رێبوار کەریم وەلی بەسەرنجدان لە ژمارەی دەنگی حزبە سیاسییەکان لە کوردستان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠، دەردەکەوێ کە جگە لە یەکگرتووی ئیسلامی ھەموو حزبەکانی دیکە لەڕووی ژمارەی دەنگدەرەوە لە پاشەکشەیەکی دراماتیکیدان. * کەمکردنی ئەو ژمارە زۆرەی دەنگ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەنھا لەو چوار ساڵەدا، سەدان ھەزار دەنگدەری نوێ پەیدا بوونە، دەبێ بۆ حزبەکان لەڕووی سیاسی و رێکخستنی جەماوەرییەوە وەک کارەسات ئەژمار بکرێ، نەک مەستی سەرکەوتن بن! * ژمارەی کورسی پێوەری سەرکەوتن نییە، چونکە لەو سیستەمە پێڕەوکراوەدا، ئەو کورسییانە لە ھەموو حاڵەتێکدا، بۆ سێ پارێزگاکە مسۆگەر بوون، ئەوەی مابۆوە ئەوانە کەرکوک، موسڵ و دیالە بوون کە لەوێش ھەر بەزمەکەی جارانە بەنسبەت کوردەوە. * کەمکردنی دەنگ ئەگەر بەشێکی پەیوەست بێت بەوەی حزبەکان نەیانتوانیوە تەزویر بکەن، بەشەکەی دیکەی و ھەرە کاریگەرەکەی دەرخەری ئەو راستییەیە کە دەنگدەر متمانەی بە حزبەکان نەماوە. حزبەکان لەو دوو بژاردەیە دەبێ یەکیکێان وەکو ئەسبابی کەمبوونەوەی دەنگەکانیان قەبوڵ بێت. جا خۆیان سەرپشکن! * بە نسبەت یەکێتیی نوێ کە چەند مانگێکە بانگەشەی ئەوەی بۆ خۆی دەکرد کە حزبی مافیاو قاچاخچی بووە رەنگبێ دەستخستنی ١٥-١٦ کورسی سەرکەوتن بێت! بەڵام بە دەستھێنانی تەنھا ١٥٠ ھەزار دەنگ لە ھەموو عێراق، دەبێ جێی ھەڵوەستە بێت و، پێویستیشی بە داوای لێبوردنێک دەکات. پێش ھەموانیش لە نورەدین! * پارتیش کە بە حیسابی خۆی کورسیی لە دەست نەداوە، پتر لە سێ سەد ھەزار دەنگی دۆڕاندووە. تەنھا لە بادینان کاندیدێکی یەکگرتوو، پتر لە دوو کاندیدی سەرکەوتووی پارتی دەنگی ھێناوەو، لە ھەولێریش ئەنجامەکان ھی پێداھەڵاگوتن نین. بە تایبەتیش لەو شوێنانەی نەوەی نوێ کاندیدی ھەبووە، ئەگەر زیاتر لە کاندیدێکی ھەبوایە ئەگەری سەرکەوتنی ھەبوو. مەعقول نییە سەرۆکی دەزگای ھەڵبژاردنی حزب بیت و سەرکەوتنت مسۆگەر نەبێ و بچییە ناو کێبەرکێوە!؟ بۆیە پارتیش داوای لێبوردنێک قەرزاری دەنگدەرەکانیەتی. * جا خۆشترین شت بە نسبەت پارتی و یەکێتییەوە ئەوەیە کە بە ھەردووکیان نزیکەی ملیۆنێک موچەخۆرو، کاتێکیش دەیانەوێ کۆنگرەی حزبی بکەن، یەکی یەک ملیۆن ئەندامیان ھەیە! * داوای لێبوردن شمولی بزووتنەوەی گۆڕان ناکات. ئەوان دەمێکە دوکانەکەیان ئیفلاسی کردبوو، بەس ھەر پێداگر بوون لەسەر ئەوەی بازاڕیان دەبێتەوە! گۆڕان باجی بێھەڵوێستیی خۆی دایەوە، حزب کە بێھەڵویست بوو دەنگدەرەکەشی بەرامبەری ھەمان رەفتار دەنوێنێ. بە تەحەدداوە گۆڕان یەک سەبەبی نەبووە تا دەنگدەرەکەی بڵێ لەبەر ئەو ھۆکارە دەنگی پێدەدەم. بۆیە تازە سوھراب مردووەو ھیچ دەرمانێکیش زیندووی ناکاتەوە.
پهیكار عوسمان کێشەی شۆڕش، هەر ئەو قەداسەتە وەهمییە نیە کە بە باڵای خۆیدا ئەیبڕێ و شەرعیەتی داگیرکردنی دنیاکەی لێوە ئەهێنێ.. تا ئێرا گڕێیە. بەڵام ئەوەی کە گرێکە توند ئەکاتەوەو ئەیکا بە گرێ کوێرە، مەسەلەی خوێنە! یەعنی شۆڕش، لە ڕێگەی وروژاندن و دروشمە حەماسی و عاتفییەکانییەوە، ئاسایی هەست و هۆشت داگیرئەکاو بە ئارەزووی خۆی ئەتهێنێ و ئەتبا. بەڵام هەر بەونە وازت لێ ناهێنێ، بەڵکو بە کوشتیشت ئەدا. چونکە خوێنی ڕژاوی تۆ، تەوقێکی ئەستورە، ئەکرێتە ملی کەسوکارەکەت و ئیتر حیزب، جگە لە کۆیلەی ئایدۆلۆژی، کۆیلەی خوێنیشی بۆ دروستئەبێ، کە ئەمەیان تەوقێکی مسۆگەرتر و جێگیرترە. ئاخر مەستێکی ئایدۆلۆژیی، هەرچەن دۆگماو دەمارگیریش بێت، بەئاگاهاتنەوەی مەحاڵ نیەو ئەشێ ڕووبدا. وەلێ "دیلی خوێن" گرێکەی قووڵترو دەروونی بریندارترە. دنیایەك فاکتەری ئابوری و مەلەسەی عورف و عادەتیش دێتە گۆڕێ، کە هەمووی پشتیوانی گیانی تۆڵەو وەفاداربوون بۆ "خوێن" ئەکاو بەمەش "کۆیلەی خوێنیی" دروست ئەبێت! ئەوەی کە هەموو حیزبەکان، بە خۆیان ئەڵێن حیزبی شەهیدان و ئەوەی کە هەموو سیاسییەکان، سەری زمان و بنی زمانیان کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانەو نمایشی بەردەوامی دەستماچکردنی دایکی شەهید.. ئەوانە لەخۆڕاو سودفەیەکی سیاسی نیە. بەڵکو ئەوە پلانی توندکردنەوەی ڕابیتەی خوێنەو بەکورتی: ئەگەر داوی دروشم و پارەو هەڕەشە نەتگرێ، ئەتخەنە مەوقیفێکەوە کە خوێن بتگرێ! حیزبەکان هەر لەوێوە نەبوون بە بنەماڵەیی، کە لە سەرەوەی هەرەمەکەدا، تەنیا دەساودەسی ویراسی و خوێنی ڕووئەدا. بەڵکو لە خوارەوەش، فەلسەفەی حیزبی کوردی ئەوەیە کە، لە هەر بنەماڵەیەك نەفەرێك بدە بە کوشت و تا قیامەت کەسوکارەکەی خوێنگیری خۆت بکە! بەڵێ حیزبەکان تەنیا لە سەرەوە نەبوون بە بنەماڵە، بەڵکو لە خوارەوەش، توڕێکی فراوانی مناڵی شەهیدو ژنی شەهیدو دایکی شەهیدو خزمی شەهید.. دروستکراوەو ئیتر وەكچۆن خوێن بە خێڵەوە ئەتبەستێ، هەر خوینیش بە حیزبەوە ئەتبەستێ و لێرەشەوە حیزب و خێڵ ئەبن بە یەك و جیاوازییان نامێنێ. ئیتر حیزب خەریکی کەرنەڤاڵی خێڵەو خێڵ خەریکی کەرنەڤاڵی حیزبەو بە هەردوکیشیان پەیوەندی خوێن توند ئەکەنەوە. ئەو هەموو کاندیدکردنەی مناڵە شەهید، وەفانیە بۆ شەهید. بەڵکو توندکردنەوەی پەیوەندی خوێنە لەنێوان حیزب و ئەندامەکانداو پەیامێکیشە بۆ ئەوانەی کە خوێنیان نەداوەو پێیان ئەڵی، تاکە ڕێگا بۆ چوونە پێشەوە، ڕێگای خوێنەو ئەبێ هەمیشە سەغی بن لە بەخشینیدا بە حیزب! ئەو هەموو هجومەی پارتی و یەکێتی لە بانگەشەیا ئەیکەنە سەر یەك، مەسەلە هەر غیابی فکرو فەشەلی ئیدارە نیە، کە بە گەرمکردنەوەی کۆنەقین دایئەپۆشن. بەڵکو بەشێکیشی بۆ خوێنگیرکردنی ئەو هەموو خێزانەیە، کە لە شۆڕش و شەڕەکانی ناوخۆدا، کوڕیان بە کوشت درا! بیناکردنی ئینسان و وڵات، پێویستی بە گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانە. بەڵام حیزبی نەگریسی ئێمە، لەپێناو دەسکەوتی بچوك و ئانیی، خەریکی بڵاوکردنەوەی ڕق و وروژاندنی گیانی تۆڵەسەندنەوەن. ئێمە کە بە قۆناغی شەڕی ناوخۆدا ڕۆشتووین، ئەبوو دەسەڵات، بە پلانی ورد، خەریکی خاوکردنەوەی دەمارەکان بن، کەچی بەتەواوی توانایانەوە خەریکی گرژکردنین! لەولاوە موعارەزەو پۆپۆلیستەکانیش، لە بەتاڵی و بۆشی خۆیاندا، پێتناڵێن، وەرە دەنگم بدەرێ لەبەرئەوەی ئەمە فکرو پرۆژەکەمە. بەڵکو پێتئەڵێ فرسەتە وەرە ڕقی خۆت هەڵڕێژەو تۆڵەی خۆت بکەرەوە لە دەسەڵات! ئا لەم خوێنبازییەدا، پەکەکە داویەتی بەلای پارتی و یەکێتیداو هەلهەلەو هوتاف و تەفەنونێکی سەیرو سەمەرە ئەکات لە مەسەلەی شەهیددا. ئێمە بەردەوام ئەوە لە هەڤاڵان ئەبیستین، کە پارتی و یەکێتی بەس ئیهتمام بە شەهیدی سەرکردە ئەیەن و ئەوانەی تر ئیهمال ئەکەن، بەڵام پەکەکە ئەو فەرقە ناکات. دەی ئەمە بەدیوێکا عەدالەت و ئینسافە. بەڵام بەدیوێکیشا ڕیکلامی بەکوشتدانەو پێتئەڵێ، من مەکینەیەکی باشتری بەکوشتدانی ئێوەم و وەرن با من بتانیەم بە کوشت! هەڵبەتە حیزبی ئیسلامی، لە مەسەلەی تەقدیسی شەهیددا، خۆیان وەستاو شێخی کارن و تەواوی ئەو پیاهەڵدان و تەقدیسەی شەهیدیش، پرۆڤەو خۆئامادەکردنە بۆ ئەو کاتەی کە فووی جیهادی پیائەکەن. فیکری چەپ و ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕییش، کاتێ موتوربە ئەبێت لەگەڵ جەنگی ساردو ململانێ ی جەمسەرەکاندا، ئیتر هیچ نیە جگە لە کارگەیەکی خوێن و مەکینەیەکی بەکوشتدانی ئینسان. بێگومان پێوەری زۆر هەیە، بۆ ناسینەوەی حیزبی باش و خراپ، لە بابەتی پێوەری گەندەڵی و بەڵێنی درۆ و فەشەلی ئیداریی و مەسەلەی فیکری و زۆر شتی تر.. گرنگە پێوەری شەهیدیشی بۆ ئیزافەبکەین و یارییەکە پێچەوانە بکەینەوە. چیتر لەبری ئەوەی حیزبەکان، بە شەهیدبازی هەستمان بجوڵێن و فریومان بدەن،، ئێمە بە شەهیدبازیدا "مەکینەکانی مەرگ" و کارگەکانی دروستکردنی "کۆیلەی خوێن" بناسینەوە! ئێمە چەنێك قێز لە دزی نەوت ئەکەینەوە، گرنگە ڕێك ئەونەش قێز لە توجاری خوێن بکەینەوە. هەر حیزبێکیش خەریکی شەهیدبازی بوو، ئەوە مەکینەی بەکوشتدانی تۆ و بەکویلەکردنی کەسوکارتە. دەنگنەدان بە حیزبەکانی شەهیدان و بە مناڵی شەهیدەکان، ئەرکێکی هۆشیارانەیە. چونکە ئەوە پاشەکشێیە بە پەیوەندی خوێن، لەبەرژەوەندی پەیوەندی عەقڵ. بزانە هەموو تۆخکردنەوەیەکی خوێن، لەسەر حسابی کاڵکردنەوەی عەقڵە. چونکە تۆخکردنەوەی خوێن، بۆ ئەوەیە کە دەمار بتگرێ و کۆنتاکتت لەگەڵ ئاگایی خۆت و حەق بپچڕێ و ئیتر تۆ بە حەق و ناحەق پاسەوانی نەگۆڕی حیزب بیت! ئێمە ئەبێ نیشتمانی هاوڵاتی و پەیوەندی هاوڵاتیبوون دروستبکەین. هاوڵاتیش بریتییە لەو خەڵکەی، کە پەیوەندییەکی ناخوێنی بەیەکیانەوە ئەبەستێك. هێزەکانی ئێمەش، هێزی نیشتمانسازی و دەوڵەتداری نین، چونکە کار بۆ دروستکردنی پەیوەندی یاسایی و دامەزراوەیی ناکەن، بەڵکو کار بۆ تۆخکردنەوەی ڕابیتەی خوێن ئەکەن. تەوریسی سیاسی ناو حیزبەکان، دەسەڵاتی بنەماڵەو باوك و کوڕو ئامۆزاکان، کاندیکردنی لەشکرێك مناڵە شەهید، کاندیدکردنی خوشك و ژن و مێردی یەکتر.. ئەمانە هەمووی نمونەی ئەو عەقڵیەتەن، کە هێشتا لە سەقافەتی خوێندایەو زۆری ماوە بۆ سەقافەتی هاوڵاتیبوون! مناڵی شەهیدەکان ئەگەر خۆشیان کەسانی بەتواناو شایستەبن، بەڵام جۆری پەیوەندییەکە، بەریئانە نیەو کاندیدکردنەکەیان جۆرێکە لە ساختەچێتی سیاسیی. ئەوان پێشتر باوکیان ئیستغلالکراو بەکوشت درا. دواتر کەسوکارەکەی ئیستغلالکران و کران بە کویلەی خوین. ئینجا هاتوون ئێمەی پێ ئیستغلال بکەن و عەتفی دەنگدەری پێ بجوڵێنن. ئەمەش یارییەکی گڵاوەو کاری دروست ئەوەیە کە، ئێمە سەقافەتی هاوڵاتیبوون دروستبکەین و مناڵی شەهیدەکانیش، لەناو عەدالەتی ئەو هاوڵاتیبوونەدا، نازو حەقی خۆیان بدرێتێ. نەكئەوەی سەقافەتی خوین قووڵکەینەوە، کە کانگای ناعەدالەتییەو کە ئەوان و ئێمەش تیایدا قوربانیین و تەنیا بازرگانەکانی خوێن لێ ی سودمەندن! بێگومان لە دۆخی ناچاریداو لە وجودی ستەمکاریدا، جۆرێك لە قوربانیدان و خۆبەختکردن هەیە، کە لوتکەی هەڵوێستی ئێنسانەو شتەکە لەوپەڕی بەرپرسیارێتی و ئازادی و هۆشیاریی ئینسانەکەوە دێت. بەڵام خوێنبازی و شەهیدبازی، بۆ گەمژاندن و کۆیلەکردنەو ئیتر کاتیەتی ئەم سیحرە بەتاڵ بکرێتەوە! شەهید وەکو خۆی و لەو دۆخە باڵایەیدا کە باسمانکرد، شایەنی ئەوپەڕێ ڕێزە. بەڵام شەهید وەکو کەرەستەی کردنی کەسوکارەکەی بە کویلەی خوێن و وروژاندنی عەتفی جەماوەرو قوڵکردنەوەی سەقافەتی خوێن، ئەمەیان شایەنی زبڵدانە. ئەوەی کە مناڵ خوێنی باوکی ئەکات بە پردی پەڕینەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. ئەوەی کە حیزب خوێنی شەهید ئەکات بە پردی پەڕینەوە بۆ بەرژەوەندییە تەسك و بچوکەکانی.. ئەمانە ئیستغلالی شەهیدە نەك ئیحترامی شەهید. تێبینی: شەهید کەسێکی بە (مەوزوع) گەمژێنراوی دابڕاو لە (زات) نیە، کە لەلایەن مێگەلەکەیەوە بە کوشت دراوە. بەڵکو شەهید کەسێکی ئاگایەو چەنێك لەناو گروپ و ئایدۆلۆژیاو مەوزوعدایە، ئەونەش لەناو ئاگایی و ئیرادەو زاتی خۆیدایەو ئا لەوێدا ئەگاتە مەقامی شەهادەت. گەورەترین کێشەی دینەکان، ئەوەیە کە لەلایەن سەڵاتین و کاهین و فەقیهەکانەوە، ئەکرێت بە مەوزوع و لە زات دائەبڕێنرێ. مەوزوعەکەش موقەدەسە، ئیتر نابێ قسەی تیابکەیت و تەنیا ئەبێ تەسلیمی ببیت. دەی چارەسەری ئەوە، تەنیا سەلاتەو سەڵاتیش بریتییە لە ڕەبتبوونی مەوزوع بە زاتەوە. چونکە شتەکان لەوێدا مانادارن و کاتێك لە زات دائەبڕێن، ئیتر ئەکەونە بۆشیایی ماناوەو ئیتر شتەکە ئەبێتە حەشیش و معەلەباتێکی ئامادە، بۆ گەمژاندن و مێگەلاندن! یەعنی ئەوەی کە لە زمانی دیندا پێ ی ئەوترێ "سەڵات"، هەر ئەوەیە کە لە زمانی مۆدێرندا پێ ی ئەوترێ "هۆشیاری". هەردوکیشی هەر بریتییە لە حزوری ئاگایانەی تۆ. ئەم مانایەش لە دوو لاوە لێ ی ئەدرێ. لەلایەك سەڵات یەکسانکرا بە هەنێ حەرەکات. لەلایەك ڕۆشنبیری یەکسان کرا بە دژەدینی. کە ئەمە هیچیان وا نیەو هەردوکیان هەر خۆتی بە ئاگایی. کێشەی حیزب و ئایدۆلۆژیا مۆدێرنەکانیش هەر ئەمەیەو خۆیان نە باشن نە خراپ و مەسەلەکە ئەوان نین، مەسەلەکە تۆیت. چەنێك زاتی خۆت ئامادەبێ، پەیوەندیشت بە مەوزوعەوە، ئەونە ئاگایانەیە. ئیتر ئازادانە ئەژیت و ئازادانە ئەمریت و شەهیدیش ئا ئەمەیەو یەعنی تۆ شاهیدی زاتی خۆتیت و لە ئاگایی نەپچڕاویت. چەنێکیش زاتی خۆت ون و غائیب بێت، پەیوەندیت بە مەوزوعەوە، ئەونە کۆیلانەو جاهیلانەو دەمارگیرانەیەو لێرەدا ژیان و مردنیشت تەنیا ڕەگەڵ کەوتنەو ئیتر تۆ شەهید نیت، چونکە شاهیدی زاتی ئاگای خۆت نیت.
د. سەیران تەھا بەدەر لەئەنجامدانی هەڵبژاردنو لایەنە ئەرێنیەكانی بۆ پرۆسەی دیموكراسیو پێشخستنی كۆمەڵگاكان كە بەڕێگەیەكی دروست ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەم وڵاتانەی ئێمەدا لایەنی نەرێتی گەورەترین کاریگەری خراپی لەسەر لایەنی دەرونیو بۆچونی تاكەكان دروستدەكات؟ چونكە ئەوەی بینیومانە هەر لەساڵی 1992وە تائێستا هەڵبژاردن بۆ كەسانی هەلپەرست گەورەترین فرسەت بوە، بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی مادیو گەندەڵی لەسەر حسابی كەسانی هەژارو كەمدەرامەت. لەسایەی هەڵبژاردنەكاندا گەورەترین فرسەت بوە بۆ كاری نایاسایی دەستبردن بۆ موڵكی گشتیی، هەر لەدروستكردنی خانوی زیادەڕۆیی كە لەئەنجامدا گەڕەكی زیادەڕۆییو شێواندنی شارو شارۆچكەكانی لێكەوتەوە، هەروەها داگیركردنی زەوییو زاری كشتوكاڵی بەتایبەتی دۆنمە زەوییە بەردەڵانیەكان (صخری)وە لەسەر (محرماتی شەقامی سەرەكی) لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بەخێرایی خانوو دروستدەكرێت لەبەرچاوی شارەوانیو یەكەی ئیدارییو بەڕێوهبەری ناحیە، كەچی چاوپۆشیان لێدەكەنو كەس بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت. داگیركردنی زەوییو زارو موڵكی گشتی زۆرجار دەرئەنجامی خراپتری لێكەوتوەتەوە كە بەئاشكرا ڕۆژانە لەشاشەی تیفیەكانەوە دەیان هەواڵی شەڕی دەستەویەخەی چەكداری كە كوژراو بڕینداربوون لەنێوان عەشیرەتو بنەماڵەكاندا ڕودەدەنو دەیان بیستین، بەڵام دوای 30 ساڵ لەحوكمڕانی كوردی لەبری چارەسەركردن، بەڵکو بوون بەدیاردەو لەهەموو هەڵبژاردنەكاندا دووبارە دەبنەوەو پێشێلكاری زیاتر دەكرێت لەئەنجامی چاوپۆشی لێكردنیان بۆ كۆكردنەوەی دەنگێكی زیاتر؟ قێزەونترین دیاردە كە بەتایبەتی لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا زیاتر سەرهەڵدەدات، سەنگەر گواستنەوەو تەراتێنی حیزبایەتیە، كە كێ زۆرترین نرخیان لەسەر دابنێت؟ كە چۆن بتوانن سود لەم فرسەتە وەربگرن لەپێناو پۆستو پلەو پارەی زیاتر بەدەستبهێنێت، جا ئەم دیاردەیە نەك هەر لەناوسیاسیەكاندا باوە (لەئەندامی باڵای حزبەكان تا دەگاتە وەزیرو ئەندام پەرلەمانو ڕاوێژکارەكانیان)، بەڵکو تەنانەی هونەرمەندو میدیاكارانیشی گرتۆتەوە؟ كە بێئەوەی شەرم لەخودو ڕابردووی خۆیان بكەن، دەكەونە پیاهەڵدان بەحیزبو ئەوكەسانەی كە ڕۆژانێك هەرخۆیان بون زۆرترین دوژمنایەتیو قێزەونترین وشەو دەستەواژەیان بەرامبەریان بەكارهێنابێت. كارەساتە كە سەوزەو میوەفرۆش لەناوەڕاستی شەقامە سەرەكیە پڕ لەمەترسیەكاندا لەبەرچاوی پۆلیسو فەرمانگەی هاتوچۆوە وەك پێشانگا میوەكانیان دەخەنەڕوو، بەناوی پەیداكردنی بژێوی ژیان دەستدرێژیدەكەنەسەر مافی گشتی هاتوچۆو مەترسی بۆ سەر سەلامەتی ژیانی خەڵکانی تر دروستدەكەن، بەڵام لەپێناو هەڵبژاردن بێدەنگی لێدەكرێتو هیچ ڕێكارێك بەرامبەریان ناكرێت؟ ئەمانە لەپێناو كۆكردنەوەی دەنگێكی زیاتر بۆ ئەو ئەندام پەرمانانەی كە سبەینێ دەوڵەمەند دەبن كە تیاندایە دوایی بەیەك وشەش بەشداری دانیشتنێكی پەرلەمان ناكەن.
رێبوار کەریم وەلی راستییەکەی من کاک فازڵ و ئەویش بە باب و باپیرەوە ئێمە لەو سەردەمەوە کە لە ڕاژان "موتنی" بوو و ھێشتا بۆ "میرانی" تەرفیعی نەکردبوو دەناسین. پێم سەیر بوو کە بە زەحمەت ناوی باپیرمی بە بیر مابوو!؟ * ھەموو ئەو قسانەی لە رووداو کردنی بیرو ڕای خۆیەتی و ئازادە. لەو شوێنەی جوملەیەکی خۆی عەتفی من دەکات و وەسفی حاڵم دەکات، نازانم بە چ مەبەستێک من بە قاچاغ ناو دەبات!؟ ئینجا زانیاریی ھەڵەش دەدات کە گوایە من لە تورکیا دەژیم!؟ * کاک فازڵ لە سەرەتای قسەکانیدا باسی مەودای ئازادی و رەخنە لە خۆگرتن لەناو پارتیدا دەکات و باسی رەخنەگرتن لە نسکۆی ١٩٧٥ دەکات، بەڵام خۆشی باش دەزانێ کە ھەموو ئەوانەی کە ئەو راپۆرتانەیان نووسی تەخوین کران و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەو نامیلکانەی ئەو سەردەمە وەک کتێبەکەی دکتۆر مەحمود و سامیی رەحمەتی و زۆری دیکە تەنھا لە ئەوروپا دەست دەکەون! * ئینجا بەندە بۆ دەبێ قاچاغ بێ؟ ئەگەر مەودای ئازادیی رادەربڕین ھێندە بەرفراوان بێ؟! * کەسێک لە کوردستان و لە پارتی قاچاغ بێ، چۆن لە تورکیا جێگەی دەبێتەوە!؟ وەک ئەوە وایە ئاکپارتی و ئەردۆغان بەدواتەوە بن و تۆش لە ھەولێر فیکەی سمێڵت بێ! نا کاک فازڵ من چوار ساڵە ئەمری گرتنم ھەیە لە تورکیا و پێشتریش بە شەفاعەت و تکا و رجا دەمتوانی بە تورکیادا ھاتوچۆ بکەم. کەواتا لە تورکیا نیم. * بەڵێ قاچاغم، بە شانازییەوە لەبەر ئەوەی لەسەر دزی و گەندەڵی شاربەدەر نەکراوم، لەسەر ئەوەی باوەڕم بە ئازادی ھەیە، دژی سزادانی مرۆڤەکانم لەسەر را دەڕبڕین، دژی حکومڕانیی ئەمنی و ئیستخباراتیم و فیکە لێدان بۆ سیاسییەکان لە لایەن گەنجەکانی وڵاتەکەم لام ئاساییە.
ئاسۆ عەبدوللەتیف چەند رۆژێکیتر عێراق لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی ناچاریی و پێشوەختەوە، قاچەکانی دەخاتە قۆناغێکی نوێ، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لەو فۆرم و بەرگ و بەها سیاسییە تەقلیدیی و مەزهەبیانە، لابدات و خۆی ریفۆرم بکات. هەڵبژاردنی ئایندە دەتوانێ کام مۆدێل و نەزم و ڕوانگە بگۆڕێ لەکاتێکدا ئەو هێزە دەوڵەتییە شاراوەیەی ناوی لیواو سەرایاکانی حەشدە دەتوانێ هەر یاساو بڕیارێک بە زۆرینەی پەڕلەمانی تێپەڕێنێت. بۆیە هەڵبژاردن و دەرەنجامەکانی ئەوەندە هیوابەخش نابێت عێراق و هەرێم بخاتە دۆخێکی نوێی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئابوریی گەشە سەندوو، چونکە دەوڵەتی قووڵی میلیشیایی بەهێز هەیەو ڕێگرە بۆ ئەو کرانەوەو خەونەو ئەمریکیەکانیش تەماشاکەرن. دیموکراسیەت و کردەی هەڵبژاردن چەندە کردەیەکی شەفاف و مۆدێرنە لە دنیای کراوەو لیبڕاڵدا، وەلێ لەم وڵاتانە دوو ئەوەندە کردەیەکی ترسهێن و دەریچەیەکە بۆ سەردەرهێنانی فاشیزم و بەربەریزم و زۆرینەیەکی چەکداریی دژە دیموکراسی بریار ئەدات و حاڵەتی نائاسایی دروست دەکات بە جۆرێک پاڵاوگەی نەوتیی دەبات، بەندەرو دەریچە بازرگانیەکان قۆرخ دەکات. لەم عێراقە تائیفیی و مەزهەبگەرایەدا، دیسپلینی (تجنید) و بە سەربازکردن و حەشدکردنی کۆمەڵگاو بڕینەوەی ئیمتیازو میزانیەی بێشوومار و فەرزکردنی ڕوانگەو بیری شۆڤێنیەت و مەرجەعیەتی ئاینیی بۆتە ستراتیژی رێبەرە ئاینییەکان، لەوە دەرچووە دیاردە بێت. بۆیە هەڵبژاردن کۆتایی بەو ستراتیژە ناهێنێت بگرە پاڵپشتە بۆی بۆ ئەوەی بە زۆرینەی پەرلەمانیی باشتر یاساکانی بۆ رێک بخات وەک یاسای دامەزراندنی فەرمی دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵی ٢٠١٦. کە ئەوە بەشێک بوو لە کودەتایەک دژی دیموکراسی. ئەو هەنگاوە مەترسیدارانە بۆ بە ئۆردوگاکردنی عێراق و میلیتاریزەکردنی تاکەکانی، گوتاری نەگۆڕی شیعەی زاڵی نەجەف و مەرجەعیەتە، چەمک و بنەماخوازیی و سیستمی ڕەگداکوتراون و بە ئاوڕشێنی گوتاری مەرجەعیەت و مەسڵەحەتی ڕەهبەریی شوێنی ترەوە بەندە. ئیتر عێراق ئەو تائیفیەت و پۆپۆلیزم و حەشدگەرا مەزهەبییە بەڕێوەی دەبات و خۆشیان کاراکتەرەکانی ئایندەی دوای هەڵبژاردن دیاریی دەکەن، کورد بەو کورسیانەشەوە کە دەیباتە پەرلەمان سەرەرای هەندێک پەرش و بڵاویی ئەگەر سوپاو هێزی تۆکمەو یەکگرتووی نەبێ دوچاری دۆخی خراپ دەبێتەوە. ئینجا هەندێک کاندیدای بەناو سەربەخۆ، بەو قیڕەسازیی و پرۆژە وەهمی و ئەجێندا سیاسیانەوە کە حەنان و وەلائیان بۆ ئەو نەزم و ئاوازو عبودیەتانەی عێراق هەیەو زمانیان گەرمە بۆ دەستکاری قەوارەی هەرێم، بزانن یان نا لە ژێر جەبری توندی نا ئەخلاقی ئەو کودەتایەدان.
رەحمان غەریب لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، هەندێ گوتاری ئاگرین و باو، لە سەركردەی لایەنێكی هەڵبژاردنەوە بەس بوو بۆ جۆشدانی شەقامی بانگەشەكەران، بەڵام ئەوەی بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە حەماسەت لە شەقامێكە، بانگەشەی لیستە ركابەرەكان لە شەقامێكی دیكە، تا هەنووكە هیچ كۆڵان و دوڕیانێك نەیگەیاندوون بەیەكتر. حەماسەتی نورەدینی یەكێتی لەناو بانگەشەدا، شەقامی بێدەنگی و بایكۆت و خۆڵەمێشی توشی سەرسورمانكرد، ئەو پرسیارەی بێ وەڵام هێشتەوە كە ئاخۆ سەرچاوەی ئەو حەماسەتەی نوردەین لە كوێوە هەڵقوڵاوە و بۆ نەگوازراوەتەوە بۆ ئەودیوو؟ بۆ نورەدین گڕی بەردایە بانگەشەی یەكێتی؟ چاوەروانی نوردەین بوون یان كارەكتەرێكی تر؟ بۆ ئەمجارە نورەدین دەركەوت ؟ چونكە لە بانگەشەكانی تر حەماسەت لە شێوەی نورەدین شەقامەكان و بنكەی هەڵبژاردنەكانی جۆش دابوو، ئۆتۆمبێلی پر لە گەنجی بەحەماس دیمەنەكەیان پر كردبوو لە سەماو هەڵپەڕكێ، یەكێتیش نورەدینی زۆر بوو، ئەم نوەردەینە گەر لەوێ بوایە ئەوەنە دەرنەدەكەوت. خۆم مەعجیبم بەم كارەكتەرە، دەنگی من بۆ حزبەكەی نورەدین نییە، بەڵام لەناو ئەو هەموو سەركردایەتی و بنكە فراوانەی (ی.ن.ك)، یان ئەوانەی چاوەروانن داروپەردووی ئەم هەڵبژادنە بەسەر نوردەیندا بروخێ، ئەم خوڵقاندنی ئەم حەماسەتە بۆ حزبەكەی گرنگە. چۆن دەنگدان مافە، دەنگنەدانی ئارەزوومەندانەیش هەر مافە، مەرجی كاریگەری هەردووكیان ئەوەیە بە هۆشیارییەوە پراكتیك بكرێن، چونكە دیموكراسییەت لە سنودقی كەللەسەرەوە دەست پێدەكات نەك سندوقی دەنگدان، جۆرج تەرابیشی وای ووت. جا بۆ ئەوەی دەرئەنجامی باشت دەستبكەوێت، ئەبێت پێشتر هاوڵاتییەكی هۆشیار بە پرەنسیپەكانی دیموكراسی پەروەردە بووبن، تا بریاری چوون و نەچوونی بۆ سەر سندوقی دەنگدان رەنگدانەوەی فەرهەنگی دیموكراسی بێت. بۆ نورەدین و هاورێكانی، ئەوانەشی لە شەقامی بایكۆتەوە بە سەرسوڕمانەوە تەماشایان كرد، بۆ هەموو لیستە ركابەرەكانی تریش كە چونەتە قۆناغی گەرمی بانگەشە( ئەوەی مەلا بەختیار بە قۆناغی داغی وەسفكرد) ئەو راستییە زۆر سادەیە بزانن: كەس ناتوانێت بە ناشیرینكردنی بەرامبەر نمونەكانی خۆی جوان بكات، ئەگەر لە بنچینەدا نمونەی جوانی پێشكەش نەكردبێت. ئینجا ئەبێت وا وێنای قۆناغی (داغ)ی بانگەشەی هەڵبژاردن بكەین كە مەبەست لێی "داغ"كردنی پرۆسەی دیموكراسی نییەو بانگەشە لە دروشمەوە بگوازینەوە بۆ واقیع، هاتوهاواری لیستە ركابەرەكان بگوازرێتەوە بۆ كردار، لە بەڵێنی رەنگاورەنگەوە ببێتە مەسەلەیەكی هەستپێكراو لە ژیانی هاوڵاتیان. پاشان دەنگدەر مەكەن بە دوژمنی یەكتر، چونكە لۆژیك ئامادەیی هەبێت دوای دەنگدان، لە بەغدا كۆدەبنەوە، رێكدەكەون لانی كەم لەسەر خاڵە هاوبەشەكانتان و نورەدینیش لە شارەزورەوە نەك بە یەكێتی و گۆڕان بە هەمووان دەڵێت: پێكەوە بەهێزترن.
رابون مەعروف ساڵی ٢٠١١ تازە لە بەریتانیا گەڕابومەوە، لەگەڵ کاك نەوشیروان دانیشتبوین و گفتوگۆمان دەکرد. باس ھاتە سەر پارتی و لە شوێنێکدا کاك نەوشیروان وتی: کەسانێکی زۆر کە بە حیسابی خۆیان لە پارتی ناڕازین، لە جەھل و گەمژەییەوە پارتیان کردوە بە دێو! ئەمانە خەڵکیان لە پارتی تۆقاندوە. گوایە بۆ شکاندنی پارتی، درۆی شاخداری ئەوتۆ دەکەن، خەڵکێك لە ئاودەست و ژوری نوستنیش، لە 'کامێرای پارتی' دەترسن! ئەمانە ھەرکەسێکیان خۆشنەویست، بوختانی پێدەکەن کە خۆی بە پارتی فرۆشتوە. بەوجۆرە بۆچونێکیان لای خەڵك دروستکردوە کە پارتی کێوێکە و ناکەوێ و دێوێکە و نابەزێ! حیزبەکان، کە ئێستا رکەبەری دەکەن لەسەر لاساییکردنەوەی پارتی، یان بە ئاشکرا و بە نھێنی خەریکی سات و سەودان لەگەڵ پارتی، بۆ ئەوەی درز و کەلێن و عەیب و عاری خۆیان داپۆشن، ھەر کەسێك رەخنەیان لێبگرێت، بوختانی پێدەکەن کە خۆی بە پارتی فرۆشتوە! بۆ ئەوەی خەڵك سەرنج و دیقەت لە وێنەی راستەقینەی حیزبەکان نەدەن. بۆ ئەوەی خەڵك نەبینن کە ئەم حیزبانە نەك فەرقیان لەگەڵ پارتی نییە، بەڵکو حەسودی دەبەن کە وەك پارتی بن! ئێوە دیقەت بدەن: ئەگەر بڵێیت، ئێستا یەکێتی وەك پارتی حیزبی بنەماڵە و عائیلەیە و لە ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی وەك ناوچەی پارتی دزی و تاڵانیی سامانی گشتی ھەیە: ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! بڵێ، گۆڕان وەك پارتی حیزبی بنەماڵە و بەرژەوەندی تایبەتی کەسانێکە، ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! بڵێ، نەوەی نوێ بە ساڵێك پێش پارتی دایەوە لە بەبنەماڵەكردنی حیزب: بڵێ نەوەی نوێ کەڵت و کۆمپانیای یەك کەس و خێزانەکەیەتی و ئەوانەیتر ھەمو شاگرد و ملکەچ و موچەخۆرن، ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! بڵێ، ئیسلامیەکان بە طاڵیباندا ھەڵدەدەن، بەڵام نەوەکانی خۆیان دەنێرن بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا، ئاخر ئەمە نیفاقە!! ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! ئێ خەڵکەکەش دەڵێن: ئەگەر ئەم ھەمو بوختانە راستبێت، کەواتە ھەموان پارتیبونێك قەرزارن! یەکێك لە درۆ گەورەکان ئەوەیە کە گوایە زۆربەی پەڕلەمانتار و سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن چونەتە لای پارتی! لە راستیدا چەندجار لەوە زیاتر چونەتە لای یەکێتی! دەیان سەرکردە و بەرپرس و پەڕلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆن چونەتە لای یەکێتی، بەڵام نابێتە رۆژەڤ و بابەت! ئەزانن بۆ؟ چونکە کاسبییە پیسەکەی حیزبەکان ئەوە ناخوازێ! ئێوە دیقەت بدەن: لە ھەمو ئەو سەرکردە و پەڕلەمانتارانەی لەسەر بەبنەماڵەکردن، نەوەی نوێیان جێھێشت، تەنھا و تەنھا یەك پەڕلەمانتار چوەتە لای حیزبی دەسەڵات.. بەڵام سەرنج بدەن، ئەو پەڕلەمانتارە چوەتە لای یەکێتی نەك پارتی! لە ٣٠ ساڵی رابردو تەنھا دو پەڕلەمانتار و یەك وەزیری ئۆپۆزیسیۆن چونەتە لای پارتی، دیقەت بدەن تا کەناڵەکانی پارتی موقابەلەیەك لەگەڵ ئەوانە دەکەن، کەناڵی ئێن ئار تی چەندان موقابەلەی ئەوانە دەکات و لێدوانەکانیان بڵاو دەکاتەوە و گەورە و موھیمیان دەکات! ئەزانن بۆ؟ چونکە کاسبیە پیسەکە پێویستی بەوەیە! لە راستیدا، پارتی نە کێوە و نە دێو! بەڵکو حیزبەکانیتر گەڕ و گول و بێڕوئیا و سەرلێشێواون! لە رێگەی بە دێوکردنی پارتی و بوختان و چەواشە، رێگە دەگرن لە ھۆشیاربونەوەی خەڵك و دۆست و لایەنگرانیان، کە کراون بە کۆیلەی ملکەچ و بێ شکۆ و بێ سەروەری! رێگە دەگرن لە سەرھەڵدانی ھۆشیاری رەخنەگرانە، تا پرسیار نەکرێ: ئێستا زانیمان: پارتی حیزبی بنەماڵە و ئامرازی سەرکوت و بێدادی و پایەماڵکردنی ئەخلاقی سیاسییە! بەڵام پرسیارێك: ئەی ئێوە خۆتان چین؟ ئێوە چۆن لە پارتی جیاوازن؟ بۆ ئەوەی نەپرسن: جا کە ئێوەش وەك پارتی حیزبی بنەماڵە و ئامرازی بەرژەوەندی تایبەتی و پایەماڵکردنی سەروەری تاك و بنەماکانی ئەخلاقن، کەواتە خەڵك بۆ پشتیوانیتان بکات؟ *مەبن بە کۆیلە و ئامرازی چەواشەکاری!
خالید رەزا لەم هۆڵەندایە، کە لە ناوجەرگەی ئەوروپا و یەکێک لە وڵاتە باش و دیمۆکراسییەکانە، زیاتر لە ٦ مانگە (١٧ی ٣ی ٢٠٢١) هەڵبژاردنی پارلەمان کراوە. هەتا ئێستە حیزبەکان نەیان توانیوە لەسەر بەرنامەیەک بۆ پێکهێنانی کابینە، رێک بکەون. ئاسۆش رون نیە و لە ئێستەدا قسە لەسەر ئەوە ئەکرێ، کە کابینەی کەمینە پێک بهێنن!.. ئێستە لە هۆلەندا ١٩ فراکسێۆن بە کورسی جیاجیاوە لە پارلەماندان. هیچ حیزبێ نەی توانیوە و ناشتوانێ زۆرینەی کورسییەکان لە کۆی ١٥٠ کورسی، بەدەست بهێنێ. بۆیە بۆ پێکهێنانی کابینە ئەبێ حکومەتی هاوپەیمانی دروست بکرێ. زۆرترین کورسی لە حیزبەکەی مارک روتە (VVD)یە، کە ٣٤ کورسی هەیە!. حکومەت لە پێش هەڵبژاردنەوە، لە ٢١-١-٢٠٢١وە حکومەتی کاربەڕێکەرە، بە ئێستەشەوە. لێرە زۆرترین گێرمەوکێشە لەسەر بەرنامەی چوار ساڵی کابینەکەیە نەک پۆستەکان، کە هەر حیزبە و لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، بەڵێنی بە دەنگدەرەکانی داوە، هەریەکە و بە پێی ژمارەی کورسییەکانی ئەیەوێت لە پرۆگرامی چوار ساڵی کابینەکەدا بەشێکی، نەک هەمووی تیا جێ بکاتەوە. هەر لەسەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە، حیزبەکان لە دیبەیتەکانیاندا هەندێ هێڵیان بۆ خۆیان دیاریکردوە، بۆ نمونە حیزبێ وتویەتی: "لە پێکهینانی کابینەی نوێدا لەگەڵ فڵان حیزب کار ناکەم" ئێستە ئەمە روی داوە، بۆ نمونە، حیزبە براوەکان نایانەوێ لە گەڵ حیزبەکەی خێیرت ڤیلدەرس (Pvv) و حیزبەکەی جێری باودێت فۆروم فۆر دیمۆکراسی (FVD) کە هەردوکیان دو حیزبی پۆپۆلیست و دژە یەکێتی ئەوروپان و بە هەردوکیان (١٧+٥) ٢٢ کورسی پارلەمانین، لە دەرەوەی یارییەکەن و هیچ حیزبێ نایەوێ لەگەڵیان هاوپەیمانی ببەستێ. لەبەر ئەوەی بەرەی راست و بەرەی چەپ و دیمۆکرات، تا ئێستە نەیان توانیوە بگەنە رێکەوتن و زۆرینەی پارلەمانی پێک بهێنن. بۆیە لە ئێستەدا بیر لە کابینەی کەمینەی پارلەمانی ئەکەنەوە، بە سەرۆکایەتی مارک روتە، کە لە بری ئەوەی ببن بە خاوەنی ٧٦ کورسی یان زیاتر کە لەم چرکە ساتەدا هەموو هەوڵەکانیان بۆ هاوپەیمانتیەتیەکی ٧٦ کورسی پارلەمانییە! ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات ئەوا ئەیانەوێ کابینەی کەمینە بە هاوپەیمانی ٣ حیزب و بە کۆی ٧٢ کورسی لە ١٥٠ کورسی دروست بکەن. بێگومان ئەمەش بێ ئاریشە و بێ تەنگوچەڵەمە نابێ. خۆ ئەگەر ئەمەش رو نەدا، ئەوا بە دور نازانرێ، کە هەڵبژاردن سەرلەنوێ بکرێتەوە. بە کورتی و کرمانجی لە ناوەڕاستی مانگی یەکەوە واتە ٩ مانگە، حکومەتەکەی مارک ڕوتە، کابینەی کار بەڕێکەرە. بۆیە بەلاتانەوە سەیروسەمەرە نەبێ کە لەم وڵاتانەش لە پرۆسەی پیکهێنانی کابینەدا، شتیی وا ڕوو ئەدات ئەم کورتە نوسینە بۆ؟ لە راستیا بۆ بەرچاورونی کوردستانیانە، لە کوردستان بن یان لە هەر شوێنێکی تر. تا بزانن لە وڵاتێکدا، کە لە سەدەی ١٦وە هەیە و لە ساڵی ١٨١٤وە نیزامی پاشایەتی هەیە، ئەم جۆرە شتانەی تیا رو ئەدا. خەڵکەکەش لە چون بۆ دەنگدان سارد نەبونەتەوە و بەشداریکردنیان لە دەنگدان، وەکو ماف و ئەرک ئەبینن. بۆیە نابێ خەڵکی کوردستان دەسبەرداری مافی دەنگدان و ئەرکی دەنگدان ببن، چونکە ریگا دروستەکە ئەوەیە، بچن بۆ دەنگدان و بایکۆت نەکەن. لەبەر ئەوەی ئەڵتەرناتیڤ نیە، بایکۆتکردن بارودۆخی ئێستەی کوردستان ئەگەر خراپتر نەکا، باشتری ناکات. بێگومان رەنگە من لە زۆر کەس زیاتر لەم حکومڕانییە و لەم دەسەڵاتە ناڕازی بم و ئەتوانم کتێبێ لەسەر کەموکوڕی و خراپەکانیان بنوسم، بۆیە ئەم نوسینەی من ناچێتە خانەی بەرگریکردن لێیان. بەڵکو ئەمەوێ هانی خەڵک بدەم بچن بۆ دەنگدان، چونکە دەنگدان، بەشداریکردنە لە گۆڕینی ئەمری واقیعدا. دواتر پرتەوبۆڵە هیچی لێ سەوز نابێ و کورد وتەنی: لە پاش باران کەپەنک! بۆیە داوا لە هەمو ئەوانە ئەکەم، کە ئەمناسن، برۆن دەنگی خۆتان بدەن بەو کاندیدانەی، کە دڵخوازی خۆتانە. پێشینان وتویانە: "کردە پەشیمانی باشترە، لە نەکردە پەشیمانی"...
هونەر تۆفیق مۆدێلە سوڵتانیەکەی میراتی دەستەڵات لەهەرێمی کوردستاندا ،کاریگەری ڕاستەوخۆی کردۆتە سەر ژیانی سیاسی و جڤاکی ئینسانی کوردی . بیرکردنەوە و فەرهەنگی ئێمە خەریکە ئەوەی تێدا دەچەسپێت کە دەبێت میراتی سیاسی لەباوکەوە بۆ منداڵەکانی بمێنێتەوە . لەکاتێکدا ئەگەر سەیری ئەرشیفی سەردەمی شاخ و پێش ڕاپەڕین بکەین . سەرەکیترین گلەیی شۆڕشگێڕەکانمان لە ڕژێمەکەی سەدام حوسەین ئەوەبوو کە زۆربەی دەزگا حکومیە هەستیارەکانی دەوڵەتی سپاردووە بە کوڕەکانی خۆی . بەڵام ئێمە ئەزموونەکەی ئەومان ڕادیکالانەتر بۆ منداڵ و کەسوکاری دەستەڵاتی کوردی دووبارە کردۆتەوە . ڕەگ داکوتانی ئەو فەرهەنگە سوڵتانیەی میراتی سیاسی باوک بۆ منداڵەکانی بەتایبەتی لە دیمەنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پارلەمانی عێراقدا هەستپێدەکرێت . زۆرێک لە کاندیدەکان بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیان بە شەهیدبوونی باوکیانەوە یان ئازابوونی باوکیانەوە یان سیاسی بوون و ڕۆشنبیری باوکیانەوە دەکەن . داوا لە دەنگدەرەکانیان دەکەن ، لەبەرخاتری باوکە شەهید و ئازا و سیاسی و خوێندەوارەکانیان دەنگیان پێبدەن . وەک چۆن بەهۆی باوکە دەستەڵاتدارەکەوە دەبێت نەوەکەی ببێت بە میراتگر و فەرمانڕەوا ، بەرەو چەسپاندی ئەو دیاردەیەش دەچین کە دەبێت بەهۆی باوکە شەهید و ئازاکانیشەوە نەوەکانیان ببن بە پارلەمانتار ..
حسێن عەلی شەریف بەر لەچەند ساڵێك كە تازە قاوە خواردنەوە بوبوو بە مۆركی موسەقەفبوونو شاریبوون، خوشكەزاكانم دەعواتی كافتریایەكیان كردم لە سلێمانی. هەر كە گەشتینە بەردەم كافتریاكە، پیاوێكی بە ویقار لەبەردەم دەرگاكەدا فەرموو فەرمووی لێكردین. من بە دیمەنی خۆچەماندنەوەو خۆبچوككردنەوەی پیاوەكە تەواو شەرمەزاربوومو بەهیچ شێوەیەك حەزم نەكرد بەوشێوە بیبینم. خوشكەزایەكم گوتی: خاڵۆ ئێرە جێگایەكی زۆر ڕاقیە! منیش بەتەواوەتی ترسم لێنیشت، چونكە هەمیشە كێشەم هەبووە لەگەڵ ناوی ڕاقی. هەمیشە لە جێگای ڕاقیدا هەستم كردووە ئەوە من نیم دانیشتووم، بەڵكو ئەوە كەسێكی درۆزنە لە پێستی مندا. لە جێگای ڕاقیدا جگە لە كۆمەڵێك دەموچاوی ناڕاقی هیچی تر نابینیت، خەڵكانێك كە تەنها خەریكی نمایشكردننو گرنگی بە چواردەوری خۆیان نادەنو بە پۆزەوە سەیری ئەملاولا ئەكەن. وابزانم نزیكی چل هەزار دیناریان بۆ قاوەو ئاوەكە لێوەگرتین! بەخوشكەزاكانم گوت: ئەمە ناخۆشترینو گرانترین قاوە بوو كە تائێستا خواردبێتمەوە، چونكە لە نەرویج لە خۆشترین جێگادا تەنها پارەی یەكەم قاوە ئەدەیتو دواتر چەند قاوە ئەخۆیتەوە لەسەر هەمان پارەیە! بۆ شەوەكەشی دەعواتیانكردم بۆ جێگایەك كە پێیان ئەگوت لایڤ موزیك، ڕەنگە ناوەكەشی بەهەڵە بڵی. ئەتوانم بڵێم یەكێكبوو لە ناخۆشترین شەوەكانی ژیانم، بەڵام سەیرم لەوە ئەهات كە ئەو هەموو خەڵكە لەوێ دانیشتبوونو جێگای كەسی تر نەئەبویەوەو هەر مێزیك لانی كەم سێسەد بۆ چوارسەد دۆلاری ئەویست. لەوانم پرسی باشە خەڵكی هەر باسی بێ پارەیی ئەكەن كەواتە ئەمە چیە من ئەیبینم؟ دواجار داوام لێكردن كە بەزوترین كات لەو جێگایە بمبەنە دەرەوە، چونكە بەڕاستی كوڕی ئەوێ نەبوومو بەهەڵە كەوتبوومە ئەوێ. من لەسەرەتای ژیانی ئەوروپاشمدا كە شەش ساڵی یەكەمی سینگڵ بووم، تەنها یەكجار دیسكۆم بینیوە. هەمیشە هاوڕێكانم ئەیانگوت بۆ نایەی بۆ دیسكۆ بەڵكو ئافرەتێك پەیدابكەیت! منیش ئەمگوت ئافرەتیك لە دیسكۆدا دەستبكەوێت هەر لە دیسكۆشدا لە دەستئەچێت. ئەوجارەش كە چومە دیسكۆ هیندە دیاردەی ناشیرینم لە هاوزمانەكانی خۆم بینی شەرمم بەخۆم ئەهات. جا لەسەرەتای كۆڕەوی كوردان بۆ ئەوروپا، لە زۆربەی وڵاتەكان كوردیان لە دیسكۆكان نەئەكردە ژورەوە! هۆكارەكەش ڕەگەزپەرستی نەبوو، بەڵكو كوردەكان هەر لە سەرەتاوە بەسەرخۆشی ئەرۆشتنە دیسكۆكان زۆرینەیان سەر لەئێوارە بە چوار بیرەی ئاڵدی ولیدڵ* خۆیان سەرخۆش ئەكرد بۆ ئەوەی لە دیسكۆكاندا بیرە نەكڕن، چونكە بیرەی دیسكۆ گرانبوو! عەبەی حەمەومین كەوكوژ، بەوەشەوە نەئەوەستاو هەمیشە بیرەكانی پڕئەكرد لە خوێ! چونكە ئەیگوت ئەگەر خوێی تێبكەیت زوتر ئەتگرێت! لەهەموو دونیادا خەڵك بۆئەوە ئەخواتەوە كە خۆشحاڵبێت، كەچی ئێمە خواردنەوەمان بۆ خەفەت ئەخواردەوە، هەربۆیە كە بەدمەست ئەبووین ئیتر سەرەتا بۆ دایكمان ئەگریاینو دواتر بۆ هەڵەبجەو ئەنجا بۆ شەهێنی خوشكەزامان! هەربۆیە ژنو كچە ئەوروپییەكان خۆیان لە كورد لائەدا. زۆرینەی كوردەكان لە دیسكۆكاندا كە پرسیاریان لێئەكرا خەڵكی كوێیت؟ نەیانئەگوت كە خەڵكی كوردستانین! هەریەكەو وڵاتێكی تری بۆ خۆی هەڵئەبژارد، یۆنانی، ئیتالی، مەغریبی، توركی، ئیتر ئاوەها. جا كە بەمنیان ئەگوت بۆ نایەی بۆ دیسكۆ؟ منیش ئەمگوت كاكە ئێوە هەریەكەو میلەتێكتان بۆ خۆتان هەڵبژاردوە، ئێ منیش جگە لە كورد لە هیج نەتەوەیەكی تر ناچم! ئەسحاوەكە نامیقی فەتاح بێسەر لە دیسكۆیەكدا گوتبووی خەڵكی یابانم! ئەوانیش گوتبوویان ئەی بۆلە یابانی ناچیت؟ ئیتر گوتبوی بۆ یابانی چۆنە؟! كوردەكان پێچەوانەوەی دیسكۆكان كە نەیانئەگوت كە كوردن، بەڵام لە یۆنان كە بلیتی پاسیان نەئەكڕیو بەڕەش سەرئەكەوتن، هەر كە كۆنترۆڵ ئەهاتو داوای بلیتی ئەكرد، یەكسەر ئەیانگوت: كوردۆس، سەدام هوسەین، بۆمب، هەڵەبجە، عەبدوڵا ئۆجەلان! لەزەتی كوردستان لەوەدایە كە بۆ چا خواردنەوە بڕۆیتە چاخانەیەكو بۆ نانی بەیانی لەگەڵ ئەو خەڵكەدا نانو ماستێك بخۆیت، كە برسیت بوو لای سۆفی نیعمەتو وەستا تالیم دوو شیش كەباب بخۆیت. لەزەت لە شوینی ڕاقیدا نیە، ئەو شوێنانەی كە ناویان ناوە شوینی ڕاقی، جگە لە مرۆڤی ڕەق هیچی تری تیا نیە، جگە لە خواردنی پیسو خەڵكی دەمامكدارو پۆزلێدەر هیچی تر نابینیت. براگیان منیش یەكەم عەشایەرم *ئاڵدی و لیدڵ هەرزانترین سۆپەرماركێتن لە ئەوروپا !
جەلال جەوهەر ١- بایکۆتکردنی پرۆسەی دەنگدان؟ لە ئەزمونی خەباتی سیاسی وشارستانی گەلاندا، جەماوەر بەیەکگرتوویی زۆربەی كات لایەنێکی هەرە سەرەکی و یەکلاکەرەوە بووە لە پرسە چارەنوسسازەکان و کارە سیاسیەكاندا. لە هەر جێگایەکیش جەماوەر خۆی بەدوورگرت لە پرۆسە و پرسە سیاسیەکان، و باوەڕی بەخۆی نەبووبێت خاوەنداریەتی پرسە سیاسیەکانی خۆی بکات، چارەنووسی جەماوەری لەم جۆرە ناڕۆشن و نادیار وهەمیشە لەژێر هەڕەشە و مەترسی فاکتەری دەرەکیدا دەبێت. پاوانكردن وداگیركردنی مەیدانی سیاسیی ھەرێمی كوردستان لە لایەن ھێز ولایەنە سیاسیەكان و دەسەڵاتداران بە تایبەت، و پەراوێزخستنی جەماوەر، و گرفتار و گیرۆدەكردنیان بە كێشە و قەیرانی سیاسی ئابوری و دارایی و ئەمنی، وبێبەش كردنیان لەمافە رەواكانیان، ھەموو ئەمانە جەماوەری كوردستانی عێراقیان تارادەیەكی زۆر لە پەلوپۆ خستووە. لەھەر جێگایەكیش جەماوەر پێک نەکرا و خرایە دەرەوەی كایە سیاسیەكان و ھاوبەشی راستەقینە نەبوو لە پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکان، جەماوەر گیانی بەرپرسیاریەتی تێدا لاواز دەبێت و نامێنێت، سەرئەنجام جەماوەر دڵسۆزی و خۆشەویستی و پابەندبونی نامێنێت بۆ میللەت و نیشتیمان، کە ئەمیش کارەسات و مەترسیە هەرە گەورەكەیە لە ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستانی عێراق . گەندەڵی و زوڵم و بێدادی و بێخەمی و بێمنەتی دەسەڵات لە ھەرێم، ناڕەزایەتی دروستكردوە لە كوردستانی عێراق، لەبەر ئەوە دەربڕینی ناڕەزایەتی بە ھەموو شێوازەكانی شارستانی بە رووی دەسەڵاتدارانی ھەرێم راستە و رەوایە،...، بۆیە بونی نارەزایەتی قسە و گفتوگۆی لە سەر نیە لەم بابەتەدا، بەڵكو قسەمان لە سەر ئەوەیە؛ ئایا بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدان قازانج و دەسكەوتی چیە بۆ دەنگدەران ؟ ئایا بایكۆتكردنی پرۆسەی دەنگدان قەیران وكێشەكان چارەسەر دەكات ؟ ئەی كە دەنگدەرانی ناڕازی بایكۆتی دەنگدان دەكەن بەدیلیان چیە لە جێی ھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدان؟ ئەو دەنگدەرە ناڕازیانەی دەیانەوێت بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان بکەن چەند جۆرێكن : یەکەمیان: ئەو ناڕازیانەن کە بایکۆتی پرۆسەی دەنگدان بە هەڵوێست دەزانن لە دژی دەسەڵاتداران، بەڵام بەدیلی ھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدانیشیان نیە!؟ بەڕای ئێمە ئەم بایکۆتە خزمەتی دەنگدەری ناڕازی ناکات، بەڵکو هەلێکی زۆر دەڕەخسێنێت بۆ زۆرترین تەزویر و ساختە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی كوردستانی عێراق، چونکە دەسەڵاتداران توانایان هەیە سوود لەو ناوانە وەربگرن کە بایكۆتی پرۆسەی دەنگدانیان كردوە، بەم جۆرە بایکۆتکردن و بەشداری نەکردن لە پرۆسەی دەنگدان ڕاستەوخۆ خزمەتی ئەو لایەن و هێزانە دەکات کە دەسەڵات و توانای تەزویریان هەیە، کەواتە بایکۆتکردنی دەنگدان تەمەنی هەموو ئەوانە درێژ دەکاتەوە، کە دەستێکی باڵایان هەبووە و هەیە لە گەندەڵی هەمەجۆر و زوڵم وبێدادی، ودروستکردنی قەیرانی سیاسی و ئابوری و دارایی لە عێراق و هەرێم. دووەمیان: ئەو ناڕازیانەی کە بایکۆتی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لە نا ئومێدی و لە بێ بڕوایی بە بەشێكی زۆری ھێز ولایەنە سیاسیەكانی كوردستان وعێراق، ولە بێ ھیوابوون لە گۆڕانکاری بۆ باشكردنی دۆخی ھەرێم وعێراق... دیارە بێ هیوایی و نائومێدی ئاماژەیەکی تەندروست نیە بۆ توانا و ئیرادە و ویستی مرۆڤ، مرۆڤی بێ ئومێد و بێ بڕوا دەچێتە خانەی نەبوو، چونکە نائومێدی و بێ هیوایی سەرەتایەکە بۆ خۆ بەدەستەودان وتەسلیم بوون، و قبوڵکردنی زوڵم وزەلیلی و ڕەزیلی،...، ئەمە جگە لەوەی بایکۆتی لەم جۆرەش هەر خزمەتی ڕاستەوخۆی ئەو هێز و لایەنانە دەکات کە توانای تەزویر و ساختەیان هەیە. توێژێکی تری دەنگدەران هەیە، ئەوانەن کە دوور و بێ ئاگان لە دونیای سیاسەت، و سەرقاڵ و خولیای ژیان وبەرژەوەندی خۆیانن. ئەوانە بێ خەمن بۆ دۆخی سیاسی کورد لە ناوچەکە، بەشداریکردن و نەکردن لە دەنگدان وەک یەکە لای ئەوان، گرنگی و ڕۆڵی دەنگی خۆیان نازانن، و نایانەوێت کەم و زۆر تێکەڵی کاری سیاسی و بەشێک بن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان. ئەمانیش زیان دەگەیەنن بە خۆیان و پرسی کورد، چونکە بەشێكن لە رەوشی گشتی کوردستان. لەڕووی سیاسیشەوە، بایکۆتیكردنی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دەنگدان بە بەردەوامی، بەبێ ھۆكارێكی مەنتقی وبڕواپێكراو، وبەبێ ئامادەكردنی بەدیلێكی باش بۆ ئەم قۆناغە، ھەڵوێستی دەنگدەران لاواز دەكات،...، بەم شێوەیە دەنگدەران دوائەكەون لە جێبەجێكردنی بەشێك لە ئەركەكانی خۆیان، و بێبەش دەبن لە بەدەستھێنانی بەشێك لە مافەكانیان، چونكە دەنگدان ھەم مافێكی دەستوریە، وھەم ئەركێكی سەرەكی قۆناغەكەیە، بە ھۆی دۆخی قەیراناوی وئاڵۆز وھەستیاری كوردستانی عێراق. ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، بەشداری نەكردن لەدەنگدان لە قازانی كێدایە، وكێ زەرەری لێدەكات ؟ بەكورتی ؛ بەشداری نەكردن لەدەنگدان لە قازانجی ئەو ھێزانەیە كە توانای تەزویریان ھەیە، وبە زەرەر و زیانی زۆرتری ئەوانە تەواو دەبێ كە بایكۆتی دەنگدان دەكەن. ٢- یان بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان؟ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ناشرینترین و خراپترین شێوازی هەڵبژاردنەکان لە جیهان، بەهۆی تەزویر و ساختە و دەستکاری ئەنجامی دەنگدان، ودەستێوەردانی دەوڵەتان لە کاروباری هەڵبژاردنەکان، بۆ بەرژەوەندی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق و هەرێم، هەروەها بەهۆی بێ خەمی و خەم ساردی بەشێکی دەنگدەران لە بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان. دیارە هەڵبژاردنەکانی عێراق وهەرێم دایک و باوکی هەموو گەندەڵیەکانە، گەندەڵی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان، حکومەتی گەندەڵی لێ لەدایک دەبێت، هەر لەبەرئەوەشە، عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا تا ئامڕۆ لە كوردستانی عێراق بژاردەیەكی باشترمان نیە لە ھەڵبژاردنەكان و بەشداری كردن لە پرۆسەی دەنگدان و بەشەكانیتری خەباتی شارستانی بۆ بەدەستھێنانی ئامانج و داواكاریەكانی جەماوەر. لەگەڵ هەموو لایەنە خراپەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان وپرۆسەی دەنگدان لە ماوەی (٢٩)بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا لەهەرێم، ھەڵبژاردنەكان لایەنی باشی ھەبوە تاڕادەیەك و گۆڕانكاریشی بەدوای خۆیدا ھێناوە. بۆ بەر چاوڕونی زیاتر وتێگەیشتنی زۆرتر لە سەر لایەنە باشەكانی ھەڵبژاردنەكان، ولەسەر دروستبونی ڕا وھەڵوێستی جیاوازی دەنگدەران لەسەر پارت ولایەنە سیاسیەكان و ڕهنگدانەوەیان لە سەرھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدان، كە بوە ھۆی گۆڕانكاری دیار لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لە نێوان ھەڵبژادنێك وھەڵبژادنێكی تردا، بەراوردێك دەكەین لە نێوان ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی(١٩٩٢/٥/١٩)، كە دەنگدەران بە رێژەیەكی زۆر باش بەشداریان تێداكرد، ئەوە بوو لە دوای فەرز و جیاكردنەوەی دەنگەكان، یەكێتی وپارتی لە ١٠٠٪ كورسییەكانیان بە دەستھێنا، لەگەڵ ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی (٢٠١٣/٩/٣٠)، كە دەنگدەران بەرێژەیەكی باش بەشداریان تێداكرد، پارتی و یەكێتی ٥٦٪ی كورسییەكانیان بەدەسھێنان، و٤٤٪ ی كورسییەكانیان لەدەستدا، ئەمە گۆڕانكاریكی گەورەو زۆر ودیار بوو لە ڕا وھەڵوێستی دەنگدەران لە ماوەی (٢١) بیست و یەك ساڵدا. لێرەدا، بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی دەتوانێت گۆڕانکاری زۆر و گرنگ و بنەڕەتی بکات لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکاندا، ڕۆڵی جەماوەر و هەڵوێست و بڕیاری دەنگدەرانە، چونکە بەشداریکردنی دەنگدەران بەگشتی لە پرۆسەی دەنگدان، جگە لەوەی ڕووبەری تەزویر و ساختە بەرتەسک دەکاتەوە و کەمتر دەکات، گۆڕانکاری گرنگیش بە دوای خۆیدا دەهێنێت، وتوانا وئازایەتی و ئومێدێکی نوێش دەبەخشێت بە جەماوەر، و ئەوە هەنگاوی یەکەم و سەرەتایی و بنەڕەتیش دەچەسپێنێت لە خەباتی شارستانی و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان. بەشێوەیەکی گشتی هەرکاتێک دەنگدەران بەگشتی بەشداریان کردبێت لە پرۆسەی دەنگدان، ڕووداو وگۆڕانکاری نوێ وگرنگی بەدواوە بووە، وهەرکاتێکیش جەماوەر ودەنگدەران بایکۆتی پرۆسەی سیاسی ودەنگدانیان کردبێت بەشێوەیەکی عەفەوی، بێگومان نائومێدی وکێشە وقەیرانی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، و لەهەر قەیرانێکی سیاسی و ئابوریشدا، جەماوەر ودەنگدەران ھەمیشە قوربانی و زەرەرمەندی یەكەم بون. لەبەرئەوە، بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان لە دۆخی ناسک و ناسەقامگیر و ئاڵۆزی ئەمڕۆی کوردستانی عێراق، ئەرک و بەرپرسیاریەتی نیشتیمانیە، خۆدزینەوە و بەشداری نەکردن لە پرۆسەی دەنگدان لەم دۆخەی ئەمڕۆدا، جگە لەوەی زیانی زۆری دەبێت بۆ دەنگدەر خۆی، زیانی گەورە و قورسیشی دەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی و پرسی کورد لە کوردستانی عێراق و ناوچەکە. لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئەوە بڵێم بە جەماوەر ودەنگدەرانی کوردستانی عێراق، كە هەڵبژاردنەکان و بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان وخەباتی شارستانی تەنیا بژاردەیە لە بەردەم جەماوەری كوردستانی عێراق لەم قۆناغە، وئەركی جەماوەر وھەموو ھێز ولایەنەكانە ئەوە بكەن بە کەلتوری خەبات و تێکۆشانی میللەتەكەمان بۆ ناوخۆی كوردستانی عێراق، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.
د. نەزاكەت حسێن ئەگەر بە وردی ڕامانێكمان هەبێت لە سەر بارودۆخی عێراق، دەبینین، هەڵبژاردن لە زۆربەی كاتەكاندا سەنگی مەحەك نەبووە بۆ چارەسەری كێشەكانی ناو عێراق، بەتایبەتی لە ئێستادا كە هێزی چەكداری ناحكوومی و میلیشا لە دەرەوەی یاسا و دەوڵەت بڕیار دەدەن، ئەوەش بنەما بەهێزەكانی دەوڵەتی كە ئابووری و سەقامگیرییە، لەرزۆك كردووە. واتە سەقامگیری و ئاسایشێكی جێگر و یاساسەروەری بوونی نییە، تاكو بتوانرێت بە پەرلەمان و یاسا گرفتەكان یەكلا بكرێنەوە، سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش ڕاستە تا دەنگ و كورسیی كورد زۆرتر بێت، زیاتر كاریگەری دەبێت لە سەر پێگەی كورد لە بەغدا، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی كورد هەرگیز هۆكار نەبووە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێگر بێت لە دەركردنی یاسایەك، ئەگەر حیسابی بۆ پێكهاتەی گەورەی كورد نەكردبێت، چونكە زۆرینەی پەرلەمانتارەكان، هەر چەند جیاوازی و ناكۆكی لە نێوان خۆیان هەبووبێت، بەڵام لە بەرامبەر كورد زوو یەكیان گرتووە و پلان و پیلانیان لە دژی كوردستانیان داڕشتووە. ئەگەرچی ناكرێت بوترێت ژمارەی كورسیی پەرلەمان بۆ كورد گرنگ نییە، بەڵام لە ئێستای عێراقدا نە سەروەریی یاسا، نە ئابوورییەكی بەهێز، نە سەقامگیریی سیاسیی ئەو وڵاتە، ئەوە نییە كە پەرلەمان بتوانێت، كێشەكان و بڕیارەكانی بۆ یەكلا بكاتەوە. ئەوە دۆخە نالەبارە كۆمەڵێك فاكتی هەیە، یەكێكیان ئەوەیە كە عێراق لە ئێستادا سەربەخۆیی سیاسی نییە و خۆی مەرجەعی بڕیاری خۆی نییە، واتە هێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان لەگەڵیدا هاوبەشن لە دیاریكردنی هەر بڕیار و جووڵەیەكدا، كاركردن و دەوڵەتداری لە بارودۆخێكی ئاوادا ئاسان نییە، كە بەغدا ببێتە جەمسەرێك یان بەشێك لەگەڵ ئەو هێزە ناوخۆیی و ئیقلیمییانەی كە بڕیارەكان دەردەكەن. لە كەشێكی ئەوتۆی سیاسیدا ئەگەرچی كورد كاری بەرچاوی بۆ دەستەبەری شەراكەتی ڕاستەقینە كردووە و لە پێناوی بەرژەوەندیی هاوبەشدا بەردەوام پەنای بۆ وتووێژ و دانوستان بردووە، بۆیە دەبێت بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە عێراق و كاریگەریی لەسەر ناوخۆ و ناوچەكانی دەوروبەریشی بەشێكی بەرچاو بێت لەو هاوكێشەیە، كە بە بێ بەشداریی كورد نەتوانرێت، لەسەر چارەنووسی ئەو وڵاتە بڕیارێك بدرێت، بەڵام ئەمە دەیەوێت تا كورد بچێتە ئەو پێگەیە و ئەمەش بە تەنیا بە بە كورسیی پەرلەمان ناكرێت. ئەو دابەشكارییە كە بۆ عێراق كراوە و سێ پێكهاتەی كورد و شیعە و سوننە دەگرێتەوە، لە سەر حیسابی كورسیی پەرلەمان نەكراوە، تا بە تەنیا كورسییەكانی پەرلەمان زامنی بكەین، مەترسیی گەورەش ئەوەیە كە بە دەستووریش زامن نەكراوە، تا لێی بێ خەم بین. بۆیە دەبێت بە هەوڵی زیاتر ڕێكاری دیكە پێگە و بوونی خۆمان بهێڵینەوە، بە تایبەتی لە ئێستادا ڕێككەوتنەكە لە سەر حیسابی ئەو سێ پێكهاتەیەش خەریكە تێك دەچێت، ئەوەتا سوننە بەردەوام لە لاوازبووندایە و توێندراونەتەوە، سیمای وڵات لە ئێستادا وڵاتێكی عەرەبیی مەزهەبییە كە تەنیا شێعە تێیدا باڵادەستە، كە پارە و میلیشیا و سەرچاوەی ئابووریی وڵاتیش هەر لای ئەوانە. بۆیە عێراق وردە وردە بەرەو تێكچوونی ئەو هاوكێشەیە دەڕوات، كە لەسەر ئەو سێ پێكهاتەیە داڕێژدرابوو. ئەوە جێی مەترسییە و بێگومان كوردیش ئەگەر وریا نەبێت، قوربانیی گەورە و زەرەرمەندی ئەو تێكچوونە دەبێت. بۆیە گرنگە پارێزگاری لە كورسییەكانی پەرلەمانمان بكەین، بەڵام لە دەرەوەی ئەوە كورد دەبێت خۆی بە بەشێك لەو پێكهاتە نیشتمانییە بزانێت لە عێراق و زیاتر خۆی بخاتە ناو ئەو هاوكێشەیەی كە بڕیار دەدات بۆ عێراق و خۆی بە بەشێك لە پرۆسە نیشتمانییەكە بزانێت بۆ پارێزگاری لە بوونی عێراقێكی فرەیی، چونكە مانەوەی عێراق وەك پێكهاتەی دەوڵەتێكی فرەیی، زامنی مانەوەی هەرێمی كوردستانیشە نەك تەنیا كورد لە بەغدا، بۆ ئەمەش نابێت تەنیا چاوی لە كورسیی پەرلەمان و پۆستی سەرۆك كۆماری بێت، چونكە وەك وتمان، ئەوانە ئێستا بڕیاردەری یەكەم و یەكلاكەرەوەی كێشەكان نین. كورد دیپلۆماسییەكی كارامەی پێویستە و پێگەیەكی بەهێزی دەسەڵاتی دەوێت، سەركردەی كاریزما و بە ئەجندای دەوێت، پارتێكی دەوێت سەركردایەتیی ئەمە بكات و، لە ناو ئەو هاوكێشە ئیقلیمی و نێودەڵەتییەدا هەل بدۆزێتەوە و خۆی بگونجێنێت و بەرژەوەندیی هاوبەش دروست بكات. ئەمانە و پاراستنی دەستكەوتەكان پارتێكی تۆكمەی دەوێت كە خاوەن ئەو سەركردە كاریزما و بڕیاردەر و خاوەن ئیعتیبارە بێت لای وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمی، بێگومان ئەمەش لەم هەرێمەدا تەنیا لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەبیندرێت كە خاوەنی ئەو سەرۆكە كاریزمایە بێت و توانای ئەو هێزە و هەوڵانەی هەبێت، وەك لە ماوەی ڕابردووشدا توانی بە هێزی دیپلۆماسی سەرنجی زۆر لە وڵاتان ڕابكێشێت و هەولێر بكاتە مەڵبەندی دیپلۆماسی و دانوستان و لێك نزیك كردنەوە، ئاواش دەتوانێت ئەو ئەزموونە بەرێتە بەغدا و ئەو كار لەسەر عەقڵییەت كردن و دیپلۆماسییە سەركەوتووە بەكار بهێنێت و، بەرژەوەندیی هاوبەش بدۆزیتەوە و، خۆی بكاتە جەمسەرێكی گرنگ لە نێوان هاوكێشەكەدا. تاكو بە مە نەك تەنیا پارێزگاری لە پێگەی كورد بكات لە عێراق، بەڵكو كورد بە ڕاستی ڕۆڵی هەبێت لە ئیدارەدانی عێراق و لە بڕیارسازیی سیاسی بۆ ئێستا و داهاتووی ئەم وڵاتە بەشدار بێت و، بە بێ كورد هیچ شتێك بۆ عێراق یەكلا نەكرێتەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان، جگە لە هێزە دیپلۆماسییە بەرچاوەكەی، توانیویەتی ناوخۆی هەرێمیش لە ئاستێكی بەرز و بەهێزی سەقامگیری ڕابگرێت و، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش حكومەتێكی سەركەوتوو بووە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا لە ڕووی حوكمڕانییەوە نموونەی جوانی پێشكەش كردووە. كەواتە پارتێك كە لەسەر ئاستی حوكمڕانی، حزبی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەهێز بوو، دەتوانێت شان بداتە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتییە كە خوشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و دەستكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەی مسۆگەر بكات.
غەسان شربل قسە لەسەر سودان و ئەو باجەی بوو كە بەهۆی ئەوەی عومەر بەشیری سەرۆكەكەی بوو بەیەكێك لەداواكراوەكانی دادگای نێودەوڵەتی، منیش ساكاری بەسەرمدا زاڵبوو و وتم: تەنها ئەوە بەس بوو بەشیر دەستلەكار بكێشێتەوە، و خۆی رادەستنەكاتەوە، چونكە دەبێت بەرژەوەندی گەلی سودان لەبەرچاو بگیرێت و پێشبخرێت، سەرۆك جەلال تاڵەبانی بەدەم پێكەنینەوە وتی: "جێگیربونت لە لەندەن بیری بردویتەتەوە كە ئێمە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستین، لێرە دەسەڵاتدار ناڕوات بەڵكو گەل بەجێیدەهێڵێت و دەڕوات". چەند قورسە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كاری رۆژنامەنوسی بكەیت، چەند ئابڕوچونیشە لە لوبنان بیت، سەرت سوڕدەمێنێت حكومەتەكان بەبێ ئەوەی رقیان لەدەستور ببێتەوە كار دەكەن، بەچاوێكی سوكیش سەیری ئەو بەرپرسانە دەكەن كە ماڵی گشتی حەلاڵ ناكەن، بەخیلی بەو وڵاتانە دەبەن كە كاسانی باڵا بەرهەم دەهێنن و ئەوانیش چەند پردێك بۆ ئارامی دروستەكەن یان دەبن بە سایە بۆ وڵاتەكەیان، بڕیار و دەسەڵات بە دەست شارەزایانە لە تێكشكاندنی ولاتەكان و وێرانكردنی شارەكان، وامان لێهاتوە بڕوا بەوە ناكەین سەرۆكێك بە ئارەزوی خۆی خانەنشین ببێت، دەبێت میللەت لە بارەگاكەی دەری بكات یان گوریسێك بەملیەوە ببەستێتەوە ئینجا دەڕوات. راستیەكەش ئەوەیە ئەگەر ئەو بەیانیانە نەبوایە ئەم چیرۆكە نە دەنوسرایەوە، ئەو رۆژەی دیوارەكە هەرەسی هێنا و چارەنوسی ئەڵمانیا و ئەوروپای گۆڕی، ئەگەر ئەو كچەش نەبوایە كە لەهەردوو وانەی ماتماتیك و زمانی روسی سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئەگەر ئەو رۆژە نەبوایە دوای كارێكی دورودرێژ لەلێكۆڵینەوەكان و لەپاش بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆرا لە زانستی فیزیادا، ئێستا ئەو تەنها كەسێكی خانەنشین دەبوو، ، زۆر ئەستەم بوو چاوەڕوانی ئەوە بكەیت پاشە رۆژێكی سیاسی لە وڵاتی ئیریش هۆنیكەر هەبێت، بێدەنگێكەی لەو جۆرەی نەبو كە بەدڵی حزبی شیوعی دەسەڵاتدار و كاربەدەستانی روسیا بێت، رەنگە باجی ئەوەی دابێت كە كچی یەكێك لە قشەكان بوو، هەرچەندە باوكی بەهۆی پەیوەندیەكانی لەگەڵ دەزگاكان رێگا خۆشكەر بوو بۆ ئەو بۆ رێكخستنی چەند گەشتێك بۆ باشوری بەرلین. رۆژی داڕمانی دیوارەكە هەلی بۆ زۆر كەس رەخساند، لەو رۆژەدا نمونە و سەربازگە دۆڕان، ئەڵمانیای باكور خۆی خستە باوەشی نیشتیمانی دایكەوە و هەلموت كۆڵی راوێژكار، ئەڵمانیای یەكگرتوی رفاند، سەرەڕای ترسەكانی فرانسۆ میتران و مارگریت ساتشر، كۆڵ ئەو كەسە دەخاتە نێو كورسیەكانی حكومەتەوە كە ناوی لێنابوو كچەكەم، رەنگە دركی بەوەش نەكردبێت كە ئەو كچە ئەو رۆژە دەستبەرداری دەبێت، كە ناوبانگی بە سندوقی رەش لەكەدار دەبێت كە حزبەكەی وەكو هاوكاری وەریدەگرت. ئەنگێلا مێركڵ بەبێ ئەوەی هەست بە ئازار و دۆڕاندن بكات دەتوانێت كۆشكی راوێژكاری بەجێبهێڵێت، بەدەگمەن كەسی واهەبوو بتوانێت بەو جۆرە بڕواتە دەروە تەنها ئەو كەسانە نەبێت كە لە پلەكانیان گەورەتربون و لەنوسینگەكانیان بەرفراوانتر، قارەمانیەتێكی بێوێنەیە یەكێك بتوانێت نازناوێكی پرشنكدار و تیشكی وێنەگران و نیشانەكانی ئازایەتی بەجێبهێڵێت و بڕوا بەرەو خانەنشینی. مێركڵ كاتی رۆشتنەكەی دیاریكرد، بەبێ ئەوەی دەستور فەرمانی پێبكات یان دەنگدەرەكان پێشتی لێبكەن، دەستور رێگەی پێدەدا كە بەردەوام بێت، جەماوەرەكەشی توانای ئەوەی هەبوو درێژەپێدان بەكارەكانی پێببەخشێت ، نەشی وت من هیلاك بومە، پێشی وانەبو كە دووچاری بێهیوایی بوە، پێش سێ ساڵ وتی: ئەو چاوەڕێی ویلایەتی پێنجەم ناكات، بە لێدوانەكەیەوە پەیوەست بوو بەبێ ئەوەی دراما تێكەڵ بەبڕیارەكەی بكات، بەشێوەیەكی سەنگین هەڵسوكەوتی كرد وەك ئەو كەسەی بڕوای تەواوی بەخۆی هەبوە كە بە جوانترین شێوە كارەكانی جێبەجێكردوە، گەلەكەی بە حیساباتەوە سەرقاڵنەكرد و لێدوانی بۆ مێژوو نەدا وەكو ئەوەی بڵێی مێژوو ناترێك بێت لە نوسینگەكەی، هەستی بە نیگەرانی نەكرد نە لە بەرهەڵستكار و نە لە كۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، هیچ شتێكی نیە بیشارێتەوە لەهیچ شتێكیش ناترسێت، تەنانەت سیاسەتمەدارێكی بوێری ئەوە ناكات، بەدزینی ماڵی گشتی یان بە هەدەردانی تۆمەتباری بكات، یان پێی بڵێن كە كەسوكاری یان ئەندامانی حزبەكەی لە ئیدارەكەیدا دامەزراندوە، یان گرێبەستی تایبەتی لەگەڵ دەروەدا كردوە و ئاسانكاری كردبێت بۆ هەڵڕژاندنی دراو بۆ بەرژەوەندی خۆیی و نزیكەكانی. كەس بوێری ئەوەی نیە مێركڵ بە گەندەڵی تاوانبار بكات، رەنگە بتوانن بڵێن هەندێك هەنگاوی لەسەرخۆ ناوە یان زیادەڕەوی كردوە لە وەرگرتنی پەنابەران، یان لەدڵسۆزی خۆی باجی رزگاركردنی ئابوری وڵاتانی دیكەی داوە تاوەكو خەونی ئەوروپا بپارێزێت، رەنگە هەندێك هۆكار بدۆزیتەوە تاوەكو رەخنەی لێبگریت، بەڵام كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوەبكات كە ئەڵمانیا لەماوەی 16 ساڵی رابردوودا هەستی بە ئارامیەك كردوە كە لەوەوپێش بەخۆیەوەی نەبینیوە. مێركڵ لە بارەگای راوێژكاریدا بۆ خۆیی و گەلەكەی دڵسۆزی نواندوە، ئەو خانمە هەمو جارێك بەهەمان ئەتەكێت دەردەكەوت و وشەی خەیالی و سیحری بەكار نەدەهێنا بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵكی، راپۆرتەكانی دەخوێندەوە و رێزی لە ژمارەكان دەگرت، رێزی لە پەیوەستبونەكانی ناوەوە و دەرەوەی حكومەتەكەی دەگرت، هەستێكی قوڵی بەرپرسیارێتی هەبوو، سەرەراِی دەستپاكیەكی بەردەوام، بەهیچ جۆرێك لە كاروكردەوەكانی بەرلسكۆنی نزیك نەبۆیەوە و بەو شتانە تاوانبار نەكرا كە بەرلسكۆنی پێی تاوانبار كرابوو. بەهێزترین ئافرەت لە ئەڵمانیا و ئەوروپا و لەهەمو جیهان، ئەو هەمو دەركەوتنانەی لەسەر شاشە و گۆڤارەكان، رێگری نەبون لەوەی بۆ سۆپەرماركێت بڕوا، ئێوارە خوانێكی سادە بۆخۆی دروست بكات، بە گسكە كارەبایەكەی باڵەخانە سادەكەی پاكبكاتەوە، هەموو ئەو بانگەشانەی بۆی دەكران ناچاریان نەكرد بەوەی هەڵسوكەوتی خۆی نەلەدەرەوە نە لەناوەوە بگۆڕێت، ئەوەندەی بەسە لەگەڵ سەركردە ئەمریكیەكان بە روحی هاوكاریەوە مامەڵەی كردوە سەرەڕای ناكۆكیەكانیان و سیاسیەتە جیاوازەكانیان، ئەوەندەی بەسە دانوستاندنی لەگەڵ پیاوێكی زۆر سەنگیندا كردوە كە ناوی ڤلادیمیر پۆتنە هەروەها لەگەڵ سەركردەیەكی چینی ئاڵوزدا كە ناوی شی جینبینگە، نابێت ئەو سەما ئەوروپیەمانیش لەبیر بچێت كە لەگەڵ فەرەنسادا كردی، بەتایبەتی لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی بەریتانیا لە گەشتی یەكێتی ئەوروپا. وانەكەی ئەڵمانیا چەند قورس بوو. بەڵام كێ وتی: ئێمە فێردەبین؟ ئەگەر بەشیر پێش وەخت دەستی لەكاربكێشایەتەوە بارودۆخی سودان وانەدەبوو. ئەم قسەیە بۆ قەزافی و سەدام و زۆرێك لەو كەسانە گونجاون. بەڵام ئێمە وەكو خەڵكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەلال تاڵەبانی چاوی بەمێژوی ناوچەكەدا خشاندوەتەوە و بۆی دەركەوتوە، ئێمە لەناوچەیەكدا دەژین سەرۆكەكانی ناڕۆن، بەڵكو دەبێت میللەت بەجێیبهێڵێت و بڕوات.
شیلان رەئوف کاندیدی ئازیز: ئەگەر تۆ متمانەی ژمارەی پێویست ویاسایی دەنگدەرانی بازنەی هەڵبژاردنەکە بەدەست بهێنیت کەخۆت تێدا کاندید کردووە، ئەوا دەبیتە نوێنەری کۆی دانیشتووانی عێراق لەئەنجومەنی نوێنەراندا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تۆ بەرگریکاری مافەکانی هاوڵاتیان ئەبیت بەڕێوشوێن وئامڕازە یاساییە ڕێگە پێدراوەکان، واتا دەبێت تۆ لەجیاتی منی هاوڵاتی شەڕی یاسایی مافەکانم بۆ بکەیت، لەم بارەشدا تۆی نوێنەر دەبێت یەکەم جار ویەکەم هەنگاو بەمافەکانی خۆت ئاشنا بیت وشەڕی مافەکانی خۆت بکەیت، دواتر دەتوانیت هەنگاو بنێیت بۆ بەرگریکردن لەمافی منی هاوڵاتی، ئازیزم ئەگەر تۆ پێشێلکردنی مافەکانت بەسانایی وەربگریت، ئەی هاوڵاتی چۆن دڵنیایی پاراستن وپارێزگاریکردنی مافەکانی دەست بکەوێت لەتۆی نوێنەریەوە! کاندیدی ئازیز، تۆ مافی پاراستن وپارێزگاریکردنت هەیە لەژیانی تایبەتی خۆت وەکو هەر تاکێکی تری کۆمەڵگا، خۆ بڕیار نییە لەبەرئەوەی کاندیدیت دەنگدەرەکانت بێنە ژیانی خێزانیتەوە، یان میدیاکان پرسیاری ژیانی تایبەتت لێبکەن، تۆش بەوپەڕی سنگ فراوانییەوە وەڵامیان بدەیتەوە، یان وردەکاری ژیانی تایبەتت بۆ کۆی هاوڵاتیان ئاشکرا بکەیت بەلایەنگر وبەرامبەرەکانتەوە. نا هەرگیز، نە هاوڵاتی ونەدەنگدەر ونەمیدیا مافی بەزاندن وشکاندنی ئەو سنوورەیان نییە، خۆ ئەگەر گریمان هەریەک لەمانە سنوورەکەیان بەزاند، دەبێت تۆی کاندیدی ئێستا ونوێنەری داهاتوو توانای بەرگریکردنت هەبێت لەم مافە سەرەکییەی خۆت وسنوورێک دابنێیت بۆ سنوور بەزاندنەکە، ئەگەر ئەم کارەت نەکردوو وبەرگریت لەم مافەت نەکرد وبەسنگ فراوانییەوە باسی ژیانی تایبەتی خۆتت کرد، هەر لەو سات وکاتەوە دەرگاکانت کردەوە بەڕووی سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە حەوسەڵەی خۆ تێهەڵقورتاندنیان هەیە لەژیانی تایبەتی ئەوانی تردا بەتایبەتیش لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە. کاندیدی ئازیز: 1) ژیانی خێزانیت پەیوەندیدارە بەخۆت وخێزانەکەتەوە. 2) ژیانی هاوژینیت پەیوەندیدارە بە خۆت وهاوژینەکەتەوە. 3) ژیانی تایبەتی خۆت، هەر سیفەتێکت هەبێت، پەیوەندیدارە بەخودی خۆتەوە. مافی هاوڵاتی ودەنگدەر ومیدیا ولایەنگر وبەرامبەرەکانت نییە لەبارەیانەوە بزانن، قسەی لەسەر بکەن، شەن وکەوی قسەکانت بکەن، تەنها ئەگەر خۆت دەرگای خۆتێهەڵقورتینیان بۆ نەکەیتەوە. چۆن وبەچ شێوەیەک ژیانی تایبەتی خۆتت دروستکردووە مافی خۆتە، چۆن بیری لێئەکەیتەوە مافی خۆتە، چۆن وبەچ شێوازێک پلان بۆ داهاتووی ژیانی خێزانیت دادەنێیت مافی خۆتە. تەنها وتەنها ئەوەی گرنگە ئەوەیە بیرکردنەوەکە هی خودی خۆت بێت لەقەناعەتی خۆتەوە سەرچاوەی گرتبێت، هیچ کەسێک بیرکردنەوەکەی بەسەردانەسەپاندبێتی، لەژێر هیچ بارودۆخێکی ناچاریدا قەناعەتێکی ڕووکەشت بۆ خۆت دروستنەکردبێت پەیوەندیدار بەبیرکردنەوە تایبەتەکەتەوە. لەکۆتایدا، ڕاستییەک هەیە بریتییە لەوەی زۆرینەی ئەو تاکانەی، نێر یان مێ، لەژیانی کارکردندا سەرکەوتوون، وە هاوتەریب لەژیانی هاوژینیشدا سەرکەوتوون، بێگومان بەپاڵپشتی وقوربانیدانی هاوژینەکەیان بووە، نێر یان مێ، بەکاتی خۆی بەئیسراحەتی خۆی بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی زیاتر.....، چونکە خۆ ژیانی هاوژینی تەنها لەتەنیشتەوە وەستان نییە، بەڵکو هەندێک کات لە پشتەوە وەستانە لەپێناو تەواوکردنی ڕێگا هەڵبژێردراوەکەدا. هەر بەڕاستی نابەجێیە سەرکەوتن لەژیانی کارکردندا بەگشتی ولەنوێنەرایەتیشدا بەتایبەتی لەسەر بەقوربانیکردنی ژیانی هاوژینی بێت، بەمەرجێک تەنها هەوڵدان بۆ سەرکەوتن لەژیانی کارکردندا هۆکاری بەقوربانیکردنەکە بێت نەک هۆکاری تر. هاوپێچ: کاندیدێکی پیاو بەوپەڕی شانازی ودڵخۆشییەوە باس لەهێنانی ژنی سێیەم دەکات، نەشبووە هەڵا وجێگەی باس وگرنگیپێدانی خەڵکی، بەڵام بۆ کاندیدە ژنەکە تەواو پێچەوانە بوو!!!
ئاسۆ حاجی بەشداری کردنی زیاتر لە سێ سەت بەربژێری سەر بە بیست گروپی چەکداری شیعە، کە زۆرینەیان لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی جێیان گرتووە و بەشێکیشیان لە دەرەوەی ئەو هێزەن، ئەو پرسیارەمان لەلا دروست دەکات، ئایا بەشداریکردنی گروپە چەکداریەکان بە گوێرەی دەستووری عێڕاقی قەدەغە نیە؟ ئەدی چۆن ئەو گروپانە بەو ژمارە گەورەیە بەشدارن و نە کۆمسیۆن دەتوانێ رێگریان لێبکات و نە حکومەت دەنگی دێ و نە هیچ لایەنێک! ئەوەیان بە بۆچوونی من بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە: - ئەو هێزانە خۆیان لە سەرەوەی دەستور و یاسا دەبینەوە، چونکە بە فتوایەکی پیرۆزی هێزی باڵادەستی نەجەف دروست کراون، ئەوەش دۆخێکی تایبەت و سیفاتێکی پیرۆزیان پێدەبەخشێ وەک خۆشیان لە ناو هێنانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستواژەی پیرۆزی پێوە دەلکێنن. - سەتا نۆهەتی ئەو بەربژێرانە وەک سەربەخۆ خۆیان ناونووس کردووە، بەڵام لە ناوەکانیان کە زۆربەیان لە ناو ئەو هێزانە ناسراون، هەروەها ئەو لایەنانەی پاڵپشتیان دەکەن و هەوڵی دەنگ کۆکردنەوەیان بۆ دەدەن، بە روونی دیاری ئەو کەسانە سەر بە چ گروپێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبین. ئایا ئەو گروپانە لە رێگای بەربژێرەکانیانەوە چانسی بردنەوەیان هەیە، لۆجیکیترین وەڵام بۆ ئەو پرسیارە 'بەڵێ'یە، چونکە ئەو هێزانە کە ژمارەی راگەیەندراویان سەت و شێست هەزار کەسە و ژمارەی راستەقینەکەشیان بە گوێرەی هەندێک راپۆرتی میدیایی و ناوەندی توێژینەوە، دەگاتە سەرەوەی دوو سەت هەزار چەکدار، هەروەها ساڵانە لە بودجەی گشتی فیدڕالی بەشێکی گەورەیان بۆ تەرخان دەکرێ، کە بۆ ساڵی 2021 بودجەی تەرخان کراو بۆ حەشدی شەعبی زیاتر لە دوو تڕلیۆن و چوارسەت هەزار ملیاری عێڕاقیە، کە زیاترە لە بودجەی تەرخان کراو بۆ شەش وەزارەتی خزمەتگوزار و سیادی وەک وەزارەتەکانی (دەرەوە، داد، رۆشنبیری، سەرچاوە ئاویەکان، پلاندانان و گواستنەوە) هەروەها بودجەی تەرخان کراو بۆ هەموو شارە سوننەنشینەکان کە لە شەڕی داعش کاولبوون ناگاتە ئەو رێژەیە. خاڵێکی دیکە کە وەڵامەکەمان زیاتر لە راستەقینە نزیک دەکاتەوە، ئەوەیە کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی جگە لەو پاڵپشتیە جەماوەریەی لە ناو شیعەکان هەیانە، ئەوە هێزی باڵادەست و خاوەن بڕیاری یەکلایی کەرەوەن لە هەموو شارە سوننییەکان، هەروەها لە ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکانی وەک کەرکوک و شنگال و مەخمور و خانەقین و هتد. لە دەڤەرەکانی سوننەنشین هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک هێزی براوەی شەڕ مامەڵە لەگەڵ سوننە دەکەن، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان بە تایبەتی دەرەوەی سەنتەری شارەکان، خەڵکیان سەرپشک کردووە لەوەی ئەگەر دەنگ بە بەربژێرەکانیان نەدرێ ئەوە لە سەر زێدی خۆیان دەریان دەکەن یان روبەڕوی سزای دیکەی سەخت تر دەبنەوە. هەبوونی ئەو سێ ئامرازە ( جەماوەر، پارە و هێز) کاریگەری زۆریان هەیە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی داخراو و مەزهەبی وەک عێڕاق، لەوانەش بەهێزتر ئەگەر دووبارە بوونەوەی سیناریۆی تەزویرکردن و سوتاندنی بنکە و سندوقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی 2018. نزیکترین رێژە کە ژمارەیەک توێژینەوە ئاماژەیان بۆ کردووە ئەوەیە کە ژمارەی کورسیەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە نێوان 70 بۆ 80 کورسی دەبێت، پێشبینی ئەوەش دەکرێ کە لە نێوان 80 بۆ 90 پەڕلەمانتاری دیکە کە لە سەر لیستی حیزبەکان خۆیان بەربژێر کردووە بچنە پاڵ ئەو ژمارەی و فراکسیۆنێکی هاوبەشی نێوان میلیشیا چەکدارەکان و پارتە شیعیەکان رابگەیەنن وەک ساڵی 2006 کە هاوپەیمانی یەکگرتووی شیعەیان راگەیاند. حەشدی شەعبی دوو ئاراستە: لە نێو حەشدی شەعبیدا تەنها لایەن کە خاوەنی یەک لیوایە بە 15 هەزار چەکدار ئاراستەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە و لەگەڵ ئەوانەی دیکە نایێتەوە، رەوتی سەدرە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، ئەو رەوتە 90 بەربژێری هەیە، چەکدارەکانی کە لە ژێر ناوی 'سەرایا سەلام' کۆبوونەوەتە، لە ناوچەی سامەرای سەر بە پارێزگای سەلاحەدین جێگیرکراون، موقتەدا سەدر لە بەغدا(مەدینەت ئەلسەدر) هەروەها شارەکانی باشوری عێڕاق هەواداری زۆری هەیە. گەورەتری رکابەری رەوتی سەدر، هاوپەیمانێتی فەتحە بە سەرۆکایەتی هادی ئەلعامڕی کە سیزدە لیوای حەشدی شەعبی لەخۆوە دەگرێت کە تێکڕای ژمارەی چەکدارانیان نیزکەی 30 هەزارە، ئەو هاوپەیمانێتیە 73 بەربژێری هەیە، هاوپەیمانێتی فەتح لە 6 لایەن پێکهاتووە، جگە لە رێکخراوی بەدر کە هادی ئەلعامڕی سەرۆکایەتی دەکات، دیارترینیان بزووتنەوەی سادقونە کە باڵی سیاسی میلیشیاکانی عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرکردایەتی قەیس خزعەلی کە دوو لیوایان هەیە، ژمارەیان زیاترە لە 10 هەزار چەکدار، لە شارەکانی سەلاحەدین، بەغدا و کەرکوک بڵاوکراونەتەوە. هەروەها 'گردبوونەوەی سەند' بە سەرکردایەتی ئەحمەد ئەسەدی بەرپرسی کەتائبی جوند ئەلئیمام کە یەک لیوایان هەیە. هەروەها هاوپەیمانێتی جیهاد وبیناش لە خۆ دەگرێ کە لەلایەن حەسەن رازی بەرپرسی 'سەرایا ئەلجیهاد' و لیوای 17 ی حەشدی شەعبی سەرکردایەتی دەکرێ. لە دەرەوەی حەشد هەر حەشد: ژمارەیەک پارت و لایەنی سیاسی نوێ لەو هەڵبژاردنە بەشدارن، بزووتنەوەی(حقوق)ی سەر بە میلیشیاکانی حیزب اللە کە حوسێن موئەنەس رابەرەیەتی دەکات و لە بەغدا خۆی بەربژێر کردووە، کە گومان دەکرێ ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی کەتائیبی حیزب اللە بێت. بزووتنەوەی حقوق 40 بەربژێری هەیە، باڵی سەربازی حیزب اللە کە بە 'کەتائیب' ناسراوە و لیوایەی ژمارە 45 ی حەشدی شەعبی پێکدەهێنن، کە ژمارەیان 8 هەزار چەکدارە، لە ناوچەکانی جرف ئەلسەخر لە پارێزگای بابل جێگیرکراون. یەکێکی دیکە لە پارتە نوێیەکان بزووتنەوەی 'العراق الوطنية' کە لەلایەن محەمەد شاکر ئەلشەمەڕی سەرکردایەتی دەکرێ کە لەهەمان کاتدا یەکێکە لە سەرکردەکانی 'کەتائیبی ئیمام عەلی' و لیوای ژمارە 40 ی حەشدی شەعبیان هەیە، ئەو بزووتنەوەیە 24 بەربژێریان هەیە. 'رەوتی ئەلتەحەدی' کە بۆیەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و لەلایەن ئەبو عەلی ئەلدەراجی سەرۆکایەتی دەکرێ، بە 6 بەربژێرێ بەشدارن، باڵی سەربازی ئەو بزووتنەوەیە کەتائیبی ئەبی فەزلی عەباسە کە گروپێکی چەکداری دەرەوەی حەشدی شەعبین. 'ئیئتلافی قادرون' گروپێکی دیکەی چەکداری دەرەوەی حەشدی شەعبیە، لەلایەن حەسەن ئەلحەسناوی ئەمیداری گشتی هێزەکانی ئیمام سەرۆکایەتی دەکرێ، ئەو ئیئتیلافە هەردوو رەوتی: ئەلسیقە و ئەلئەبڕار لە خۆوە دەگرێ کە 26 بەربژێریان هەیە. هەروەها حیزبی ' ثار الله الإسلامي' بە سەرۆکایەتی یوسف ئەلسناوی بە سێ بەربژێر بەشدارە کە سەرۆکەکەی یەکێکە لە بەربژێرەکان، ئەو حیزبە تۆمەتبارە بە راوەدوونان و کوشتنی چالاکوانانی شاری بەسڕە. هەروەها پەڕلەمانتاری ئێستا فالح ئەلغەزاعی جێگری بەرپرسی کەتائینی سەید ئەلشوهەدا لە چوارچێوەی بزووتنەوەی 'قادیمون' خۆی بەربژێر کردووە، کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا تۆمەتبارە بە تێوەگلانی لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر. سوننە و حەشد و هەڵبژاردن: بەشێک لە سوننەکان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی خۆیان کاندید کردووە، نموونەی 'المحافظون' کە بە 12 بەربژێر لە ئەنباڕ بەشدارە و لەلایەن وائیل ئەلشەمەڕی فەرماندەی (حەشد ئەلدیفاع) سەرۆکایەتی دەکرێ، هەر لە ئەنباڕ چەند کەسایەتیەکی دیکەی خاوەن 'حەشد' لەو هەڵبژاردنە بەربژێرن، عیسا ئەلسایر فەرماندەی لیوای ' درع الفلوجة'، رافیع ئەلفەهداوی بەرپرسی حەشدی ' نخوة النشامى' هەروەها پەڕلەمانتاری ئێستا نەعیم ئەلگعود کە سەرۆکایەتی حەشدی ' البو نمر' دەکات. عەبدوللا ئەلجغیفی یەکێک لە بەرپرسانی هێزەکانی ' أحرار الفرات' لە رۆژئاوای ئەنباڕ خۆی لە سەر لیستی هاوپەیمانی ' النصر'ی حەیدەر ئەلعەبادی بەربژێر کردووە. لە موسل لە سەر لیستەکەی سەرۆکی پەڕلەمانی ئیستا محەمەد عەلبوسی چەند کەسێکی خاوەن حەشد بەربژێر کراون، لەوانە: پەڕلەمانتاری ئێستا فەلاح زێدان کە بەرپرسی 'حەشدی لهێب' ە کە عەشیرەتێکی سوننەن و لە باشوری موسل نیشتەجێن، ئەحمەد جبوری پەڕلەمانتاری نەینەوا و بەرپرسی بزووتنەوەی 'حسم' کە بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێیە، لە هەمان کاتدا جبوری سەرپەرشتیاری حەشدی 'فرسان الجبور'ە. کۆتاکان لە بەردەم حەشد و هەڵبژاردن: حەشدی شەعبی لە رێگای ئەو فەوج و لیوایانەی لە پێکهاتەکانی دیکەی عێڕاق (نا شیعە) دروستی کردوون، هەوڵی وەدەست خستنی کورسی کۆتاکانیش دەدات، ئەو کورسیانە زیاتر لە ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکان(دابڕاوەکان) لە دەشتی نەینەوا لە رێگای رەیان کلدانی کە فەرماندەی لیوایەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیە و پێنج بەربژێر بەشداری دەکەن، هەروەها بزووتنەوەی ئاشوری بە سەرۆکایەتی یونادم کەنە لە هەندێک شوێن لەلایەن حەشدی شەعبیەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە شەنگال و ئەو ناوچانەی کوردانی ئێزیدی زۆرینەن، حەشدی شەعبی لە رێگای یەکەینەکانی پاراستنی شنگالی سەر بە پەکەکە کە بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەوڵدەدەن شکست بەو بەربژێرانە بێنن کە نزیکی پارتی دیموکراتی کوردستانن، لە ناو پێکهاتەی کوردانی شەبەکیش حەشدی شەعبی لە رێگای وەعد قەدۆ رکابەری بەربژیرەکانی دیکە دەکات، قەدۆ کە پێشتر بەرپرسی لیوای 30 حەشدی شەعبی بوو و بەوە تۆمەتبارە کە دەستی هەیە لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر. حەشد و کورد و هەڵبژاردن: ئەزموونی کورد و هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستوری لەگەڵ حەشدی شەعبی ئەزموونێکی باش و هەڤالانە نیە، بە تایبەتی لە دوای رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر زۆرینەی کورد هەستیارتر مامەلە لەگەڵ ئەو هێزە دەکەن و وەک هێزێکی داگیرکەر تەماشای دەکەن. بەڵام ئەوە ئەگەر بۆ زۆرینەی کورد راست بێ، بۆ کەمینەیەک بەو شێوەیە نیە، بەشێک لە پەڕلەمانتارانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق لە ساڵی 2016 دەنگیان بۆ یاسای حەشدی شەعبی دا، کە بە گوێرەی ئەو یاسایە، میلیشیاکانی شیعە چوارچێوەیەکی یاساییان پێ بەخشرا و حکومەتی عێڕاقیش دەست کراوە کرا لە تەرخان کردنی بەشێکی گەورەی بودجە بۆ پڕ چەک کردنی ئەو هێزە و پێدانی موچەیان. بەشێک لە سەرکردەکانی لایەنێکی سیاسی کوردستانی لەگەڵ حەشدی شەعبی رێکەوتن و لە 16 ئۆکتۆبەر کەرکوکیان رادەست کردن، دوای ئەو مێژووەش تەنها لە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق نەبێت، ئەگەر نا لە هەموو ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندی شیعە و حەشدی شەعبی بووە ژمارەیک پەڕلەمانتاری کورد هاوڕا و هاوهەڵوێستی حەشدی شەعبی بووینە. لەو هەڵبژاردنە حەشدی شەعبی چەند بەربژێرێکی کوردی هەیە لە سەر لیستە جیاوازەکانی بەڵام بە گوێرەی هەموو لیکدانەوەکان هیچیان دەنگی پێویست ناهێنن، بۆیە بە هەمان رێگای پێشووتر و لە رێگای فشاری دەوڵەتێکی ئیقلیمی لە حیزبە سیاسیەکان و کڕینی وەلائی ژمارەیەک پەڕلەمانتار کە دەردەچن بەشێک لە دەنگی کورد لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی دەکاتەوە. دەرئەنجامی هەڵبژاردن و ئایندەی حەشد: - ئەوا داتا و ناو و ژمارانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئایندەی عێڕاق وەک دەوڵەت و لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمان بەدەر نابێت لە کاریگەریەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لە دەرەوەی ئیرادەی حەشدی شەعبی هیچ کابینەیەکی حکومەت پێکنایەت، مەگەر وەک زۆربەی جارەکان دیکە ئێران و ئەمریکا بگەنە شێوە لە یەک تێگەیشتنێک. - باسکردن لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی یان سنووردارکردنی دەبێتە ئەگەرێکی زۆر دوور لە واقیع و رەنگە دەرفەتی باسکردنی هەر نەمێنێ، بەڵکو بە پێچەوانەی ئەوە ئەگەری زۆربوونی ژمارەی چەکدارانیان زیاتر دەبێت، هەروەها بودجەی تەرخان کراو بۆیان، ئەوەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ سەرکردەکانی حەشد کە سوپای فەرمی عێڕاق وەک پاشکۆی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بکەن، وەک مۆدێلی ئێرانی سوپای پاسداران و نیروی نیزامی(سوپای فەرمی). - شیعە لە رێگای حەشدی شەعبی و هێزە سیاسیەکانی کار بۆ تەواوکردنی قۆناغی چەسپاندنی سیستەمی زۆرینەی سیاسی دەکەن، هەوڵ دەدەن ئەوجارەش وەک جاری پێشوو سەرۆکایەتی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی کۆماریش لەلای ئەوان و بە دەنگی ئەوان یەکلایی بکرێتەوە. - زیاتر بوونی فشار لە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رێگای پەڕلەمان و حکومەت، هەروەها بەردەوامی هێرشە سەربازیەکان، بۆ ئامانجی دەرکردنیان، چاوەڕوان دەکرێ لە دوای ئەو هەڵبژاردنە هێرش بۆ سەر سەربازگەی تورکیا لە نزیک موسڵ زیاتر بێت. - ئەو هەڵبژاردنە حەشدی شەعبی کار بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجەی دەکات کە 'حەشد حکومەتە'، نەک تەنها پێهاتەیەکی سەربازی سەر بەحکومەت بێ، پێگیربێت بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانیشە، ئەوەش بە دانانی کەسێک دەبێت کە تەواو گوێڕایەڵی داوا و خواستەکانیان بێت.