Draw Media

پەیڕەو ئەنوەر پێناچێت کابوول بکەوێت! بەتایبەت کاتێک ئەمەریکا بڕیاردەدات ٥٠٠٠ سەرباز بنێرێتەوە بۆ راگرتنی کابوول. ئەڤغانستان زیاتر لە ٤٠ ساڵە وەک کۆمەڵگەی دوای جەنگ و ململانێ Post Conflict Society دەردەکەوێت. سەرەتا سۆڤیەت لە جەنگی سارددا دەیکات بە مەیدانی جەنگ. دواتر تاڵیبان! لەکۆتاییدا ئەمەریکا دەیەوێت لەڕووی سیاسییەوە مۆدێرنی بکاتەوە. تا ئەم چرکە ساتە چەکدارانی تاڵیبان لەهەموو گۆشە و لایەکەوە لە پێشڕەوی، هێرشکردن و گلدانەوەی پانتاییدان. ئەم لاوازبوونەوەی حکومەتی ئەڤغانستان چەندین مانا دەبەخشن! گرنگترینیان: ١-بنیاتنانەوەی ئەڤغانستان لەناوخۆ خەیاڵ و فووتێکردنێکی گەورە بوو. ئەمەریکا و هاوپەیمانان پاڵنەربوون بۆ بنیاتنان، رێکخستنی کۆمەڵگە و پەیوەندیکردن بە دۆخی مەدەنیبوونەوە! وێنەکە لای حکومەتی ئەڤغانی شتێکی تر بوو. هیچ ویستێک نەبوو بۆ چوونە نێو ئەوم پڕۆژەوە! کایەی سوپا و سەربازی باشترین نموونەیە بۆ تێگەیشتن لەم پڕۆسەیە. ٣٠٠٠٠٠ سەرباز وەک ناو و موچە لەسەر کاغەز ئامادەیە بەڵام سەربازی فیزیکی و لەمەیدان کەمینەیەکی زۆر کەمن. ئەم دۆخە لە دەوڵەتی کرێخۆردا بووە بە دیاردە. عیراق بەهەمان مۆدێڵ رۆژانە سەربازی سەر کاغەز بەرهەمدەهێنێت.  ٢-نەتوانرا دەوڵەتسازی Building State و ناسنامە سەربخرێت لەو وڵاتەدا. هیچ گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نەیتوانی دۆخی مەدەنیبوون بێنێتەکایەوە. وەک تۆماس هۆبس دەڵێت<مرۆڤ گورگی مرۆڤە> هەموو گڕووپەکانی ئەڤغانستان هەڵگری ناسنامە و چوارچیوەی فکری جیاوازن و لەکاتی گەیشتن بەدەسەڵاتدا دەبن بە گورگی یەکتر. هەوڵدرا لەسەرەوە دیمۆکراسی بنیاتبنرێت، لەسەر ئاستی سندوق و فۆڕمی دەنگدان بەبێ بیرکردنەوە لە فەرهەنگی دیمۆکراسی! لەماوەی ٢٠ ساڵدا دەکرێت لەدامێنی کۆمەڵگەوە فەرهەنگێک دروست بکەیت دوو تیمی فوتبۆڵ بەشێوەیەکی دیمۆکراسی ددان بە ناسنامەی کۆمەڵایەتی یەکتر دابنێن. مەودای نێوان ئەڤغانستان و ئەمەریکا چەند کاتژمێرێکە بەڵام لەڕووی فەرهەنگی سیاسییەوە سەدان ساڵە. خەرجکردنی پارە بەتەنها لەسەرباز بەبێ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان سەرباز و کایەی مەدەنی ناتوانێت گەشەپیدانی سیاسی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.  ٣-فۆڕمی پەیوەندی نێوان <ناوەند و پەراوێز> گۆڕاوە. دەکرێت رۆڵ بە هێزە هەرێمییەکان بسپێردرێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشیاییەکە. کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەوە ناسراوە هەڵگری دینامیکییەت و گۆڕانی بەردەوامە، پرە لە جوڵە و رووداوی لەناکاو و تازە. چین، تورکیا و پاکاستان و چەند یاریزانێکی تر خۆیان ئامادەکردووە بۆ گەیشتن بە ئەڤغانستان بەتایبەت ئەو وڵاتە لەڕووی جیۆپۆلەتیک و چەند بوارێکی ترەوە زیندووە. چیڕۆکەکە بەرەو ئەوە دەچێت هێزە هەرێمییەکان ئاسایش و ململانێ هەرێمییەکان بەڕیوەببەن و ئەمەریکاش لەسەرووی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتییەوە پارێزگاری لە بەهاکانی بکات و نەهێڵێت لاوازتر بن و کاڵ ببنەوە. دیارە سەرباز بەلای ئەمەریکاوە چیتر ناتوانێت لەدەرەوە سیستمەکە بپارێزن! لەدیدی ئەوان شوێنی سەرباز ناوەوەی ئەمەریکایە نەک دەرەوەی.  کابوول ناکەوێت بەڵام وانەیەکی گرنگە بۆ ناوچەکە، بۆ عیراق و وڵاتانی تر بەچەندین ماناوە: مەرج نییە بەها سیاسییە نێودەوڵەتییەکان، پاڵپشتی هێزەکان، هاوسۆزی و هاوبەشبوونیان هەمیشە لەگەڵتدا بمێنێتەوە و راگری پایەکانی سیستمە ناوەکییەکە بن. جیهان لەگۆڕاندایە، بازاڕ و بنەمای جیۆپۆلەتیکی لەگۆڕاندان. پێگە و ناسنامە بۆ هەموو کیانێکی سیاسی لە کارلێکە سیاسییەکانی دێت! چۆن دەزگاکانت دروستدەکەیت، فۆڕمیان پێدەبەخشیت، مانا و ئەرکیان پێدەسپێریت و دواتر بەرگری لە مانەوە و دیمۆکراسیبوونی و ئۆتۆنۆمبوونیان دەکەیت. کابول نەیتوانی ئەم ئەزموونە بۆ خۆی گلبداتەوە، ناتوانێت خۆی رابگرێت لەبەرامبەر تاڵیبان. دیارە تاڵیبان ئەمڕۆ خۆی کراوەتر پیشاندەدات. دوور لە رادیکاڵیەت! گوایە ئێستا خۆی تازەکردۆتەوە و رێز لە مافی پێکهاتە و ژن و تۆلیرانس دەگرێت و گوێگرتن لە میوزیک ئاساییە. ئەڤغناستان بەرەو ئەوە دەچێت وەک دوو یەکە، سیستم و ناوەندی سیاسی لەیەک وڵاتدا دەربکەوێت بەردەوام لە قۆناغی جەنگ و پێکدادان بمێنێتەوە.


سه‌ردار عه‌زیز هەوڵ ئەدەم بە شێوازی مەلزمە، ئەم ڕوداوە ڕاڤە بکەم. پرسیارو وەڵامی کورت بۆچی ئەمریکا کشایەوە؟ نزیکەی ١٠ ساڵە کەس لە واشنتۆن باوەڕی بە ئەوە نەماوە لە ئەفگانستان هیچ بەرەوپێشچونێک بێتە ئاراوە، ئەمریکا زیاتر لە ٨٠ بلیون دۆلاری تیادا سەرفکرد. بەڵام وەک عێراق توێژێکی گەندەڵ لێی سودمەندبون. بۆچی تالیبان وەها بە خێرایی هاتنەوە؟ تالیبان لە گوندەکاندا بونیان هەبوو. حکومەت لە شار. هەرگیز تەواو نەبوون. پۆلیس و سەرباز چەند مانگ بوو موچەیان وەرنەگرتبوو. بۆیە وتیان شەڕ بۆ ئەشرەفخان ناکەین. لە کاتێکدا هەموو توانایەکیان هەبوو. کەواتە بونیادی سوپا تەنها چەک و ڕاهێنان نیە. ئایا بایدن چ قازانجێکی لێدەکات؟ خێراترین دەستکەوت ئەوەیە کە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی میدتێرمدا بە خەڵک بڵێت، جەنگی ناکۆتام کۆتایی پێهێنا. ئەمە خواستێکی گشتی خەڵکی ئەمریکایە. لە مەودوا کە سەردەمی تاک جەمسەریی تەواوبوو، دەبێت بە ووردی ئاگامان لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتە زلهێزەکان بێت. ئایا پاکستان چ ڕۆڵێکی هەبوو؟ پاکستان و تالیبان دۆستن. بەڵام پرسەکە لە جێگایەکی ترە. هیند هەوڵی دەدا لە ڕێگای بەندەری چابەهاری ئێرانییەوە دەستی بگاتە ئەفگانستان، ئەم پرۆژەیە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانی لێدەکرا. بەندەری چابەهار تەنها ٧٦ کم لە گواداری پاکستانییەوە دوورە. بەندەری گوادار پرۆژەی چین و پاکستانە لە دەریای عەرەبی و زەریای هیندی. هیند دەیویست پاکستان دابڕێت و ڕێگرێک بۆ پرۆژەی پشتێنە و ڕێگای چین دروست بکات. بە هاتنی تالیبانی دۆستی پاکستان ئەم پرۆژەیە وەستا. ئێستا تورکیا دەیەوێت بە هاوکاری پاکستان لە ناوچەکە ڕۆڵی هەبێت. ئایا کێ زەرەرمەندە؟ ئەگەر تالیبان دەستاودەست نەکەن وەک پەیمانیان بە قەتەرییەکان داوە، ئەوا دەکەونە ژێر ئابلۆقە. لە کاتێکی وەهادا دەبنە کێشە بۆ ناوچەکە و دەروبەری. هەندێک دەڵێن ئێران و چین زیانمەند دەبن، ئەگەر تالیبان هەزارە بچەوسێنێتەوە، ئایا ئێران بێدەنگ دەبێت؟ بەڵام بێگومان وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت سود لە تالیبان وەربگرن بۆ فشار لە سەر ئێران. ئەوەی لە ڕێگای داعشەوە لە عێراق بۆیان نەکرا. چ وانەیەکی تیایە بۆ ئێمە؟ کەوتنی کابول دەیان وانەی بە نرخی تیادایە لە هونەری حوکمڕانی. وەک کورد ئەفغانەکان مودموین بوو بن لە سەر پشتیوانی دەرەکی. گەندەڵی بەرفراوان بوو. شەرعیەت نەبوو. حکومەت لە خەڵک دابڕابوو. ئایا ئەمریکا تاوانبارە؟ هەندێک دەڵێن نەدەبوو بایدن بڕوات. هەندێکی تر دەڵێن هەرکەی ئەمریکا بڕۆشتایە ئەمەی ڕویدەدا، ناشکرێت بۆ هەتا هەتایە ئەمریکا لەوێ بێت. چی گرنگە؟ گرنگترین وانە کاتە. ڕەنگە لە کات و سەردەمێکدا ببیتە جێگای بایەخ. لەوە دڵنیابە بۆ هەتا هەتایی نیە. ئەگەر ئەو هەلە لە دەست بدەیت ئەستەمە بۆت بگەڕێتەوە.


عادل باخەوان لە دوو رۆژی ڕابوردودا دەیان پرسیارم لە بارەی ئەو بابەتانەی سەرەوە لێکراوە و چەندین هاوڕێی ڕۆژنامەنووس پەیوەندیان کردوە و بۆچونی منیان لەو بارەیەوە دقواکردوە. پاش سوپاسکردنیان من لەم خاڵانەی خوارەوەدا و بەکورتی و بەم شێوەیەەی خوارەوە بۆچونەکانی خۆم لەسەر ئەو بابەتانە دەردەبڕم و لە کاتێکی گونجاودا بەرنامەیەکی تایبەتیان لەگەڵ کەناڵێکدا بۆ تەرخاندەکەم. 1. هەموو ئەو تێزانەی کە پێیانوایە گۆڕینی گروپێک لە دەسەڵاتدا بە گروپێکی دیکە، گەرەنتی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نوێ بەدەستەوە دەدات تەواو دورە لە واقیعەوە. لابردنی تالیبان لە دەسەڵاتدا لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە و نیشتەجێکردنی گروپێکی دیکە، هیچ کاراییەکی ئەوتۆی لەسەر بیناکردنی کۆمەڵگایەکی نوێ لە ئەفغانستاندا نەبوو، بەپێچەوانەوە، بیست ساڵ دواتر، تالیبان بەو پەڕی هێزەوە دەگەڕێتەوە بۆ کابول، چونکە هیچ هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا، وەک تالیبان گوزارشت لە واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوری ئەفغانیەکان ناکات. تالیبان میوان نین، بەڵکو لە ماڵی خۆیاندان.  کۆمەڵگا لە مێژویەکی دروستدەبێت و لەمێژویەکیشدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت، نەک بە دەساڵ و بیست ساڵ. 2. ئایا ئەوەی کە لە ئەفغانستاندا ڕویداوە، ئەکرێ لە عێراقدا دوبارە ببێتەوە ؟ نەخێر، چونکە لە عێراقدا هێزێکی سەرتاسەری نیشتمانی وەک تالیبان بوونی نیە کە بتوانێت تەواوی نیشتمان کۆنترۆڵبکات. لە گریمانەی کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراقدا، ئەو ئەگەرەی کە زۆر بەهێزە و دەکرێت خۆی بەدیبێنێت، هەڵوەشانەوەی عێراقە. ئەوەی کە یەکێتی خاکی عێراقی لە ٢٠٠٣ وە تائێستا پاراستوە، ئەمەریکا و ئێرانن، بەبێ شەریکایەتی تاران و واشنتۆن، هیچ هێزێک نیە عێراق لە هەڵوەشانەوە بپارێزێت، بە داعش و حەشدی شەعبیشەوە. 3. مانەوەی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢ وە تا ئێستا هیچ پەیوەندی بەوەوەنیە کە ئابوریەکی بەهێز، سوپایەکی بەهێز، کۆدەنگیەکی بەهێز، دەستورێکی بەهێز، کێڵگەیەکی سیاسی بەهێزی هەیە، چونکە هەموومان دەزانین کە هەرێم هیچ یەکێک لەمانەی نیە. ئەوەی کە هەرێمی تا ئێستا هێشتوەتەوە تەنها و تەنها خواستی دەوڵەتانی سیستمی جیهانی و بەشێک لە دەوڵەتانی سیستمی هەرێمایەتیە. ئایا ئەمە وەک گەرەنتی بەسە بۆ مانەوە لەسەر ئاستی دوورە مەودا ؟ بێگومان نەخێر. باشترین بەڵگەش ئەفغانستانە. ڕاستە لە ئێستا و ئێرەدا هیچ ئاماژەیەک نیە بەوەی کە دەوڵەتانی سیستمی جیهانی پشت لە هەرێم بکەن، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە هەر وەک چۆن لە نێو دۆخێکی تایبەتدا دا دروستدەکرێت، ئاواش ئەکرێ لەنێو دۆخێکی دیکەدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت. 4. کۆتایی وەهەم ! کاتی ئەوە هاتوە کە ڕۆشنبیرە ئەفغانیەکان و عێراقیەکان و کوردەکان تێبگەن لەوەی کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا پرسێکی جددیان بەناوی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی و دەوڵەتی یاسا و چوونە نێو مۆدێرنیتێ بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە و ئەو دەستەبژێرانەی کە پێیانوایە سەفارەتەکان و قونسولیەکان لە هەولێر و بەغداد و کابوول فریادڕەسیانن، لە دەریایەک لە هەڵەدا نوقمبوون. ئەم دەوڵەتانە تەنانەت تالیبان و سیستمەکەیشی قبوڵدەکەن، بەمەرجێک تالیبان گەرەنتی وەڵامی پرسیاری ئاسایش و سەقامگیریی بداتەوە، ئیتر بەهەر ڕێگایەک بێت. 5. یەکێک لە پرسیارە کوشندەکانی ئەمەریکیەکان لە ئێستا و ئێرەدا بریتیە لە پرسی ڕێگرتن لە بەهێزبوونی داعش لە ئەفغانستاندا و ئەمەریکیەکان گەشتونەتە ئەو قەناعەتەی کە تاکە هێزێک بتوانێت کە ڕێگری لە داعش لە ئەفغانستاندا بکات بزوتنەوەی تالیبانە ! ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە وادەکات لە واشنتۆن کە بزوتنەوەی تالیبان وەک شەریکێک لە جەنگی دژ بە داعشدا قبوڵبکات. ڕێک وەک قبوڵکردنی حەشدی شەعبی وەک شەریک کاتێک کە جەنگی دژ بە داعشی دەکرد. ئەمەریکا پرانسیپی نیە، بەرژەوەندی هەیە. بەپێی یاسای ئەمەریکی، پارتی کرێکارانی کوردستان گروپێکی تیرۆریستە، بەڵام لە سوریادا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات ! ئەمە لە عێراقیشدا ڕاستە و پێوسیتە عێراقیەکان و کوردەکان وەک پێویست لەم پەیامە بگەن.


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)  لە سەرەتاکانی سەدەی ھەڤدەھەمەوە تۆماس ھۆبز کاتێک باس لە ھێز و دەسەڵات ئەکات لەو ڕاستییە سادەیە ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەسەڵات لە سەروەت و سامان دەچێت. سەروەت و سامان چەند زیادبێت ھێشتا دەیەوێت زۆرتر و زیاتربێت. لای ھۆبز لۆژیکی ناوەکیی دەسەڵات وەک لۆژیکی پارە لۆژیکێکە بەردەوام دەیەوێت بەھێزتر و گەورەتر بێت، مەگەر ڕووی بە دەسەڵاتێکی تردا بتەقێتەوە لە خۆی بەھێزتر بۆئەوەی سنوورێک بۆ حەزی ئاوسان و گەورەبوونی دابنێت. لە سەدەی نۆزدەھەمیشدا کارل مارکس باس لە لۆژیکی ناوەکیی سەرمایە دەکات و لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە سەرمایە چەند زیاتربێت و زیاتر کەڵەکە بکرێت، ئەوەندە زیاتر و زیاتر دەیەوێت زۆرتر و گەورەتربێت. بەمجۆرە ھەم لۆژیکی ھێز و ھەم لۆژیکی سەرمایە دوو لۆژیکی تەواو ترسناکن. مێژووی فیکر و فەلسەفە و بیرکردنەوەی سیاسیی ناو دونیای مۆدێرنیش ھەوڵدانێکی بەردەوامە بۆ سنووردارکردن و گەمارۆدانی ئەو دو لۆژیکە و بە عەقڵانیی و بەئینسانیکردنیانن.  ئەمڕۆ ئەم دوو لۆژیکە لە ھەرێمدا بە توندی ئامادەن و بەبێ ھیچ ڕێگر و چاودێریی و میکانیزمێک بۆ لێرسینەوە دەستبەکارن و دونیای ئێمە ڕووبەڕووی مەترسیی ھێجگار گەورە دەکەنەوە. لەم ھەرێمەدا، لەسەرێکەوە، کەڵەکەبوونێکی بەردەوام و چاودێرینەکراوی سەرمایە و دەسەڵات لە ئارادایە، کە دەرەنجامەکەی، لەسەرێکی دیکەوە، کەڵەکەبوونێکی زۆر و بەردەوامی پەژارە و ئازار و نەھامەتیی ئینسانییە. کەڵەکەبوونی سەرمایە و دەسەڵات لە دروستکردنی چەندان گەڕەکی فیرعەونیانە و چەندان کۆشکی شاھانەی ھاوشێوەی کۆشکی ئیمپراتۆرە مەستەکانی مێژوودا بەرجەستەیە، کەڵەکەبوونی پەژارە و ئازار و نەھامەتیش. لە دروستبوونی چەندان گەڕەکی بێئاو و بێخزمەتگوزاریی و بێئایندەدا ئامادەیە، کە ژمارەیەکی گەورە لە دانیشتوانەکانیان لە سادەترین مافی مرۆڤبوون و لە سەرەتایترین فۆرمی پاراستنی کەرامەت، بێبەشدەکرێن. ئەوەی ڕووئەدات دروستبوونی گەڕەکی ئیمپایەر و گەڕەکی باداوانە بەیەکەوە و لەپاڵیەکدا.  پێدەچێت لۆژیکی ئیشکردنی ئەم دوو جۆرە ناکۆکە لە کەڵەکەبوون بەدۆخێک گەیشتبێت نزیک لە لێواری تەقینەوە. ئەوانەی ڕۆژانە لەناو کارەساتەکاندا دەژین و پەژارە بە دوای پەژارەدا کەڵەکە دەکەن، خەریکە ھێدی ھێدی لە وردەکارییەکانی ئەو جیھانە ناشیرینە تێدەگەن کە بە دەوروبەریاندا دروستکراوە، ھۆشیاردەبن بەوەی لە چ ژینگەیەکی نائینسانیدا جێگیرکراون وبە چ جۆرە پەژارە و ئەگەرێکی فەوتانی سەرتاسەری، گەمارۆدراون. لەوە تێدەگەن لە ژینگەیەکدا نیشتەجێکراون بەردەوام بەرەو دواوە دەڕوات و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا تا دێت زیاتر و زیاتر جێدەمێنێت. ئەوەی دەیبینین ڕووتبوونەوە و دەرکەوتنی چۆنیەتی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکەی سەرەوە و نەبوونی ھیچ ئەگەرێکی ڕاستەقینەی دەسکاریکردن و گۆڕانکاریشە لەناو ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستەدا، مەبەستم لۆژیکی کەڵەکەبوونی ھێز و کەڵەکەبوونی سەرمایەیە. پێدەچێت ئەم ساتە ساتەوەختی ھۆشیاربوونەوەبێت بەو دۆخە نائینسانییە خنکێنەرە و گواستنەوەی ئەو ھۆشیاریەش بێت بۆ ئاستی ناڕەزاییدەربڕین.  بەڵام ڕەنگە ھەستکردن بە تەنھایی، تەنھاییەکی ڕادیکاڵ، ئەو ھەستە سەرەکییە بێت لەم ساتەدا ئەو ھۆشیارییە یاخیبووە لە چوارچێوەبدات. ئەو خانمە توڕەیە کە لەبەردەمی کامێرەکاندا بینیمان بە ئاشکرا ھاواریکرد: ”با بێن و بمکوژن و بمگرن". ئەو خانمە وەک بکەرێکی ناڕازیی لەوە ئاگادارە کە ئەگەری گرتن و کوشتن لە ئەگەرە نزیکەکانی بەردەمیەتی. گرتن و کوشتن بەشێکی ناوەکیی لۆژیکی کەڵەکەکردنی ھێز و لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایەن لە ھەرێمدا. بەڵام ئەم ھەستکردنە بە تەنھایی دەشێت وێستگەیەکی مێژوویی کاتیی بێت. دەشێت ساتەوەختی بەر لەدایکبوونی سەرەتایەکی تەواو تازەبێت بۆ پەکخستنی شێوازی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستە. مرۆڤ کە ئاوی نەبوو بیخواتەوە، سنوورێک بۆ ئازارەکانی نامێنێت.  یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی ئازاریش ئەوەیە کە نابینرێت، لە دەرەوەڕا نابینرێت، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا تەنھا ھەستیپێەکرێت و مرۆڤەکانی تر دەچنە پەیوەندیی جۆربەجۆرەوە لەگەڵیدا. ھەندێک ھەن ھەست بەو ئازارە دەکەن و لەگەڵیدا ھاوسۆز دەبن، ھەشە ئەو ئازارە ئینکار دەکەن و ھەموو ھەوڵێک بۆ داپۆشین و سڕینەوەی ئەدەن (وەک لە ھەڵوێستی موخاترەکەی گەڕەکەی باداوان لە ھەولێر بینیمان)، ھەشە گاڵتەی پێدەکات و پشتگوێی دەخات، وەک ئەو بەرپرسانەی ساڵانێکی درێژە لە دورەوە ئەو بێئاوییە دەیبینن و لەوەش بەئاگان کە ئەوان لە دروستبوون و گەورەبوونی ئەم کێشەیە بەرپرسیارن.


كارزان سه‌باح هه‌ورامی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌فغانستان هاتووه‌ كه‌ ئێستا ته‌نیا كابوڵی به‌ده‌ست حكوومه‌ته‌وه‌ ماوه‌ كه‌ ئه‌ویش ده‌كه‌وێت، ره‌نگبێت تازه‌ترین تاكتیك و په‌یامی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌  كشانه‌وه‌یان یه‌كسانه‌ به‌دۆخی ئه‌فغانستان، ئه‌م پێناسه‌یه‌ ته‌واو به‌سه‌ر عێراقیشدا دروسته‌، به‌ڵام كشانه‌وه که‌ ئه‌فغان زیاتر  له‌راده‌ستکردن ده‌چێت، دوای 20 ساڵ له‌رووداوه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ر ئه‌مه‌ باشترین ده‌رئه‌نجامی تاكتیك و پاره‌ و پلان و خوێنی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بوو به‌تایبه‌ت له‌م دوو وڵاته‌ عێراق و ئه‌فغانستان، ره‌نگبێت ئێمه‌ نه‌توانین خوێندنه‌وه‌ی ورد بۆ دۆخه‌كه‌ بكه‌ین به‌تایبه‌ت له‌ داهاتوو، چونكه‌ دیار نییه‌ پلانی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌كه‌ چییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌  ره‌نگ بێت ئه‌م جاره‌ پرسی تاڵیبان زیاتر له‌ تاكتیك بچێت، چونكه‌ شاندی باڵایان له‌ قه‌ته‌ره‌ و دانووساند ده‌كه‌ن، پێشووتریش شاندی تاڵیبان له‌ گفتووگۆدان بوون له‌گه‌ڵ واشنتۆن، ره‌نگ بێت ئه‌م جاره‌ دراوسێیه‌كی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌ بۆ ئێران و رووسیا و چین دروست بێت، ئه‌ویش (ده‌وڵه‌تی به‌ناو ئیسلامی تاڵیبانه‌)، ره‌نگه‌ دۆخه‌كه‌ وه‌ك پێش 2001 لێبێته‌وه‌ و ئه‌وێ ببێته‌ مۆڵگه‌ی تیرۆر، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ش په‌یدا بووه‌ كه‌ واقیتره‌،لێره‌دا پرسیاری زۆر دروست ده‌بێت، یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ یاریه‌كی گه‌وره‌ نه‌بێت بۆ ده‌بێت ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا قبوڵی بكات به‌شكستخواردوویی له‌ ئه‌فغانستان بێته‌ ده‌ره‌وه‌؟ و خۆیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م ره‌خنه‌ی رای گشتی و هاوپه‌یمانه‌كانیان، لێره‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌درێته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م جاره‌ تاڵیبان ده‌رسی له‌ رابردوو وه‌رگرتبێت، و بیه‌وێت یاریه‌كی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان بكات, ده‌نا چۆن رێگا به‌شاندی فه‌رمی تاڵیبان ده‌درێت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی زلهێزه‌كانی جیهان كۆببێته‌وه‌؟! له‌م لاشه‌وه‌ خه‌ریكه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌فغانستان ده‌رووخێنێت. ئێستا ترسی گه‌وره‌ دروست بووه‌ به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌فغانستان هات سیناریۆكه‌ی به‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی رێككه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا و عێراق ده‌بێت تا كۆتایی ئه‌مساڵ هێزه‌ شه‌ركه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌فغان روویدا هاوكێشه‌ی عێراقیشی پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌، ئه‌و ده‌نگه‌ به‌هێزه‌ی داوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات قۆناغ به‌ قۆناغ له‌ عێراق پاشه‌كشه‌ ده‌كات، هه‌ربۆیه‌ پێش ده‌رچونی ئه‌و هێزانه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پێشنیاری كۆنگره‌ی وڵاتانی دراوسێی عێراقی كردووه‌، كه‌ بڕیاره‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ له‌به‌غدا ئه‌نجام بدرێت، به‌شدار بوانی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ بریتین له‌ توركیا و میسر و ئه‌رده‌ن و سوریا و ئێران و ئه‌مه‌ریكا و سعودیه‌ و قه‌ته‌ر، عێراق له‌وه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ پێش ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌فغانی لێبێت، پێشووتر له‌سه‌ر پارێزگاری ئه‌م شێوه‌ به‌رێوه‌چوونه‌ی وڵات رێككه‌وتنی هه‌رێمایه‌تی بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا و ناكۆكیه‌كانی نێوان (توركیا و خلیج) و (خلیج و ئێران) و (سوریا و توركیا) بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به‌یه‌كجاری له‌نێوان ئه‌م گرفتانه‌دا هه‌ره‌س نه‌هێنێت. هه‌رچه‌نده‌ پێشنیاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ گرنگ و كاریگه‌ر بوو، به‌تایبه‌ت بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌ ده‌توانێت مانه‌وه‌شی بۆ خولی داهاتوو مسۆگه‌ربكات، به‌ڵام له‌ئه‌گه‌ری شكستی ئه‌م هه‌وڵه‌ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر عێراق به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ نه‌كات، ده‌چێته‌ به‌رده‌م دووبژارده‌ یه‌كه‌م شه‌ری ناوخۆیی، دووه‌م: دروستبوونی عێراقێكی ترسناك بۆ ناوچه‌كه‌. چونكه‌ بژارده‌ی ئه‌مه‌ریكاش له‌دژی ئێران له‌رێگای وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازیه‌وه‌، عێراقیش به‌ساغی لێی ده‌رناچێت، ئه‌مه‌ راستییه‌ بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی خوێنه‌ران كۆتایی مانگی رابردوو واشنتۆن زۆرێك له‌ گروپه‌چه‌كداره‌كانی عێراقی خسته‌ ئه‌و لیسته‌وه‌ كه‌ به‌هه‌ره‌شه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌زانێت. بابه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوار چێوه‌ی ئه‌م گۆرانكاریانه‌ گرنگه‌ و پێویستی به‌قسه‌كردنی زیاتر هه‌یه‌، سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانان كه‌ 68 ده‌وڵه‌تی جیهان له‌خۆی ده‌گرێت به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ په‌یامیان داوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ پشتیوانی له‌ هه‌رێمێكی به‌هێز و ئارام له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن، پێش كشانه‌وه‌ی هێزی شه‌ركه‌ریان پلانیان هه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ئیداره‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بكه‌ن، جارێكی دیكه‌ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ناگه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پشت تێكردنه‌ی كه‌ له‌ كوردستانیان كرد له‌ 16ی ئۆكۆتبه‌ر كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو له‌و شوێنانه‌وه‌ گه‌وره‌ترین گورز له‌ پێگه‌و باره‌گاكانی ئه‌مه‌ریكا درا، ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا دڵنیایی داوه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان كه‌ پشت له‌ هاوپه‌یمانه‌كانیان ناكه‌ن، ره‌نگ بێت بۆ رای گشتی و هاوپه‌یمانه‌كانیشیان بێت كه‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ روونه‌دات كه‌ له‌ 2017 كردیان. راسته‌ هێزی شه‌ر كه‌ری ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق نامێنێت, به‌ڵام سیاسه‌تێكی به‌هێز و دیپلۆماسیه‌تێكی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ بوونی ده‌بێت، دوای سه‌ری ساڵ ئه‌مه‌ریكا رێككه‌وتنی گه‌وره‌ی خۆی له‌بواری وزه‌ و ته‌ندروستی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بازرگانی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌خاته‌بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هه‌ولێر وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگی ناوچه‌كه‌ به‌به‌هێزی گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ی ده‌كرێت، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك ئه‌مه‌ پێویستی به‌ پلان و یه‌كگرتوویی ناوماڵی كوردستان هه‌یه‌، روویایه‌كی روون و یه‌كگرتوو بۆ قۆناغه‌كه‌ گرنگه‌، به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌ رۆڵی كورده‌وه‌ ده‌بێت كه‌ چۆن بتوانێت موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی بكات له‌به‌غدا، تائێستا كورد یاریكه‌رێكی به‌هێز نه‌بووه‌ له‌به‌غدا نه‌یتوانیوه‌ تاكیتكی نوێ بكات، سیاسه‌تكردن له‌ عێراقدا پێویستی به‌ كۆد هه‌یه‌، به‌شێكی هاوپه‌یمانییه‌، به‌شێكی هێزه‌ به‌شێكی هاوكێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌، كورد له‌نێوان ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌دا لایه‌نێكی هه‌ڵبژاردبوو كه‌ ئه‌ویش نه‌یده‌توانی به‌ته‌نیا دۆخه‌كه‌ بگۆرێت، بۆیه‌ ئه‌م جاره‌ ده‌بێت له‌رێگای هاوپه‌یمانی زۆرینه‌وه‌ی كورد بچێته‌وه‌ ناو بریاره‌كانی عێراق و رۆڵی هه‌بێت له‌ دانان و یه‌كلا كردنه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ی له‌رابردوو كراوه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.


کاروان عەلی شامار دوای زیاتر لە مانگێک بەسەر پلانگێڕی ٨ی تەمووزدا، وردە وردە کاردانەوەکان لەدژی پیلانگێڕیەکە دەردەکەون، خەریکە بەرچاوی یەکێتیەکان روناک بوەتەوە لەوەی کەهەڵسەنگاندنێک بۆ پیلانگێڕیەکە بکەن و زیانەکانی بژمێرن. ئێستا دەتوانین بڵێین دۆخی سیاسی یەکێتیی رۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپ بوون دەڕوات و تارماییەک بەسەر مێژوی ئەم هێزەدا باڵی کێشاوە، بەجۆرێک کە نەیارانیش خۆزگەی پێ ناخوازن، ئەم حزبە گەرچی سوڵتەیە، بەڵام جەماوەر بەجۆرێک لێی تەکیونەتەوە کەمێژوی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی یەکێتیەکانی خستوەتە مەترسیەوە. دابڕانێک لەنێوان پیلانگێڕەکان و جەماوەردا دروستبوە لەمێژوی یەکێتیدا وێنەی نەبووە. یەکێتی لەرابردوودا ھێزێکی گەورەو یەکلاکەرەوە بوو، ھەرچی ململانێکان بوون لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفە چێ کرابوو، ئەم فاکتەش یەکێتیی کردبوو بە نمرە یەک و بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشەکردندا بوو، جیاواز لە حیزبە سیاسیەکانی تر نموونەیەکی جوان و پرشنگداری پێشکەش دەکرد، وەلێ ھەنوکە ململانێکان لە پێناوی دەسەڵات و پارەدایە، بۆیە گەر دۆخی (ی ن ک)، بەمجۆرە بەردەوام بێ و پەنا نەبرێتە بەر ڕێگەچارەیەکی خێراو ژیرانە، ئەوا دور نییە ئەو حزبە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا گورزێکی گەورە و کوشندەی بەرکەوێ و لەلێواری شکست ھەڵوەرین نزیک بێتەوە، ئەمە فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو واقعێکە کە دێتەدی. لێرەدا بە چەند خاڵێک باس لەو مەترسیانە دەکەین کە لە دوای ٨ی تەموزەوە رووبەرووی خەڵکی سلێمانی و یەکێتی و کادیرانی حزبەکە بونەتەوە: ١. لە دوای ٨ی تەمووزەوە، خەڵکی سلێمانی لەژێر فشار و ھەرەشەی حوکمی سەربازیدایەو لە نا ئارامیدا ژیان بەڕێدەکەن، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و جوڵەی بازار و ژیانی کاسپکاران رووبەڕووی ھەڕەشەی جدی بونەتەوە. ٢. ئازادی ڕادەڕبرین سنوردارکراوەو لەھەندێک لە دامودەزگاکاندا ژوری ھەواڵگری تایبەت دروست کراوە بۆ ناسینەوەو لێپرسینەوەو سزادانی ئەو کەسانەی کە دڵخوازی عەرابەکانی پلانگێڕییەکە نین و تەسلیم بە ئیرادەیان نابن. ٣. رەشبگیری و ھەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵکی و دەرکردن و بڕینی قوتی دڵسۆزانی مام، ئەمە سەرباری کۆچی پەیتا پەیتای گەنجان لە شارە جیاوازەکانی ھەرێم و بەتایبەت زۆنی سەوز بۆ ھەندەران کە بەرێژەکی بەرچاو زیادی کردووە. ٤. ھێنان و بڵاوکردنەوەی ھێزێکی زۆری ھەواڵگری و سەربازی لە نەیارانی یەکێتیی بە نێو شاری سلێمانیدا لەم ماوەیەشدا جموجۆڵی ئەم ھێزانە زیادیان کردوە و لە ھەوڵی تیرۆر و دەست بەسەراگرتنی ئەو فیگەرانەن کە بەمەترسی و نەیاری خۆیانی دەزانن. ٥. ھەوڵدان بۆ دروستکردن و داتاشینی کەیسی بێ بنەماو جۆراو جۆر بۆ تەسفیەکردنی تێکۆشەران و یەکێتیی راستەقینەکان لە شاری سلێمانی. ٦. ھێزە ئیقلیمیەکانیش لە ھەوڵدان چەندین بنکەو بارەگای سەربازی ھاوشێوەی ھەولێر و دھۆک لە شاری سلێمانی بکەنەوە، بۆ کپکردن و تەسفیەکردنی بەرخودان و خەباتی کوردانی پارچەکانی تر کە پێشتر سلێمانی وەک پەناگەو سەرمەشقی خەباتی رزگاریخوازیان بووە، لە کاتێکدا لە ماوەکانی رابردوودا ھەرگیز جورئەتی ئەو کارەیان نەبووە. ٧. دابرینی ماڵی مام جەلال لە جەماوەر و بەشێک لە خەڵکانی دڵسۆزی یەکێتیی و دەرەوەی یەکێتیی لەوانەش (ئازادیخوان و رۆشنبیران و نوسەران و گەنجان و لاوان و وڵاتپارێزان و... ھتر). ٨. ھێنانە پێشەوەی مۆدیلێکی نوێی سیاسی (کودەتا)، کە ھیچ کات لەگەڵ پایەکانی دیموکراتیدا ناگونجێ و تەنھا لە وڵاتە دواکەوتوو دیکتاتۆرەکاندا رەواجی ھەیە. ٩. شێواندنی مێژووی سیاسی حیزبی شەھیدان و دروست کردنی خەوش و نەنگی لەسەر چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال. ١٠. بەردەوامی ئەم پلانگرییە دەبێتە ھۆی لەناوبردنی ھێلی نەتەوەیی و مێژوویی، کە لە سلێمانیەوە سەری ھەڵداوە و پاشان بۆ شارەکانی تر گواستراوەتەوە. ١١. پاشەکشەی شاری سلێمانی لە رووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوری و رۆشنبیریەوە، پێشتر ئەو پارێزگایە سەرمەشق و نمونەیەکی جوانی خانەخوێی کوردانی ھەرچوار پارچە بووە لەسەر ئاستی ھەرێم و ئیقلیمیدا. ١٢. پاشەکشەی جەماوەری یەکێتی و شەرعیەتدان بە بەردەوامی لاسەنگی ھێز و رێخۆشکردن بۆ دروستبوونی تاک حیزبی دەسەڵاتدارو دیکتاتۆر لە ناوچەکەدا. ١٣. شەرعیەتدان بە قاچاخچێتی و ھێنانی شمەک و کاڵای بەسەرچوو لەرێگەی دەروازە سنورییەکان چەن ھێندە زیادی کردوە بەتایبەت لە دوای ناردنی ھێز بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان. خولاصە، هەموو ئەم خاڵانەی خرانەروو بەشێکن لەو مەترسیانەی دوای ٨ تەمووز، کە ئەگەر بەزوویی چارەسەر نەکرێ و کۆتاییان پێ نەهێندرێت، نە یەکێتیی وەک حزب و نە سلێمانیش وەک پارێزگا شکۆیان دەمێنێت، وە هیچ شتێکیش نامێنێت کە یەکێتییەکان و هاوڵاتیان لەم سنورەدا شانازیی پێوەبکەن.


عەبدولڕەحمان راشید- رۆژنامەی شەرقولئەوسەت وەرگێرانی: فازل حەمەڕەفعەت باوەڕوایە رژێمی ئەفغانستان وەكو ئەوەی ئەمڕۆ دەیزانین، بەر لە كۆتایی ساڵ بە حكومەت‌و پەرلەمان‌و سیاسەتەكانییەوە كۆتایی بێت، رەنگە بەر لەم وادەیەش، سوپای ئەمریكا‌و وڵاتانی هاوپەیمان هەمویان كشاونەتەوەو كۆتاییان بە ماوەی 20 ساڵ بوونی سەربازی خۆیان هێنا، كە گەیشتە نزیكەی (150 هەزار) سەرباز لە رەگەزنامە جیاوازەكان، پاشان كورتبووەوە بۆ شكستهێنان لە یەكخستنی وڵات لەژێر دەسەڵاتێكی ناوەندیدا.  كشانەوەی ئەمریكا ئاشتی بە ئەفغانییەكان نابەخشێت، بەڵكو بۆشاییەك دروست دەكات كە رەنگە ببێتەهۆی دروستبوونی جەنگ لەچەند بەرەیەكەوە، پێدەچێت ئێران یەكێك لەو بەرانە بێت، ئایا دۆخە نوێیەكە مەترسییە لەسەر ئێران ؟ ئایا تالیبان دوژمنێكی ئاسایی رژێمی تارانە ؟ سنوری ئێران لەگەڵ ئەفغانستان نزیكەی (هەزار) كیلۆمەترە، ئەم سنورە زۆر درێژە، بەسە بۆ ترساندنی رژێمی ئێران لە دۆخی ئەفغانستان، چ ئەوەی دۆخێكی سەقامگیر بێت لەژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی تالیبان یاخود شەڕی ناوخۆیی رووبدات. دیارنییە كاروبارەكان چۆن دڕۆن، بەڵام هەڵەیە شیكاریی پەیوەندی ئەو هەرێمە بە جیهانەوە، ساكار بكرێتەوە.  رەنگە تالیبان دوژمنێكی دڕندەی ئێران بێت، بەرەی شەڕێكی خوێناوی بكاتەوە‌و ئەو تاڵاوە بە رژێمی ئێران بچێژێت كە خۆی بە وڵاتانی وەكو عێراق‌و یەمەنی كردووە‌و دەیكات، وای لێبكات بۆ یەكەمینجار بكەوێتە دۆخی بەرگیركردنەوە. تالیبان ئەو هاوپەیمانەی كە ئێرانییەكان ئارەزووی دەكەن‌و چەندین ساڵ دژی ئەمریكییەكان لە ئەفغانستان پشتیوانیان كردووە، جیاوازی مەزهەبی هەیە، تالیبان سوننەمەزهەبە‌و دژی رژێمی "وەلی فەقیه"ی شیعەیە، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی هەڵێنجانی ئەوە بكرێت ململانێ لەنێوان ئەو دوو دراوسێ توندڕەوەدا روودەدات، بەتایبەتیش كە تالیبان لە ساڵانی بەر لە دورخستنەوەی لە دەسەڵات پاش هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001ی دژی ئەمریكا كە لە ئەفغانستانەوە پلانی بۆ داڕێژرا، پشتی بە پشتیوانییەكانی ئێران دەبەست، ئێران پاڵپشتی سەربازی پێشكەشی بزوتنەوەكە كرد، سنوری خۆی بۆ ئەو سەركردانەی "قاعیدە" كردەوە كە هەڵاتبوون، باوەڕوایە ئەیمەن زەواهیری كەسی دووەمی قاعیدە پەنای بردوەتە ئێران‌و ساڵانی رابردوو لەوێ ژیاوە، دەوترێت مردووە‌و هەر لەوێ بەخاكسپێردراوە. هەروەها ئێران چاودێری خێزانی ئوسامە بنلادنی كرد‌و هێشتاش پاڵپشتكاری سەرەكی "حەماس"‌و "جیهادی ئیسلامی"یە لە فەلەستین كە هاوپەیمانی جەماعەتی "ئیخوان"ن. دیارترین سەركەوتنەكانیشی لە عێراق بەكارهێنانی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سوننە‌و رێكخراوە توندڕەوەكانی عێراق بوو دژی هێزەكانی ئەمریكا. ئێران‌و تالیبان ماوەی چەندین ساڵ هاوپەیمان بوون‌و رەنگە ئەم هاوكارییە بەردەوام بێت، لە كانونی یەكەمی رابردووەوە سەردانی وەفدەكانی تالیبان بۆ تاران چڕبووەتەوە‌و پێشتریش رێبەری باڵا بە ئاشكرا ستایشی تالیبانی كرد.  نامەوێت لە حوكمدان لەسەر تالیبان‌و سیاسەتەكانی بەشێوەیەكی گشتی‌و بەتایبەتی هەڵوێستی لەبارەی تارانەوە پەلە بكەم، بەڵام رابردوو شاهیدی دانایی بۆ بزوتنەوەكە نادات‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ رژێمی ئێراندا بەبێلایەنی نامێنێتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی دوو گروپی ئایدۆلۆژی ئاینیی چەكدار، كە بە هاوكاری یاخود جەنگ كۆتایی دێت. بەداخێكی زۆرەوە پێشبینی جێگیركردنی ئاسایش‌و كۆتایهاتنی ململانێ ناكرێت، جا حكومەتی ئەفغانستان بمێنێتەوە یاخود تالیبان دەست بەسەر كابولی پایتەخت‌و حوكمدا بگرێت، ركابەریی لەنێوان زلهێزەكاندا گەرمتر دەبێت، ئەفغانستان یەكێك لەو ناوچە كەمانەی جیهانە كە چینییەكان‌و روس‌و ئەمریكییەكان ركابەرێتی تێدا دەكەن، هێزی ناوچەیش هەن وەكو پاكستان‌و هیندستان‌و ئێران كە هەژمونی لۆكاڵییان لەوێ هەیە‌و دەیانەوێت بیپارێزن.   


چیا عەباس نوسەری ناوداری میسری توفیق الحکیم لە هەفتاکانی سەدەی پێشو نوسینێک بە ناوی ( نامەیەک بۆ خوا ) بڵاودەکاتەوە، تێیدا نوسیویەتی:  " خوای خۆشەویست، دەزانم تۆ بونت هەیە و زۆر نزیکی لێمان، باوەرم بە گەورەیی و بەهرمەندی و رەحمەتتان هەیە، بەڵام گەورەم بچێک گلەییم لێت هەیە، بەناوی گەورەتانەوە قسە دەکەن، ناو و ناوبانگت دەشێوێنن، ئەو چەند فلسەی هەمانە لە سەر ئێوە سەرفی دەکەن، من دەزانم ئێوە زۆر دەوڵەمەندن و هەرچی خەزێنەی کەونە لە بەر دەستداندایە، ئێمەش هەژار و ئێوەش دەوڵەمەند ....  بەرێزتان قبوڵ دەکات مانگانە لە موسڵمان و مەسیحی ٨٠٠ ملیۆن جونیە باجمان لێ دەسەنن تا مزگەوتەکانی بەرێزتان پاک و روناک راگرن و جەنابی بەگی موسڵمانیش دەچێت لە مزگەوت کەیفی پێوە دەکات ..... تاد". هەڵسەنگاندنێکی ورد و واقیعی بۆ رەوشی ئێستای هەرێم مرۆڤ تێدەگات لە چ دۆخێکی ئاڵۆزی هەڵتۆقاوی دەیان ساڵی رابوردودا گیرساوەتەوە. لە سایەی ئەم دۆخەدا گەلێک راوچی قولاپی بەختیان لە سوچێکی زۆلگاوەکەیدا گیرکردوە و خێر و بەرەکەتێکی زۆریان بردوە، سەرکردە و شۆرشگیری دێرزەمانیان تێدایە کە زۆر زیادە لە پشکی شایستەیان راو کردوە، بەتەنیشتی ئەمانیشەوە گەلێک هەڵتۆقیوی نوێ بە دەوری زۆلگاوەکە فرکەفرکیانە و بەهۆی تێرنەبونیانەوە دەستیشیان بە سوچێکی کەوا و سەڵتەی دێرزەمانەکانەوە گرتوە. بەشێک لە هێز و کاراکتەرە سیاسیەکان، تایبەت ئەوانەی لە مێژو هەڵگەراونەتەوە و پەچەی شەرمیان فرێداوە، هەنوکە بێ خاوەن و سەرلێشێواو لەبەر دەروازەی قەزا و قەدەردا هەڵکروزاون، لە گەڵ ئەوەشدا شیر و تیر لە یەکتر دەسونەوە، هەر یەک بۆتە حزبی ناو حزب: تاقم و دەوروبەری خۆی، میلیشیای خۆی، راگەیاندن و وتەبێژی خۆی، بازرگانی و کۆمپانیای خۆی، هەندێکیشیان زانکۆ و نەخۆشخانە و نوێنەرانی خۆی و .... هەیە، تێشیاندایە بیرێکی لە ئایندەی خۆی کردۆتەوە و تێگەيشتوە تاسەر ئەمەی بۆ ناچێتە سەر، بۆیە گیرفان و جزدانیشی لە دەرەوەی وڵات بەرێگەی چەند کۆیلەیەکەوە بۆ رۆژەکانی "تەنگانە" چەورتر دەکات. ئەمانە حزبیان کردۆتە خەیمەی ئەم هەریسە و بازاری عەکازە، بە شان و باڵاشیدا دەخوێنن، فرمێسکی تیمساح ئاساشی بۆ دەرێژن، دڵخۆشن لە بێ خاوەنیدا دەتوانن بە راست و چەپدا جۆرەها سەما بەرپا بکەن.  مایەی سەرنجراکێشانە هەمویان هەمان قەوان دەچرنەوە: کار بۆ مافەکانی میللەت، چاکسازی، خۆشگوزەرانی هاوڵاتی، ئازادی و دیموکراسی دەکەن، ٣٠ ساڵە ئەم بابەتانەیان کردۆتە پێشەنگی ریکلام بۆ مەیانی سیاسی و حزبیان، کەچی ئێستاش بۆ چارەکە و نیو موچەی هاوڵاتی روخساری کروزانەوەیان لە بەغدا نمایش دەکەن، جورئەتی ئەوەیان نیە دەستێک بە گیرفانی خۆیاندا بکەن. ئەم بابەتانەیان کردۆتە بنێشتە خۆشەی زاریان، لە سەرجەم ئەو کێشە و قەیرانانەی هەرێم و تەنانەت لە ناو ئەو هێز و حزبانەی دەوروبەری زۆلگاوەکەش بە زمانی درێژ و دەستنوسی خۆش و دەنگی بەرزی مسکێنەکانیان باس و نمایشیان دەکەن، گەر پێنج لە سەدی رۆبن هودیان بکردایە دەشیا لای مەردەم متمانەیەکی لەرزۆکیش سەری هەڵدایە. ئەمجۆرە فرۆشیار و هەڵتۆقیوانەی بازاری مەیانەکە و ناو و دەوری زۆلگاوەکە، وەک ئەوەی مەردەم نەیان ناسێت و کونەیان نەزانێت دەڵێن: کاتێک خۆپیشاندان بۆ مافەکانت دەکەیت و دەنگت لێمان بەرز دەکەیتەوە تەقەت لێدەکەین و لەوانەشە بکوژرێیت، مرۆڤ کوژەکان رۆبۆتی ئێمەن لە سەروی یاساوەن و نەکەن دەستیان بۆ بەرن.   کاتێک داوای ئازادی دەکەیت و چالاکی سەردەمانە ئەنجام دەدەیت دەتگرین و لە سوچی زیندان قایمت دەکەین، دواتر چی رودەدات لە دەستی خودایە. ئێمەی شۆرشگیران و نەوەکانیشمان هەمو سەردەمێک مافی خۆمانە ئەم وڵاتەمان چۆن بوێت وا بەرێوەی ببەین، گەر تۆزێک ئاقڵ و گوێرایەڵ بیت و لە دەرگاکامان بدەیت لەوانەیە خێرێکت پێ بکەین. شارەزا و خاوەن ئەزمونەکانیان باش تێگەیشتون قەیران و کێشە و ستەم و دزی و.. پێویستن بۆ سەپاندن و سەلماندنی دەسەڵات و هێزیان، بێجگە ئەمانە شتێکی ئەوتۆ لە هەبگەیاندا نیە تا پێشکەشی خاک و نەتەوەی بکەن، گرنگە مەردەم برسی بێت تا بۆ پارویەک نان لە دەرگایان بدات. لە نێو هێزەکانی کوردستان تەنها پارتی جێگیری و ئارامی پێوە دیارە، ئەمە مانای ئەوە نیە پارتی هێزێکی نمونەییە، بەڵام بە بەراوردکردن لە گەڵ هاوشەریکەکانی لێهاتوتر و شارەزاتر گەمەکان دەکات، هۆکاری بنەرەتی ئەمەش بونی مەرجەعێکی هەرەمی چەسپاوە، ئەم مەرجەعە دەسەڵاتی ئیدارەدانی تۆکمەی حزبەکەی هەیە، ئەوە لاوازی و بێدەنگی هاوپەیمانەکانی پارتیە کە بتوانێت تەواوی جڵەوی تەوەرە نیشتمانی و نەتەوەییە گرنگەکان بگرێتە دەست. ئەم دەسەڵاتە جێگیر و رەهایە هێزەکانی تری ناچار کردوە لە ریزدا سەرە بگرن تا لە قاپیەکەی بدەن. ئێستا لایەنێکی یەکێتی پێوستی بەوە نەماوە سەرە بۆ لێدانی قاپیەکەی پارتی بگرێت، چونکە سەرەرای گلەیی و بۆڵەبۆڵکردن ساڵانێکە پارتی لە ماهیەت و نیەت و داواکاریەکانیان تێگەیشتوە، زۆر ورد مامەڵەیان لە گەڵ دەکات و درێغیشی لێ نەکردون. نێو ئەو لایەنەی یەکێتی کاراکتەر هەن کە ساڵانێکە سەر و ژێرزمانیان دژایەتیکردنی پارتی بو، کەچی ئێستا ئارەزومەندانە و خۆبەخشانە لە بەرامبەریدا دەکروزێنەوە، نە ئەوەی پێشو و نەئەوەی ئێستاش، منیش پارتی بم بە ساردیەوە هەر دەستێک بەسەر شانیاندا دەنێم. لەم کەش و هەوایەدا بزوتنەوەی گۆڕان بە تواناترین و لێهاتوترین ئارایشتەکەری دۆخەکە و دەهۆڵ لێدەرەکەیەتی، زۆر چاوقایمانە باسی گۆرانکاری و چاکسازی لە حوکمرانیدا دەکەن، وەک حزب خاوەنی چەند زمانێکن، زۆربەی هەڵتۆقیوەکانی زۆلگاوەکە لەم هێزە کۆبەنەوەتەوە، ئەم گۆڕانە بەئاسانی روی شەنی لەو شوێنە دەکات بۆن و مەرامی شیرینی لێ دێت. ئەم هێزە ژێربەژێرە خاوەنی زۆربەی خەسڵەتە رەسەنەکانی سەردەمی لەدایکبونی نەماوە، بۆیە دەبینرێت بەرپرس و هەڵسوراوە هەڵتۆقیوەکانی بە چەندین زمان خۆیان نمایش دەکەن، کە مەبەستی سەرەکیان پاراستنی پێگە و بەرژەوەندیەکانیانە، ئەمانیش فێربون تا زۆرترت دەسکەوێت هێشتا هەر کەمە.  ئەولادەکانی گۆڕانی ئەم زەمانە چاوچنۆکانە رو لە هەمو لایەک دەکەن، پارتی ئیجازەیەکی بچوکی زۆر سنورداری مار و دوپشکی لە حکومەتدا پێداون، جێگای چاخورادن و دەمەتەقێکردنی بۆ جوملە راوێژکار و کارمەندەکانی سەر کاغەزی ئەم هێزەیان دابین کردوە، کەچی مێشێک میوانیان نیە و هەر هەڵپەیانە، خۆشیان وەک فریادرەس عەرز دەکەن. هیچ کێشەیەکیان نیە کێ دەبێتە سەرۆکی هاوپەیمانیە نوێکەیان لە گەڵ یەکێتی، هەر کەسێک بێت قبوڵی دەکەن، تەنانەت ئەوانەش کە زۆر تەعەدا و کاری قێزەوەنیان بەرامبەر گۆڕان کردوە، لە پێناوی مانەوەیان لە دەسەڵاتی گۆڕاندا پرەنسیپە رەسەنەکانی بزوتنەوەکەیان بەلادا داون، بۆیە زۆر شتیان قبوڵکردوە و تا ئەم چرکەیەش قبوڵیان دەکەن، وەک هێزێکی سەرلەقێنەری بێ ئیرادەیان لێهاتوە. جیاوازی هێزە ئیسلامیەکان کە بە ناو لە بەرەی ئۆپزسیۆندان لە گەڵ دو بەشداربوەکە لە حکومەتدا ئەوەیە کێشەی ناوخۆییان کەمە، مەرجەعی چەسپاوی ئاینییان هەیە، لە بواری سیاسیدا هەر هەمان قەوانی چاکسازی و عەدالەت و راستگۆیی و دەستپاکی دەچرنەوە، مەردەم هیوادارە گەر دەسەڵاتیان هەبێت هاوشێوەی برا موسڵمانەکانیان لە وڵاتانی دەر و دراوسێ نەبن.  لە سیاسەتدا شتێک نیە موتڵەق بێت، بینینی رێژەیی خەسڵەت و نیەتی کاراکتەر و هێزەکانی گۆرەپانەکە زۆر بەرچاو رەوشن دەکات، چی بکرێت و لە گەڵ کێ بکرێت و چۆن بکرێت، رەنگبێ ئەمە تەواوی تابلۆی مەبەست نمایش نەکات، بەڵام بێگومان هەنگاوێکە بەو ئاراستەیەدا.


سەعد ھەمەوەندی  دیارە چەند رۆژێکە لەزۆنی سەوز  ئاڵۆزیەک ھەیە لەنێوان دوو بەرپرسی یەکەمی حیزبی دەسەڵاتداری  ئەوێ ، گوایە یەکێکیان ئەوەی دی  بەوە تاوانبار دەکات، کە خیانەتی لە وڵات کردووە و شارێکی بە رۆژی رووناک فرۆشتووە ، ھەروەھا پێی وایە کۆنترۆڵی دەروازەکان و فرۆکەخانەی ئەوێی کردووەو کاری قاچاخچیەتیی بۆ بەرژەوەندی خۆی دەکات ، ھەر ئەوەندە نا بەڵکو پێی وایە ژەھری دەرخواردی  خۆی و دایکی داوەو تۆماری فیدێویی چەندین بەرپرسی لایە کە کاری سێکسی لەگەڵ ئافرەت و ھەندێ جاریش نێربازی دەکەن ، بەکاریان دەھێنێت بۆ ئەوەی بکەونە ژێر رکێفی ئەو ، بێجگە لە کۆمەڵێک تۆمەتی تر  کە پەیوەندی بە تەشهیر کردن و نووسینی بابەتی ڕۆژنامەوانی ھەیە .  ئەوەی سەرەوە دەنگ و باسی ئەو چەند رۆژەی میدیاو بەرپرسان و کەسانی ئاسایی ئەم وڵاتەن ، منیش وەکو تاکێکی ئەم  نیشتیمانە بەدیار جگەرەکەمەوە بۆی دانیشتم و بیرێکی قووڵم لێ کردەوە:  ئاخۆ دەبێت ئەم زاتە گەورەیە ویژدانی جوڵابێتەوەو ھەستی بە نەھامەتی ئەم شارە جوانەی (سلێمانی)  کردبێت یان ھەستی بەوە کردووە خەریکە لەناو دەچێت و بەرژەوەندیەکان لەدەست دەدات ..؟ ئەگەر ھەستی جوڵابێت  ، ئەی ئەو نەبوو بە شانازیەوە لەیەکێک لەکەناڵەکانی عەرەبی گووتی من بەتەنیا خیانەتم نەکردووە و واژۆی سی و حەوت ئەندامی سەرکردایەتیم لەگەڵە ! .  باشە خۆ قاچاخچیەتی و قۆرخکردنی ھەموو شتێک چەند رۆژێکی کەم یا هەفتەیەک و مانگێک نیە ، ئەوە چەندین ساڵە دەکرێت و خەڵک ھاوار دەکات ، بۆ چاکت نەکرد !.  تۆماری ڤیدێۆی سێکسی یەک و دوان نیە ، ئەوە نەریتێکە لەکۆنەوە ئێوە بەکاری دەھێنن لەگەڵ دوژمنان و ناکۆکەکانتان ! ، لەپاش وەفاتی مام ، ژەھر دەرخوارد کردن و کوشتنی رکابەرەکان و دوورخستنەوەی سەرکردایەتی کۆن بەزەقی دیاربوو ، تۆمەت خستنە پاڵ دڵسۆزەکان و کار کردن بۆ ئەجێندای دەرەکی و دژایەتی کردنی ماڵی بارزان بەھەزەرەھا نووسینی ئێوە بوو، لە سایت و پەیجە فەڕمی و سێبەرەکانتان ، بۆ ساتێکیش ھەڵوەستەت نەکرد...! ئەوەی لەسلێمانی دەگوزەرێت شەڕو ململانێی بەرژەوەندییەکانە ، ھیچ پەیوەندیەکی بەھێزی شەڕو خێردا نیە...!


ئاسۆ حاجی ئەمەریکا ئومێدێکی گەورەی بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی عێڕاق هەیە، بەوەی دەرئەنجامەکەی بە دانانی سەرۆک وەزیرانێکی دۆستی ئەمریکا کۆتایی بێت، لە هەژدە ساڵی رابردوو ئەمریکا گرەوی لە سەر دانانی سەرۆک وەزیرانێکی کردۆتەوە کە عێڕاق لە ئەمریکا نزیک و لە ئێران دوور بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ هەمووانیان بە یەک دەرئەنجام گەیشتووە کە ئێران زیاتر بەهێز بووە و ئەمریکاش زیاتر بێهێز و لاتەریک و بێزەوەرتر بووە. بۆچی هەمیشە ئەمریکا لە هاوکێشەی عێڕاق بە یەک دەرئەنجام گەیشتووە؟ ئەو پرسیارە هەقە ئەمریکا و ئەوانەی نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە دەکەن لە عێڕاق بە دوای وەڵامێکی لۆژیکی بگەڕێن، تا لە رێگەیەوە ئیدارەی نوێی وڵاتەکەیان لەو دۆخە خراپ و لەو نیگەرانیە قووڵە دەربهێنن کە تێی کەوتوون، لەو ترسەی کە لە دوای هەڵبژاردن کەسێکی سەر بە ئێران ببێتە سەرۆک وەزیران و هێزە پڕۆ ئێرانیەکان دیسان زۆرینەی پەڕلەمان پێکبهێنەوە و ئەوجارەیان پەڕلەمان و حکومەت بە یەکەوە داوا لە ئەمریکا بکەن وڵاتەکەیان جیبهێڵێ. سیاسەتی هەلە و ستراتیژیەتی پڕ لە کێماسی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای بەو رۆژە گەیاندووە، کە لە پاشەکشێی بەردەوام دایە لەو ناوچە گرنگەی جیهان، ئێران ئەو بۆشایانە پڕ دەکاتەوە کە ئەمریکا بەهۆی شکستهێنانی ستراتیژەتەکەی دروستیان دەکات، لە یەمەنەوە تا لوبنان کە بە ولاتانی کەنداو و عێڕاق و سوریا تێدەپەڕێ نموونەی زیندوو و قسە هەڵنەگرن لە سەر شکستی ئەمریکا. ئەمریکا لە ساڵی 2005 وە تا ئەمڕۆ لە رێگای باوەڕبوونی بە بەهێزکردنەوەی بەغدا وەک تاکە ناوەندی بڕیار، توشی ئەو هەڵە و شکستە هاتووە، چونکە لە کاتی هەبوون و بەهێزبوونی یەک ناوەندی بڕیار، پرسی زۆرینە و کەمینە دێتە گۆڕێ، کە لە عێڕاقدا شیعە زۆرینەن و کورد و سوونەش کەمینە، ئەوەشە وای کردووە لە پەڕلەمان زۆرینەی بڕیارەکان لە بەرژەوەندی ستراتیژی ئێران و لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکان بێت، بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگی شیعەکان نموونەی هەر دیارە، دەبێ ئەمریکا ئەوە بزانێ و لێی دڵنیا بێت کە دەرئەنجامی هەر هەڵبژاردنێک لە عێڕاق هەر بەو دەرئەنجامە دەگات، کە لە بەرژەوەندی شیعەیە و زۆرینەی شیعەش لە رێگای عەقیدەوە بە ئێران گرێدراون، کە ئەوەیان گرێدانێکی پیرۆز و هەمیشەییە، لە بەرامبەردا رەنگە کەمینەیەکی شیعە خۆیان لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بگونجێنن، چونکە وەک تاکتیک پێویستیان بەو خۆگەنجاندنە هەیە، وەک ئەوەی نوری مالیکی لە ساڵی 2006 کردی لەوەی ئەمریکا وەک دۆستی نزیک و باوەڕپێکراوی خۆیان بە دونیایان ناساند، دواتریش دلسۆزترین کەسی سوپای پاسداران دەرچوو، رەنگە لە گەڵ موقتەدا سەدریش هەر بەو ئەنجامە بگەن.. تاکە رێگا و چارەسەر لە بەردەم ئەمریکا ئەگەر درەنگ نەبێت، ئەوەیە دووربکەوێتەوە لەو روانگە کۆن و نەریتیەی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگەشتی و عێراق بەتایبەتی دەکات، کە هەمان روانگە و باوەڕی بەریتانیەکانە کە بۆ سەت ساڵی پێش ئێستا دەگەڕێتەوە کاتێک لە پەیماننامەی سایکسپیکۆ لەگەڵ فەڕەنسیەکان سنووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کێشاوە، ئەمریکا تا خۆی لەو وابەستبوونە مێژوویی و تەقلیدیە دەرباز نەکات و باوەڕی تەواو بەوە نەهێنێ کە عێڕاق پێویستە وەک وڵاتێکی فرەناوەند سەرلەونوێ بنیاتبندرێتەوە هەرگیز ستراتیژیەتەکەی سەرکەوتوو نابێت. بە قەدەر ئەوەش گرنگە ئەمەریکا پێویستە بەها و پێگەی هاوڕێ و هاوپەیمانەکانی خۆی بزانێ، تەنها وەک کارتی فشار و پارێزەرانی بەرژەوەندیەکانی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ نەکات، بۆ نموونە لە ساڵانی رابردوو ئەوە کڕۆک و شێوازی مامەڵەی ئەمریکا بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە بۆتە مایەی ئەوەی لە سەر ئاستی میللی ئەمریکا باوەڕی لە دەست داوە و خەڵکی کوردستان متمانەیان بە ئەمریکا نەماوە وەک دۆست، ئەوەش لە رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەری 2017 درزی تێکەوت و ئێستا فراوان بووە و بۆتە بۆشاییەک، رەنگە وەک هەموو ئەو بۆشایانەی ئەمریکا دروستی کردووە ئێران پڕی بکاتەوە. هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە تەک ئاڵای ئێران لە تاران ئەمریکا لە خەڵکی دیکە باشتر دەزانێ کە هەلەی پڕۆتۆکۆل نەبووە، بە دڵنیایەوە کۆنسلخانەکەشی لە هەولێر ئەو هەواڵە دەخوێنیتەوە کە سەرۆکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دێتە هەولێر بۆ ئەوەی هەماهەنگی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بکەن بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان.


ئاراس فەتاح چەندە سیاسەت وەک چالاکییەکی گرنگیی مرۆڤ دەبێتە هۆکاری بنیاتنانی ژیان و ئاشتیی، هێندەش دەتوانێت ببێت بە مەترسیی و هەڕەشە بۆ کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤەکان. گەورەترین مەترسیی بۆسەر سیاسەت و لەکارخستنی وەک کردەیەکی مەدەنیی، بریتییە لە دیکتاتۆرییەت و جەنگ.  لە هەردوکیاندا فەزای سیاسیی بە ئایدیۆلۆژیی دەکرێت و ماشێنێکی گەورەی دوژمنسازیی دەخرێتەگەڕ بۆئەوەی ژیانی مەدەنیی لەناوببرێت. بەم چەشنە یەکێک لە گرنگترین کردەی سیاسەت کە بەرهەمهێنانی ئازادیی و رێکخستنی ژیانی گشتییە، وەک کردەیەکی ئینسانیی کۆتاییپێدێت. لەدونیای ئێمەشدا جگە لە جەنگی نێوان وڵاتان و جەنگی ناوخۆیی، ساڵانێکە زۆرینەی دوڵەتان گیرۆدەی جەنگی دژ بە تیرۆرن. جەنگێک کە تەنها رەهەندێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو رەهەندێکی ئیقلیمیی و نێونەتەوەیی گەورەشی هەیە. لەناوچەکەی ئێمەدا زیاد لە بکەرێک و زیاد لە گروپ و زیاد لە هێزێکی ئیقلیمیی بەریەک دەکەون. ساڵانێکی زۆرە سیاسەت لە ناوچەکە و هەرێمەکەی ئێمەدا موبادەرەی لەدەستداوە و کارە سەرەکییەکەی بووە بە ڕاکردن بەدوای ئەو کێشانەدا کە جەنگ و شەڕی ناوخۆیی و گروپە چەکدارەکان و نوخبەی سیاسیی بۆ کۆمەڵگاکان بەرهەمیدەهێنن. نەوەی یەکەمی نوخبەی کوردیی ناو حیزبەکان ئەزموونێکی دوورودرێژی جەنگ و ماڵوێرانییان لەگەڵ یەکتردا هەیە. کاتێکیش ئاشتی کەوتە نێوانیانەوە ئەزموونێکی دوورودرێژیان لە سەرکوتکردنی ئازادیی و بیروڕای جیاوازی ناو کۆمەڵگاکەیان پیادەکرد. نەوەی دووهەمی ئەم نوخبە جەنگاوەرەش، کەمتر شەڕانگیزتر نین لەنەوەی یەکەم، بەڵام ئەزموونێکی نوێیان لە بەنماییشکردنی سیاسەت و گۆڕینی لە خەمێکی گشتییەوە بۆ خەمی تایبەت و شەخسییدا هەیە. بەپێچەوانەی نەوەی یەکەمەوە، ئەم نەوە نوێیەی ناو سیاسەتی کوردیی نە گەمەکەرێکی ئیقلیمییە لەدەرەوە و نە خاوەن کاریزما و هەیبەتێکی سیاسییە لە ناوەوە. ئەم نەوەیە ئەزموونێکی سیاسیی تەمەنکورتی هەیە، تاکە ئەزموونێک هەیبێت لەبواری ئەمنییدایە. ئێستاش کە فەرمانڕەوای ئەم دەڤەرەن، تەنها لە ناوبڕەکاندا سیاسەت دەکەن. خودئەڤینییەکی قووڵ ژیانی سیاسیی ئەم کارەکتەرانەی تەنیوە و بێخەمیی و لاموبالاتییەکی گەورەش عەقڵی ئیدارییان ئاراستەدەکات. بەشێوەیەکی گشتیی، گەر چاوەڕوانییەکان لەلایەن سیاسەتەوە تێرنەکرێن، کۆمەڵگا دوو هەڵاوێردی (ئیختیار) لەبەردەستدایە. یەکەم داوا لە سیاسەت دەکات ریفۆرم پیادەبکات، بۆئەوەی بتوانێت ڕوبەڕوی ئەو تەحەدا و کێشانە ببێتەوە کە دەبێت ئەمڕۆ چارەسەریان بکات و نەیانخاتە سبەی. گەر ئەمەش نەکرا، چارەسەری دووهەمیان دەبێت بە ئەڵتەرناتیڤ و چاوەروانییەکانی کۆمەڵگا لە سیاسەت گۆڕانی رادیکاڵیان بەسەردا دێت. یەکێک لە خراپترین و مەترسییدارترین شێوەی ئەو گۆڕانکارییەش بریتییە لەوەی کە کۆمەڵگا هیچ چاوەڕوانییەکی لە نوخبەی دەسەڵاتدارانی نامێنێت. ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا تیای دەژی، بریتییە لە خاڵی دووەم. کۆمەڵگای کوردیی هیچ چاوەروانییەکی باشی لە سیاسەتی نەوەی دووهەمی ناو خێزانە سیاسییەکان نەماوە. ئەم نەوە نوێیەی دەسەڵاتداران نە وەک باوانیان بەشداربوون لە دروستکردنی رابردوو و دوێنێی ئەم کۆمەڵگایە، نە بیر لە بژێوی ئێستای هاونیشتیمانیانی دەکەنەوە و نە پڕۆژە و خەونی سیاسییشیان بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان هەیە. لە کۆمەڵگای ئێمەی دوای قۆناغی جەنگی ناوخۆیی و قۆناغی دوای ئۆپۆزیسیۆندا، وێنەی دوژمنی سیاسیی کاڵبووەتەوە، بەڵام قۆناغی دوژمنایەتییەکی نوێی هەمەلایەنی دژبەیەکتر سەریهەڵداوە. دوژمنایەتییەک کە تەنها رەهەندێکی ئاسۆیی نییە لەنێوان ناوچە و جوگرافیا سیاسییەکاندا وەک لە ڕابردوودا هەبوو، بەڵکو رەهەندێکی شاقووڵیی هەیە و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو جەستەی سیاسیی خودی حیزبەکان و ناو خێزانە سیاسییەکان.     


د.كامەران مەنتك كورد وئاگرەكەی توركیا شەڕی نوێ بەپلەی یەكەم شەڕێكی رانەگەیەنراوە، هەموو كایەكانی ژیان دەگرێتەوە، ئەو شەڕانە زۆر بەخێرایی سەرهەڵدەدەن وبەشێوەیەكی ستوونی گەشە دەكەن، هەمیشە مەترسی ئەوەیان لێدەكرێت لە چركەیەك لە چركەكان بەخێرایی بڵاوببنەوە وجەنگێكی جیهانی گەورە دایسێنن. شەڕی نوێ بە پلەی یەكەم شەڕێكی میدیاییە، میدیا رۆڵێكی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە ئامادەكردنی گۆڕەپانی شەڕ، لەبەرئەوەی لەسەردەمی شۆڕشی گەیاندندا باشترین ئامڕازە بۆئەوەی بەرەوەی ناوەوەی دوژمن بكرێتە گۆرەپانی سەرەكی شەڕو لەناخەوە كۆمەلگاكان هەلتەكێنێت. ئەگەر لەماوەی رابردوو، واتە لەقۆناغی شەڕی یەكەمی سارددا سیخوڕەكان رۆڵی تیكدانی بەرەی ناوەخۆیان بینیبێت، لەسەردەمی نویدا میدیاكان ئەو رۆڵە دەگێڕن، كە تێچوونی زۆر كەمترەو مەترسیش لەسەر ژیانی جەنگاوەرەكان زۆر كەمترە، تەنانەت زۆرجاران جەنگاوەر لەناو خودی دوژمندا دروست دەكرێت ولەپەنای وڵاتپارێزی وئازادیەوە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەخرێنە كار، لەشەڕی ساردی نوێدا میدیا ئەو سەربازە، یاخود ئەو سیخوڕە نەبینراوەیە لەرێگای تیشكەكانەوە دەچێتە ماڵی هەمووتاكێك وچۆنی بوێت وا ئاڕاستەی دەكات، ئەمە كارەساتێكی زۆر گەورەیە ولە ئێستادا گەورەترین هەڕەشەی بۆ سەر كۆمەڵگای كوردی دروست كردووە!. میدیا لە كوردستان نەك بۆتە هۆی بەرەو پێشوەبردنی ئازادیەكان، بەڵكو ئازادیەكانیشی لە بەها راستەقینەكانی خاڵی كردۆتەوە، بۆتە ئامڕازێك شەڕی كەلتوور وزمان وهەموو بەها رەسەنەكانی كۆمەڵگای كوردی پێدەكرێت، تەنانەت زۆر جاران لە دوژمنە هەرە سەرسەختەكانی كورد زیاتر خزمەت بە دوژمن دەكات وئازاری گەورەتر بەكورد دەگەیەنێت. ئێستا دوژمنانی كورد گەیشتوونەتە قۆناغێك پێویستیان بەوە نەماوە، یاخود زۆر كەمبۆتەوە، سیخوڕ ئامادە بكەن وبینێرنە هەرێمی كوردستان، بەڵكو بەشێكی هەرە زۆری میدیاكان وتەنانەت تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش ئەو ئەركە زۆر بەجوانی رادەپەڕێنن، بەناوی شانازی نەتەوەییەوە، دوژمن پەلكێش دەكەن وتۆمەتی ناڕەوا بۆ میللەتەكەی خۆیان دەهۆننەوە، نەك بە تەنیا ژن وپیاو گەنجەكانیش، بەڵكو منداڵانیش دەكەنە كەرەستەیەك بۆ ئەو شەڕە وهەندێك تۆمەتیان دەخەنە پاڵ، كە هەرگیز لەگەڵ روحی پاكی منداڵاندا ناگونجێت. جێگای داخە، كە زۆرینەی میدیاكان وبەناو رۆژنامەنووسانی كوردستان نەك هەر لەئاستی بەرپرسیاریەتی نیشتمانیدا نین، بەڵكو بوونەتە بارێكی گران ومەترسیەكی گەورەش بەسەر نیشتمانەوە. دەبێت گەنج ورۆشنبیران ومیدیاكارانی كورد تێبگەن، دوژمنە سەرسەختەكانی كورد لە هەندێك دۆخدا دەیانەوێت كێشەكان وشكستەكانی خۆیان لەرێگای كوردەوە هەناردەی دەرەوە بكەن، بەمەش لەلایەك رێگا بۆ هەنگاوێكی تر بۆ داگیركردنی كوردستان خۆش دەكەن، لەلایەكی خۆیان لە تووڕەیی خەڵكی خۆیان دەدزنەوە ورای گشتی وڵاتەكانیان بەلاڕێدا دەبەن. بۆ نمونە وڵاتێكی وەكو توركیا، كە بەهۆی ئەو ئاگرەوە، كەوتۆتە لێواری داڕمان وئابووری ئەو ولاتە خەریكە دەپووكێتەوە، سەرباری ئەوەی دووەمین گەورەترین سوپای ناتۆی بە هەزاران چەكدار وتۆپ وجبەخانەی هەیە، نەیتوانیوە ئامڕازی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانێكی لەو شێوەیەی ئێستا دابین بكات وگەلەكەی لەبەردەم چارەنووسێكی نادیاردا هێشتۆتەوە، بۆیە بەدوای دوژمنێكدا دەگەڕێت تۆمەتەكەی بخاتە پاڵ، دیارە باشترین وئاسانترین وئامادەترین دوژمنیش كوردە، بۆیە بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات كورد تۆمەتبار بكات، میدیاكانی توركیا، بەتایبەتیش میدیای هێزە فاشیست وتوندرەوەكان، بەگەرمی بۆ ئەو تۆمەتباركردنە كەوتوونەتە كار، كەچی میدیای كوردی لەجیاتی ئەوەی بەرەنگاری ئەو هەوڵە ترسناكە بێتەوە، بەشێكیان بەشانازیەوە ئەو پڕوپاگەندانەی توركیا بڵاودەكەنەوە ووەك خەباتێكی نیشتمانی نیشانی خەلكی كوردستانی دەدەن، لەكاتیكدا ئەوكارە لێدانە لە ئاسایشتی نیشتمانی هەرێم وخەڵكەكەی دووچاری شەڕێكی نابەرانبەر دەكاتەوە، كە هەرگیز پیویستی پێی نیە!


ئه‌بوبه‌كر كاروانی ھەرێم لەبەردەم ئاڵنگاری نوێدا ھەڵکرنی ئاڵای کوردستان لەپێشوازی سەرۆکی ھەرێم ودواتر ڕونکردنەوەکەی قسەکەر بەناوی وەزارەتی دەرەوە کە ئەوە ھەڵەیەکی پڕۆتۆکۆلی بوەو ڕوداوەکەی ھەولێر ھاوکات لەگەڵ سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژەو پەیامی تایبەت بەخۆیان ھەڵگرتووە. ڕەنگە باس لەبەسەرچونی قۆناغێك و دەستکردن بەقۆناغێکی نوێ بێت لە پەیوەندی بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ھەولێر، ئەگەر بەییاننامەکەی دیموکرات دەربارەی تیرۆرکردنی باباخانی وەك زانیاری وەربگرین، وە بسەلمێت کردەکە کاری دەزگا ھەواڵگرییەکانی تارانە، دەتوانیین بەشێ لەسیماکانی ئەم قۆناغەو ئایندەو پەیام و ئاماژەکان، بەم جۆرەی خوارەوە کورتبکەینەوە: ١- دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پەیوەندی و مامەڵەی تاران لەگەڵ ھەولێر کە قبوڵی دۆخی پێشوتر ناکات و داوای خۆ یەلایکردنەوەی ھەولێر دەکات لەنێوان تاران و واشنتۆندا. بەتایبەتیش دوای جێبەجێکردنی بڕیاری چونەدەرەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا. ھەڵکردنی ئاڵاکە واتە ئامادەیی ئێران بۆ لەخۆگرتنی ھەرێم بەمەرجی خۆڕێکخستنەوە بەگوێرەی ئەندازەو پێوەرەکانی تاران، بەدەر لەوە ئەوەی تائێستا کراوە بەھەڵە دادەنرێت و ڕەوایەتی لەھەندێك دانپیانان و مامەڵە وەردەگیرێتەوەو ستراتیژێکی نوێ کاری پێدەکرێت. ھاوکاتبونی ڕوداوەکەی ھەولێرو بونی شاندی ھەرێم لەتاران و ڕونکردنەوەکەی وەزارەتی دەرەوەش بەسەریەکەوە بۆنی ئەمەیان لێدەکرێت. ٢- ئیحراجکردنی ھەولێرو پارتی، کە نابێت پێتان وابێت ھەرێم سەبارەت بەتاران و نفوزو بەرژەوەندی و ئازادی جوڵەی ئەو، دو زۆن و سیاسەتی جیاوازە، ھەر لەوێشەوە جورئەت بەخۆیان بدەن بکوژانی قادری قادری فەرماندەی سەربازی دیموکرات دەستگیر بکەن و دادگاییان بکەن و سزای لەسێدارەدانیان بۆدەربکەن، یاخود میوانداری سەرکردەكانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی لە شاشەکانی نزیك لەخۆیان بکەن و دوای بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەن. یاخود پێیان وابێت ڕوداوەکانی ئەم دواییەی نێوماڵی یەکێتی کار لە ئامادەیی کۆماری ئیسلامی لە ھەرێم دەکات، چونکە ئەوە تارانە لە ھەرێم سنور بۆ خەڵك و ھێزەکان و ڕێاساکانی گەمەکە دادەنێت نەك بەپێچەوانەوە. ڕەنگە ھەڵبژاردنی ھوتێلی گوڵی سلێمانیش، لەم ڕوەوە ماناو ئاماژەی تایبەت بەخۆی ھەبێت. ٣- ئاماژەدان بەدۆخێکی نوێ سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لەھەرێمدا، پێدەچێت، تاران لەبیری ئەوەدا بێت لێکتێگەیشتنەکانی رابردوی نێوان ھەرێم و خۆی دەربارەی ئەوان ھەڵبوەشێنێتەوە؟ لانی کەم سەرلەنوێ بونیان بکرێتە ئشکالیەت و بابەتی گفتوگۆی نوێ. واتە لەبری ئەوەی کارتی فشاربن بەدەست ھەرێمەوە، کە پارتی ھەندێ کات بەو ھەناسەوە مامەڵەی دەکرد، وە بابەتی چاوتێبڕینی ھەندێ ھێزی نێودەوڵەتی بن لەھەندێك چرکەساتدا کە دەخوازرێت تاران بخرێتە ژێر فشارەوە، ببنە کارتی بەدەستی تاران و ئامرازی فشار بۆسەر ھەرێم و حسابی نیمچە بارمتەیان لەگەڵدا بکرێ؟ ھەر لەم چوارچێوەشدا وەرزێکی نوێی پاکتاوکردنیان دەستپێبکات. لێرەشەوە بژاردەی قبوڵکرنی مانەوەیان بەھەندێ کۆت و بەندی نوێ و سازشی ھەرێم لەھەندێ دۆسیەدا تا داوای دەرکردنیان لەڕێی تاران خۆی و بەغداوە، لەبەردەم تاراندا کراوە بێت. ھەرئەمەش بکرێتە بیانویەکی نوێ بۆئەوەی لەکاتی پێویستدا ھێزەکانی حەشدی شەعبی فشاربخەنە سەر ھەرێم و ببنە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆی. بەم جۆرەش بەئامانجگرتنەکەی ھەولێر دەبێتە تەواوکەری پەیامی ھێرشی کاتیوشاو درۆنەکانی ھەندێ گروپی چەکداری عێراقی بۆسەری؟ ھەر لەم نێوەندەشدا دەکرێت بیرمان بۆ بەیەکەوە گرێدانی ئەگەری پاکتاوکردنی قەندیل و جوڵانەوەی کوردی ڕۆژھەڵات لەچوارچێوەی ڕێکكەوتنێکی ھەرێمایەتیدا بچێت، لەپێناو ڕازیکردنی تاران و لاوازکردنی ھەرێمدا، ئەوکاتە دەرگای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆش زۆرتردەکرێتەوە. بەکورتی ئاماژە سەرەتاییەکان بۆ ئه‌وە دەچن، ھەرێم لە قۆناغی داھاتودا ڕوبەڕوی ھەلومەرجێکی سەختر ببێتەوەو گۆڕەپانی ھەندێ یاریکردنی لەبەردەمدا بچوکتر ببێتەوە؟ فشاری زۆرتری بخرێتە سەرو بخرێتە بەردەم ھەڕەشەی جددی ترەوە. کارکردن بۆ توندتر نەبونی ئابڵۆقەکان، کە تێگەیشتنی پەکەکە بۆ دۆخی ھەرێم دەخوازێت، لەپێناو رونەدانی شتی نەخوازراو لەم ڕوەوە، ناوخۆیەکی کۆکراوە، ئامادەگی جددی لە بەغدا (ئەگەر دوای ھەڵبژاردن و تەنانەت لەساتێکی دیاریکراودا یارییەکە لەوێش تێکنەچێت و دەسەڵات کۆنتڕۆڵ نەکرێت و سەرۆکێکی وەکو رەیسی کە ڕەمزی یەکگرتنەوەی شۆڕش و دەوڵەت و ھەماھەنگبونەوەی توانا ئینقیلابییەکانە، بەسەڵاحیەتی مورشیدەوە جڵەوی دەسەڵات لەبەغدا بەدەستەوە نەگرێت) خێراکردن لەھەنگاوەکانی چاکسازی بۆ ڕێگەگرتن لەھەرەسپێھێنانی ئابوری و گێرانەوەی پێشمەرجەکانی بەھێزکردنەوەی ھاوچارەنوسی لەنێوان ھێزەکان و گەلی باشوردا جوانتر ئیدارەدانی پەیوەندییەکان و لەوانەش لەگەڵ تاران بەلەبەرچاوگرتنی گۆراوەکان، بەشێکن لە پێویستیەکانی روبەروبونەوەی ئەگەرەکانی داھاتوو. ھەموو ئەمەش ئەگەری ئەوە ناسڕێتەوە گۆرانکارییەکانی ناوچەکە بەجۆرێکی دراماتیکی وا بچنە پێش، ڕێسای نوێی گەمەی سیاسی بێنە پێشەوەو ھەرێم لەبری کەوتنە بەردەم ھەڕەشەی لەقاڵبدان و لەناوچون، قوڵایی ستراتیژیی نوێی بۆ پەیدا ببێت و کوردیش دەرفەتی نوێی بێتە پێش و پەیوەندییەکانیش لەگەڵ تاراندا، لەبەرگێکی نوێدا، پەرەسەندنی گەورە بەخۆوە ببینن. لەھەموو حاڵەتێکدا بوونی خۆمان و خۆئامادەکردن بۆ خراپترین سیناریۆ، بەشێکن لە زەرورەتی قۆناغەکە.


نەبەز جەلال گەر بڵێم: زۆرترین و درۆزنترین سیاسی لە ھەموو جیھاندا، کەوتونەتە ھەرێمی کوردستانەوە، ناھەقم مەگرن. لێرە شێوەو، شێوازەکانی ھەمە چەشنن. ئەو جۆرە درۆزنەی لێرە ھەیە، لەھیچ کام لە ووڵاتەکانی دنیادا بوونیان نییە، یان بە دانسقەش وەک نمونە نەماوون!. بەداخەوە؛ لێرە درۆزنی ( نایاب و نادر )، ( عەجیب و غەریب )مان زۆرە زۆر!. ئێستا سیمای کورد تەواو شێواوە، من بۆ خۆم ناتوانم کوردی جاران بناسمەوە، ئێستا وەک وەھمێک دێتەوە پێش چاوم. زیاتر لێم بووە بە چیرۆکێکی باپیرانە!. ئەم ھەموو کەڵکچێتی و درۆکردنەش لە سنورو، بازنەی پێکەوەژیانی خەڵکی کوردو بەرامبەر کوردی خۆمان دەکرێ. لە دوای ڕاپەڕینەوە کوردی باشور سەریھەڵداو، ئەو وخت کورد لە دابڕاویی و ترازان دەربازی بوو، بووەوە بە یەک پاکێجی پێکەوەیی زۆر درۆزن! لەو ژیانی پێکەوەییەشدا درۆ وەک یەکێک لە بەشە خراپ و نەرێنییەکانی تری پەروەردەی کۆمەڵگا گەشەی کردوو قێزەونە. ھەمویان ئێستا خەریکی تێپەڕاندنی سنوری قێزەوونی و دەستپێکی قۆناغی دوای درۆکردنی خۆیانن. کاتی ھاتوە سەرکردە سیاسییەکان درۆ ڕابگرن و ڕابوەستن. شەرمێک لە سەرو سیماو ھەیکەلی خۆیان و مێژووەکەیان بکەن ئیتر درۆ بۆ خەڵک نەکەن. بەدرۆ ھیچتان دەست ناکەوێ دڵنیام ھەزاران جارتان تاقیکردۆتەوە جگە لە خراپ بوون بەرھەمەکەی ھیچتان نەچنییەوەو پێش نابڕێ! کورد بۆیە وا بەم ڕۆژە گەیشت چونکە تایبەتمەندییەکانی خۆی وەک کلتور و مێژوو پەروەردە و مۆڕاڵی مرۆڤایەتی کوردبوونی خۆی، پێ لەدەستدرا. تکایە ئیتر با بەسبێ و بە درۆو، درۆزانی خوی خەڵکی کوردستانتان ھەموو بەدکرد. مۆری ناسینەوەی درۆزنی گەورەشتان بەدەستی خۆتان دا لە تەوێڵی خۆتان و قێزەونبوون.  


ئه‌بو كاروان ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ هه‌ژاندایه‌، ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌فغانستان بڕیاری كشانه‌وه‌ى دا، هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕیش بڕیاره‌كه‌ى جێبه‌جێ كرد، وڵاتێكی كاولی بۆ هێزێكی كۆنه‌په‌رستى تێرۆرستى به‌جێهێشت، كه‌ خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و هێزه‌ى دروست كردبوو، ئه‌مه‌ شتێكی نوێ نییه‌ له‌ سیاسه‌تى داماڵراو له‌ئه‌خلاق و به‌های ئه‌مه‌ریكا، كه‌ دۆسته‌كانى خۆی زوو ده‌فرۆشێت و به‌جێده‌هێڵێت، ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ عێراق و ئێران و هه‌رێمی كوردستانى خۆشمان به‌ تونێلێكی نادیار تێپه‌ڕ ده‌بن، ئاسۆ ڕوون نییه‌، قه‌یران له‌سه‌ر قه‌یران، ململانێی و گه‌نده‌ڵی و ویست بۆ هه‌ژموونى زیاتر، پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ، ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامانى خه‌ڵكی، شه‌ڕ و كوشتار، فیگه‌ری دیاری سه‌ر تابلۆی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه‌. له‌ نێو ئه‌م هه‌موو ئاگره‌دا، له‌م ساتى وه‌چه‌رخاندا هێزه‌كانى ده‌سه‌ڵات، له‌بری ته‌كبیرو گفتووگۆی جدى و هه‌نگاوی چۆنایه‌تى به‌ره‌و گۆڕانكاری له‌ حكومڕانی و دابین ژیانێكی شه‌رفمه‌ندانه‌ بۆ هاوڵاتیان، كه‌چی تادێت ململانێكانیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات زیاتر ده‌كه‌ن، ئامرازو میكانیزمی جۆربه‌جۆر ده‌دۆزنه‌وه‌ بۆ گیرفان بڕینی هاوڵاتیان له‌ژێر ناوى بازاڕی ئازادو كه‌رتى تایبه‌ت. له‌ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڕاج و تاڵانیه‌ى له‌ فرۆشتنى كه‌رته‌كانى حكومى و گشتى له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌كرێت، له‌ هیچ شوێنێكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ هه‌ر بوونی نییه‌، بۆ نموونه‌ له‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ سه‌رمایه‌دارییه‌كاندا نییه‌، قۆناغه‌كانى سه‌ره‌تایی و بنه‌ڕه‌تى بدرێته‌ كه‌رتى تایبه‌ت، كه‌چی له‌ هه‌رێمی كوردستان تا دێت ژماره‌ى قوتابخانه‌ی ئه‌هلی زیاد ده‌بێت، به‌كرێیه‌كی زۆری خوێندن، ئه‌و مامۆستاو فه‌رمانبه‌رانه‌ى له‌و ناوه‌ندانه‌ ده‌خرێنه‌ به‌ركار كه‌متر كاتى كاركردنیان بریتیه‌ له‌ (٨) كاتژمێر كارو موچه‌یه‌كی كه‌م، هه‌روه‌ها به‌ده‌گمه‌ن هه‌یه‌ له‌ سیسته‌مێكی ته‌ندروستى وڵاتانى دونیا بۆ نه‌خۆشیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و برینپێچ و مناڵبوون و چاودێری دایك و كۆرپه‌له‌ هاوڵاتى ناچار بێت ڕوو له‌ كه‌رتى تایبه‌ت بكات، كه‌چی له‌ هه‌رێمی كوردستان تادێت نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت زیاتر ده‌بێت، هه‌ر ماڵێك نه‌خۆشێكی هه‌بێ، ئه‌وا ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت ژیانێكی هه‌ره‌ ئاسایی بگوزه‌رێنێت، بۆ كه‌رته‌كانى كاره‌باو هاتوچۆ و ئۆتۆمبێل و باج هه‌روایه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ نه‌بوونى ده‌رفه‌تى كارو كێشه‌ى نیشته‌جێبوون و بازاڕی قۆرخكراو پاشه‌كه‌وت و لێبڕینی موچه‌ ژیانی هاوڵاتیان ته‌واو هه‌راسان كردووه‌. له‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وشێكی دروستكردووه‌، ئه‌سته‌مه‌ هاوڵاتى به‌رگه‌ى ناهه‌موواری و دۆخێكی تر ناله‌بار بگرێت. مه‌ترسیه‌كان زۆرن، ته‌ماح و چاوتێبڕین له‌ سامانى سروشتى و خاكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌ى داگیركاری ده‌وڵه‌تانى دراوسێ شتێكى شاراوه‌ نییه‌، وه‌زیری ناوخۆی توركیا: له‌به‌ر چاوی هه‌موو دونیا ویستى به‌ داگیركاری و به‌پێ هاتووچۆكردنیان بۆ وڵاته‌كه‌مان ناشارێته‌وه‌، دەوڵەتانی دەوروبەر به‌ ڕۆژی ڕووناك هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات و ده‌ستی تێرۆر ده‌گه‌یه‌نێته‌ تێكۆشه‌رانى تری نیشتیمانە لەتکراوەکەمان، هه‌موو ئه‌م په‌یامانه‌ ناگه‌نه‌ گوێی ده‌سه‌ڵاتداران، ویست بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سك و قازانجی حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی و ته‌نانه‌ت شه‌خسى خۆیان مه‌ستى كردوون، ئێستا وای لێهاتووه‌ كێشه‌و ناكۆكی نێو بنه‌ماڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتدار بۆته‌ بارێكی تر بۆ سه‌ر شانی هاوڵاتى و سه‌رچاوه‌ى قه‌له‌قى و نائارامیان، ترسیان له‌ هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕ. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ناكۆكییه‌كانی نێوانیشان تادێت گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن، شه‌ڕی نێوان پارتى و په‌كه‌كه‌ زەمینەی بۆ خۆشدەکرێ، به‌گوتار باسی حه‌رامكردنى شه‌ڕی كورد به‌كورد ده‌كه‌ن، كه‌چی هه‌رجاره‌ى له‌ سنورو ده‌ڤه‌رێك شه‌ڕ داده‌مه‌زرێنن و شه‌هید و بریندارو ته‌نانه‌ت دیلیش له‌ هه‌ردوولا ده‌بێت. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ له‌ نێو ئه‌م هه‌موو ھەڕەشەو مه‌ترسیانه‌ى ده‌وربه‌رو وێرانى سیاسه‌ت و ئیداره‌دانى ناوخۆیی و گه‌نده‌ڵی، ئه‌م دەسەڵاتە تا چه‌ند ده‌توانێت درێژه‌ به‌ ته‌مه‌نى خۆی بدات؟ تا چه‌ند تواناى به‌رگه‌گرتنى هه‌یه‌؟ له‌ كاتێكدا تاوه‌كو ئێستا هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ نه‌ك یه‌ك نه‌خراون به‌ڵكو زۆرینه‌ى جاره‌كانیش له‌بری حزبیش فه‌رمان له‌م به‌رپرس و ئه‌و به‌رپرس وه‌رده‌گرن، بگره‌ بەشێوەیەک ئاماده‌كراون تاوه‌كو له‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كاندا به‌كاربهێنرێن. ئه‌زموونى لانى كه‌می ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ ئەوەی بۆ سه‌لماندووین هه‌ر هێزێك به‌ مێتۆدێكی نیشتیمانى تۆكمه‌ دیسپلین و په‌روه‌رده‌ نه‌كرێت، زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت له‌ كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی نێوان حیزبه‌كان و سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان تێوه‌ نه‌گلێ. بۆیه‌ پێویسته‌ هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆشنبیران و خه‌مخۆره‌ ڕاسته‌قینه‌كانى ئه‌م نیشتیمانه‌ به‌ره‌یه‌كی به‌رفراوان به‌ستراتیژێكی نیشتیمانى دروست بكه‌ن، ببنه‌ فشارو به‌دیلێكی ڕاسته‌قینه‌ بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ تاوه‌كو ئه‌م قه‌واره‌یه‌ كه‌ به‌ خوێن و قوربانی گرانبه‌هاى كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك هاتووته‌ به‌رهه‌م به‌رەو‌ هه‌ڵدێرتر نه‌چێت، وه‌ك نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خاتوو جێنین بلاسخارت ‌پێی وتین: گه‌رەنتی نییه‌، ئه‌م قه‌واره‌یه‌ تا هه‌تایه‌ وه‌ك ئێستا بمێنێت. مه‌ترسیه‌كان گه‌وره‌ن، پشتبه‌ستن به‌م وڵات و به‌و ده‌وڵه‌ت ئاكامه‌كانى پشت شكانه‌، كه‌وتنه‌، مێژوو پڕە له‌م جۆره‌ نموونانه‌، پڕه‌ له‌وانه‌، ستراتیژ ئه‌وه‌یه‌ پشت به‌گه‌لی خۆت و توناى خۆت ببه‌ستى، ئه‌و گه‌له‌ى گه‌نجه‌كانى زۆرینه‌ به‌دواى كۆچ بۆ رێگاى پڕ له‌ سه‌ختى و مه‌ترسی تاراوگه‌ ده‌گه‌رێن!



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand