو لە عێراق بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر كەرتەكاندا:
• كشتوكاڵ: 75%
• كاروباری ماڵەوە: 8%
• پیشەسازی: 2.5%
• هۆڕ و زۆنگاوەکان: 12%
• حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی: 2.5%
حكومەتی عێراق بەم چوار رێگایە دەیەوێ روبەڕوی وشكەساڵی ببێتەوە:
• رێنماییكردن لەبارەی بەكارهێنانی ئاوەوە
• داخستنی ژمارەیەك لە وێستگەكانی شتنی ئۆتۆمبیل
• داخستنی حەوزە نایاساییەكانی بەخێوكردنی ماسی
• كۆتاییهێنانی بە زیادەڕۆیی پارێزگان لە پشكی ئاودا
سەرچاوەی زانیارییەكان: سۆمەریەنیوز