Draw Media

هیوا سەید سەلیم  مانگی ڕابردوو لە هەولێر سەرکردەیەکی دیاری حزبی دیموکراتی کوردستان ( رۆژهەڵات) تیرۆر کرا، دوای دوو رۆژ تەرمەکەی لە هوتێڵێکی شار دۆزرایەوە. هەروەها لە سلێمانی بە رۆژی ڕووناک لە نزیک بنکەیەکی پۆلیسی ئەو شارە کادیرێکی سڤیلی سەر بە پەکەکە دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولە و شەهید دەکرێت.  هەردوو کردەوەکە دەچێتە چوارچێوەی تیرۆری رێکخراو، چونکە لایەنێکی دیاریکراو پلانی بۆ داناوە، کە ئامانج لێی تەسفیەی جەسەدیە دژ بە کەسانێک کە جیاوازی سیاسیان لەگەڵ بکەری ئەو تاوانە هەیە. شایانی باسە ساڵانێک بوو لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ساڵانی سەرەتایی راپەڕینی ١٩٩١ تیرۆری سیاسی بەو شێوازەی ئێستا پەیڕەودەکرێت بەرەو کەمبوونەوە دەچوو. بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەویە کە بەداخەوە ئەو دیاردەیە خەریکە لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەداتەوە. لەو چەند ساڵەی دواییدا،  وڵاتانی دەوروبەر، بە تایبەت تورکیا و ئێران، بۆ تەسفیەکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەنایان دەبردە بەر بە ئامانجگرتنی بارەگا و کەسایەتیە سیاسیەکان، لە رێگای بۆردومانی مووشەک، هەروەها بۆردومانی فرۆکەی جەنگی و درۆن. جێگای ئاماژەیە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەکانی هەریەک لە تورکیا و ئێران.  بۆ ئەم مەبەستە تورکیا بنکەو بارەگا سەربازیەکانی لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت بۆ ڕاوەدوونان و تیرۆرکردنی نەیارەکانی.  بە هەمان شێوەی تورکیا، ئێرانیش لە پەنابردنە بەر تیرۆری سیاسی نەک هەر بنکەو بارەگاکانی لە هەرێم خستۆتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی، بگرە کەناڵە دبلۆماسیەکانیشی بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنێت. هەڕەشەکانی ئەو دواییەی بەرپرسانی ئێران بۆ سەر لایەنە ئۆپزسیۆنەکانی،  کە وەک پەنابەری سیاسی بە پێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکان بوونیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەچێتە چوارچێوەی پلانێکی رێکخراو بۆ پیادەکردنی تیرۆری سیاسی. ئاماژەمان بە خواست و پلانی دووژمنان و داگیرکەرانی کوردستان کرد لە پەنابردنە بەر تیرۆری سیاسی، بەڵام لێرەدا گرنگە باس لە هەڵوێستی ناوخۆیش بکەین. شایانی باسە کێشە و ململانێ ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستان،  زەمینەی جێبەجێکردنی پلانی دووژمنانی باشتررەخساندووە، بەشێوەیەک کە دوای شەڕی ناوخۆ دەوترێت هەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆنی سەر بە تورکیا و ئێران دابەشکراوە. بەڵام وا بڕوات،  تیرۆری سیاسی ئەو دوو دەوڵەتە ئەو سنوورەش دەبەزێنێت، وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد،  وا ئێران لە هەولێر و تورکیا لە سلێمانی تیرۆری رێکخراو ئەنجام دەدەن. ماوە بڵێین تەڕانتێنکردنی ئازادانەی دەزگا جاسوسیەکانی ئەو وڵاتانە  لە هەرێمی کوردستان،  بۆتە هەڕەشەی جددی بۆسەر ئەو هێز و لایەنە سیاسی و کەسایەتیانەی لە هەرێمی کوردستان داڵدەدراون. واش بڕوات تیرۆر ناو ناوبانگی هەرێمی کوردستان زیاتر لەکەدار دەکات، بەتایبەت کە ناتوانرێت رێگری لە تیرۆری سیاسی ئەو وڵاتانە بکرێت.   


 ئاسۆ حاجی رەخنەکان لە ناوەڕۆکی سەردانەکە نیە کە بەرهەمی دونیابینی و لێزانی نێچیرڤان بارزانیە، وەک کەسایەتیەکی کاریگەر لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بەڵکو رەخنەکان لە شێوازی مامەلەکردنی میدیاییە لەگەڵ ئەو بزاڤە دبلۆماسی و سیاسیانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رەنگە دەستەواژەی ‘رەخنە’ هەندەک توند بی و سەر و دڵی هەندێک کەسیش بگری، بۆیە دەکرێ دەستەواژەی ‘تێبینی’ لە جێگای دابنێین: یەکەم، بۆتە چیڕۆکێکی دووبارە کە سەرکەوتنی هەموو سەردان و بزاڤێکی دبلۆماسی لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کورت بکرێتەوە، چونکە هەڵکردنی ئاڵا رێکارێکی پڕۆتۆکۆلیە و بە گوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاقی فیدڕال، دان بە ئاڵای کوردستان نراوە، ناکرێ وڵاتان لە پێشوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان هەر بەرپرسێکی دیکەی پلە باڵا نادیدە بگیرێ و ئەو خاڵەی پڕۆتۆکۆڵ جێبەجێ نەکرێ، بۆیە دەبێ هەڵنەکردنی ئاڵا ببێتە جێی سەرنج و قسە لەسەر کردن. دووەم، زوو داپۆشینی ئەو سەردانانە لە رێگای هەلمەتی سۆشیال میدیا، کە زیاتر خۆی لە ستایشکردنی کەسی دەبینێتەوە و هەوڵ دەدرێ ئەو کارە مەزنانە لە چەند پۆستەرێکی بێ گیان و هەندێک دەستەواژەی قەبەی بێ ناوەڕۆک گچکە دەکرێنەوە، ئەو هەلمەتانە رێکخراو و ئاراستەکراون، لە رووی ژمارەوە رەنگە بتوانن رووبەرێکی گەورە بگرن لە دونیای گریمانەیی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، بەڵام لە واقیعدا دەرئەنجامەکەی بە پێچەوانە دەشکێتەوە، چوونکە لادانی سەرنجی خەڵکە لە سەر ناوەڕۆکی بابەتی سەردانەکە لابدرێ بۆ سەر هەندێک وشە و دەستەواژەی دروشمبازی و پێهەڵگوتنی کەسی. سێیەم، ئەو کەرستە و ئامرازانەی بۆ هەڵمەتەی مارکێتینگەکە بەکاردێن، ئامراز و کەرستەی بەردەوام تاقیکراوەن، کە لە هەموو چالاکیەک بەکاردەهێندرێنەوە کە بریتین لە گروپ و کەسانێک لە رێگای چەند ئەپلیکەیشنێکی سۆشیال میدیا رێکخراون وەک(واتس ئاپ، ڤایبەر، تەلەگرام و هتد) و لە رێگای ئاگادارکردنەوە هەموویان یەک بابەت بە یەک شێواز و ناوەڕۆک بڵاو دەکەنەوە، کە زۆرینەیان وەک ئەرکی حیزب یان کار پێیەوە پابەندن، بۆیەشە هەر سەردانێکی گرنگی کاک نێچیرڤان بێت یان هەر بەڕێزیکی دیکە بێت، لە چوارچێوەی ئەندامانی حیزبێک دەخولێتەوە و وەک چالاکیەکی حیزبی بەرخوردی لەگەڵ دەکرێ. لێکەوتەکانی ئەو جۆرە مامەلەیە رێگر دەبن لە چەند شتێکی گرنگ،لەوانە: - کەسانێک کە لە دەرەوەی حیزبی سەرۆکی هەرێمن ئەگەر خوێندنەوە و لێلدانەوەی پۆزەتیڤ و گرنگیان بۆی هەبێت، رەنگە خۆیان دوورە پەرێز بگرن لە ترسی ئەوەی کارەکەی ئەوانیش نەچێتە نێو ئەو هەلمەتە میدیاییەی لە سەرەوە باسمان لێوە کرد. - ئەو کەرستانەی لەو هەلمەتە سۆشیال میدیایانە بەکاردەهێندرێن(ئەندامانی گروپە رێکخراوەکانی سەر ئەپلیکەیشنەکانی سۆشیال میدیا)، لە هەمان کاتدا بۆ بابەتی دیکەش بەکاردەهێندرێن کە کەسانی دیکە کاریگەری ناو حیزب یان خودی حیزبەکە پێویستی بە هەبوونیانە و لە بابەتی دیکە بەکاردەهێندرێنەوە، ئەوەش تێکەڵەیەک دروست دەکا و پەیام و ناوەڕۆکی چالاکیەکە بەباشی ناگات، چونکە وەک بابەت و پرسێکی جدی مامەلەی لەگەڵ ناکرێ بەڵکو وەک ئەرکێکی رۆتینی و بابەتێکی کاتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. - لە سەردەمی ئێستا خەڵک زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری زانین(مەعریفە) نەک زانیاری(معلومە) چونکە کۆمەڵگەی دونیای ژمارەیی (ئەنتەرنێت) کۆمەڵگەی مەعریفیە نەک مەعلومە، ئەوە لە رێگای کەلەکەبوونی زنیاریەوە دروست دەبێت( کەلەکەبوون بە مانای دووبارەبوونەوە نایێ بەڵکو بە مانای زۆربوون دێ) ئەوەی بۆ سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێ تەنها دووبارەکردنەوەیە(کۆپی پێست) نەک زۆرکردنی زانیاری.  گرنگترین خاڵ لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دەکرێ لە یەک دێڕی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە زلهێز و کاریگەرە کورت بکەیەنەوە کە گوتی:”پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ تۆ و وڵاتەکەت ئێجگار گرنگە”. ئەوە گۆڕانە لە دونیابینی بەریتانیا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و عێڕاق شتێکی نوێیە و لە ئایندە رەنگدانەوەی لە زیاتر بەهێزبوونی کوردستان دەبێت لە ناوچەکەدا.


رێبوار کەریم وەلی ھەر لە دروستبوونی یەکێتییەوە لە ١٩٧٦ تا ئێستا، تورکیا قەت پەیوەندییەکی سەقامگیری لەگەڵ یەکێتیدا، نەبووە. سەرەتای بەریەککەوتنەکە لە ھەککارییەوە دەست پێدەکات کە تورکیا لە رێگەی عەشیرەتە چەکدارەکانی کوردی باکورەوە پاڵپشتیی لە قیادەی موەقەت کرد بۆ قەڵاچۆکردنی ئەو ھێزە مارکسییەی کە بنەکەکەی لە سوریا بوو. * ئەو نزیکییەی پارتی لە تورکیاو ھێزە میلیشیاکانی باکور، وایکرد کە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و پەکەکە لە سەرەتای ھەشتاکان سەر نەگرێت و، پەکەکە لە سوریاو بیقاع لە یەکێتی نزیک بێتەوەو بنکەکانی یەکێتی بوونە پەناگەی ھێزە کوردییە مارکسییەکانی تورکیا. بە راددەیەک کە ئەو چەک و تفاقەی یەکێتی لەو رۆژانە لە لیبیاو شوێنی دیکە دەستی دەکەوت، لەگەڵ ئەواندا بەشی دەکرد. * دۆستایەتییەکی نزیک و ستراتیژیی رانەگەیەندراو لە نێوان یەکێتی و پەکەکەدا ھاتە ئاراوە کە تا ساڵی ١٩٩٢ درێژەی کێشا. ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک بۆسەر خواکورک و گوتارە مێژووییەکەی تاڵەبانی لە پەرلەمانی کوردستان و، بەشداریی کارای یەکێتی و پارتی لە لێدانی پەکەکە، کۆتایی سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکانی پەکەکەو یەکێتی بوو. * لە ١٩٩١ تاڵەبانی بە ھاوکاریی دۆستە نزیکەکەی جەنگیز چاندار، خۆی لە تورگوت ئۆزاڵ نزیک کردەوە. دیدارە مێژووییەکەی ئۆزاڵ و بەرەی کوردستانی سەرەتای ئەو گۆڕانە بوو کە لە زیھنی تاڵەبانی بەرامبەر بە پەکەکە دروست بوو. یەکێتی لە لایەک بە ھەموو ھێزییەوە شەڕی پەکەکەی کرد لە ١٩٩٢و لە لایەکی دیکەشەوە تاڵەبانی رۆڵی ناوبژیکاری لەنێوان تورکیاو ئۆجەلاندا بینی، تا مردنی ئۆزال و کۆتایی پڕۆسەکە لە ١٩٩٤. لەو ساتەوەختانەدا، پەکەکە بە شێوەیەکی جددی ناوچەی ژێر نفوزی یەکێتیی بۆ خۆڕێکخستن بەکار دەھێناو دەیان بارەگای ئاشکراشیان لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستاندا ھەبوو. * سەمرا ئۆزاڵ جارێکیان پێی گوتم ئۆزاڵ بە تاڵەبانیی دەگوت چێرچڵی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زیاتر متمانەی بە بارزانی بوو و دەیگوت راستگۆیە لەگەڵ بەڵێنەکابیدا. * رۆڵی ناوبژیکارانەی یەکێتی لە کێشەی کورد لە تورکیا کۆتایی ھات و لە کوردستانیش شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی دەستی پێکرد. ھێزە چەککراوەکەی پەکەکە لە شەڕی خواکورک کە بەسەدان گەریلا بوون لە سەر خواستی یەکێتی لە کەمپی زەڵێ لە سەر سنوری ئێران جێگر کران و حەرەس و قەرەقوڵیان بۆ دانان. * گۆڕانی تەرازووی ھێز لە ١٩٩٦ بەلای پارتیدا، پاکتاوکردنی پەکەکە لە ھەولێرو ھاوکاریی بێ قەیدو شەرتی پارتی لەگەڵ تورکیا بۆ لێدانی پەکەکە لە قوڵایی ٧٠ تا ٨٠ کیلۆمەتریی خاکی کوردستان کە پێچەوانەی رێککەوتنی ئەمنیی عێراق و تورکیاش بوو، پارتیی لە تورکیاو، پەکەکەو یەکێتیشی کردە ھاوپەیمان. پەکەکە لەو ساتەوەختەدا، لە لایەک بە چەک و پارە ھاوکاریی یەکێتیی دەکردو لە لای دیکەشەوە لە قوڵایی بادینان ھەڵیدەکوتایە سەر پارتی و بەرەی جەنگی لێ فراوان دەکرد. * ئیتر کەمپی زەڵێ چۆڵ ببوو و پەکەکە بۆ لێدان لە شادەماری ھاتوچۆی پارتی بۆ ئێران، لە داوێنی قەندیل و موسەیتەر بەسەر رێگەی ھامڵتۆن جێگیر ببوون. تا ئەیلولی ١٩٩٨ کە رێککەوتنی واشنتۆن ئیمزا کرا، ھاوپەیمانیەتیی پەکەکە و یەکێتی بەرقەرار بوو. دەستگیر کردنی ئۆجەلان لە شوباتی ١٩٩٩، سام و ھەیبەتی پەکەکەی شکاند، بە تایبەتیش کە یەکێتی و پارتی لە دانوستانی ئاشتیدا بوون، ئیتر پەکەکە بۆ یەکێتی ھیچ بایەخێکی تاکتیکیشی نەمابوو. سەرباری ئەوەش پەکەکە لە ناوچەی سەوزدا بە سەدان بارەگای سەربازی و سیڤیلی ھەبوو و بە ھەزاران گەنجی توڕەی باشور دەستە دەستە پەیوەندییان پێوە دەکردن. * تاڵەبانی لە ١٩٩٩دا، لاپەڕەیەکی نوێی لەگەڵ تورکەکاندا کردەوە. لە بەرامبەر وەرگرتنی دارایی مانگانە شەش ملیۆن دۆلارو سەدان ھەزار تۆن ئازوقەدا، بەڵێنی بە تورکیا دا کە ناوچەکەیان بۆ لە پەکەکە پاک بکاتەوە. ھەم تورکیای رازی دەکردو ھەم نفوزی پەکەکەی لە زۆنی سەوزدا، قەڵاچۆ دەکرد. سەرەتای سەردەمێکی زێڕین لە نێوان تورکیا و یەکێتی و، یەکەم بەرەوڕووبونەوەی یەک بە یەکی پەکەکەو یەکێتی لە مێژووی دروستبونیانەوە. * یەکێتی بەسەر پەکەکەدا، سەرکەوت و توانی لە ناوچەیەکی جوگرافیدا، قوفڵیان بکات، بەڵام ھەڵقەندنی رەگوڕیشەیەی پەکەکە لە قوڵایی سنوری دەسەڵاتی یەکێتیدا، کە لە دوو دەیەدا، دروستی کردبوو، زەحمەت بوو. * بارەگای میت لە سەرچنارو نوێنەرایەتیی یەکێتی لە ئانکارا کرایەوە. یەکێتی ھەوڵی بەدەستھێنانی دڵی بەرەی تورکمانیی دەدا کە دڕودۆنگ بوون لە پارتی و، لە کۆیە زەوی بەسەردا دابەش دەکردن! ساڵە ھەنگوینییەکان دەستی پێکردبوو. * ٤ی تەمموزی ٢٠٠٣ خاڵی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو یەکێتی. لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکادا، ھێزێکی ئەمریکی بە ھاوکاریی دژە تیرۆری بافڵ تاڵەبانی ھەڵیانکوتایە سەر بارەگای میت لە سەرچنار. ١١ سەربازی تورک تورگەیان کرایە سەرو بۆ ماوەی ٦٠ سەعات دەستبەسەر کران. بە گوتەی تورکەکان تاڵەبانی لە بەغدا زانیاریی ئەوەی دابووە ئەمریکا کە تورک بەتەمان پارێزگاری کەرکوک تیرۆر بکەن. کوڕەکەی تاڵەبانیش کە ڤیدیۆی تورەگە لەسەرکردنەکەی گرتبوو، دیمەنەکانی دایە مێدیا. تورک دەھری بوون و سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکان نەک ھەر لەگەڵ یەکێتی (کە قەت چاک نەبۆوە) بگرە تاڕاددەیەک لەگەڵ پارتیشدا، کۆتایی پێھێنا چونکە بۆ تورکەکان سەرشۆڕییەک بوو کە قەت نەیانتوانی تۆڵەی بکەنەوە. * دوای داگیرکردنی عیراق، پەکەکە ناوی خۆی گۆڕی و لە یەکی تەمموزی ٢٠٠٤ ئاگربەستی یەکلایەنانەی خۆی لەگەڵ تورکیادا، کۆتایی پێھێنا. پارتی ژێر بە ژێر لە ھەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا، بوو و پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەست ھێنا. سەرانی میت عەسکەر ھەر لەو ساڵەدا، چەندین جار لە پیرمام سەردانی بارزانییان کردو تەنانەت رەزامەندیی خۆیان لەسەر دەستوری داھاتووی عێراق و ستاتوی کوردستان بە فیدرالی لەگەڵ عێراق دەربڕی. * تاڵەبانی بۆتە سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام ھێشتا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا باش نین، لەگەڵ پەکەکە ئاشتیش نەبووبنەوە، ئاشتییەک لە نێوانیاندا، ھەیە. * لە ٢٠٠٧ دیسان تاڵەبانی باسی"پشیلە" دەکات و تورک ئاگریان لێدەبارێ. تورکیا لیستێکی لە سەرانی پارتی و یەکێتی دروستکردووە کە گوایە یارمەتیی پەکەکەیان داوەو داوای رادەستکردنیان دەکات بە تورکیا. لیستەکە ناوی مەسرور بارزانی و کەریم سنجاریشی تێدایە! تاڵەبانی دەڵێ" نەک ئەوانە، بگرە پشیلەیەکی کوردیش رادەستی توکیا ناکەین". * دژایەتیی تورکیا لەگەڵ تاڵەبانی لە ھەڵبژاردنەوەی تاڵەبانی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا بە تەواوی دەرکەوت. جەنگیز چاندار گوتی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو لەناو فڕۆکەدا بووم. لە بەریتانیا دەھاتینەوە. سەروبەندی دانانەوەی تاڵەبانی بوو لە ٢٠١٠. بە مندا پەیامی بۆ تاڵەبانی نارد کە خۆی ھەڵنەبژێرێتەوە، گوتی کە وەڵامی نامەکەم وه‌رگرتەوە شۆک بووم؛ قەت تاڵەبانی بەو زمانە تووندە وەڵامی تورکەکانی نەدابۆوە. کارگەیشتە ئەوەی کە تاڵەبانی ئامادە نەبوو لە سەفەرەکانی دەرەوەیدا، بۆ شەوێکیش لە ئیستانبوڵ کە لای ئەو جوانترین شاری دونیا بوو، لا بدات. * ئیتر قەت پەیوەندییەکان وەکو خۆی لێنەھاتەوە، سەرانی یەکێتی بەشداریی میتینگەکانی ھەدەپەیان دەکرد، تورکیا نوێنەرایەتیی یەکێتیی داخست و لە مەسەلەی سوریاشدا، یەکێتی لەپاڵ یەپەگەوە دژی تورکیا وەستا. یەکێتی لەشەڕی دژی داعشدا، ئەوەندەی مێدیاکەی لە خزمەتی لایەنە نەیارەکانی تورکیادا بوو، ئەوەندە لە خزمەت خۆیدا، نەبوو. * کورتبینییە ئەگەر رووداوی ٨ی تەمموزی ئەمساڵ وەکو کودتایەکی خێزانی سەیر بکرێت. بگرە رووداوێکی یەکجار فرەڕەھەندە کە روانگای ھەندێ لایەنەوە، ئەنجامدانی بەشێک بووە لە ستراتیژییەتی ئەمنی قەومیی کوردستان. بەو پێیەی کە ئاراستەی سلێمانی بۆ ھەمیشە رووی لە ھەولێرو لەوێشەوە بەرەو تورکیا بڕوانێ. ھەر بۆیە پەکەکە بەو عیلمەوە لەو ھاوکێشەیەدا، بووە تەڕەفێک و سنوری ناوبژیشی بەزاند. کوڕانی تاڵەبانی لە ھەوڵی بێوچاندان بۆ گۆڕینی ئەو قەزاوەتە مێژووییەی تورکەکان لەسەر یەکێتی و بنەماڵەکەیان ھەیەتی. بۆیە لە تەقەللای ھەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەن لەگەڵ تورکیادا. * پەکەکە قوڵاییەکی ستراتێژیی لەناوچەی نفوزی یەکێتیدا ھەیەو، وا بە ئاسانیش دەستبەرداری نابێت. بۆیە پەکەکەو یەکێتیی نوێ داخیلی قۆناغێکی دیکەی ململانێ دەبنەوە کە لە جاران جیاوازە. یەکێتی لەم ململانێیە نوێیەدا، بووەتە دوو بەش و یەکانگیر نییە. ئەوەش بۆ پەکەکە دەرفەتێکە کە بتوانێ بە رای گشتیی ناوخۆی یەکێتی شەڕی کوڕانی تاڵەبانی بکات. ئەم ململانێیە دەگاتە ئاستی بەرەوڕووبونەوەی چەکداری یان لەو ئاستەدا بەردەوام دەبێ؟ پرسیارێکە کە پەیوەستە بە ھەنگاوەکانی داھاتووی ئەو یەکێتییە نوێیە لەگەڵ پارتی، راددەیەی ھاوکارییان لەگەڵ تورکیاو جۆرو ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا. بۆیە سەرەتای ململانێیەکی قوڵی کوڕانی تاڵەبانییە لەگەڵ کۆمەڵێک ئەتڕافدا کە دەبێ بتوانن ئەو بەڵانسە بپارێزن، دەنا ناوچەکەیان دەبێتە مەیدانی شەڕێکی خوێناوی.


دانا حه‌مه‌عه‌زیز ١- ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ١٩٧٨ ڕێکكەوتننامەی سەرەتایی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و میسر بە ئامادەبونی جەیمی کارتەری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا لە کەمپ دەیڤدی واشنتن ئیمزا کرا. ڕۆژی ٢٦ ئازاری ١٩٧٩ش هەردولا پەیمانی ئاشتی کۆتاییان ئیمزاکرد، بەو پێیە ئیسرائیل بە چەند قۆناغێك لەماوەی سێ ساڵدا هەموو نیمچە دورگەی سینای بەجێهێشت کە لە شەڕەکانی ١٩٦٧و ١٩٧٣دا داگیری کردبوو. ئەنوەر سادات جێنەراڵیکی سەربازی بەتواناو سەرۆکێکی سیاسی بە ئەزمون بوو، لە شەڕی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣شدا هەندێك سەرکەوتنی دیاریکراوی لە سینا بەسەر سوپای ئیسرائیلدا بەدەستهێنابوو. ئەمەش بوو بە کلیلی کرانەوەی دەروازەی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیلدا، وتوێژەکان لەسەرەتاوە بەنهێنی لە ڕێگەی شای ئێران و شای مەغریب و چاوسیسکۆی ڕۆمانیا وە بەڕێوە ئەچوون، دواتر لە دەسپێشخەرییەکی مێژوویدا سادات خۆی چو بۆ ئیسرائیل! مناحێم بێگن ڕاستڕەوێکی توندڕەوی جولەکە بوو، بەڵام ئازایی سادات و دەسپێشخەریەکەی بۆ داننان بە ئیسرائیلدا بەرامبەر ئاشتی و ڕێکكەوتن لەگەڵ عەرەبدا، دەرفەتی بۆ بێگن و بۆ کارتەر نەهێشتەوە. ئەوکاتە، سادات پەیوەندی کرد بە گشت سەرکردەکانی عەرەبەوە، لە حافز ئەسەد پاڕایەوە کە چۆن بەیەکەوە شەڕیانکردووە، با بەیەکیشەوە بە ئاشتی ئیسرائیل لە خاکەکەیان دەرکەن بە قودس و جۆلانیشەوە. بەڵام سەرانی عەرەب و ئیخوانەکانی میسر، ساداتیان بە خیانەتکار ناوبردو بارەگای جامعەی عەربیشیان لە قاهیرەوە گواستەوە بۆ تونس. سادات، بەئاشتی سینای لە ئیسرائیل سەندەوە کە سێ ئەوەندەی ڕوبەری ئیسرائیلە، بە متمانەبونێکی زۆریشەوە، سور بوو لەسەرئەوەی کە باشترین بڕیاریداوەو، ڕۆژێك دادێ ئەبێ عەرەب مەمنونی جولەکە بێ ئاشتی لەگەڵدا بکات بەڵام بەرامبەر بە هیچ! ٢- چوارساڵ لەمەوبەر ڕێك چل ساڵ بەر لە دەسپێکردنی وتوێژی نهێنی سادات و جولەکە، سەرکردایەتی کورد خراپترین ڕیگەی گرتەبەرو، بە فیتی تورك و لەخۆشی پارەی نەوت و بازرگانیی، بڕیاری ڕیفراندۆمی دا لەکاتێکدا کە هێشتا عێراق خوێنی لێ ئەچۆڕاو شیعە لە گەرمەی شەڕی داعش دا بوو. ڕاستە ڕیکكەوتننامەی نهێنی هەولێرو ئانکەرە دەسکەوتی بازرگانیی زۆری بۆ پارتی و زەمانەتی مانەوەی بۆ بەڕێز بارزانی دابینکردووە، بەڵام تورك جگە لە کۆتایهێنان بە بزوتنەوەی سیاسی کوردو پرسی کورد لە هەر چواربەشەکەی کوردستان، هیچ سازشێکی تری قەبوڵ نیە. لەم بەینەدا ڕاستییەکی مێژوویی تاڵ هەیە، هەموو بزوتنەوەی سیاسی و چەکداریی کورد لە ماڵی شیعەو بەپشتیوانی ئێران و سوریا دروست بووەو پشتیوانی کراوە بە پارتی و یەکێتی و پەکەکەشەوە! پارتی و بارزانی وا دەرئەکەون کە لە هەموو کات بەهێزترن، بەڵام بۆ کورد ئەو ڕۆژە لە هەموو کات نزیکترە، کە ئەبێ بە مەمنونی و بەخۆڕایی باوەش بە شیعەدا بکات، بەڵام وەكو ئەوەی ئێستای عەرەب، بیگومان بەخۆڕایی و بەبێ قودس و بەبێ کەرکوك و بەبێ هیچ!


زەبەنگ بەهادین   بانگەشەی هەڵبژاردن لە سیستمی دیموکراتی حوکمداریدا شێوازی پەسەند کراو مافی یاسای تاکەکان و حزبەکانە بۆ نیشاندانی بەرنامە و پرۆگرامی تاکەکان و حیزبەکان هەرەوەها نیشاندانی هێلی کارکردنیانە لە چوار چێوەی هزری تاک و مانفیستی حیزبەکەدا ، تۆپیکی ووتارەکەم بە ووتەیەکی تۆدیور ئەدۆر دانا بۆ تێگەیشتن لە بریاردان و بۆ شێوازی بانگەشەی حیزبەکان لە هەرێمی کوردوستان و ماهیەتی راستەقینەی ئەم حیزبانە، ژیانی چەوت بە راستی ناژێندرێت  ، ئەو حیزبانەی کێبرکێی کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن هەمان حیزب بوون پشتگیری ریفراندۆمیان کرد ئەمە دوالیزمی سەرەتای ئایدیای حیزبییە بەلام ئاخۆ کامیان راستە ئەو ناسیونالیستیەی پێشتر بانگەشەیان بۆ دەکرد یان ئەم فیدرالیەی رادەکەنەوە باوەشی، بێگومان بە تێرامان لە مانفیستێ ئەم حیزبانە دەبینی هیچ کامییان تەنانەت باسی دەولەتی کوردی لە پەیرە و پرۆگرامی حیزبیاندا نییە، تەنها ئەو کاتانە ئەم بابەتە وەک دروشم بەرز دەکرێتەوە کە پێویستیان پێیەتی، ئەمە وەک سەرەتایەک بۆ نیشاندانی سەرجەم دروشمەکانی دی کە بەرزی دەکەنەوە، ئەو ئازادییە بانگەشەی بۆ دەکەن ئەوەیە کە دەبینین لە گرتوخانەکانی بادیناندا لەسەر دەربرینی بیر و رای ئازاد چەند چالاکوان زیاندانی کراون، ئەو هەلی کار و یەکسانییە دەبینی لە هەرێمدا کە هێدی هێدی سیستمی ئابوری دەتوێننەوە لە سەرمایەداریدا، جیهان گیرۆدەی دەستی فینانسە ئەمان تازە لە رێگەی وەبەرهێنان و بە کەرتی تایبەتکردن دەیخەنە ناو کوردوستانەوە، دەیانەوێت تاک بکەنە کالا و نرخ و قازانجی کۆمپانیاکانی خۆیان بە پێی ئاستی بە کۆیلە بوونی تاکەکان دیاری بکەن، شیواندنی ناوی کاندیدی سەربەخۆ لە ژێر پالپشتی و ماسکی حیزبیدا، دیموکراتی بە تەنها هەلبژاردن نییە بەلکو شێواز و پێناسەی و پراکتیزەی هەلبژاردنەکەیە، لە ئێستاوە باسی نەهێشتن و داواکردنی نەکردنی تەزویرە تەنانەت لە لایەن سەرۆکی حیزبەکان، دەبێ بپرسین ئەی کێیە تەزویر دەکات ساختەی دەکات سندوقەکان لای کێن دەنگەکان کێ بەیانیان دەکات کێیە رێگا بە دەنگی زیادە و مردو دەدات هەموو ئەمانەمان لە هەلبژرادنەکانی پێشودا بینیوە و برواو متمانە نەماوە، لێرەوە ووتەکەی ئەدۆر دەبەستمەوە بە بابەتەکەوە کاتێک ئەم حیزبانە ژیانیکی چەوت و رەفتاری چەوت و ئاکامی چەوتیان هەبێت ناتوانن بە راستی بژێندرێن.  بە مانا وا باشترە قسە نەکەن و بانگەشەی هەلبژاردن نەکەن چونکە ئەوەی ئاوان بانگەشەی پێوە دەکەن راستییە ئەمە نابێتە خواردنی چەوتی خۆیان دەبێت هەر زوو دوای تەواو بوونی پەرلەمان بیهێننەوە و لە ئێستاشدا کەسی هووشیار ئەو درۆیانەیان لێ ناکرێتەوە، بۆیە مافی تاکە خۆی بریار بدات ئاخۆ بەشداری ئەم شانۆگەرییە دەکات یان نایکات ، بەلام کاتی ئەوە هاتووە بایکۆتیش بکرێتە ئامرازێک و دەسەلات و جیهان تێبگەیەنرێت کە براواو متمانە نەماوەو دەبێت چەوتی بە چەوتی بژێندرێت و راستیش بە راستی.


هەندرێن شێخ راغب لەژیاندا بە وەفاترین هاوڕێكانمان هەڵەكانمانن، كە هەرگیز بەجێمان ناهێڵ. " أ.مادلین" ستەمكار لەپێناوی وەچنگ هێنانی بەری میوەیەك ئامادەیە درەختەكە لە رەگوڕیشەوە هەڵكەنێت. "مۆنتسكیۆ"  خودا لەسەر خواردنی سێوێك ئادەمی سزا نەدا! لەسەر هەڵەكەی بوو. ئادەم هەڵە نەبوو لە خواردنی سێوەكە، هەڵە بوو لە هەڵبژاردنی درەخت‌و شوێنی سێوەكە، كە خودا لەم درەختەدا قەدەغەی كردبوو ئادەم سێو بخوات.  ئیدی لە باوە ئادەمەوە تاوەكو ئێستا پرسی هەڵەكردن‌و باجی هەڵەی مرۆڤ جەدەلی گەورەی ژیان‌و بیركردنەوەی مرۆڤە. هەمیشەش ئاین پێداگیری لە چاككردنەوەو رەوشتاندنی مرۆڤ كردۆتەوە، كە هەڵە نەكات هانا بۆ خودا ببا تا رێگای راستی نیشان بدات. كێمان هەیە بەردەوام ئەم پێدراوەی پێ نەدرا بێت كە رێگای راست لای خودایە.  مرۆڤ بەهەڵەكانیەوە سیستەم و بەڕێوەبردن‌و چوارچێوەی ژیانی خۆی دروست كردووە، سێ هەزار ساڵە بیری مرۆڤ لە رێگای دیموكراتی‌و قسەكردن لەسەر ئازادی، خەریكی رێكخستنی هەڵەكانی‌و ژیان‌و بیركردنەوەی خۆیەتی. لە یۆنانەوە پێش زایین دیموكراسی‌و حوكمی مرۆڤ خۆی بابەتێكی گەشەسەندوو بووەو مرۆڤ بۆ ئەوەی یەكێك لە هەڵەكانی باش بكات، ئاینێكی وەرگرتوە، ئایدیاو بیروباوەڕێكی وەرگرتوە، زۆرن لەم بیروڕایانە ئەزمون كردوە وەك: سەدەكانی ناوەڕاست، رێنسانس، رۆشنگەری، مۆدێرنە، پۆست مۆدێرنە، عەلمانیەت، ماركسیزم، دیموكراسی، لیبڕاڵیزم، ناسیۆنالیزم....هتد، ئیدی تۆش دەتوانیت هەندێكی دیكە لەم چەمكانە زیاد بكەیت. دنیای ئەمڕۆ سەرقاڵی سیستەمێكی دیموكراتییە لە رێگای دەنگدان‌و بنكەی هەڵبژاردنەوە، لەوپەڕی راست بۆ ئەوپەڕی چەپ دێتە ناو كێبەركێی پرۆسەكە، كە هاوڵاتیانی نێو یەك چوارچێوەی دەوڵەتێك یان ناوچەیەك حوكم‌و دەسەڵات‌و نەخشەی ژیانی خۆیان دروست دەكەن. بەڵام ئەوەی دەبێت لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە تەماعی ستەمكاری‌و خواردنی سێوەكەو دەست بردن بۆ حەرامەكان نەك نەوەستاوە، بەڵكو پاشەكشەیەكی وای نەكردوە، كە هەست بە سنورداركردنی بكەین. مرۆڤی ئێمە بەدەنگی خۆی داهاتووی خۆی لە قاڵب دەدات، دەنگی خۆیەتی بۆتە زنجیرو دەستوپێی دەبەستێتەوە.  ئەمە بەوە بەراورد دەكەم كە سەرەتا ئاماژەم پێكرد، سێوخواردن هەڵە نیە، شكاندنی قەدەغەكە هەڵەیە، دەنگ دانیش هەڵە نیە، جۆری دەنگدانەكەت هەڵەیە.  ئەم هێزو گروپانەی بە كردەوە ستەمكارەكانی خۆیان ژیان لە خەڵك حەڕام دەكەن، كەلێنی گەورە دەخەنە نێو ریزی چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگاوە، شایستەی متمانە نین، بەڵكو دەبێت وەك شكاندنی قەدەغەی سەر حەڕامكراوەكان، باجی هەڵەكانیان بدەن. دیموكراسی‌و صندوقی هەڵبژاردن قەدەغە نیە، شێوەیەكە لە شێوەكانی هەوڵی مرۆڤ بۆ ئەوەی چوارچێوەیەك بۆ هەڵە خراپەكانی دابنێت‌و خۆ رێبەری خۆی رێكبخات. بەڵام كاتێك ناعەدالەتی‌و سەروەت‌و سامان دزین‌و ساختەكاری‌و دوژمنایەتی و رق و كینە جێگای هەستە باشەكان دەگرنەوە. ئەم گروپ‌و هێزانە نەك هەر لەسەر قەدەغە شكاندنەكە دەبێت باجی هەڵەكانیان بدەن، بەڵكو وەك ئادەم لەسەر هەڵەكەی لەبەهەشت دەركرا، ئەوە پێویستە ئەوانیش لە پرۆسەكە دەربكرێن.  


سەهین موفتی  ئاپۆ، لە بادینان زیندانییە،؟ لەبۆیێ گەریلاکان، بۆمبێ لەسەر رێیێ ئەودەڤەرەی دا دەنێنەوە...! قۆستنەوەی نەهی کردن( حەڕام ) کردنی شەڕی ( کورد - کورد) لە لایەن رابەری نەتەوە(  بارزانی )، خەریکە بە هەلی باش بزانرێت، بۆ بێ گیانکردن وشەهیدکردنی پێشمەرگەی بەرگریکاری کوردستان...! ئەز زێدەتر نانڤیسم، تەنێ بانگ ل سەرکرداتییان پەکەکێ و لایەنگرانێ وان دکەم، کو سەرهەڵدان ل جزیرو باتمان و ماردینێ پێتڤییە...! ئەگەرنا، پێویست ناکات هەرێمی کوردستان ببێتە باشووری( باکور)ێک، کە جورئەتی کوردبوون و سەرهەڵدانییان نەمابێت...!


دانا حه‌مه‌عه‌زیز ١- لە شەڕی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣دا، لە نیمچە دورگەی سینا، سوپای میسر لەبەرامبەر سوپای ئیسرائیلدا، باش جەنگا. سوپای ئیسرائیل بە فەرماندەیی جێنەراڵ ئاریال شارۆن کەمێك تەنگەتاو بوو بەهۆی سوتانی ژمارەیەكی باش لە تانکەکانی. ئەوکاتە هێنری کایسینجەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە بە بنەچە جولەکەو لە دایك بوی ئەڵمانیایە، ئارامی لێبڕابوو، هەمو وزەی خۆی خستە گەڕو قەناعەتی بە ئیدارەی ئەمریکا کرد کە ئیسرائیل لە تەنگانەدایە، ئەم گوشارەی کایسنجەر وایکرد ئەمریکا پردێکی ڕاستەوخۆی ئاسمانیی لەنێوان واشنتن و تەلئبیبدا بکاتەوە بۆ گەیاندنی فڕۆکەی جەنگی و هەموو پێداویستیەکی سەربازیی. کاسینجەر تەمەن ٩٨ ساڵ وەك سیمبڵیکی گەش هاوشێوەی وایزمان و بنگۆریان و سەرکردەکانی تری ئیسرائیل، لە مێژووی جولەکەدا ئەمێنێتەوە. ١- نەدیم زەهاوی، تەمەن ٥٤ ساڵ، کوردی عێراقە، لە ساڵی ١٩٧٦وە لە بریتانیایە. دە ساڵ زیاترە ئەندام پارلەمانی کۆنەپاریزەکانەو، لە دوو ساڵی ڕابردودوشدا وەزیری بزنس و ڤاکسین و لەم هەفتەیەشدا بو بە وەزیری یەکێك لە گرنگترین وەزارەتەکانی بریتانیا کە وەزارەتی خوێندنە. نەدیم خۆی بە پارتی ئەزانێ و هاوڕێی بارزانییەکان و ئاشتی هەورامی یە. نەدیم، بە دەوڵەمەندترین وەزیرو پارلەمانتار دائەنرێت بە درێژایی مێژوی دەوڵەتی بریتانیا. خاوەنی زیاتر لە (100 ملیۆن) پاوەندی ئاشکرایەو، مڵك و ماڵیکی زۆریشی کردووە بە ناوی (لانە سائیب)ی ژنیەوە، ئەمە جگە لە سەروەتێکی زۆری نادیار کە هاوشێوەی سەرانی کورد لە دورگەکانی کەیمان دایناوە. نەدیم چۆن دەوڵەنەند بو؟ بەهاری ١٩٩١ لەکاتی کۆڕەوەکەی کوردستاندا، لەگەڵ (بروسك سائیب)ی ژنبرایی و (جێفری ئارچەر)، (٥٧ ملیۆن) پاوەندیان بەناوی ئاوارەکانی کۆڕەوەوە کۆکردەوە، لەم پارەیە، تەنها (٢٥٠ هەزار) پاوەندی گەیشتە ئاوارەکان. لە پرۆسەی ئەم پارە کۆکردنەوەیەدا، جێفری ئارچەر (نەدیم)ی ناونابو "لیمۆی کوردی" و بروسك-یشی ناونابو "فاسۆلیای کوردی". دیارە ئارچەر سزای خۆی وەرگرت، بەڵام لیمۆ و فاسۆلیا وەك بەرزەکی بانان بۆی دەرچون و بوون بە ملیۆنێر. نەدیم زەهاوی، شەریکی دزەکانی هەرێم و بەشێکە لە پرۆسەی تاڵانکردنی کوردستان، بۆ نمونە خاوەنی گەورەترین پشکی کێڵگە نەوتییەکانی شێخانەو یەکێکە لە بەشدارەکانی پرۆسەی تاڵانکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە هەر بۆیە پشتیوانی ئەردوگانە.


ئاری عەبدولەتیف ـ بزوتنەوەی ئیسلامیی، نزیكەی (٧) ھەزار دەنگی ھەیە، بەس لە سنووری بازنەی (٣)ی ھەڵەبجە. ـ بزوتنەوەی ئیسلامیی، دەتوانێت پارسەنگی ھێز بگۆڕێت. بە فەرمیی، بایكۆتی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقمان كردووەو ناچینە پرۆسەیەك كە سەراپا نیشانەی پرسیاری ئابڕوبەرانەی لەسەرەو تەزویرات سەری مایەی دەخوات. ئەمە بڕیاڕی سەركردایەتییەو تائێستا ھیچ بڕیارێكی تر بە شوێنیدا نەھاتووە، بزوتنەوەش كەم نییەو تەنیا لە پارێزگای ھەڵەبجە نزیكەی (٧) ھەزار ئەندام و كادرو دەنگدەرمان ھەیەو یەك دەنگیش بۆ ھیچ لیست و بەربژێرێك ناڕوات. لە ھەر ئەگەرو پێشھاتێكی نوێش، سەركردایەتیی و كادرو جەماوەرمان دەرگایان كراوەیە بۆ بڕیارو بژاردەی تر بە ھەر جۆرێك بێت وەك بەشداریكردن و سوتاندنی كارتەكان و بەخشینی دەنگەكان بە دڵخوازی خۆمان و دەشتوانین لانی كەم بۆ كاندیدێك لە كاندیدە بەربژێرەكان سەنگی یەكلاكەرەوەی سەركەوتنی بین. بەس لە زۆنی ھەڵەبجەو بازنەی (٣)دا، بزوتنەوەی ئیسلامیی دەتوانێت پارسەنگی ھێز بگۆڕێت، ئەمە جگە لە ناوچەكانی پشدەرو بتوێن و سلێمانی و ھەولێر و گەرمیانیش كە خاوەنی ھەزاران دەنگدەرو ئەندام و كادری دڵسۆزە كە چاوەرێی تەوجیھات دەكەن. تەنیا كەسایەتییەكی بزوتنەوەی ئیسلامیی كە خۆی وەك مامۆستای زانكۆو چالاكوانێكی ناوچەكە بەربژێر كردووە، (م. حەسەن شێخانی)یە، بە ژمارەی (٥٤) لە بازنەی (٢)ی كەركوك و ھاوڵاتیان و جەماوەرو دەنگدەرانی بزوتنەوە دەتوانن لەو ناوچانەی كەركوك دەنگی پێبدەن و سەریخەن بۆ پەرلەمانی عێراق، لە ئەگەری ھەر ڕێككەوتن و دەسبارییەكی ئەو بەربژێرە ئیسلامییەدا لە ھەر حیزب و لایەنێك، ئێمە دەستمان كراوە دەبێت لە بازنەكانی تری كوردستان بەپێی بڕیار و ئیتیفاقیەی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوە، لەبەرامبەردا دەنگ بدەین. بۆ بەرژەوەندیی ئیسلام و بەدەستھێنانی مافە دەستورییەكانی كورد لە بەغداو شەڕی خاك و سەروەریی و شایستە داراییەكان و ماددە جێبەجێنەكراوەكان، ئامادەی ھەر دانوستان و بەركەوتەیەكین بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ نوێنەرو لایەنە بۆ خواو نەتەوە سوڵحاوەكان بە تایبەت ئەوانەی سازش ناكەن لەسەر پاكێجی ئاین و یەك بڕگە لە مافە سروشتیی و دەستورییەكانی ئەم گەلە بەشخوراوە، ئەگەر ئەمەش نەكرا، یان ھەر بایكۆت و نەچوون بۆ دەنگدان یان چوون و زەڕب و سوتاندنی.  


سەربەست مەنمی سیحر و هێزی پێشکەوتنی دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان سەقامگیری و ئارامی هەرێمەکەمانە، کە ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆی سێکتەر و ڕەهەندەکانیتری ژیاری هەبووە و هەیە. دوای هەر گرژی و داکشانێک،  دەستپێخەری و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و دەرفەتێک بە سەوزکردنەوەی هیواکان و پێکەوەژیان و باوەڕی پتەومان بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، داینامۆی ئەو سەرکەوتنە سیاسیی و دیپلۆماسییەیە کە لە سەردانە گرنگەکەی سەرۆک ماکرۆن  سەرۆکی فەرنسا بۆ هەولێر و سەردانە فەرمیەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەریتانیا ڕەنگدەدەنەوە و ئاماژەیەکی گرنگن بە بەردەوامیدان بە پرۆسەی سەقامگیری و سیاسیی و بوژاندنەوە و سەرخستنی دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان. دەستپێکی پشتیوانی بەهێزی نێودەوڵەتی لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، وابەستەی ڕووداوە مێژووییەکەی (کۆڕەوی) گەلی کوردستانە، لەسەر بنەمای هاوسۆزی و پاراستنی گیانی ملیۆنان مرۆڤی ئاوارەبووی سەرچیاکان، هاوسۆزی توخمێکی گرنگی ژیان و مرۆڤدۆستیە و دەکرێت بنەمای سەرەتای کاری پێکەوەکارکردنبێت، لێ لە جیهانی سیاسەتدا شوێنێکی ئەوتۆی نیە، بۆیە گرنگە لە پاڵ هاوسۆزیدا ڕەگەزە گرنگەکانی دیکەی سیاسەت و دیپلۆماسیەت و کار و بەرژەوەندی هاوبەش و درێژخایەن بڕسکێنرێن. لە دوای ١١ی سێپتەمبەر و دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی بەعس لە عێراقدا، کورد و هەرێمی کوردستان بوونە بەشێکی گرنگ لە هاوپەیمانی ناوچەیی بۆ پشتیوانیکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بەعس، ئەم ڕووداوەش وێستگەیەکی گرنگبوو بۆ بەشداری فراوانی هەرێمی کوردستان و کرانەوەیەکی زیاتری هەرێمەکە، بەڕووی ناوچەکە و جیهاندا، وە دەستپێکێکی گرنگی دامەزراندنی پایەکانی دیپلۆماسیەتی کوردی بوو بە دەوڵەتانی زلهێزی جیهانەوە. هەڵتۆقاندنی دەوڵەتی تیرۆرستی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" لە سنوری دەوڵەتی عێراق و سوریدا، ڕووداوێکی گرنگبوو، ئەوەی پەیوەندی بە دیپلۆماسیەت و دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەم قۆناغە، قۆناغە زێڕینەکەی گەشە و نەشوونماکردنی دیپلۆماسیەتی کوردیەو بە جۆریک هەولێری پایتەخت بووە ترافیکێکی گرنگی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، کەمنەبوون ئەوانەی باوەڕیان وابوو دوای سەرکەوتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بردنەوەی جەنگی تیرۆرستانی داعش هەرێمی کوردستان ئەو بایەخە گەورە و گرنگەی لە ڕووی دیپلۆماسیەتەوە نامێنێت، ئەو ڕووداوانەی ئەم ڕۆژانە دەگوزەرێن بۆچوونەکانیان ئاوەژوو دەکات! ژیانی سیاسەت و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان بی گرێ و گۆڵنیە، بگرە زۆرجار ئاستەنگ و لەمپەرەکان زۆرتر و تاقەتپڕوکێنەریشن، ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر وێستگەی داکشانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێم بوو، بۆ ئاستێکی مەترسیدار، لێ هەرزوو بە هۆی کارزانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دونیای سیاسەت و دیپلۆماسیەت دەرگا داخراوەکان ترازێنران و ڕایەڵە و داوە پساوەکان گرێدراونەوە. ئەوەی ئەمرۆ لە ژیانی سیاسیی و دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، بەر ئەنجامی خەباتێکی درێژ و پڕ لە هەڵکشان و داکشان و تێپەڕاندنی ئاستەنگی تاقەتپڕوکێنە، لە هاوسۆزییە وە بۆ هاوبەشی سەربازی و دروستکردنی بەرژەوەندی ئابوری و  بەرو دیپلۆماسیەتی نوێ، دیپلۆماسیەت و پەیوەندییەک لەسەر بنەمای ڕێز و  هاوبەشی و هەماهەنگی و پاراستنی بەرژەوەندی دوولایەنە، سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ دەوڵەتی بەریتانیا دەرفەتێکی مەزنە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی دامەزراوەیی لە بواری ئاسایش و بازرگانی و ڕەنگڕێژی ستراتیژیەتی سیاسیی هاوبەش.  


د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا- رۆژانه‌ تایبه‌ت له‌ (دره‌و) ده‌ینوسێت مەکتەب ئەنواعی قۆپێ میسی عەشقی تۆپی پێ پاسۆک جوێن بە بێ دەرپێ بێ ئیشی ، سەیری بنمیچ تەئریخی خوێڕی هەر هیچ ئازادی  فێری فەوزا داعش جیهاد و غەزا کۆڵان شیعری حێولانێ پەڕلەمان چەلەحانێ حکومەت سواڵ و ساقە  سناپ  داوای عەلاقە حیزب دەستەگەرێتی ڕاگەیاندن کەرێتی هاوڕێ ئەمڕۆکە پاشقول  مایکرۆفۆن قسەی زل هەژاری سەبر و ئیمان تی ڤی لاسایی شاجوان مەسئول فەنی بەگدانان داروین تیۆریی گەشە سوڵتە شەق و هەڕەشە شیعری مەدهۆش دڵداری سیاسەتیش بێباری


د. ئیسماعیل شەمس •    لە سەرتادا جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەكەم كە نەك تەنیا لە سەردەمی ئەیوبی، بەڵكو تاوەكو سێ سەدە لەمەوپێش و لە ئەوروپاش گوتاری شوناسیی زاڵ، ئایینی بووە و لە هیچ شوێنێكی جیهان، گوتاری نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم دەرنەكەوتبوو؛ بۆیە ناساندنی سەڵاحەدین ئەیوبی وەك قاڕەمانێكی نەتەوەیی و چاوەڕوانی لەو كە هەوڵێك بۆ نەتەوە و نیشتمانەكەی بدات و  دەوڵەت یان وڵاتێك بە ناوی كوردستان بونیاد بنێت، نامێژوویی و پارادۆكساوییە. لەگەڵ ئەمەشدا، سەڵاحەدین لە چوارچێوەی وابەستەیی نەتەوەیی، تایفەیی و خاك، لەو ڕۆژگارەدا كۆمەلێك ئیشی گرنگی بۆ كورد ئەنجام داوە كە ئاماژە پێنەكردنیان لە ئینساف بەدوورە. •    یەكەم؛ بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبی لە كۆتایی سەدەی 6-ی كۆچی، نەوە و كەسوكاری فەڕمانڕەوا كوردەكانی دەولەتەكانی شەددادی، مەروانی، ڕەوادی، هەزبانی، ئال حەسنەویە، عەنازی و تەنانەت ئەتابەكانی لۆرستان كە لە لایەن سەلجوقییەكانەوە كۆتاییان پێهات، چوونە دەرباری ئەیوبییەكان و خۆیان دایە پاڵیان. ئەوەی كە دەوڵەتی ئەیوبی ناو دەبرێت بە ڕادەی یەكەم، دەرئەجامی جۆرێك لە كۆدەنگی و بەشداریی كوڕ و نەوەكانی هەموو دەوڵەت و میرنشینە كوردییەكانی پێش سەلجوقی و و بەڕادەی دووەم، تەواوی هۆز و تایفە كوردییەكانە كە لە سەرانسەری كوردستانەوە هاتنە پاڵ ئەیوبییەكان. لە سەردەمی ئەیوبییەكان، شەپۆلی گەروەی كۆچی تایفە كوردەكانی وەك ڕەوادی و زەرزا و گۆران و جاف و .... بۆ میسر و شام دەستی پێكرد و هەر ئەم تایفانە، پایەی سەرەكی سوپای ئەیوبی بوون. هەروەها زیاتر لە 90%-ی دادوەر، مامۆستایان و دیوانییەكانی ئەیوبیی كورد بوون. ناو و ناوهێنانی كورد بە شێوەیەكی بێ وێنە هاتەناو نووسین و سەرچاوە عەرەبییەكانی ئەوكات. مێژوونووسان و نووسەران كە پێشتر بە زمانێكی نەرێنی باسی كوردیان دەكرد، دەستیان كرد بە مەدح و سەنای كوردەكان و بە جۆش و خرۆشەوە سەبارەت بە ڕەچەڵەكیان دەیان نووسی. تا وەكو ئیستاش زۆرینەی زانیارییە مێژوییەكانی ئێمە سەبارەت بە تایفە و كەسایەتییە كوردییەكان دەگەرێتەوە بۆ ئەو سەرچاوانەی كە لە سەدەكانی شەشەم تا هەشتەم لە میسر و شام نووسراون. لوتكەی دەركەوتنی كورد لە بیرەوریی مێژووی ناوچەكە و جیهان لە سەردەمی ئەیبوییەكانە كە هەڵبەت ژێرخان و بونیادەكەشی هی هەمان سەردەمە. لە هیچ قۆەناغێكی مێژوویی، چ لە پێش و چ لە پاش، كورد نەیتوانیوە توانا كولتووری و شارستانییەكانی خۆی وەك ئەو سەردەمە پێشان بدات. •    دووەم؛ یەكێكی تر لە هەڵە باوەكان لە لێكۆڵینەوەی مێژووی ئەیوبی ئەوەیە كە وا بەرداشت دەكرێت كە ئەیوبییەكان لە ناوچە عەرەبنشینەكان فەڕمانڕەوا بوون و پەیوەندیان بە كوردستانەوە نەبووە. هەر لە سەرەتاوە، لە دابەشكارییەكی نافەڕمی، سەڵاحەدین ئەیوبی سەرقاڵی ناوچەكانی عەرەبنشین بوو و پاش ڕێكخستنی كارەكانی ئەوێ، ناوچە كوردنشینەكانی توركیا، سوریا و عێراقی ئەمڕۆی كە لە ژێر دەسەڵاتی سەلجوزقییەكان (سەلجوقییەكانی ڕۆم، ئەرتەقیان، ئەتابەكانی ئەربل، زەنگیان، سەلجوقییەكانی شام) بوو، لێیانی سەندەوە و بە براكەی مەلك عادل و والییەكانی تری سپارد. ئەوانەی كە پێیانوایە سەڵاحەدین ئەیوبی هیچ كارێكی بۆ نیشتمانەكەی خۆی نەكردووە، چاكتر وایە كەمێك مێژووی ئەو سەردەمە بخوێننەوە. باشتر واەی وڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە كە پێش سەڵاحەدین، كوردەكان لە كام بەشی كوردستان و نیشتمانی خۆیان حوكمڕانیان دەكرد؟ بەبێ هیچ گومانێك لە هیچ شوێنێك. لە سەرەتای سەدەی شەشەمی كۆچییەوە و بە لەناو بردنی دوایین بەجێماوەی دەوڵەتە كوردییەكانی سەدەی پێنج، سەلجوقییەكان و لقەكانی لە هەموو شوێنیكی كوردستان فەرمانڕەوا بوون و ئیتر شتێك لە كورد جگە لە چەند ناوێك لە سەرچاوەكان نابینرێت. هەروەك باسمان كرد، سەڵاحەدین ئەیوبی و منداڵ و نەوەكانی، حكومەتی هەموو ئەم ناوچانەیان لە توركەكان وەرگرتەوە و حاكمە كوردەكانیان لە جێیان داننا. لە كۆتاییەكانی تەمەنی دەوڵەتی ئەیوبی، مەلەك ئەشرەف ئەیوبی و نزیكەكانی لە پێشڕەوەیی بەرەو ئازربایجان و كوردستان و زیندووكردنەوەی دەسەڵاتی پێش سەلجوقی كوردەكان بوون، بەڵام هێرشی خارزمشاهییەكان و دواتر مەغۆلەكان هەولەكانیانی بێ ئاكام كرد و بەمشێوەیە دەسەڵاتی ئەیوبییەكان لە كوردستان كۆتایی پێ هات.  •    سێیەم؛ جگە لە لە ڕەهەندی سیاسی و نیشتمانی، لە لایەنی كولتووری و شارستانیشەوە ئەو خزمەتانەی كە ئەیوبییەكان لە دەرخستنی بەهرەكانی كورد ئەنجامیان داوە، بێ وێنەیە. دەتوانین تەماشای فەیلەسوفان، پزیشكان، زانایانی كیمیا، زانایانی بیركاری، زانیایانی فیزیا و زانایانی تر بكەین. بەبێ هیچ گومان و دوو دڵییەك، زۆرترین ڕێژەی كاریگەری بۆ سەردەمی ئەیوبییەكان دەگەڕێتەوە. لە كاتێكدا كە توركیا و ئازربایجان بۆ بە تورككردنی مەولەوی و نیزامی كە تەنیا شیعریكێان بە توركی نییە، دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن و عەرەبەكان بۆ بە عەرەبكردنی میراتی ئیبن سینا و فارابی هەمو كارێك دەكەن، سڕینەوەی سەدان زانای لە دایكبووی جوگرافیای كوردستان لە بازنەی كولتووری و شارستانی كورد؛ بەو بەڵگەیەی كە بۆچی بەرهەمەكانیان بە زمانی دایكیی خۆیان نەنووسیوە بەڵكو بە زمانی عەرەبی و فارسییە، كارێكی هەڵە و نامێژووییە.  باس لە كاریگەریی فراوانی سەڵاحەدین ئەیوبی لەسەر كولتوور و شارستانی كوردی لە ڕێگەی مەوقوفەی "رواق الاكراد" لە ئەزهەری میسڕ، خۆی بابەتێكی تێروتەسەلە كە باسێكی جیای دەوێت.   بەشی یەكەم: ئایا سەڵاحەدینی ئەیوبی هۆكاری دواكەوتووی و بێ دەوڵەت بوونی كوردە؟  


کارزان سه‌باح هه‌ورامی  به‌ئامانج گرتنی بنکه‌و باره‌گاکانی هاوپه‌یمانان له‌ فرۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، دوای ٧ جار له‌ هێرشکردن ئه‌م جاره‌ جیاوازتر بوو، ئه‌م جاره‌ به‌ تاکتیکی نوێ و ته‌قه‌مه‌نی زۆرتر بنکه‌و باره‌گاکانی ئه‌مه‌ریکا کرایه‌ ئامانج، به‌شێکی ئامانجی ئه‌م هێرشه‌، په‌یوه‌ندی به‌ لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکاوه‌ هه‌بوو که‌ چه‌ند رۆژپێش ئێستا باسیان له‌وه‌کرد له‌ عێراق و کوردستان ناکشێنه‌وه‌، به‌شێکی دیکه‌شی په‌یامی روون بوو بۆ ئه‌مه‌ریکا که‌ مانه‌وه‌یان له‌ عێراق و کوردستان پارێزراو نابن، نیگه‌رانی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌ ئاستێکدایه‌ که‌ هه‌رچی زووه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێککه‌وتنی ئه‌منی رابردوویان به‌زوویی بخه‌نه‌بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌، تاکتیکی هێرشه‌که‌ و وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریکاش ئه‌م جاره‌ دوو پرسی جیاوازبوون، چونکه‌ نیشانه‌و ئامانجی سه‌ره‌کی هێرشه‌که‌ وه‌ک خۆی جێبه‌جێکراوه‌ ئه‌وه‌تا موشه‌کێک به‌ر سنووری بنکه‌ی هاوپه‌یمانان که‌تووه‌، گوته‌بێژی هێزی هاوپه‌یمانانیش ده‌لێت: سه‌رکه‌وتووبون له‌ تێکشکاندنی ئه‌و درۆنانه‌ی که‌ ئه‌وانیان کردوه‌ته‌ ئامانج، تادێت مه‌یدانی جه‌نگ له‌نێوان گروپه‌ میلیشیاکان و هاوپه‌یمانان له‌ هه‌ولێر بازنه‌که‌ی فراوانتر ده‌بێت، له‌ماوه‌ی یه‌کساڵدا ٧ هێرشی گه‌وره‌کراوه‌، دیوی دووه‌می سیاسی ئه‌م پرسه‌ ره‌نگبێت په‌یوه‌نداربێت به‌وه‌ی که‌ فشار له‌سه‌ر هه‌ولێر بکرێت وه‌ک ناوه‌ندی دیپلۆماسی ناوچه‌که‌ که‌ خۆی له‌و جه‌مسه‌ر به‌ندیه‌ یه‌کلا بکاته‌وه‌، قسه‌کانی سه‌رۆک بارزانی له‌ بانگه‌شه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ هه‌ولێر روون بوو که‌ گوتی: جۆ بایدن ئه‌وکات جێگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا بوو پێی گوتم ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا چه‌کتان بۆ بنێرێت ئێوه‌ ئاماده‌ن به‌رگری له‌خۆتان بکه‌ن، له‌وه‌ڵامدا سه‌رۆک بارزانی پێی گوتووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان چه‌کیش نه‌نێرن هه‌ر به‌رگری له‌ خۆیان ده‌که‌ن، قسه‌کانی سه‌رۆک بارزانی ته‌وقیتکراوی ئه‌و کاته‌بوو که‌ هێرشی به‌رده‌وام له‌سه‌ر هه‌ولێر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێوان سیاسه‌تی ناوچه‌که‌ خۆی یه‌کلا بکاته‌وه‌، به‌ڵام به‌و په‌یامه‌ جارێکی دیکه‌ روون بویه‌وه‌ که‌ ئاسته‌مه‌ هه‌ولێر بچێته‌ چوار چێوه‌ی هیچ یه‌کێک له‌به‌ره‌ی جه‌نگه‌وه‌ به‌ڵکو به‌رگری له‌ خۆی ده‌کات. له‌ به‌رپرسێکی باڵای دیپلۆماسی کوردستانه‌وه‌ پرسیم که‌ هۆکاری ئه‌م هێرشیه‌ دوایی به‌م تاکتیک و ئاسته‌وه‌ چی بوو، گوتی: دروستکردنی ئاژاوه‌بووه‌ له‌ناوشاری هه‌ولێر  و لێدان بووه‌ له‌و رێککه‌وتنه‌ی که‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا هه‌بووه‌ که‌ به‌زووترین کات ده‌بێت بچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌. ئاراسته‌یه‌ک به‌داخه‌وه‌ له‌به‌غدا دروست بووه‌ ئه‌م ئاراسته‌یه‌ خۆی به‌گه‌وره‌تر له‌ دامه‌زراوه‌کانی حکوومه‌تی عێراق ده‌بینیت، ئه‌م ئاراسته‌یه‌ له‌ شه‌نگال و که‌رکووک و ناوچه‌کانی مووسڵ به‌ئاشکرا ده‌بینرێت، له‌ ناوچه‌ش سه‌وزیش په‌یامێکی دایه‌ مسته‌فا کازمی که‌ خۆی حوکم ده‌کات، لێره‌ بابه‌تێکی ترسناک هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بێت و رێککه‌وتنی کۆنکرێتی نه‌کرێت له‌و ناوچانه‌ی که‌ به‌ ناوچه‌ی گه‌رم ناسراوه‌ ئه‌وه‌ دوورنییه‌ له‌ داهاتوو پیلانی دیکه‌ی ترسناک له‌دژی هه‌ولیر ئه‌نجام نه‌درێت، هه‌روه‌ک چۆن له‌یه‌ک کاتدا چه‌ند گروپی تیرۆرستی له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیرکران که‌ ده‌یانه‌ویست شوێنه‌ هه‌ستیاره‌کان بکه‌نه‌ ئامانج، له‌و کاته‌شدا هێرشی درۆن ئه‌نجامدرا. حکوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌مه‌ریکا رێکاری خێرا دانه‌نێنن دۆخه‌که‌ خراپترده‌بێت، ده‌ستی ده‌ستی ئه‌مه‌ریکا له‌ دواخستنی ئه‌م پرسه‌، دواجار هه‌ولێریش ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، بۆیه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ته‌واوی میلیشیاکان و گروپه‌ چه‌کداره‌کان له‌ سنووری هه‌ولێر بکشێنه‌وه‌ و هێزی هاوبه‌ش له‌و ناوچانه‌ جێگیر بکرێت. جیاواز له‌ هێرشه‌کانی دیکه‌ ئه‌م جاره‌ حکوومه‌تی عێراق لێژنه‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ی پێکهاناوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌ و ئه‌نجامده‌رانی، به‌م لێژنه‌یه‌ مسته‌فاز کازمی په‌یامێکی دایه‌ ئه‌مه‌ریکا و حکوومه‌تی هه‌رێم که‌ ئه‌وه‌ی روویداوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویستی ئه‌وان بووه‌، هاوکات به‌شێکه‌ له‌ پابه‌ندبوونی عێراق به‌ناوه‌رۆکی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ واشنتۆن کردوویه‌تی له‌ پێناوی مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی عێراق و ئه‌مه‌ریکا دوای کشانه‌وه‌شیان له‌ خاکی عێراق، پرسیاری زۆر گرنگ و جدی دێته‌ پێشه‌وه‌ که‌ له‌کاتێکدا شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا سه‌ردانی ئێرانیان کردو په‌یامی نیگه‌رانی هێرشکردنه‌ سه‌ر هه‌ولیریان پێی گه‌یاندن و رێککه‌وتنێکی نافه‌رمیش له‌نێوان به‌غدا و ئه‌و گروپه‌ میلیشیایانه‌ هه‌بوو که‌ هیچ کاردانه‌وه‌یه‌ک نه‌که‌ن تا ئه‌و کاته‌ی له‌ ٣١ی ١٢ هێزه‌ شه‌رکه‌ره‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئایا بۆچی دوای ئه‌م دوو هه‌وڵه‌ هێشتا هێرشکردنه‌ سه‌ر فرۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر به‌رده‌وامی هه‌یه‌؟ ئایا ئه‌مه‌ هه‌وڵیکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مه‌ریکا بکرێته‌ ئامانج یان په‌یامێک بدرێته‌ هه‌ولێر که‌ ناچار بکرێت به‌ هه‌ڵبژاردنی زیاتر له‌ بژارده‌یه‌ک؟ له‌نێوان ئه‌م ئاراستانه‌دا هه‌ڵبژارده‌ی دروست ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م گروپانه‌ سه‌رجه‌م هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر بنكه‌و باره‌گاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌ (عه‌ین ئه‌سه‌د و ناوچه‌ی سه‌وز) له‌به‌غدا راگرتووه‌ و باڵانسی شه‌ڕیان له‌ هه‌ولێر قورستركردووه‌، په‌یامی پشته‌وه‌ی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كانی سنووری ده‌سه‌ڵاتی عێراق ئه‌م كردانه‌ ناكه‌ن چونكه‌ نایانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی عێراق تووشی  شه‌رمه‌زاری بكه‌ن له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌ریكا و رێككه‌وتنه‌كه‌یان(چونكه‌ پێشووتر ئۆكه‌ی دراوه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌)، دووه‌م بابه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌م گروپانه‌ به‌و هێرشانه‌ شه‌قامی خۆیان پێ گه‌رم ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌یكه‌نه‌ ده‌سكه‌وتی هه‌ڵبژاردن له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌ولێر كراوه‌ته‌ ئامانج. په‌یامی ئه‌مه‌ریکاش له‌ دووپاتکردنه‌وه‌ی هاوکاری حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌رچه‌یه‌کی به‌هێزه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌وڵ بدرێت ئه‌و پشتیوانیه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ فراوانتر بکرێت، به‌تایبه‌ت له‌ ئاستی دیپلۆماسی به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنی فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا له‌سه‌ر هێرشه‌که‌ی هه‌ولێر ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی ته‌واوی هه‌ولێر ده‌کات به‌شێکی دیکه‌ی په‌یامی پشتیوانی له‌ هه‌ولێر په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ گۆرانکاری هاوکێشه‌ی ناوچه‌که‌ به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌رکه‌ره‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراقدا چونکه‌ مه‌ترسی ده‌کرێت گروپه‌ میلیشیاکان ده‌ستکراوه‌بن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سنووری ناوچه‌ جێ ناکۆکه‌کان زیاتر ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرن و ببنه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئارامی ناوچه‌که‌.


د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا- رۆژانه‌ تایبه‌ت له‌ (دره‌و) ده‌ینوسێت   خۆشەویستی بێ گلەیی  قسەی قۆڕە   بێ لێبوردن هەرزۆر قۆڕتر   کەوای مەلا ئەگەر شۆڕبێ   هی موستەعید بستێ شۆڕتر   عیلم وەهمە و تەئریخ درۆ   ڕێوی دۆستی کەو وکۆتر  زوڵف وەکو خەیاڵ خاوە  ئیسعاف خاو و لەسەرخۆتر   قاوە ئەیخۆیتەوە تاڵە  نایخۆیتەوە یەکجار تاڵتر  ناخ مناڵێکی لاسارە  بەڵام ئەقڵ زۆر مناڵتر   خیانەت کارێکە ناخۆش   دڵسۆزی لەویش ناخۆشتر   کە تەماشای کاروان ئەکەی  ئاخ ئەخۆی بۆ میزی حوشتر   بێدەنگی شەرمەزاری یە   قسەلەڕوو شەرمەزارتر  ڕۆژگارێکی قنگەولووچە  دارا لە هەژار بێزارتر  سەرباز وێڵ و ئەفسەر وێڵتر   سەرێ بۆگەن ، خوارێ ڕزیو عەینەک لێڵ و ئاسۆ لێڵتر


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا      پێشه‌كی   تا ئێستاش سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵوێستوه‌رگرتنی سه‌ركردایه‌تی و كادرو ئه‌ندامانی یه‌كێتی‌، له‌ دۆخی ناوخۆیی حزبه‌كه‌یان و داشكانه‌وه‌ی پێشوه‌ختیان به‌لای ئه‌م هاوسه‌رۆك و ئه‌و هاوسه‌رۆكدا‌، به‌بێ ساغكردنه‌وه‌ی یاساییانه‌ی ناكۆكییه‌كان له‌ دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن و شه‌فافداو، به‌بێ سه‌لماندنی تۆمه‌ته‌كان له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا، هه‌ڵوێستوه‌رگرتنێكی هه‌ڵه‌یه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا، مومكینه‌ زیاتر بۆ پاراستنی په‌رژه‌وه‌ندی و ئیمتیازات بێ‌‌، یان جۆرێك بێ له‌ دیارده‌ی شه‌خسپه‌رستی، یان مامه‌ڵه‌كردنی هه‌لپه‌رستانه‌ له‌گه‌ڵ دیفاكتۆدا، یان مه‌ترسیی نانبڕین و سزادانی تر، یان هه‌ڵوێستێكی سۆزدارانه‌و و كاریگه‌ر به‌ میدیاو سۆشیال میدیاكان.    نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی رووداوی هه‌ڵبژاردن و دۆخی ئه‌م حزبه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشهاته‌دا، وا ده‌كه‌ن كه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ی كاریگه‌ربوون به‌و هه‌ڵوێستانه‌، به‌ زمانی شیكاری و، زمانی ره‌خنه‌گرانه‌ی بابه‌تی، له‌سه‌ر دۆخی ئه‌م هێزه‌ بدوێین. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه‌، هه‌وڵێكه‌ بۆ بیرخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك فاكت، سیناریۆ، بژارده‌و ئه‌گه‌ر، بگره‌ پێشنیارو رێگه‌چاره‌ش بۆ ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی تیایه‌، ئه‌مه‌ش هه‌م له‌ روانگه‌ی بایه‌خی گێڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی هێز له‌ باشووری كوردستاندا، هه‌م له‌ ئه‌نجامی ده‌ركه‌وتنی ئاماژه‌كانی تێكچوونی زیاتری ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ كه‌ ره‌نگه‌‌ بۆ دیموكراسی و فره‌یی و ئازادییه‌كان، باش نه‌بێت.    ئه‌م نووسینه‌، به‌نده‌ به‌وه‌ی چه‌ند فاكته‌رێك بخاته‌‌ ده‌ره‌وه‌ی ره‌چاوكردنه‌وه، چونكه‌ له‌به‌رچاوگرتنیان، بیرۆكه‌ی جڵه‌وكردنی ئاشتییانه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی یه‌كێتی ته‌واو ئاڵۆز ده‌كات، له‌وانه‌، بوونی ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌ناو رووداوه‌كاندا، چ له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا!، دووه‌م، بوونی بڕیارێك له‌ناوخۆی حزبه‌كه‌دا كه‌ به‌ مه‌نتقی ده‌ستبادان و شكاندنی ئیراده‌ی یه‌كتری، كاربكات، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌موو هه‌وڵێك بۆ چاره‌سه‌ری دۆخی حزبه‌كه‌، له‌بار ده‌بات.   پێگه‌ی پارتی  به‌سروشتی حاڵ و ئه‌و دۆخه‌‌ی كه‌ ئێستا ئه‌گوزه‌رێ، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پارسه‌نگی هێز له‌ باشووری كوردستاندا، به‌ پێچه‌وانه‌ی بانگه‌وازو چاوه‌ڕوانییه‌كان، خول له‌دوای خولی هه‌ڵبژاردن، لاسه‌نگتر ببێت. له‌ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دا، پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كچۆن زیاتر له‌ 12 ساڵه‌ هێزی یه‌كه‌می گۆڕه‌پانه‌كه‌یه‌، بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش هه‌روا ئه‌مێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر رێكۆردی نوێ و گه‌وره‌تر تۆمار نه‌كا!، له‌مه‌شدا، دۆخی هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هۆكارێكی بابه‌تی و یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ پاراستن و بگره‌ به‌هێزبوونی زیاتری پێگه‌ی پارتی له‌ باشووری كوردستاندا.    جگه‌ له‌وه‌، پارتی، ره‌نگه‌ ئه‌مجاره ده‌رفه‌ت بقۆزێته‌وه‌و‌ باڵاده‌ستیی خۆی ته‌نها له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا نه‌وێت. ئه‌و له‌م هه‌لومه‌رجه‌ بابه‌تییه‌ی كه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌، له‌ لێدوان و جوڵه‌ی به‌رپرس و ئۆرگان و راگه‌یاندنه‌كانییه‌وه‌ دیاره‌‌ كه‌ هه‌وڵی هه‌یه له‌ سنوری پارێزگاكانی سلێمانی، كه‌ركوك، هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕینیشدا، ده‌نگده‌رێكی زۆر به‌لای خۆیشدا رابكێشێت و له‌پێگه‌یه‌كی به‌هێزتره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و هێزه‌كانی تردا بكات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌بینرێ كه‌ به‌ مرونه‌تێكی سیاسی، ته‌نانه‌ت ده‌ستبه‌رداری هه‌ندێ هه‌ڵوێستی رادیكاڵانه‌ی پێشووتری خۆی بووه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌‌ بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ناو شاری كه‌ركوكیشدا!. راسته له‌ به‌رامبه‌ردا‌ یه‌كێتیی نیشتمانی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان_یش هاوپه‌یمانێتییه‌كیان پێكهێناوه‌ كه‌ ئامانج تیایدا ئه‌وه‌یه‌ ته‌رازووی هێز له‌ كوردستاندا بگۆڕن، به‌ڵام دۆخی ناوخۆیی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی و، پاشه‌كشێی پێگه‌ی گۆڕان به‌ به‌راورد به‌ قۆناغی ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا، ئه‌و ئامانجه‌یان، له‌ ئێستادا، سه‌خت كردووه‌.  دۆخیی ناوخۆیی، به‌ چ مانایه‌ك؟    ده‌سته‌واژه‌ی(دۆخی ناوخۆیی یه‌كێتی) لێره‌دا، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵه‌ی ته‌وقیتی ته‌قاندنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی ناو ئه‌م حزبه‌وه‌‌، ئه‌وه‌نده‌ گرێدراوی ناكۆكیی په‌تیی نێوان هاوسه‌رۆكه‌كان نییه‌، چونكه‌ ئه‌و ناكۆكییه‌ هه‌م هه‌بووه به‌ڵام به‌‌ چه‌پێنراوی!‌، هه‌م چاوه‌ڕوانكراویش بووه له‌به‌ر زیاتر له‌هۆكارێك كه‌ دیارترینیان خودی سیستمی هاوسه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یانه‌‌ كه‌ نه‌ رێكخراو Systematic بوو و نه ‌ببووه‌‌ دامه‌زراوه‌ش‌.    دیوی دووه‌می ده‌سته‌واژه‌ی دۆخی ناوخۆیی یه‌كێتی، هه‌ر به‌ته‌نها په‌یوه‌ندیی به‌ كاریگه‌ریی دیارده‌ی شه‌خسپه‌رستیشه‌وه‌ نییه‌، مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌ به‌شێك له‌ هه‌وادارانی ئه‌م حزبه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوسه‌رۆكن‌و له‌دژی ئه‌ویتریان، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش،‌ به‌ باش و خراپ، هه‌ڵوێست له‌ هه‌ڵبژاردن و حزبه‌كه‌ وه‌رده‌گرن، نا، به‌ڵكو دۆخه‌كه‌، به‌گشتی، په‌یوه‌سته‌ به‌ جۆرێك له‌ نائومێدبوونی جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌شه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ هێزێكی سه‌قامگیرو یه‌كڕیزیان هه‌بێت، هه‌ر جاره‌و له‌تێكی لێ نه‌بێته‌وه‌، یان ناته‌باو ده‌سته‌و تاقم نه‌بێ و په‌نجه‌كان تیایدا یه‌كتر نه‌شكێنن و وێنه‌ی حزبه‌كه‌ له‌به‌رده‌م رای گشتیی وڵات و دنیادا هێنده‌ی تر ره‌ش و ناشیرین نه‌بێت.  كاتی وروژاندنی ناكۆكییه‌كان    به‌ مانایه‌كی روونتر، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دۆخه‌ی ئه‌مڕۆیدا نه‌بووایه‌، ده‌یتوانی كێشه‌كانی ناوخۆی خۆی ساڵێك له‌مه‌وپێش بوروژاندایه‌ نه‌ك له‌ سه‌روه‌ختی رووداوێكی چاره‌نووسسازی وه‌ك هه‌ڵبژاردنی عێراق، به‌تایبه‌تی كه‌ هاوسه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتداری ئێستای یه‌كێتی، له‌ دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ میدیاكانی ناوخۆ، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دابوو كه‌(دۆخی حزبه‌كه‌یان هیچ كاتێك هێنده‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌ی رابردوو خراپ نه‌بووه)‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه، پێشتریش،‌ بۆ چوونه‌سه‌ر ناكۆكی و كێشه‌كان، كات له‌به‌رده‌ستدا بووه‌، به‌ڵام بۆ سوودی لێوه‌رنه‌گیراوه‌و دواخراوه‌ بۆ سه‌روه‌ختی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌مه‌ به‌ دیاریكراوی‌ ئه‌و‌ پرسیاره‌یه‌ كه‌ نه‌ میدیاكاران، له‌و‌ دیداره‌دا كردیان، نه وه‌ڵامه‌كه‌شی، به‌ ره‌سمی وتراوه‌و ئه‌زانرێ.  جگه‌ له‌وه‌، بژارده‌یه‌كی تر ئه‌وه‌بوو، كه‌ وه‌ك زووتر، یان دوورتر له‌ واده‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌‌، ئه‌م كاره‌ نه‌كرا، لانیكه‌م، ده‌توانرا باسكردنی ئه‌و كێشانه‌ بخرانایه‌‌ته‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش دیسان هه‌ر رووینه‌دا‌.    ره‌نگه ئێستا‌ به‌ حوكمی دابه‌شبوونه ئاشكراو نهێنییه‌كانی‌ ناوخۆی حزبه‌كه‌وه‌‌، هه‌ندێك پێیان وابووبێت كه‌ سه‌رۆكی پێشووی هاوپه‌یمانێتیی كوردستان‌، كه‌ جه‌مسه‌رێكی ناو ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانه‌و بریتییه‌ له‌ هاوسه‌رۆكه‌كه‌ی تر، له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پێگه‌ی به‌هێزتر ببووایه‌و ئه‌وكات سه‌ختتر بوایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیدا ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كان باس بكرێن‌، به‌ڵام ئه‌م گریمانه‌یه‌ ورد نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر، وه‌ك ده‌وترێ، تاوانی حزبی و سیاسی روویدابێ، بۆ سه‌لماندنیشیان به‌ڵگه‌ی پێویست له‌به‌رده‌ستدا ‌بێت، ئه‌وا له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا ده‌توانرێ هه‌م له‌ دادگای ده‌وڵه‌تدا، هه‌م له‌دادگای حزبدا كه‌ په‌یڕه‌وه‌كه‌یه‌تی، ئه‌و كه‌یسانه‌ یه‌كلابكرانایه‌ته‌وه‌، واته‌ به‌و شێوه‌ هه‌ڵواسراوه‌ی ئێستا نه‌مایه‌ته‌وه‌ كه‌ وا ده‌رئه‌كه‌وێ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی جه‌ماوه‌ریی حزبه‌كه‌ هه‌بێت. پرسیاری رێگه‌چاره‌    یه‌كێتی، وا دیاره‌ كه‌ به‌ دیراسه‌ی پێشوه‌خته‌وه‌‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ی خۆیدا نه‌كردووه‌و ئێستاش نزیكه‌ له‌وه‌ی ئه‌نجامی سلبی له‌سه‌ر دابنێت ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌دۆزێته‌وه‌. ئه‌و، وه‌كچۆن كۆنگره‌ی 4ی به‌ نه‌فه‌سێكی ماراسۆنی كۆتایی پێهێناو هیچ دیارده‌و لادان و قه‌یرانێكی چاره‌سه‌ر نه‌كرد، ئه‌م ناكۆكییه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووانه‌شی له‌ ته‌وقیتێكی گونجاودا نه‌وروژاندووه‌، بۆیه‌‌‌ ئێستاو له‌م گه‌رمه‌ی ئاماده‌كارییانه‌دا‌‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی عێراق بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و ناكۆكییانه‌، كه‌م و زۆر، ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر كه‌شی بانگه‌شه‌كردنێكی دڵخواز هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن به‌بێ ئه‌وه‌ی تائێستا به‌لایه‌كدا خرابن.   لێره‌شدا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئایا هیچ رێگه‌ چاره‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی دوای رووداوه‌كانی 8ی ته‌مووز نه‌بنه‌ هۆی زیاندان له‌ پێگه‌ی ئه‌م حزبه‌؟ وه‌ڵام ئه‌وه‌یه‌ هێشتا چه‌ند سیناریۆ و بژارده‌یه‌ك ماون. سه‌ره‌تا رێگه‌چاره‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م مانگه‌دا، هه‌وڵی نوێی رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان هه‌ردوو هاوسه‌رۆكه‌كه‌دا بدرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێش هه‌ر شتێك‌ حزبه‌كه‌یان ئینقاز بكه‌ن، یه‌كێتی له‌ خۆیان به‌ گه‌وره‌تر بیبینن و‌ نه‌یكه‌نه‌ قوربانی ته‌ماحه‌ تایبه‌تییه‌كانیان و، پێكه‌وه پاڵپشتیی له‌ دوو هه‌فته‌ی كۆتایی‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و هاوپه‌یمانی كوردستان بكه‌ن، هاوكات یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانیش كه‌ تا ئێستا له‌ سنوری ئاڵوگۆڕی تۆمه‌ت و هێرشی سۆشیال میدیا بۆ سه‌ر یه‌كتر به‌ولاوه‌ هیچیان نه‌ له‌ دادگای حزب و نه‌ له‌ دادگای ده‌وڵه‌تیشدا یه‌كلا نه‌كراونه‌ته‌وه‌، بخه‌نه‌ قۆناغی دوای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌.     ئه‌م رێكه‌وتنه‌، وا پێویسته‌، دوو هه‌فته‌ پێش كۆتایی هاتنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بكرێت، به‌ زووییش بخرێته‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌و په‌سه‌ند بكرێ، له‌وه‌ش زیاتر بۆ رای گشتیی خه‌ڵكی كوردستان بڵاو بكرێته‌وه‌و وێنه‌شی بۆ هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم و عێراق و حكومه‌تی به‌غداو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و باڵوێزو قونسڵی وڵاتان له‌ به‌غداو هه‌رێم بنێردرێت به‌ پاشكۆی ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه‌شه‌‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌سایه‌ی شۆڕشی زانیارییه‌كان و سه‌رده‌می به‌جیهانیبووندا Globalization هیچ هێزو ده‌وڵه‌تێك نه‌ماوه‌ له‌و دۆخه‌ ناوخۆییه‌ی ئێستای یه‌كێتی ئاگادار نه‌بێت و به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌شه‌وه‌، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان، نێوبانگی یه‌كێتی له‌لا نه‌زڕا بێت.         مه‌حاڵ نییه‌     بێگومان، رێكه‌وتنێكی وه‌ها، له‌سیاسه‌تدا، مه‌حاڵ نییه‌. یادی به‌خێر، تاڵه‌بانی(1933-2017ز) كه‌ بۆ ده‌ستپیشخه‌ریی ئاشتیی حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتیدا، به‌ ریسكێكی مێژوویی و به‌ ئۆتۆمبێلێكه‌وه خۆی كرد به‌ باره‌گای بارزانیدا، 4 بۆ 5 هه‌زار پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌ی حزبه‌كه‌ی له‌ شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆدا له‌ده‌ستدابوو، پارتیش هه‌روا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ مێژوو مایه‌‌وه‌، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ بوو. هه‌ردوو هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی-یش، تا ئێستا له‌ كۆمه‌ڵێك تووڕه‌یی و هه‌ڵچوون له‌به‌رامبه‌ر یه‌كترو هه‌ندێ زیانی مادی و مه‌عنه‌وی و هێرشی میدیایی هه‌وادارانیان به‌ولاوه‌ بۆ سه‌ر یه‌ك، گۆشتی یه‌كتریان نه‌خواردووه‌و‌ ئێسقانی یه‌كدیشیان نه‌شكاندووه‌‌. جگه‌ له‌وه‌، به‌پێی زانیاریی ئێمه‌، ته‌نانه‌ت ئیعتیباری خزمایه‌تی هه‌ندێ هه‌ڵوێستی توندیشی له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا راگرتووه‌!، هه‌ر بۆیه‌ له‌ رووی سیاسی و مه‌نتقییه‌وه‌، رێككه‌وتنیان ئه‌سته‌م نییه‌و ته‌نها زاڵبوونیان ئه‌وێ به‌سه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وانه‌دا كه‌ مومكینه‌ خراپبوونی زیاتری دۆخی حزبه‌كه‌یانی لێ بكه‌وێته‌وه‌.   له‌لایه‌كی تر، وا پێویسته‌‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و رێكه‌وتنه‌دا كه‌ باسی ده‌كه‌ین، تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی له‌ ناكۆكییه‌كان و پێدانی په‌راوێزی به‌رگری بۆ هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كانی ناو ناكۆكییه‌كه‌ له‌ دادگاكان و پێشكه‌شكردنی به‌ڵگه‌نامه‌كانیان له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتردا ده‌رده‌چێت، دۆخی یه‌كێتی ئاسایی بكرێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی و له‌پێناوی ته‌نها بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا بێت، چونكه‌ ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ هه‌ن و باسكراون و ئه‌وانه‌شی كه‌ هێشتا جاڕنه‌دراون و زانیارییه‌كی كه‌میان له‌باره‌وه‌ دزه‌ی كردۆته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ فعلی كه‌یسی ئاسایی و ئاسان نین، ناشكرێ بۆ حزبێكی(سۆشیال دیموكرات) به‌ رێككه‌وتنێكی عه‌شائیری كۆتاییان پێ بهێنرێت، به‌ڵكو پێویست وایه، هه‌ر جه‌مسه‌رێكی ناو ناكۆكییه‌كه‌، هه‌رچ تاوان و لادانێكیان هه‌بێ و به‌به‌ڵگه‌وه‌ له‌سه‌ریان ساغ ببێته‌وه‌، سزای یاسایی و حزبی خۆیان وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ ده‌رفه‌تی یاسایی ته‌واویان له‌به‌رده‌ستدا بێت هه‌م بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆیان، هه‌م بۆ سه‌لماندنی تۆمه‌ته‌كان له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا.    مافی گشتی له‌م رووداوانه‌دا    ئه‌م مافه‌ش، هه‌ر به‌ته‌نها مافی یه‌كێتییه‌كان نییه‌، به‌ڵكو مافێكی گشتییه‌و داواكاریی گشتیشی دێته‌سه‌ر، به‌ جۆرێك كه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاوسه‌رۆكه‌كانیش ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرن، ئه‌وا مافی خه‌ڵكه كه‌‌‌ به‌دوایاندا بچن، چونكه‌ كه‌یسه‌كان، ئه‌وانه‌ی كه‌ دركێنران ‌و ئه‌وانه‌شی كه‌ تا ئێستا ماون ‌و ئاماده‌ ده‌كرێن!، ئه‌وه‌نده‌ گشتگیرو‌‌ مه‌ترسیدارن، هه‌ر به‌ ته‌نها په‌یوه‌ست نین به‌ ناوخۆی حزبێكه‌وه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیدارن به‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و ده‌سه‌ڵات و مامه‌ڵه‌كردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژیانی گشتیشدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ هۆی ئه‌و ناكۆكییانه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك دیارده‌و رووداو و دیمه‌نی ئه‌منی له‌ زۆنی سلێمانیدا هه‌ن كه‌ خه‌ڵكی پارێزگاكه‌و زۆنه‌كه‌یان به‌گشتی نیگه‌ران كردووه‌.   به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بویسترێ ئه‌و دۆخه‌ ته‌نها له‌ قاوغی ئاڵوگۆڕی تۆمه‌تدا درێژه‌ی پێ بدرێت به‌بێ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی یاساییانه‌و حزبییانه‌، ئه‌وا بێگومان هه‌م به‌دگومانیی گه‌وره‌تر‌ به‌دوای خۆیدا ئه‌هێنێت، هه‌م مومكینه‌ سه‌ر بۆ رووداوی نه‌خوازراویش بكێشێت، به‌تایبه‌تی دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق!. ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش كراوه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی كه‌ پێده‌چێت، له‌م ماوه‌یه‌دا، هه‌ردوو لایه‌نی ناو ناكۆكییه‌كه‌، زۆر دۆسییه‌و كه‌یسیان، به‌ به‌ڵگه‌وه‌، له‌دژی یه‌كتر ئاماده‌ كردبێت و وروژاندنیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایه‌كیاندا نه‌بێت!، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی مومكینه ئاشكراكردنیان‌ به‌ زیانی گه‌وره‌ترو زیاتری نێوبانگی حزبه‌كه‌و كاراكته‌رانی ناوی، بشكێته‌وه‌و، رای گشتیی خه‌ڵكی كوردستانیش له‌سه‌ر كۆی جه‌مسه‌ره‌كانی ناو حزبه‌كه‌، خراپتر بكات.   له‌ چاوه‌ڕوانیی ده‌ستپێیشخه‌ریدا    له‌ده‌ره‌وه‌ی بیرۆكه‌ی رێككه‌وتن بۆ فریاكه‌وتنی حزبه‌كه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، تاقه‌ رێگه‌ چاره‌ی تر، ده‌ستپێشخه‌ریی یه‌كلایه‌نه‌ی هاوسه‌رۆكه‌كان خۆیانه. ده‌ستپێشخه‌ریی واش، له‌ئێستادا جوامێری و خۆ نه‌ویستییه‌كی گه‌وره‌ی ده‌وێت كه‌ روون نییه‌ رووده‌دات یان نا. هاوكات سیناریۆی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی، به‌شێوه‌یه‌كی قه‌ده‌ری و به‌ لۆژیكی جۆرێك له‌ موجازه‌فه‌كردن‌، له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای خۆیدا بڕواو رازی بێت به‌وه‌ی به‌ چ ئه‌نجامێك له‌م‌ هه‌ڵبژاردنه‌‌دا دێته‌ ده‌ره‌وه‌!، ئه‌گه‌ر پێگه‌ی دابه‌زی، ئه‌وا بچێته‌ ژێر باری ئاقیبه‌ته‌ سیاسی و ده‌ره‌نجامه‌ ترسناكه‌كانییه‌وه‌ له‌سه‌ر تێكچوونی زیاتری هاوسه‌نگیی هێز له‌ كوردستاندا‌‌، ئه‌گه‌ر به‌هێزیش بووه‌وه كه‌ روون نییه‌ چۆن و به‌چی؟!به‌تایبه‌ت له‌سایه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستایدا، ئه‌وا، عه‌ره‌ب وته‌نی:(شاف الخیر!).. به‌ كوردی و به‌ كورتی، هه‌موو ئه‌مانه‌، له‌شیكاریی ئێمه‌دا،‌ كۆمه‌ڵێك سیناریۆ، یان بژارده‌، یان پێشنیارو رێگه‌چاره‌ن، خۆشیان(ئازادن) له‌وه‌ی دۆخی حزبه‌كه‌یان به‌ كوێی تر و به‌ كام نادیاری ده‌گه‌یه‌نن!. ‌     



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand