Draw Media

کوردیش ئەم ڕسقەی هەیە

کوردیش ئەم ڕسقەی هەیە

2021-09-16 12:04:35


دانا حه‌مه‌عه‌زیز

١- لە شەڕی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣دا، لە نیمچە دورگەی سینا، سوپای میسر لەبەرامبەر سوپای ئیسرائیلدا، باش جەنگا. سوپای ئیسرائیل بە فەرماندەیی جێنەراڵ ئاریال شارۆن کەمێك تەنگەتاو بوو بەهۆی سوتانی ژمارەیەكی باش لە تانکەکانی. ئەوکاتە هێنری کایسینجەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە بە بنەچە جولەکەو لە دایك بوی ئەڵمانیایە، ئارامی لێبڕابوو، هەمو وزەی خۆی خستە گەڕو قەناعەتی بە ئیدارەی ئەمریکا کرد کە ئیسرائیل لە تەنگانەدایە، ئەم گوشارەی کایسنجەر وایکرد ئەمریکا پردێکی ڕاستەوخۆی ئاسمانیی لەنێوان واشنتن و تەلئبیبدا بکاتەوە بۆ گەیاندنی فڕۆکەی جەنگی و هەموو پێداویستیەکی سەربازیی. کاسینجەر تەمەن ٩٨ ساڵ وەك سیمبڵیکی گەش هاوشێوەی وایزمان و بنگۆریان و سەرکردەکانی تری ئیسرائیل، لە مێژووی جولەکەدا ئەمێنێتەوە.

١- نەدیم زەهاوی، تەمەن ٥٤ ساڵ، کوردی عێراقە، لە ساڵی ١٩٧٦وە لە بریتانیایە. دە ساڵ زیاترە ئەندام پارلەمانی کۆنەپاریزەکانەو، لە دوو ساڵی ڕابردودوشدا وەزیری بزنس و ڤاکسین و لەم هەفتەیەشدا بو بە وەزیری یەکێك لە گرنگترین وەزارەتەکانی بریتانیا کە وەزارەتی خوێندنە. نەدیم خۆی بە پارتی ئەزانێ و هاوڕێی بارزانییەکان و ئاشتی هەورامی یە.

نەدیم، بە دەوڵەمەندترین وەزیرو پارلەمانتار دائەنرێت بە درێژایی مێژوی دەوڵەتی بریتانیا. خاوەنی زیاتر لە (100 ملیۆن) پاوەندی ئاشکرایەو، مڵك و ماڵیکی زۆریشی کردووە بە ناوی (لانە سائیب)ی ژنیەوە، ئەمە جگە لە سەروەتێکی زۆری نادیار کە هاوشێوەی سەرانی کورد لە دورگەکانی کەیمان دایناوە.

نەدیم چۆن دەوڵەنەند بو؟

بەهاری ١٩٩١ لەکاتی کۆڕەوەکەی کوردستاندا، لەگەڵ (بروسك سائیب)ی ژنبرایی و (جێفری ئارچەر)، (٥٧ ملیۆن) پاوەندیان بەناوی ئاوارەکانی کۆڕەوەوە کۆکردەوە، لەم پارەیە، تەنها (٢٥٠ هەزار) پاوەندی گەیشتە ئاوارەکان. لە پرۆسەی ئەم پارە کۆکردنەوەیەدا، جێفری ئارچەر (نەدیم)ی ناونابو "لیمۆی کوردی" و بروسك-یشی ناونابو "فاسۆلیای کوردی". دیارە ئارچەر سزای خۆی وەرگرت، بەڵام لیمۆ و فاسۆلیا وەك بەرزەکی بانان بۆی دەرچون و بوون بە ملیۆنێر. نەدیم زەهاوی، شەریکی دزەکانی هەرێم و بەشێکە لە پرۆسەی تاڵانکردنی کوردستان، بۆ نمونە خاوەنی گەورەترین پشکی کێڵگە نەوتییەکانی شێخانەو یەکێکە لە بەشدارەکانی پرۆسەی تاڵانکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە هەر بۆیە پشتیوانی ئەردوگانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand