هه‌ڵبژاردن و بژارده‌كانی به‌رده‌م یه‌كێتی ..!
2021-09-14 15:32:48
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
پێشه‌كی
تا ئێستاش سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵوێستوه‌رگرتنی سه‌ركردایه‌تی و كادر‌و ئه‌ندامانی یه‌كێتی، له دۆخی ناوخۆیی حزبه‌كه‌یان و داشكانه‌وه‌ی پێشوه‌ختیان به‌لای ئه‌م هاوسه‌رۆك و ئه‌و هاوسه‌رۆكدا، به‌بێ ساغكردنه‌وه‌ی یاساییانه‌ی ناكۆكییه‌كان له دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن و شهفافداو، به‌بێ سه‌لماندنی تۆمه‌ته‌كان له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا، هه‌ڵوێستوه‌رگرتنێكی هه‌ڵه‌یه، له بنه‌ڕه‌تیشدا، مومكینه زیاتر بۆ پاراستنی په‌رژه‌وه‌ندی و ئیمتیازات بێ، یان جۆرێك بێ له دیارده‌ی شه‌خسپه‌رستی، یان مامه‌ڵه‌كردنی هه‌لپه‌رستانه له‌گه‌ڵ دیفاكتۆدا، یان مه‌ترسیی نانبڕین و سزادانی تر، یان هه‌ڵوێستێكی سۆزدارانه‌و و كاریگه‌ر به میدیا‌و سۆشیال میدیاكان.
نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی رووداوی هه‌ڵبژاردن و دۆخی ئه‌م حزبه له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشهاته‌دا، وا ده‌كه‌ن كه، له‌ده‌ره‌وه‌ی كاریگه‌ربوون به‌و هه‌ڵوێستانه، به زمانی شیكاری و، زمانی ره‌خنه‌گرانه‌ی بابه‌تی، له‌سه‌ر دۆخی ئه‌م هێزه بدوێین. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه، هه‌وڵێكه بۆ بیرخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك فاكت، سیناریۆ، بژارده‌و ئه‌گه‌ر، بگره پێشنیار‌و رێگه‌چاره‌ش بۆ ئه‌و دۆخه‌ی كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی تیایه، ئه‌مه‌ش هه‌م له روانگه‌ی بایه‌خی گێڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی هێز له باشووری كوردستاندا، هه‌م له ئه‌نجامی ده‌ركه‌وتنی ئاماژه‌كانی تێكچوونی زیاتری ئه‌و هاوسه‌نگییه كه ره‌نگه بۆ دیموكراسی و فره‌یی و ئازادییه‌كان، باش نه‌بێت.
ئه‌م نووسینه، به‌نده به‌وه‌ی چه‌ند فاكته‌رێك بخاته ده‌ره‌وه‌ی رهچاوكردنهوه، چونكه له‌به‌رچاوگرتنیان، بیرۆكه‌ی جڵه‌وكردنی ئاشتییانه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی یه‌كێتی ته‌واو ئاڵۆز ده‌كات، له‌وانه، بوونی ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌ناو رووداوه‌كاندا، چ له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و چ له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا!، دووه‌م، بوونی بڕیارێك له‌ناوخۆی حزبه‌كه‌دا كه به مه‌نتقی ده‌ستبادان و شكاندنی ئیراده‌ی یه‌كتری، كاربكات، كه ئه‌مه‌ش هه‌موو هه‌وڵێك بۆ چاره‌سه‌ری دۆخی حزبه‌كه، له‌بار ده‌بات.
پێگه‌ی پارتی
به‌سروشتی حاڵ و ئه‌و دۆخه‌ی كه ئێستا ئه‌گوزه‌رێ، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه پارسه‌نگی هێز له باشووری كوردستاندا، به پێچه‌وانه‌ی بانگه‌وازو چاوه‌ڕوانییه‌كان، خول له‌دوای خولی هه‌ڵبژاردن، لاسه‌نگتر ببێت. له‌ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دا، پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كچۆن زیاتر له 12 ساڵه هێزی یه‌كه‌می گۆڕه‌پانه‌كه‌یه، بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش هه‌روا ئه‌مێنێته‌وه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر رێكۆردی نوێ و گه‌وره‌تر تۆمار نه‌كا!، له‌مه‌شدا، دۆخی هه‌ریه‌كه له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هۆكارێكی بابه‌تی و یارمه‌تیده‌ره بۆ پاراستن و بگره به‌هێزبوونی زیاتری پێگه‌ی پارتی له باشووری كوردستاندا.
جگه له‌وه، پارتی، ره‌نگه ئه‌مجاره ده‌رفه‌ت بقۆزێته‌وه‌و باڵاده‌ستیی خۆی ته‌نها له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا نه‌وێت. ئه‌و له‌م هه‌لومه‌رجه بابه‌تییه‌ی كه هه‌ڵكه‌وتووه، له لێدوان و جوڵه‌ی به‌رپرس و ئۆرگان و راگه‌یاندنه‌كانییه‌وه دیاره كه هه‌وڵی هه‌یه له سنوری پارێزگاكانی سلێمانی، كه‌ركوك، هه‌ڵه‌بجه، ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕینیشدا، ده‌نگده‌رێكی زۆر به‌لای خۆیشدا رابكێشێت و له‌پێگه‌یه‌كی به‌هێزتره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و هێزه‌كانی تردا بكات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، هه‌ر له ئێستاوه ده‌بینرێ كه به مرونه‌تێكی سیاسی، ته‌نانه‌ت ده‌ستبه‌رداری هه‌ندێ هه‌ڵوێستی رادیكاڵانه‌ی پێشووتری خۆی بووه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ناو شاری كه‌ركوكیشدا!. راسته له به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی نیشتمانی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان_یش هاوپهیمانێتییهكیان پێكهێناوه كه ئامانج تیایدا ئه‌وه‌یه ته‌رازووی هێز له كوردستاندا بگۆڕن، به‌ڵام دۆخی ناوخۆیی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی و، پاشه‌كشێی پێگه‌ی گۆڕان به به‌راورد به قۆناغی ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا، ئه‌و ئامانجه‌یان، له ئێستادا، سه‌خت كردووه.
دۆخیی ناوخۆیی، به چ مانایه‌ك؟
ده‌سته‌واژه‌ی(دۆخی ناوخۆیی یه‌كێتی) لێره‌دا، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌سته به هه‌ڵه‌ی ته‌وقیتی ته‌قاندنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی ناو ئه‌م حزبه‌وه، ئه‌وه‌نده گرێدراوی ناكۆكیی په‌تیی نێوان هاوسه‌رۆكه‌كان نییه، چونكه ئه‌و ناكۆكییه هه‌م هه‌بووه به‌ڵام به چه‌پێنراوی!، هه‌م چاوه‌ڕوانكراویش بووه له‌به‌ر زیاتر له‌هۆكارێك كه دیارترینیان خودی سیستمی هاوسهرۆكایهتییهكهیانه كه نه رێكخراو Systematic بوو و نه ببووه دامه‌زراوه‌ش.
دیوی دووه‌می ده‌سته‌واژه‌ی دۆخی ناوخۆیی یه‌كێتی، هه‌ر به‌ته‌نها په‌یوه‌ندیی به كاریگه‌ریی دیارده‌ی شهخسپهرستیشهوه نییه، مه‌سه‌له‌كه ته‌نها ئه‌وه نییه به‌شێك له هه‌وادارانی ئه‌م حزبه له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوسهرۆكنو له‌دژی ئه‌ویتریان، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش، به باش و خراپ، هه‌ڵوێست له هه‌ڵبژاردن و حزبه‌كه وه‌رده‌گرن، نا، به‌ڵكو دۆخه‌كه، به‌گشتی، په‌یوه‌سته به جۆرێك له نائومێدبوونی جه‌ماوه‌ری حزبهكهشهوه له‌وه‌ی كه هێزێكی سه‌قامگیرو یه‌كڕیزیان هه‌بێت، هه‌ر جاره‌و له‌تێكی لێ نه‌بێته‌وه، یان ناته‌باو ده‌سته‌و تاقم نه‌بێ و په‌نجه‌كان تیایدا یه‌كتر نه‌شكێنن و وێنه‌ی حزبه‌كه له‌به‌رده‌م رای گشتیی وڵات و دنیادا هێنده‌ی تر ره‌ش و ناشیرین نه‌بێت.
كاتی وروژاندنی ناكۆكییه‌كان
به مانایه‌كی روونتر، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به یه‌كێتییه‌وه هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دۆخه‌ی ئه‌مڕۆیدا نه‌بووایه، ده‌یتوانی كێشه‌كانی ناوخۆی خۆی ساڵێك لهمهوپێش بوروژاندایه نه‌ك له سه‌روه‌ختی رووداوێكی چاره‌نووسسازی وه‌ك هه‌ڵبژاردنی عێراق، به‌تایبه‌تی كه هاوسه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتداری ئێستای یه‌كێتی، له دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ میدیاكانی ناوخۆ، ئاماژه‌ی به‌وه دابوو كه(دۆخی حزبه‌كه‌یان هیچ كاتێك هێنده‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌ی رابردوو خراپ نه‌بووه)، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه، پێشتریش، بۆ چوونه‌سه‌ر ناكۆكی و كێشه‌كان، كات له‌به‌رده‌ستدا بووه، به‌ڵام بۆ سوودی لێوه‌رنه‌گیراوه‌و دواخراوه بۆ سه‌روه‌ختی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌مه به دیاریكراوی ئه‌و پرسیاره‌یه كه نه میدیاكاران، له‌و دیداره‌دا كردیان، نه وه‌ڵامه‌كه‌شی، به ره‌سمی وتراوه‌و ئه‌زانرێ.
جگه له‌وه، بژارده‌یه‌كی تر ئه‌وه‌بوو، كه وه‌ك زووتر، یان دوورتر له واده‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، ئه‌م كاره نه‌كرا، لانیكه‌م، ده‌توانرا باسكردنی ئه‌و كێشانه بخرانایه‌ته دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش دیسان هه‌ر رووینه‌دا.
ره‌نگه ئێستا به حوكمی دابه‌شبوونه ئاشكرا‌و نهێنییه‌كانی ناوخۆی حزبه‌كه‌وه، هه‌ندێك پێیان وابووبێت كه سه‌رۆكی پێشووی هاوپه‌یمانێتیی كوردستان، كه جه‌مسه‌رێكی ناو ناكۆكییه ناوخۆییهكانهو بریتییه له هاوسه‌رۆكه‌كه‌ی تر، له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پێگه‌ی به‌هێزتر ببووایه‌و ئه‌وكات سه‌ختتر بوایه كه له‌گه‌ڵیدا ناكۆكییه ناوخۆییه‌كان باس بكرێن، به‌ڵام ئه‌م گریمانه‌یه ورد نییه، چونكه ئه‌گه‌ر، وه‌ك ده‌وترێ، تاوانی حزبی و سیاسی روویدابێ، بۆ سه‌لماندنیشیان به‌ڵگه‌ی پێویست له‌به‌رده‌ستدا بێت، ئه‌وا له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا ده‌توانرێ هه‌م له دادگای ده‌وڵه‌تدا، هه‌م له‌دادگای حزبدا كه پهیڕهوهكهیهتی، ئه‌و كه‌یسانه یهكلابكرانایهتهوه، واته به‌و شێوه هه‌ڵواسراوه‌ی ئێستا نه‌مایه‌ته‌وه كه وا ده‌رئه‌كه‌وێ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی جه‌ماوه‌ریی حزبه‌كه هه‌بێت.
پرسیاری رێگه‌چاره
یه‌كێتی، وا دیاره كه به دیراسه‌ی پێشوه‌خته‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه هه‌ستیاره‌ی خۆیدا نه‌كردووه‌و ئێستاش نزیكه له‌وه‌ی ئه‌نجامی سلبی له‌سه‌ر دابنێت ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌دۆزێته‌وه. ئه‌و، وه‌كچۆن كۆنگره‌ی 4ی به نه‌فه‌سێكی ماراسۆنی كۆتایی پێهێناو هیچ دیارده‌و لادان و قه‌یرانێكی چاره‌سه‌ر نه‌كرد، ئه‌م ناكۆكییه كهڵهكهبووانهشی له ته‌وقیتێكی گونجاو‌دا نه‌وروژاندووه، بۆیه ئێستا‌و له‌م گه‌رمه‌ی ئاماده‌كارییانه‌دا بۆ هه‌ڵبژاردنی عێراق بۆی ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌و ناكۆكییانه، كه‌م و زۆر، ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر كه‌شی بانگه‌شه‌كردنێكی دڵخواز هه‌یه بۆ هه‌ڵبژاردن به‌بێ ئه‌وه‌ی تائێستا به‌لایه‌كدا خرابن.
لێره‌شدا پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا هیچ رێگه چاره‌یه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی دوای رووداوه‌كانی 8ی تهمووز نه‌بنه هۆی زیاندان له پێگه‌ی ئه‌م حزبه؟ وه‌ڵام ئه‌وه‌یه هێشتا چه‌ند سیناریۆ و بژارده‌یه‌ك ماون. سه‌ره‌تا رێگه‌چاره‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه له‌م مانگه‌دا، هه‌وڵی نوێی رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان هه‌ردوو هاوسهرۆكهكهدا بدرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێش هه‌ر شتێك حزبه‌كه‌یان ئینقاز بكه‌ن، یه‌كێتی له خۆیان به گه‌وره‌تر بیبینن و نه‌یكه‌نه قوربانی ته‌ماحه تایبه‌تییه‌كانیان و، پێكه‌وه پاڵپشتیی له دوو هه‌فته‌ی كۆتایی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و هاوپه‌یمانی كوردستان بكه‌ن، هاوكات یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانیش كه تا ئێستا له سنوری ئاڵوگۆڕی تۆمه‌ت و هێرشی سۆشیال میدیا بۆ سه‌ر یه‌كتر به‌ولاوه هیچیان نه له دادگای حزب و نه له دادگای ده‌وڵه‌تیشدا یه‌كلا نه‌كراونه‌ته‌وه، بخه‌نه قۆناغی دوای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه.
ئه‌م رێكه‌وتنه، وا پێویسته، دوو هه‌فته پێش كۆتایی هاتنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بكرێت، به زووییش بخرێته كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجوومه‌نی سهركردایهتییهوهو په‌سه‌ند بكرێ، له‌وه‌ش زیاتر بۆ رای گشتیی خه‌ڵكی كوردستان بڵاو بكرێته‌وه‌و وێنه‌شی بۆ هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێم و عێراق و حكومه‌تی به‌غداو نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و باڵوێزو قونسڵی وڵاتان له به‌غداو هه‌رێم بنێردرێت به پاشكۆی ده‌قی رێككهوتنهكهشهوه، به‌تایبه‌تی كه له‌سایه‌ی شۆڕشی زانیارییه‌كان و سه‌رده‌می به‌جیهانیبووندا Globalization هیچ هێزو ده‌وڵه‌تێك نه‌ماوه له‌و دۆخه ناوخۆییه‌ی ئێستای یه‌كێتی ئاگادار نه‌بێت و به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌شه‌وه، به جۆرێك له جۆره‌كان، نێوبانگی یه‌كێتی له‌لا نه‌زڕا بێت.
مه‌حاڵ نییه
بێگومان، رێكه‌وتنێكی وه‌ها، له‌سیاسه‌تدا، مه‌حاڵ نییه. یادی به‌خێر، تاڵه‌بانی(1933-2017ز) كه بۆ ده‌ستپیشخه‌ریی ئاشتیی حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتیدا، به ریسكێكی مێژوویی و به ئۆتۆمبێلێكه‌وه خۆی كرد به باره‌گای بارزانیدا، 4 بۆ 5 هه‌زار پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌ی حزبه‌كه‌ی له شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆدا له‌ده‌ستدابوو، پارتیش هه‌روا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ مێژوو مایه‌وه، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه بوو. هه‌ردوو هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی-یش، تا ئێستا له كۆمه‌ڵێك تووڕه‌یی و هه‌ڵچوون له‌به‌رامبه‌ر یهكترو هه‌ندێ زیانی مادی و مه‌عنه‌وی و هێرشی میدیایی هه‌وادارانیان به‌ولاوه بۆ سه‌ر یه‌ك، گۆشتی یه‌كتریان نه‌خواردووه‌و ئێسقانی یهكدیشیان نه‌شكاندووه. جگه له‌وه، به‌پێی زانیاریی ئێمه، ته‌نانه‌ت ئیعتیباری خزمایه‌تی هه‌ندێ هه‌ڵوێستی توندیشی له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا راگرتووه!، هه‌ر بۆیه له رووی سیاسی و مه‌نتقییه‌وه، رێككه‌وتنیان ئه‌سته‌م نییه‌و ته‌نها زاڵبوونیان ئه‌وێ به‌سه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وانه‌دا كه مومكینه خراپبوونی زیاتری دۆخی حزبه‌كه‌یانی لێ بكه‌وێته‌وه.
له‌لایه‌كی تر، وا پێویسته له چوارچێوه‌ی ئه‌و رێكه‌وتنه‌دا كه باسی ده‌كه‌ین، تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی له ناكۆكییه‌كان و پێدانی په‌راوێزی به‌رگری بۆ هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كانی ناو ناكۆكییه‌كه له دادگاكان و پێشكه‌شكردنی به‌ڵگه‌نامه‌كانیان له به‌رامبه‌ر یه‌كتردا ده‌رده‌چێت، دۆخی یه‌كێتی ئاسایی بكرێته‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی كاتی و له‌پێناوی ته‌نها بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا بێت، چونكه ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه هه‌ن و باسكراون و ئه‌وانه‌شی كه هێشتا جاڕنهدراون و زانیارییه‌كی كه‌میان له‌باره‌وه دزه‌ی كردۆته ده‌ره‌وه، به فعلی كه‌یسی ئاسایی و ئاسان نین، ناشكرێ بۆ حزبێكی(سۆشیال دیموكرات) به رێككه‌وتنێكی عه‌شائیری كۆتاییان پێ بهێنرێت، به‌ڵكو پێویست وایه، هه‌ر جه‌مسه‌رێكی ناو ناكۆكییه‌كه، هه‌رچ تاوان و لادانێكیان هه‌بێ و به‌به‌ڵگه‌وه له‌سه‌ریان ساغ ببێته‌وه، سزای یاسایی و حزبی خۆیان وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته ده‌رفه‌تی یاسایی ته‌واویان له‌به‌رده‌ستدا بێت هه‌م بۆ به‌رگریكردن له خۆیان، هه‌م بۆ سه‌لماندنی تۆمه‌ته‌كان له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا.
مافی گشتی له‌م رووداوانه‌دا
ئه‌م مافه‌ش، هه‌ر به‌ته‌نها مافی یه‌كێتییه‌كان نییه، به‌ڵكو مافێكی گشتییه‌و داواكاریی گشتیشی دێته‌سه‌ر، به جۆرێك كه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاوسهرۆكهكانیش ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرن، ئه‌وا مافی خه‌ڵكه كه به‌دوایاندا بچن، چونكه كه‌یسه‌كان، ئه‌وانه‌ی كه دركێنران و ئه‌وانه‌شی كه تا ئێستا ماون و ئاماده ده‌كرێن!، ئه‌وه‌نده گشتگیر‌و مه‌ترسیدارن، هه‌ر به ته‌نها په‌یوه‌ست نین به ناوخۆی حزبێكه‌وه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیدارن به چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و ده‌سه‌ڵات و مامه‌ڵه‌كردنه‌وه له‌گه‌ڵ ژیانی گشتیشدا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به هۆی ئه‌و ناكۆكییانه‌وه، كۆمه‌ڵێك دیارده‌و رووداو و دیمه‌نی ئه‌منی له زۆنی سلێمانیدا هه‌ن كه خه‌ڵكی پارێزگاكه‌و زۆنه‌كه‌یان به‌گشتی نیگه‌ران كردووه.
به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر بویسترێ ئه‌و دۆخه ته‌نها له قاوغی ئاڵوگۆڕی تۆمه‌تدا درێژه‌ی پێ بدرێت به‌بێ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی یاساییانه‌و حزبییانه، ئه‌وا بێگومان هه‌م به‌دگومانیی گه‌وره‌تر به‌دوای خۆیدا ئه‌هێنێت، هه‌م مومكینه سه‌ر بۆ رووداوی نه‌خوازراویش بكێشێت، به‌تایبه‌تی دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق!. ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش كراوه‌یه، به تایبه‌تی كه پێده‌چێت، له‌م ماوه‌یه‌دا، هه‌ردوو لایه‌نی ناو ناكۆكییه‌كه، زۆر دۆسییه‌و كه‌یسیان، به به‌ڵگه‌وه، له‌دژی یه‌كتر ئاماده كردبێت و وروژاندنیان له به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایه‌كیاندا نه‌بێت!، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی مومكینه ئاشكراكردنیان به زیانی گه‌وره‌ترو زیاتری نێوبانگی حزبه‌كه‌و كاراكته‌رانی ناوی، بشكێته‌وه‌و، رای گشتیی خه‌ڵكی كوردستانیش له‌سه‌ر كۆی جه‌مسه‌ره‌كانی ناو حزبه‌كه، خراپتر بكات.
له چاوه‌ڕوانیی دهستپێیشخهریدا
له‌ده‌ره‌وه‌ی بیرۆكه‌ی رێككه‌وتن بۆ فریاكه‌وتنی حزبه‌كه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، تاقه رێگه چاره‌ی تر، ده‌ستپێشخه‌ریی یه‌كلایه‌نه‌ی هاوسه‌رۆكه‌كان خۆیانه. ده‌ستپێشخه‌ریی واش، له‌ئێستادا جوامێری و خۆ نهویستییهكی گه‌وره‌ی ده‌وێت كه روون نییه رووده‌دات یان نا. هاوكات سیناریۆی تر ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتی، به‌شێوه‌یه‌كی قه‌ده‌ری و به لۆژیكی جۆرێك له موجازه‌فه‌كردن، له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای خۆیدا بڕوا‌و رازی بێت به‌وه‌ی به چ ئه‌نجامێك له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا دێته ده‌ره‌وه!، ئه‌گه‌ر پێگه‌ی دابه‌زی، ئه‌وا بچێته ژێر باری ئاقیبهته سیاسی و ده‌ره‌نجامه ترسناكهكانییهوه له‌سه‌ر تێكچوونی زیاتری هاوسه‌نگیی هێز له كوردستاندا، ئه‌گه‌ر به‌هێزیش بووه‌وه كه روون نییه چۆن و به‌چی؟!به‌تایبه‌ت له‌سایه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستایدا، ئه‌وا، عه‌ره‌ب وته‌نی:(شاف الخیر!).. به كوردی و به كورتی، هه‌موو ئه‌مانه، لهشیكاریی ئێمه‌دا، كۆمه‌ڵێك سیناریۆ، یان بژارده، یان پێشنیار‌و رێگه‌چاره‌ن، خۆشیان(ئازادن) له‌وه‌ی دۆخی حزبه‌كه‌یان به كوێی تر و به كام نادیاری ده‌گه‌یه‌نن!.