Draw Media

تیرۆرهەڕەشە جددیەکەی سەر هەرێم

تیرۆرهەڕەشە جددیەکەی سەر هەرێم

2021-09-17 20:09:08


هیوا سەید سەلیم
 مانگی ڕابردوو لە هەولێر سەرکردەیەکی دیاری حزبی دیموکراتی کوردستان ( رۆژهەڵات) تیرۆر کرا، دوای دوو رۆژ تەرمەکەی لە هوتێڵێکی شار دۆزرایەوە. هەروەها لە سلێمانی بە رۆژی ڕووناک لە نزیک بنکەیەکی پۆلیسی ئەو شارە کادیرێکی سڤیلی سەر بە پەکەکە دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولە و شەهید دەکرێت.
 هەردوو کردەوەکە دەچێتە چوارچێوەی تیرۆری رێکخراو، چونکە لایەنێکی دیاریکراو پلانی بۆ داناوە، کە ئامانج لێی تەسفیەی جەسەدیە دژ بە کەسانێک کە جیاوازی سیاسیان لەگەڵ بکەری ئەو تاوانە هەیە.
شایانی باسە ساڵانێک بوو لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ساڵانی سەرەتایی راپەڕینی ١٩٩١ تیرۆری سیاسی بەو شێوازەی ئێستا پەیڕەودەکرێت بەرەو کەمبوونەوە دەچوو. بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەویە کە بەداخەوە ئەو دیاردەیە خەریکە لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەداتەوە.
لەو چەند ساڵەی دواییدا،  وڵاتانی دەوروبەر، بە تایبەت تورکیا و ئێران، بۆ تەسفیەکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەنایان دەبردە بەر بە ئامانجگرتنی بارەگا و کەسایەتیە سیاسیەکان، لە رێگای بۆردومانی مووشەک، هەروەها بۆردومانی فرۆکەی جەنگی و درۆن.
جێگای ئاماژەیە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەکانی هەریەک لە تورکیا و ئێران. 
بۆ ئەم مەبەستە تورکیا بنکەو بارەگا سەربازیەکانی لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت بۆ ڕاوەدوونان و تیرۆرکردنی نەیارەکانی. 
بە هەمان شێوەی تورکیا، ئێرانیش لە پەنابردنە بەر تیرۆری سیاسی نەک هەر بنکەو بارەگاکانی لە هەرێم خستۆتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی، بگرە کەناڵە دبلۆماسیەکانیشی بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنێت.
هەڕەشەکانی ئەو دواییەی بەرپرسانی ئێران بۆ سەر لایەنە ئۆپزسیۆنەکانی،  کە وەک پەنابەری سیاسی بە پێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکان بوونیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەچێتە چوارچێوەی پلانێکی رێکخراو بۆ پیادەکردنی تیرۆری سیاسی.
ئاماژەمان بە خواست و پلانی دووژمنان و داگیرکەرانی کوردستان کرد لە پەنابردنە بەر تیرۆری سیاسی، بەڵام لێرەدا گرنگە باس لە هەڵوێستی ناوخۆیش بکەین.
شایانی باسە کێشە و ململانێ ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستان،  زەمینەی جێبەجێکردنی پلانی دووژمنانی باشتررەخساندووە، بەشێوەیەک کە دوای شەڕی ناوخۆ دەوترێت هەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆنی سەر بە تورکیا و ئێران دابەشکراوە. بەڵام وا بڕوات،  تیرۆری سیاسی ئەو دوو دەوڵەتە ئەو سنوورەش دەبەزێنێت، وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد،  وا ئێران لە هەولێر و تورکیا لە سلێمانی تیرۆری رێکخراو ئەنجام دەدەن.
ماوە بڵێین تەڕانتێنکردنی ئازادانەی دەزگا جاسوسیەکانی ئەو وڵاتانە  لە هەرێمی کوردستان،  بۆتە هەڕەشەی جددی بۆسەر ئەو هێز و لایەنە سیاسی و کەسایەتیانەی لە هەرێمی کوردستان داڵدەدراون. واش بڕوات تیرۆر ناو ناوبانگی هەرێمی کوردستان زیاتر لەکەدار دەکات، بەتایبەت کە ناتوانرێت رێگری لە تیرۆری سیاسی ئەو وڵاتانە بکرێت. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand