ئاراس فەتاح چەندە سیاسەت وەک چالاکییەکی گرنگیی مرۆڤ دەبێتە هۆکاری بنیاتنانی ژیان و ئاشتیی، هێندەش دەتوانێت ببێت بە مەترسیی و هەڕەشە بۆ کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤەکان. گەورەترین مەترسیی بۆسەر سیاسەت و لەکارخستنی وەک کردەیەکی مەدەنیی، بریتییە لە دیکتاتۆرییەت و جەنگ. لە هەردوکیاندا فەزای سیاسیی بە ئایدیۆلۆژیی دەکرێت و ماشێنێکی گەورەی دوژمنسازیی دەخرێتەگەڕ بۆئەوەی ژیانی مەدەنیی لەناوببرێت. بەم چەشنە یەکێک لە گرنگترین کردەی سیاسەت کە بەرهەمهێنانی ئازادیی و رێکخستنی ژیانی گشتییە، وەک کردەیەکی ئینسانیی کۆتاییپێدێت. لەدونیای ئێمەشدا جگە لە جەنگی نێوان وڵاتان و جەنگی ناوخۆیی، ساڵانێکە زۆرینەی دوڵەتان گیرۆدەی جەنگی دژ بە تیرۆرن. جەنگێک کە تەنها رەهەندێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو رەهەندێکی ئیقلیمیی و نێونەتەوەیی گەورەشی هەیە. لەناوچەکەی ئێمەدا زیاد لە بکەرێک و زیاد لە گروپ و زیاد لە هێزێکی ئیقلیمیی بەریەک دەکەون. ساڵانێکی زۆرە سیاسەت لە ناوچەکە و هەرێمەکەی ئێمەدا موبادەرەی لەدەستداوە و کارە سەرەکییەکەی بووە بە ڕاکردن بەدوای ئەو کێشانەدا کە جەنگ و شەڕی ناوخۆیی و گروپە چەکدارەکان و نوخبەی سیاسیی بۆ کۆمەڵگاکان بەرهەمیدەهێنن. نەوەی یەکەمی نوخبەی کوردیی ناو حیزبەکان ئەزموونێکی دوورودرێژی جەنگ و ماڵوێرانییان لەگەڵ یەکتردا هەیە. کاتێکیش ئاشتی کەوتە نێوانیانەوە ئەزموونێکی دوورودرێژیان لە سەرکوتکردنی ئازادیی و بیروڕای جیاوازی ناو کۆمەڵگاکەیان پیادەکرد. نەوەی دووهەمی ئەم نوخبە جەنگاوەرەش، کەمتر شەڕانگیزتر نین لەنەوەی یەکەم، بەڵام ئەزموونێکی نوێیان لە بەنماییشکردنی سیاسەت و گۆڕینی لە خەمێکی گشتییەوە بۆ خەمی تایبەت و شەخسییدا هەیە. بەپێچەوانەی نەوەی یەکەمەوە، ئەم نەوە نوێیەی ناو سیاسەتی کوردیی نە گەمەکەرێکی ئیقلیمییە لەدەرەوە و نە خاوەن کاریزما و هەیبەتێکی سیاسییە لە ناوەوە. ئەم نەوەیە ئەزموونێکی سیاسیی تەمەنکورتی هەیە، تاکە ئەزموونێک هەیبێت لەبواری ئەمنییدایە. ئێستاش کە فەرمانڕەوای ئەم دەڤەرەن، تەنها لە ناوبڕەکاندا سیاسەت دەکەن. خودئەڤینییەکی قووڵ ژیانی سیاسیی ئەم کارەکتەرانەی تەنیوە و بێخەمیی و لاموبالاتییەکی گەورەش عەقڵی ئیداری‌یان ئاراستەدەکات. بەشێوەیەکی گشتیی، گەر چاوەڕوانییەکان لەلایەن سیاسەتەوە تێرنەکرێن، کۆمەڵگا دوو هەڵاوێردی (ئیختیار) لەبەردەستدایە. یەکەم داوا لە سیاسەت دەکات ریفۆرم پیادەبکات، بۆئەوەی بتوانێت ڕوبەڕوی ئەو تەحەدا و کێشانە ببێتەوە کە دەبێت ئەمڕۆ چارەسەریان بکات و نەیانخاتە سبەی. گەر ئەمەش نەکرا، چارەسەری دووهەمیان دەبێت بە ئەڵتەرناتیڤ و چاوەروانییەکانی کۆمەڵگا لە سیاسەت گۆڕانی رادیکاڵیان بەسەردا دێت. یەکێک لە خراپترین و مەترسییدارترین شێوەی ئەو گۆڕانکارییەش بریتییە لەوەی کە کۆمەڵگا هیچ چاوەڕوانییەکی لە نوخبەی دەسەڵاتدارانی نامێنێت. ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا تیای دەژی، بریتییە لە خاڵی دووەم. کۆمەڵگای کوردیی هیچ چاوەروانییەکی باشی لە سیاسەتی نەوەی دووهەمی ناو خێزانە سیاسییەکان نەماوە. ئەم نەوە نوێیەی دەسەڵاتداران نە وەک باوانیان بەشداربوون لە دروستکردنی رابردوو و دوێنێی ئەم کۆمەڵگایە، نە بیر لە بژێوی ئێستای هاونیشتیمانیانی دەکەنەوە و نە پڕۆژە و خەونی سیاسییشیان بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان هەیە. لە کۆمەڵگای ئێمەی دوای قۆناغی جەنگی ناوخۆیی و قۆناغی دوای ئۆپۆزیسیۆندا، وێنەی دوژمنی سیاسیی کاڵبووەتەوە، بەڵام قۆناغی دوژمنایەتییەکی نوێی هەمەلایەنی دژبەیەکتر سەریهەڵداوە. دوژمنایەتییەک کە تەنها رەهەندێکی ئاسۆیی نییە لەنێوان ناوچە و جوگرافیا سیاسییەکاندا وەک لە ڕابردوودا هەبوو، بەڵکو رەهەندێکی شاقووڵیی هەیە و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو جەستەی سیاسیی خودی حیزبەکان و ناو خێزانە سیاسییەکان.
د.كامەران مەنتك كورد وئاگرەكەی توركیا شەڕی نوێ بەپلەی یەكەم شەڕێكی رانەگەیەنراوە، هەموو كایەكانی ژیان دەگرێتەوە، ئەو شەڕانە زۆر بەخێرایی سەرهەڵدەدەن وبەشێوەیەكی ستوونی گەشە دەكەن، هەمیشە مەترسی ئەوەیان لێدەكرێت لە چركەیەك لە چركەكان بەخێرایی بڵاوببنەوە وجەنگێكی جیهانی گەورە دایسێنن. شەڕی نوێ بە پلەی یەكەم شەڕێكی میدیاییە، میدیا رۆڵێكی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە ئامادەكردنی گۆڕەپانی شەڕ، لەبەرئەوەی لەسەردەمی شۆڕشی گەیاندندا باشترین ئامڕازە بۆئەوەی بەرەوەی ناوەوەی دوژمن بكرێتە گۆرەپانی سەرەكی شەڕو لەناخەوە كۆمەلگاكان هەلتەكێنێت. ئەگەر لەماوەی رابردوو، واتە لەقۆناغی شەڕی یەكەمی سارددا سیخوڕەكان رۆڵی تیكدانی بەرەی ناوەخۆیان بینیبێت، لەسەردەمی نویدا میدیاكان ئەو رۆڵە دەگێڕن، كە تێچوونی زۆر كەمترەو مەترسیش لەسەر ژیانی جەنگاوەرەكان زۆر كەمترە، تەنانەت زۆرجاران جەنگاوەر لەناو خودی دوژمن‌دا دروست دەكرێت ولەپەنای وڵاتپارێزی وئازادیەوە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەخرێنە كار، لەشەڕی ساردی نوێ‌دا میدیا ئەو سەربازە، یاخود ئەو سیخوڕە نەبینراوەیە لەرێگای تیشكەكانەوە دەچێتە ماڵی هەمووتاكێك وچۆنی بوێت وا ئاڕاستەی دەكات، ئەمە كارەساتێكی زۆر گەورەیە ولە ئێستادا گەورەترین هەڕەشەی بۆ سەر كۆمەڵگای كوردی دروست كردووە!. میدیا لە كوردستان نەك بۆتە هۆی بەرەو پێشوەبردنی ئازادیەكان، بەڵكو ئازادیەكانیشی لە بەها راستەقینەكانی خاڵی كردۆتەوە، بۆتە ئامڕازێك شەڕی كەلتوور وزمان وهەموو بەها رەسەنەكانی كۆمەڵگای كوردی پێدەكرێت، تەنانەت زۆر جاران لە دوژمنە هەرە سەرسەختەكانی كورد زیاتر خزمەت بە دوژمن دەكات وئازاری گەورەتر بەكورد دەگەیەنێت. ئێستا دوژمنانی كورد گەیشتوونەتە قۆناغێك پێویستیان بەوە نەماوە، یاخود زۆر كەمبۆتەوە، سیخوڕ ئامادە بكەن وبینێرنە هەرێمی كوردستان، بەڵكو بەشێكی هەرە زۆری میدیاكان وتەنانەت تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش ئەو ئەركە زۆر بەجوانی رادەپەڕێنن، بەناوی شانازی نەتەوەییەوە، دوژمن پەلكێش دەكەن وتۆمەتی ناڕەوا بۆ میللەتەكەی خۆیان دەهۆننەوە، نەك بە تەنیا ژن وپیاو گەنجەكانیش، بەڵكو منداڵانیش دەكەنە كەرەستەیەك بۆ ئەو شەڕە وهەندێك تۆمەتیان دەخەنە پاڵ، كە هەرگیز لەگەڵ روحی پاكی منداڵاندا ناگونجێت. جێگای داخە، كە زۆرینەی میدیاكان وبەناو رۆژنامەنووسانی كوردستان نەك هەر لەئاستی بەرپرسیاریەتی نیشتمانیدا نین، بەڵكو بوونەتە بارێكی گران ومەترسیەكی گەورەش بەسەر نیشتمانەوە. دەبێت گەنج ورۆشنبیران ومیدیاكارانی كورد تێبگەن، دوژمنە سەرسەختەكانی كورد لە هەندێك دۆخدا دەیانەوێت كێشەكان وشكستەكانی خۆیان لەرێگای كوردەوە هەناردەی دەرەوە بكەن، بەمەش لەلایەك رێگا بۆ هەنگاوێكی تر بۆ داگیركردنی كوردستان خۆش دەكەن، لەلایەكی خۆیان لە تووڕەیی خەڵكی خۆیان دەدزنەوە ورای گشتی وڵاتەكانیان بەلاڕێدا دەبەن. بۆ نمونە وڵاتێكی وەكو توركیا، كە بەهۆی ئەو ئاگرەوە، كەوتۆتە لێواری داڕمان وئابووری ئەو ولاتە خەریكە دەپووكێتەوە، سەرباری ئەوەی دووەمین گەورەترین سوپای ناتۆی بە هەزاران چەكدار وتۆپ وجبەخانەی هەیە، نەیتوانیوە ئامڕازی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانێكی لەو شێوەیەی ئێستا دابین بكات وگەلەكەی لەبەردەم چارەنووسێكی نادیاردا هێشتۆتەوە، بۆیە بەدوای دوژمنێكدا دەگەڕێت تۆمەتەكەی بخاتە پاڵ، دیارە باشترین وئاسانترین وئامادەترین دوژمنیش كوردە، بۆیە بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات كورد تۆمەتبار بكات، میدیاكانی توركیا، بەتایبەتیش میدیای هێزە فاشیست وتوندرەوەكان، بەگەرمی بۆ ئەو تۆمەتباركردنە كەوتوونەتە كار، كەچی میدیای كوردی لەجیاتی ئەوەی بەرەنگاری ئەو هەوڵە ترسناكە بێتەوە، بەشێكیان بەشانازیەوە ئەو پڕوپاگەندانەی توركیا بڵاودەكەنەوە ووەك خەباتێكی نیشتمانی نیشانی خەلكی كوردستانی دەدەن، لەكاتیكدا ئەوكارە لێدانە لە ئاسایشتی نیشتمانی هەرێم وخەڵكەكەی دووچاری شەڕێكی نابەرانبەر دەكاتەوە، كە هەرگیز پیویستی پێی نیە!
ئه‌بوبه‌كر كاروانی ھەرێم لەبەردەم ئاڵنگاری نوێ‌دا ھەڵکرنی ئاڵای کوردستان لەپێشوازی سەرۆکی ھەرێم ودواتر ڕونکردنەوەکەی قسەکەر بەناوی وەزارەتی دەرەوە کە ئەوە ھەڵەیەکی پڕۆتۆکۆلی بوەو ڕوداوەکەی ھەولێر ھاوکات لەگەڵ سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژەو پەیامی تایبەت بەخۆیان ھەڵگرتووە. ڕەنگە باس لەبەسەرچونی قۆناغێك و دەستکردن بەقۆناغێکی نوێ بێت لە پەیوەندی بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ھەولێر، ئەگەر بەییاننامەکەی دیموکرات دەربارەی تیرۆرکردنی باباخانی وەك زانیاری وەربگرین، وە بسەلمێت کردەکە کاری دەزگا ھەواڵگرییەکانی تارانە، دەتوانیین بەشێ لەسیماکانی ئەم قۆناغەو ئایندەو پەیام و ئاماژەکان، بەم جۆرەی خوارەوە کورتبکەینەوە: ١- دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پەیوەندی و مامەڵەی تاران لەگەڵ ھەولێر کە قبوڵی دۆخی پێشوتر ناکات و داوای خۆ یەلایکردنەوەی ھەولێر دەکات لەنێوان تاران و واشنتۆندا. بەتایبەتیش دوای جێبەجێکردنی بڕیاری چونەدەرەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا. ھەڵکردنی ئاڵاکە واتە ئامادەیی ئێران بۆ لەخۆگرتنی ھەرێم بەمەرجی خۆڕێکخستنەوە بەگوێرەی ئەندازەو پێوەرەکانی تاران، بەدەر لەوە ئەوەی تائێستا کراوە بەھەڵە دادەنرێت و ڕەوایەتی لەھەندێك دانپیانان و مامەڵە وەردەگیرێتەوەو ستراتیژێکی نوێ کاری پێدەکرێت. ھاوکاتبونی ڕوداوەکەی ھەولێرو بونی شاندی ھەرێم لەتاران و ڕونکردنەوەکەی وەزارەتی دەرەوەش بەسەریەکەوە بۆنی ئەمەیان لێدەکرێت. ٢- ئیحراجکردنی ھەولێرو پارتی، کە نابێت پێتان وابێت ھەرێم سەبارەت بەتاران و نفوز‌و بەرژەوەندی و ئازادی جوڵەی ئەو، دو زۆن و سیاسەتی جیاوازە، ھەر لەوێشەوە جورئەت بەخۆیان بدەن بکوژانی قادری قادری فەرماندەی سەربازی دیموکرات دەستگیر بکەن و دادگاییان بکەن و سزای لەسێدارەدانیان بۆدەربکەن، یاخود میوانداری سەرکردەكانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی لە شاشەکانی نزیك لەخۆیان بکەن و دوای بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەن. یاخود پێیان وابێت ڕوداوەکانی ئەم دواییەی نێوماڵی یەکێتی کار لە ئامادەیی کۆماری ئیسلامی لە ھەرێم دەکات، چونکە ئەوە تارانە لە ھەرێم سنور بۆ خەڵك و ھێزەکان و ڕێاساکانی گەمەکە دادەنێت نەك بەپێچەوانەوە. ڕەنگە ھەڵبژاردنی ھوتێلی گوڵی سلێمانیش، لەم ڕوەوە مانا‌و ئاماژەی تایبەت بەخۆی ھەبێت. ٣- ئاماژەدان بەدۆخێکی نوێ سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لەھەرێمدا، پێدەچێت، تاران لەبیری ئەوەدا بێت لێکتێگەیشتنەکانی رابردوی نێوان ھەرێم و خۆی دەربارەی ئەوان ھەڵبوەشێنێتەوە؟ لانی کەم سەرلەنوێ بونیان بکرێتە ئشکالیەت و بابەتی گفتوگۆی نوێ. واتە لەبری ئەوەی کارتی فشاربن بەدەست ھەرێمەوە، کە پارتی ھەندێ کات بەو ھەناسەوە مامەڵەی دەکرد، وە بابەتی چاوتێبڕینی ھەندێ ھێزی نێودەوڵەتی بن لەھەندێك چرکەساتدا کە دەخوازرێت تاران بخرێتە ژێر فشارەوە، ببنە کارتی بەدەستی تاران و ئامرازی فشار بۆسەر ھەرێم و حسابی نیمچە بارمتەیان لەگەڵدا بکرێ؟ ھەر لەم چوارچێوەشدا وەرزێکی نوێی پاکتاوکردنیان دەستپێبکات. لێرەشەوە بژاردەی قبوڵکرنی مانەوەیان بەھەندێ کۆت و بەندی نوێ و سازشی ھەرێم لەھەندێ دۆسیەدا تا داوای دەرکردنیان لەڕێی تاران خۆی و بەغداوە، لەبەردەم تاران‌دا کراوە بێت. ھەرئەمەش بکرێتە بیانویەکی نوێ بۆئەوەی لەکاتی پێویستدا ھێزەکانی حەشدی شەعبی فشاربخەنە سەر ھەرێم و ببنە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆی. بەم جۆرەش بەئامانجگرتنەکەی ھەولێر دەبێتە تەواوکەری پەیامی ھێرشی کاتیوشاو درۆنەکانی ھەندێ گروپی چەکداری عێراقی بۆسەری؟ ھەر لەم نێوەندەشدا دەکرێت بیرمان بۆ بەیەکەوە گرێدانی ئەگەری پاکتاوکردنی قەندیل و جوڵانەوەی کوردی ڕۆژھەڵات لەچوارچێوەی ڕێکكەوتنێکی ھەرێمایەتیدا بچێت، لەپێناو ڕازیکردنی تاران و لاوازکردنی ھەرێمدا، ئەوکاتە دەرگای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆش زۆرتردەکرێتەوە. بەکورتی ئاماژە سەرەتاییەکان بۆ ئه‌وە دەچن، ھەرێم لە قۆناغی داھاتودا ڕوبەڕوی ھەلومەرجێکی سەختر ببێتەوەو گۆڕەپانی ھەندێ یاریکردنی لەبەردەمدا بچوکتر ببێتەوە؟ فشاری زۆرتری بخرێتە سەرو بخرێتە بەردەم ھەڕەشەی جددی ترەوە. کارکردن بۆ توندتر نەبونی ئابڵۆقەکان، کە تێگەیشتنی پەکەکە بۆ دۆخی ھەرێم دەخوازێت، لەپێناو رونەدانی شتی نەخوازراو لەم ڕوەوە، ناوخۆیەکی کۆکراوە، ئامادەگی جددی لە بەغدا (ئەگەر دوای ھەڵبژاردن و تەنانەت لەساتێکی دیاریکراودا یارییەکە لەوێش تێکنەچێت و دەسەڵات کۆنتڕۆڵ نەکرێت و سەرۆکێکی وەکو رەیسی کە ڕەمزی یەکگرتنەوەی شۆڕش و دەوڵەت و ھەماھەنگبونەوەی توانا ئینقیلابییەکانە، بەسەڵاحیەتی مورشیدەوە جڵەوی دەسەڵات لەبەغدا بەدەستەوە نەگرێت) خێراکردن لەھەنگاوەکانی چاکسازی بۆ ڕێگەگرتن لەھەرەسپێھێنانی ئابوری و گێرانەوەی پێشمەرجەکانی بەھێزکردنەوەی ھاوچارەنوسی لەنێوان ھێزەکان و گەلی باشوردا جوانتر ئیدارەدانی پەیوەندییەکان و لەوانەش لەگەڵ تاران بەلەبەرچاوگرتنی گۆراوەکان، بەشێکن لە پێویستیەکانی روبەروبونەوەی ئەگەرەکانی داھاتوو. ھەموو ئەمەش ئەگەری ئەوە ناسڕێتەوە گۆرانکارییەکانی ناوچەکە بەجۆرێکی دراماتیکی وا بچنە پێش، ڕێسای نوێی گەمەی سیاسی بێنە پێشەوەو ھەرێم لەبری کەوتنە بەردەم ھەڕەشەی لەقاڵبدان و لەناوچون، قوڵایی ستراتیژیی نوێی بۆ پەیدا ببێت و کوردیش دەرفەتی نوێی بێتە پێش و پەیوەندییەکانیش لەگەڵ تاران‌دا، لەبەرگێکی نوێ‌دا، پەرەسەندنی گەورە بەخۆوە ببینن. لەھەموو حاڵەتێکدا بوونی خۆمان و خۆئامادەکردن بۆ خراپترین سیناریۆ، بەشێکن لە زەرورەتی قۆناغەکە.
نەبەز جەلال گەر بڵێم: زۆرترین و درۆزنترین سیاسی لە ھەموو جیھاندا، کەوتونەتە ھەرێمی کوردستانەوە، ناھەقم مەگرن. لێرە شێوەو، شێوازەکانی ھەمە چەشنن. ئەو جۆرە درۆزنەی لێرە ھەیە، لەھیچ کام لە ووڵاتەکانی دنیادا بوونیان نییە، یان بە دانسقەش وەک نمونە نەماوون!. بەداخەوە؛ لێرە درۆزنی ( نایاب و نادر )، ( عەجیب و غەریب )مان زۆرە زۆر!. ئێستا سیمای کورد تەواو شێواوە، من بۆ خۆم ناتوانم کوردی جاران بناسمەوە، ئێستا وەک وەھمێک دێتەوە پێش چاوم. زیاتر لێم بووە بە چیرۆکێکی باپیرانە!. ئەم ھەموو کەڵکچێتی و درۆکردنەش لە سنور‌و، بازنەی پێکەوەژیانی خەڵکی کورد‌و بەرامبەر کوردی خۆمان دەکرێ. لە دوای ڕاپەڕینەوە کوردی باشور سەریھەڵداو، ئەو وخت کورد لە دابڕاویی و ترازان دەربازی بوو، بووەوە بە یەک پاکێجی پێکەوەیی زۆر درۆزن! لەو ژیانی پێکەوەییەشدا درۆ وەک یەکێک لە بەشە خراپ و نەرێنییەکانی تری پەروەردەی کۆمەڵگا گەشەی کردوو قێزەونە. ھەمویان ئێستا خەریکی تێپەڕاندنی سنوری قێزەوونی و دەستپێکی قۆناغی دوای درۆکردنی خۆیانن. کاتی ھاتوە سەرکردە سیاسییەکان درۆ ڕابگرن و ڕابوەستن. شەرمێک لە سەرو سیما‌و ھەیکەلی خۆیان و مێژووەکەیان بکەن ئیتر درۆ بۆ خەڵک نەکەن. بەدرۆ ھیچتان دەست ناکەوێ دڵنیام ھەزاران جارتان تاقیکردۆتەوە جگە لە خراپ بوون بەرھەمەکەی ھیچتان نەچنییەوەو پێش نابڕێ! کورد بۆیە وا بەم ڕۆژە گەیشت چونکە تایبەتمەندییەکانی خۆی وەک کلتور و مێژوو پەروەردە و مۆڕاڵی مرۆڤایەتی کوردبوونی خۆی، پێ لەدەستدرا. تکایە ئیتر با بەسبێ و بە درۆ‌و، درۆزانی خوی خەڵکی کوردستانتان ھەموو بەدکرد. مۆری ناسینەوەی درۆزنی گەورەشتان بەدەستی خۆتان دا لە تەوێڵی خۆتان و قێزەونبوون.
ئه‌بو كاروان ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له هه‌ژاندایه، ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان بڕیاری كشانه‌وه‌ى دا، هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕیش بڕیاره‌كه‌ى جێبه‌جێ كرد، وڵاتێكی كاولی بۆ هێزێكی كۆنه‌په‌رستى تێرۆرستى به‌جێهێشت، كه خۆی له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و هێزه‌ى دروست كردبوو، ئه‌مه شتێكی نوێ نییه له سیاسه‌تى داماڵراو له‌ئه‌خلاق و به‌های ئه‌مه‌ریكا، كه دۆسته‌كانى خۆی زوو ده‌فرۆشێت و به‌جێده‌هێڵێت، ئه‌م ناوچه‌یه به عێراق و ئێران و هه‌رێمی كوردستانى خۆشمان به تونێلێكی نادیار تێپه‌ڕ ده‌بن، ئاسۆ ڕوون نییه، قه‌یران له‌سه‌ر قه‌یران، ململانێی و گه‌نده‌ڵی و ویست بۆ هه‌ژموونى زیاتر، پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ، ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامانى خه‌ڵكی، شه‌ڕ و كوشتار، فیگه‌ری دیاری سه‌ر تابلۆی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه. له نێو ئه‌م هه‌موو ئاگره‌دا، له‌م ساتى وه‌چه‌رخاندا هێزه‌كانى ده‌سه‌ڵات، له‌بری ته‌كبیرو گفتووگۆی جدى و هه‌نگاوی چۆنایه‌تى به‌ره‌و گۆڕانكاری له حكومڕانی و دابین ژیانێكی شه‌رفمه‌ندانه بۆ هاوڵاتیان، كه‌چی تادێت ململانێكانیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات زیاتر ده‌كه‌ن، ئامراز‌و میكانیزمی جۆربه‌جۆر ده‌دۆزنه‌وه بۆ گیرفان بڕینی هاوڵاتیان له‌ژێر ناوى بازاڕی ئازاد‌و كه‌رتى تایبه‌ت. له‌ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڕاج و تاڵانیه‌ى له فرۆشتنى كه‌رته‌كانى حكومى و گشتى له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌كرێت، له هیچ شوێنێكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه هه‌ر بوونی نییه، بۆ نموونه له وڵاته هه‌ره سه‌رمایه‌دارییه‌كاندا نییه، قۆناغه‌كانى سه‌ره‌تایی و بنه‌ڕه‌تى بدرێته كه‌رتى تایبه‌ت، كه‌چی له هه‌رێمی كوردستان تا دێت ژماره‌ى قوتابخانه‌ی ئه‌هلی زیاد ده‌بێت، به‌كرێیه‌كی زۆری خوێندن، ئه‌و مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى له‌و ناوه‌ندانه ده‌خرێنه به‌ركار كه‌متر كاتى كاركردنیان بریتیه له (٨) كاتژمێر كار‌و موچه‌یه‌كی كه‌م، هه‌روه‌ها به‌ده‌گمه‌ن هه‌یه له سیسته‌مێكی ته‌ندروستى وڵاتانى دونیا بۆ نه‌خۆشیه سه‌ره‌تاییه‌كان و برینپێچ و مناڵبوون و چاودێری دایك و كۆرپه‌له هاوڵاتى ناچار بێت ڕوو له كه‌رتى تایبه‌ت بكات، كه‌چی له هه‌رێمی كوردستان تادێت نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت زیاتر ده‌بێت، هه‌ر ماڵێك نه‌خۆشێكی هه‌بێ، ئه‌وا ئه‌سته‌مه بتوانێت ژیانێكی هه‌ره ئاسایی بگوزه‌رێنێت، بۆ كه‌رته‌كانى كاره‌باو هاتوچۆ و ئۆتۆمبێل و باج هه‌روایه. ئه‌مه جگه له نه‌بوونى ده‌رفه‌تى كار‌و كێشه‌ى نیشته‌جێبوون و بازاڕی قۆرخكراو پاشه‌كه‌وت و لێبڕینی موچه ژیانی هاوڵاتیان ته‌واو هه‌راسان كردووه. له‌م دۆخه ناهه‌مواره‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وشێكی دروستكردووه، ئه‌سته‌مه هاوڵاتى به‌رگه‌ى ناهه‌موواری و دۆخێكی تر ناله‌بار بگرێت. مه‌ترسیه‌كان زۆرن، ته‌ماح و چاوتێبڕین له سامانى سروشتى و خاكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌ى داگیركاری ده‌وڵه‌تانى دراوسێ شتێكى شاراوه نییه، وه‌زیری ناوخۆی توركیا: له‌به‌ر چاوی هه‌موو دونیا ویستى به داگیركاری و به‌پێ هاتووچۆكردنیان بۆ وڵاته‌كه‌مان ناشارێته‌وه، دەوڵەتانی دەوروبەر به ڕۆژی ڕووناك هه‌ڕه‌شه ده‌كات و ده‌ستی تێرۆر ده‌گه‌یه‌نێته تێكۆشه‌رانى تری نیشتیمانە لەتکراوەکەمان، هه‌موو ئه‌م په‌یامانه ناگه‌نه گوێی ده‌سه‌ڵاتداران، ویست بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سك و قازانجی حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی و ته‌نانه‌ت شه‌خسى خۆیان مه‌ستى كردوون، ئێستا وای لێهاتووه كێشه‌و ناكۆكی نێو بنه‌ماڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتدار بۆته بارێكی تر بۆ سه‌ر شانی هاوڵاتى و سه‌رچاوه‌ى قه‌له‌قى و نائارامیان، ترسیان له هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕ. ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ناكۆكییه‌كانی نێوانیشان تادێت گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن، شه‌ڕی نێوان پارتى و په‌كه‌كه زەمینەی بۆ خۆشدەکرێ، به‌گوتار باسی حه‌رامكردنى شه‌ڕی كورد به‌كورد ده‌كه‌ن، كه‌چی هه‌رجاره‌ى له سنور‌و ده‌ڤه‌رێك شه‌ڕ داده‌مه‌زرێنن و شه‌هید و بریندار‌و ته‌نانه‌ت دیلیش له هه‌ردوولا ده‌بێت. پرسیار ئه‌وه‌یه له نێو ئه‌م هه‌موو ھەڕەشەو مه‌ترسیانه‌ى ده‌وربه‌رو وێرانى سیاسه‌ت و ئیداره‌دانى ناوخۆیی و گه‌نده‌ڵی، ئه‌م دەسەڵاتە تا چه‌ند ده‌توانێت درێژه به ته‌مه‌نى خۆی بدات؟ تا چه‌ند تواناى به‌رگه‌گرتنى هه‌یه؟ له كاتێكدا تاوه‌كو ئێستا هێزه‌كانى پێشمه‌رگه نه‌ك یه‌ك نه‌خراون به‌ڵكو زۆرینه‌ى جاره‌كانیش له‌بری حزبیش فه‌رمان له‌م به‌رپرس و ئه‌و به‌رپرس وه‌رده‌گرن، بگره بەشێوەیەک ئاماده‌كراون تاوه‌كو له كێشه ناوخۆییه‌كاندا به‌كاربهێنرێن. ئه‌زموونى لانى كه‌می ئه‌م چه‌ند ساڵه ئەوەی بۆ سه‌لماندووین هه‌ر هێزێك به مێتۆدێكی نیشتیمانى تۆكمه دیسپلین و په‌روه‌رده نه‌كرێت، زه‌حمه‌ته بتوانێت له كێشه نێوخۆییه‌كانی نێوان حیزبه‌كان و سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان تێوه نه‌گلێ. بۆیه پێویسته هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆشنبیران و خه‌مخۆره ڕاستهقینهكانى ئه‌م نیشتیمانه به‌ره‌یه‌كی به‌رفراوان به‌ستراتیژێكی نیشتیمانى دروست بكه‌ن، ببنه فشار‌و به‌دیلێكی ڕاسته‌قینه بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته تاوه‌كو ئه‌م قه‌واره‌یه كه به خوێن و قوربانی گرانبه‌هاى كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك هاتووته به‌رهه‌م به‌رەو هه‌ڵدێرتر نه‌چێت، وه‌ك نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان خاتوو جێنین بلاسخارت پێی وتین: گه‌رەنتی نییه، ئه‌م قه‌واره‌یه تا هه‌تایه وه‌ك ئێستا بمێنێت. مه‌ترسیه‌كان گه‌وره‌ن، پشتبه‌ستن به‌م وڵات و به‌و ده‌وڵه‌ت ئاكامه‌كانى پشت شكانه، كه‌وتنه، مێژوو پڕە له‌م جۆره نموونانه، پڕه له‌وانه، ستراتیژ ئه‌وه‌یه پشت به‌گه‌لی خۆت و توناى خۆت ببه‌ستى، ئه‌و گه‌له‌ى گه‌نجه‌كانى زۆرینه به‌دواى كۆچ بۆ رێگاى پڕ له سه‌ختى و مه‌ترسی تاراوگه ده‌گه‌رێن!
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا به‌شێكی دیاری نوسه‌ران و رووناكبیران، چ ئه‌وانه‌ی ئیلتیزامی سیاسی و رێكخراوه‌ییان هه‌یه‌و چ ئه‌وانه‌ش كه سه‌ربه‌خۆن، به تاقیكردنه‌وه بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه پێگه‌یان له‌ناو ئه‌و سیسته‌مه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه له‌مڕۆی باشووری كوردستاندا سه‌روه‌ركراوه، ره‌چاو نا‌كرێت. زۆربه‌ی كات له موجامه‌له به‌ولاوه گوێیان بۆ ناگیرێت، یان ئیش به ره‌خنه‌و بیرۆكه‌و پرۆژه‌كانیان نا‌كرێت كه له دۆخی ئارام و به شێنه‌یی و له قۆناغی جیاجیای كۆمه‌ڵگه‌و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا ده‌یانخه‌نه‌ڕوو، یان ته‌نها ئه‌ویسترێ له ململانێی ناو، یان نێوان پارته سیاسییه‌كان و له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌م و ئه‌ودا، بگلێنرێن، هه‌موو ئه‌مانه‌ش به ئاشكرا تووشی جۆرێك له نائومێدی و دوورپهرێزیی كردوون، به‌تایبه‌تی كه ده‌بینن، زۆربه‌ی جار، له‌بری پرۆژه‌و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌وان، پشت به‌و میدیاكاره بێ پره‌نسیپ و حازربه‌ده‌ست و موهه‌ریجانه ده‌به‌سترێت كه له پێناوی ده‌سكه‌وتی مادیی زیاتردا، هه‌ر رۆژه‌و له میدیایه‌ك، یان باوه‌شی حزبێك، یان به‌رپرسی حزبێكدان و ئه‌مڕۆ به باڵای پارت و گروپ و كه‌سێكدا هه‌ڵده‌ده‌ن و سبه‌ی به هیی دی!، ئه‌مڕۆ هێزو گروپ و كاراكته‌رێك ئه‌شكێنن و رۆژی دوایی خه‌ڵكی تر!. بێگومان ماسمیدیای كوردی رۆڵی هه‌یه له نائومێدكردنی نوسه‌ران و ره‌شبینییان و هه‌ندێجار جۆرێك له بێباكبوونیشیان له ئاست رووداوه‌كاندا. ماسمیدیای كوردی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماسمیدیایهكی پیشه‌گه‌ر نییه، هاوكات زۆربه‌ی، راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ!، سه‌ر به‌م یان ئه‌و هێزی سیاسی، هی ئه‌م یان ئه‌و كاراكته‌ری حزبی و ده‌وڵه‌تین و به‌شێوه‌یه‌كی نازانستی و دواكه‌وتوو به‌ڕێوه‌ده‌برێن، ده‌رفه‌ت به گوتاری نوێ و جیاواز‌و تێڕوانینی ده‌ره‌وه‌ی سانسۆر‌و كۆنترۆڵیش ناده‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا بواری رۆڵ بینین و به‌شداری ته‌نها به‌و ده‌نگ و خه‌ڵكانه ده‌ده‌ن كه پێشوه‌خت ده‌زانن بیروڕاو هه‌ڵوێستیان له‌خزمه‌تی سیاسه‌تی كه‌ناڵه‌كان و بڵاوكراوه‌كانیان، یان پارته سیاسییه‌كانیان و پارهداركهرانیان، یان به‌رپرسان و كاراكته‌ره دڵخوازهكانیاندا، ده‌شكێته‌وه!. هۆكاری ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه، میدیای كوردی له‌پیشه‌سازیی گواستنه‌وه‌ی زانیاری و فاكت و كاری پیشه‌یی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئازایانه‌و ئازادانه‌ی رووداوه‌وه بۆته یه‌كه‌یه‌كی كۆنترۆڵكراوی ناو سیسته‌م، بۆته ئامرازێكی(تحت الگلب) و ماشێنی گه‌وره‌ی پڕوپاگه‌نده‌و وروژاندنی سیاسی و ده‌زگایه‌كی به ئیمتیاز ئاراسته‌كراو. كاتێك به‌شێك له‌نوسه‌ران و رووناكبیران له رووداوه‌كانی هه‌رێم بێده‌نگن و خۆیان له‌قه‌ره‌ی كۆمه‌ڵێك په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكاری ناده‌ن، هۆكه‌ی ئه‌وه‌یه كه نایانه‌وێت، به‌بۆنه‌ی ئه‌و سیسته‌مه میدیاییه هه‌لپه‌رست و شه‌ڕانگێزو ئاراسته‌كراوه‌وه كه یاری به هه‌موو وتراو و نوسراو و هه‌ڵوێستێكه‌وه ده‌كات و راستییه‌كان ده‌شێوێنێت و كلك و گوێیان دهكاو به لۆژیكێكی ته‌واو بژاركاری Selective مامه‌ڵه ده‌كات، ئه‌وانیش ببنه كه‌ناڵێكی تری دووبه‌ره‌كی و ئاڵۆزبوونی زیاتری ته‌نگژه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌تی كه كورد خۆی، نه‌ته‌وه‌یه‌كه، دووبه‌ره‌كی، له‌ناوه‌وه داغانی كردووه، مێژووه‌كه‌ی بارگاوی كردووه به چیرۆكه تراژیدییه‌كانی براكوژی و یه‌كتركوشتن و ئاسووده‌كردنی دڵی داگیركه‌ران!، بگره هه‌تا ئێستاش وه‌ك كابووسێكی سیاسی و وه‌ك تارماییه‌كی نه‌فره‌تی هه‌میشه به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه ده‌خولێته‌وه‌و به‌رۆكی به‌رنادات. نووسه‌ران كه هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت، مه‌به‌ستیانه هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه‌ی سه‌رتاسه‌رییان هه‌بێت و سه‌فقه‌و كاسبی به هیچ دووبه‌ره‌كی و رووداوێكه‌وه نه‌كه‌ن!. له‌وه‌ش زیاتر كه دووان به زانیارییه‌وه بدوێن، لۆژیك و ئارگیۆمێنتیان له‌لا بێت، یان لانیكه‌م له‌ناو گه‌رمه‌ی رووداوه‌كاندا، تۆمه‌ته‌كان و ئیدیعاكان و پیلانه‌كان، كه پێویستییان به هه‌ڵوێست وه‌رگرتن هه‌بێت، به دیكۆمێنت ساغ بكرێنه‌وه. به مانایه‌كی تر، نوسه‌ران، له دۆخی هه‌ڵوێستدا، نایانه‌وێ له‌به‌ر هیچ به‌رژه‌وه‌ندی و ئیعتیبار‌و سۆزێكی تایبه‌تی كه‌س ببوێرن، ناخوازن دووچاری ده‌مارگیریی كوێرانه - چ جای پێشوه‌خت! - ببن بۆ هیچ كه‌س و گروپ و پارتێكی سیاسی، به‌تایبه‌تی له‌و جۆره ململانێ و ناكۆكییانه‌ی كه كراوه‌ن و هێشتا زۆر سیناریۆو ورده‌كاری و نهێنییان ده‌رنه‌كه‌وتوون. نوسه‌ران كه ره‌خنه ده‌گرن، ره‌خنه ته‌نانه‌ت بۆ سه‌ر ئه‌زموونی ئه‌و ده‌زگا میدیاییانه‌ش درێژ ده‌كه‌نه‌وه كه قسه‌یان تێدا ده‌كه‌ن و تیایاندا ده‌نووسن، ناشیانه‌وێ پرۆسه‌ی ره‌خنه‌یان ته‌نها بۆ خزمه‌تی ئه‌م هێز له‌دژی ئه‌و هێزی سیاسی، یان ئه‌م تاقم و گروپ له به‌رامبه‌ر ئه‌و تاقم و گروپدا، بێت. گه‌رمكردنی ئه‌و شه‌ڕو ململانێ سیاسییانه چ له‌ناو و، چ له نێوان هێزه سیاسییه‌كانماندا كه هه‌موویان به‌شی خۆیان هه‌ڵه‌ی سیاسی و ره‌فتاری ناعه‌قڵانی و سكانداڵی ئاشكرا‌و نهێنییان هه‌یه‌و خۆیشیان ناوبه‌ناو دانی پێدا ده‌نێن و دابه‌شبوونی فریشته‌یی و شه‌یتانییانه هه‌ڵناگرن، هه‌رگیز ئیشی نوسه‌ران نییه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌یان كه ئه‌كادیمی و توێژهربن و بوار به خۆیان نه‌ده‌ن بازاڕی ناكۆكییه‌كان گه‌رم بكه‌ن و له‌بۆشاییه‌وه حوكم بده‌ن. نوسه‌ر، به‌گشتی، خودێكی ژیاندۆسته، پاڵپشتی جوانییه‌كان و جیاوازییه‌كانه، دژی فیتنه‌و شه‌ڕانگێزی و تێكدانی ئاسایش و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌و دوای قاڵ و كه‌ژاوه‌و هه‌را ناكه‌وێ، به ساخته‌كارییه‌كانی له‌فزی(راستی وتن) ناخزێ، به ئاوازی زانیاریی بێ به‌ڵگه‌و به‌ڵگه‌ی ساخته‌و واته‌وات Rumors، یان تیۆره‌كانی پیلانگێڕی و گه‌مه‌كانی یه‌كتر ناشیرینكردنی هێزه‌كان و گروپه‌كان و كاراكته‌ره‌كان، هه‌ڵناپه‌ڕێت. بێگومان نووسه‌ر هه‌قبێژه، به‌ڵام تا ئه‌و شوێنه عه‌وداڵی هه‌قیقه‌ته كه ئه‌گه‌ری ژیان و ئارامی زیاد بكات، كه ململانێكان به گیانێكی ئاشتییانه‌و مه‌ده‌نییانه به‌ڕێوه‌بچن، نه‌ك هه‌قیقه‌تێك سهربخاو جاڕبدا كه به‌هۆیه‌وه گروپه‌كان و كه‌سه‌كان به‌له‌سه‌و ده‌هری بن و ژیان و وڵاتیش، پێكه‌وه، كاول و وێران بكه‌ن. نوسه‌ر ته‌نانه‌ت به‌های زانینیش به‌وه ده‌به‌ستێته‌وه كه تێگه‌یشتن دروست بكات، نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، به‌تایبه‌تی كاتێك له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك فۆكۆدا، باوه‌ڕی به‌وه هه‌بێت كه زانین له پێناوی تێگه‌یشتندا نه‌خوڵقێنراوه، به‌ڵكو له‌پێناوی شكاندن و یه‌كلاكردنه‌وه-ش!. نوسه‌ر، بونه‌وه‌رێكه، كه‌مترینجار خۆی ده‌داته ده‌ستی هه‌ڵچوونه‌كانی و ئاره‌زوو و حه‌زو ویسته‌كانی. نووسه‌ر كه به روحی ساردی توێژه‌رو پشكنه‌ر بیربكاته‌وه‌و سه‌ودا بكات، به ئاسانی فریو ناخوا، به ساده‌ییش نابێته نێچیری هیچ گوتار‌و بانگه‌وازو پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی ئه‌وانیتر. نوسه‌ر خۆی به‌رده‌وام بانگه‌واز بۆ عه‌قڵانییه‌ت و په‌یوه‌ندیگرتن Communication و دیالۆگ و یه‌كتر قبوڵكردن و ره‌خنه‌ی بابه‌تی ده‌كات، تێده‌گات هه‌قیقه‌ت به ره‌هایی له‌لای كه‌س نییه. ئه‌م لۆژیكه كۆمهنیكهیشنخوازه لهمڕۆداو له‌سایه‌ی ململانێی بێ رێسای هێزه سیاسییه‌كانمان و ده‌زگا میدیایی و سوشیال میدیاكانیاندا، به ئاسانی جێی نابێته‌وه، بۆیه نووسه‌ریش، وه‌ك بكه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كبریائی خۆی هه‌یه‌و رێزی خۆی ده‌گرێ، هیچ ناچار نییه ببێته ده‌نگێكی ئیستهلاككراو، یان بورغویهكی بێ به‌ها له‌ناو ماكینه‌ی هاڕینی ژیان و ئارامی و سه‌قامگیری، به‌ڵكو، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و تا پێی بكرێت هانی هێزه‌كان و گروپه‌كان و كاراكته‌ره‌كان ده‌دات كه دان به‌خۆیاندا بگرن، نه‌كه‌ونه داوی توندوتیژی و تاوان و كرداری هه‌ڵه‌و په‌رچه‌كرداره‌وه، پشت نه‌كه‌نه بژارده‌ی دانوستان و دیالۆگ و له‌گه‌ڵ یه‌كدا بژین، جیاوازییه‌كانی یه‌كتر هه‌رس بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا لێبوورده‌و كراوه بن، به‌تایبه‌تی كه ده‌ره‌نجامی زۆرێك له جه‌نگه ماڵوێرانكه‌ره‌كانی هێزو گروپ و ده‌وڵه‌ته ناكۆكه‌كان، له هه‌موو مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، هه‌ر گه‌ڕانه‌وه بووه بۆ دانوستان و رێككه‌وتن و ئاشته‌وایی. جگه له‌وانه، نوسه‌ران، به بارێكی تریشدا هه‌میشه بانگه‌شه بۆ رێزگرتن له ئیراده‌ی گه‌ل ده‌كه‌ن، داوا له هێزو گروپه ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ن كه ده‌رفه‌تی ده‌ستاوده‌ستكردنی رۆڵ و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵات به یه‌كتر بده‌ن، له‌وه‌ش زیاتر دان به هه‌ڵه‌و تاوانه‌كانیاندا بنێن و ده‌ره‌نجامه یاسایی و رێساییهكانیان قبوڵ بێت. نوسه‌ران، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وه‌زیفه بونیادنه‌رانه، هه‌ر رۆڵێكی تر بگێڕن، ئه‌وا نه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی دوورمه‌ودای لایه‌نه ناكۆكه‌كانه، نه له به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵگه‌و وڵاته، نه له قازانجی پایه‌و نێوبانگی خۆشیان.
عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف یەکەم: کە مەلا بەختیار بەتۆمەتی تێکدانی شۆڕشی نوێ و ئینشیقاقی هێزی پێشمەرگە و بنکۆڵکردنی رێکخستنەکانی کۆمەڵە زیندانی دەکرێت و بە کۆی دەنگی پلنیۆم بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، مامجەلال مەلەفی دادگاییکردنەکەی و خودی تۆمەتبارەکە و تەنانەت زیندانەکەیشی بۆ لای خۆی و نزیک ماڵ و بارەگاکەی لە یاخسەمەر ئەگوێزێتەوە، بریاری گولەبارانکردنەکەیشی ئەگۆڕێ، گەر بەڵێن شکاندن و هەوڵی راکردنەکەیشی نەبوایە گومانی تێدا نەبو هەر زو ئازادیشی ئەکرد ..! ئێستا کوڕانی مامجەلال تەواو پێچەوانەی رەفتاری باوک، رۆحی لێبوردەیی کاری سیاسی و حیزبیان نیە، تەنیا بڕیاری پێشوەختەی خۆیان جێبەجێ ئەکەن..! دووەم: سەرەتای ساڵی نەوەدو پێنج و کە مەکتەبی سیاسی بە کۆی دەنگ ئیمزایان لەسەر رۆیشتنی مامجەلال و داوای جێهێشتنی کوردستانیان لێکرد، ئەو نە ڕەتی کردەوەو نەهێزی لە دژی (م س) کۆکردەوە، تەنیا کاردانەوەی وتبوی (هەتا هەموتان وەک ئەو ئیمزایانە بۆ رۆیشتن، ئیمزای گەڕانەوەم نەکەن ناگەڕێمەوە). جانتاکەی پێچایەوەو رۆیشتە لەندەن، کاتێکیش لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا گەڕایەوە، خۆی وەک سکرتێرو بۆ یەکەمجار هاوسەفەرەکەی وەک جێگری سکرتێر ناساند (ئەوکات پۆستی جێگری سکرتێری گشتی لە پەیڕەوی یەکێتیدا هیچ باسێکی نەبو)، دوای هەندێ مشتومڕی ناوخۆیی قەبوڵکرایەوەو تاکۆتایی تەمەنی سیاسی خۆیشی لەکاردانەوەی ئەو ئیمزایانەدا، بیری لە سزادانی ئەوانە نەکردەوە کە قاویاندا، بەپێچەوانەوە متمانەیەکی لادروستکردن و فێریکردن کە سەرکردایەتیکردن ئەبێ بەو شێوەیە بێت..! ئێستا کوڕانی مامجەلال بێ لێکۆڵینەوەو گەڕانەوە بۆ دادگا، بێ رێکاری پەیڕەوی یەکێتی، بێ هیچ عورفێکی کاری رێکخراوەیی و بێ گوێدانە بەرژەوەندی خەڵک و یەکێتی... تەنیا بەگومان سزایان بۆ دەسەڵاتی یەکەم و هەندێ لە ئەندامەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و دەیان کادرو دەیان نوێنەری یەکێتی لە حکومەت دەرکردوە یان ئامادە کردوە..! من نازانم لاهور چیکردوە، هەرچیەکی کردبێ ! جگە لە (عومەری شێخ موس، فواد مەعسوم، جەمیل هەورامی، عەلی شامار و فەرید ئەسەسەرد) لەدوای هەشتی تەموزەوە هیچ دەنگێکیتری مامجەلیانەم لەناو یەکێتیدا، نەبیستوە ! کەسێک نیە نکۆڵی لە مامجەلال ناسی ئەو زاتانە بکات، بەڵام پێدەچێت لەناو یەکێتی نوێ‌دا، جگە لەو ناوانە یەکێتی کۆنی تیا نەمابێت.
فەرمان رەشاد لەدوای 8ی تەمووزەوە ئەو بەرەیەی پێی دەگوترێت ئۆپۆزسیۆنی نارێكخراو یان نوخبەی سەربەخۆ لە رۆژنامەنووس و رەخنەگران بە ئاشكرا بەسەر ئاراستەی هەردوو هاوسەرۆكی نەیار دابەش بوون و كورتیان هێنا، ئەویش بە پشت بەستن بە ئارگۆمێنتی جیاواز بەشێك لە ژێر ناوی بەرگری لە پەراوێزی ئازادی سلێمانی و تێوەنەگلاندنی یەكێتی لە شەڕی ئیقلیمی، بەشێكیش بەناوی نەهێشتنی قاچاخچیەتی و سەرانەوەرگرتن و كۆتایی هێنان بە بەكارهێنانی خراپی دەزگا ئەمنیەكان، لەوە بۆت دەردەكەوێت ئێمە خاوەنی چ نوخبەیەكی دۆڕاو و ساویلكەین، خەڵكیش ناحەقی نابێت (ئەگەر راستیش نەبێت) تۆمەتباریان بكات بەوەی پارە لە بەرە جیاجیاكانی ئەو شەڕە وەردەگرن. ئەو دابەش بونە نالۆژیكیە ئەگەر یەك تەفسیر هەڵبگرێت بریتیە لە نەبونی دنیابینی بۆ واقیعی ئێستای حكومرانی و حیزبەكانی دەسەڵات، تۆ كاتێك تێگەیشتنێكی روونت نەبێت بۆ سروشتی ململانێی ناو كۆشكەكانی دەسەڵات، بەدڵنیایی بە بچوكترین جوڵە دەكەویە ژێر كاریگەری، ئەویش بەلۆژیكی (لەخۆشەویستی نیە بۆ عەلی، بەڵكو لە رقە لە معاویە)، كە ئەوەش وەك دەڵێن گرەو كردنە لەسەر ئەسپی تۆپیو، عەبدوڵا پەشێو لە شیعری دێوەرە و كەر جوان وەسفی ئەو دۆخە دەكات كە كێیە دەبێ خەمی بێت و بارەكە لەخۆی باربكات. هەردوو تەرەفی ململانێ هەمان تێروانینیان بۆ حكومرانی هەیە، هەموو ئەو قسانەی لەسەریەكتر دەكەن بەزیادەوە راستە، هەركام لایەش براوە بێت بۆ خەلك هەر هەمان ئەنجامە، چونكە باوەریان بەهەمان فۆرمی حكومرانی هەیە، ناكرێ چاوەرێی ئەنجامی جیاوازیان لێبكەیت كەواتە تۆ بەرگری لە چی دەكەیت و دژایەتی كێ دەكەیت؟ ئەركی ئەو خەڵكەی خۆی پێ نوخبەیە یان سەربەخۆ و رەخنەگرە، لەو دۆخە ئەوەبوو دەبوو پەیامێكی ناخۆش و پەیامێكی خۆش بدەنە خەڵك، پەیامە ناخۆشەكە ئەوەیە ئەو فۆرمە حكومرانیە چەند مەترسیدارە، كە چەك لای دەسترۆیشتوەكانی حیزبە ئێمە هەمیشە لە لێواری پێكدادان و شەڕی ناوخۆین، دەبێت بلێت نە ئەوەی شكاوە بەهۆی گەندەڵی بوە، نە ئەوەشی براوەیە بەهۆی راستگۆیی بوە، ئەوە شەڕی بەرژەوەندییە. پەیامە خۆشەكەش دەبوو بەخەڵك بلێن ببینن ئەو ئیمپراتۆریانەی لەسەر باتڵ و بە پارەی قاچاخ و حەرام بنیات دەنرێن چەند فشۆڵن و دەكرێ لە چاو تروكانێك بڕوخێن، ئەوە ئەگەر بۆ یەكێك لە پایەكانی ئەو حكومرانیە سەقەتە ئەمرۆ راستبو، بۆ ئەوانی تریش هەر راستە، هەموویان دەكرێت لە شەو و رۆژێك ئەو لەشكری چەكدار و دارودەستە و میدیایەی لە پشتیان بونە، بەهۆی پارە و دەسەڵات و ترس، بەدەوریان نەمێنن و تەبەڕایان لێبكەن وەك هەڵم بەهەوا بچن، دەبێت خەڵك تێبگەیەنرێت هیچ یەكێك لەوانەی لە لوتكەی دەسەڵاتن، خاوەنی رەگێكی تۆكمە نین نەتوانرێت بشكێندرێن، ئەوەی هەیە هەمووی نمایشی دەسەڵاتە نەک خودی دەسەڵاتێکی تۆکمە کە بەرگەی دۆخی سەخت بگرێت، دەبێ بزانین كاتێك تۆ لەسەر باتڵ حكومرانی بنیات دەنێی روخاندنی ئەوەندە ئەستەم نیە. دواجار دەبوو پەیامێكیش بدەنە تەرەفە جیاجیاكانی ناو بنەماڵە حكومرانەكان، ئەویش ئەوەیە ئێوەش هەمووتان لەبەردەم ئەو چارەنووسەن، ئەگەر ئێوە بیر لەوە نەكەنەوە حكومرانیەكی دروست بینا بكەن، هێز و شەرعیەت لە خەڵك وەرنەگرن و لەسەر بنچینەی پارە بەشینەوە و ترس بەردەوام بن، چەند درێژە بكێشێت رۆژێك دۆخێكی لەو شێوەیە بەهەمان شێوە ئێوەش راپێچ دەكات، ئەوەشی دەرس لەمێژوو وەرنەگرێت دەبێت باجەكەی بدات.
ئاسۆ عەبدوللەتیف ئێران بەدەر لە ڕەهەندە دینی و مەزهەبیەکەی حوکمڕانییەکی ستراتیژیی قوڵی حەوزەی دەستەبژێر پەیڕەو دەکات. بەرمەبنای ئەو توراس و ترادیسیۆنە کلاسیکە هەزار ساڵەی ڕابردوو، هیچ پێی شەرم نیەو بگرە ئەوە بە هێزو ماکی مانەوەی خۆی دەزانێت و سەرباری ئەو هەموو قەیرانەی هەیەتی وەک خەڵک سالاریی وێنای دەکات. ئەمڕۆ ئیبراهیم رەئیسی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی وەک سەرۆک کۆماری نوێ، بە وێنەی مۆدێلێکی تازەی سیاسەتکردن و حوکمڕانیی خۆی مانیفێستکرد کە گوزارشت بوو لەو ئێرانە قەدیمییە، ئەمریکاش وەک ڕکابەری سەرەکی ئەم دەوڵەتە خوازیاری ئەوەیە ئێران نەڕوخێ و میتۆدەکەی ئاوا بگۆڕێت بەرەو ڕەچەڵەکە کلاسیکییە کۆنەکەی، نەک ئێرانەکەی ئێستای شیعیزمیی نوێ کە هەڕەشە بێت بۆ ئازادی و دیمەکراسی و بەرژەوەندی هەندێک دەوڵەت و بزوتنەوەی توندڕەو، ئێران بەو هێزە میحوەرییەی کە هەیەتی لەناوچەکە یەك جولەكەو ئەوروپایی و کریستیانێک لەخۆی توڕە ناکات و نەیکردوە، هەموو مەعبەدو پەرستگاو دێر و کڵێساکانیشیان دەپارێزێت، هەموو وەزیرەکانی ئەم کابینەیە باکلاس و قسەزان و سەربە تەریقەت و کەلتوریی ڕۆژئاوایی و مەدرەسە هاوچەرخەکانن، ڕەنگە ئێران ئیتر خەریکی چاککردنەوەی هەموو پەیوەندیە دەرەکیە شکاوەکانی بێ و باشتر فۆڕمەڵەی خۆیان بکەنەوە کە بگونجێت لەگەڵ گوتاری سەردەم و بەتایبەت سەروەری وڵاتان و هاوسێکانی و تیمی دانوستانکاری جۆبایدن. ئێران ئەمرۆ سەنگ و پێگەی راستینەی گەڕاندەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە ڕێزگرتن و بەرزکردنەوەی پەرچەم و ئاڵای کوردستان لە ئێستا‌و سەردەمی کۆماری مهاباد، ئەوە گۆڕینی میتۆدەو ڕوانگەیەکی جدییە بەرەو تۆلێرانس و کرانەوەو گەڕانەوە بۆ ژێر چەتری ئیمپراتۆریەتی ئێرانی کۆن و دەستگرتن بە فرە کاڵچەریی و فرە نەتەوەیی و ئازادیی نەژادیی، بۆیە هەرێمی کوردستان با بچوک و بێ دەوڵەت بێ ئەو وەک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ دەکات و دێتە پێشوازی پرۆتۆکۆلیی و شەرەفیانەی سەرۆکەکەی، ئێران هەمیشە هەرەشە دەکات لێ هەڕەشەکان دەلالەتی زمانی و مەجازییان هەیەو میمبەری تەرخان کردوە بۆ گوتاریی زبری میدیایی و مەیدانەکانیش بۆ دیبلۆماسیەتی نەرم و سیاسەتکردن و ئاهەنگ و گفتوگۆ‌و دانوستانی ئاشنایان. کاتی خۆی كۆتایی خێڵی بەنی قورەیزەی جولەكە لە ساڵی پێنجی كۆچی لەلایەن قورەیشییەكانەوە، شیعە نەك خۆی لێ بێ بەری دەكات بەڵكو تا ئێستاش ئەهلی سوننەو جەماعەی پێ تاوانبار دەکات، شیعە هەڕەشە دەکات وەلێ نایباتەسەر، ئەوەش عەقڵانیەت و ستراتیژیی حوکمڕانییە، سوننە بەبێ هەڕەشە ڕەشەکوژو چاوترسێنت دەکات، ئەوە جیاوازیەکەی شیعەی ئێرانییە لەگەڵ سوننەو شیعەکانی عێراق و ناوچەکە.
کارزان سه‌باح هه‌ورامی گه‌ری چواره‌می گفتووگۆی ستراتیژی ئه‌مه‌ریکا و عێراق ده‌ستی پێکردووه گفتووگۆکان له‌باره‌ی کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا تادێت باس و خواستی زۆرتری ده‌بێت، ویستی عێراق ئه‌وه‌یه هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بکشێته‌وه، ئه‌مه‌ریکاش نیگه‌رانه له‌وه‌ی میلیشیاکانی عێراق بنکه و باره‌گاکانی ئه‌وان ده‌که‌نه ئامانج و شه‌ری به‌وه‌کاله‌ت ده‌که‌ن له‌ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بێ گومان ده‌بێت پلانی نوێ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی عێراق و ئه‌فغانستان راده‌ستی قه‌ده‌رێکی نادر نه‌کرێت، له‌ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له عێراق و کوردستان بیر له‌وه ده‌کرێته‌وه که ژماره‌ی هێزه‌کانی ناتۆ له عێراق بۆ ٨ به‌رانبه‌ر زیاتر بکرێت، له‌ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا به‌خێرا ئه‌و پرۆسه ده‌چێته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه و بنکه‌یه‌کی ناتۆ له هه‌ولێر به‌فراوانی ده‌کرێته‌وه، مانگی ٣ی ئه‌مساڵ ''یەنس ستولتبریگ''، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی ڕایگەیاند، ژمارەی ڕاهێنەر و ڕاوێژكارە سەربازییەكان لە عێراقدا هەشت بەرانبەر (لە 500 بۆ 4000) زیاد دەكەن و، كاری ئەم ڕاهێنەر و ڕاوێژكارانەش لە دەرەوەی بەغدا دەبێت، ڕاشكاوانەتر لەو بنكە سەربازییانەی هاوپەیمانانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریستانی داعش دەبن كە یەكێكیان لە عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبارە و ئەوی دیكەشیان لە هەولێرە. دوومه‌به‌ست له‌م پرۆسه‌یه هه‌یه، یه‌که‌م هه‌ولێر چه‌قی سیاسه‌تی هاوپه‌یمانانه له عێراق و ناوچه‌که و نایانه‌وێت به‌ته‌نیا به‌جێی بهێڵن. چونکه دوای کشانه‌وه‌ی ئه‌وان نایانه‌وێت گروپه میلیشیاکان و له‌یاسا ده‌رچووه‌کان کۆنترۆڵی ته‌واوی ناوچه‌که بکه‌ن. دووه‌م: ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت به م پرۆسه‌یه دووباره له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی باکووری ئه‌تڵه‌س بمێنێته‌وه و رۆڵیان هه‌بێت له عێراق و ئه‌فغانستان ئه‌مه‌ش سیاسه‌تی نویی ئه‌مه‌ریکایه بۆ ناوچه‌که که تاراده‌یه‌کی زۆر له کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریکا پشتیوانی کراوه و له ئاستی شه‌قامی ئه‌مه‌ریکاش قبولکراوه. لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر، دووباره ئه‌گه‌ری زیندووكردنه‌وه‌ی به‌هێزی هاوپه‌یمانیی ئه‌مه‌ریكا و (ناتۆ) هه‌یه، یه‌كێك له ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌ی كه (ناتۆ) ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له هه‌ولێر و بنكه‌ی (عین ئه‌سه‌د) له ئه‌نبار زیاتر بكات. ده‌توانین بڵێین ڕووداوه‌كانی هه‌ولێر ئاراسته‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیشی گۆڕی، له 19ی ئابی 2021 له كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش و به‌رگری له ئه‌ڵمانیا، جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به پێچه‌وانه‌ی دۆناڵد ترامپ قسه‌ی كرد، چونكه ترامپ پێشووتر باسی له‌وه كردبوو كه ده‌كشێنه‌وه له هاوپه‌یمانیی ئه‌تڵه‌سی باكوور (ناتۆ) و چاو ده‌خشێننه‌وه به په‌یوه‌ندییه‌كانیان، به‌ڵام بایدن ڕایگه‌یاند: ''جارێكی دیكە ئه‌مه‌ریكا دەگەڕێتەوە بۆ پشتگیریی ناتۆ و بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ترانس ئەتڵەتیك''. لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا بایدن پشتگیریی بۆ زیادكردنی هێزەكانی ناتۆ لە عێراقدا دەربڕی و بە كارێكی گرنگی لە قەڵەم ڕایشی گه‌یاند: ''به‌پێی مادده‌ی 5ی په‌یمانی ناتۆ ''هێرش بكرێتە سەر هەر ئەندامێكی ناتۆ، هێرشكردنە بۆ سەر كۆی دەوڵەتانی ناو هاوپەیمانییەكە، ئێمە لەبیرمانە چۆن دوای هێرشەكانی 11ی ئەیلوولی 2001 هەموو ناتۆ پشتگیریی ئەمەریكای كرد بۆ ڕووخاندنی ئیمارەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان''. ئه‌وه‌ی گرنگه له‌و ناوچانه‌ی كه پێی ده‌ڵێن سنووری مادده‌ی 140 ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ی لێ جێگیر بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و ناوچانه ده‌بنه ئامانج و له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر سه‌نته‌ری شاره گه‌وره‌كانیش ده‌بنه ئامانج، بۆیه گرنگه به هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت، پێشمه‌رگه و سوپای عێراق ئیداره‌ی ئه‌و ناوچانه بكه‌ن، چونكه دۆخه‌كه به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ریكا و ئێران گرژییه‌كانیان زیاتر بووه و ئه‌مه‌ریكاش ته‌نازولی نه‌كردووه له‌سه‌ر پرسه‌كانی ئێران. ئێرانیش به‌رده‌وامه له‌سه‌ر سیاسه‌تی خۆی و ئه‌مه وای كردووه كه دۆخی ناوچه‌كه ئارام نه‌بێت كاردانه‌وه‌كان به‌رانبه‌ر به هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێر جیاوازه، به‌شێك له شرۆڤه‌كارانی سیاسی باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌بێ هه‌ولێر وه‌ك ناوه‌ندێكی به‌هێزی دیپلۆماسی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، چونكه تاكه شوێنه له عێراقدا دیپلۆماتكارانی تێدا پارێزراوە، به‌شێكی دیكه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حكوومه‌تی عێراق كه پرسی میلیشیاكان چاره‌سه‌ر بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه ڕه‌نگه ببنه مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی عێراق، بۆ ئه‌م پرسیاره‌ش، ده‌بێت سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق وه‌ڵام بداته‌وه كه ئایا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه، یان.
ئاسۆ حاجی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەلایەن وڵاتانەوە لە سەردانیە فەرمیەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شتێکی پڕۆیۆکۆلیە، بەڵام هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەتەنیا و بەبێ ئاڵای عێڕاق لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێشوازی نێچیرڤان بارزانی، لە گرنگترین بۆنەی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو چوار ساڵێکدا، لە گواستنەوەی دەسەڵات لە سەرۆکەوە بۆ سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراو. ئەو ئاڵایە کە پێشەوا قازی محەمەد لە یەکەمین کۆماری کوردستان لە مهاباد هەڵیکرد و دواتر کرا تۆمەت بۆ لە سێدارەدانی، لە ریفراندۆمی کوردستانیش هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکوک و بڕیاردانی سەربەخۆیی ئێرانی وەک وڵاتانی دیکەی ئیقلیمی هار کرد، تا رادەی رابەرایەتی کردنی ئەو گەلەکۆمەی لە دژی هەرێمی کوردستان بەرپاکرا و خیانەتی شازدەی ئۆکیۆبەری لێ کەوتەوە. هەڵکردنی هەمان ئاڵا بەبێ ئاڵای عێڕاق، ئەوە نیشان دەدات کە ئێران چەند پێویستی بە هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها پێگە و گرنگی و هەرێمی کوردستان نیشان دەدا لە ناو هاوکێشە سیاسیە هەرێمایەتیەکان و نێو دەوڵەتیەکان. ئەوە کارەی ئێران زیاتر لە بەخۆداچوونەوەیەکی سیاسی نزیکە نەک لە موجامەلەکردنی هەرێمی کوردستان، ئێران تێگەیشت لاوازبوونی هەولێر بەرامبەر بەغدا زیاتر هێز وەبەر بیری عروبە دەدا و بەغدا وەک دوژمنێک بەهێز دەکاتەوە نەک وەک درێژکراوەی ستراتیژیەت و بەرژەوەندی ئێران، لە سەر ئاستی ناوخۆیی کوردستانیش ئێران لەوە تێگەیشت کە هەموو ئەو لایەنانەی دوژمنایەتی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستانیان دەکرد، لە هەر کاتێکدا ئامادەن دوژمنایەتی ئێرانیش بکەن و دژی بەرژەوەندیەکانی بن، لە پێناو دەسکەوتێکی کەسی و حیزبی، ئەوەی ئێستا لە سلێمانی و لە ناو ماڵی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان روودەدا نموونەیەکی زیندووی ئەو لایەنەیە. رەهەندی هەرە دیار و مەزنی ئەو رووداوە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی بەهێز بوونەوە دادەڕوا، لە بەرامبەردا ئەوانەی لە بەرەی دژایەتی کردنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دابوون، هێدی هێدی لەبەر یەک هەڵدەوەشێنەوە و ئاڵای دۆستایەتی لەبەرامبەر کوردستان هەڵدەکەن.
بەختیار نامیق و سەرکەوتی جیهاز . ئەگەر قۆناغەکانی ململانێ و شەڕەکانی جیهان بە چەند قۆناغێک پۆلێن بکەین ، ئەوا دوای هەردو شەڕی جیهانی و شەڕەکانی تر و شەڕی سارد جیهان کەوتوەتە بەردەم کۆمەڵێ شەڕی ترەوە کە دەکاتە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای سەربازی شەڕی ناو‌کی و بایۆلۆجی کە دەتوانین بڵێین ململانێکان و شەڕە وردەکان و نمایشە سەربازییەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە جیهان لەبەردەم سێ هۆکاری شەڕی زۆر پێشکەتو وێرانکەردان ، ئەوانیش شەڕی بایۆلۆجی و سایبەر و درۆنەکانە ، لە پەنای ئەمانەدا بونی چەکی ئەتۆمی کە بە پلەی سەرەکی دێت یەکێکە لەو ململانێیانەی کە وڵاتان هەوڵی بەدەست هێنانی دەدەن وفۆکسی سەرەکی لەسەر دەست گەشتنە بە چەکی ناوەکی ، ئەگەرچی ئەم چەکە تا ئاستێک ڕێککەوتنێکی جیهانی لەسەرە نەهێڵن هەندێ وڵات جگە لە بواری پزیشکی دەستیان بگات بە چەکی ئەتۆمی بەڵام لە پەنای ئەمەدا دەست گەشتن بە هۆکارەکانی شەڕی بایۆلۆجی و سایبەر و درۆنەکان تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی جیهانی لەسەر نیە کە بتوانرێ وەک ڕێنماییەکان و بەرگرتنەکانی چەکی ناوەکی ڕێ لەم چەکانە بگیرێت ، ئەمە دەکاتە ئەوەی لەبەردەم گۆڕانکاری و پێشکەوتنی درۆنەکان و شەڕی سایبەر و ئەگەری زیاتری شەڕی بایۆلۆجی جیهان بە دۆخێکی ترسناکدا تێدەپەڕێ ، کە دەکرێت هەمو وڵاتانی دنیا لەسەر مێزی گفتوگۆ و ترسی هاوبەش کۆبکاتەوە. لێرەوە دەتوانین یەک بە یەک قسەی سەرەتایی لەسەر بکەین : شەڕی بایۆلۆجی : ئەگەر چی ئەم جۆرە شەڕە ماڵوێرانکەر دەبێت بۆ ئەو وڵاتەی کە هەڵدەسێت پێ ی خۆشی دەگرێتەوە ، بەڵام جیهان لەبەردەم هەڵکشانی ململانێ و بەرکەوتنی بەرژەوەندیەکاندا بەدەر نیە لەم ترسە ، یەکەم شەڕی بایۆلۆجی مەغۆلەکان پێ ی هەڵسان کاتێک سەربازەکانیان توشی تاعون بون لاشەکانیان فڕێ دایە ناو شاری دوژمنەکانیان و لەوێوە بە هۆی مشکی سەر لاشەکان تاعون بڵاو بویەوە و هەمو جیهانی گرتەوە و ناسرا بە تاعونی ڕەش ، لە ئێستادا جیهان بە ترسەوە چاودێری شەڕی بایۆلۆجی دەکات بە تایبەت ململانێ ی نێوان چین و ئەمریکا لە دوای بڵاو بونەوەی سارس و کۆرۆنا ، ئەگەر چی چین و ئەمریکا یەکتر تاوانبار دەکەن بەڵام هێشتا جیهان دوای کۆرۆنا بەدەر نیە لە هەڕەشەی جۆرەکانی تری شەڕی بایۆلۆجی بەتایبەت ئەگەر گروپە ئیرهابیەکان دەستیان بگاتە ڤایرۆسەکان و بڵاوبونەوەیان ، وەک ئەوەی ئەیمیەن زەواهیری لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێ چەند ملێون دۆلارێکت پێ بێت دەتوانی لە بازاڕی ڕەشی ئاسیا ڤایرۆسی بایۆلۆجیت دەست بکەوێ ، ئەم بازاڕی ڕەشانە کە بە جۆرێک زل هێزەکانی بە قاچاخ تێدایە ئەگەری هەڕەشەی گەورەن لە داهاتوی جیهان ، ئالێرەوە ململانێکانی چین و ئەمریکا و ئەگەری شەڕی بایۆلۆجی ئامادەیە کە لە کۆڤید ١٩ دەدا یەکتریان تاوانبار دەکرد ئەگەری ئەوەی هەیە جارێکی تر جیهان توشی نەخۆشیەکی تری وەک تاعونی ڕەش بکاتەوە ، بۆیە بونی سیستەمێکی تەندروست لەهەر وڵاتێک‌دا بونی بەرگریە بەرامبەر بە ئەگەری شەڕی بایۆلۆجی و بڵاوبونەوەی ڤایرۆس. شەڕی سایبەر : شەڕی سایبەر کە بەشەڕی نێوان کۆمپیتەرەکان ناسراوە یەکێکە لەو شەڕانی کە لە ئێستادا بوە بە ئەولەویەتی ململانێی نێوان ئەمریکا و چین و ڕوسیا ، ئەم هاککەرانە لە ڕێی ئەنتەرنێت و کۆدەکانەوە هێرش دەکەنە سەر یەکتر و کۆنتڕۆڵی بەرامبەریان دەکەن بە شێوەیەک دەتوانن سیستەمی بانکی و تەکنەلۆجیا پێشکەوتوەکانی وڵاتانی بەرامبەر بوەستێنن یان کۆنتڕۆڵی بکەن ، لە ئێستادا شەڕی سایبەر لە ئەولەویەتی شەڕی ئەمریکایە بەرامبەر نەیارەکانی وەک چین و ڕوسیا و ئێران ، تا ئەو ئاستەی سوپای سایبەریان دامەزراندوە کە کار لەسەر درۆنەکان و کۆدەکان دەکات ، ئەمریکا لە زاری بایدنەوە ڕوبەڕوبونەوەی شەڕی سایبەری ڕاگەیاند ، ئەوەی پێشتر بە جەنگی ئەستێرەکان ناوزەند دەکرا تا ئاستێک سەرەتاکانی دەرکەوتوە ئەویش لەبەر ئەوەی سایبەرپێویستی بە تێچوی زۆر نیە تەنها شەڕی نێوان کۆمپیترەکانە لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە ئەوەی پێویستی پێیەتی تەنها عەقڵە و ئەزمون و دۆزینەوەی دەروازەکانی کۆدی بەرامبەرە ، چی تر ئەم شەڕە لە شەڕی وشکانی و دەریایی و ئاسمانیەوە دەگواسترێتەوە بۆ شەڕی ئاسمانە بەرزاکان بە شەر نەوەی پێنجەم دادەنرێت ، سایبەر زۆربەی بوارەکانی شەڕ و ململانێ دەگرێتەوە لە ئێستادا تورکیا و ئێران دو دەوڵەتن خاوەنی سوپای سایبەرن و پەرەی پێ دەدەن ، خۆ ئەگەر کوردیش کاری لەسەر بکات ئەوا دەتوانێ لە داهاتودا بچێتە ناو شەڕی سایبەرەوە بەتایبەت لە ئێستادا عێراق خەریکی بونیاد نانی سوپای سایبەرە . شەڕی درۆنەکان : وردە وردە لە بونی سوپایەک کە قەبارەی گەورەی کلاسیکی هەبێت دەگۆڕدرێت بۆ سوپای پشکەوتوی تەکنەلۆجیای سەربازی لەگەڵ بونی شەڕی سایبەر و شەڕی درۆنەکان ، بوەتە سەرەکی ترین تەکنەلۆجیا و وڵاتە زل هێزەکان زۆر بەخێرایی کار بۆ دروستکردنی درۆن لە بچوکترینەوە بۆ گەورەترین دەکەن ، شەڕی ئێستا و ئەم بیست ساڵەی پێشتریش ناسرا بو بە شەڕی درۆنەکان کە ئەمریکا لە شەڕی ئەفغاستاندا بەکاری هێنا و دواترینیان تورکیایە لە لیبیا و قەرەباخ بەکاری هێنا ، لێرەوە شەڕی درۆنەکان ئێستا بوە بە سەرەکی ترین هەواڵی هێڕش و ململانێکان ، لە ڕوی بەرهەمهێنانی درۆنەکانەوە وڵاتە گەورەکان لە هوڵی فرۆشتنی ئەم درۆنانە بە هەمو جۆرەکانیەوە بە وڵاتاکانی تری دنیا ، کە بوە بە سەرباسی میدیا جیهانیەکان ، هەرێمی کوردستانیش بەردەوام لە بەردەم شەڕی درۆنەکاندایە و دەبێت هەرێم ببێتە خاوەن درۆن و سیستەمی بەرگری تەکنەلۆجیای پێشکەوتو بۆ بەرپەرچدانەوەی درۆنەکان ، بەڵام تا ئێستا نەک ناتوانێ ببێتە خاوەن درۆنەکان بەڵکو وەک پاشکۆی وڵاتانی ناوچەش لە هیچ هێرشێکی درۆن ناپارێزرێ و بگرە بوە بە شوێنی بەریەککەوتنی درۆنەکانی وڵاتانی دژ بە یەک لەم ناوچانەدا ، ئەگەری ترسی زیاتری هەیە بە تایبەت کە درۆن بکەوێتە دەستی گروپە ئیرهابیەکانەوە . کۆتایی: جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەمو شوێنێکی ئەم دنیایە لەئەگەری بونی هەر یەک لە شەڕەکانی بایۆلۆجی و سایبەر و درۆنەکان بەدەر نابێت ، جا کەوتوەتە سەر دامەزراوەیی و بونی سوپایەکی تەکنەلۆجی و تەندروستیەکی بەهێزی خۆپارێزی بۆ مانەوە و بەردەوامی دانی خۆی لەبەرامبەر ئەم شەڕانەدا ، بە گشتی جیهان لەبەردەم جۆرێکی ترە لە پێشکەوتن و جۆری شەڕی ماڵویرانکەر کە ڕەسمی بیرۆکەی دەوڵەت و کۆمەڵگاش دەگۆڕێ.
عەبدولڕەحمان ڕاشد وەرگێڕان: گ.ق ساڵانێكە بە چەندین جۆر وشێوازی باس لە گرتن، مردن و هەڵاتنی سەیفولئیسلام كوڕی موعەمەر قەزافی دەكرێت، یاخود دۆزینەوەی بە زیندوویی لە گرتووخانەیەكی شۆڕشگێڕاندا، وە یان خۆشاردنەوەی لە باشوری فەرەنسا. بەڵام لێدوانە. ڕۆژنامەنوسیەكەی دوێنێی، دوبارە ئەوی هێنایەوە ڕوكاری پێشەوە، دیدگای خۆی بۆ جیهان پێشكەش كرد، بۆ یەكەمین جار لەساتی دەستگیركردنیەوە لەپاش شۆڕشی لیبیا. ئەو ئازادە و لە لیبیایە، وبەووتەی خۆی ئەو پاسەوانانەی كە چاودێری بوون لە زینداندا، ئێستا یاوەرو هاوڕێی ئەون ”پاش ڕزگار بوونیان لە وەهمی شۆڕش”. لە لیبیای پارچە پارچە كراودا، ئەگەر قەزافی باوك لە گۆڕەكەیەوە بگەڕێتەوە لەوانەیە جڵەوی دەسەڵات بگرێتەوە دەست، لەپاش دەیەیەكی خوێناوی لە حوكم كردنی ووڵات لەلایەن میلیشیا و بەكرێگیراوەكانەوە. لەوانەیە بەشێكی زۆری گەلی لیبی بەم ڕایە ڕازی نەبن، بەڵام تەنانەت ئەوانیش هیچ بەدیلێك شك نابەن بۆ ئەو بارودۆخە خراپەی كە كۆتاییەكەی نابینین. ئایا سەیف دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی كاری سیاسی، ودەسەڵاتەكەی باوكی وەردەگرێتەوە؟ دەتوانێت؟ بەڵام لەبەردەم ئەم خەونەیدا ڕێگەیەكی دیكەی پڕ ئازار و بە خوێن ڕەنگكراو هەیە، كە دەرهاویشتەی كەڵەكەبوونی ململانێ ناوخۆیی وناوچەیی وخێڵەكی وكەسیەكانی لیبیایە. لەگەڵ كۆمەڵێك ئاڵەنگاری دەرەكی لە ژمارەیەك دەوڵەتی عەرەبیەوە كە خاوەن نفوزن وئاستێك لە كاریگەرییان هەیە، وە یان هەندێك دەوڵەتانی دیكەی وەك وتوركیا وئیتالیا وفەرەنسا وئەمریكا، ئایا ئەمە وەك گەڕانەوەی ناپلیۆنە لە تاراوگە بەسوود وەرگرتنی لە توڕەیی وپشێوی، یان تەنها خەونی دوورخراوەكانە لە ئەشكەوتەكانیانەوە كە پشێویەكە زیاتر دەكات؟ كارەساتی لیبیا هاوشێوەی كارەساتی سوریا، گەشتۆتە كۆتاییەكەی بەڵام بەبێ سوارچاكێكی ڕاستەقینەی براوە. ئاستەمە چاكردنەوەی ئەو دەسەڵاتە شكاوە وەكو خۆی، كە پێویستی بە ئاستێكی بەرزی هۆشیاری ودانشمەندی وئاشتبوونەوە وسازش كردن هەیە. سەیف دەڵێت ئەو كتێبە سەوزەكە دەگێڕێتەوە، وئەمەش تەنها بەڵێنێكی سەرنج ڕاكێشی هەڵبژاردن. نیە. سەیف وەك قەزافی نیە هەرچەندە كوڕیشیەتی. هەموو دەمانزانی كە ئەم كوڕەهەوڵی گۆڕانكاری جەماوەری دا بە كرانەوە وسوود وەرگرتن. لە شۆڕش لە ناوخۆدا، وكۆتایی هێنان بە سەركێشیە دەرەكیەكانی باوكی، بەڵام سەیف لە كورسی دەسەڵاتدا نەبوو هەتا لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت. زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت ئاماژە بەو بارودۆخە كارەساتباراویە بكرێت كە دوچاری لیبیا ولیبیەكان بووەتەوە لەپاش هەرەسهێنانی ڕژێمەكەی قەزافی و‌ئێستا دەوترێت كە بژاردەی نمونەیی بریتیە لە گێرانەوەی بارودۆخەكان بۆ ئاستی پێشووی خۆی پێش بەرواری مانگی شوباتی ساڵی 2011. جیهانی قەزافی باوك دۆخێكی تەجریدی بەدەر لەو واقیعەی كە زۆرینەی خەڵك دەخوازێت تێیدا بژی، لە بەرانبەردا هەر سەرۆك وپێشەوایەك ئاستی بەڵێنی دەستەبەركردنی ئاسایش وئارامی وسەقامگیری و ژیانی شكۆمەندانە بەرز بكاتەوە بەبێ گومان پشتیوانی لێدەكرێت لەدوای دەیەیەك لە پشێوی وحوكمی دەستە وتاقمە بەشەڕهاتووەكان ودەستوەردانی بێگانە. كێشەی بێ چارەسەری لیبیا دوای تێپەڕ بوونی دە ساڵ لە شۆشی شكستخواردوو، ئێستا چیتر جۆرێك نیە لە ڕەتكردنەوەی سیستمێكی حوكمڕانی؛ بەڵكو ئەوە دژی داڕمانی تەواوەتی ودابەشكردنی ووڵاتە لە ئەنجامی بەشەڕهاتنی سەركردایەتیەكان، لە لیبیادا چیتر دەوڵەتێك نەماوە، بەڵكو چەند دەوڵەتۆكەیەك هەن كە میلیشیاكان حوكمڕانیان دەكەن. لەم. دۆخەی ئێستای لیبیادا سەیفی قەزافی دەتوانێت ململانێ بكات وبگاتەوە كورسی دەسەڵات وحوكمڕانی، كە ئەمە لە پێشتردا گریمانەیەكی مەحاڵ بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەمە یەكێكە لە گرەوە بەردەستەكان، بۆ بەدیهاتنیشی ئایا گەلی لیبی پێی ڕازی دەبێت؟ وئایا دەوڵەتە زلهێزەكان. ڕێگە بەمە. دەدەن؟ ئاڵنگاریە هەرە قورسەكەش ئەوەیە ئایا سەیف لە توانایدایە سەربكەوێت لە كاتێكدا لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا سەرجەم هێزە لۆكاڵیەكان شكستیان هێنا لە یەكخستنەوەی ووڵات وحوكمڕانیكردنی لە پایتەختەوە؟ بۆ گەیشتن بەم دەستكەوتەش بە تەنها لێدوان بۆ ”نیویۆرك تایمز” بەس نیە. * الشرق الاوسط
یادگار مەحمود مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیا، دوور لە مرۆڤ و لە دەرەوەی کۆمەڵگا بژی و هەموو پێداویستیەکانی خۆی دابین بکات، لەبەرئەوە لە پێناو مانەوەی خۆیدا لە یەک شوێندا و لە گروپدا دەژی،ئەو گروپەش پێیدەوترێت کۆمەڵگا، واتە بە کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ . بە پێی وێناکردنەکەی ئەفلاتۆن بۆ کۆمەڵگایەکی سادە کە پێیوایە کۆمەڵگا لە دابەشبوونی کارەوە دروست دەبێت ومرۆڤەکان پێویستیان بە یەکتر و توانا و شارەزایی یەکدییە، ئەمڕۆ کە کۆمەڵگاکان چیدی سادە نین، ئەوا ئەو پێویسستیە بە یەکدی زۆرڕوونتر بەدەر دەکەوێت. لە کۆمەڵگایەکی لەمەڕ ئەمەی خۆماندا و بەگشتی لە هەموو کۆمەڵگایەک گەنج یەکێکە لە هەرە پێداویستیەکانی کۆمەڵگا، چونکە گەنجە مانەوەی نەتەوەکان مسۆگەر دەکات و کلتور و زمان دەگوێزێتەوە بۆ نەوەی دوای خۆی. ئەم پێداویستیە بە گەنج بۆ ئێمەی کورد یەکجار گرنگە، مێژوومان پڕە لە کارەساتی بە کۆمەڵککوشتنمان بە مەبەستی نەهێشتنمان وەک نەتەوە، هەربۆیە لەو پێناوەدا کۆچی گەنجان دەبێت ببێت بە جێی سەرنج و گرنگیپێدان لە لایەن دەسەڵات و کۆمەڵگاشەوە. هەرچەند کۆچ هەمیشە هەبووە و مێژوو باس لە کۆچی گەورەی مرۆڤەکان دەکات لە قۆناغە جیاجیاکاندا. لە مێژووی نزیکدا بە نمونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆچبەر دروستی کرد. لەم سەردەمەشدا کۆچ هەرهەیە بە هۆکاری جیاواز، بەڵام ئامانج و مەبەستی کۆچ بە گشتی هەرهەمان ئامانجی کۆنە کە ئەویش مسۆگەرکردنی ژیانێکی باشترە لە ڕووی ئابورییەوە. نەبوونی دیموکراسی، ڕژێمی داپڵۆسینەر و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیش هۆکاری ترن بۆ کۆچکردنی مرۆڤەکان و بەجێهێشتنی زێدی بابوباپیرانیان. کۆچی گەنجی کورد مەترسیە و دەبێت لە دەرەوەی کۆچی میللەتانی تر، فرەڕەهەندی لێیبڕوانین و بەدوای چارەسەری بنەڕەتیشدا بگەڕێین. بۆ گەیشتن بە بنبڕکردنی کۆچی گەنجەکانمان یان هیچ نەبێت کەمکردنەوەی بەشیوەیەکی بەرچاو گرنگە بزانین هۆکاری کۆچی گەنجی کورد چی یە . لە میدیا و سۆسیال میدیادا وا بڵاوە کە کۆچی بەلێشاوی گەنجان دەستی پێکردۆتەوە و چەند داتایەک دەخەنە ڕوو، هەرچەند سەرچاوەی ئەو داتایانەی کە ئاماژەی پێدراوە نەزانراوە،بەڵام داتا‌کان جێی هەڵوێستەکردنە. لە سۆسیال میدیادا ئەم بابەتەش کراوە بە بابەتی ململانێی حزبی و کەرەستەی دژایەتیکردنی دەسەڵات، چونکە تەنها ئاماژە بە دەسەڵات دەدەن وەک هۆکار بۆ کۆچی گەنجان. بەڵێ ڕێگەگرتن لە کۆچی گەنجان ئەرکی دەسەڵاتە کە دەبێت بە ئاستێک بڕوانێتە ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵا و ئاسایشی نەتەوەییدا، لە هەمان کاتدا گەنجیش دەبێت درک بە بەرپرسیارێتی خۆی بکات و لەو ئاستەدا بیر بکاتەوە، گەر دەسەڵات بە باوکیش پێناسە بکات ئەوا ئەرک و بەرپرسیارێتیەکە دەبێت دوولایەنە بێت، نەک وەک کەسێکی بێ توانا، بێ ئیرادە لە چاوەڕوانی باوک‌دا بێت، چونکە هەندێکجاریش تواناکانی باوک سنوردارە. گەنج بەپێی ئەو وزەیەی کە هەیەتی چاوەروان دەکرێت خولقێنەر، داهێنەر بێت، نوێگەری و دروستکەری ستایڵی ژیانی نوێ و کلتوری نوێ بێت، جیاواز، باشتر، پێشکەوتووترلە ستایڵی ژیانی باب و باپیرانی، لەبەر ئەم هۆیەیە دەڵێن " خوێنی نوێ" و بۆ بردنی " هونەر، ئەدەب، وەرزش، زانست، ژیان" بۆ ئاستێک باڵاتر. هەژاری و نەبوونی هەلی کار، گەندەڵی وەک هۆکار ناودەبرێن بۆ کۆچی گەنجان. هەژاری هیچ وڵاتێک بەراورد ناکرێت بە هەژاری وڵاتێکی دی، واتە هەژاری ڕێژەییە، هەژاری گەنجێکی کورد بۆ نمونە توانای هاوسەرگیری و پێدانی کرێخانووی نی یە، یان ناتوانێت ببێتە خاوەنی خانووی خۆی، خەرجی نەخۆشخانەش کێشەیەکە کە کێشەی هەموو کۆمەڵگایە، بەڵام گەنجێکی ئەوروپی ئەو کێشەیەی نی یە، کەواتە پێویستە دەسەڵات بەرەنگاری ئەو جۆرە هەژەارییە بێتەوە کە گەنجی کورد دووچاری بۆتەوە. بوونی گەندەڵی وەک هۆکار بۆ کۆچی گەنجان، هۆکارێکە کە دەبێت زۆر جدی و بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە کاریگەرییەکانی گەندەڵی مەترسیدارن و بووە بە هۆکاری کۆچی گەنجانیش. گەندەڵی بەگشتی و بەتایبەتی گەنجان بێ ئومێد دەکات لە بوون و دروستکردنی دواڕۆژێکی گەش بۆ خۆی، نا‌ئومێد بوونی گەنجە لە دەرفەتی یەکسان بۆ بەگەڕخستنی تواناکان و هێنانەدی خەونەکانی. هۆکاری گەندەڵی و جۆری گەندەڵیش زۆرن... ڕۆڵی نەرێنی میدیا و سۆسیال میدیاش نابێت نادیدە بگرین کە باری دەرونی گەنج دەشێوێنێت و وەک هاندەر و پاڵنەرێکیش رۆڵ دەبینێت. هۆکارێکی تر بۆ کۆچی گەنجان لە ناو هاناوی خودی کۆمەڵگادایە کە کلتور و فەرهەنگکەکەیەتی. بە پێی سۆفیستەکان، وەک " ئەنتیفۆن" سەرچاوەی دووەمی مرۆڤ ئەوەیە کە مرۆڤ بوونێکی کلتورییە و توانای مرۆڤ و ئەنجامی بیرکردنەوەی ئەوە کە یاسا و ئایین و نۆڕمەکان دادەنێت لە پێناو بەرژەوەندی ژیانی خۆیدا، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بێجگە لە ململانێی زلهێزەکان و بەرژەوەندییەکانیان لەم ناوچەیەدا کە بووە بەسەرچاوەی نائارامی ئەم کۆمەڵگایانە و هۆکارێکی ترە گەر هۆکاری سەرەکی نەبێت بۆ کۆچی گەنجان، چونکە بەگشتی خەڵک چاوەڕوانی شەڕ و پێکدادانی توند و خوێناوی دەکەن بە بەردەوام، هەروەها ئاین و مەزهەبیش بوون بە سەرچاوە و هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ و پێکدادان. دەستگرتن بە نەریتە کۆنە هەڵەکانەوە لە ژیر پاساوی ڕەسەنایەتی، نەبوونی مەیل بۆ دیموکراسی و بەهاکانی کە زیاتر وەک دژەدین و دژەنەریتی خۆیان لێیدەڕوانن دەرئەنجام کۆمەڵگایەکی داخراوی بەرهەمهێناوە و ژینگەیەکی خولقاندووە کە مرۆڤەکان لەم کۆمەڵگایانەدا خۆشبەخت نین، تاک لەم کۆمەڵگایانەدا وەک تاک بوونی نی یە ، ئازاد نی یە تەنانەت لە پۆشینی جل وبەرگیشدا. هەندێک لەنەریت و پارادایمەکانمان هۆکارن کە هەندێک " ئیش" دەبێتە جێی شەرمەزاری بە ڕادەیەک کە ئاستەنگ بۆ هاوسەرگیری دروست دەکات. یاسا و ڕێسای هاوسەرگیری لە ڕووی ئابورییەوە سەختە و دیسان دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم هەندێک گەنجدا. بوونی چاودێری لەلایەن کۆمەڵگاوە بەشێوەیەکی خنکێنەر هۆکارگەلێکی ترن کەپاڵنەرن بۆ کۆچی گەنجانمان. نەریتپارێزی، چاودێری چڕی کۆمەڵگا کە تەنانەت لە رووکەشی دەرەوەی ماڵەکانیان و دیکۆری نێوماڵەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە مرۆڤ لە کۆمەڵگایەکی لەو جۆرەدا تێیدا خۆشبەخت نی یە و وەک زیندان لێیهەڵدێت. تاک لە کۆمەڵگای هیواخواز، داخراو، تاکێکی تێکشکاو و لاواز لە ئیرادەدا دروست دەبێت، زوو نا‌ئومێد و یاخی دەبێت، بڕوای بە حوکمی یاسا و توانای خۆشی نابێت، هەمیشە لە دەرەوەی خۆی دەگەڕێت بەدوای چارەسەر و مسۆگەرکردنی داخوازییەکانی بە بەروارد بەو کۆمەڵگایانەی کە لە سەردەم و واقعدا دەژین و بڕوایان بە توانا و کارکردنی بێ وچان هەیە و بەرهەمهێنەرن. یاسایەکی سروشتی و نەنوسراوە کە پێشکەووتن و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤیش لە کۆمەڵگای کراوەدا مسۆگەر دەبێت و گەنجی ئازاد و دیموکراتخواز دروستکەری ئەو کۆمەڵگا پێشکەوتووە خۆشگوزەرانە بەختەوەرەیە، نەک...... بە تێگەیشتنی ئەفلاتۆن بڕوانین لە چۆنێتی کارکردنی کۆمەڵگا کە چوویاندوویەتی بە جەستەی مرۆڤ ( سەر، دڵ، ئیشتیها) ئەوا لەو تێروانینەوە تێدەگەین کە هەموو کۆمەڵگا لەگەڵ دەسەڵاتدا دەبێت هەماهەنگ بن بۆ دروستکردنی ماڵێکی پڕ بەختەوەری و شکۆدار بۆ هەمووان، چونکە دواجار دەبێت بگەین بەو دەرئەنجامە کە بێجگە لە دەسەڵات، هەروەها بارودۆخی سیاسی وڵات و ناوچەکەش، کۆمەڵگاش بەرپرسیار و هۆکارە لە کۆچی گەنجان.
عادل باخەوان لە ڕۆژانی ڕابوردودا دەیان نامەم لەسەر ڕوداوەکانی تونس بۆ هاتوەو چەندین پرسیاری گرنگیان وروژاندوەو هەر یەکێک لەو پرسیارانە پێویستیان بە چەندین وتار هەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئێمە لەسەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتین، لەم چەند خاڵانەی خوارەوەدا، بۆ چونەکانی خۆم بە زمانێکی سادەو ڕون بۆ هەموو لایەک دەنوسم. 1. سەرۆک کۆماری تونس، نوێنەرایەتی تەوژمێکی کۆمەڵایەتی پۆپلیست دەکات کە لەنێو چەندین کۆمەڵگادا سەریهەڵداوەو چەند گوزارشتە لە هەستی ناڕەزایی بەشێک لە هاوڵاتیان، هێندەش سیستمی ڕوانین و ڕەفتارەکانی مەترسین بەسەر تەواوی کۆمەڵگاکانەوە. لێرەوە جیاوازیەکی ئەوتۆ لەنێوان دۆنالد ترامپی ئەمەریکی و جايير بولسوناروی بەرازیلی و مارین لۆپێنی فەرەنسی و قەیس سەعیدی تونسیدا نیه‌و وەک یەک و لە یەک ئاستدا هەڕەشەن بەسەر کۆمەڵگاکانیانەوە. 2. نەهزە حیزبێکی تونسیەو بەدەنگی تونسیەکان گەیشتوەتە پەرلەمان و شەرعیەتی هەڵبژاردنی هەیە. ئەوەی ڕاشید غەنوشی کرد بە سەرۆکی پەرلەمان دەبابەی ئەمەریکی و دەستێوەردانی تورکی نەبوە، بەڵکو هاوپەیمانی نێو پەرلەمان و دەنگی پەرلەمانتارە تونسیەکان بوە. لێرەوە، بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار، جگە لە کودەتا بەرامبەر شەرعیەت هیچ شتێکی تر نیە. 3. لە دنیای عەرەبی دا، بزوتنەوەی نەهزە ئازاترین و پێشکەوتوترین گروپی ئاینیە کە توانیویەتی زۆرترین ڕیفۆرم لە ڕوانین و لە ڕەفتارەکانیدا بکات. ئەو ڕیفۆرمەی ڕاشید غەنوشی لەنێو دڵی گروپێکی ئیسلامی وەک نەهزەدا کردی، بەتایبەتی لەسەر پرسی ژن و مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی و جیاکردنەوەی دەزگای ئاینی لە دەزگای دەوڵەتی و هتد، هیچ کەسایەتیەکی تر لە پێگەی ئەودا زاتی ئەوەی نەبوە بیکات. لە بیرما نەچێت، پێگەی ڕاشید غەنوشی لای ئیسلامیەکانی جیهان، هەمان پێگەی کارل مارکسە لای کۆمۆنیستەکان. 4. وەک چۆن مورسی لە میسر هەڵەی کرد کاتێک ماریشال سیسی کرد بە وەزیری بەرگری و دواتر کودەتای بەسەردا کرد، وەک چۆن غەنوشی هەڵەی کرد کە داوای لە تونسیەکان کرد دەنگ بە قەیس سەعید بدەن لە خولی دوهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و گەر دەنگی نەهزە نەبوایە هەرگیز قەیس نەدەبوو بەسەرۆک کۆمار، ئاواش و لەهەمان ئاستدا عەلمانیەکانی تونس و دنیای عەرەبی هەڵەدەکەن کە لەدژی نەهزە، کە بە ڕێکارە دێمۆکراسیەکان گەشتوەتە پەرلەمان، پشتیوانی لە کۆدەتا دەکەن. بەدڵنیایەوە چۆن ئێستا نەهزە باجی بڕیارە هەڵەکەی دەدات کە پشتیوانی لە قەیس کرد، عەلمانیەکانیش لە داهاتویەکی نزیکدا باجی توندی پشتیوانی لەم کودەتایە دەدەن و باشترین بەڵگەش میسری ماریشاڵە! 5. ڕەنگە تۆ بەهیچ شێوەیەک ڕوانین، ڕەفتار، چۆنیەتی بوون، چۆنیەتی ژیان و چۆنیەتی دەرکەوتنی نەهزەت پێقبوڵنەبێت، بەڵام لە کۆتایدا تۆ تەنها دوو ڕێگات لەبەردەستدایە، یان ڕێگای شەرعیەت یان ڕێگای داپڵۆسین و دورخستنەوە و دروستکردنی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ترسناک بەلای کەمەوە بۆ بەشێکی گرنگ لە کۆمەڵگا. لەبیرمان نەچێت، کۆمەڵگا بەتەنها ڕوبەری ژیانی عەلمانیەکان و عەسکەرەکان و لیبراڵەکان نیە، بەڵکو لەهەمانکاتیشدا ڕوبەری ژیانی موحافیزکارەکان و ناعەلمانیەکان و نالیبراڵەکانە، تا ئەوکاتەی کە هەموویان پێکەوە ڕێز لە بنەماکانی یاری پێکەوە ژیان دەگرن. 6. ئەوەی لە ئێستا و ئێرەدا بووە بە هەڕەشە بەسەر ئەم بنەمایانەوە سەرۆک کۆمارە نەک سەرۆکی پەرلەمان، قەیس سەعیدە نەک ڕاشید غەنوشی و هەر پشتیوانیەک لە یەکەم دژی دوهەم، پشتیوانیە لە کودەتا و داپڵۆسین دژی دیمۆکراسی و شەرعیەت، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنە بکرێت و کۆمەڵگا لە دەرەنجامە ترسناکەکانی ئاگاداربکرێتەوە.