Draw Media

بن سەلمان داوای خستەڕووی زانیارییەكان دەكات

بن سەلمان داوای خستەڕووی زانیارییەكان دەكات

2018-11-17 08:30:16


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود

میدیا بەناوبانگەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویانكردەوە، ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا (سی ئای ئەی) گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە (محمەد بن سەلمان) شازادەی جێنشینی سعودییە فەرمانی كردووە بە كوشتنی نوسەرو ڕۆژنامەنوسی سعودی (جەمال خاشقچی). 
ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) كە وەك یەكەم میدیای ئەمریكی زانیارییەكانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكای بڵاوكردوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە (سی ئای ئەی) زانیاری جیاوازی دەستكەوتووە، لەو چوارچێوەیەشدا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنییە كە شازادە (خالید بن سەلمان) لەگەڵ (خاشقچی) ئەنجامیداوەو، داوای لێكردووە سەردانی كۆنسوڵخانەی سعودییە بكات لە (ئەستەنبوڵ) بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەكەی، دڵنیاشی كردوەتەوە بەوەی كە سەلامەت دەبێت.
بە گوێرەی سەرچاوەكە، ڕوون نییە (خالید بن سەلمان) ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەسەر داوای (محەمەد بن سەلەمان)ی برای ئەنجامداوە یان نا.
(واشنتۆن پۆست) لە زاری هەمان سەرچاوەوە ڕاشیگەیاندووە، ئەو ئەنجامانەی ئاژانسی(سی ئای ئەی) پێیگەیشتوە، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێتی بۆ ئەو ڕۆڵەی (محەمەد بن سەلمان) دەیگێڕێت، كە بەدەسەڵاتداری فیعلی سعودیە دادەنرێت‌و، سەرپەرشتی سەرجەم كارە ورد و درشتەكانی وڵاتەكەی دەكات.  
ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكی كە ئاگاداری ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەیەتی، ئاماژەی بەوەداوە" ناكرێت كارێكی لەو شێوەیە 0ڕوبدات، بەبێ‌ ئاگاداری (محەمەد بن سەلمان) یان تێوەگلانی".
جگە لە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)، چەند میدیایەكی دیاری تریش، هەمان هەواڵیان لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوكردوەتەوە، كە بۆیان تەئكید كردوون،  ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا (سی ئای ئەی) گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی (محەمەد بن سەلمان) فەرمانی كردووە بە كوشتنی (خاشقچی)، لەوانەش تۆڕی هەواڵی (ئێن بی سی) و ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس). 
ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)، یەكێكی ترە لەو ڕۆژنامە دیارانەی ئەمریكا كە هەواڵەكەی بڵاوكردوەتەوەو رایگەیاندووە، (سی ئای ئەی) پشتی بەستووە بە گوێگرتن لەو  پەیوندییە تەلەفونییانەی كە (محمەدبن سەلمان) ئەنجامیداوە پێش كوژرانی (خاشقچی). 
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)یش بڵاویكردۆتەوە، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو سەركردەكانی (كۆنگرێس) هەڵسەنگاندنی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەیان پێگەشتووە، سەبارەت بەكوشتنی (خاشقچی).
هاوكات ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا، لایەنی تریشی لە حكومەتی ئەمریكا ئاگادار كردوەتەوە سەبارەت ئەو ئەنجامەی پێیگەیشتووە، كە شازادەی جێنشین فەرمانیكردووە بە كوشتی (خاشقچی).  
لە یەكەم كاردانەوەدا، (خالید بن سەلمان) باڵیۆزی سعودییە لە (واشنتۆن)‌و برای شازادەی جێنشین، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ڕەتكردەوەو داوای لەحكومەتی ئەمریكا كرد چی زانیارییەكی لەو بارەوەیە لایە  بیخاتەڕوو.
شازادە (خالید بن سەلمان) لە تویتێكدا دەڵێت، دواین پەیوەندی لەگەڵ (خاشقچی) لەڕێی نامەی نوسراوەوە بووە لە( 26 )تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، هەرگیز بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ نەكردووە و پێشنیازیشی بۆ نەكردووە بچێت بۆ (توركیا).

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand