سەدر پرۆسەی سیاسی عێراق بەڕێوەدەبات
2018-11-15 09:35:43
راپۆرت: ئارام مەحمود
گفتوگۆی هێزە سیاسییەكان سەبارەت بە وەزارەتە پڕنەكراوەكانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی) بەردەوامە، دوای تێپەڕبونی زیاتر لە سێ هەفتە لەمتمانەدان بە (14) وەزیر، (8) وەزارەت بە بێ وەزیر ماوەتەوە.
پێناچێت (عەبدلمەهدی) بەتەواوی كۆنترۆڵی دۆخەكەی كردبێت، وێرایی هەوڵەكانی بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان، لە ململانێیەكی قورسیشدایە بۆ هێشتنەوەی هەندێك لەو وەزیرانەی لە حكومەتەكەی دەستبەكاربون، بەوپێیەی لایەن هەیە پێیوایە، بەشی خوراوە، هەوڵی خستنی ژمارەیەك وەزیر دەدەن لەڕێی خستنەڕووی بەڵگەو دۆكۆمێنت سەبارەت بە پەیوەندی ڕابردویان بە حزبی بەعسی هەڵوەشاوەو ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان.
شەڕە گەورەكە لەسەر (3) وەزارەتە
(وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگریو ڕۆشنبیری)، چەقی ململانێی لایەنەكانو خاڵی ئاڵۆزكردنی تێپەڕاندنی (8) وەزارەتە پڕنەكراوەكەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدییە.
• كوتلەی (عەتا) كە پێشتر لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) بوونو ئێستا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی (بونیاتنان)دان، كە (هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات، پێداگری دەكات لەسەر كاندیدكردنی (فالح فەیاز) بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ.
• (ئیئتیلافی وەتەنییە) كە (ئەیاد عەلاوی) سەرۆكایەتی دەكات هەوڵی بەدەستهێنانی وەزارەتی بەرگری دەدات كە لەچوارچێوەی كوتلەی (چاكسازیو ئاوەدانكردنەوە)دایە، سوننەكانی ناو كوتلەی (بونیاتنان)یش، كاندیدیان هەیە.
• كوتلەی (سادقون) كە سەربە گروپی چەكداری (عەسائبی ئەهلی حەق)ە، لەچوارچێوەی كوتلەی (بونیاتنان)دایە، پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ كاندیدەكەی.
فشارەكان جیاوازن
ئەو شێوازانەی حزبە "زەرمەندەكان" گرتویانەتە بەر بۆ دروستكردنی فشار لەسەر حكومەتەكەی (عەبدولمەهدی) جیاوازن، كە پێدەچێت لەبەردەم كوتلە سیاسییەكاندا لاوازبێت، بەوپێیەی هیچ هێزێك نیە بەرگری لێبكاتو پشتیی پێبەستێت.
وێڕایی هەڕەشە ناو بەناوەكانی (موقتەدا سەدر) ڕابەری ڕەوتی سەدر، بە پەنابردن بۆ "ئۆپۆزسیۆن"بوون، هەندێك لە پارتەكانی تر (100) ڕۆژیان بۆ حكومەتی نوێ دیاریكردووە، (باقر جەبر زوبەیدی) سەركردە لە (ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی) لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە"حكومەت 100 ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانی" تەئكیدیشی كردووە" عەبدولمەهدی دەستكراوە نەبووە لە هەڵبژاردنی وەزیرەكانی".
بە ڕەزامەندی ئەو بڕیارەكان دەدرێت
سەرچاوەیەكی نزیك لە نوسینگەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە " سەدر سەركردایەتی پرۆسەی سیاسی ئێستای عێراق دەكات" ئاماژەی بەوەشداوە" ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان لایەنە سیاسییەكان قوڵترە لەوەی گەلی عێراق پێشبینی دەكات".
ئەو سەرچاوەیە بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) وتووە" سەدر هێڵی سوری داناوە لەسەر فالح فەیاز كاندیدی هاوپەیمانی بونیاتنان بۆ وەزارەتی ناوخۆ، ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەدر ڕەتكردنەوەی هەر كاندیدێكی فەتح بۆ ئەو پۆستە ڕابگەیەنێتو، هادی عامریش بەوەی زانیوەو پێدەچێت ڕوو بكاتە دەستنیشانكردنی كاندیدێكی تر، ئەوەش بەو مانایەی فەیاز هیچ چانسێكی نابێت، ئەگەری زۆریش هەیە (قاسم ئەعرەجی) وەزیری ناوخۆی پێشوو لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، ئەوەش دوای ڕەزامەندی سەدر".