Draw Media

رێبوار کەریم وەلی بافڵ تاڵەبانی پوخت و موختەسەر گوتی: ئیتر یەکێتی حزبی بنەماڵەکەی دایک و باوکیەتی و، ئەو و براکەشی تەمسیلی ئەوان دەکەن. شەریک بۆ ھەژموونی خۆیان قەبوڵ ناکەن و جارێکی دیکە یەکێتی ناگەڕێتەوە پێش ھەشتی تەمموز. * لە روانگەی کوڕانی تاڵەبانی، لاھور شێخ جەنگی حزبەکەیانی کردبووە حزبی بنەماڵەی تاڵەبانی و دوو نەوەکەی برایم ئەحمەدیش دەبوایە تەماشاچی بن، ئەوان بەوەیان دەگووت کودتا. بۆیە لە ھەشتی تەمموز پێش ئەوەی بازنەی گەمارۆی سەریان تەسکتر بێتەوە، دژە کودتایان کرد. * کوڕانی تاڵەبانی دەمێک بوو کە ھەستیان دەکرد خەریکە حزبەکەیان لەسەر سینیی زێر تەسلیمی ئامۆزاکەیان دەکەن. تەسلیمکردنێک کە ھەموو رۆژێ پارتی بەسەرکۆنکردنەوە بە چاویانی دادەدایەوە. بۆیە دەبوایە شتێک بکەن، ژەھرخواردکردن بەھانە بووبێ یان راستی، جەوھەری مەسەلەکە شتێکی دیکە بوو. چەندین مانگ بوو، بافڵ و قوباد تاڵەبانی کاریان لە سەر راکێشانی مۆرە کاریگەرەکانی ناو یەکێتی بۆ لای خۆیان دەکرد. * بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر خۆیان، دوای لاھور شێخ جەنگی، تەرکیزی کوڕانی تاڵەبانی لەسەر بەرھەم ساڵح بوو. دۆستایەتی و نزیکیی بەرھەم ساڵح لە لاھور شێخ جەنگی وایکرد لەسەرەتادا بەشێکی سەرکردە کەرکوکییەکان پاڵ بدەنە لای بافڵ تاڵەبانی و دواتریش بە بەڵێنی ئەوەی کە دەیکەنەوە بە سەرۆککۆمار، ئەویشیان لە لاھور دورخستەوە و لە ھەشتی تەمموزیشدا، بەیعەتی خۆی بۆ بافڵ تاڵەبانی دەربڕی! * سەرکردەکانی دیکەی یەکێتیش کە زۆربەی کات ھەردوو تەڕەفی شەڕەکەیان تاقیکردونەتەوە، بێدەنگییان ھەڵبژارد و ئەوەش رێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی بتوانن دەست بەسەر ھەموو دامەزراوەکانی ناو یەکێتیدا بگرن. * ئەوەی دەبیندرێ ئەوەیە کە بە ھەر فرتوفێڵێک بێت، یەکێتی لەو ھەڵبژاردنانە دەنگ دێنێ و کوڕانی تاڵەبانی تەپڵی سەرکەوتن لێدەدەن. رایدەگەنن کە بێ لاھوریش دەتوانن حزبەکە بە باشی بڕێوە ببەن. ھەر بۆیەش تەوقیتی کودتاکەیان بۆ پێش ھەڵبژاردنەکان دانابوو، دوای ھەڵبژاردنەکان ئەوەیان پێ نەدەکرا. ھەموو بەرنامە و بەزمەکەیان بە لاھور کرد و خۆیان چونە سەر حازری. * ئەگەرچی کوڕانی تاڵەبانی بەڵێنیان بە بەرھەم ساڵح داوە ببێتەوە بە سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام بە دڵنییایەوە قەت بەرژەووندییەکانی خۆیان لەگەڵ پارتیدا، وەک چۆن بە ئامۆزاکەیان نەگۆڕییەوە، بە بەرھەم ساڵحیشی ناگۆڕنەوە. بۆیە بەڕەکەیان بە جارێک لە ژێر پێی ھەردووکیان راکێشاوە. * سیناریۆی زۆر چاوەڕوانکراو ئەوەیە کە دوای ھەڵبژاردنەکان، پارتی داوای پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بکات لە بەغدا. بە تایبەتیش کە لە مانگی چواری ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی ئەوەی رەت نەکردەوە کە ئەگەر داوای لێ بکرێت ئەو پۆستە قەبوڵ نەکات و تەنانەت بە"شەرەفێکی گەورە"ش وەسفی کرد. لەم حاڵەتەدا، نە بەرھەم ساڵح شانسی دەمێنێ و نە یەکێتیش ئەو شەڕەی ٢٠١٨ لەگەڵ پارتیدا دەکات. بۆیە ئەم گۆڕانکارییە کە یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی ھەشتی تەمموز، دیزاینێکی سیاسیی نوێش لە کوردستاندا، بە دوای خۆیدا دێنێ و دوور نییە یەکێک لە کوڕانی تاڵەبانیش ببێتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.  


د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا- رۆژانه‌ تایبه‌ت له‌ (دره‌و) ده‌ینوسێت   *ئینسانی ئەم دەوروزەمانەیە هەر کە زانی  بایەخی پێ دەدەیت تڕی زل دەبێت . *بەقاڵ هەر کە زانی تەماشای ناکەیت چوار تەماتەی خراپت بۆ تێکەڵ دەکات. *بەلەدێ هەر کە زانی وەختی ئینتیخاباتە شۆستەکان بۆیاخ دەکاتەوە. *قەدەر کە زانی میللەتێک هیچی لە باردا نییە بە پەڕلەمان کەری ئەکات. *قەواعیدی عەرەبی هەر کە زانی کوردیت دەست لە موزەکەر و موئەنەس ئەشوات. *میکرۆفۆنەکە هەر کە زانی قسەکەرەکە دکتۆر وانێکە دوو دەنک پاراسیتۆڵ قووت ئەدات. *خاڵم  هەر کە زانی پەیامنێرەکە هی کوردستان بیست و چوارە دەست ئەکات بە زەمی ڕووداو. *ڕیخۆڵە  هەر کەزانی ژەمەکەی ناو مەعیدە  قاورمەی نۆکە وەکو مار پێچ ئەخوات. *جادە هەر کە زانی ئەبێ بە دوو ساید ئەوەڵ شت بەنزییخانەیەک قوت ئەکاتەوە. *حیزبی عەلمانی هەر کە زانی بۆی دەست نادات بای ئەداتەوە بەلای شێخ و عەشرەتدا. *یەکێتی هەر کە زانی موشکیلەکەی خەریکە حەل ئەبێ نیشانە لە موشکیلەیەکی تر ئەگرێتەوە. *کاکم هەر کەزانی ئاوەکە لێڵە ئەڵێ من بکەن بە سکرتێر.


عادل باخەوان لە دیدارێکی درێژم لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسیدا، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە، دە هەزار کارەکتەرە، بە وردی گەڕاومەتەوە سەر هەڵەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەو کارەساتە گەورەیەی کە چاوەڕوانی ئێمەی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاستدەکات و هەوڵدەدەم لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورتەکەی بخەمە بەردەست خوێنەران. 1. پاش بیست ساڵ لە کارەساتی ١١ی سێپتەمبەر، پاش خەرجکردنی دوو هەزار ملیار دۆلار، ئێمە لەبەردەم دوو فاکتداین، یەکەمیان بریتیە لە گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات و دووهەمیشیان بریتیە لە دروخستنەوەی نەهزە لە دەسەڵات. 2. بزوتنەوەی تالیبان، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابوردودا هەموو کەرەسەکانی تیرۆریزمی وەک چەکی ملاملانێ لەبەرامبەر ڕۆژئاوادا بەگشتی و ئەمەریکادا بەتایبەتی بەکارهێناوە و هەروەها ڕۆژئاوا هەموو تواناکانی خستوەتە کار بۆ ئەوەی لە بیست ساڵی ڕابوردودا ئێمە قەناعەت پێبکات کە تالیبان هیچ نیە بزوتنەوەیەکی تیرۆریست نەبێت. 3. بزوتنەوەی نەهزە لە تونس، لە ٢٠١١ وە لە تونسدا ئامادەیە و بە گۆشت و ئێسقانەوە تێکەڵ بە کێلگەی سیاسی بووە و بەشداری هەموو پرۆسێسە دێمۆکراتیەکانی کردوە. ڕاستە نەهزە بزوتنەوەیەکی موحافزکارە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئەوروپا لێوانڵوە لە بزوتنەوەی موحافزکاری مەسیحی و هەموشیان دانیانپیادانراوە و لە چەندین وڵاتیش دەسەلاتیان گرتوەتە دەست و وەک دیاردەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. 4. بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، نەهزە کەسێکی نەکوشتوە، کەسێکی زیندان نەکردوە، کەسێکی بە بارمتە نەگرتوە، کەسێکی نەفڕاندوە، سەری کەسێکی نەبڕیوە و ئەورپیەکیان نەکوشتوە، بەڵام تالیبان هەموو ئەوانەیان کردوە وسەدان ئەمەریکیان کوشتوە. نەهزە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانی گرتە بەر، بەڵام تالیبان ڕێگای چەک. 5. لەنێوان ئەم دوو مۆدێلەدا، نەک هەر لە تونس و ئەفغانستان، بەڵکو لە چەندین وڵاتی وەک میسر و لیبیا و وردە وردەش سوریای ئەسەد، ڕۆژئاوا بڕیاری خۆی داوە : تالیبان لەبری نەهزە، هەیبەتوڵا لەبری غەنوشی، جیهاد لەبری دێمۆکراسی ! 6. من پێموایە لەسەر ئاستی دوورە مەودا، ڕۆژئاوا هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژی دەکات، هەڵەیەک کە دواتر نەک هەر بەتەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو تەواوی جیهان بە ڕۆژئاواشەوە، باجەکەی زۆر زۆر بە قورسی و بەگرانی دەدات.  7. لەڕێگای ئەم ستراتیژیەتە هەڵەیەوە، ڕۆژئاوا بە ناڕاستەوخۆ، بەو سەدان ملیۆن ڕۆژهەڵاتیە دەڵێت : بۆ ئەوەی بونی خۆتان بسلەمێنن، بۆ ئەوەی ببینرێن، بۆ ئەوەی گوێتان لێبگیرێت، بۆ ئەوەی لە نێو مێژوودا پێگەیەکتان هەبێت، دێمۆکراسی باشترین بژاردە نیە، مۆدێلی غەنووشی باشترین مۆدێل نیە، بەڵکو باشترین بژاردە جیهادە و مۆدێلی هەیبەتوڵا باشترین مۆدێلە. 8. واتە ڕۆژئاوا بەناڕاستەوخۆ، هانی  نەوەی نوێی ئێمە دەدات بۆ گرتنە بەری ڕێگای زەبرودەنگی ڕادیکاڵ وەک تاکە بژاردەی ئامادە بۆ بوون  و هەبوون لە نێو مێژووی بەشەریەتدا. بۆیە هەروەک بەڕۆژنامەی لۆمۆندم گوت : با هیچ گومانمان لەوەنەبێت کە لە سبەینێیەکی نزیکدا، چەندین ١١ ی سێپتەمبەری دیکە لە پاریس و لەندەن و بەریلین و واشنتۆن و بەغداد و هەولێر و قاهیرە ببینین. 9. بەداخەوەم بیست ساڵ دوای ١١ی سێپتەمبەر، ئێمە هیچ وانەیەکی گرنگمان وەرنەگرت، بەداخەوە سبەینێ لە دوێنێ جوانتر نابێت.


مه‌جید ساڵح   محمدئەمین زەکی‌بەگ، جگە لەوەی مێژوونووسێکی بەناوبانگ بوو، ساڵانی 1925 تا 1929 دووجار بۆتە وەزیر لە کابینەکانی حکوومەتی عێراق‌دا؛ جارێک وەزیری ئاوەدان‌کردنەوە و جارێکیش وەزیری پەروەردە. لە چەندین خولی پەرلەمانیش‌دا نوێنەری خەڵکی سلێمانی بووە تاکوو ساڵی 1937... لە هەر دوو ئەرکەکەی‌دا بە هەموو توانایەوە خزمەتی کوردستان و شاری سلێمانیی کردووە و هیچ جارێکیش منەتی بەسەر خەڵک‌دا نەکردووە و داواشی نەکردووە سلێمانی بخرێتە سەر بەغدا، بەڵکوو هەمیشە داوای کردووە سلێمانی و کەرکووک و هەولێر بکرێنە ئیدارەیەک بۆ کوردستان و دهۆکیش، کە ئەو کات سەر بە مووسڵ بوو، بکرێتە پارێزگا و بخرێتە سەر ئەو ئیدارە سەربەخۆیە... د وای تەواو بوونی ئەرکەکانی لە حکوومەت و پەرلەمان، لە دوو نامیلکەی "محاسبەی نیابەت" و "دوو تەقالای بێ‌سوود"دا هەموو کار و چالاکییەکانی خۆی چی وەک وەزیر و چی وەک پەرلەمانتار خستۆتەڕوو و بێ‌باکانە داوای کردووە محاسەبەی بکەن گەر کەم‌وکووڕییەکی هەبووە... ئەو کۆچی‌دوایی کرد و چی لە دەست هات بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەکەی کردی و ئێستاش ناوی هەر بە زیندوویی ماوەتەوەم و گەشەدارە... لەگەڵ محەمەدئەمین زەکی‌بەگ‌دا چەندین کەسی دیکە بوون بە وەزیر و پەرلەمانتار، بەڵام هەندێکیان لێ‌دەرچێ ئەگینا ئەوانی دیکە پۆستەکانیان بۆ پڕکردنی گیرفانەکانیان بوو، نەک بۆ خزمەتی وڵاتەکەیان... لە دوای ڕووخانی سەددامیش دەیان کەس بە نوێنەرایەتیی کورد بوون بە سەرکۆمار و وەزیر و پەرلەمانتار و مودیرعام و... بەڵام چەند کەسێکی کەمیان نەبێ ئەگینا زۆربەیان جگە لە پڕکردنی گیرفانەکانیان هیچ خێرێکیان بۆ کورد و کوردستانەکەیان نەبووە... بۆیە کاتی موحاسەبەیە، بۆ ئەوەی ئەمانەی ئێستا دەچن با وەک محەمەدئەمین زەکی‌بەگ بن، نەک وەک ئەوانەی تەنها لە لاپەڕە رەشەکانی مێژوودا ناویان تۆمار دەکرێ... هیوادارم هەموو کوردێک ئەو دوو نامیلکەیەی زەکی‌بەگ بخوێنێتەوە... بەتایبەت کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنە...


د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا- رۆژانه‌ تایبه‌ت له‌ (دره‌و) ده‌ینوسێت *ناشیرینی ئەوەی باشە كە ئەگەر یەكێ چاكەی لەگەڵدا كردیت ئەزانیت قەصدی شەریفە *حسابی ئەسپیشیان بۆ بكردینایە ، دەمێك بوو گوللەیەكی بەزەییان نابو بە تەختی ناوچەوانمانەوە.  *خۆزگە مەسئول وەكو سومعە بوایە ، كە ڕۆیشت نەهاتایەتەوە. *لە ناو حكومەتی عێراقدا  وەزیری شیعە دیناری كوەیتی یە و وەزیری كورد و سوننی دیناری بریمەرن. *زەرەنگەر لە سیاسی ئەچێ، هەتا زمانی لووستر بێ قۆڵبڕترە. *زۆر ئیحراجە بۆت نووسیبێ گیان و یائەكەت تایپ نەكردبێ. *ئافەرم كورد ، لە ژێرزەمینەكەی هەرەمی (مازڵۆ) شدا كرێچی بێت كە لێت پرسی چۆنیت ئەڵێ زۆر باشم. *-بەچی دەستت وا ڕەش بووە هەڤاڵ؟  +لاپەڕەكانی  میژووم  هەڵدایەوە قوربان.  *ئەگەر پەڕلەمانتاری خانەنشین بەسەرمایە حساب بكرانایە ، ئێستا تڕی قەتەرمان بڕیبوو. *-كەری تەواو كێ یە؟ + ئەو بێ دینەیە كە بڕوای بە قاوەگرتنەوە هەیە.  


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج  شار چیه‌  ئه‌مه‌ بابه‌تێكی درێژه‌و له‌ بنه‌ڕه‌تا ئاماده‌ كراوه‌ بۆ گۆڤارێك ، به‌ڵام به‌ گرنگم زانی كورته‌یه‌كی بكه‌مه‌ وڵامی بابایه‌كی نوێنه‌ر كه‌ پێی وایه‌ شار به‌س ته‌لارو جامخانه‌و شه‌قام و شته‌ ڕووكه‌شیه‌كانه‌ و به‌وانه‌ش ناواخنی شار ده‌شاردرێته‌وه‌ ، بێئاگا له‌وه‌ی شار خه‌ڵكه‌، بیركردنه‌وه‌یه‌ ، هونه‌رو ئه‌فراندن و ئه‌ده‌ب و كه‌لتورو زۆر شتی دیكه‌یه‌ ، له‌ شاردا بوونی هه‌زاران ته‌لارو مۆڵ بۆشای سینه‌ماو شانۆ پڕناكاته‌وه‌ ، شار بریتی نیه‌ له‌ داپۆشینی ناشرینی ده‌سه‌ڵات به‌ ته‌لارو ڤێللا و شه‌قام ، شار بریتیه‌ له‌ ئاستی هۆشیاری خه‌ڵك ، بوێری ، چۆنێتی بڕیاردان ، بوونی ڕای گشتی ، بوونی جیاوازی . ته‌لارو ڤێللاو مۆڵ بریتین له‌ قوڵكردنه‌وه‌ی جیاوازی چینایه‌تی ئه‌گه‌ر دادگه‌ری و دادخوازی نه‌بێت ، هه‌ندێك جار ته‌لارو ڤێللاكان شار له‌ شاری ده‌خه‌ن ، چونكه‌ جوانیه‌كانی ، سیما راستیه‌كه‌ی ، ئاسمانه‌كه‌ی و مرۆڤه‌كانی ده‌شارنه‌وه‌ ، له‌ شاری زه‌به‌لاح به‌ ته‌لارو ڤێللا مرۆڤ هه‌ست به‌ ونبونێكی سه‌یر ده‌كات ، هه‌ر بۆخۆی به‌رده‌وام راكردنی خه‌ڵك له‌ چه‌قی شاره‌ گه‌وره‌كان بۆ نێو ده‌شت و ده‌رو سه‌وزای راكردنه‌ بۆ خۆ دۆزینه‌وه‌ ، چونكه‌ مرۆڤ ئیتر له‌ نێو ئه‌و هه‌موو بلۆك و چه‌مه‌نتۆو شوشه‌و شیش و ئاسنه‌دا ون بووه‌ . له‌ شاردا ده‌بێت مرۆڤی به‌رپرسیارو خۆخاوه‌ن دروست بن ، نه‌ك مرۆڤی ترسنۆك و هیچ نه‌گۆ ، ئه‌گه‌ر پێمان وابێت شاربوون جاده‌و ته‌لاره‌و ده‌ستبه‌رده‌ین له‌ به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ سیستمێكی بیژی زیاتر هیچ به‌رهه‌م ناهێنین ، سی ساڵه‌ له‌وه‌ گه‌ڕاوین چتور مرۆڤێك دروستبكه‌ین و شانازی به‌ جاده‌و ته‌لاره‌وه‌ ده‌كه‌ین ، جاده‌و ته‌لاریش وه‌ك موڵكی تایبه‌تی ده‌ركه‌وتون نه‌ك موڵكی گشتی ، ته‌نانه‌ت جاده‌ هه‌یه‌ به‌ ناوی خه‌ڵكه‌وه‌ نراوه‌ ، یانی تایبه‌ت بۆ فڵانكراوه‌ ، شانازیه‌كی گه‌وجانه‌یه‌ پێت وابێت سرینه‌وه‌ی سیما كلتوری و به‌هاداره‌كانی شارو قوتكردنه‌وه‌ی ڤێللایه‌ك نیشانه‌ی پێشكه‌وتنه‌ ، له‌ شارێكی وه‌ك كه‌ركوكا هه‌موو مزگه‌وته‌ تازه‌كان به‌رتاقای مناره‌ نه‌خشینه‌ چێژ نابه‌خشنه‌ چاوی مرۆڤ ، هه‌موو مۆڵ و ته‌لاره‌كان بۆشای حه‌مام عه‌لی به‌گ پڕناكه‌نه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ ئاخ كێشان نیه‌ بۆ رابردوو ، ئه‌مه‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌ ته‌ك بون و گه‌شه‌كردنی ئاوه‌زا ، به‌ جۆرێكی تر وه‌ك یه‌كی و هاوئاستی مرۆڤه‌كان له‌ دۆخی پێشترا به‌و جۆره‌ تێكنه‌چووه‌ ، كه‌ دواتر تێكده‌چێت . شار له‌ شێواندنی سیمادا هه‌ر په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ تێكدانی حه‌زی دانیشتوانه‌وه‌ ، په‌یوه‌سته‌ به‌ بینینی مرۆڤیشه‌وه‌ ، ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كرێ‌ فراوانتر قسه‌ی له‌ سه‌ر بكرێت ، ناكرێت پێت وابێت شار ته‌لارو ڤێللاو شه‌قامی پان و پۆڕه‌و خه‌ڵكیش نه‌توانێ‌ جیاواز بێت ، باشترین شار ئه‌و شاره‌یه‌ كه‌ زۆرترین كتێبخانه‌و سینه‌ماو بیركه‌ره‌وه‌و خۆخاوه‌نی تیایه‌ ، نه‌ك زیندان و كۆت و به‌ند و وێنه‌ی سه‌رۆك و سه‌رداری وڵات با دیكتاتۆریش بێت ، ئه‌سته‌نبوڵ هه‌زار ساڵه‌ شاره‌ به‌ڵام هێشتا لیپه‌ له‌ كه‌م و كوڕی ، هه‌ر نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سێبه‌ری ئه‌تاتورك به‌ سه‌ر سه‌ریه‌وه‌یه‌تی .


  د. سەیران ئەحمەد     هەڵبژاردن وەك پرۆسەیەكی دیموكراسی و مافێكی ڕەها و یاسایی هاووڵاتیانە كە لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت گەورەترین گۆڕانكاری لەناو سیستەمە دیموكراتیەكاندا دروست دەكات. بەڵام ئەوەی لە واقعی تاقیكردنەوەی میللەتانی دنیادا دەركەوتووە، كە لە سیستەمە نادیموکراتیەكاندا بە تایبەتی لە ووڵاتانی جیهانی سێیەم و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا  هەڵبژاردن بۆ چەسپاندنی گەندەڵی و پەرەپێدانی سیستەمە ستەمكاریەكانە. هەرچەندە هەڵبژاردن لەم ووڵاتانەدا هەرگیز بەشێوازێكی خاوێن بەبێ ساختەكردن بەڕێوە ناچێت، بەڵام هەموو دەستە و گروپەكان لەناو دەسەڵات بن یان دەرەوەی دەسەڵات بە بەكارهێنانی دروشمی دڵسۆزی بۆ نیشتمان و پاراستن و چەسپاندنی ئایین وە بەڵێن و درۆی فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری هەموو جارێك بڕوا بە خەڵکی سادە و بەرژەوەندیخواز و لایەنگرانی خۆیان دەكەن.  لە ئێستادا ( لەعێراق و هەرێمی كوردستاندا) هەڵبژاردن نە لە پێناوی دەستكەوتی نیشتمانیە ، نە بۆ بەرگری كردنە لە مافەكانی كورد لە بەغدایە، نە بۆ پارێزگاری و بەر‌گری كردنە لە مافی هاووڵاتیان، بەڵكو لە پێناو بە سیستەم كردن و باڵادەستی سیستەمی بنەماڵەیی و تایەفەگەری و بەش بەشێنەی میراتگری سیاسی بۆ كوڕ وكچی سەركردەو  بەرپرس و دۆست و بازرگانە دەست ڕۆێشتوەكانیانە.    لەكاتێكدا ئەركی پەرلەمان و پەرلەمانداران لە دەزگایەكی شەرعی  یاسادانانەوە بوە بە بارەگای حیزبی بۆ شەرعیەتدان تەنها بە بەرنامە و ستراتیجیەتی كاری حیزبە باڵادەستەكان وە ساغكردنەوەی پلان و بەرژەوەندییەكانیان بووە، وە هەندێك جاریش دەكرێت بە هۆڵی یاد وبۆنەكان بۆ ئاهەنگ گێڕانی حیزبی. وە ئەگەر جاربەجاریش سیناریۆی شەڕەجنێو بوتڵ گرتنە یەكتری لە نێوان گروپ و دەستە جیاوازەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا ڕوویاندابێت، بەڵام ئەم پاڵەوانێتیە ئەو پەرلەماندارە سەرسەخت و شەڕكەرانەی ناو پەرلەمان، دوای كۆتایی هاتنی ماوەی خولەكانیان، بە دەرچونی فەرمانی خانەنشینیەكانیان لە پێناو پاراستنی مووچە زەبەلاح و بەرژەوەندیی كۆمپانیاو ڕێكخراو و بازرگانیەكانیاندا ئامادە نین نە دڵی دەسەڵات و نە هاوڕێ سیاسیەكانی شەوانەی كۆڕو كۆبوونەوەكانیان لەناو حیزب و دەسەڵاتدا دڵگران بكەن، بە ڕێكەوت نە بێت نە ڕستەیەك، نە پەیامێك نە هەڵوێستێكیان لێ نابیسرێت ؟ لەبەرئەوە هەڵبژاردن هیچ گۆڕانكارییەك نە لە بەرنامە و نە لە سیاسەتی هەرێمی كوردستان و عێراقدا دروست ناكات جگە لە دەوڵەمەند كردنی كۆمەڵێك كەسانی تر و زیاد كردنی بارگرانیەكی تر بۆ بودجەی هەرێم و عێراق، هەروەها بۆ یەكلاكردنەوەی سەفەقاتی سیاسی بەخشینەوەی تاپۆی پۆستەكانە بەشێوازی موڵکدارێتی لە نێوان باڵ و دەستەی سەركردایەتی حیزبەكاندایە، وە هەرجارێك لە هەموو خولەكاندا بە مەبەست هێنانە پێشەوەی ژمارەیەكی دیاریكراو لە كوڕ و كچی شەهید تەنها بۆ دەم كوتی كردن و موزایەدەی سیاسیە بۆ كۆكردنەوەی زیاتری دەنگەكانە. پرسیارەكە ئەوەیە لەو سوپا خانەنشینكراوانەی لە یاسا ناس و پزیشك و ئەندازیارو ڕۆشنبیر و لە مامۆستای زانكۆ بۆ مامۆستای سەرەتایی، لە بێژەر و كاسبكار بۆ خاوەن بڕوانامەی سەرەتایی....هتد، بۆ تا ئێستا كەسێكی تێدا نەبووە یان ئیرادەیەكی ڕاستەقینە نەبووە كە  پرۆژەیەكی گشتگیری بۆ چاكسازی  لە ماوەی ٣٠ ساڵە پێشكەش بكەن بۆ دژایەتی كردن و نەهێشتنی خانەنشینی پەرلەماندارو وەزیر و پلە باڵا ناشەرعیەكان بێت؟ بەڵكوبە پێچەوانەوە سەندیكا بۆ پارێزگاری لە مافەكانیان دروست دەكەن؟ وە ئەمەش گەورەترین هۆكارە بۆ بەردەوام بوونی گەندەڵی و شەرعیەت پێدانی.   چونكە دەگمەنە پەرلەماندار و وەزیری خانەنشین هەبن كە تەنها خاوەنی یەك مووچە بن، بەڵکو زۆرینەیان خاوەنی  دوو مووچە یان سەرچاوەی دارایی ترن،  خاوەنی كۆمپانیای سەربەخۆ یان پشكن یان خاوەن پۆستن لە كۆمپانیای حیزبدا، یاخود لە دەستەو دامەزرێنەری جۆرەها ڕێكخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتین، یان بازرگان و وەبەرهێنەرن یان خاوەن بزنسی سەربەخۆی خۆیانن، یان لە زانكۆ و دامەزراوە حكومی و ئەهلیەكان خاوەن پۆست یان ڕاوێژكارن وە زۆربەیان ژیان و گوزەرانیانیان لە ئەوروپایە، ئیتر بۆ بیانەوێت گۆڕانكاری لەم بارودۆخەدا بكرێت، كە تیایەتی بەبێ بڕوانامە و بەبێ خزمەتی ڕاستەقینە لە فەرمانگەی حكومیدا لە یەكەم خولی پەرلەمانەوە تا ئێستا مووچە وەردەگرن ؟  گەر هەڵبژاردن لە پێناوی پارە و مسۆگەر كردنی خانەنشینی بە چوار ساڵ نەبوایە ، گەر بۆ پەرلەماندار دابینكردنی پاسەوان و زەوی و شوققە وەرگرتنی تێدا نەبوایە، گەر سەفەرو گەشت وگوزاری ئەوروپا تێدا نەدەبوو، گەر دامەزراندنی و دۆزینەوی كار بۆ كەسوكارو چواردەورەكەی تێدا نەدەبوو؟ ڕەنگە بە پاڕانەوە و بە زۆرەملێ  حیزبەكان كەسیان بۆ نەدەبرایە پەرلەمانەوە، تەنها ئەو كەسانە نەبوایە كە خۆیان بڕوا و حەزیان بە سیاسەت وگرنگی بەو بوارە دەدەن؟ لە كاتێكدا سیاسەت جگە لە بازرگانیەكی مەترسیدار كە لە هەموو پرەنسیب و بەهایەكی ئەخلاقی داماڵراوە، ئەگەر گۆڕانكاری لەسەر بنەما و ئامانجی هەڵبژاردنەكاندا نەكرێت، نە لە ئێستا و نە لە داهاتودا هەڵبژاردنەكانی داهاتوو پچوكترین گۆڕانكاری دروست ناكەن نە لە بارودۆخی عیراقدا وە نە لە هەرێمی كوردستاندا. پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كەی هەڵبژاردن سوودی دەبێت. ئەمە ئەو خەونەیە ڕەنگە نەوەكانی داهاتوش بە چاوی خۆیان نەیبینن؟ کاتێك ڕوو دەدات كە سیاسەت لە بازرگانی جیادە‌كرێتەوە، ئەخلاق بۆ سیاسەت دەگەڕێنرێتەوە؟ وە چاكسازی و گۆڕانكاری ئەوە نیە كە مووچەی پەرلەمانداران و پلە نا شەرعیەكان خاتریان بگرن كەمێك بۆیان كەم بكرێتەوە. بەڵکو تاوانە لەم ووڵاتانە بەرامبەر بە چوار ساڵ مووچەی ئەبەدی بەو بڕە زۆرەوە خانەنشین بكرێن. گەر ئەوان مەبەستیان خزمەت كردن بێت با بەمووچەی پیشەی ڕاستەقینەی خۆیان وە بەپێی ساڵی خزمەتكردنیان  خانەنشین بكرێن، وە ئەگەر لە تەمەنی خانەنشیندا نەبن پێویستە بگەڕێننەوە بۆ سەركارەكانی پێشوویان، وە ئەوانەی نە خزمەت و نە شەهادەیان هەیە پێویستە مووچەیەكی ڕەمزی وەك سۆشیالیان پێ بدرێتێ، چونكە ئەوانە بە قسەی خۆیان كوردایەتی و خزمەتیان كردوە  نەك بۆ دەستكەوت و بازرگانی هاتبن.  هەموو كاندیدەكانیش لە كۆن و لە ئێستادا ئەم ڕاستیە زۆر چاك دەزانن، بەڵام كە دێتە سەر زامنكردنی دەستكەوت و بەرژەوەندی خۆیان، هەموو لەم ڕاستیە غافڵ دەبن. چونكە بە نەهێشتنی ئەو جۆرە لە ئیمتیازات و بەرژەوەندیانە ، یەكەم هەنگاوی ڕاستەقینە دەبێت لە تیك شکاندنی یەكەم پایەی گەندەڵیدا، وە گەڕانەوەی حورمەت بۆ سیاسەت، وە وەرچەرخاندنێكی گەورە دەبێت لە گۆڕینی ئاڕاستەی خۆدەوڵەمەندكردن  وسوود وەرگرتن بە ڕووكردنە پەرلەمان و بوون بە پەرلەماندار.  


د. ئیسماعیل شەمس یەكێك لە هۆكارە گشتییەكانی بەدبەخت بوونی كوردەكان، تۆڵەی دەوڵەتە خاچدروشمە دۆڕاوەكان لە شەڕی دژ بە سەڵاحەدینی ئەیوبی بوو كە دواتر و پاش هەوڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی و یەكێتی سۆڤییەت، ئامادە نەبوون بستێك خاك بە كورد بدەن بۆ ئەوەی وڵاتێكی سەربەخۆیان هەبێت. گەورەترین هەڵەی سەڵاحەدین ئەوە بوو كە گرنگی بە كوردبوونی نەدا و ئایین بۆ ئەو گرنگی یەكەم و كۆتایی هەبوو، ئەگینا دەیتوانی لە كەمترین حاڵەتدا، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بە كوردستان ناوی بنێت وەك سوڵتانەكانی تر، بەڵام بەدبەختی ئێمە ئەوەیە كە هەموو كاتێك "لە دایە مێهربانتر" بووین.  هیچ كەسێك گومانی لەوەدا نییە كە سەڵاحەدین هاوشێوەی فەرمانڕەواكانی تری مێژوو هەڵەی نەبووبێت؛ بەڵام وڵامی ئەم پرسیارە لەبەر دوو هۆكار نەخێرە؛ یەكەم، گەورەترین شكستی ڕۆژئاوا لە موسڵمانەكان، نەك لە شەڕی خاچ دروشمەكان، بەڵكو لە شەڕی مەلازگرد ڕوویدا كاتێك ئەمپراتۆری ڕۆمیی رۆژهەڵات (بێزەنتییەكان) لە لایەن ئاڵپ ئەرسەلان، فەرمانڕەوای توركانی سەلجوقی، بە بارمتە گیرا و دواتر لەناوچوونی ئەم ئەمپراتۆرییەتە و كەوتنی قەستەنتەنییە (ئیستەمبول) بە دەست سوڵتان محەمەدی فاتیح ڕووی دا. سوڵتان محەمەد كۆتایی بە چەندین سەدە دەسەڵاتداری ڕاستەوخۆی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵات هێنا و زەمینەی بۆ پێشڕەوی موسڵمانەكان لە ناو دڵی ئەوروپا كردەوە. لە پاش ئەوە توركەكان، نەك تەنیا ڕۆژئاواییەكانیان لە جیهانی ئیسلام كردە دەرەوە، بەڵكو خۆیان تا نەمسا و هەنگاریا چوونەپێشەوە و ئاڵای دەوڵەتی عوسمانیان لە دڵی ئەوروپا هەڵدا و ئیسلامیان تا ئەو شوێنە بڵاوكردەوە. بێ گومان، هیچ قەومێك بەدرێژایی مێژوو هێندەی توركانی موسڵمان زیانیان بە عیززەت و دەسەڵاتی ئەوروپا نەگەیاندووە، سووكایەتی بە ڕۆژئاواییەكان نەكردووە و ئەفسانەی ئەوروپای بەهێزیان نەخستووەتەوە ئاڵنگارییەوە. ئەوەی كە سەڵاحەدین لە شەڕی خاچدروشمەكان ئەنجامی دا، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمپراتۆری بێزەنتی یان بە بارمتەگرتنی ئەمپراتۆر و دەستبەسەراگرتنی گەورەترین شوێنگەی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵات بە شێوازی توركەكان نەبوو، بەڵكو ڕووبەڕووبوونەوەی فەڕمانڕەوا بەوەكالەتەكانی بێزەنتی و لایەنگرە خاچدروشمەكانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. سەرباری ئەمە لە شەڕی خاچدروشمەكانیش بۆ یەكەمین جار توركان لەگەڵ خاچدروشمەكان جەنگان و لە بنەڕەتدا ئەم شەڕانە، كاردانەوەی ڕۆژئاوا بوو بە شكستی بێزەنتی لە سەلجوقییەكان و تۆڵەسەندنەوەیان. سەڵاحەدین لە گۆڕەپانی شەڕی توركان لەگەڵ خاچدروشمەكان بە فەرماندەیی عەمادەدین زەنگی گەشەی كرد و لە پرۆسەیەكی ئاسایی بووە جێنشینی لە قەڵەمرەوە سنوورییەكان لەگەڵ ڕۆمدا.  هۆكاری دووەم كە لەم بابەتەدا لەبەرچاو نەگیراوە، ئاوەژووكردنی مێژوو و خستنەملی هەموو كەموكوڕییەكانە لەسەر ڕۆژئاوا. وەك ئەوەی بڵێی بەهیچ شێوەیەك ڕۆژهەڵاتێك و ڕووسیایەك لە ئارادا نەبووە. ئەم وتەیە بە مانای بێبەریكردنی ڕۆژئاوا و بە تایبەت بریتانیا و فەڕەنسا نییە، بەڵام نابێت ڕۆڵی ڕووسەكان فەرامۆش بكرێت. لە ئیستادا بە بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە نوێیەكان دەركەوتوو كە گەورەترین دوژمن و بەربەستی سەربەخۆیی كوردستانی عوسمانی، ڕووسیا بووە نەك ڕۆژئاوا. ڕۆژئاوا بەپێچەوانەی ڕووسیا هیچ سنوورێكی هاوبەشی لەگەڵ كوردستان نەبووە. چەند بەشێكی ئیستای ڕووسیاش شوێنگەی كۆنترین دەوڵەتی كورد، واتا دەوڵەتی ڕەوادی و تەنانەت بنەماڵەی سەڵاحەدین بووە. سەرباری ئەمەش بە سەدان ساڵ پێشینەی شەڕی نێوان كورد و ڕووس بە تایبەتی لە دوایین ساڵی هەزارەی یەكەمی كۆچی بەدواوە بوونی هەبووە. ڕووسیا بە واژووكردنی پەیماننامەكان لەگەڵ ئەڵمانیا و ڕووسیا، ڕۆژئاوای پەلكێشی كوردستان كرد. ئەوەی چ كەسانێك ڕووسیا بێبەری دەكە لە ڕۆڵی لە بێبەشكردنی كورد بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی كورد لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی عوشمانی و ڕۆڵی نەرێنی رۆژئاوا بەرجەستە دەكەن و دواتر بە مەشروعییەتدان بە ڕۆژئاوا، سەڵاحەدین بە تۆمەتباری سەرەكی دادەنێن، بابەتێكی ترە كە پێویستە لەسەری بدوێین.   


د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا- رۆژانه‌ تایبه‌ت له‌ (دره‌و) ده‌ینوسێت بەئیجازەی قانع ئینتیخاباتە عەزیزم، مەوسیمی ئازادییە شینە وەعدی بۆرە پیاو و قڕقێنەی دوای ساردی یە جرت و فرتی سواڵی دەنگە، عەیبە باری کردووە نیچە ڕائەکاتە مزگەوت، سەی قوطب لە نادی یە دینەمۆیە کۆنە قین و جۆکەریش نەوعێ ترە ئەم حەلیفی موقتەدایەو ئەویان هی عەبادی یە هیچ بەر و پشتێ نەماوە، کاندید بۆتە دەنکە نیسک  زەرورەت ئەیکاتە فیدڵ، مەیلی لێ بێت غاندی یە سنعاتە قۆڕەکەی چینە ئەم بازاڕی عەورەتە تۆ زۆر بە ئەسڵی ئەزانیت، داخەکەم ئەو عادی یە نانخۆری ماڵی خەلیلەو جاسوسە لای کاک جەلیل خۆیت لێ ئەکاتە زریان، کەچی ناوی هادی یە فوو ئەکرێتە میزەڵان و تەجاوز تاپۆی ئەبێ کۆمیدیایەکی بێ تامە، ئەوەی لۆری و هاردی یە ئەو مارانگازەی لەخشەی ئەژیهاکە تێ نەگات بشگاتە لوتکەی هەندرێن، هەر لە قەعری وادی یە


كارزان سه‌باح هه‌ورامی  دوای رووداوه‌كانی 8ی ته‌مووزی ئه‌مساڵ كه‌ باوردۆخی ناوخۆی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانی گۆڕی، پارتیشی خستوه‌ته‌به‌رده‌م چه‌ند ئه‌گه‌رێكه‌وه‌، یه‌كێتی بڕیاری خۆ نوێ كردنه‌وه‌ی داوه‌، پارتیش پێده‌چێت بڕیاری خۆئاماده‌كردنی دابێت، هیوای پارتی به‌یه‌كێتی تازه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می مام جه‌لال، چونكه‌ تا هاوكێشه‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، ئاسته‌مه‌ شیمانه‌یه‌ بۆ داهاتووی ئه‌و حزبه‌بكرێت، به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێكدا قۆناغێكی سه‌خت له‌به‌رده‌م پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه‌، به‌وه‌ی چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نوێ ده‌كات؟. خودی یه‌كێتیش خۆی له‌وه‌ نه‌داوه‌ كه‌ دوای رووداوه‌كانی 8ی ته‌مووز راسته‌وخۆ (سه‌رۆكی نوێیان) له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببێته‌وه‌، و نه‌شیان توانیوه‌ دۆخی ناوخۆی خۆییان یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت به‌بێ كۆبوونه‌وه‌ تادوای هه‌ڵبژاردنه‌كان پارتی و یه‌كێتی ئاوا بڕۆن، دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش دۆخه‌كه‌ یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌، یه‌كێتی به‌دڵنیاییه‌وه‌ پلنیۆمی خۆی یان كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت، ئه‌و كاته‌ پارتی به‌رچاوی روون ده‌بێت كه‌ ئاراسته‌كه‌ به‌ره‌وكوێوه‌ ده‌ڕوات، له‌ كۆنگره‌ی رابردووی یه‌كێتی پارتی نه‌پیرۆزبایی كرد نه‌به‌دڵیشی بوو، به‌لای پارتییه‌وه‌ له‌ناو یه‌كێتی كوده‌تا كرا، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی هه‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌پارتی پێشبینی ده‌كرد (به‌شێكی زۆری مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێن كۆنگره‌ كوده‌تابوو)، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌به‌رده‌م یه‌كێتییه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بێ گومان ره‌نگ بێت ئه‌م جاره‌ نه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی 5 ساڵه‌ له‌به‌رانبه‌ر پارتی ده‌یكات، پێشووتر به‌هێزترین كارتی یه‌كێتی ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی پارتی، پشتیوانی و ته‌نسیق له‌گه‌ڵ كوتله‌كانی عێراق بكات، به‌تایبه‌ت (نووری مالیكی وه‌ك سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق و عه‌ممار حه‌كیم وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی و موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در) به‌ڵام پارتی ئه‌وكارته‌شی له‌به‌رده‌ستیان ده‌رهێنا، ئێستا لێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌نێوان پارتی و نووری مالیكی و عه‌بادی و سه‌درییه‌كان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ری به‌هێزیش هه‌یه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی دوای هه‌ڵبژاردن به‌به‌شداری پارتییه‌وه‌ (مسته‌فا كازمی و نووری مالیكی)یه‌كێكیان ببنه‌وه‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌م دۆخه‌كه‌ تازه‌یه‌ بۆ هه‌ردوولا قۆناغێكی سه‌خته‌، پارتی هه‌م ده‌بێت ئاماده‌كاری بكات بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق، هه‌م چاوه‌ران بكات یه‌كێتی به‌ره‌وكوێ هه‌نگاو ده‌نێت.  یه‌كێتی ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ببێته‌ شه‌ریكی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت وه‌ك حزب پشتیوانی ته‌واوی كاراكته‌ره‌كانی ناو حكوومه‌تی بكات،تێروانینێكی نوێی سیاسی له‌ كوردستان دروست بووه‌، به‌وه‌ی به‌هێزبوونی حزب و جه‌ماوه‌ری بوونی یه‌كسانه‌ به‌سه‌ركه‌وتنی ئیداره‌دان، یه‌كێتی نوێ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌ پارتی باشتربێت، ده‌بێت ئه‌و تێروانینه‌ی له‌سه‌ر خودی ئیداره‌دانی خۆیان هه‌بووه‌ له‌ سلێمانی به‌ته‌واوه‌تی هه‌ڵی وه‌شێنێته‌وه‌ و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی نوێی ئیداره‌دان بكات به‌تایبه‌ت له‌ سلێمانی، چونكه‌ زۆرینه‌ی ره‌خنه‌كان له‌سه‌ر شێوه‌ی ئیداره‌دانه‌ نه‌ك سیاسه‌ت. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بشیه‌وێت ئه‌م تێروانینه‌ چاك بكاته‌وه‌، ده‌بێت له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ پشتیوانی حكوومه‌ت كاری له‌سه‌ر بكات، نه‌ك له‌ سلێمانییه‌وه‌ بكه‌وێته‌ به‌ره‌ی دژه‌ حكوومه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌ش رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی بكاته‌وه‌، ده‌رچه‌ی یه‌كه‌م و كۆتایی یه‌كێتی، ته‌نیا مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ پارتی، ره‌نگ بێت گۆرانیش ته‌واو قه‌ناعه‌تی به‌وه‌ هاتبێت كه‌ شه‌ركردن و پێكنه‌هاتن له‌گه‌ڵ پارتی ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان بێت به‌ سفر. هاوكێشه‌یه‌كی نوێ هه‌یه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵی داگەری به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش دروست بكه‌ن بۆ گفتووگۆكردن له‌گه‌ڵ پارتی وه‌ك یه‌ك تیم به‌شدار بن له‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت، له‌به‌رانبه‌ردا پارتیش (به‌ وه‌ره‌قه‌یه‌كی نوێوه‌ وه‌ڵامی ئه‌و هاوكێشه‌ ده‌داته‌وه‌) چونكه‌ ئه‌م جاره‌ پارتی نایه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی تا دێگه‌ڵه‌ بروات!. هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌رن، به‌ڵام بۆ پارتی یه‌كێتی نوێ واته‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌ك تیم و یه‌ك سه‌ركرده‌، ئه‌مه‌ گرێكوێره‌كه‌یه‌ ئه‌گه‌ر خودی قۆناغه‌ نوێیه‌كه‌ی یه‌كێتی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی دایه‌وه‌ شتی نوێ دێته‌ ئاراوه‌. دواین كۆنگره‌ی رۆژنه‌ نووسی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر راشكاوانه‌ رۆڵی ئه‌مه‌ریكای له‌ داهاتووی كوردستان و عێراق خسته‌روو كه‌ پشتیوانی هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌ن و دڵنیایی دا له‌وه‌ی ناكشێنه‌وه‌، و به‌راوردی كوردستان و ئه‌فغانستانی به‌ نێوانی ئاسمان و رێسمان وه‌سفكردن، ئه‌م قسانه‌ بۆ داهاتووی ئیداره‌ی كوردستان دڵخۆشكه‌ره‌ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت باشتر هه‌نگاو بنێت بۆ داهاتوو، سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌یه‌ك به‌رنامه‌و تێروایننی هاوبه‌شه‌وه‌ ده‌توانن قۆناغه‌ ببنه‌ ئاستێكی زۆر باشه‌وه‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی تێرورانینی ئیداره‌دانی كوردستان ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای دروست بونیاد بنرێته‌وه‌ ئه‌مانه‌ قۆناغی نوێین پارتی و یه‌كێتی ده‌بێت باش خۆیان بۆ ئاماده‌ بكه‌ن ئه‌گه‌ر هاتاوو لایه‌نێكیش نه‌یتوانی ئه‌و تێروانینیه‌ دروست بكات ده‌بێت چاوه‌روانی ئه‌وه‌ بكات كه‌ ناتوانێت له‌گه‌ڵ گۆرانكاری قۆناغه‌كه‌ هه‌نگاو بنێت.


د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا- رۆژانه‌ تایبه‌ت له‌ (دره‌و) ده‌ینوسێت *باوکت کردویەتی کەچی تۆی داماو هەموو عومرت زەجرەکەی ئەکێشیت، ڕاپەڕینەکەی بەهاری نەوەدو یەک. * پارتی یە پارتی نییە کەیفی خۆیەتی مەهێڵە تێی بخات، دەست لە کاروباری ناوخۆت. *خۆتی لەگەڵدا هیلاک مەکە، وا سەرکوێر کراوە بەهیچ شتێ بەرز نابێتەوە، ورەی  جەماوەر.  * ئەمریکا بەتەمایە هەردووکیمان بۆ بکات بە یەکێ، هێزەکانی حەفتاو هەشتا.  *ئەزانی عەزەمەتەکەی لە چیدایە؟ خڕیشە و قڵیشیشی تیایە، تەماتەی کوردی.   * عەیب و شورەیی بە بەرچاوی ئەو عالەمەوە ئەردۆغان وەخت و ناوەخت بۆمان پێوە دەنێت، ساروخ بە قەندیلەوە.   *ئەڵێن گوایە دوو بەدوو خستویەتی یە دەستییەوە کە باسی دەوڵەتی كوردی نەکات.  * هەر بە سەريعییش پیا بخشێنێ خۆشە،  چاوی ئەڵێم، بۆئەوەی تێ بگات تەئریخی کورد یەکپارچە قوڕبەسەری و ڕاکەک بووە.   * ڕجات لێ ئەکەم دایمەپۆشە، بە ڕووتی جوانترە هەقیقەت.  *سەیری ئەو حوکمە بیشیدەم و بشڕۆمە ڕیزەوە،  ئاخر بۆیە ڕقم لە دیموکراسی و دەنگدانە.


ئارام سەعید لە هەرێمی کوردستاندا لەدوای راپەرینەوە بەردەوام نارەزایەتی هەبوەو هێزی ئۆپۆزیسیۆن هەبوە، میدیای ئازاد، رێکخراوی مەدەنی، بەڵام هیچ کات ئەو هێزانە نەبونەتە هەرەشەی جیدی بۆ دەسەڵات و کورسی نەلەرزاندون، بەدروستبونیی بزوتنەوەی گۆڕان جۆرێک لە ئۆپۆزیسیۆن سەریهەڵدا کە بەرنامەو پلانی هەبوو بۆ حوکمڕانیی و گۆڕینی دەسەڵات لەهەرێمدا، خەڵک بڕوای وابوو گۆڕانکاری دەکرێت! بەتایبەتی پاش هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ هێزە ئیسلامیەکاندا ترسی گەورە لای دەسەڵات دروست بوو لەسەر گۆڕانکاری، پێشتر ئەو نارەزایی و ئۆپۆزیسیۆنەی هەبوو ترسی لای دەسەڵات دروست نەکردبوو، وهەرەشە نەبوون بۆ کورسیەکانیان. ئۆپۆزیسیۆن کاتێک حەقیقیە کە هەرەشەی کرداری بێت بۆ کورسی دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن کیانێکە کە بەرنامەی هەیە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات هەربۆیە بەردەوام لە ململانێی و ناکۆکی بەردەوامدایە لەگەڵ دەسەڵات بۆ گۆرینی و گەیشتنی کیانەکەی خۆی بەدەسەڵات، پاش ئەوەی گۆڕان و هێزەکانی ترچونە ناو حکومەت هێشتا زۆرێک لەخەڵک ئومێدیان هەبوو کە قورساییەک دروست بکەن بۆ گۆرانکاری، بەڵام شکست و پاشەکشێی بەشداریان لە حکومەت ئاکامی خراپی لێکەوتەوە، دواتر کشانەوەیان لە حکومەت یەکجارەکی نەبوو، لە حکومەت کشایەوەو لە دەسەڵاتی خۆجێی مایەوە، بەمەش نەریتێکی دروستکرد کە نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزیسیۆنە، دواتر ئەم سیاسەتە بوە ستراتیژێک حزبەکانی تری ئۆپۆزیسیۆن واتە ئیسلامیەکانیش بەهەمان شێوە کاریان کردو ئیتر مانایەک بۆ ئۆپۆزیسیۆن بوون نەمایەوە. نەریتێک دروستبوو لە شار پارێزگارو قائمقام و بەرێوەبەری ناحیە بن و لە پارلەمان ئۆپۆزیسیۆن. ئەو بانگەشەیەی دەیانکرد کە گوایە ئۆپۆزیسیۆنن و نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن جێی بڕوا نەماو بوە وەهم، لەبەرئەوەی بوون بە ئۆپۆزیسیۆنێکی بێ ددان- Tame Opposition ئۆپۆزیسیۆنی رامکراو- کە ئیتر بەشێک نین لەبڕیاردان و پێویستیان بەحزبەکانی دەسەڵاتە بۆ دابینکردنی داراییان، هەروەها بۆ شەرعیەتی سیاسیان چونکە مۆڵەتیان بەدەست حزبەکانی دەسەڵاتەو کەی بیانەوێت لەرووی قەزاییەوە تەنگیان پێ هەڵدەچنن، کەواتە دەبێت یەکەم شت کە بیکەن ئەوەیە حزبەکانی دەسەڵات و سەرۆکەکانیان لێیان رازی بن تا و جودیان یاسایی بێت. هەربۆیە لەو بازنەیەدا ئەسوڕینەوە کە دەسەڵات بۆیان دەستنیشان دەکات، ئەندامەکانیان لە پارلەمان هەموو پاداشتێکیان وەردەگرن، وەزیرەکانیان هەموو ئیمتیازێکیان هەیە بەڵام دەسەڵاتیان نادرێتێ! ئەوکاتەش ململانێکە لەجیاتی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات بێت لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە دەبێتە پاشکۆیەتی بۆ دەسەڵات... چونکە کێبڕکێ ناکەن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات بەڵکو وەک زارتمان وەسفی دەکات "دەبنە هاوکاری ستەمکار نەک هەڕەشە بۆسەر ستەمکار". دەرئەنجام کار گەیشتە ئەوەی سەرۆک بارزانی بڵیت "لێیان گەڕێن با هەڵپەڕن" وەک چۆن حوسنی موبارەک لەهەڵبژاردنی بەر لەشۆڕشی میسر بە ئۆپۆزیسیۆنی دەگووت "لێیان گەڕێن با خۆیان بخافڵێنن" بەمەش نەک ئۆپۆزیسیۆن بووە هێزیکی دەستەمۆ بەڵکو بوە مایەی بێ ئومێدی گەورە، ئەوەی مەلا بەختیار ووتی "ئەگەر یەک کورسیش بێنین هەر ئێمە دەسەڵاتین" راشکاوانەیە چونکە ئەوەی حوکم دەکات حزبەو دامەزراواەکانی حکومەت و پارلەمان و قەزایی لەخوار حزبەوەن، کوردستان لە قۆناغی بەر لە دروستبونی حکومەت و دەوڵەتدایە، ئیتر ئۆپۆزیسیۆن دەکەوێتە کوێی ئەم سیستمەوە؟... سەرەڕای ئەم بێ ئومێدیە گەورەیە، ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنیت کە گۆڕانکاری رونادات لەسایەی ئەم سیستمەدا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا لەهەرێمی کوردستاندا جارێکی ترهێزێک دروست دەبێت کە بتوانێت ئەو شۆکە بۆ دەسەڵات دروست بکات و سەرکەوتنێک تۆماربکات کە کاریگەری لەسەر گۆڕینی حکومەت هەبێت، وەک چۆن لەئەزمونی چەندین وڵاتدا ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵاتی لەرزاندوەو حکومەتی گۆڕیوە لەوانە ساڵی ١٩٨٩ لە پۆڵەندا، لە مەکسیک ٢٠٠٠، کینیا ٢٠٠٢، مالیزیا ٢٠١٨...


  ئەنوەر حسێن (بازگر) فشارەكانى ئێران و توركيا بۆ دەركردنى ئۆپۆزيسيۆنى كوردى وڵاتەكانيان لە هەرێمى كوردستان و عێراق و داخستنى بارەگاكانيان، تا دێت زياتر دەبێت و پێدەچێت حكومەتى عێراق، ملى بۆ ئەو داواكارييە دابێت و هەرێميش لەژێر فشاردا بێت.    هەرێمى كوردستان سێ ئۆپۆزيسيۆنى پارچەكانى كوردستانى تێدايە، (هى باكور پەكەكە [كە لە زۆنى زەرد و سەوزن]، هى ڕۆژهەڵات ديموكرات، كۆمەڵە و پژاك [يەكەم و دووهەميان لە زۆنى سەوز و زەرد هەن، پژاك و كۆدار و باڵە سەربازييەكەشيان (YRK - يەرەكە) تەنها لە سنورى زۆنى سەوزن]، هى ڕۆژئاواش باڵەكەى سەر بە پەكەكە [لە زۆنى سەوز و باڵەكەى سەر بە پارتيش (ئەنەكەسە) لە زۆنى زەردن]، جگە لە (يەبەشە) كە لە شەنگال و مەخموور)ن.  لە كۆى ئەم گروپانە، (پەكەكە) لە زۆرترين سنورى جوگرافياى هەرێمى كوردستان بڵاوبوونەتەوە، لە نزيكەى (1140) گوندى سنورى زۆنى زەرد و سەوز بارەگايان هەيە و وجوديان هەيە و زۆرجار تووشى شەڕ و بەريەككەوتن دەبن لەگەڵ هێزەكانى پێشمەرگە.  بەڵام پێدەچێت فشارەكانى ئێران و توركيا بۆ دەركردنى (پەكەكە) و (كۆمەڵە و ديموكرات) لە كوردستان، وردە وردە بچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە، تەنها لە سنورى پەلامار، بۆردومان، هێرشى فرۆكەى بێ فرۆكەوان و تيرۆر نەمێنێتەوە. توركيا بە تەنها لە (15/8/2018) تا كۆتايى (ئابى 2021)، (10) لێپرسراوى گەورەى سەربازى و سياسى پەكەكەى لە هەرێمى كوردستان تيرۆر كردوە، دووجاريش لە سەرەتا و ناوەڕاستى (2017) هەوڵى تيرۆركردنى قەرەيەڵان و ڕفاندنى جەميل بايكى داوە، دوايين هێرشى چڕ و پڕ و ئۆپەڕاسيۆنى فرۆكەكانى توركيا بۆ سەر بنكەكانى (پەكەكە و پژاك)، لە ڕۆژى (24/8/2021)، كە (20) فرۆكەى جەنگى بە چاودێرى ڕاستەوخۆى خۆليسى ئاكار وەزيرى بەرگرى لە هێرش بۆ سەر ناوچەكانى شارباژێر و پێنجوێن بە قوڵايى (300كم)، هەڕەشەيەكى جددى و مەترسيدارە، كە نە حكومەتى هەرێم، نە يەكێتى هيچ وەڵامێكيان نەبوە و پرۆتستۆيان نەكردوە، ئەمەش ئاماژەيە بۆ بێ دەنگى بە تايبەتى كە گەريلاكانى (پەكەكە و پژاك) لە سنورى زۆنى سەوز، فشارێكى زۆريان دروستكردوە و بەپێى سەرچاوەكان نزيكەى (1260) گەريلايان هێناوەتە ئەو ناوچانە و بەرپرسە ئيدارييەكانى ناوچەكەش دەڵێن "نائارامييان دروستكردوە و باج و گومرگ لە كاسبكاران وەردەگرن".  پارتيش لاى خۆييەوە، نەك هەر نيگەرانە لە مامەڵە و ڕەفتارى گەريلاكانى پەكەكە لە بادينان، بەڵكو لەوەش زۆرتر وجوودى هێزەكانى (يەبەشە)يە لە شەنگال و مەخموور، كە بەردەوام توركيا بۆردومانيان دەكات، ڕۆژانە وەكو خۆيان دەڵێن "سەرئێشە بۆ پارتى دروستدەكەن و حەشدى شەعبى هاوكارييان دەكات".  قسەكانى (جومعە عيناد)ى وەزيرى بەرگرى عێراقيش ڕۆژى (31ى ئابى 2021) ئاماژەن بۆ هەماهەنگى لەگەڵ توركيا بۆ لێدانى (پەكەكە)، پێشتريش سەردانى ڕۆژى (11/6/2020)ى (هاكان فيدان) سەرۆكى دەزگاى ميت بۆ عێراق و دواتريش سەردانى كازمى لە (17/12/2020)، بەشێكى زۆرى ئەو دوو سەردانە پەيوەندى بە (پەكەكە)ەوە هەبوە، بە تايبەتى كە كازمى لەو بارەيەوە ملى بۆ هەموو داواكانى توركيا داوە و ناردنى پۆليسى فيدڕاڵى و هێز بۆ شەنگال، هەر لەو چوارچێوەيەدايە، بۆ فشار خستنە سەر (پەكەكە) و داخستنى بارەگاكانى (يەبەشە).  سەبارەت بە ئۆپۆزيسيۆنى ڕۆژهەڵاتى كوردستانيش (كۆمەڵە، ديموكرات و پژاك)، ئێرانيش جيا لەوەى ڕۆژى (8/9/2018) بۆردومانى بارەگاكانى (حدك)ى كرد لە كۆيە، (16) كادر و ئەندامى كۆميتەى ناوەندى شەهيد كرد و بەردەواميش نيگەرانى خۆى لە جموجوڵى ئەو هێزانە لە سنورەكان دەربڕيوە، هەوڵى تريشى داوە، بەڵام دوايين سەردانى وەفدى پارتى لە (29/6/2021)، كە پێكهاتبوون لە: (فازڵ ميرانى، هۆشيار زێبارى، پشتيوان سادق) بۆ تاران، يەكێك لە فايلە گەرمەكان، نيگەرانى ئێران بوە، لە بوونى چوار هێزى كوردى ئێران (حدك، حدكا، كۆمەڵەى شۆڕشگێڕ و كۆمەڵەى زەحمەتكێشان) لە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى پارتى و ناوچەكانى هەڵگورد و لەسەر سنور و چوونى پێشمەرگەكانى ئەو هێزانە بۆ ناوەوە، بۆيە پاش گەڕانەوەى وەفدەكە، بەو هێزانەيان ڕايگەياندوە، كە لەو ناوچانە پاشەكشە بكەن و فشاريان لەسەر دروستكردوون.   حەشدى شەعبيش بە جددى كار بۆ ئەوە فايلە دەكات، كە لە ڕێگاى حكومەتى عێراقييەوە، كۆتايى بە بوونى بارەگاكانى (كۆمەڵە و ديموكرات) بهێنن، وەكو چۆن لە (10/9/2016) دوايين كادرى سازمانى موجاهيدنى خەڵقيان لە كامپى ئەلبەرتى لە عێراق دەركرد، ژمارەيەكييان لێ كوژرا و دواتر گواسترانەوە بۆ ئەلبانيا.  وجوودى ئۆپۆزيسيۆنى توركيا و ئێران، هەرچەندە فشارى زۆرى بۆ هەرێم هێناوە لەلايەن ئەو دوو وڵاتەوە، بەڵام پارادۆكسێكى تێدايە، كە (پەكەكە) هێشتا لە پێگە و هەژموونى ئێراندا، بە تايبەتى لە شەنگال و شەڕى نێوان (پەكەكە و پارتى) يەكێكە لە ئەگەرەكان، هەرچەندە ئەمساڵ چەندين پێكدادان و ڕووبەڕووبوونەوەى پچڕ پچڕ هەبوون، كە تێيدا هەردوولا شەهيديان داوە، بەڵام هەوڵى كۆنتڕۆڵكردنى دراوە، بەڵام پارتى دەڵێت "چى تر تەحەموولى ئەو ڕەفتارانەى پەكەكە ناكرێت"، تا ئەو ڕادەيەى لە سەرەتاى تەمموزى ئەمساڵدا (پەكەكە) داوا لە (مەلا بەختيار) دەكەن، هەوڵەكانى خۆى بەكاربهێنێت بۆ ڕێگرى لە ئەگەرى شەڕى نێوانيان و سەردانەكەى (مەلا بەختيار) و بينينى مەسعود بارزانى و سەرۆكى هەرێم، سەرۆكى حكومەت و جێگرى سەرۆكى حكومەتيش هەر لەو پەيوەندييەدا بوە و ئاكامى هەوڵەكانيش ئيجابى بوە، بەڵام ئايا بەريەككەوتنى بەردەوامى ئەو دوو هێزە، مەترسى شەڕى لێناكرێت؟  بەڵام جيا لەوانە هەست بە بوونى سيناريۆ و تارماييەك دەكرێت لە ناوچەكەدا، كە ڕەنگە هێزەكانى ئۆپۆزيسيۆنى كوردى ئێران و توركيا تێيدا زەرەرمەند بن و تووشى گرفت ببن.  - كە پێناچێت حكومەتى هەرێمى كوردستان، يەكێتى و پارتى سەرەڕاى پێناخۆشبوونيان، يان ناڕازيبوونيان، دەرەقەتى ئەو گەلە كۆمەكێيە بێن-


