شەڕە گەورەكە لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە
2018-11-11 09:28:11
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
(3) دانیشتنە پەرلەمانی عێراق وەزاەتە پڕ نەكراوەكان ناخاتە خشتەی كارەكانیەوە، پێناچێت لەدانیشتنی چوارەمیشدا كە سبەینێ بەڕێوەدەچێت هیچ بەرەو پێشچونێك ڕوبدات، بەهۆی یەكلانەبونەوەی شەڕەكە لەدەرەوە پەرلەمان و بەردەوامی ناكۆكی كوتلە سیاسیەكان.
تازەترین جوڵە بەئاڕاستەی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە كە بە هەڕەشەیەكی جدی دادەنرێت بۆ سەر كابینەی حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی)، كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و تەئكیدكرنێتی لەسەر پێویستی پەلەكردن لەیەكلاكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان و تەواوكردنی كابینەی حكومەت.
هۆكارەكەی سەدر و عامریە
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان (عەبدولمەهدی) هانای بۆ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمانی بردووە بۆ پشتیوانیكردنی لەتەواوكردنی كابینەی حكومەتەكەی، ئەوەش دوای ئەوەی لەسایەی ململانێی توندو مەرجی لایەنە سیاسیەكان نەیتوانی بەربەستەكان تێپەڕێنێت.
بەرپرسێكی سیاسی بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە، (عەبدولمەهدی) لەكۆبونەوەكەی شەوی ڕابردوی سێ سەرۆكایەتیەكەدا، دیارترین بەربەستەكانی بەردەم پڕكردنەوەی (8) وەزارەتەكە خستۆتە بەردەم (بەرهەم ساڵح و محەمەد حەلبوسی) و ململانێی لەسەر وەزارەتی ناوخۆ بەگرێی بەردەم تەواوكردنی حكومەت وەسفكردووە.
نێوەندگیری دەكەن
سەرچاوە ئاگادارەكان ئاماژە بەوەدەكەن, (عەبدولمەهدی) هۆكاری كێشەو یەكلانەكردنەوەی وەزیرەكانی گەڕاندۆتەوە بۆ ناكۆكی (موقتەدا سەدر) ڕابەڕی ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانی(سائیرون) لەگەڵ (هادی عامری) سەرۆكی هاویمانی (فەتح) لەسەر وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەش بۆتە هۆكاری ئەوەی (عەبدولمەهدی) كاندیدەكانی بۆ پڕكردنەوەی (8) وەزارەتەكە پێشكەش بە پەرلەمان نەكات.
لەبەرامبەردا سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان بەڵێنیانداوە بێنە سەرخەت و ڕۆڵی ناوبژیوان بگڕێن لەنێوان كوتلە سیاسیەكان، لەپێناو لابردنی ئەو بەربەستانەی بونەتە ڕێگر لە بەردەم متمانەدان بە كاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكان.
تەقینەوەكان دژی عەبدلمەهدی بەكاردەهێنرێن
یەكێكی تر لەو ئاستەنگانەی (عەبدولمەهدی) وەك فشارێكی توند ڕوبەڕی دەبێتەوە، جوڵاندنی دۆسییەی ئەمنی و بەكارهێنانی تەقینەوەكانە لە دژی، كە نەیارەكانی هۆكارەكەی بۆ پڕنەكردنەوەی وەزارەتە ئەمنیەكان (بەرگری و ناوخۆ) دەگێڕنەوە.
(مەنسور بعێجی) پەرلەمانتاری كوتلەی (بونیاتنان) لەبەیاننامەیەكدا دەڵێت، دواكەوتنی دیاركردنی وەزیری بەرگری و ناوخۆ هۆكاری پێشێلكارییە ئەمنییەكانی ئەم دواییەی (بەغدا و نەینەوا)یە.
(بعێجی) داواشی كردووە پەلەبكرێت لەیەكلاكردنەوەی هەردو وەزارەتەكەو لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتودا بخرێنە دەنگدانەوەو متمانەیان پێبدرێت بۆ ئەوەی ئەركەكان ڕاپەڕێنن، ڕاشیگەیاندووە، دواخستنی یەكلاكردنەوەی ئەو دوو وەزارەتە مایەی قبوڵكردن نیە چونكە ناكرێت دۆسیەی ئەمنیی وڵات دواخستنی تیادابكرێت و هەر دواخستنێكیش سەرۆك وەزیران و ئەو كوتلە سیاسیانە ئۆباڵەكەی هەڵدەگرن كەبەرپرسن لێی.
شەڕی پۆست چۆتە ناو پێكهاتەكان
وەزارەتە پڕنەكراوەكان كە ژمارەیان (8) وەزارەتە بریتین لە ( بەگری و ناوخۆ و داد و پلاندانان و پەروەردەو خوێندنی باڵا و كۆچ و كۆچبەران و ڕۆشنبیری ).
(بەرگری و پەروەردە و پلاندانان) پشكی سوننەكانە، وەزارەتی (داد یان كۆچ و كۆچبەران) یەكێكیان بۆ كوردە ، (یەكێك لەو دوو وەزارەتە و ناوخۆ و ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵا) پشكی هێز و لایەنە شیعییەكانەو، هۆكاری یەكلانەبونەشی ململانێی ناوخۆیی هێزەكانە لەسەر ئاستی پێكهاتە، ئەوەش بەپێچەوانەی ڕابردوو كە ململانێ لەسەر پۆستەكان لەعێراق زیاتر لەنێوان پێكهاتەكان بووە.