لەنێوان سادات و بارزانی دا
2021-09-17 11:18:45
دانا حهمهعهزیز
١- ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ١٩٧٨ ڕێکكەوتننامەی سەرەتایی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و میسر بە ئامادەبونی جەیمی کارتەری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا لە کەمپ دەیڤدی واشنتن ئیمزا کرا. ڕۆژی ٢٦ ئازاری ١٩٧٩ش هەردولا پەیمانی ئاشتی کۆتاییان ئیمزاکرد، بەو پێیە ئیسرائیل بە چەند قۆناغێك لەماوەی سێ ساڵدا هەموو نیمچە دورگەی سینای بەجێهێشت کە لە شەڕەکانی ١٩٦٧و ١٩٧٣دا داگیری کردبوو.
ئەنوەر سادات جێنەراڵیکی سەربازی بەتواناو سەرۆکێکی سیاسی بە ئەزمون بوو، لە شەڕی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣شدا هەندێك سەرکەوتنی دیاریکراوی لە سینا بەسەر سوپای ئیسرائیلدا بەدەستهێنابوو. ئەمەش بوو بە کلیلی کرانەوەی دەروازەی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیلدا، وتوێژەکان لەسەرەتاوە بەنهێنی لە ڕێگەی شای ئێران و شای مەغریب و چاوسیسکۆی ڕۆمانیا وە بەڕێوە ئەچوون، دواتر لە دەسپێشخەرییەکی مێژوویدا سادات خۆی چو بۆ ئیسرائیل!
مناحێم بێگن ڕاستڕەوێکی توندڕەوی جولەکە بوو، بەڵام ئازایی سادات و دەسپێشخەریەکەی بۆ داننان بە ئیسرائیلدا بەرامبەر ئاشتی و ڕێکكەوتن لەگەڵ عەرەبدا، دەرفەتی بۆ بێگن و بۆ کارتەر نەهێشتەوە. ئەوکاتە، سادات پەیوەندی کرد بە گشت سەرکردەکانی عەرەبەوە، لە حافز ئەسەد پاڕایەوە کە چۆن بەیەکەوە شەڕیانکردووە، با بەیەکیشەوە بە ئاشتی ئیسرائیل لە خاکەکەیان دەرکەن بە قودس و جۆلانیشەوە. بەڵام سەرانی عەرەب و ئیخوانەکانی میسر، ساداتیان بە خیانەتکار ناوبردو بارەگای جامعەی عەربیشیان لە قاهیرەوە گواستەوە بۆ تونس.
سادات، بەئاشتی سینای لە ئیسرائیل سەندەوە کە سێ ئەوەندەی ڕوبەری ئیسرائیلە، بە متمانەبونێکی زۆریشەوە، سور بوو لەسەرئەوەی کە باشترین بڕیاریداوەو، ڕۆژێك دادێ ئەبێ عەرەب مەمنونی جولەکە بێ ئاشتی لەگەڵدا بکات بەڵام بەرامبەر بە هیچ!
٢- چوارساڵ لەمەوبەر ڕێك چل ساڵ بەر لە دەسپێکردنی وتوێژی نهێنی سادات و جولەکە، سەرکردایەتی کورد خراپترین ڕیگەی گرتەبەرو، بە فیتی تورك و لەخۆشی پارەی نەوت و بازرگانیی، بڕیاری ڕیفراندۆمی دا لەکاتێکدا کە هێشتا عێراق خوێنی لێ ئەچۆڕاو شیعە لە گەرمەی شەڕی داعش دا بوو. ڕاستە ڕیکكەوتننامەی نهێنی هەولێرو ئانکەرە دەسکەوتی بازرگانیی زۆری بۆ پارتی و زەمانەتی مانەوەی بۆ بەڕێز بارزانی دابینکردووە، بەڵام تورك جگە لە کۆتایهێنان بە بزوتنەوەی سیاسی کوردو پرسی کورد لە هەر چواربەشەکەی کوردستان، هیچ سازشێکی تری قەبوڵ نیە.
لەم بەینەدا ڕاستییەکی مێژوویی تاڵ هەیە، هەموو بزوتنەوەی سیاسی و چەکداریی کورد لە ماڵی شیعەو بەپشتیوانی ئێران و سوریا دروست بووەو پشتیوانی کراوە بە پارتی و یەکێتی و پەکەکەشەوە!
پارتی و بارزانی وا دەرئەکەون کە لە هەموو کات بەهێزترن، بەڵام بۆ کورد ئەو ڕۆژە لە هەموو کات نزیکترە، کە ئەبێ بە مەمنونی و بەخۆڕایی باوەش بە شیعەدا بکات، بەڵام وەكو ئەوەی ئێستای عەرەب، بیگومان بەخۆڕایی و بەبێ قودس و بەبێ کەرکوك و بەبێ هیچ!