٣١ ی ئۆگۆست نێوان خیانەت و " الافسد" دا د. چیا عەباس لە گەڵ مندا زۆرینەی مەردەم تێناگەن و سەرسامیشن چۆن حوکمرانی هەرێم لە بنەرەتدا بە دو هێز دروستبوە و بەرێوەدەچێت کە هەندێک کردار و رەفتاری یەکتر بە خیانەت و فاسدترین پێناسە دەکەن. لە ساڵرۆژی کارەساتی ٣١ ئۆگۆست رونکردنەوەی فەرمی پارتی و یەکێتی بەو ناوەرۆکە نەشیاو و قێزەوەنە دارێژراون. با بە یەکێتی دەست پێبکەم یەکێتی خۆی بە وارسی شۆرشەکانی کورد پاش شکستی شۆرشی ئەیلول، کە بە ئاشبەتاڵ پێناسەی کردوە، ناساندوە. یەکێتی لە شۆرشی هەڵساندنەوەدا نزیکەی بیست هەزار شەهید و ژمارەیەکی زۆرتر لە بریندار و پەککەوتە و زیندانی بە خاک و نەتەوە بەخشیوە، ئەمە بێجگە لەو ماڵویرانیەی رژێمەکەی سەدام بەسەر کوردستاندا هێنابوی. یەکێتی خۆی بە سۆشیاڵ دیموکرات و قەڵغانە پۆڵایینەکەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادیەکان پێناسە کردوە. کاتێک یەکێتی کارێکی هەستیاری پارتی بە خیانەت ناودەبات چیان دابو لە رێکەوتنی ستراتیژی و چەندین رێکەوتنی گرنگی تر بۆ حوکمران هەولێر و پێگەیان لە بەغدا، یەکێتی حزبی شەهیدان چۆن جورئەت دەکات، چۆن ماف بەخۆی دەدات لە گەڵ هێزێکی دەسەڵاتداری یەکەم کە بە قسەی خۆیان خاوەنی گەورەترین کرداری خیانەتە ماف و خەونەکانی شەهیدان بپارێزێت و کاریان بۆ بکات. کاتێک باسی کارەساتی ٣١ ئۆگۆست دەکات پێویستە باسێکی کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەریش بکات، ئەمە بەرگریکردن نیە لە هیچ هێز و کەسێك بەڵکو حوکمی مەنتقی دروست و واقیعی ئەو ئیلتزامە سیاسیەی چەسپاندوە.  بۆ خۆم ٣٤ ساڵ ئەندامی یەکێتی بوم  بۆیە باش تێدەگەم دژایەتیکردنی بنەماڵەی بارزانی و پارتی زەمینەیەکی پارادۆکسی بەهێز و لەرزۆکیش بوە بۆ بەهێزبونی یەکێتی، لەلایەک چەمکەکە یەکێتی بەهێزتر کردوە و لەلاکەشی ترەوە یەكێتی ئەو بەهێزبونەی کردۆتە چەکی شەر و ئاشتی و پچراندنی پشکی خۆی و دەسەڵاتدارانی لە گەڵ پارتیدا. جا بەشێکی دژایەتیکردنەکە رەگ و ریشەی لە کێڵگەی سەردەمی جەلالی و مەلایی یەوە هاتبێت یاخود لە  گەردەلول و گێژاوی فکریەوە یاخود وەک ئیرسێکی خولەکانی شەرە ناوخپۆییەکان بێت هیچ لەو واقیعە ناگۆرێت کە یەکێتیش چاوپۆشکەر و بەهێزکەری پارتین کە بە وتەی خۆیان گەورەترین خیانەتی لە پرسی کوردایەتیدا ئەنجام داوە. خۆ یەکێتی دەیتوانی ببێتە هێزێکی ئۆپزسیۆنی بەهێز و بە وردی و مەنتقی چاودێری حوکمرانی پارتی بکات و لێشی بپرسێتەوە. کاتێک یەکێتی بۆ بەرژەوەندی میللەت چاوپۆشیان کردوە و لە ناچاریەوە هاوپەیمانی پارتین کارێکی باشیان کردوە، بەڵام ئیتر پێویست ناکات هەمو جارێک زامەکان بوروژێننەوە و زامەکان سەرهەڵدەنەوە، خاڵی کۆتایی بەدوایدا دانێن. پێموایە وروژاندنی ٣١ ی ئۆگۆستی ئەمساڵ بەو شێوەیە زیاتر بۆمەرامی سیاسی ناوخۆی یەکێتیەکانە، هەڵبژاردنی عێراق ئەوەندەی نەماوە، کێشەی خەستی سەرکردایەتیان هەیە، باڵە نەرم و نیانەکەی یەکێتی بەم وروژاندنە و بەو زمانە دەیەوێت پێگەی خۆی لای دەنگدەر بەهێز بکات و بە رکابەرە ناوخۆییەکەی  باڵەکەش بڵێت بەس تۆ بەرامبەر پارتی توند نیت، ئێمەش بەقسە ئەوەمان پێدەکرێت بەڵام دەروازەی دەسکەوت و پلە و پایە بە روی خۆماندا داناخەین. با بێمە سەر پارتی پارتی لە دامەزراندنیەوە تا شکستی شۆرشی ئەیلول بەتەمەنترین و گەورەرترین هێزی باشور و بگرە کوردستانی گەورەش بوە، بنەماڵەی بارزانی لە پێش دروستبونی پارتیشەوە رۆڵی گرنگیان لە چەند شۆرش و سەرهەڵدان و روداوی هەستیاردا هەبوە و قوربانی زۆریشیان داوە، دوای بەرپابونی شۆرشی هەڵساندنەوە و لێژبونی پێگەی پارتی بێئۆقرەیی و نیەت و کرداری تۆڵەکردنەوە سەریان هەڵدا، بێگومان تاوانەکانی پارتی لە بادینان لە سەرەتای شۆرشی هەڵساندنەوە و لە کارەساتی هەکاری دژ بە یەکێتی ئاوێنەی ئەو نیەت و کردارانە بون.  پێش راپەرین پارتی و یەکێتی لە ماوەی ١٦ ساڵدا نزیکەی ١٠ ساڵ لە شاخ خەریکی شەرکردنی یەکتر بون، دوای راپەرین و لە حزوری ئەمریکا لە کوردستان هودنەیەکی سەربازی و سیاسیان سازکرد بێئەوەی چارەسەری کێشە بنەرەتیەکانی نێوانیان بکەن، قایڵ بون  بە دابەشکردنی دەسەڵات و نیشتمان، ئەنجامەکەی فیفتی بە فیفتی و دو ئیدارەیی بە مەرجی برامان برایی و کیسەمان جیایی. ئەو کاتەی یەکێتی هەستی بە هێزبون کرد و هەولێریشی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە پارتی بە پاساوی مەترسی لە فەوتان و پاراستنی یەکپارچەیی عێراق پەنای بۆ سەدام برد تا دەسەڵات و پێگەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، ٣١ ی ئۆگۆست زیاتر لەوەشی بۆ بەدەستهێنا و توانی بۆ ماوەیەکی کورت کۆنترۆڵی سلێمانیش بکات.  ئەم پەنابردنە و کارەساتی ٣١ ئۆگۆست پەڵەیەکی رەشە لە مێژوی ئەو حزبەدا و هەر پاساو هێنانەوەیەک بۆی دەچێتە چوارچێوەی بەرگری کوێرانەی حزبی و چەواشەکاری، باشترە پارتی دان بەو راستیەدا بنێت وپاش چارەکە سەدەیەک  ئاوێک بەسەر ئەم ئاگرەدا بکات و بۆ نەوەکانی ئایندەی جێهێڵێت. پارتی ئێستا گەورەترین و بەهێزترین هێزی باشورە و دەشتوانێت بێ یەکێتی حوکمرانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بکات، هاوکاتیش پارتی خۆی بە خاوەنی خەزێنە و جومگە هەستیارەکانی حوکمرانی دەزانێت و هەر ئەویش چەندین کارئاسانی بۆ بەشێک لە دەسەڵدارانی یەکێتی و گۆرانیش کردوە تا بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان پاریزراو بن، وەک وتراوە کێ پارە بدات ئەویش خاوەن بریارە، بۆیە قبوڵی ئەو زمانە زبرەی ناو یەکێتی ناکات، بەڵام خۆشی هەڵەیەکی گەورەی سیاسی کردوە کاتێک یەکێتی لە سەر کارەساتی ٣١ ئۆگۆست بە " دفع الافسد بالفاسد " وەسف کردوە. ئەمە زمانی بەرگری لە خۆ و زمانی هاوپەیمانیەتیش نیە لە گەڵ هێزێکی خاوەن مێژویەکی خەستی خەبات و سەروەری، گەر پارتی ئێستاش لەو باوەرەدایە با حکومەتێک بێ " الافسد " دروست بکات و ئەمەش تاقی بکاتەوە. کار بەمجۆرە بەردەوام بێت بێگومان کارەساتی تر چاوەروانمانە.    


د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا- رۆژانه‌ تایبه‌ت له‌ (دره‌و) ده‌ینوسێت * لەحنی سیمفۆنییەکانی باخ زۆر موهیمن، بۆ نموونە باخم بێ بەرهەم و باخەوان گیان خۆم غەریبم. * هیچ وڵاتێک ئەوەندەی کوردستان سەرچاوەی ئاوی تێدا نی یە ، مەسەلەن کارێزە وشک و کانی بۆگەنەو کوێرە کانی. * ئێمە بۆ سەلماندنی پیاوەتی خۆمان هەموو ئازارێکمان قبوڵ کردووە، بۆ نموونە ئازاری خەتەنە. * تەنانەت کەلتوورەکەشمان شانازی دەکات بە هەوارزە سەختەکانی ژیانەوە، جوانترین ناویان هەیە لە قاموسی کوردیدا، بۆ نموونە کەرتڕێنەکە. * تاکی کورد بیلامانێ زۆر ڕقی لە بنە، بۆ نموونە بنی مانگ و بنەماڵە. * مێژوومان سیخناخە لە نموونە جوانەکانی سەربەخۆیی، مەسەلەن فوئاد حسێن. * گشت ڕێبازیێکی ئاشتەوایی دەگرینە بەر، بۆ نموونە کاک ڕێبازی حەملان. * سەرجەم ئەوانەی سەر بەرزایی و گردەکان کەسانی زەحمەتکێش و مەبدەئیین، بۆ نموونە مالەی گردەکە. * پەندەکانیشمان داوای یەکێتی و برایەتیمان لێ دەکەن لەگەڵ عەرەبدا، بۆ نموونە بە عارەب مەڵێ مەرحەبا هەم دەخوات و هەم دەبا. * شتی گونجاو بۆ شوێنی گونجاو زۆر زەرورە، مەسەلەن کۆلیژی فەلسەفە لە ئەسینا عەفوو لە ڕانیە. * میللەتەکەمان لە فۆلکلۆریشدا حەزی لە تێکدانی خێزان نەکردووە، بۆ نموونە ڕەببی بابانت شێوێ نێوت کەوتە وڵاتان.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand