Draw Media

"سوپا سەرقاڵی قاچاخچێتیەو ئاگای لە داعش نەماوە "

"سوپا سەرقاڵی قاچاخچێتیەو ئاگای لە داعش نەماوە "

2018-11-13 12:40:33


راپۆرتی: ئارام مەحمود 

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی دوێنێیدا، لیژیەنەكی بەدواداچوونی بۆ ڕووداوە ئەمنییەكانی پارێزگای (نەینەوا) پێكهێنا، ئەوەش لە كاتێكدایە بۆ چوارەمجار لەسەریەك خشتەی كاری دانیشتنەكانی، بڕگەی تایبەت بەدەنگدانی لەسەر كاندیدانی (8) وەزارەتە پڕنەكراوەكەی حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) تیادا نەبوو. 
تا ئێستا ناكۆكییەكانی نێوان هاوپەیمانی (فەتح) بە سەرۆكایەتی (هادی عامری)و، هاوپەیمانی (سائیرون) بە سەرۆكایەتی (موقتەدا سەدر) لەسەر كاندید كردنی (فالح فەیاز) بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە، (عامری) پێداگری لەسەر دانانی دەكات‌و، (سەدر)یش، ڤیتۆی لەسەری هەیە.  

 (10) كاندید بۆ یەك وەزارەت!
دۆخی (سوننەكان)یش جیاوازییەكی زۆری نیە بەهۆی فرە كاندیدییان بۆ وەزارەتی بەرگری بە جۆرێك ژمارەی كاندیدەكانیان بۆ ئەو پۆستە گەیشتوەتە (10) كەس.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕۆژی متمانەدان بە كابینەی حكومەتەكەی لە (24) تشرینی یەكەم، ناوی (فەیسەڵ جەربا)ی پێشكەشكرد و پەرلەمان لەگەڵ كاندیدی (7) وەزارەتی تردا، دەنگی لەسەر نەدا.
ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاویكردوەتەوە، ئێستا كێبڕكێكە لەنێو دوو سەركردەی كوتلەی (ئیئتیلافی وەتەنییە)یەدا، كە  (ئەیاد عەلاوی) سەرۆكایەتی دەكات، ئەوانیش (سەلاح جبوری) سەرۆكی پێشوی كوتلەی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان‌و، (سەلیم جبوری) سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی عێراقە، هاوكات كوتلە سوننیەكانی ناو هاوپەیمانی (بونیاتنان)یش، هێشتا ناوی (هشام ئەلدەراجی) بۆ ئەو پۆستە پێشنیاز دەكەن كە (ئەیاد عەلاوی) بەتوندی دژیەتی.
لای خۆیەوە، (عەبدولهادی موحان) پەرلەمانتاری (ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا) پێشبینی دەكات سەرۆك وەزیرانی عێراق لەم هەفتەیەدا كابینەی حكومەتەكەی تەواو بكات.
ئەو پەرلەمانتار بە (سۆمەریە نیوز)ی وتوە"تا ئەم ساتە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران عێراق وادەی كۆتایی دیارینەكردووە بۆ پێشكەشكردنی كابینەی حكومەتەكەی بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەری و دیمەنی گشتی ئاماژەبۆئەوەدەكات كە عەبدولمەهدی كابینە وەزارییەكەی بەیەك سەبەتە پێشەكەش دەكات و ڕەنگە هەندێك لەو وەزارەتانەشی تیادابێت كە دەنگیان لەسەر دراوە و كێشەیان هەیە لەڕووی  لێپرسینەوەو دادپەروەری یان كۆتی تاوان". 
ئەمریكا بەئەنقەست وایكردووە
لەڕووی ئەمنیشەوە، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی دەستنیشانكردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری پێشێلكارییە ئەمنییەكانی ئەم دواییەی پارێزگای (نەینەوا) كە چەند پارێزگای خۆرئاوای عێراقیشی گرتوەتەوە و ڕێكخراوی (داعش) چەندین كردەوەی ئەنجامداوە.
(حاكم زاملی) سەرۆكی پێشوی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایدەكات، سوپای ئەمریكا بە ئەنقەست هەندێكی ناوچەی سنوریی بەبێ‌ كۆنترۆڵكردنی لەڕووی ئەمنییەوە بەجێهێشتووە، دەشڵێت" ئەم ڕۆژانەی دوایی سنوری سوریا-عێراق جوڵەی مەترسیداری بەخۆوە بینیوە، كە پێشتر  هۆشداریمان لە بارەیەوە داوە". 
ڕونیشكردوەتەوە" سەرقاڵبونی هەندێك لە یەكە سەربازییەكان لەو ناوچانە بە پەیداكردنی پارەو فرۆشتنی زەوی و سەرانە و بەرتیل و قاچاخچێتی و ماددەی بێهۆشكەر و ئاودیوكردنی نەوت، ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی گروپە تیرۆرستییەكان بۆ شاری موسڵ و دەوروبەری كردووە ". 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand