Draw Media

"هەرێمی بەسرە" ناونیشانی شەڕی نوێی ناوماڵی  شیعەكان 

"هەرێمی بەسرە" ناونیشانی شەڕی نوێی ناوماڵی  شیعەكان 

2018-11-12 10:00:21


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
لەگەڵ ئەوەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق هێشتا دەرفەتی تەواوی وەرنەگرتووە بۆ بەجێگەیاندنی هیچ كارێك لەسەر ئاستی كەمی خزمەتگوزراییەكان لە شارەكانی عێراق، بەتایبەتیش شارەكانی باشوور، كە دانیشتوانەكەی وایدەبینن دواكەوتوو و ماڵوێرانی دەستی گەندەڵیین، هەروەك ناوچەكانی باكورو خۆرئاواش تیرۆر دووچاری وێرانیی كردن، هەندێك لە كوتلە سیاسیيەكان پەنایان بردووە بۆ بەرزكردنەوەی كارتی فشار لەسەر چەندین ئاست، دیارترینیان كوتلەی (دەوڵەتی یاسا)یە، كە (نوری مالیكی) سەرۆكایەتی دەكات.

مالیكی داوای بە هەرێمكردنی بەسرە دەكات 
لەكاتێكدا (مالیكی) یەكێكە لە دیارترین ئەو كەسانەی بیرۆكەی دامەزراندنی هەرێم لە عێراق ڕەتدەكاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بوەتە یەكێك لەوانەی بۆ (بەسرە) داوای دەكات، بە پاساوی نەبوونی خزمەتگوزرای و پەراوێزخستنی پارێزگاكە لەلایەن (بەغداد)ەوە. 
(دەوڵەتی یاسا) دەستیكرووە بەجموجۆڵی سیاسی لە (بەسرە) بۆ جۆشدانی شەقام و داواكاری ڕاگەیاندنی پارێزگاكە وەك هەرێمێك، بۆ ئەوەش سودی لە خراپی ئاستی خزمەتگوزاری شارەكە و توڕەیی شەقام لە حكومەتە یەكە لەدوای یەكەكانی وڵات بینیوە. 

عەبدولمەهدی دەترسێت‌و بەرهەم ساڵح دڵنیایی دەدات
لە گەرمەی ئەو فشارە سیاسیيانەدا، بەرپرسە ناوخۆییەكانی (بەسرە) جەخت دەكەنەوە دۆخی شارەكە ناجێگیرەو ئەگەری جوڵەی تێدایە، كە ڕەنگە ببێتە مایەی قەیرانێكی سیاسی و لەسەر حكومەتەكەی (عەبدولمەهدی) زۆر بكەوێت.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، جوڵانی شەقام لەم ماوەیەدا مەترسیيەكی گەورە دەبێت لەسەر حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی)، بەتایبەت كە پایەكانی جێگیر نەبووە، بەپێویستیشی دەزانن (عەبدولمەهدی) هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە، ئەوەش لەكاتێكدایە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان دەترسێت و هەوڵی هێوركردنەوەی شەقام دەدات بەتایبەت لە (بەسرە)و بەڵێنی باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزراییەكانیشی داوە. 
بەڵام (بەرهەم ساڵح) سەرۆك كۆماری عێراق دوێنێ‌ لە (كوەیت) وتی" ئێمە ئێستا لە قۆناغی گفتوگۆداین سەبارەت بە یاسایەك كە دەسەڵاتی یاسایی زیاتر بدات بە شارەكە بۆ ئەوەی ببێتە ناوچەیەكی ئابوری و گەشەكردوو".

لای خۆیەوە، (خەڵەف عەبدولسەمەد) سەركردە لە (دەوڵەتی یاسا) لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە" هەڵوێستمان جێگیرە سەبارەت بەدەستوريبوونی پشتیوانیكردنی داواكاری هەرێمی بەسرەو هیچ دەسەڵاتێك جگە لە دەسەڵاتى گەل ناتوانێت ئەو داوا دەستورییە پەكبخات".
ڕونيكردەوە"  ئەزمونی سیاسی سەلماندویەتی هەرێم ئیمتیازات و مافی زیاتر وەردەگرێ لە پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان نمونەیەكی بەرجەستەیە".  

نەسرو حیكمە دژن.. فەتح پشتیوانی دەكات
(موزاحم تەمیمی) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (نەسر) دەڵێت" ناكرێت بیرۆكەی پێكهێنانی هەرێم قبولبكرێت، تەنها لەكاتێكدا نەبێت ئەگەر شتێكی گونجاوی بۆ بەدیهێنانی دەستكەوت بۆ خەڵك تێدابێت"، (تمیمی) بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە" بەڵام داواكاری ڕاستەقینەو پابەندكەر هەیە لەپێناو پێكهێنانی هەرێمی بەسرە، شەقامی بەسرە دەیەوێت پڕۆژەی جدی ببینێت لە پارێزگاكە لەپێناو پێشخستنی ژێرخانی ئابوری و دابینكردنی دەرفەتی كارو پێشخستنی بەسرە بەوشێوەیەی شایستەیەتی". 
هەر لەو باسەدا، (زەهرە بەجاری) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (فەتح) بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە" ئێستا كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمی بەسرە" جەختیشكردووە"دامەزراندنی هەرێم مافێكە كە دەستوری بە سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی داوە، هەروەك ئەوەی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێكراوە".
ڕونیشیكردۆتەوە" 80% بودجەی عێراق سەرچاوەكەی پارێزگای بەسرەیە، كە دانیشتوانەكەی بەدەست هەژاری و بێكاری و سەرجەم جۆرەكانی ژەهراویبونەوە دەناڵێنن و حكومەتی عێراق وەڵامی داواكارییە مرۆیی و جەماوەرییەكانی نەداوەتەوە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، ئێستا كاتی  ڕۆیشتنە بەئاڕاستەی ئەو مافە دەستورییە بۆ دامەزراندنی هەرێمی بەسرە و ئەنجومەنی پارێزگاری شارەكەش هەڵدەستێت بە گرتنەبەری سەرجەم هەنگاوە یاساییەكانی پێویست بۆ دامەزراندنی هەرێم ".    
(عەلی بدێری) پەرلەمانتار لە (ڕەوتی حیكمە) دەستكەوتی تایبەت و وروژاندنی ئەو بابەتەی بەیەكەوە گرێداوە و دەڵێت" زۆر بەداخەوە دیاردەی پەنابردن بۆ هەرێم لەڕێی كوتلە سیاسیيەكانەوە هاتەگۆڕێ‌ بەئامانجی ئیبتیزازو فشاركردن، تەئكیدكردن لەو بڕگە دەستورییەی كە ڕیگە بە پارێزگایەك یان چەند پارێزگایەك دەدات ببنە هەرێم، ئامانج لێی فشاركردنە لەسەر حكومەت و لە پرسی بەسرەدا بۆ زیادكردنی بڕی بودجەی شارەكەیە، یان بەدەستهێنانی كورسیيەكی وەزارەت" دەشڵێت" بەڵی بەسرە ستەمی لێكراوە لە كابینەی حكومەتداو هیچ وەزیرێك نیە نوێنەرایەتی پارێزگاكە بكات، بەڵام  فشاركردن بەوشێوەیە لەسەر حكومەت، دروست نیە".   

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand