سەهین موفتی لەوەتەی، وادەی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری داهاتوو دەستی پێکردووە، حیزبەکان کەوتوونەتە خۆ، لێرەدا کارم بە لایەنەکانی دی، نییە تەنێ مەبەستمە سرووشتێتی پارتی دیموکراتی کوردستان بخەمەوە بەر دیدەی خوێنەران. پارتی وەک هەر حیزبێکی سیاسی، یا روونتر وەک حیزبێکی حکومڕان، لە لایەن کادیرو ئەندامانی خۆیەوە رووبەڕووی گلەیی و گازاندە بۆتەوەو دەشبێتەوە..! زۆر جار، ئەندامانی پارتی بە شێوەیەک نیگەران دەبن، تا ئاستی ئەوەی لە ریزی حیزبەکەدا نەمێنن، تەواو نیگەران دەبن، دەتۆرێن، بێزار دەبن، رق هەڵدەگرن، بەدڵنیایی هەموو ئەوانەی بەسەریاندا دێت، لەوەیە لە ئەنجامی هەڵەو کردەی بەرپرسێک یا دەستڕۆیشتوویێکی نێو ئەم حیزبەوە سەرچاوە دەگرێت، لێ لەو دەمەی وادەی هەڵبژاردن دێت و رۆژی دەنگدان، دەنگدەر بەرەو سندووقی دەنگدان هەنگاو دەنێت، بیر لە هیچ ئەم نیگەرانیی و تۆراندن و بێزارییەی ناکاتەوە، تەنێ ئەوەی دێتەوە بەرچاو کە پارتی خودان کەسێتییەکی نەتەوەیی و رابەرێتی و شکۆدارێکی وەک ( مەسعود بارزانی )یە. بۆیێ بە بێ دوودڵی جارێکی دی، لەبۆی واژۆ دەکاتەوە، دەنا لەبەر خاتری چاو و برژانگ و روویی سوورو بۆینباخی گرانبەهاو کۆمپانیاو مۆڵ و هوتێل ورێستورانە پێنج ستارییەکانی بەشێک لە بەرپرسانی ئەم حیزبەوه نییە. تا بارزانی مابێت، دەنگدەرە تۆراوو رەنجێندراوەکانی پارتی و دەنگدەری نەتەوەیی دەرەوەی حیزبەکەش، دەنگدەری پارتین، بەتایبەتی ئەو دەنگدەرانەی بەبێ هیچ بەرژەوەندییەک، دڵییان بە ئاوەدانی شەقام و شارەکان خۆشە...!
د. شێركۆ عهبدوڵڵا- رۆژانه تایبهت له (درهو) دهینوسێت زوڵفەینی بە خەم مار و بە حەلقەن وەکو عەقرەب قەت ڕێگە مەدە ویژدانت میسلی حوکمەت مو عەزەب *** چاوەکەت ئاگر لەسینەی عاشقی مسکین دەکا ئەقڵی سیاسی ئەم کوردەش لە سنعاتی چین دەکا *** جەنانی وەک جینان کردم بە ماوا ئای چۆن تێ کەوتین لە گەڵ کەرپیاوا *** چاوت لە برۆ یەعنی لە ژێر گاقی نەڤارەت تێ ناگەین لە تورک ئێمە بە صەد ڕەمز و ئیشارەت *** مەکە ئیخلافی ئەو وەعدەی کە فەرموت گوناحە سەیرمان دەکەی وەک گاجووت *** ساقی وەرە ڕەنگین کە بە پەنجە لەبی ئەقداح بڕاونە نە مەعمەل ما نە مەکتەب ما نە فەللاح *** ئەی شۆخی بێ نیاز و گران ناز وغەمزە سووک فاتیحایەک بۆ شەنگال و بۆ مەخمور و بۆ کەرکوک *** بە هاوین جەستە خەستەی دەردی گەرمام بەئەمری تۆ قنگی کەر دەکرێتە حەمام *** عومرێکە بە میزانی ئەدەب توحفە فرۆشم عەینی مەسئولی ئەم عەصرە ڕقمە لە خۆشم *** لە دڵدا ئاتەشی عیشقت بڵێسەی میپلی تەندوورە هەتا بێ بەهرە بێت مەسئول ، جەنابی زیاتر مەغرورە
كاردۆ محەمەد لەرەوشی ئالۆزو لەناو ڕووداوگەلی نەخوازراوەو پڕ کێشەی ناوچەکە، کە لە ناسەقامگیری بەردەوام دایە .لە هەبونی چینیکی سیاسی بێباک و گەندەڵکاردا، لە ژینگەی سیاسی وادا،راستەرێی وتێکۆشان تابڵێی سەختە! سەرەرایی دۆخەکە گۆران؛ کارنامەو هەڵوێستەکانی سەرمایەکی بەهێزن بۆ دەنگی حەق و رەوتی نارازی لەپرۆسەی سیاسیدا.دوای ئەزمونە باش و تالەکان، پاراستنی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرخستنی ، بەقەد هێزی خۆی،دەنگی بیستراوی ماف و ئازادی وپرسی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەبیت ،ئەگەر تاقیکردنەوەی گۆران لەقۆناخەکانی دژایەتی گەندەڵی و نادادپەروەری نادیدە نەگرین .بۆ ئەوەی لە بەرنامەی چاکسازی و بەرگریکردنی ئازادی و مافی هاولاتی و ریفۆرم بەردەوام بین .پشتیواننیمان بکەن .خۆتان شاهیدی هەمووهەوڵەکانن، بەوانەی نیازی پاکیاشیان بۆ گۆرانگاری و دژایەتی ستەمکاری هەبوە، نەیانتوانی تەجاوزی گۆران بکەن .کەواتە،با لە م پرۆسە نیشتمانی ودیموکراسیە دا ،دەرفەت بە گۆران بدەین، ئەگەر دەمانەوێ مۆنۆپۆلی ژیانی سیاسی حزبە تقلیدیەکان بەرتەسک بکەینەوە ، غروری روكه شی هێزیان بشكێنین، بەرنامە،نیشتمانیی و نه ته وه ییمان دژ به سییاسه تی حزبایەتی پێشبخەین و سەرخەین .لە راگرتنی هاوسەنگی لەژێرگوشاری هێزە هەرێمیەکاندا لە بەلادانەکەوتن بەلای جەمسەرگیریەکانی ناوچەکە،لە قازانجی بەرژەوەندییەهاوبەش وبالاکانی نەتەوەونیشتمان دا.داکۆکی سه رراستانە لە مافە دەستورییەکانی خه لكی كوردستان لە عیراق دا بکەین ،لەوروانگەوە لە نەخشەی سیاسی ناوهەموو رەوتەکاندا، پشتیوانی و بەشداری ودەنگدان بە کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو هاوپەیمانی کوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و خاک و بودجەو ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەیەکانی خەلکی کوردستانە..
د. شێركۆ عهبدوڵڵا- رۆژانه تایبهت له (درهو) دهینوسێت *موهیمترین ڕەسمی ڕووت ڕانی طەروب بوو. *وامان ئەزانی فایەق داودە و سەڵاح داودەی ڕەحمەتی بران . *خۆشترین خەبەر ئەیانگو مفاوەزاتە. *لە مانگی دەوە دەبوایە بە جزمە و قاپوتەوە بچی بۆ مەکتەب. *شیعر موچڕکی بە لەشدا ئەهێنا *قیرتاوکردن عیلاقەی بە هەڵبژاردنەوە نەبوو. *ڕەئیس عورەفایەک شاری ئەکرد بە ماستی مەیو. *خوشکەزاکەی عەبدولسەلام عارف هیچ پۆستێکی حکومی نەدرابویە. *هەر شوێنکت بڤە ببوایە ، ماچێکی دایکت چاکی ئەکردەوە. *مەعاشخۆرێک ڕەشەخێزانێکی وەکو گوڵ بەخێو ئەکرد. *موراقیبی ئیعاشە ئەهات نانی نانەواخانەکانی ئەکێشا. *قومارچی توخنی سیاسەت نەئەکەوت.
بەهرە حەمەڕەش کاراکتەرێکی سیاسی و سەرکردەیەکی روخۆشە بەوە ناسراوە، کە هەمیشە دیالۆگ و عەقڵ دەکاتە ئەلتەرناتیڤی هێزی رەق، لە کێشە ناوخۆیییەکانیشدا بە هەمان ئەندازە رەفتار لە گەڵ ناوماڵی کورد و پێکهاتەکانی عیراق دەکات. لە سیاسەتی دەرەوەشدا، هەمان دنیابینی و بیرفراوانی لێدەخوێندرێتەوە، لە کات و ساتە زۆر دژوارەکاندا، دەتوانێ بەم دیپلۆماسیەتە گرێ کوێرەکان بکاتەوە. کاتێک خوێندنەوە لە سەر کاراکتەری سیاسی نێچیرڤان بارزانی دەکەین، لە ئێستا و رابردوودا هەڵگری کۆمەڵێک پڕۆژە و ئەجێندا و دنیابینی جیاوازە. ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیع بە مەحاڵ دەبینرێت، ئەو دەتوانێ بیکاتە واقیع، بۆیە دەتوانین وەکو باڵیۆزی سیاسەتی کوردی لێی بڕوانین وەکچۆن باڵیۆزی هونەر و نیازپاکی و ئاشتی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە. دوای کەوتنی سەدام/ ٢٠٠٣، کورد بە سەنگێکی زۆرەوە بەشداری لە حکومەتی بەغدا کرد، پۆستی سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە و کۆمەڵێک پۆستی دیکەی سیادی لە ناو حکومەتی بەغدا، وەرگرت. لە سەر ئەم بنەمایە، کۆمەڵێك کورد بوونە باڵیۆز لە وڵاتان و دەوڵەتانی زلهێز قونسوڵخانەیان هێنایە هەولێر. تا ئەم ساڵانەی دوایی، کە لە کاتی سەردانی سەرکردەکانی کورد لە وڵاتانی دەرەوە بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازییان لێدەکرێت. دەتوانین هەموو ئەم هەنگاوانە، وەکو هێزی نەرمی سیاسەتی کوردی/ دیپلۆماسیەت لە قەڵەم بدەین. لە پەیمانی سایکس بیکۆ (سیڤر/ ١٩٢٠ و لۆزان/ ١٩٢٣)، بە مقەستی فەرەنسی و بەریتانییەکان کوردستان پارچەپارچە کرا، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جێگای دڵخۆشییە، کە هەردوو وڵات ئاوڕی جددی لە کێشەی کورد دەدەنەوە لە کاتێکدا زۆر قسە و باس و پڕوپاگەندە هەیە، بە تایبەت دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەنفغانستان، کە لە وانەیە هەمان تراژیدیا لە کوردستان دووبارە بێتەوە. لە ساتەوەختی ئەم دڵەڕاوکێ و پڕوپاگەندەی هەیە، کە رەنگە بەشێکی ئەم مەترسییە جددی بێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند هەنگاوێکی گرنگی نا، کە لەم دۆخە دژوارەدا جورئەت و دنیابینی دیپلۆماسی پێویستە، ئەم هەنگاوانەی نێچیرڤان بارزانی هەر لە هاتنی ماکرۆن بۆ لوتکەی بەغداو سەردانی تایبەت بۆ موسڵ لە نێوان هەژدە پارێزگای عێراق و باسکردن لەوەی، کە چۆن "دەروازەی ئۆڤاکۆ/ عیراق" بکرێتە ئەلتەرناتیڤێک بۆ "دەروازەی ئیبراهیم خەلیل/ کوردستان"، بەرهەمی ئەم عەقڵە دیپلۆماسییەیە، کە پێویستە کورد بە بایەخەوە لێی بڕوانێت و ئەوانەی، کە خەمی نەتەوەیی و قوربانیدانی نەتەوەییان هەیە، هاوکاری بەردەوامی و سەرکەوتنی ئەم عەقڵیەتە بن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، کاراکتەرێکی خاوەن ئەزمون و کاریزما و دیپلۆماسی بەهێزە، کە دەتوانی بە رۆحیەتی دیالۆگ مامەڵەی سیاسی بکات، سەردانی ئەو بۆ بەریتانیا و چۆنێتی پێشوازی لێکردنی، لێهاتوویی دیپلۆماسیەتی ئەو پیشان دەدات، هاوکات وەڵامێکە بۆ ئەو پڕوپاگەندانەی، کە دەڵین قەوارەی هەرێم لە بەردەم ناوچوونە! بەر لە هەنگاوەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران و بەریتانیا، کۆبوونەوەی هاوبەشی لە گەڵ هەموو پارتە سیاسییەکان ئەنجامدا، لە کاتێکدا تەشەنوجاتی سیاسی و تای هەڵبژاردن لە ئارادایە و هەموان دەیانەوێ جۆرێک لە نواندن بۆ رای گشتی بکەن. ئەو توانی لە سەر مێزی گفتوگۆ کۆیان بکاتەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، هەوڵێکی جددی و بەرپرسیارانەی ئەم قۆناغە دەدات. لێرەدادەردەکەوێت کە کام لە پارتە سیاسییەکان لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە مێژووییەدان، لە کاتێکدا ئەم کاراکتەرەسیاسییە، پردێکی سیاسی بەهێز لە ناوخۆ و دەرەوە بنیات دەنێت. هەروەها کام لە دەزگا راگەیاندنەکان، پیشەیی و زانستییانە، کاریان کرد و کامیان نەیانتوانی بابەتی بن، لە روماڵکردن و خستنەرووی گرنگی و بایەخی ئەم جوڵانە دیپلۆماسییانەی سەرۆکی هەرێم، ئەوەش جێی رەخنەیە، کە هیچ لە کەناڵەکان مێزگرد و بەرنامەی بابەتییان بۆ ترافیکی سیاسی نەبوو، کە پێویستبوو چاودێرانی سیاسی و کەسانی شارەزا بۆ شیکردنەوەی بانگ بکەن و بۆ خەڵک روونبکرێتەوە.
دیلمان حەمەساڵح وەک ئاشکرایە لە رۆژی ٢٦ی سێپتەمبەردا ھەڵبژاردن بۆ بیستھەمین خولی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. بەوپێیەش وڵاتەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی و ئابوری ھەنگاو دەنێت لە ئاکامدا بێگومان کەم تا زۆر رەنگدانەوەی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و زۆربەی کایەکانی ژیانی دانیشتوانەکەی دەبێت. ئەڵمانیا بەرەو قۆناغی دوای شازدە ساڵ مێرکل ھەنگاو دەنێت، بە حوکمی ئەوەی کە لە دوای چوار خول بۆ ئەو ماوە زۆرە لەسەر یەک راوێژکاری ئەڵمانیا بوو و بۆ ئەم خولە نوێیە خۆی کاندید ناکاتەوە، ھەر چەندە دەستوری وڵات رێیپێداوە بۆ بەردەوام خۆکاندیدکردنەوەی. یەکێک لە ھۆکارەکان شکستی پارتەکەی بوو لە ھەڵبژاردنەکانی ھەردوو پەرلەمانی ھەرێمی باڤاریاو ھێسن لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨. بەمەش مێرکل تائێستا تاکە راوێژکارە لەدوای ئەوەندە ساڵ بە حوسن و رەزای خۆی، خۆکاندیدکردنەوە رهتبکاتەوە- پێشتر ھێلموت کۆل لە ساڵی ١٩٩٨ بۆ خولی پێنجەم خۆی کاندیدکردەوە، بەڵام بەرانبەر گێرھارد شریۆدە شکستی ھێنا. ماوەی سەرۆکایەتیی حکومەت لەلایەن مێرکل-وە، جیھان بەگشتی، ئەوروپاو ئەڵمانیا بەتایبەتی بە چەند وێستگەیەکی قورس و تەنگژاویدا گوزەریان کرد- دیارترینیان؛ لەلایەک قەیرانی ئابووری و دارایی ٢٠٠٨، ئینجا قەیرانی یۆرۆ ٢٠١٠، لەلایەکی تر قەیرانی کۆچبەران و سەرھەڵدانی داعش، دواتر پەتای کۆرۆناو پاشان کارەساتی سروشتی و دواھەمینیشیان ئەوەی کە پێی دەڵێن قەیرانی ئەفغانستان (له دوای بڕیاری کشانەوەی ھاوپەیمانان). بەدەر لەمانەش چەندین کێشەو روداوی تری وەک سەرھەڵدانی بەھاری عەرەبی و لێکەوتەکانی، پاشان قەیرانی دورگەی قرم، جەنگی جۆرجیا، راگرتنی ھاوسەنگی لەنێوان روسیاو ئەمریکا و چین لە ھەموو بوارەکاندا، گەرمبوونی جەنگی ئەلکترۆنی، ئینجا ھەڵکردن لەگەڵ ئەتوارەکانی ترەمپ و ئەردۆغان و چەندین گرفتی ناوخۆیی سیاسی وەک دامەزراندن و ھاتنە ناو پەرلەمانی (پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا - پارتێکی شعوبیی راسترەوی توندڕەوە)و بوونە جێی رەخنەی جۆراوجۆر. مێرکل-یش بە جۆرێک رووبەڕووی ھەموو ئەو ئاڵنگاریانە بووەوهو بە ستایڵێک قیادەی کرد، کە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ ئەکرێت و بووهتە جێی مشتومڕ. ھەر وڵاتێک، حزبێک یان کەسێک بە جۆرێک لێی دەڕوانێت، ئیدی باش یان خراپ واتە بۆئەوان چۆن کەوتبێتەوە، بەو شێوەیە لێی دەڕوانن. باسی دەستکەوت و شکستی کابینەکانی مێرکل بابەتێکی ھەمەلایەن و ئاڵۆزە، لێرەو لەوێ رەخنەی بەجێ و نابەجێ ھەن. وێنە گشتیەکە ئەوە نیشانی جیھان ئەدات، کە لەو سەردەمەدا ئەڵمانیای دەوڵەتی یاساو دیموکراسی، چوارەم بەھێزترین ئابووری جیھان و خاوەن بەھێزترین ئابووری ئەوروپا، لە ئامانجە نیشتمانیەکان و بەھا ئینسانی و ئەخلاقییەکان دورنەکەوتووەتەوە، بگرە لە ھەرەزۆری کارو چالاکییە ھاوبەشە ئاوەدانی و خێرخوازییەکاندا پشکی شێری بەرکەوتووە. لە ناونیشانی بابەتەکە دوور نەکەوینەوە، پرسی کۆچ و پەنابەران لە ئەڵمانیا بابەتێکە، کە لە ریزی ھەموو ئەو بابەتە جەوھەریانەدایە، کە ھەمیشە لە نێو کۆمەڵگاو سیاسەتی وڵات زۆر بایەخی پێدەدرێت و تاوتوێ دەکرێت، ھەروەھا لە پێکھێنانی ھەموو حکومەتێکدا لایەنەکان رێککەوتنی لەسەر دەکەن، ئەویش لەبەر چەند ھۆکارێک؛ بۆ نموونە ئایا بەردەوام وەرگرتنی ئاوارە ئەبێتە مایەی بارگرانی یان گەشەپێدانی ئەڵمانیا، چۆن کارێک بکرێت تا خۆگونجاندنی ھاتوان ئاسان بکرێت و باشتر تێکەڵی کۆمەڵگەی ئەڵمانی بن؟ ئەی کۆچھێنان رێگری لە کەمبوونەوەی دانیشتوانی ئەڵمانیا دەکات یان نەخێر، ئەی ئاسایش و شیرازە دەشێوێت، بە مانایەکی تر رێژەی تاوان زیاد دەکات یان نا، ئەگەر وابێ چۆن مامەڵە بکرێت و رێکارەکان چی بن کە ئەمنیەتی دەوڵەتیان پێ بپارێزرێت؟ زۆربەی ئەم پرسیارانە و چەندینی تر زیاتر لە دوای شەپۆلە گەورەکەی ٢٠١٥-ەوە دروست بوون و بەردەوام دەکرێن. ھەنوکەش کە سەروبەندی ھەڵبژاردنە، پارتەکان لە کارنامەکانیاندا تیشکیان خستۆتە سەر ئەم پرسەو ھەریەکیان بە جۆرێک نیازو پلانی خۆی خستوهتەڕوو، کە لێرەدا بە کورتی وەک بەرچاورونییەک دەیانخەمەڕوو: بەرنامەی ھەڵبژاردنی پارتەکانی ئەڵمانیا بۆ پرسی کۆچ و پەنابەران * (Die Union) ھاوپەیمانیی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی CDUو یەکێتیی سۆسیال مەسیحی CSU: نکۆڵی ناکەن کە پەنابەرێتی مافێکی بنەڕەتیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت رێکارەکان بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی توند بکەن بۆ نمونە: دەیانەوێت چەند وڵاتێکی زیاتر وەک دەوڵەتانی ئەمین لەقەڵەم بدرێن، واتە خەڵکانی ئەو وڵاتانە، کە بەمەبەستی پەنابەرێتی روو دەکەنە ئەڵمانیا، بە ئاسانی وەرنەگیرێن. ئەو کەسانەی کە بڕیاری وەرنەگرتن و دەرکردنیان بۆدەرکراوە، نەتوانن زۆر بمێننەوەو لە کورتترین ماوەدا ئەڵمانیایان پێ بەجێبهیڵرێت. ئەو پەنابەرانەی کە تاوانی قورس ئەنجام دەدەن بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. لە ناوخۆی ئەوروپادا دەیانەوێت لەنێوان وڵاتاندا هاوکاری یەکتری زیاتر بکەن و سیستمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی ئاوارەکان بەسەر ئەو وڵاتانەدا دابمەزرێنن. ھەروەھا داوای دامەزراندنی چەند سەنتەرێکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا لەسەر سنورەکان دەکەن، کە تیایاندا بتوانرێت بڕیاری وەرگرتن یاخود رەتکردنەوەی داوای پەنابەرێتی تیا بدرێت. * پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD): سۆسیال دیموکراتەکان پێیان وایە کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا کۆمەڵگای ئەڵمانیی دەوڵەمەندتر کردووە. ئەم پارتە دەیەوێت ئەو کەسانەی رودەکەنە ئەڵمانیا ماف و هەلی خۆگونجاندن و فێربوونی زمانی ئەڵمانیان بۆ بڕەخسێنرێت. بۆ ئەوەی پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانی و خۆگونجاندن تیایدا باشتر بەڕیوەبچێت، داوا دەکات، کە ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، دەرفەتی راکێشانی پاشماوەی خێزانەکانیان بۆ ئەڵمانیا پێبدرێت. ئەو کەسانەی، کە مافی مانەوەی جێگریان نیە، بەڵام باش لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانیدا خۆیان گونجاندووە، ئەوا مافی مانەوەی هەمیشەییان پێبدرێت. دەیەوێت مافی خاوەندارێتیی دوو رەگەزنامە زیاتر بکات. ئەمانیش دەیانەوێت لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا سەبارەت بە سیاسەتی کۆچکردن هاوکاری زیاتر ھەبێت و ریفۆرم لە شێوازی دابەشکردنی ئاوارەکاندا بکرێت. دژی ئەوەن کە کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا بگێڕدرێنەوە، هاوکات جەخت لە ئەرکی رزگارکردنیان دەکەنەوە. * پارتی سەوز Die Grüne: ئەمان پێیان وایە ئەڵمانیا وڵاتی کۆچھێنانە. پێیان وایە لەم وڵاتەدا سیاسەتێکی تایبەت نیە سەبارەت بە کۆچهێنان و مافی کۆچهێنان، کە برەو بەم پرۆسەیە بدات و کارئاسانیی بۆ بکات لەبری ئەوەی ئاڵۆزی بکات. دەیانەوێت کارئاسانی بۆ کۆچهێنان بۆ ئەو کەسانەش بکەن، کە بڕوانامەی دانپێدانراویان نیە، بەڵام بە مەرجی لەبەرچاوگرتنی پێویستیی هێزی کار. بە نیازن وەرگرتنی رەگەزنامەی ئەڵمانی ئاسان بکەن و منداڵانی پەنابەرانیش چیدی زۆریان لێنەکرێت بڕیاربدەن لە نێوان بوونە خاوەنی رەگەزنامەی ئەڵمانی یاخود رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەی کە دایک و باوکیان ھەیانە. * پارتی ئازادی دیموکرات (لیبەراڵەکان) FDP: بۆ ئەم پارتەش وەک سەوزەکان بە ئاشکرا ئەڵمانیا وڵاتی کۆچھێنانە، لەبەرئەوە پێویستیی بە رێساو پلانی روون ھەیە. ئەو کەسانەی، کە ھەلی کاریان بە ئاسانتر بۆ دەڕەخسێت، دەبێ بتوانن بە (Blue Card - كارتی شینی ئەوروپی) روو بکەنە ئەڵمانیا. بۆ ئەوانەی کە ئەو چانسەیان نیە، دەکرێت لەڕێی سیستمی خاڵ کۆکردنەوە وەک شێوازی کەنەدا بە شێوەیەکی سنوردار دەرفەتی ھاتنیان پێ بدرێت. ئەو پەنابەرانەی کە بەھۆی شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکانی خۆیاندا ھەڵھاتوون و روویانکردوهتە ئەڵمانیا، دەبێت بە خێرایی و نابیرۆکراسی مافی مانەوەیان بە شێوەیەکی کاتیی پێبدرێت. ئامانجێکی تری ئەم پارتە فراوانکردن و خێراترکردنی کارەکانی رێکخراوی پارێزگاریی سنوری وڵاتانی یەکێتیی ئەورپایە (Frontex)وە دەیەوێت ئەرکی رزگارکردنی کۆچبەران لە دەریاکانی ئەم سنورانە بخاتە ئەستۆی ئەم رێکخراوە. * پارتی چەپ (Die Linke): لە بەرنامەی ھەڵبژاردنەکەیدا داوا دەکات ھەموو ئەو دانیشتوانەی ئەڵمانیا کە مافی درێژخایەن یان ھەمیشەیی مانەوەیان ھەیە، مافی ھەڵبژاردن و تەنانەت خۆکاندیدکردنیشیان پێ بدرێت. دەیەوێت پرۆسەی دانپێدانان و قبوڵکردنی بڕوانامەی بیانی باشتر بکات، تا ئەو کەسانەی خاوەن رەگەزنامەی وڵاتێکی ناو یەکێتیی ئەوروپا نین کارئاسانیان بۆ بکرێت و بتوانن لە بواری کاری خۆیاندا دابمەزرێن. ئەم پارتە بە پێچەوانەی پارتی ئازادی دیموکراتەوە دەیەوێت پارێزگاریی سنوری وڵاتانی یەکێتیی ئەورپا ھەڵبوەشێنێتەوە و بەتەنھا پرۆگرامێکی مەدەنیی ئەوروپی بۆ رزگارکردنی کۆچبەرانی دەریا جێگەکەی پڕبکاتەوە. ناردنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی خۆیان چەپەکان بە موتڵەقی رەتدەکەنەوە. * پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD): راسترەوەکان لە سیاسەتی کۆچ و پەنابەریدا گرەو لەسەر داخستنی سنوری ئەڵمانیا دەکەن بەرووی کۆچبەراندا. پەیماننامەی پەیوەندیدار بە رەوشی ئاوارەکان، کە لە ساڵی ١٩٥١ بەستراوەو بە پەیماننامەی جنێف ناسراوە، ئەم پارتە دەیەوێت ھەڵیبوەشێنێتەوە و بەشێوەیەکی زۆر توند مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکات و وەرگرتنی ئاوارە و بواردان بە کۆچھێنان زۆر قورس بکات. ھەروەھا لە بری ئەوەی ئەڵمانیا ئاوارە و پەنابەر وەربگرێت، دەیەوێت یارمەتیی مرۆیی بۆ ئەو ناوچە قەیراناویانەی کە ئاوارەکانیان لێوە بەرەو ئەڵمانیا ھەڵدێن بنێرێت، تا بەوە رێگری لە ھاتنیان بکات. دەبینین بەرنامەکان چەند ھەمەڕەنگ و گشتگیرن، ھاوکات لە شەقامیشدا چەندین بۆچوون و خواستی جیاواز ھەن لەمەڕ ئەم پرسە، ھەر لە چەپترینەوە ھەتا راستڕادیکاڵترین. دواجار دەنگی زۆرینەی گەل حسابەو بڕیاری چوار ساڵ شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات، ھاوتەریب یەکلاکردنەوەی بەرنامەی سیاسەتی کۆچ و پەنابەری دەدات. چەند ئامارێکی پەیوەست بە بابەتەکەوە: * رێژەی دانیشتوانی ئەڵمانیا بەپێی سەرژمێریی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٨٣،١٥ ملیۆن بووە (سەرچاوە: ویکیپێدیا) * نزیکەی ١١،١ ملیۆن بەڕەچەڵەک بیانی لە ئەڵمانیا دەژین، کە ھەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانین (سەرچاوە: سایتی خزمەتگوزاریی مێدیا بۆ کۆچ) * نزیکهی ١٠،١ ملیۆن کەس لە ئەڵمانیا دەژین کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەڵمانی نین. (سەرچاوە: سایتی خزمەتگوزاریی مێدیا بۆ کۆچ) * لە رێککەوتننامەی ھاوپەیمانێتی بۆ پێکھێنانی حکومەت لەنێوان Die Union و SPD ھاتبوو کە ساڵانە ١٨٠ ھەزار بۆ ٢٠٠ ھەزار کۆچبەر وەبگرێت، بەڵام لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەنھا ٤٧٤٠٠ وەرگیراون (سەرچاوە: فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران BAMF) * ساڵانە ئەڵمانیا پێویستی بە ٤٠٠ ھەزار ھێزی کارە، کە لەدەرەوەی وڵاتەوە بێن- مەبەست لە پەنابەر نیە، بەڵکو ئەکادیمی و شارەزای بوارێکی کار (سەرچاوە: ئاژانسی فیدراڵ بۆ کار BA).
فەرحان جەوهەر ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، پەرەگڕافی کۆتایی وتارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆلە رۆژنامەی تایمزی لەندنی بڵاوی کردۆتەوە. هەموو سیاسیەک هەڵە دەکات، وەک چۆن هەموومرۆڤێکیش هەڵە دەکات، هەروەها هیچ پلان و بەرنامەیەکیش نییە، گەڕانتی سەرکەوتنی پێشوەختەی کرابێت، چونکە زەمەن و رووداوەکان کاریگەریان هەیەو زۆرجار پێشبینی کراونین، ئەوەی نێچیرڤان بارزانی مەبەستیەتی لەم وتارەدا روونی بکاتەوە، ئەوەیە کە بەرای گشتی وفەرمی سیاسی ئەوروپا بڵێت مەرج نییە، هەموو دەست وەردانێکی سیاسی لە کاروباری وڵاتان هەڵە بێت، ئەوەی سی ساڵ بەرلە ئێستا بۆ کوردستانتان کرد و نەوای ئارامتان بۆ دروست کردین، سەرکەوتنی هێناوە و گەلێکتان لە جینۆساید کردن پاراست، دواتریش ئەم گەلە توانی هەڵبژاردن بکات و داودەزگای یاسایی و حکومی دامەزراند، بووە لانەیەکی ئارامیش بۆ ملێۆنان ئاوارەی سوری و عێراقی، هەروەها پێکەوە ژیانی ئاینە جیاوازەکان و دابین کردنی ئازادی بیروڕاو فرەلایەنی سیاسی. نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بە ئینگلیزەکان و لە رێگای ئەوانیشەوبە هەموو کۆمەڵگەی نێدەوڵەتی بڵێت مەرج نییە، هەموو دەست وەردانێک لە کاروباری وڵاتە ستەمکارەکان بۆ رزگارکردنی گەلانی ئازادیخواز، ئەنجامەکەی وەک ئەفغانستان بێت و سەرکەوتن بەودەست نەهێنێت، هەرێمی کوردستان نموونەیەکی زیندوو سەرکەوتووە، و داوایان لێدەکات بەردوام بن لە هاوکاری کردنی، ئەو سەرکەوتنەی بەهۆی ئەم دەست وەردانەی کۆمەلگەی نێودەوڵەتی دروست بووە بە گرنگ بزانن، هەروەک چۆن ئەو هەڵانەی کراویشن لە ئەنجامی دەست وەردانی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان شایانی لێ فێربوونن، بۆیە حەق نییە بەیەک چاو سەیری هەردوو ئەزموونی کوردستان و ئەفغانستان بکرێ، لە کوردستان سەرکەوتنی وەدەست هێناوە، لە ئەفغانستانیش شکست. سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کات و ساتەدا بۆ لەندەن، وەک یەک لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی بڕیای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی هەرە سەرەکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بایەخ و مانایەکی زۆری هەیە، یەک لەو رەهەندانەی ئەو سەردانە ئەوەیە کە پەیوەندی سیاسی و دبلۆماسیەتی هەرێم لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، هەروها جێگای گرنگی پێدانەودەیانەوێت هەرێمی کوردستان بە یەکگرتووی وبەبەهێزی لەنێوچوارچێوەی عیراقدا هەبێت، هەروەها رەهەندێکی تری ئەم سەردانە لەم کاتەدا ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوای کشانەوەیان لە ئەفغانستان دەیانەوێت پێمان بڵێن ئەزموون ودۆخی ئێوە جیاوازەو بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنتان، هەروەها لایەنکی تری ئەم شێوە ئاست بەرزە لە پێشێوازی کردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرفان بارزانی پەیوەستە بەو سیاسەتە سەرکەوتووانەی کە سەرۆک پەیڕەوی دەکات چ لەسەر ئاستی دەروەوبێت یا لەسەر ئاستی ناخۆبێت.
د. شێركۆ عهبدوڵڵا- رۆژانه تایبهت له (درهو) دهینوسێت -خوشكم قیروسیای لێ بكە ، چی ئەبێ با ببێ. +تێ ناگەم ، چی بکەم یەعنی ؟ - بەبێ مکیاج بڕۆ بۆ بازاڕ. *** - ڕاستە ئەم چەند ساڵە تەندروستی زۆر گەشەی کردوو؟ + بەڵێ ئەی چۆن! بەتایبەت سەلاجەکانی طوب عەدلی. *** ئیتر بۆڵە بۆڵ واز لێ بێنە . شوکور ئێستا هەموو کوردێک دانەیەکی هەیە . +خانوو ؟ -نەخێر کەپڵ، عەفو بڵێم فەیسبوک . *** -تێناگەم بەڕاستی. بۆچی هەرکەسێکم خۆش بوێ سواریسەرم ئەبێ ؟ + لەبەر ئەوەی هەرکەسێک ئیحتیرامی گرتیت سواری سەری ئەبیت. *** - بەخوا ئیشێکی پیاوانەیە، خەریکە ئەڕوات؟ +کێ؟ - جەنابی کاک نا هاوین **** - ئەرێ ئەوە بۆ مەعاشی ئازادی سەگرمەیان ڕاگرتووە؟ + نازانم ، ئەڵێن شایەتی نییە کە پێشمەرگە بووە. *** - باشە بۆچی تاڵیبان مافی ژنان ئەخاتە ژێر قۆنەرەکانییەوە؟ + حەتمەن خەلەلێک هەیە ، ئەگینا قەت ئەوە تاڵیبان نی یە. *** - ئەوەندە بێشعورە ناوی ناوە کاولبووەکە. +داوەشێ یاخوا ، بەم کاولبووە وا ئەڵێ؟ *** - ئەوەی نەزانێ بێ ئەقڵە چییە؟ + بێ ئەقڵ توان دوو. *** - کۆرۆنایەتی و دەمامک نابەستێ ، چی لێ بکەین؟ + زەنگوڵەیەک بکەنە ملی
هیوا سەید سەلیم مانگی ڕابردوو لە هەولێر سەرکردەیەکی دیاری حزبی دیموکراتی کوردستان ( رۆژهەڵات) تیرۆر کرا، دوای دوو رۆژ تەرمەکەی لە هوتێڵێکی شار دۆزرایەوە. هەروەها لە سلێمانی بە رۆژی ڕووناک لە نزیک بنکەیەکی پۆلیسی ئەو شارە کادیرێکی سڤیلی سەر بە پەکەکە دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولە و شەهید دەکرێت. هەردوو کردەوەکە دەچێتە چوارچێوەی تیرۆری رێکخراو، چونکە لایەنێکی دیاریکراو پلانی بۆ داناوە، کە ئامانج لێی تەسفیەی جەسەدیە دژ بە کەسانێک کە جیاوازی سیاسیان لەگەڵ بکەری ئەو تاوانە هەیە. شایانی باسە ساڵانێک بوو لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ساڵانی سەرەتایی راپەڕینی ١٩٩١ تیرۆری سیاسی بەو شێوازەی ئێستا پەیڕەودەکرێت بەرەو کەمبوونەوە دەچوو. بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەویە کە بەداخەوە ئەو دیاردەیە خەریکە لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەداتەوە. لەو چەند ساڵەی دواییدا، وڵاتانی دەوروبەر، بە تایبەت تورکیا و ئێران، بۆ تەسفیەکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەنایان دەبردە بەر بە ئامانجگرتنی بارەگا و کەسایەتیە سیاسیەکان، لە رێگای بۆردومانی مووشەک، هەروەها بۆردومانی فرۆکەی جەنگی و درۆن. جێگای ئاماژەیە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەکانی هەریەک لە تورکیا و ئێران. بۆ ئەم مەبەستە تورکیا بنکەو بارەگا سەربازیەکانی لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت بۆ ڕاوەدوونان و تیرۆرکردنی نەیارەکانی. بە هەمان شێوەی تورکیا، ئێرانیش لە پەنابردنە بەر تیرۆری سیاسی نەک هەر بنکەو بارەگاکانی لە هەرێم خستۆتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی، بگرە کەناڵە دبلۆماسیەکانیشی بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنێت. هەڕەشەکانی ئەو دواییەی بەرپرسانی ئێران بۆ سەر لایەنە ئۆپزسیۆنەکانی، کە وەک پەنابەری سیاسی بە پێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکان بوونیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەچێتە چوارچێوەی پلانێکی رێکخراو بۆ پیادەکردنی تیرۆری سیاسی. ئاماژەمان بە خواست و پلانی دووژمنان و داگیرکەرانی کوردستان کرد لە پەنابردنە بەر تیرۆری سیاسی، بەڵام لێرەدا گرنگە باس لە هەڵوێستی ناوخۆیش بکەین. شایانی باسە کێشە و ململانێ ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستان، زەمینەی جێبەجێکردنی پلانی دووژمنانی باشتررەخساندووە، بەشێوەیەک کە دوای شەڕی ناوخۆ دەوترێت هەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆنی سەر بە تورکیا و ئێران دابەشکراوە. بەڵام وا بڕوات، تیرۆری سیاسی ئەو دوو دەوڵەتە ئەو سنوورەش دەبەزێنێت، وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد، وا ئێران لە هەولێر و تورکیا لە سلێمانی تیرۆری رێکخراو ئەنجام دەدەن. ماوە بڵێین تەڕانتێنکردنی ئازادانەی دەزگا جاسوسیەکانی ئەو وڵاتانە لە هەرێمی کوردستان، بۆتە هەڕەشەی جددی بۆسەر ئەو هێز و لایەنە سیاسی و کەسایەتیانەی لە هەرێمی کوردستان داڵدەدراون. واش بڕوات تیرۆر ناو ناوبانگی هەرێمی کوردستان زیاتر لەکەدار دەکات، بەتایبەت کە ناتوانرێت رێگری لە تیرۆری سیاسی ئەو وڵاتانە بکرێت.
ئاسۆ حاجی رەخنەکان لە ناوەڕۆکی سەردانەکە نیە کە بەرهەمی دونیابینی و لێزانی نێچیرڤان بارزانیە، وەک کەسایەتیەکی کاریگەر لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بەڵکو رەخنەکان لە شێوازی مامەلەکردنی میدیاییە لەگەڵ ئەو بزاڤە دبلۆماسی و سیاسیانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رەنگە دەستەواژەی ‘رەخنە’ هەندەک توند بی و سەر و دڵی هەندێک کەسیش بگری، بۆیە دەکرێ دەستەواژەی ‘تێبینی’ لە جێگای دابنێین: یەکەم، بۆتە چیڕۆکێکی دووبارە کە سەرکەوتنی هەموو سەردان و بزاڤێکی دبلۆماسی لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کورت بکرێتەوە، چونکە هەڵکردنی ئاڵا رێکارێکی پڕۆتۆکۆلیە و بە گوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاقی فیدڕال، دان بە ئاڵای کوردستان نراوە، ناکرێ وڵاتان لە پێشوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان هەر بەرپرسێکی دیکەی پلە باڵا نادیدە بگیرێ و ئەو خاڵەی پڕۆتۆکۆڵ جێبەجێ نەکرێ، بۆیە دەبێ هەڵنەکردنی ئاڵا ببێتە جێی سەرنج و قسە لەسەر کردن. دووەم، زوو داپۆشینی ئەو سەردانانە لە رێگای هەلمەتی سۆشیال میدیا، کە زیاتر خۆی لە ستایشکردنی کەسی دەبینێتەوە و هەوڵ دەدرێ ئەو کارە مەزنانە لە چەند پۆستەرێکی بێ گیان و هەندێک دەستەواژەی قەبەی بێ ناوەڕۆک گچکە دەکرێنەوە، ئەو هەلمەتانە رێکخراو و ئاراستەکراون، لە رووی ژمارەوە رەنگە بتوانن رووبەرێکی گەورە بگرن لە دونیای گریمانەیی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، بەڵام لە واقیعدا دەرئەنجامەکەی بە پێچەوانە دەشکێتەوە، چوونکە لادانی سەرنجی خەڵکە لە سەر ناوەڕۆکی بابەتی سەردانەکە لابدرێ بۆ سەر هەندێک وشە و دەستەواژەی دروشمبازی و پێهەڵگوتنی کەسی. سێیەم، ئەو کەرستە و ئامرازانەی بۆ هەڵمەتەی مارکێتینگەکە بەکاردێن، ئامراز و کەرستەی بەردەوام تاقیکراوەن، کە لە هەموو چالاکیەک بەکاردەهێندرێنەوە کە بریتین لە گروپ و کەسانێک لە رێگای چەند ئەپلیکەیشنێکی سۆشیال میدیا رێکخراون وەک(واتس ئاپ، ڤایبەر، تەلەگرام و هتد) و لە رێگای ئاگادارکردنەوە هەموویان یەک بابەت بە یەک شێواز و ناوەڕۆک بڵاو دەکەنەوە، کە زۆرینەیان وەک ئەرکی حیزب یان کار پێیەوە پابەندن، بۆیەشە هەر سەردانێکی گرنگی کاک نێچیرڤان بێت یان هەر بەڕێزیکی دیکە بێت، لە چوارچێوەی ئەندامانی حیزبێک دەخولێتەوە و وەک چالاکیەکی حیزبی بەرخوردی لەگەڵ دەکرێ. لێکەوتەکانی ئەو جۆرە مامەلەیە رێگر دەبن لە چەند شتێکی گرنگ،لەوانە: - کەسانێک کە لە دەرەوەی حیزبی سەرۆکی هەرێمن ئەگەر خوێندنەوە و لێلدانەوەی پۆزەتیڤ و گرنگیان بۆی هەبێت، رەنگە خۆیان دوورە پەرێز بگرن لە ترسی ئەوەی کارەکەی ئەوانیش نەچێتە نێو ئەو هەلمەتە میدیاییەی لە سەرەوە باسمان لێوە کرد. - ئەو کەرستانەی لەو هەلمەتە سۆشیال میدیایانە بەکاردەهێندرێن(ئەندامانی گروپە رێکخراوەکانی سەر ئەپلیکەیشنەکانی سۆشیال میدیا)، لە هەمان کاتدا بۆ بابەتی دیکەش بەکاردەهێندرێن کە کەسانی دیکە کاریگەری ناو حیزب یان خودی حیزبەکە پێویستی بە هەبوونیانە و لە بابەتی دیکە بەکاردەهێندرێنەوە، ئەوەش تێکەڵەیەک دروست دەکا و پەیام و ناوەڕۆکی چالاکیەکە بەباشی ناگات، چونکە وەک بابەت و پرسێکی جدی مامەلەی لەگەڵ ناکرێ بەڵکو وەک ئەرکێکی رۆتینی و بابەتێکی کاتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. - لە سەردەمی ئێستا خەڵک زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری زانین(مەعریفە) نەک زانیاری(معلومە) چونکە کۆمەڵگەی دونیای ژمارەیی (ئەنتەرنێت) کۆمەڵگەی مەعریفیە نەک مەعلومە، ئەوە لە رێگای کەلەکەبوونی زنیاریەوە دروست دەبێت( کەلەکەبوون بە مانای دووبارەبوونەوە نایێ بەڵکو بە مانای زۆربوون دێ) ئەوەی بۆ سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێ تەنها دووبارەکردنەوەیە(کۆپی پێست) نەک زۆرکردنی زانیاری. گرنگترین خاڵ لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دەکرێ لە یەک دێڕی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە زلهێز و کاریگەرە کورت بکەیەنەوە کە گوتی:”پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ تۆ و وڵاتەکەت ئێجگار گرنگە”. ئەوە گۆڕانە لە دونیابینی بەریتانیا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و عێڕاق شتێکی نوێیە و لە ئایندە رەنگدانەوەی لە زیاتر بەهێزبوونی کوردستان دەبێت لە ناوچەکەدا.
رێبوار کەریم وەلی ھەر لە دروستبوونی یەکێتییەوە لە ١٩٧٦ تا ئێستا، تورکیا قەت پەیوەندییەکی سەقامگیری لەگەڵ یەکێتیدا، نەبووە. سەرەتای بەریەککەوتنەکە لە ھەککارییەوە دەست پێدەکات کە تورکیا لە رێگەی عەشیرەتە چەکدارەکانی کوردی باکورەوە پاڵپشتیی لە قیادەی موەقەت کرد بۆ قەڵاچۆکردنی ئەو ھێزە مارکسییەی کە بنەکەکەی لە سوریا بوو. * ئەو نزیکییەی پارتی لە تورکیاو ھێزە میلیشیاکانی باکور، وایکرد کە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و پەکەکە لە سەرەتای ھەشتاکان سەر نەگرێت و، پەکەکە لە سوریاو بیقاع لە یەکێتی نزیک بێتەوەو بنکەکانی یەکێتی بوونە پەناگەی ھێزە کوردییە مارکسییەکانی تورکیا. بە راددەیەک کە ئەو چەک و تفاقەی یەکێتی لەو رۆژانە لە لیبیاو شوێنی دیکە دەستی دەکەوت، لەگەڵ ئەواندا بەشی دەکرد. * دۆستایەتییەکی نزیک و ستراتیژیی رانەگەیەندراو لە نێوان یەکێتی و پەکەکەدا ھاتە ئاراوە کە تا ساڵی ١٩٩٢ درێژەی کێشا. ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک بۆسەر خواکورک و گوتارە مێژووییەکەی تاڵەبانی لە پەرلەمانی کوردستان و، بەشداریی کارای یەکێتی و پارتی لە لێدانی پەکەکە، کۆتایی سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکانی پەکەکەو یەکێتی بوو. * لە ١٩٩١ تاڵەبانی بە ھاوکاریی دۆستە نزیکەکەی جەنگیز چاندار، خۆی لە تورگوت ئۆزاڵ نزیک کردەوە. دیدارە مێژووییەکەی ئۆزاڵ و بەرەی کوردستانی سەرەتای ئەو گۆڕانە بوو کە لە زیھنی تاڵەبانی بەرامبەر بە پەکەکە دروست بوو. یەکێتی لە لایەک بە ھەموو ھێزییەوە شەڕی پەکەکەی کرد لە ١٩٩٢و لە لایەکی دیکەشەوە تاڵەبانی رۆڵی ناوبژیکاری لەنێوان تورکیاو ئۆجەلاندا بینی، تا مردنی ئۆزال و کۆتایی پڕۆسەکە لە ١٩٩٤. لەو ساتەوەختانەدا، پەکەکە بە شێوەیەکی جددی ناوچەی ژێر نفوزی یەکێتیی بۆ خۆڕێکخستن بەکار دەھێناو دەیان بارەگای ئاشکراشیان لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستاندا ھەبوو. * سەمرا ئۆزاڵ جارێکیان پێی گوتم ئۆزاڵ بە تاڵەبانیی دەگوت چێرچڵی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زیاتر متمانەی بە بارزانی بوو و دەیگوت راستگۆیە لەگەڵ بەڵێنەکابیدا. * رۆڵی ناوبژیکارانەی یەکێتی لە کێشەی کورد لە تورکیا کۆتایی ھات و لە کوردستانیش شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی دەستی پێکرد. ھێزە چەککراوەکەی پەکەکە لە شەڕی خواکورک کە بەسەدان گەریلا بوون لە سەر خواستی یەکێتی لە کەمپی زەڵێ لە سەر سنوری ئێران جێگر کران و حەرەس و قەرەقوڵیان بۆ دانان. * گۆڕانی تەرازووی ھێز لە ١٩٩٦ بەلای پارتیدا، پاکتاوکردنی پەکەکە لە ھەولێرو ھاوکاریی بێ قەیدو شەرتی پارتی لەگەڵ تورکیا بۆ لێدانی پەکەکە لە قوڵایی ٧٠ تا ٨٠ کیلۆمەتریی خاکی کوردستان کە پێچەوانەی رێککەوتنی ئەمنیی عێراق و تورکیاش بوو، پارتیی لە تورکیاو، پەکەکەو یەکێتیشی کردە ھاوپەیمان. پەکەکە لەو ساتەوەختەدا، لە لایەک بە چەک و پارە ھاوکاریی یەکێتیی دەکردو لە لای دیکەشەوە لە قوڵایی بادینان ھەڵیدەکوتایە سەر پارتی و بەرەی جەنگی لێ فراوان دەکرد. * ئیتر کەمپی زەڵێ چۆڵ ببوو و پەکەکە بۆ لێدان لە شادەماری ھاتوچۆی پارتی بۆ ئێران، لە داوێنی قەندیل و موسەیتەر بەسەر رێگەی ھامڵتۆن جێگیر ببوون. تا ئەیلولی ١٩٩٨ کە رێککەوتنی واشنتۆن ئیمزا کرا، ھاوپەیمانیەتیی پەکەکە و یەکێتی بەرقەرار بوو. دەستگیر کردنی ئۆجەلان لە شوباتی ١٩٩٩، سام و ھەیبەتی پەکەکەی شکاند، بە تایبەتیش کە یەکێتی و پارتی لە دانوستانی ئاشتیدا بوون، ئیتر پەکەکە بۆ یەکێتی ھیچ بایەخێکی تاکتیکیشی نەمابوو. سەرباری ئەوەش پەکەکە لە ناوچەی سەوزدا بە سەدان بارەگای سەربازی و سیڤیلی ھەبوو و بە ھەزاران گەنجی توڕەی باشور دەستە دەستە پەیوەندییان پێوە دەکردن. * تاڵەبانی لە ١٩٩٩دا، لاپەڕەیەکی نوێی لەگەڵ تورکەکاندا کردەوە. لە بەرامبەر وەرگرتنی دارایی مانگانە شەش ملیۆن دۆلارو سەدان ھەزار تۆن ئازوقەدا، بەڵێنی بە تورکیا دا کە ناوچەکەیان بۆ لە پەکەکە پاک بکاتەوە. ھەم تورکیای رازی دەکردو ھەم نفوزی پەکەکەی لە زۆنی سەوزدا، قەڵاچۆ دەکرد. سەرەتای سەردەمێکی زێڕین لە نێوان تورکیا و یەکێتی و، یەکەم بەرەوڕووبونەوەی یەک بە یەکی پەکەکەو یەکێتی لە مێژووی دروستبونیانەوە. * یەکێتی بەسەر پەکەکەدا، سەرکەوت و توانی لە ناوچەیەکی جوگرافیدا، قوفڵیان بکات، بەڵام ھەڵقەندنی رەگوڕیشەیەی پەکەکە لە قوڵایی سنوری دەسەڵاتی یەکێتیدا، کە لە دوو دەیەدا، دروستی کردبوو، زەحمەت بوو. * بارەگای میت لە سەرچنارو نوێنەرایەتیی یەکێتی لە ئانکارا کرایەوە. یەکێتی ھەوڵی بەدەستھێنانی دڵی بەرەی تورکمانیی دەدا کە دڕودۆنگ بوون لە پارتی و، لە کۆیە زەوی بەسەردا دابەش دەکردن! ساڵە ھەنگوینییەکان دەستی پێکردبوو. * ٤ی تەمموزی ٢٠٠٣ خاڵی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو یەکێتی. لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکادا، ھێزێکی ئەمریکی بە ھاوکاریی دژە تیرۆری بافڵ تاڵەبانی ھەڵیانکوتایە سەر بارەگای میت لە سەرچنار. ١١ سەربازی تورک تورگەیان کرایە سەرو بۆ ماوەی ٦٠ سەعات دەستبەسەر کران. بە گوتەی تورکەکان تاڵەبانی لە بەغدا زانیاریی ئەوەی دابووە ئەمریکا کە تورک بەتەمان پارێزگاری کەرکوک تیرۆر بکەن. کوڕەکەی تاڵەبانیش کە ڤیدیۆی تورەگە لەسەرکردنەکەی گرتبوو، دیمەنەکانی دایە مێدیا. تورک دەھری بوون و سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکان نەک ھەر لەگەڵ یەکێتی (کە قەت چاک نەبۆوە) بگرە تاڕاددەیەک لەگەڵ پارتیشدا، کۆتایی پێھێنا چونکە بۆ تورکەکان سەرشۆڕییەک بوو کە قەت نەیانتوانی تۆڵەی بکەنەوە. * دوای داگیرکردنی عیراق، پەکەکە ناوی خۆی گۆڕی و لە یەکی تەمموزی ٢٠٠٤ ئاگربەستی یەکلایەنانەی خۆی لەگەڵ تورکیادا، کۆتایی پێھێنا. پارتی ژێر بە ژێر لە ھەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا، بوو و پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەست ھێنا. سەرانی میت عەسکەر ھەر لەو ساڵەدا، چەندین جار لە پیرمام سەردانی بارزانییان کردو تەنانەت رەزامەندیی خۆیان لەسەر دەستوری داھاتووی عێراق و ستاتوی کوردستان بە فیدرالی لەگەڵ عێراق دەربڕی. * تاڵەبانی بۆتە سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام ھێشتا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا باش نین، لەگەڵ پەکەکە ئاشتیش نەبووبنەوە، ئاشتییەک لە نێوانیاندا، ھەیە. * لە ٢٠٠٧ دیسان تاڵەبانی باسی"پشیلە" دەکات و تورک ئاگریان لێدەبارێ. تورکیا لیستێکی لە سەرانی پارتی و یەکێتی دروستکردووە کە گوایە یارمەتیی پەکەکەیان داوەو داوای رادەستکردنیان دەکات بە تورکیا. لیستەکە ناوی مەسرور بارزانی و کەریم سنجاریشی تێدایە! تاڵەبانی دەڵێ" نەک ئەوانە، بگرە پشیلەیەکی کوردیش رادەستی توکیا ناکەین". * دژایەتیی تورکیا لەگەڵ تاڵەبانی لە ھەڵبژاردنەوەی تاڵەبانی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا بە تەواوی دەرکەوت. جەنگیز چاندار گوتی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو لەناو فڕۆکەدا بووم. لە بەریتانیا دەھاتینەوە. سەروبەندی دانانەوەی تاڵەبانی بوو لە ٢٠١٠. بە مندا پەیامی بۆ تاڵەبانی نارد کە خۆی ھەڵنەبژێرێتەوە، گوتی کە وەڵامی نامەکەم وهرگرتەوە شۆک بووم؛ قەت تاڵەبانی بەو زمانە تووندە وەڵامی تورکەکانی نەدابۆوە. کارگەیشتە ئەوەی کە تاڵەبانی ئامادە نەبوو لە سەفەرەکانی دەرەوەیدا، بۆ شەوێکیش لە ئیستانبوڵ کە لای ئەو جوانترین شاری دونیا بوو، لا بدات. * ئیتر قەت پەیوەندییەکان وەکو خۆی لێنەھاتەوە، سەرانی یەکێتی بەشداریی میتینگەکانی ھەدەپەیان دەکرد، تورکیا نوێنەرایەتیی یەکێتیی داخست و لە مەسەلەی سوریاشدا، یەکێتی لەپاڵ یەپەگەوە دژی تورکیا وەستا. یەکێتی لەشەڕی دژی داعشدا، ئەوەندەی مێدیاکەی لە خزمەتی لایەنە نەیارەکانی تورکیادا بوو، ئەوەندە لە خزمەت خۆیدا، نەبوو. * کورتبینییە ئەگەر رووداوی ٨ی تەمموزی ئەمساڵ وەکو کودتایەکی خێزانی سەیر بکرێت. بگرە رووداوێکی یەکجار فرەڕەھەندە کە روانگای ھەندێ لایەنەوە، ئەنجامدانی بەشێک بووە لە ستراتیژییەتی ئەمنی قەومیی کوردستان. بەو پێیەی کە ئاراستەی سلێمانی بۆ ھەمیشە رووی لە ھەولێرو لەوێشەوە بەرەو تورکیا بڕوانێ. ھەر بۆیە پەکەکە بەو عیلمەوە لەو ھاوکێشەیەدا، بووە تەڕەفێک و سنوری ناوبژیشی بەزاند. کوڕانی تاڵەبانی لە ھەوڵی بێوچاندان بۆ گۆڕینی ئەو قەزاوەتە مێژووییەی تورکەکان لەسەر یەکێتی و بنەماڵەکەیان ھەیەتی. بۆیە لە تەقەللای ھەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەن لەگەڵ تورکیادا. * پەکەکە قوڵاییەکی ستراتێژیی لەناوچەی نفوزی یەکێتیدا ھەیەو، وا بە ئاسانیش دەستبەرداری نابێت. بۆیە پەکەکەو یەکێتیی نوێ داخیلی قۆناغێکی دیکەی ململانێ دەبنەوە کە لە جاران جیاوازە. یەکێتی لەم ململانێیە نوێیەدا، بووەتە دوو بەش و یەکانگیر نییە. ئەوەش بۆ پەکەکە دەرفەتێکە کە بتوانێ بە رای گشتیی ناوخۆی یەکێتی شەڕی کوڕانی تاڵەبانی بکات. ئەم ململانێیە دەگاتە ئاستی بەرەوڕووبونەوەی چەکداری یان لەو ئاستەدا بەردەوام دەبێ؟ پرسیارێکە کە پەیوەستە بە ھەنگاوەکانی داھاتووی ئەو یەکێتییە نوێیە لەگەڵ پارتی، راددەیەی ھاوکارییان لەگەڵ تورکیاو جۆرو ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا. بۆیە سەرەتای ململانێیەکی قوڵی کوڕانی تاڵەبانییە لەگەڵ کۆمەڵێک ئەتڕافدا کە دەبێ بتوانن ئەو بەڵانسە بپارێزن، دەنا ناوچەکەیان دەبێتە مەیدانی شەڕێکی خوێناوی.
دانا حهمهعهزیز ١- ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ١٩٧٨ ڕێکكەوتننامەی سەرەتایی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و میسر بە ئامادەبونی جەیمی کارتەری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا لە کەمپ دەیڤدی واشنتن ئیمزا کرا. ڕۆژی ٢٦ ئازاری ١٩٧٩ش هەردولا پەیمانی ئاشتی کۆتاییان ئیمزاکرد، بەو پێیە ئیسرائیل بە چەند قۆناغێك لەماوەی سێ ساڵدا هەموو نیمچە دورگەی سینای بەجێهێشت کە لە شەڕەکانی ١٩٦٧و ١٩٧٣دا داگیری کردبوو. ئەنوەر سادات جێنەراڵیکی سەربازی بەتواناو سەرۆکێکی سیاسی بە ئەزمون بوو، لە شەڕی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣شدا هەندێك سەرکەوتنی دیاریکراوی لە سینا بەسەر سوپای ئیسرائیلدا بەدەستهێنابوو. ئەمەش بوو بە کلیلی کرانەوەی دەروازەی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیلدا، وتوێژەکان لەسەرەتاوە بەنهێنی لە ڕێگەی شای ئێران و شای مەغریب و چاوسیسکۆی ڕۆمانیا وە بەڕێوە ئەچوون، دواتر لە دەسپێشخەرییەکی مێژوویدا سادات خۆی چو بۆ ئیسرائیل! مناحێم بێگن ڕاستڕەوێکی توندڕەوی جولەکە بوو، بەڵام ئازایی سادات و دەسپێشخەریەکەی بۆ داننان بە ئیسرائیلدا بەرامبەر ئاشتی و ڕێکكەوتن لەگەڵ عەرەبدا، دەرفەتی بۆ بێگن و بۆ کارتەر نەهێشتەوە. ئەوکاتە، سادات پەیوەندی کرد بە گشت سەرکردەکانی عەرەبەوە، لە حافز ئەسەد پاڕایەوە کە چۆن بەیەکەوە شەڕیانکردووە، با بەیەکیشەوە بە ئاشتی ئیسرائیل لە خاکەکەیان دەرکەن بە قودس و جۆلانیشەوە. بەڵام سەرانی عەرەب و ئیخوانەکانی میسر، ساداتیان بە خیانەتکار ناوبردو بارەگای جامعەی عەربیشیان لە قاهیرەوە گواستەوە بۆ تونس. سادات، بەئاشتی سینای لە ئیسرائیل سەندەوە کە سێ ئەوەندەی ڕوبەری ئیسرائیلە، بە متمانەبونێکی زۆریشەوە، سور بوو لەسەرئەوەی کە باشترین بڕیاریداوەو، ڕۆژێك دادێ ئەبێ عەرەب مەمنونی جولەکە بێ ئاشتی لەگەڵدا بکات بەڵام بەرامبەر بە هیچ! ٢- چوارساڵ لەمەوبەر ڕێك چل ساڵ بەر لە دەسپێکردنی وتوێژی نهێنی سادات و جولەکە، سەرکردایەتی کورد خراپترین ڕیگەی گرتەبەرو، بە فیتی تورك و لەخۆشی پارەی نەوت و بازرگانیی، بڕیاری ڕیفراندۆمی دا لەکاتێکدا کە هێشتا عێراق خوێنی لێ ئەچۆڕاو شیعە لە گەرمەی شەڕی داعش دا بوو. ڕاستە ڕیکكەوتننامەی نهێنی هەولێرو ئانکەرە دەسکەوتی بازرگانیی زۆری بۆ پارتی و زەمانەتی مانەوەی بۆ بەڕێز بارزانی دابینکردووە، بەڵام تورك جگە لە کۆتایهێنان بە بزوتنەوەی سیاسی کوردو پرسی کورد لە هەر چواربەشەکەی کوردستان، هیچ سازشێکی تری قەبوڵ نیە. لەم بەینەدا ڕاستییەکی مێژوویی تاڵ هەیە، هەموو بزوتنەوەی سیاسی و چەکداریی کورد لە ماڵی شیعەو بەپشتیوانی ئێران و سوریا دروست بووەو پشتیوانی کراوە بە پارتی و یەکێتی و پەکەکەشەوە! پارتی و بارزانی وا دەرئەکەون کە لە هەموو کات بەهێزترن، بەڵام بۆ کورد ئەو ڕۆژە لە هەموو کات نزیکترە، کە ئەبێ بە مەمنونی و بەخۆڕایی باوەش بە شیعەدا بکات، بەڵام وەكو ئەوەی ئێستای عەرەب، بیگومان بەخۆڕایی و بەبێ قودس و بەبێ کەرکوك و بەبێ هیچ!
زەبەنگ بەهادین بانگەشەی هەڵبژاردن لە سیستمی دیموکراتی حوکمداریدا شێوازی پەسەند کراو مافی یاسای تاکەکان و حزبەکانە بۆ نیشاندانی بەرنامە و پرۆگرامی تاکەکان و حیزبەکان هەرەوەها نیشاندانی هێلی کارکردنیانە لە چوار چێوەی هزری تاک و مانفیستی حیزبەکەدا ، تۆپیکی ووتارەکەم بە ووتەیەکی تۆدیور ئەدۆر دانا بۆ تێگەیشتن لە بریاردان و بۆ شێوازی بانگەشەی حیزبەکان لە هەرێمی کوردوستان و ماهیەتی راستەقینەی ئەم حیزبانە، ژیانی چەوت بە راستی ناژێندرێت ، ئەو حیزبانەی کێبرکێی کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن هەمان حیزب بوون پشتگیری ریفراندۆمیان کرد ئەمە دوالیزمی سەرەتای ئایدیای حیزبییە بەلام ئاخۆ کامیان راستە ئەو ناسیونالیستیەی پێشتر بانگەشەیان بۆ دەکرد یان ئەم فیدرالیەی رادەکەنەوە باوەشی، بێگومان بە تێرامان لە مانفیستێ ئەم حیزبانە دەبینی هیچ کامییان تەنانەت باسی دەولەتی کوردی لە پەیرە و پرۆگرامی حیزبیاندا نییە، تەنها ئەو کاتانە ئەم بابەتە وەک دروشم بەرز دەکرێتەوە کە پێویستیان پێیەتی، ئەمە وەک سەرەتایەک بۆ نیشاندانی سەرجەم دروشمەکانی دی کە بەرزی دەکەنەوە، ئەو ئازادییە بانگەشەی بۆ دەکەن ئەوەیە کە دەبینین لە گرتوخانەکانی بادیناندا لەسەر دەربرینی بیر و رای ئازاد چەند چالاکوان زیاندانی کراون، ئەو هەلی کار و یەکسانییە دەبینی لە هەرێمدا کە هێدی هێدی سیستمی ئابوری دەتوێننەوە لە سەرمایەداریدا، جیهان گیرۆدەی دەستی فینانسە ئەمان تازە لە رێگەی وەبەرهێنان و بە کەرتی تایبەتکردن دەیخەنە ناو کوردوستانەوە، دەیانەوێت تاک بکەنە کالا و نرخ و قازانجی کۆمپانیاکانی خۆیان بە پێی ئاستی بە کۆیلە بوونی تاکەکان دیاری بکەن، شیواندنی ناوی کاندیدی سەربەخۆ لە ژێر پالپشتی و ماسکی حیزبیدا، دیموکراتی بە تەنها هەلبژاردن نییە بەلکو شێواز و پێناسەی و پراکتیزەی هەلبژاردنەکەیە، لە ئێستاوە باسی نەهێشتن و داواکردنی نەکردنی تەزویرە تەنانەت لە لایەن سەرۆکی حیزبەکان، دەبێ بپرسین ئەی کێیە تەزویر دەکات ساختەی دەکات سندوقەکان لای کێن دەنگەکان کێ بەیانیان دەکات کێیە رێگا بە دەنگی زیادە و مردو دەدات هەموو ئەمانەمان لە هەلبژرادنەکانی پێشودا بینیوە و برواو متمانە نەماوە، لێرەوە ووتەکەی ئەدۆر دەبەستمەوە بە بابەتەکەوە کاتێک ئەم حیزبانە ژیانیکی چەوت و رەفتاری چەوت و ئاکامی چەوتیان هەبێت ناتوانن بە راستی بژێندرێن. بە مانا وا باشترە قسە نەکەن و بانگەشەی هەلبژاردن نەکەن چونکە ئەوەی ئاوان بانگەشەی پێوە دەکەن راستییە ئەمە نابێتە خواردنی چەوتی خۆیان دەبێت هەر زوو دوای تەواو بوونی پەرلەمان بیهێننەوە و لە ئێستاشدا کەسی هووشیار ئەو درۆیانەیان لێ ناکرێتەوە، بۆیە مافی تاکە خۆی بریار بدات ئاخۆ بەشداری ئەم شانۆگەرییە دەکات یان نایکات ، بەلام کاتی ئەوە هاتووە بایکۆتیش بکرێتە ئامرازێک و دەسەلات و جیهان تێبگەیەنرێت کە براواو متمانە نەماوەو دەبێت چەوتی بە چەوتی بژێندرێت و راستیش بە راستی.
هەندرێن شێخ راغب لەژیاندا بە وەفاترین هاوڕێكانمان هەڵەكانمانن، كە هەرگیز بەجێمان ناهێڵ. " أ.مادلین" ستەمكار لەپێناوی وەچنگ هێنانی بەری میوەیەك ئامادەیە درەختەكە لە رەگوڕیشەوە هەڵكەنێت. "مۆنتسكیۆ" خودا لەسەر خواردنی سێوێك ئادەمی سزا نەدا! لەسەر هەڵەكەی بوو. ئادەم هەڵە نەبوو لە خواردنی سێوەكە، هەڵە بوو لە هەڵبژاردنی درەختو شوێنی سێوەكە، كە خودا لەم درەختەدا قەدەغەی كردبوو ئادەم سێو بخوات. ئیدی لە باوە ئادەمەوە تاوەكو ئێستا پرسی هەڵەكردنو باجی هەڵەی مرۆڤ جەدەلی گەورەی ژیانو بیركردنەوەی مرۆڤە. هەمیشەش ئاین پێداگیری لە چاككردنەوەو رەوشتاندنی مرۆڤ كردۆتەوە، كە هەڵە نەكات هانا بۆ خودا ببا تا رێگای راستی نیشان بدات. كێمان هەیە بەردەوام ئەم پێدراوەی پێ نەدرا بێت كە رێگای راست لای خودایە. مرۆڤ بەهەڵەكانیەوە سیستەم و بەڕێوەبردنو چوارچێوەی ژیانی خۆی دروست كردووە، سێ هەزار ساڵە بیری مرۆڤ لە رێگای دیموكراتیو قسەكردن لەسەر ئازادی، خەریكی رێكخستنی هەڵەكانیو ژیانو بیركردنەوەی خۆیەتی. لە یۆنانەوە پێش زایین دیموكراسیو حوكمی مرۆڤ خۆی بابەتێكی گەشەسەندوو بووەو مرۆڤ بۆ ئەوەی یەكێك لە هەڵەكانی باش بكات، ئاینێكی وەرگرتوە، ئایدیاو بیروباوەڕێكی وەرگرتوە، زۆرن لەم بیروڕایانە ئەزمون كردوە وەك: سەدەكانی ناوەڕاست، رێنسانس، رۆشنگەری، مۆدێرنە، پۆست مۆدێرنە، عەلمانیەت، ماركسیزم، دیموكراسی، لیبڕاڵیزم، ناسیۆنالیزم....هتد، ئیدی تۆش دەتوانیت هەندێكی دیكە لەم چەمكانە زیاد بكەیت. دنیای ئەمڕۆ سەرقاڵی سیستەمێكی دیموكراتییە لە رێگای دەنگدانو بنكەی هەڵبژاردنەوە، لەوپەڕی راست بۆ ئەوپەڕی چەپ دێتە ناو كێبەركێی پرۆسەكە، كە هاوڵاتیانی نێو یەك چوارچێوەی دەوڵەتێك یان ناوچەیەك حوكمو دەسەڵاتو نەخشەی ژیانی خۆیان دروست دەكەن. بەڵام ئەوەی دەبێت لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە تەماعی ستەمكاریو خواردنی سێوەكەو دەست بردن بۆ حەرامەكان نەك نەوەستاوە، بەڵكو پاشەكشەیەكی وای نەكردوە، كە هەست بە سنورداركردنی بكەین. مرۆڤی ئێمە بەدەنگی خۆی داهاتووی خۆی لە قاڵب دەدات، دەنگی خۆیەتی بۆتە زنجیرو دەستوپێی دەبەستێتەوە. ئەمە بەوە بەراورد دەكەم كە سەرەتا ئاماژەم پێكرد، سێوخواردن هەڵە نیە، شكاندنی قەدەغەكە هەڵەیە، دەنگ دانیش هەڵە نیە، جۆری دەنگدانەكەت هەڵەیە. ئەم هێزو گروپانەی بە كردەوە ستەمكارەكانی خۆیان ژیان لە خەڵك حەڕام دەكەن، كەلێنی گەورە دەخەنە نێو ریزی چینو توێژەكانی كۆمەڵگاوە، شایستەی متمانە نین، بەڵكو دەبێت وەك شكاندنی قەدەغەی سەر حەڕامكراوەكان، باجی هەڵەكانیان بدەن. دیموكراسیو صندوقی هەڵبژاردن قەدەغە نیە، شێوەیەكە لە شێوەكانی هەوڵی مرۆڤ بۆ ئەوەی چوارچێوەیەك بۆ هەڵە خراپەكانی دابنێتو خۆ رێبەری خۆی رێكبخات. بەڵام كاتێك ناعەدالەتیو سەروەتو سامان دزینو ساختەكاریو دوژمنایەتی و رق و كینە جێگای هەستە باشەكان دەگرنەوە. ئەم گروپو هێزانە نەك هەر لەسەر قەدەغە شكاندنەكە دەبێت باجی هەڵەكانیان بدەن، بەڵكو وەك ئادەم لەسەر هەڵەكەی لەبەهەشت دەركرا، ئەوە پێویستە ئەوانیش لە پرۆسەكە دەربكرێن.
سەهین موفتی ئاپۆ، لە بادینان زیندانییە،؟ لەبۆیێ گەریلاکان، بۆمبێ لەسەر رێیێ ئەودەڤەرەی دا دەنێنەوە...! قۆستنەوەی نەهی کردن( حەڕام ) کردنی شەڕی ( کورد - کورد) لە لایەن رابەری نەتەوە( بارزانی )، خەریکە بە هەلی باش بزانرێت، بۆ بێ گیانکردن وشەهیدکردنی پێشمەرگەی بەرگریکاری کوردستان...! ئەز زێدەتر نانڤیسم، تەنێ بانگ ل سەرکرداتییان پەکەکێ و لایەنگرانێ وان دکەم، کو سەرهەڵدان ل جزیرو باتمان و ماردینێ پێتڤییە...! ئەگەرنا، پێویست ناکات هەرێمی کوردستان ببێتە باشووری( باکور)ێک، کە جورئەتی کوردبوون و سەرهەڵدانییان نەمابێت...!