ئەنجومەنی باڵای دادوەریی یەكشەممە دادوەرەكان دیاریدەكات
2018-06-07 07:07:41
لە بەیاننامەیەكدا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رایدەگەیەنێت، بۆ دیاریكردنی ئەو دادوەرانەی شوێنی ئەنجومەنی كۆمسیۆن دەگرنەوە كۆدەبێتەوە، بانگهێشتی ئەندامانی دەكات كە رۆژی یەكشەممە سەبارەت هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن كۆدەبێتەوە.
بەپێی بەیاننامەكە، كۆبوونەوەكە بۆ دیاریكردنی ئەو دادوەرانەیە كە شوێنی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەگرنەوە بۆ سەرپەرشتیكردنی ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان.
بەپێی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن، كە پەرلەمانی عێراق دوێنێ پەسەندیكرد، نۆ دادوەر جێگەی ئەنجومەنی كۆمسیۆن دەگرنەوە بۆ راپەڕاندنی كارەكانیان، چونكە بەپێی یاساكە كۆمسیۆن لە كارخراوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیاریداوە بە دروستكردنی لیژنەیەك لە سەرۆكی داواكاری گشتی، سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتی دادوەری، هەروەها یەكێك لە سەرپەرشتیارانی دادوەری بۆ ئەوەی بچنە بارەگای كۆمسیۆن و ئامادەكاریی بكەن بۆ جێبەجێكردنی یاساكەی پەرلەمان.
عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری، ئاماژەی بەوەكردووە، بە دەرچوونی ئەو یاسایە، كاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی كۆمسیۆن هەڵپەسێردراوە و پێویستە سەرلەنوێ لایەنەكان تانە و سكاڵاكان پێشكەش بكەنەوە.
بەیرەقدار باسی لەوەكرد، لەبەر هەستیاری دۆخەكە و بەپێی یاساكان، رێگە بە هیچ كەسێك نادەن كە پەیوەندی بەهەڵبژاردنەكانەوە هەبێت، رووبكاتە ئەنجومەنی دادوەری یاخود كۆمسیۆن، یان پەیوەندی بە دادوەرەكانەوە بكەن و جگە لەوەش سەرجەم دادوەرەكان بۆ باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە مۆبایلەكانیان دادەخەن.