Draw Media

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج  1 كه‌س نازانێ‌ جه‌نه‌ڕاڵی پڕته‌تكه‌و په‌تكه‌ ره‌شید دۆسته‌م له‌ كام ده‌رگای پشته‌وه‌ هه‌ڵاتووه‌ ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وه‌ ده‌زانین ، كه‌ دكتۆر ئه‌شره‌ف غه‌نی له‌ ده‌رگای پشته‌وه‌ بە چوار ئۆتۆمبیل پاره‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ فڕگه‌و هه‌ندێك له‌ پاره‌كه‌شی له‌ فڕگه‌ به‌ جێهێشت ، كلیلی ده‌رگای پێشه‌وه‌ی كۆشكیشی بۆ تاڵیبان به‌ جێهێشت .  بۆ سته‌مكارو گه‌نده‌ڵ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی نازانن میله‌ت به‌ڕێوه‌ به‌رن هێشتنه‌وه‌ی ده‌رگای پشته‌وه‌ به‌ كراوه‌یی زۆر گرنگه‌ چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌دێنه‌ سه‌ر كۆشك له‌ ده‌رگای پێشه‌وه‌ دێن . 2 بایدن له‌ باسی دۆخی ئه‌وغانا باسی ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی داعشی كرد ، ئێمه‌ لێره‌وه‌ ده‌یان جار ئه‌و ئه‌گه‌ره‌مان به‌ ده‌سه‌ڵاتداران گوتوه‌ ، به‌ڵام سروشتی ده‌سه‌ڵات وایه‌ تا غلۆر نه‌بێته‌وه‌ په‌نجه‌ ناگه‌زێ‌، دۆستێكی غه‌نی ده‌ڵێت ئه‌م دوایه‌ ئه‌و پیاوه‌ زۆر مه‌غرور بوو ،جا وه‌ره‌ ئه‌و دۆسته‌ دۆستی ئه‌وانی ئێمه‌ با ده‌بوو چی گوتبا ، مه‌غروری و گوێنه‌گرتن به‌ڵای گه‌وره‌ی به‌ دوادا دێت بۆیه‌ ده‌رگای پشته‌وه‌ دامه‌خه‌ن . 3 سی ساڵه‌ ناتوانن پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخه‌ن ، ناتوانن چاكسازی راسته‌قینه‌ بكه‌ن ، ناتوانن گه‌نده‌ڵێك سزا بده‌ن ، هه‌زاران مشه‌خۆرو چه‌ته‌ بوونه‌ ملیۆنێر له‌ سه‌ر حسابی میله‌ت ، كه‌چی دڵیان به‌وه‌ خۆشه‌ ئه‌وان حزبی یه‌كه‌م و دووه‌من وه‌ك بڵێی نه‌زانن كه‌ عه‌لی عه‌بدوڵاساڵح و سه‌دام و قه‌زافی و موباره‌ك هه‌موو جار ده‌نگی 99%99ی ده‌نگه‌كانیان بۆ خۆیان و حزبه‌كانیان ده‌نووسی كه‌چی كه‌كه‌وتن كه‌س دادی نه‌دان ، سه‌دام خۆی له‌ كونا بوو ،له‌ به‌غدا ده‌نگده‌ره‌ ته‌زویركراوه‌كانی بته‌كه‌یان شكاند. 4 هیوام وایه‌ هه‌رگیز ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ به‌ ده‌ردی ئه‌فغانستان نه‌چێت و تاریكی باڵ به‌سه‌ر هیچ شوێنێكا نه‌كێشێت ، به‌ڵام خۆ ده‌بێت په‌ند وه‌ربگرین ، ئاخر گرتنی چوار رۆژنامه‌وان و مامۆستا ، گرتنی ژن و ئافره‌ت ، شه‌ق دان له‌ مامۆستا ، سوكایه‌تی به‌ پارله‌مان ، ده‌ركردنی وه‌زیر ، ریشسوتاندنی مه‌لای ئاینی و كوشتنی مه‌لا،ئه‌مانه‌له‌كوێ‌ و چاكسازی له‌ كوێ‌ ، بیرتان بێت چاكسازی هه‌ڕه‌شه‌ نیه‌ مژده‌یه‌ ، ئێوه‌ واتان نه‌كرد بۆیه‌ هه‌رگیز ده‌رگای پشته‌وه‌ دامه‌خه‌ن . 5 ئه‌گه‌ر میله‌تیش بیری كاڵ بێت و یاده‌وه‌ری كورت بێت ، ئه‌وه‌ هیچ شتێك بزر نه‌بووه‌ ، بۆیه‌ خه‌مێكی بارو دۆخه‌كه‌ بخۆن باشتره‌ له‌و بێمنه‌تی و خۆ بادانه‌ ، به‌رگه‌ی شكست ناگرن ، كه‌وایه‌ شتێك بكه‌ن كه‌ له‌م ته‌ڵه‌زگه‌یه‌ ده‌رچین ، ئێمه‌ بۆ ئێوه‌مانه‌و هیچمان ده‌ستناكه‌وێت ، به‌ڵام خۆ ئێوه‌ له‌ سه‌ر كورسیه‌كه‌ن ، یان چاكی بكه‌ن یان ده‌رگاكه‌ی پشته‌وه‌ به‌ كراوه‌یی بهێڵنه‌وه‌ .


شێرکۆ کرمانج پێرێ سەرۆکی پێشوتری ئەفغانستان، ئەشرەف غەنی، کابولی بەجێهێشت‌و هێزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان چوونە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی‌و کۆتاییان بەو دەسەڵاتە هێنا کە ئەمریکییەکان بیست ساڵە لەو وڵاتە دروستی دەکەن‌و پشتیوانی لێدەکەن. هۆکارەکانی پشت ڕوخانی حکومەتەکەی کابول بۆ هەمووان ڕوونە، پشت نەبەستن بە خۆ و گەندەڵی‌و ململانێی نێوخۆیی‌، بۆیە لەم کورتە بابەتە باس لەم ڕەهەندەی پرسەکە ناکەین بەڵکو قسە لەسەر کاریگەرییەکانی هاتنە سەر حوکمی تاڵیبان دەکەین لەسەر ناوچەکەو جیهان‌و ئەگەرەکان‌و سیناریۆکانی هاتنەپێشی هەمان ئەزمون لە عێراق، بەناڕاستەوخۆش لە کوردستان. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بزانین کە تاڵیبانی ئەمجارە تاڵیبانی بیست ساڵ پێش ئێستا نیە، نەک هەر لە ڕووی هێزو ڕێکخراوییەوە بەڵکو لە ڕووی ئەزمون‌و تێڕوانین‌و تێگەیشتن‌و پۆلەسیەوە. تاڵیبانی ئەمجارە ئەزموندارترن. بۆیە پێش زەمانەت‌و سەقامگیرکردنی خۆیان لە ناوخۆدا لەگەڵ دەوروبەر قسەو گفتوگۆیان کردوە. لەگەڵ چین، لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ پاکستان، لەگەڵ ئێران، لەگەڵ ڕوس، تەنانەت لەگەڵ تورکیاش گفتوگۆی سەرەتاییان هەبووە. گرنگترین شت کە تاڵیبان ئەمجارە کردویەتی خۆی وەک دوژمن‌و هەڕەشە لەسەر کەس نیشاننادات. هەوڵیانداوە نە لەناوخۆ نە لە دەرەوە نەیار بۆ خۆیان دروست نەکەن. بۆ نمونە، بە ئەمریکییەکانیان گوتوە کە چیدیکە ئەفغانستان نابێتە مۆڵگەو پێگەی هێزگەلی گڵۆباڵی جیهادی وەک قاعیدەو داعش. ئەمەش بۆ ئەمریکا زەمانەتێکی چاکە، ئەمریکا کێشەی لەگەڵ ئەوە نیە کە وڵاتێک لەناوخۆیدا چۆن بەڕێوەدەچێت بەڵکو کێشەی لەگەڵ ئەوە هەیە کە وڵاتێک چەندە هەڕەشەیە لەسەر ئەو، یان داخۆ ئەو وڵاتە هێزگەلی وا داڵدەدەدات کە هەڕەشە بێت لەسەر ئەوان.  وەک ئاماژەیپێکرا، تاڵیبان، لانیکەم تا ئێستا لە کورتمەودادا، پێناچێت سەرئێشە بۆ ئەمریکییەکان دروستبکات. بۆیە ئەمریکییەکان بەهاتنی تاڵیبان زۆر نیگەران نین لەبەر ئەم هۆکارانە: یەکەم، ئەمریکا لە کۆڵ تێچوو و سەرقاڵبوون‌ بە شەڕێکی درێژخایەنی بێهودەو بێبەرهەم دەبێتەوە. چیدیکە سەقامگیری‌و ئیدارەی ئەفغانستان کێشەی ئەمریکییەکان نابێت، تاڵیبان لە جیاتی ئەوان ئەو کارە دەکەن! دووەم، هێزێکی سوننی ڕادیکاڵ هاتۆتە سەر کار کە ئەگەری دروستبوونی کێشەی لەگەڵ چین‌و ئێران‌و ڕوسیا زۆر زیاترە لەوەی کێشەی لەگەڵ ئەمریکا بۆ دروست بێت. لەوانەیە هاتنەوەی تاڵیبان جموجۆڵ لەناو موسڵمانەکانی چین زیاتر بکات‌و بەمەش تاڵیبان لەگەڵ چین پەیوەندیان ‏ئاڵۆز بێت.‏ هاوکات، ئەگەری هەیە تاڵیبان هەزارە شیعەکانی ئەفغانستان ئەزیەت بدات، ئەوە ئەگەر وەک جاران قڕیان نەکات، ئەوکاتیش ئەفغانستانی تاڵیبان کێشەی لەگەڵ ئێران بۆ دێتەپێش پێش هەر وڵاتێکی دیکە. سێیەم، یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵکشان‌و باڵکشانی ئێران، کە نەیارێکی ئەمریکایە، لە بیست ساڵی ڕابردوو پەیوەندی بە لەناوبردنی دوو ڕژێمی سوننەی دژە-ئێران، ڕژێمی تاڵیبان لە ڕۆژهەڵات‌و ڕژێمی سەدام لە ڕۆژئاوای ئێرانەوە هەبووە. هاتنەوە سەر کاری تاڵیبان بۆ ئەمریکییەکان هەنگاوێکە بۆ بەرزەفتکردنی، ئیحتیواکردنی، ئێران. ئەوە بەو مانایە نیە کە تاڵیبان بەڵێنەکانی خۆیان بەجێدەهێنن‌و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە کردنەوەی بنکەو بارەگای قاعیدەو داعش نادەن، یان ناڕاستەوخۆ نابنە مایەی سەرهەڵدانەوەو بەهێزبوونی ئەو دوو ڕێکخراوە، یان ڕێکخراوی جیهادی دیکە، ئەوەی زیاتر ڕێی تێدەچێت ئەوەیە کە تاڵیبان لە سەرەتا هەوڵدەدات خۆی لەم دوو ڕێکخراوە جیهادییە وەدووربگرێت، بەڵام ئەوە چەند دەخایەنێت، ئەوە پرسیارێکی کراوەیە.  لێكچووی زۆر هەن لە نێوان ئەفغانستان‌و کوردستان‌و عێراق. بۆ نمونە، هەر سێ یەکە غەرقی گەندەڵی‌‌و خزمخزمێنەن کە لاوازی نەک هەر حکومەت‌و سوپاو دەزگا ئەمنییەکانی لێکەوتۆتەوە بەڵکو لاوازی هەستی نیشتیمانیش، هاوکات، پەیوەندی نێوان دەوڵەت‌و کۆمەڵگەشی بەرەو هەڵوەشانەوە بردوە. سەرەڕای ئەمە، جیاوازی ئێجگار زۆر لەنێوان هەر سێکیاندا هەیە، لە هەموویان گرنگتر ئەمانەن: یەکەم، عێراق وڵاتێکە کە زۆرینەی شیعە تێیدا باڵادەستەو ئۆپۆزسیۆنی شیعی، بەتایبەتی گروپی چەکدار، بوونی نیەو هەموو گروپە شیعییەکان کەم تا زۆر لە دەسەڵات بەشدارن‌و پشکێکیان لە کێکەکە بەرکەوتوە. لە ئەفغانستان پەشتوەکان کە گەورەترین گروپی مەزهەبی‌و نەتەوەیین لە ئۆپۆزسیۆن بوون‌و تاڵیبان نوێنەری پەشتوەکانە. دووەم، کوردستان هەرێمێکە سەرەڕای تەشەنەی گەندەڵی‌و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات‌و لاوازی هەستی ئینتیما بەڵام نەک هەر ئۆپۆزسیۆنێکی ناوخۆیی، وەک تاڵیبانی ئەفغانستان، بوونی نیە هێزەکانی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە، یەکێتیی‌و پارتی، ئەگەر وەک بەرگریکەر لە گەل‌و نیشتیمانیش نێنە بەرچاو ئامادەن بەرگری لە حیزب‌و سەرکردەکانیان بکەن کە لەوانەیە پاراستنی یەکە سیاسییەکەی لێبکەوێتەوە. سێیەم، لە ناوچە سوننەنشینەکان ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش‌و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە سوننییەکان جارێکی دیکە هەیە بەڵام دیسان سنورو قەڵمڕەوییەکەیان لە سنوری جاری پێشوتر تێپەڕناکات. هەم ناوچە شیعەنشینەکان هەم کوردنشینەکان توانای بەرگریان لە دژی داعش لە حالەتی کشانەوەی ئەمریکا هەیەو ئەگەری زۆری هەیە کە ئێران بە هانای شیعەو ئەمریکا، لە دوای دەرچوونیشی، بە هانای کوردەوە بێت. ئەمەش وا دەکات نە هەولێر نە بەغدا نەکەوێت.  بە تێگەیشتنی من، لە حالەتی دەرچوونی ئەمریکا، ئەگەرەکانی ڕوخانی حکومەت لە بەغدا نایەتە پێش بەڵکو ئەگەری هەڵوەشانەوەو دابەشبوونی عێراق هەیە، بۆ؟ چونکە: یەکەم، نەک ئەمڕۆ بەڵکو دەیان ساڵە ئەوە خۆشەویستیی عێراقییەکان بۆ عێراق نیە کە یەکپارچەیی وڵاتەکەی پاراستوە بەڵکو ئەوە هێزە ئیقلیمی‌ (ئێران‌و تورکیا) و زلهێزەکانن (ئەمریکاو بەریتانیا) کە عێراقیان بە یەکگرتوویی هێشتۆتەوە. دووەم، کوردو سوننەو شیعە لە ناوچەی جوگرافی تاڕادەیەک لێکجیاو سنوردیاریکراو دەژین. سنورە جوگرافییە مەزهەبی‌و نەتەوەییەکان ئەگەر تا ٢٠٠٣ زۆر زەق نەبووبن ئەوە لەگەڵ شەڕە ناوخۆییەکانی دوای ٢٠٠٥ بە تەواوی دەرکەوتون، ئەویش لە ئاکامی کۆچی بە زۆرەملێ‌و هەڵهاتن. لە ئەفغانستان هەزارە، کە گروپێکی شیعەن، لە تەواوی ئەفغانستان پەرشوبڵاون‌و لەنێو پەشتو و تاجیکەکان وەک ئاردی نێو دڕکیان لێهاتوە.  سێیەم، هەموو گروپە مەزهەبی‌و نەتەوەییەکانی عێراق، سوننە تا ڕادەیەکی کەمتر، هێزی نەتەوەیی‌و مەزهەبی خۆیان هەیە. لەگەڵ دەرچوونی ئەمریکا، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش (یان گروپێکی دیکەی سوننە) و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە سوننییەکان دێتەگۆڕێ، ئەوکات سوننەکانیش دەبن بە خاوەنی هێزی خۆیان. بۆیە لەبەر ئەو ڕاستییانەی سەرەوە، هاوکات لەبەرئەوەی بەدەرچوونی ئەمریکا ئەگەری زۆر هەیە کە شیعەکان هەوڵی توندترکردنی دەسەڵاتیان لە بەغدا بدەن، ئەمەش دوو گروپەکەی دیکە، کوردو سوننە، هێندەی دیکە پەراوێز دەکات. بەمەش بەغدا وەک کابول ناکەوێت بەڵام ئەگەری هەڵوەشانەوەی عێراق دێنێتەگۆڕێ. لە ئەگەرێکی وادا، ئەوەی دەبێتە هەڕەشە لەسەر کوردستان ئەوە هێزێکی ناوخۆیی وەک تاڵیبان نیە بەڵکو حەشدی شیعی‌و ئێران‌و تورکیان، یان هەر سێکیان بەیەکەوە. بۆیە بۆ کوردستانیان زۆر گرنگە کە وانەیەک لە ئەفغانستان وەرگرن. دەسەڵاتدارانی هەرێم نابێت دڵیان بەوە خۆش بێت کە ئەزمونی تاڵیبان لە هەرێم دووبارە نابێتە لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی نیە، بەڵکو دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە هێزی دەرەکی هەیە کە دەکرێت ببێتە هەڕەشە لەسەری. بۆ ئەمەش یەکڕیزیی گەلی کوردستان‌و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو هێزەکانی ئاسایش‌و بەدامەزراوەییکردنیان ئەرکێکی نەک هەنوکەییە بەڵکو لە مێژە کات بە سەریدا تێپەڕبووە.  کوردستانیان وانە لە شکستی ئۆکتۆبەرو کەوتنی کابول و کەرکوک وەرنەگرن زوو یان درەنگ هەولێرو سلێمانی دەکەون.    


حسێن عەلی شەریف کێشەی گەورەی ئەم میدیای کوردیە بە فەیسبوکیشەوە، ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی بەبێ زانیاری قسە لەسەر ڕوداوی ڕۆژئەکەن، بەتایبەتی ڕوداوەکانی جیهان. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ئەفغانستان ڕووئەدات، بەوشێوە ئاسان نیە کە ئێمەی کورد بەبێ زانینی هیج زمانێکی تر جگە لەکوردی بەباشی لێی تێبگەین. زۆرینەی زۆری ئەو شیکردنەوانە و نیشاندانی زۆرینەی وێنە و ڤیدیۆکان، بە تەواوەتی واقعی سەر زەوی لە ئەفغانستان نیشان نادەن. ئەمەی ئێستا لە ئەفغانستان ڕووئەدات، زنجیرەی چوارەمی وەرزی شەشەمە! بۆ ئەوەی لە ڕوداوەکانی ئەم زنجیرەیە تێبگەیت ئەوە ئەبێت زنجیرەکانی تری ئەو درامایەت بینیبێت! تاڵیبانی ئەمجارە ڕیشی درێژ فەرزناکات! ئەمە قسەی هاوڕێ ئەفغانیە ڕۆژنامەنوسەکەمە، کە دیارە لەم ڕستەدا دەیان ئاماژە و کۆدی تایبەت هەیە کە ئەبێت لێی تێبگەین! هەڵەی گەورەیە کە ئێمە تاڵیبانی ئەمرۆ لە چاوی تاڵیبانی دوێنێوە تەماشا بکەین. تاڵیبانی ئەمڕۆ تەنها ئەفغانیەکان خۆیانن و عەرەبی جیهادی و توندڕەویان تێدا نەماوە. تاڵیبانی ئەمڕۆ لانی کەم هەتا ئێستا  هاوشێوەی ئەو حوکمە ئیسلامیانەی تری وەک داعش و  قاعیدە نیە، ئەمە بەپێی ئەو ڕێکەوتنەیە کە ڕێگە بەتاڵیبان دراوە بگەڕێتەوە سەر حوکم. ئەگەر لە لێدوانی سەرکردایەتی تاڵیبانی ئەمڕۆ وردبینەوە، تێئەگەین کە لانی کەم تاڵیبانی ئەمڕۆ(درۆ بکەن یان ڕاست) نایانەوێت نمونەیەکی لە تاڵیبانی پێش یانزەی سێپتەمبەری ٢٠٠١ نیشانبدەن. ئەوان بە ئاشکرا ئەڵێن کە ئەیانەوێت پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ چواردەور و جیهاندا هەبێت و نایانەوێت لە دوونیا داببڕێن! گەڕانەوەی تاڵیبانی ئەمڕٶ زۆر جیاوازترە لە گەڕانەوەی تاڵیبانی دوێنێ. گەرانەوەی دوێنێ لە ناو گەرمەی شەری براکوژی و خۆکوژی گروپە ئەفغانیەکانی سەرکوتوی جەنگی دژ بە سۆڤیەتدا بوو، بەڵام گەڕانەوەی ئەمڕۆ لە کەشێکی ئارامی بێ تەق و تۆقدا ڕوویداوە، ئەمەش گەڕانەوەکەی زیاتر ئاسان و بێگرفت کردووە. پۆلیس و سەبازانی حکومەتی پێشوی ئەفغانستان بە جلە سەربازیەکانیانەوە هێشتا لە ئەرکەکانی خۆیاندان، بەڵام لەژێر فەرمانی سەرکردە نوێکانی هێزەکانی تاڵیباندان. لە هیچ شوێنێکی ئەم وڵاتەدا تەجاوز نەکراوەتە سەر دام و دەزگا حکومیەکان و تەسفیەی حساب نەکراوە. تەنانەت تاڵیبان ڕێخۆشکەری کردوە بۆ دەربازبوونی هەموو بەرپرسە حکومیەکان، ئەوەشی کە بریاری مانەوەی داوە بەڵیندراوە کە لەژێر حوکمی نوێی ئەو حکومەتەی کە تاڵیبان بەڵێنی بە پێکهێنانی داوە، بەردەوامی بە کارەکانی خۆیان بدەن. زۆرینەی زۆری ئەو ڤیدۆیانەی کە نیشانئەدەن خەڵک ئەکوژرێت و خەڵک هەڵئەواسرێت، ڤیدیۆی کۆنن و دوورن لە ڕاستی  ڕوداوەکانی ئەمڕۆی ساحەی ئەفغانستان. زۆرێک لە دیمەنی ئەو ