لهتیف فاتیح فهرهج سهرهتا : ناوچه دابڕێنراوهكان له بهردهم ههڵبژاردنێكی دیكهدان ، ههڵبژاردنی ئهمجاره لهو ناوچانه له ڕووی دهستوریشهوه جۆرێك له لاسهنگی تێدایه ، لانی كهم لهو روانگهیهوه كه ئهو ناوچانه له چوارچێوهی مادهی 140دا تا ئهو كاتهی یهكلادهبنهوه نابێت هیچ لایهك نهحكومهتی عیراقی نه حكومهتی ههرێم تێیدا تاك لایهنه حوكم بكهن ، ئێستا كه رێگری له پێشمهرگه دهكرێت بۆ چوونهوه بۆ كهركوك ئهوه پێشێلكاری دهستوریه ، بهڵام له بهر ئهوهی لایهنی كوردی یان ئهم دۆخهی پێقهبوڵه ، یان بوێری وتنی نیه چاو لهو پرسه دهپۆشێت ، خۆ گهر لایهكیش بۆ بانگهشهی ههڵبژاردن و سواڵی دهنگ قسهیه بكات " قسهی ڕووتهو هیچی تر " له دوای ریفۆاندۆمه شكستخواردوهكهی باشوری كوردستانهوه كوردناوچهیهكی زۆری له دهشتی نهینهواو كهركوك و گهرمهسێر له دهستداوه ، له بری بیركردنهوه له گێڕانهوهی ئهو ناوچانه ، یان لانی كهم گێڕانهوهی زهرهر له نیوهی یهكێتی و پارتی كهوتنه تانه دان له یهكتر و تهخوینی یهكتر ، ئێستا دهنگی كورد لهو ناوچانه به رادهیهكی زۆر پاشهكشهی كردوه، ئهوه جگه له نائومێدیهكی زۆری دهنگدهری كورد . ههڵبژاردن له كهركوك : كهركوك وهك جاری پێشوو 12 بهربژێری بهركهوتوه ، گهرچی به بهراورد به دهۆك یان پارێزگایهكی دیكهی باشوری عیراق ئهو 12 نوێنهره كهمن ، بهڵام ئهوه چهند جارێكه جگه له نوێنهری كۆتای كلدۆئاشور كهركوك 12 نوێنهری دهبێت ، بۆ ئهو 12 كهسهش كهركوك كراوهته سێ بازنهی ههڵبژاردنهوه بهم جۆرهی خوارهوه : بازنهی یهك : باكوری كهركوك و زۆربهی گهڕهكه كورد نشینهكان، دوبز ، ئاڵتون كۆپری ، لهیلان ، ئهم بازنهیه پێنج نوێنهری دهبێت بازنهی دوو: ناوهندی كهركوك سهنتهر ، داقوق ، تازه ، و به شێك له رهشاد ، ئهم بازنهیهش چوار نوێنهری دهبێت . بازنهی سێ : حهویجه ، ریاز ، عهباسیه ، تازهو بهشێك له رهشاد ، ئهم بازنهیه سێ نوێنهری دهبێت . بۆ ئهم سێ بازنهیهی ههڵبژاردن 139 بهربژێر ههیه 106 رهگهزی نێرو 33 رهگهزی مێ ، ههڵبهت ئهمه به سهربهخۆو حزبی و هاوپهیمانهتیهوه . به گوێرهی ئهم دابهسكردنه ههر له سهرهتاوه بازنهی سێ كه سێ كورسی بهركهوتوه ، ههرسێكی بۆ عهرهبه ، بهمهش عهرهب بێ خۆ ماندوكردن سێ كورسیان مسۆگهره ، ئهگهر كهمترین كهسیش بهشداری دهنگدان بكهن ، له بازنهی دوو ململانێكه قورستر دهبێت و بهشداری نهكردن یان بایكۆت دۆخهكه دهگۆڕێت، بازنهی دوو تێكهڵهله عهرهب كورد توركمان ، توركمان لهم بازنهیه زۆرینهیه، لهوانی تر زیاتره ، بۆیه ئهگهر بردنی دوو كورسی ههیه ، ئهمێنێتهوه دوو كورسی تر كه رهنگه ئهم دوو كورسیهش بۆ عهرهب و كورد بن ، ئهگهر دهنگهكانیان پرش و بڵاو نهبێتهوه . له بازنهی یهك كورد چاوی له پێنج كورسیهكهیه ، ئهگهر پێنجیشی بهرێت و له بازنهی دوویش كورسیهك بهرێت ئهوه وهك دهڵێن به مایهی خۆی ههستاوهتهوه . كورد نائومێدو توڕهن : راسته هێشتا لهو ناوچانه سۆزی نهتهوهیی و ئهندێشهی نهتهوهیی و ململانێی نهتهوهیی و مهزههبی كاریگهری خۆی ههیه ، بهڵام كوردی ناوچه دابڕێنراوهكان به گشتی و شهنگال و كهركوك به تایبهتی نائومێدو توڕهترن له دهسهڵاتی كوردی و لایهنه كوردیهكان" به تایبهت پارتی و یهكێتی " ، ئهوهش لهبهر ئهو پشتتێكردن و به جێهێشتنهی كه له 2014له شهنگال و له 2017 لهكهركوك ڕویدا ، ههر وهها یهكێتی گرفتێكی تری ئهو دۆخه ناوخۆیهیهتی كه له دوای 8 تهموزهوه هاتوهته پێش و زۆرێك خهڵكی له چون بۆ دهنگدان سارد كردوهتهوه، بیرمان نهچێت یهكێتی و پارتی له 2003 تا 2017 ئهوهندهی له خهمی پشك و بهش و قۆرخ كردنی زهوی و نهوتا بوون ، ئهوهنده له خهمی ئهوهدا نهبوون چارهسهری كێشهكانی كهركوك بكهن ، ئهمه ناوچه دابڕێنراوهكانی دیكهش ههروایه . دهربارهی ئهنجامهكان و قسههی تر : من لێرهدا باسی ئهگهری دهرچوونی هیچ خۆ پاڵێوێك و شانسی كهس ناكهم ، قسهم له سهر بردنهوهو دۆڕان نیه ، قسهم له سهر ئهوهیه ئایه خهڵك بڕوای به كاری پارلهمانی و نوێنهرایتی كردن ماوه ، یان له بنهڕهتا ئهم شێوازه له چهند ساڵی رابردودا چی له دۆخی خهڵك گۆڕیوه ، واز له دۆخی نوێنهرهكان بێنه، باشه ئهی چی بكرێت ، ئهمه ئهو پرسیارهیه كه له ئێستادا كهمتر وهڵامهكهی پێویستهو ، دهبێت وهڵامهكهی ههڵبگرین بۆ ئهو كاتهی 12 نوێنهرهكهی كهركوك و نوێنهری دیكهی ناوچه دابڕێنراوهكان دهردهچن ، تا بزانین ئاخۆ ئهوان دهتوانن چۆن كێشهكانی ئهم ناوچانه چارهسهر بكهن ، گهرچی ئهمه بۆپێش ههڵبژاردنیش گرنگه ، بهڵام رهنگه له ئێستادا بهشێكی زۆری بچێته خانهی موزایهدهوه .
ئاسۆ عەبدوللەتیف * ئەوەت لە بیربێ ئەها ئەم رۆژانە چەند زەلیلی لە بەردەم دەنگدەرانی هەژار و نەدار تا بە پەیژەکەیاندا سەرکەویتە سەری سەرەوەی هەڕەمەکە. * ئەها، چۆن وەك دارتوو دەیانتەكێنیت و بەرچنەی لێ پڕدەكەیت بۆ مووچە و ئیمتیازەکەت، دەی ئاواش بیری کەرامەت و شکۆی خۆت و نەتەوە و دەنگدەرەکانت بکەرەوە لەو بەغای عروبە و حەشد و مەزهەبگەرایە. * ئەها چۆن قەڕەوڵی تفەنگت میزانە و راوی دەنگەکانیان دەكەیت و تۆڕ دەخەیتە گەردن و ملیان بە دروشمی گەورە و کۆن و ستۆک و وەدینەهاتوو، دەی ئاواش خزمەتی دەنگدەرەکانت بیر نەچێ و ژمارە تەلەفۆنەکەت مەگۆڕە و دروشم و لێدوان و جنێودان بەسیەتی، ئازار و برین و برسێتی و بێمووچەیی چارە ناکات. * ئێستا خۆت بینیوە وەك سمۆرە ئەم دوكان و ئەو دوكان، ئەم کەناڵ و ئەو کەناڵ، ئەم چڵ بۆ ئەو چڵ دەكەیت بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و یەکەمجارتە جلی کوردی بپۆشی، یەکەمجارتە ماڵە هەژار ببینیت، یەکەمجارتە وێنەیان لەگەڵ بگری، یەکەمجارتە ئاڵای کوردستان هەڵکەیت، دەی بۆ یەکەم جاریش راستگۆ و بەکەرامەت بە و دژی قەوارە و هەرێمی دەنگدەرەکانت مەوەستەوە و هەوڵی بەدەستورییکردنی بدە! * ئەها خەڵك چەند سادە و خاكەڕاو خانەخوێ و جوامێرن، كاتێ دەنگت پێ دەدا شەرم دەیگرێ، دە تۆش تۆزێ جوامێربە و وەفای ئەو شەرمەت بیرنەچێ و ویژدانی خۆت و كلیلی ئەم كەرامەتەی خۆت تەسلیمی هیچ کوتلەیەکی فاشیستی دژە کورد مەكە. * كە دەچیتە بەغا شەهامەتی پیاوەتی و ژنێتی خۆت مەگۆرەوە بە هیچ خۆفرۆشییەکی ژێربەژێر و سەفقەیەک بۆ پارە و ئیمتیاز، بیری گرێبەستی لابەلاو كۆكردنەوەی پارە و كڕینی شوقە و کەین و بەین مەكەرەوە، لەسەر سنگ و دەنگت بنووسە بۆ فرۆشتن نییە، بەس کڕیاری یاسا و بڕیاری چارەنووسسازبە بۆ میللەتەکەت. * چانست هەیە ئەمجارە دەنگدەر هیچ دەرفەتێكی دیكهی لەبەردەمدا نییە تۆ نەبیت، بۆیە تۆ كەسێكی ناچارییت بۆدەنگدەر، بۆیە ناچار مەبە لەودیو حەمرینەکەتەوە سەرت بۆ هیچ غەددار و نامەردێك بچەمێنی و شۆڕكەیتەوە. * تۆ دەزانیت هەڵبژاردنی عێراق شانۆگەرییەكی كۆمیدییە بۆ سیستمێك، کە بۆنی فاشیزم و پاکتاوکردن و هۆڤییەتی لێ دێ، تۆی كورد لەناو ئەو هەموو رێویەدا شێری موزایەدەچی و دروستکراو مەبە هیچت پێ ناكرێ، خۆت بە شێر لەقەڵەم مەدە، هەر ئەوەندە رێوییەکی سرک و بەهەڵوێست بە. * دیاری وەرمەگرە لە هیچ کوتلەیەکی پەرلەمانیی دژی نەتەوەکەت تۆ سواڵكەر نیت، بچووكی هیچ عەیب و نەنگی نییە، خۆفرۆش هەمیشە بچووكە بەو بچووكییەی خۆت، بەو گرام و میلیم و سانتیمەترەی خۆتەوە، كیلۆكان هاوسەنگ و تەوازون بكە بەلای نەتەوەكەتدا، مەهێڵە هیچ كەس غەش لە هاونیشتیمانیانت بكات، ئەگەر گرامی بچووك نەبێت، كیلۆ قیمەتی نییە، ئەگەر سانتیم نەبێت بزانە مەتر ئەهمیەتی نییە. * كۆبونەوەی نهێنی لەگەڵ هیچ كەس مەكە، تۆ نوێنەری میللەتێكی بێ دەوڵەتیت، بیر لە ویژدانی خۆت بكەرەوە كە چۆن دەنگت كۆدەكردەوە بە عەمود و دار و شاخ و سەربانا سەردەکەوتی، بیر لە نەخۆشەكانی شێرپەنجەی هیوا و نانی کەلی بكەرەوە، بیر لە پێشمەرگەی برسی و كەم ئەندام بكەرەوە، بیر بكەرەوە دەوڵەمەندی ئامانج نییە کوشتنی بڕوا و ئامانجەکەتە.
رابون مەعروف یەکەم: پارتی لە ساڵی ١٩٤٦ دامەزراوە. تا لە ململانێی شەستەکان و کۆتایی حەفتاکان دەکرێت بە حیزبی بنەماڵە، زیاتر لە ٣٠ ساڵ دەخایەنێت. دوەم: یەکێتی لە ١٩٧٥ دامەزراوە. تا لە دوای ٢٠٠٠ ەوە یەکێتی بەرەو حیزبی بنەماڵە دەبرێت زیاتر لە ٢٥ ساڵ دەخایەنێت. سێھەم: گۆڕان لە ٢٠٠٩ دامەزراوە، تا لە ٢٠١٧ بزوتنەوەکە دەخرێتە دەستی بنەماڵەوە، کەمتر لە ١٠ ساڵ دەخایەنێت! چوارەم: نەوەی نوێ لە ٢٠١٨ دامەزراوە، لە فەترەی کەمتر لە تەنھا ١ ساڵ دەکرێت بە حیزبی یەك کەس و بنەماڵەکەی! پێنجەم: پرۆسەی بە بنەماڵەییکردنی پارتی سەختر بوە وەك لە بە بنەماڵەییکردنی یەکێتی! ھەروەھا بەبنەماڵەییکردنی گۆڕان و نەوەی نوێ زۆر ئاسانتر بوە وەك لە بەبنەماڵەییکردنی یەکێتی! شەشەم: لە بەبنەماڵەییکردنی پارتی، مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد و مام جەلال و ھاوڕێکانیان بەگری دەکەن. لە بەبنەماڵەییکردنی یەکێتی، کاك نەوشیروان و ھاوڕێکانی بەرگری دەکەن! لە بەبنەماڵەییکردنی گۆڕان و نەوەی نوێ، ئێمە و ھاوڕێکانمان بەرگری دەکەین! شەشەم: بەرگریکردن و بەگژاچونەوەی بەبنەماڵەییکردنی حیزبەکان، لە پارتی تا نەوەی نوێ، ھەنگاو بە ھەنگاو لاوازتر دەبێت! پرسیار: لەبەرچی ئەو بەرگریکردنە بێھێز دەبێت؟ ئایا گەنجەکانی سەدەی رابردوی کورد لە لاوانی ئێستا ئازاتر و بوێرتر بون؟ ئایا سەرھەڵدانی بەرژەوەندی و ماڵی دونیا نوخبەی سیاسی ئێستای کردوە بە کۆیلە و ملکەچ؟ پرسیارێکە و بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ توێژینەوە! سەرنج: کەسانێكی زۆر پرسیار لە دیدەگای من، سەبارەت بە حیزبە ئیسلامیەکان، دەکەن! بە کورتی: من دژی بە ئایدیۆلۆجیکردنی ئایین و بەکارھێنانی ئایینی حەنیف و پیرۆزی ئیسلامم بۆ بەرژەوەندی سیاسی! *بەرگری لە شکۆی خۆتان بکەن و کۆیلەتی رەتبکەنەوە!
د. شێركۆ عهبدوڵڵا- رۆژانه تایبهت له (درهو) دهینوسێت _ پیاوەکە زۆر بێ تاقەتم ، نازانم چی بکەم + کەلعادە ، بە تەلەفون لە گەڵ دایکتدا زەمی دایکم بکەن . ** -ماڵەکەی باوکم تەواو داڕوخاوە، نازانم چی بکەم +تاریکی کە و ناوی بنێ کافتیریا. ** -کەس تاقەتی دەنگدانی نی یە ، نازانم حەل چی یە؟ + ئەمر بکە تەلەفزیۆن بڵێ دەنگدان بۆ سێکس باشە ، بە ڕاکردن دێن . *** -پێویستمان بە مەیدانێکی ئەسپسواری یە، نازانم کوێ باشە؟ + جا ئەوە پرسیاری ئەوێ !! هەورامان. *** -لەو ئەنجومەنە هیچ ئیشمان نی یە، نازانم بە چییەوە خۆم مەشغوڵ بم ؟ +یاری بە گونت بکە. *** -کارو کاسپی نەماوە ، نازانم چی بکەم؟ + وەکو حیزبەکەی هاوپەیمانی ببن بە دوو کوتەوە. *** -ئەو ئەقڵە باشەم هەیە گوێم لێ ناگرن ، نازانم چی بکەم + ئێمە هەموو ساڵێ بامێ جوانەکە ئەکەین بە پەتەوە. *** -زلهێزەکان پشتیان تێ کردووین ، نازانم چی بکەم + محاوەلەیەک لە گەڵ قونسوڵی غەزەدا بکە . *** -عەلی قەراخی و جەماعەتی تاڵیبان کۆبوونەتەوە ، نازانم لە ئەخبارا چۆن باسی بکەم؟ + بڵێ بۆ مەسەلەی کەرکوکە. *** -دارو بەرد بووە بە ئەشیای تورکی ، نازانم چی بکەم + بیل مەم گوێزم .
عەبدولڕەزاق شەریف حەوت ساڵ بەر لە ئێستا و ئەو رۆژەی لە ناو( ی ن ک ) دا، دەستبەرداری کاری سیاسی، رێکخراوەیی بوم، وتم ( یەکێتی بەدەست یەکێتیەکانەوە نیە و وەک بەفری مانگی شوبات ئەتوێتەوە )، ئەم تەعبیرە لە کوردەواریدا بۆ فەوتی حەتمی بەڵام درەنگ و تولانی بەکاردێ . ئێستاش، یەکێتیەکان، چمکێکی حوکمداری روبەری گشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری خەڵکیان لەئەستۆیە، مێژوی خۆم و هاوڕێ شەهیدەکانم لەناویاندا، مافم ئەداتێ، تایبەت بە داروپەردوەکەی بنوسم، لە کاتێکدا، خۆیان دەستەپاچە بەدیار مەرگی رێکخراوەکەیانەوە دۆشداماون . ئەبێ بشڵێم : جگە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی، هیچ پەیوەندیەکی سیاسی و رێکخراوەییم لەگەڵ هیچ ئەندامێکی ( ینک ) نیە، ( ماڵی شێخ جەنگی )ش، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوەوە، لە رێگەی (هیوا ) کە هاوڕێی تەلەبایەتی و دواتریش خانەوادەکەیان کە هاوڕێی پێشمەرگایەتیم بون ئەناسم، دوای راپەرینیش، ئەوان ماڵباتی دەسەڵاتداری تاڵەبانی و منیش بابایەک، پشت لەوان و لە پێگە و دەسەڵاتیان دابڕاو . جەمسەرەکانی ئەمڕۆی دەسەڵات لەناو یەکێتیدا، بەموبارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی و رەزامەندی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان گەلەکۆمەیەکی پاک و پوختیان لە لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆک کردوە، ئەویش بەهەر شێوەیەک بێت، ئەوسا و ئێستا، زەمینەی بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ رەخساندون . مەسەلەکانی دەستی ژەهراوی و دەستی گەندەڵی و خراپەکاری میهەنی و نا ئەمینی و ... هتد یان بە راست یان درۆ پێوە لکاندوە، ماکینەی گەورەی ئیعلامی، تەنزیمی، عەسکەری و دبلۆماسیان بەو مەبەستە خستۆتە گەڕ، رەنگە تۆمەتبار یان تاوانباریش بێ ( بەڵام ئەمە کاری دادگا و دەعوەچی و یاسایە )، ئەویش مافی هەیە شکایەت و دەعوای لەسەر هەرکەسێک لەناو یەکێتیدا هەبێت، تۆماری بکات . ئەو بەتەنیا باڵ نەیتوانیوە و ناتوانێ شەڕی بردنەوەی ( ی ن ک ) و تەنانەت مانەوەی خۆی لە ناویاندا، بکات . بۆیە تەنیا سیناریۆی چاوەڕوانکراو لەدوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەر، دورکەوتنەوە و هەڵپەساردنی ئەندامێتیەتی لەناو یەکێتیدا، هاوشانی ئەوەش ئەتوانێ کەرەستە و داروپەردوی وێرانەکەی یەکێتی و هاوپەیمانەکەی بۆ کاری ئایندە کۆبکاتەوە، باشترین رێگەش بۆ ئەمە رێکەوتنێکی کۆنکرێتیە لەگەڵ ماڵی مام جەلال و مەکتەبی سیاسیەکەیان، کە تیایدا، ئازادی کاری سیاسی بۆ خۆی و هاوڕێکانی لە دەرەوەی یەکێتی مسۆگەر بکات، رێکەوتنێکی وەهاش لە ئێستادا و لەگەڵ گەرموگوڕی هەڵبژاردنا، ئاسانترە لە ساردوسڕی کەوتنی دوای هەڵبژاردن .
د. شێركۆ عهبدوڵڵا- رۆژانه تایبهت له (درهو) دهینوسێت * ئایفون سیانزە لەگەڵ ئایفۆن دوانزەدا هیچ فەرقیێکی نی یە. عەینەن فەرقی خەزعەلی یە لە گەڵ سەرکردە شیعەکانی تردا. *هەندێ کەس کە مرد هەقە بۆی بنووسن بەداخەوە کتوپڕ جێی هێشتین ، بۆ هەندێکی تر بنووسن خۆشبەختانە ئیزرائیل بە شەقبردی. *حوکمداری و خزمەتکردن وەکو ئەوە وایە بەدەم خەیارخواردنەوە هەڕەشەی خۆکوشتن بکەی. *ماجەلان و کورد خڕبوونی دوو شتی موهیمیان ئیسپات کرد ، یەکەمیان عەرز و دووهەمیان تەئریخ . *وەزعەکە وای کردووە هەموو سەفەرێک بەلاتەوە خۆش بێ ، تەنانەت مەقامی سەفەریش. *هاوین ئۆغری کرد، ئیتر وەختێتی حوکمەت سەهۆڵ تەوزیع بکات. *ئەگەر تەحلیلکردنی وەزعەکە مۆبایل بێ ، جنێودان شاحینەکەیەتی. *نازانم چۆن بەهەشت لە ژێر پێی دایکاندایە ، ئەوان دایمەی خوا سنگی مریشکەکە دا ئەنێن بۆ مێردەکانیان. *با بچم تۆزێ گوو بکەمە ئەعصابی ـ ئەخبار کە ئەتبینێ دوو دەقەیە دڵت خۆشە- *هەمووی خۆیان فێری درۆکردن ئەکەن ، یەعنی ئەم وڵاتە زەلامێکی ڕاستگۆی پێویست نی یە؟!
د.ئیسماعیل شەمس بەشی سێیەم لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا، وترا کە گریمانەی دژایەتی ڕۆژئاوا لەگەڵ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی لە میراتی جێماوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بە هۆی تۆڵەکردنەوەی ئەو شکستەوە بووە کەلەسەردەستی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە جەنگی خاچدرووشمەکاندا بۆچوونێکی هەڵەیە و گرنگترین ڕێگرێک لە ڕێی پێکهێنانی دەوڵەتێکی لەم جۆرە، لانیکەم لە دووسەد ساڵی کۆتاییدا، ڕووسیا بووە. هەروەها ئەو پرسیارەش خرایە ڕوو کە چ کەسانێک ڕووسیایان وا لێکرد کە ڕێگریی بکات لە بەردەم پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی لە پاشماوەی زەوییەکانی عوسمانی بکات و پاشان لەڕێگەی ڕەوایەتیدان بە کاری ڕۆژئاواییەکان وایان نیشاندا کە سەڵاحەدین تۆمەتباریی یەکەمی ئەم بابەتەیە؟ ئەم نووسینە وەڵامێکی پوختە بۆ ئەم پرسیارە. بەڵگەنامە بەردەستەکان ئەوە نیشان دەدەن کە بەرگرییکارانی نەتەوایەتیی کوردی لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، نەک تەنها دژایەتییەکی سەڵاحەدینیان لە بەرهەمەکانی خۆیاندا نەکردووە، بەڵکو چەندین جار بە پێجەوانەوە ئەویان بە چاکەکار و باشی ناوبردووە. لە بنەڕەتەوە شەپۆلی یەکەمی ناسیۆنالیزمی کوردی، گشتگیر و لەخۆگری تەواوی کۆڵەکە پێکهێنەرەکانی شوناس بووە لەوانەش نەتەوە، زمان، ئاین، جوگرافیا، مێژوو و کولتوور. لە چوارچێوەی ئەم گووتارەدا، سەڵاحەدینیش خاوەنی پێگەیەکی تایبەتی خۆی بووە. ئەم تایبەتمەندیی و پێگەیەی سەڵاحەدین تا سەردەمی شۆڕشی بەلشەفیی ڕووسیا و پاشان شۆڕشی چین و هاتنەنێوەوەی هەژموونی ئاراستەی مارکسیزمی لینینی و ماوییزم بۆ کوردستان درێژەی هەبوو. بە گەڕانەوە بۆ دەقە مێژووییەکان دەردەکەوێت هەرچەند سەڵاحەدین بە هۆکاری ڕۆڵی خۆی لە کۆتاییپێهێنانی دەوڵەتی فاتیمیی شیعەمەزهەب لە میسر و فراوانکردنی مەزهەبی شافیعی هەمیشە جێگەی ڕەخنەلێگرتنی گووتاری مەزهەبی شیعە و ئەڵبەتە بەشێکیش لە سۆفییەکان و ئێزیدییەکان بووە. بەڵام لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی کوردی سوننەمەزهەب دژایەتی و ناکۆکییەکیان لەگەڵیدا نەبووە. لە دەیەی ١٩٣٠ەوە گووتاری چەپی سیکیۆلار وردەوردە لە کوردستاندا هەژموونی پەیدا کرد. هەرچەندە ئەم گووتارە یەک دەست و یەک ڕەنگ نەبووە و لە ناواخنیدا چەندین وردە گووتاری دیکە لە بەرگری لەسەڵاحەدینەوە تا دژایەتی و ناکۆکی لەگەڵیدا بوونی هەبووە، بەڵام دەتوانرێت ئەوە بوترێت کە دژایەتیکردنی ئاین و مێژووی ئیسلامیی کورد بە ناونیشانی دوو کۆڵەکەی شوناسی کوردی یەکەمین جار لەلایەن ئاراستە توندڕەوەکانی گووترای چەپەکانەوە دەرکەوت. بەرگرییکارانی گوتاری چەپ لە یەکێتی سۆڤێت و چین، وا نیشانیان دەدا کە نەتەوایەتی، ڕەگەزێکی کۆنخواز (ڕەجعی) و ئیمپریالیستییە و خۆیان بە بانگەشەکارانی ئینتەرناسیۆنالیزم (نێونەتەوەگەرا) و جیهانێکی بێدەوڵەت و بێ چین نمایش دەکرد. بەشێکی توندڕەوتری لقەکانی ئەم گووتارە، تەنانەت لەگەڵ سۆسیالیزمی نەتەوەیی یاخود سۆسیالیزم لە هەناوی یەک وڵاتیشدا ناکۆک بوون و لەسەر هەڵگرتنی سنوورەکان و برایەتی گەلان جەختییان دەکردەوە. لە هەمان ئەو ڕۆژانەدا ئەوانەی کە مێژوویان خوێندبوویەوە، چاک دەیان زانی کە ڕێبەرانی چین و سۆڤێت، لە بیری یەکسانی و بریاەتی گەلاندا نەبوون و لە بنچینەدا سەرقاڵی بڕینی پەیوەستی و ئەڵقەی پەیوەندی گەلان بە مێژوو و شوناسیی خۆیان بوون؛ بەم ئامانجەوە کە بەشێوەیەکی ئاسانتر ئەو گەلانەیان لەنێو مەزنەدەوڵەتی دایکدا، واتە سۆڤێت و دواتر چیندا جێ بکەنەوە. زۆرێک لە گەنجانی پاک و لەخۆبوردوو و دڵسۆزی کورد و ڕۆژهەڵاتی نێوەراستیش بەهۆی نەریتی ئیستعمار و دەستتێوەردەری ڕۆژئاوا و ڕووسیای قەیسەری و لایەنگرانیان لە نیوجەکەدا و بە ئومیدی ڕزگاربوون لەم دۆخە، کەوتنە ژێر کاریگەریی چەپ و بوونە داکۆکیکاریی سەرسەختی ئەم ئایدۆلۆژیا فراوانخوازە تازەیە. هێزە چەپە وابەستەکان بە سۆڤێت و چینەوە بە ئاراستەی جیاوازەوە لە قەوقاز، ئەنکارا، دیمەشق، بەغدا و تاران پێکهاتن و راکێشانی ئەندامانیان لە چینە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت خوێندکاران و کرێکاران دەست پێکرد. درووشمە سەرەکییەکانی ئەوان، واتە عەدالەت، هەڵگرتنی ستەمی چینایەتی و نەتەوەیی و برایەتی، پێش هەر گروپێک بووە مایەی پێشوازی لەلایەن گرووپە مەحروومە کۆمەڵایەتییەکان و نەتەوەکان و لەسەر ئەم بنەمایەش بەشێکی زۆر لە خوێندکاران و کرێکارانی کورد لە پایتەختەکانی ئەم وڵاتانەوە و شارە گەورەکانی دیکەوە کەوتنە ژێر کاریگەری مەدینەتولفازیڵە (شاری نموونەیی) و بەڵێنپێدراوی چەپەکانەوە. پاش ئەوەش لەسەرخۆ گرووپە چەپە ستالینییەکان و ماوییەکان لەژێر کاریگەری یارانی ئایدۆلۆژیی ناوەندنشینی پایتەختی بە شێوەی نهێنی و نیمچە نهێنی لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان پێکهاتن و یەکەم جار بە ناونیشانی لقی کوردی ئەو حزب و گروپانە و هەندێ جاریش جیابوونەوە، چالاکییە سەربەخۆکانی خۆایان لە کوردستاندا دەست پێکرد. بە چاوخشاندنێک بە دەقەکانی ئەم حزبانە و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانیان کە ئەمڕۆ لە ئەرشیفەکاندا بەردەستن، دەردەکەوێت کە هیچ یەکێک لەوانە لە بەرنامە فێرکارییەکانی خۆیاندا بۆ ڕاهێنانی کادیران و کادیرسازی تەنانەت یەک کتێبی کوردی یان نووسراوێکیان لەلایەن نووسەرانی کوردەوە بەدرێژایی هەزارساڵ پێش لەنیو بەرنامەی خۆیاندا جێنەکردووەتەوە و نەگەڕاونەتەوە بۆ ئەو سەرچاوانە و تەواوی بڵاڤۆک و بەرنامەکانی ئەوان لە سەرانی ئایدۆلۆژیکی چەپ و بەتایبەت ڕێبەرانی نیشتمانی ئەو گروپانە لە چوار پایتەختی دەوڵەتەکانەوە وەریان گرتوون. ئەم بابەتە بووە هۆکاری درووستبوونی چەندین پارادۆکسی گەورە لە تیۆرەی ئاینی و نەتەوەیی و چەپ و سیکۆلار لە کوردستاندا. دەقی ڕەسەن و دایکیی ئەوان بەدرێژایی هەشتا ساڵی ڕابردووش بە ڕوونی ئەم دژیەکیانە دەردەخات کە ئەمڕۆ بەشێک لە ڕێبەران و نووسەرانی بەویژدانی کورد خۆیان دان بەو ڕاستییەدا دەنێن. یەکێک لەو پارادۆکسانە، وەلاخستنی ئاین و مێژووی ئیسلامیی کورد لە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی شوناسی کوردی بوو. لەبەرامبەر ئەم کارەدا، دوو ڕەوتی ئاینی و نەتەوایەتی کوردیش کاردانەوەیان نیشاندا یاخود کەوتنە ژێر کاریگەرییەوە و ژینگەی کوردستان بۆ چەندین دەیە بووە گۆڕەپانی ململانێی ئەم سێ گووتارە و لایەنگرانی کوردستانی، ناوەندی، هەرێمایەتی و جیهانییان.
سەهین موفتی لەوەتەی، وادەی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری داهاتوو دەستی پێکردووە، حیزبەکان کەوتوونەتە خۆ، لێرەدا کارم بە لایەنەکانی دی، نییە تەنێ مەبەستمە سرووشتێتی پارتی دیموکراتی کوردستان بخەمەوە بەر دیدەی خوێنەران. پارتی وەک هەر حیزبێکی سیاسی، یا روونتر وەک حیزبێکی حکومڕان، لە لایەن کادیرو ئەندامانی خۆیەوە رووبەڕووی گلەیی و گازاندە بۆتەوەو دەشبێتەوە..! زۆر جار، ئەندامانی پارتی بە شێوەیەک نیگەران دەبن، تا ئاستی ئەوەی لە ریزی حیزبەکەدا نەمێنن، تەواو نیگەران دەبن، دەتۆرێن، بێزار دەبن، رق هەڵدەگرن، بەدڵنیایی هەموو ئەوانەی بەسەریاندا دێت، لەوەیە لە ئەنجامی هەڵەو کردەی بەرپرسێک یا دەستڕۆیشتوویێکی نێو ئەم حیزبەوە سەرچاوە دەگرێت، لێ لەو دەمەی وادەی هەڵبژاردن دێت و رۆژی دەنگدان، دەنگدەر بەرەو سندووقی دەنگدان هەنگاو دەنێت، بیر لە هیچ ئەم نیگەرانیی و تۆراندن و بێزارییەی ناکاتەوە، تەنێ ئەوەی دێتەوە بەرچاو کە پارتی خودان کەسێتییەکی نەتەوەیی و رابەرێتی و شکۆدارێکی وەک ( مەسعود بارزانی )یە. بۆیێ بە بێ دوودڵی جارێکی دی، لەبۆی واژۆ دەکاتەوە، دەنا لەبەر خاتری چاو و برژانگ و روویی سوورو بۆینباخی گرانبەهاو کۆمپانیاو مۆڵ و هوتێل ورێستورانە پێنج ستارییەکانی بەشێک لە بەرپرسانی ئەم حیزبەوه نییە. تا بارزانی مابێت، دەنگدەرە تۆراوو رەنجێندراوەکانی پارتی و دەنگدەری نەتەوەیی دەرەوەی حیزبەکەش، دەنگدەری پارتین، بەتایبەتی ئەو دەنگدەرانەی بەبێ هیچ بەرژەوەندییەک، دڵییان بە ئاوەدانی شەقام و شارەکان خۆشە...!
د. شێركۆ عهبدوڵڵا- رۆژانه تایبهت له (درهو) دهینوسێت زوڵفەینی بە خەم مار و بە حەلقەن وەکو عەقرەب قەت ڕێگە مەدە ویژدانت میسلی حوکمەت مو عەزەب *** چاوەکەت ئاگر لەسینەی عاشقی مسکین دەکا ئەقڵی سیاسی ئەم کوردەش لە سنعاتی چین دەکا *** جەنانی وەک جینان کردم بە ماوا ئای چۆن تێ کەوتین لە گەڵ کەرپیاوا *** چاوت لە برۆ یەعنی لە ژێر گاقی نەڤارەت تێ ناگەین لە تورک ئێمە بە صەد ڕەمز و ئیشارەت *** مەکە ئیخلافی ئەو وەعدەی کە فەرموت گوناحە سەیرمان دەکەی وەک گاجووت *** ساقی وەرە ڕەنگین کە بە پەنجە لەبی ئەقداح بڕاونە نە مەعمەل ما نە مەکتەب ما نە فەللاح *** ئەی شۆخی بێ نیاز و گران ناز وغەمزە سووک فاتیحایەک بۆ شەنگال و بۆ مەخمور و بۆ کەرکوک *** بە هاوین جەستە خەستەی دەردی گەرمام بەئەمری تۆ قنگی کەر دەکرێتە حەمام *** عومرێکە بە میزانی ئەدەب توحفە فرۆشم عەینی مەسئولی ئەم عەصرە ڕقمە لە خۆشم *** لە دڵدا ئاتەشی عیشقت بڵێسەی میپلی تەندوورە هەتا بێ بەهرە بێت مەسئول ، جەنابی زیاتر مەغرورە
كاردۆ محەمەد لەرەوشی ئالۆزو لەناو ڕووداوگەلی نەخوازراوەو پڕ کێشەی ناوچەکە، کە لە ناسەقامگیری بەردەوام دایە .لە هەبونی چینیکی سیاسی بێباک و گەندەڵکاردا، لە ژینگەی سیاسی وادا،راستەرێی وتێکۆشان تابڵێی سەختە! سەرەرایی دۆخەکە گۆران؛ کارنامەو هەڵوێستەکانی سەرمایەکی بەهێزن بۆ دەنگی حەق و رەوتی نارازی لەپرۆسەی سیاسیدا.دوای ئەزمونە باش و تالەکان، پاراستنی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرخستنی ، بەقەد هێزی خۆی،دەنگی بیستراوی ماف و ئازادی وپرسی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەبیت ،ئەگەر تاقیکردنەوەی گۆران لەقۆناخەکانی دژایەتی گەندەڵی و نادادپەروەری نادیدە نەگرین .بۆ ئەوەی لە بەرنامەی چاکسازی و بەرگریکردنی ئازادی و مافی هاولاتی و ریفۆرم بەردەوام بین .پشتیواننیمان بکەن .خۆتان شاهیدی هەمووهەوڵەکانن، بەوانەی نیازی پاکیاشیان بۆ گۆرانگاری و دژایەتی ستەمکاری هەبوە، نەیانتوانی تەجاوزی گۆران بکەن .کەواتە،با لە م پرۆسە نیشتمانی ودیموکراسیە دا ،دەرفەت بە گۆران بدەین، ئەگەر دەمانەوێ مۆنۆپۆلی ژیانی سیاسی حزبە تقلیدیەکان بەرتەسک بکەینەوە ، غروری روكه شی هێزیان بشكێنین، بەرنامە،نیشتمانیی و نه ته وه ییمان دژ به سییاسه تی حزبایەتی پێشبخەین و سەرخەین .لە راگرتنی هاوسەنگی لەژێرگوشاری هێزە هەرێمیەکاندا لە بەلادانەکەوتن بەلای جەمسەرگیریەکانی ناوچەکە،لە قازانجی بەرژەوەندییەهاوبەش وبالاکانی نەتەوەونیشتمان دا.داکۆکی سه رراستانە لە مافە دەستورییەکانی خه لكی كوردستان لە عیراق دا بکەین ،لەوروانگەوە لە نەخشەی سیاسی ناوهەموو رەوتەکاندا، پشتیوانی و بەشداری ودەنگدان بە کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو هاوپەیمانی کوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و خاک و بودجەو ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەیەکانی خەلکی کوردستانە..
د. شێركۆ عهبدوڵڵا- رۆژانه تایبهت له (درهو) دهینوسێت *موهیمترین ڕەسمی ڕووت ڕانی طەروب بوو. *وامان ئەزانی فایەق داودە و سەڵاح داودەی ڕەحمەتی بران . *خۆشترین خەبەر ئەیانگو مفاوەزاتە. *لە مانگی دەوە دەبوایە بە جزمە و قاپوتەوە بچی بۆ مەکتەب. *شیعر موچڕکی بە لەشدا ئەهێنا *قیرتاوکردن عیلاقەی بە هەڵبژاردنەوە نەبوو. *ڕەئیس عورەفایەک شاری ئەکرد بە ماستی مەیو. *خوشکەزاکەی عەبدولسەلام عارف هیچ پۆستێکی حکومی نەدرابویە. *هەر شوێنکت بڤە ببوایە ، ماچێکی دایکت چاکی ئەکردەوە. *مەعاشخۆرێک ڕەشەخێزانێکی وەکو گوڵ بەخێو ئەکرد. *موراقیبی ئیعاشە ئەهات نانی نانەواخانەکانی ئەکێشا. *قومارچی توخنی سیاسەت نەئەکەوت.
بەهرە حەمەڕەش کاراکتەرێکی سیاسی و سەرکردەیەکی روخۆشە بەوە ناسراوە، کە هەمیشە دیالۆگ و عەقڵ دەکاتە ئەلتەرناتیڤی هێزی رەق، لە کێشە ناوخۆیییەکانیشدا بە هەمان ئەندازە رەفتار لە گەڵ ناوماڵی کورد و پێکهاتەکانی عیراق دەکات. لە سیاسەتی دەرەوەشدا، هەمان دنیابینی و بیرفراوانی لێدەخوێندرێتەوە، لە کات و ساتە زۆر دژوارەکاندا، دەتوانێ بەم دیپلۆماسیەتە گرێ کوێرەکان بکاتەوە. کاتێک خوێندنەوە لە سەر کاراکتەری سیاسی نێچیرڤان بارزانی دەکەین، لە ئێستا و رابردوودا هەڵگری کۆمەڵێک پڕۆژە و ئەجێندا و دنیابینی جیاوازە. ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیع بە مەحاڵ دەبینرێت، ئەو دەتوانێ بیکاتە واقیع، بۆیە دەتوانین وەکو باڵیۆزی سیاسەتی کوردی لێی بڕوانین وەکچۆن باڵیۆزی هونەر و نیازپاکی و ئاشتی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە. دوای کەوتنی سەدام/ ٢٠٠٣، کورد بە سەنگێکی زۆرەوە بەشداری لە حکومەتی بەغدا کرد، پۆستی سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە و کۆمەڵێک پۆستی دیکەی سیادی لە ناو حکومەتی بەغدا، وەرگرت. لە سەر ئەم بنەمایە، کۆمەڵێك کورد بوونە باڵیۆز لە وڵاتان و دەوڵەتانی زلهێز قونسوڵخانەیان هێنایە هەولێر. تا ئەم ساڵانەی دوایی، کە لە کاتی سەردانی سەرکردەکانی کورد لە وڵاتانی دەرەوە بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازییان لێدەکرێت. دەتوانین هەموو ئەم هەنگاوانە، وەکو هێزی نەرمی سیاسەتی کوردی/ دیپلۆماسیەت لە قەڵەم بدەین. لە پەیمانی سایکس بیکۆ (سیڤر/ ١٩٢٠ و لۆزان/ ١٩٢٣)، بە مقەستی فەرەنسی و بەریتانییەکان کوردستان پارچەپارچە کرا، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جێگای دڵخۆشییە، کە هەردوو وڵات ئاوڕی جددی لە کێشەی کورد دەدەنەوە لە کاتێکدا زۆر قسە و باس و پڕوپاگەندە هەیە، بە تایبەت دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەنفغانستان، کە لە وانەیە هەمان تراژیدیا لە کوردستان دووبارە بێتەوە. لە ساتەوەختی ئەم دڵەڕاوکێ و پڕوپاگەندەی هەیە، کە رەنگە بەشێکی ئەم مەترسییە جددی بێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند هەنگاوێکی گرنگی نا، کە لەم دۆخە دژوارەدا جورئەت و دنیابینی دیپلۆماسی پێویستە، ئەم هەنگاوانەی نێچیرڤان بارزانی هەر لە هاتنی ماکرۆن بۆ لوتکەی بەغداو سەردانی تایبەت بۆ موسڵ لە نێوان هەژدە پارێزگای عێراق و باسکردن لەوەی، کە چۆن "دەروازەی ئۆڤاکۆ/ عیراق" بکرێتە ئەلتەرناتیڤێک بۆ "دەروازەی ئیبراهیم خەلیل/ کوردستان"، بەرهەمی ئەم عەقڵە دیپلۆماسییەیە، کە پێویستە کورد بە بایەخەوە لێی بڕوانێت و ئەوانەی، کە خەمی نەتەوەیی و قوربانیدانی نەتەوەییان هەیە، هاوکاری بەردەوامی و سەرکەوتنی ئەم عەقڵیەتە بن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، کاراکتەرێکی خاوەن ئەزمون و کاریزما و دیپلۆماسی بەهێزە، کە دەتوانی بە رۆحیەتی دیالۆگ مامەڵەی سیاسی بکات، سەردانی ئەو بۆ بەریتانیا و چۆنێتی پێشوازی لێکردنی، لێهاتوویی دیپلۆماسیەتی ئەو پیشان دەدات، هاوکات وەڵامێکە بۆ ئەو پڕوپاگەندانەی، کە دەڵین قەوارەی هەرێم لە بەردەم ناوچوونە! بەر لە هەنگاوەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران و بەریتانیا، کۆبوونەوەی هاوبەشی لە گەڵ هەموو پارتە سیاسییەکان ئەنجامدا، لە کاتێکدا تەشەنوجاتی سیاسی و تای هەڵبژاردن لە ئارادایە و هەموان دەیانەوێ جۆرێک لە نواندن بۆ رای گشتی بکەن. ئەو توانی لە سەر مێزی گفتوگۆ کۆیان بکاتەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، هەوڵێکی جددی و بەرپرسیارانەی ئەم قۆناغە دەدات. لێرەدادەردەکەوێت کە کام لە پارتە سیاسییەکان لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە مێژووییەدان، لە کاتێکدا ئەم کاراکتەرەسیاسییە، پردێکی سیاسی بەهێز لە ناوخۆ و دەرەوە بنیات دەنێت. هەروەها کام لە دەزگا راگەیاندنەکان، پیشەیی و زانستییانە، کاریان کرد و کامیان نەیانتوانی بابەتی بن، لە روماڵکردن و خستنەرووی گرنگی و بایەخی ئەم جوڵانە دیپلۆماسییانەی سەرۆکی هەرێم، ئەوەش جێی رەخنەیە، کە هیچ لە کەناڵەکان مێزگرد و بەرنامەی بابەتییان بۆ ترافیکی سیاسی نەبوو، کە پێویستبوو چاودێرانی سیاسی و کەسانی شارەزا بۆ شیکردنەوەی بانگ بکەن و بۆ خەڵک روونبکرێتەوە.
دیلمان حەمەساڵح وەک ئاشکرایە لە رۆژی ٢٦ی سێپتەمبەردا ھەڵبژاردن بۆ بیستھەمین خولی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. بەوپێیەش وڵاتەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی و ئابوری ھەنگاو دەنێت لە ئاکامدا بێگومان کەم تا زۆر رەنگدانەوەی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و زۆربەی کایەکانی ژیانی دانیشتوانەکەی دەبێت. ئەڵمانیا بەرەو قۆناغی دوای شازدە ساڵ مێرکل ھەنگاو دەنێت، بە حوکمی ئەوەی کە لە دوای چوار خول بۆ ئەو ماوە زۆرە لەسەر یەک راوێژکاری ئەڵمانیا بوو و بۆ ئەم خولە نوێیە خۆی کاندید ناکاتەوە، ھەر چەندە دەستوری وڵات رێیپێداوە بۆ بەردەوام خۆکاندیدکردنەوەی. یەکێک لە ھۆکارەکان شکستی پارتەکەی بوو لە ھەڵبژاردنەکانی ھەردوو پەرلەمانی ھەرێمی باڤاریاو ھێسن لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨. بەمەش مێرکل تائێستا تاکە راوێژکارە لەدوای ئەوەندە ساڵ بە حوسن و رەزای خۆی، خۆکاندیدکردنەوە رهتبکاتەوە- پێشتر ھێلموت کۆل لە ساڵی ١٩٩٨ بۆ خولی پێنجەم خۆی کاندیدکردەوە، بەڵام بەرانبەر گێرھارد شریۆدە شکستی ھێنا. ماوەی سەرۆکایەتیی حکومەت لەلایەن مێرکل-وە، جیھان بەگشتی، ئەوروپاو ئەڵمانیا بەتایبەتی بە چەند وێستگەیەکی قورس و تەنگژاویدا گوزەریان کرد- دیارترینیان؛ لەلایەک قەیرانی ئابووری و دارایی ٢٠٠٨، ئینجا قەیرانی یۆرۆ ٢٠١٠، لەلایەکی تر قەیرانی کۆچبەران و سەرھەڵدانی داعش، دواتر پەتای کۆرۆناو پاشان کارەساتی سروشتی و دواھەمینیشیان ئەوەی کە پێی دەڵێن قەیرانی ئەفغانستان (له دوای بڕیاری کشانەوەی ھاوپەیمانان). بەدەر لەمانەش چەندین کێشەو روداوی تری وەک سەرھەڵدانی بەھاری عەرەبی و لێکەوتەکانی، پاشان قەیرانی دورگەی قرم، جەنگی جۆرجیا، راگرتنی ھاوسەنگی لەنێوان روسیاو ئەمریکا و چین لە ھەموو بوارەکاندا، گەرمبوونی جەنگی ئەلکترۆنی، ئینجا ھەڵکردن لەگەڵ ئەتوارەکانی ترەمپ و ئەردۆغان و چەندین گرفتی ناوخۆیی سیاسی وەک دامەزراندن و ھاتنە ناو پەرلەمانی (پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا - پارتێکی شعوبیی راسترەوی توندڕەوە)و بوونە جێی رەخنەی جۆراوجۆر. مێرکل-یش بە جۆرێک رووبەڕووی ھەموو ئەو ئاڵنگاریانە بووەوهو بە ستایڵێک قیادەی کرد، کە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ ئەکرێت و بووهتە جێی مشتومڕ. ھەر وڵاتێک، حزبێک یان کەسێک بە جۆرێک لێی دەڕوانێت، ئیدی باش یان خراپ واتە بۆئەوان چۆن کەوتبێتەوە، بەو شێوەیە لێی دەڕوانن. باسی دەستکەوت و شکستی کابینەکانی مێرکل بابەتێکی ھەمەلایەن و ئاڵۆزە، لێرەو لەوێ رەخنەی بەجێ و نابەجێ ھەن. وێنە گشتیەکە ئەوە نیشانی جیھان ئەدات، کە لەو سەردەمەدا ئەڵمانیای دەوڵەتی یاساو دیموکراسی، چوارەم بەھێزترین ئابووری جیھان و خاوەن بەھێزترین ئابووری ئەوروپا، لە ئامانجە نیشتمانیەکان و بەھا ئینسانی و ئەخلاقییەکان دورنەکەوتووەتەوە، بگرە لە ھەرەزۆری کارو چالاکییە ھاوبەشە ئاوەدانی و خێرخوازییەکاندا پشکی شێری بەرکەوتووە. لە ناونیشانی بابەتەکە دوور نەکەوینەوە، پرسی کۆچ و پەنابەران لە ئەڵمانیا بابەتێکە، کە لە ریزی ھەموو ئەو بابەتە جەوھەریانەدایە، کە ھەمیشە لە نێو کۆمەڵگاو سیاسەتی وڵات زۆر بایەخی پێدەدرێت و تاوتوێ دەکرێت، ھەروەھا لە پێکھێنانی ھەموو حکومەتێکدا لایەنەکان رێککەوتنی لەسەر دەکەن، ئەویش لەبەر چەند ھۆکارێک؛ بۆ نموونە ئایا بەردەوام وەرگرتنی ئاوارە ئەبێتە مایەی بارگرانی یان گەشەپێدانی ئەڵمانیا، چۆن کارێک بکرێت تا خۆگونجاندنی ھاتوان ئاسان بکرێت و باشتر تێکەڵی کۆمەڵگەی ئەڵمانی بن؟ ئەی کۆچھێنان رێگری لە کەمبوونەوەی دانیشتوانی ئەڵمانیا دەکات یان نەخێر، ئەی ئاسایش و شیرازە دەشێوێت، بە مانایەکی تر رێژەی تاوان زیاد دەکات یان نا، ئەگەر وابێ چۆن مامەڵە بکرێت و رێکارەکان چی بن کە ئەمنیەتی دەوڵەتیان پێ بپارێزرێت؟ زۆربەی ئەم پرسیارانە و چەندینی تر زیاتر لە دوای شەپۆلە گەورەکەی ٢٠١٥-ەوە دروست بوون و بەردەوام دەکرێن. ھەنوکەش کە سەروبەندی ھەڵبژاردنە، پارتەکان لە کارنامەکانیاندا تیشکیان خستۆتە سەر ئەم پرسەو ھەریەکیان بە جۆرێک نیازو پلانی خۆی خستوهتەڕوو، کە لێرەدا بە کورتی وەک بەرچاورونییەک دەیانخەمەڕوو: بەرنامەی ھەڵبژاردنی پارتەکانی ئەڵمانیا بۆ پرسی کۆچ و پەنابەران * (Die Union) ھاوپەیمانیی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی CDUو یەکێتیی سۆسیال مەسیحی CSU: نکۆڵی ناکەن کە پەنابەرێتی مافێکی بنەڕەتیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت رێکارەکان بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی توند بکەن بۆ نمونە: دەیانەوێت چەند وڵاتێکی زیاتر وەک دەوڵەتانی ئەمین لەقەڵەم بدرێن، واتە خەڵکانی ئەو وڵاتانە، کە بەمەبەستی پەنابەرێتی روو دەکەنە ئەڵمانیا، بە ئاسانی وەرنەگیرێن. ئەو کەسانەی کە بڕیاری وەرنەگرتن و دەرکردنیان بۆدەرکراوە، نەتوانن زۆر بمێننەوەو لە کورتترین ماوەدا ئەڵمانیایان پێ بەجێبهیڵرێت. ئەو پەنابەرانەی کە تاوانی قورس ئەنجام دەدەن بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. لە ناوخۆی ئەوروپادا دەیانەوێت لەنێوان وڵاتاندا هاوکاری یەکتری زیاتر بکەن و سیستمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی ئاوارەکان بەسەر ئەو وڵاتانەدا دابمەزرێنن. ھەروەھا داوای دامەزراندنی چەند سەنتەرێکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا لەسەر سنورەکان دەکەن، کە تیایاندا بتوانرێت بڕیاری وەرگرتن یاخود رەتکردنەوەی داوای پەنابەرێتی تیا بدرێت. * پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD): سۆسیال دیموکراتەکان پێیان وایە کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا کۆمەڵگای ئەڵمانیی دەوڵەمەندتر کردووە. ئەم پارتە دەیەوێت ئەو کەسانەی رودەکەنە ئەڵمانیا ماف و هەلی خۆگونجاندن و فێربوونی زمانی ئەڵمانیان بۆ بڕەخسێنرێت. بۆ ئەوەی پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانی و خۆگونجاندن تیایدا باشتر بەڕیوەبچێت، داوا دەکات، کە ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، دەرفەتی راکێشانی پاشماوەی خێزانەکانیان بۆ ئەڵمانیا پێبدرێت. ئەو کەسانەی، کە مافی مانەوەی جێگریان نیە، بەڵام باش لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانیدا خۆیان گونجاندووە، ئەوا مافی مانەوەی هەمیشەییان پێبدرێت. دەیەوێت مافی خاوەندارێتیی دوو رەگەزنامە زیاتر بکات. ئەمانیش دەیانەوێت لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا سەبارەت بە سیاسەتی کۆچکردن هاوکاری زیاتر ھەبێت و ریفۆرم لە شێوازی دابەشکردنی ئاوارەکاندا بکرێت. دژی ئەوەن کە کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا بگێڕدرێنەوە، هاوکات جەخت لە ئەرکی رزگارکردنیان دەکەنەوە. * پارتی سەوز Die Grüne: ئەمان پێیان وایە ئەڵمانیا وڵاتی کۆچھێنانە. پێیان وایە لەم وڵاتەدا سیاسەتێکی تایبەت نیە سەبارەت بە کۆچهێنان و مافی کۆچهێنان، کە برەو بەم پرۆسەیە بدات و کارئاسانیی بۆ بکات لەبری ئەوەی ئاڵۆزی بکات. دەیانەوێت کارئاسانی بۆ کۆچهێنان بۆ ئەو کەسانەش بکەن، کە بڕوانامەی دانپێدانراویان نیە، بەڵام بە مەرجی لەبەرچاوگرتنی پێویستیی هێزی کار. بە نیازن وەرگرتنی رەگەزنامەی ئەڵمانی ئاسان بکەن و منداڵانی پەنابەرانیش چیدی زۆریان لێنەکرێت بڕیاربدەن لە نێوان بوونە خاوەنی رەگەزنامەی ئەڵمانی یاخود رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەی کە دایک و باوکیان ھەیانە. * پارتی ئازادی دیموکرات (لیبەراڵەکان) FDP: بۆ ئەم پارتەش وەک سەوزەکان بە ئاشکرا ئەڵمانیا وڵاتی کۆچھێنانە، لەبەرئەوە پێویستیی بە رێساو پلانی روون ھەیە. ئەو کەسانەی، کە ھەلی کاریان بە ئاسانتر بۆ دەڕەخسێت، دەبێ بتوانن بە (Blue Card - كارتی شینی ئەوروپی) روو بکەنە ئەڵمانیا. بۆ ئەوانەی کە ئەو چانسەیان نیە، دەکرێت لەڕێی سیستمی خاڵ کۆکردنەوە وەک شێوازی کەنەدا بە شێوەیەکی سنوردار دەرفەتی ھاتنیان پێ بدرێت. ئەو پەنابەرانەی کە بەھۆی شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکانی خۆیاندا ھەڵھاتوون و روویانکردوهتە ئەڵمانیا، دەبێت بە خێرایی و نابیرۆکراسی مافی مانەوەیان بە شێوەیەکی کاتیی پێبدرێت. ئامانجێکی تری ئەم پارتە فراوانکردن و خێراترکردنی کارەکانی رێکخراوی پارێزگاریی سنوری وڵاتانی یەکێتیی ئەورپایە (Frontex)وە دەیەوێت ئەرکی رزگارکردنی کۆچبەران لە دەریاکانی ئەم سنورانە بخاتە ئەستۆی ئەم رێکخراوە. * پارتی چەپ (Die Linke): لە بەرنامەی ھەڵبژاردنەکەیدا داوا دەکات ھەموو ئەو دانیشتوانەی ئەڵمانیا کە مافی درێژخایەن یان ھەمیشەیی مانەوەیان ھەیە، مافی ھەڵبژاردن و تەنانەت خۆکاندیدکردنیشیان پێ بدرێت. دەیەوێت پرۆسەی دانپێدانان و قبوڵکردنی بڕوانامەی بیانی باشتر بکات، تا ئەو کەسانەی خاوەن رەگەزنامەی وڵاتێکی ناو یەکێتیی ئەوروپا نین کارئاسانیان بۆ بکرێت و بتوانن لە بواری کاری خۆیاندا دابمەزرێن. ئەم پارتە بە پێچەوانەی پارتی ئازادی دیموکراتەوە دەیەوێت پارێزگاریی سنوری وڵاتانی یەکێتیی ئەورپا ھەڵبوەشێنێتەوە و بەتەنھا پرۆگرامێکی مەدەنیی ئەوروپی بۆ رزگارکردنی کۆچبەرانی دەریا جێگەکەی پڕبکاتەوە. ناردنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی خۆیان چەپەکان بە موتڵەقی رەتدەکەنەوە. * پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD): راسترەوەکان لە سیاسەتی کۆچ و پەنابەریدا گرەو لەسەر داخستنی سنوری ئەڵمانیا دەکەن بەرووی کۆچبەراندا. پەیماننامەی پەیوەندیدار بە رەوشی ئاوارەکان، کە لە ساڵی ١٩٥١ بەستراوەو بە پەیماننامەی جنێف ناسراوە، ئەم پارتە دەیەوێت ھەڵیبوەشێنێتەوە و بەشێوەیەکی زۆر توند مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکات و وەرگرتنی ئاوارە و بواردان بە کۆچھێنان زۆر قورس بکات. ھەروەھا لە بری ئەوەی ئەڵمانیا ئاوارە و پەنابەر وەربگرێت، دەیەوێت یارمەتیی مرۆیی بۆ ئەو ناوچە قەیراناویانەی کە ئاوارەکانیان لێوە بەرەو ئەڵمانیا ھەڵدێن بنێرێت، تا بەوە رێگری لە ھاتنیان بکات. دەبینین بەرنامەکان چەند ھەمەڕەنگ و گشتگیرن، ھاوکات لە شەقامیشدا چەندین بۆچوون و خواستی جیاواز ھەن لەمەڕ ئەم پرسە، ھەر لە چەپترینەوە ھەتا راستڕادیکاڵترین. دواجار دەنگی زۆرینەی گەل حسابەو بڕیاری چوار ساڵ شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات، ھاوتەریب یەکلاکردنەوەی بەرنامەی سیاسەتی کۆچ و پەنابەری دەدات. چەند ئامارێکی پەیوەست بە بابەتەکەوە: * رێژەی دانیشتوانی ئەڵمانیا بەپێی سەرژمێریی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٨٣،١٥ ملیۆن بووە (سەرچاوە: ویکیپێدیا) * نزیکەی ١١،١ ملیۆن بەڕەچەڵەک بیانی لە ئەڵمانیا دەژین، کە ھەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانین (سەرچاوە: سایتی خزمەتگوزاریی مێدیا بۆ کۆچ) * نزیکهی ١٠،١ ملیۆن کەس لە ئەڵمانیا دەژین کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەڵمانی نین. (سەرچاوە: سایتی خزمەتگوزاریی مێدیا بۆ کۆچ) * لە رێککەوتننامەی ھاوپەیمانێتی بۆ پێکھێنانی حکومەت لەنێوان Die Union و SPD ھاتبوو کە ساڵانە ١٨٠ ھەزار بۆ ٢٠٠ ھەزار کۆچبەر وەبگرێت، بەڵام لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەنھا ٤٧٤٠٠ وەرگیراون (سەرچاوە: فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران BAMF) * ساڵانە ئەڵمانیا پێویستی بە ٤٠٠ ھەزار ھێزی کارە، کە لەدەرەوەی وڵاتەوە بێن- مەبەست لە پەنابەر نیە، بەڵکو ئەکادیمی و شارەزای بوارێکی کار (سەرچاوە: ئاژانسی فیدراڵ بۆ کار BA).
فەرحان جەوهەر ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، پەرەگڕافی کۆتایی وتارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆلە رۆژنامەی تایمزی لەندنی بڵاوی کردۆتەوە. هەموو سیاسیەک هەڵە دەکات، وەک چۆن هەموومرۆڤێکیش هەڵە دەکات، هەروەها هیچ پلان و بەرنامەیەکیش نییە، گەڕانتی سەرکەوتنی پێشوەختەی کرابێت، چونکە زەمەن و رووداوەکان کاریگەریان هەیەو زۆرجار پێشبینی کراونین، ئەوەی نێچیرڤان بارزانی مەبەستیەتی لەم وتارەدا روونی بکاتەوە، ئەوەیە کە بەرای گشتی وفەرمی سیاسی ئەوروپا بڵێت مەرج نییە، هەموو دەست وەردانێکی سیاسی لە کاروباری وڵاتان هەڵە بێت، ئەوەی سی ساڵ بەرلە ئێستا بۆ کوردستانتان کرد و نەوای ئارامتان بۆ دروست کردین، سەرکەوتنی هێناوە و گەلێکتان لە جینۆساید کردن پاراست، دواتریش ئەم گەلە توانی هەڵبژاردن بکات و داودەزگای یاسایی و حکومی دامەزراند، بووە لانەیەکی ئارامیش بۆ ملێۆنان ئاوارەی سوری و عێراقی، هەروەها پێکەوە ژیانی ئاینە جیاوازەکان و دابین کردنی ئازادی بیروڕاو فرەلایەنی سیاسی. نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بە ئینگلیزەکان و لە رێگای ئەوانیشەوبە هەموو کۆمەڵگەی نێدەوڵەتی بڵێت مەرج نییە، هەموو دەست وەردانێک لە کاروباری وڵاتە ستەمکارەکان بۆ رزگارکردنی گەلانی ئازادیخواز، ئەنجامەکەی وەک ئەفغانستان بێت و سەرکەوتن بەودەست نەهێنێت، هەرێمی کوردستان نموونەیەکی زیندوو سەرکەوتووە، و داوایان لێدەکات بەردوام بن لە هاوکاری کردنی، ئەو سەرکەوتنەی بەهۆی ئەم دەست وەردانەی کۆمەلگەی نێودەوڵەتی دروست بووە بە گرنگ بزانن، هەروەک چۆن ئەو هەڵانەی کراویشن لە ئەنجامی دەست وەردانی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان شایانی لێ فێربوونن، بۆیە حەق نییە بەیەک چاو سەیری هەردوو ئەزموونی کوردستان و ئەفغانستان بکرێ، لە کوردستان سەرکەوتنی وەدەست هێناوە، لە ئەفغانستانیش شکست. سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کات و ساتەدا بۆ لەندەن، وەک یەک لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی بڕیای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی هەرە سەرەکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بایەخ و مانایەکی زۆری هەیە، یەک لەو رەهەندانەی ئەو سەردانە ئەوەیە کە پەیوەندی سیاسی و دبلۆماسیەتی هەرێم لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، هەروها جێگای گرنگی پێدانەودەیانەوێت هەرێمی کوردستان بە یەکگرتووی وبەبەهێزی لەنێوچوارچێوەی عیراقدا هەبێت، هەروەها رەهەندێکی تری ئەم سەردانە لەم کاتەدا ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوای کشانەوەیان لە ئەفغانستان دەیانەوێت پێمان بڵێن ئەزموون ودۆخی ئێوە جیاوازەو بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنتان، هەروەها لایەنکی تری ئەم شێوە ئاست بەرزە لە پێشێوازی کردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرفان بارزانی پەیوەستە بەو سیاسەتە سەرکەوتووانەی کە سەرۆک پەیڕەوی دەکات چ لەسەر ئاستی دەروەوبێت یا لەسەر ئاستی ناخۆبێت.
د. شێركۆ عهبدوڵڵا- رۆژانه تایبهت له (درهو) دهینوسێت -خوشكم قیروسیای لێ بكە ، چی ئەبێ با ببێ. +تێ ناگەم ، چی بکەم یەعنی ؟ - بەبێ مکیاج بڕۆ بۆ بازاڕ. *** - ڕاستە ئەم چەند ساڵە تەندروستی زۆر گەشەی کردوو؟ + بەڵێ ئەی چۆن! بەتایبەت سەلاجەکانی طوب عەدلی. *** ئیتر بۆڵە بۆڵ واز لێ بێنە . شوکور ئێستا هەموو کوردێک دانەیەکی هەیە . +خانوو ؟ -نەخێر کەپڵ، عەفو بڵێم فەیسبوک . *** -تێناگەم بەڕاستی. بۆچی هەرکەسێکم خۆش بوێ سواریسەرم ئەبێ ؟ + لەبەر ئەوەی هەرکەسێک ئیحتیرامی گرتیت سواری سەری ئەبیت. *** - بەخوا ئیشێکی پیاوانەیە، خەریکە ئەڕوات؟ +کێ؟ - جەنابی کاک نا هاوین **** - ئەرێ ئەوە بۆ مەعاشی ئازادی سەگرمەیان ڕاگرتووە؟ + نازانم ، ئەڵێن شایەتی نییە کە پێشمەرگە بووە. *** - باشە بۆچی تاڵیبان مافی ژنان ئەخاتە ژێر قۆنەرەکانییەوە؟ + حەتمەن خەلەلێک هەیە ، ئەگینا قەت ئەوە تاڵیبان نی یە. *** - ئەوەندە بێشعورە ناوی ناوە کاولبووەکە. +داوەشێ یاخوا ، بەم کاولبووە وا ئەڵێ؟ *** - ئەوەی نەزانێ بێ ئەقڵە چییە؟ + بێ ئەقڵ توان دوو. *** - کۆرۆنایەتی و دەمامک نابەستێ ، چی لێ بکەین؟ + زەنگوڵەیەک بکەنە ملی
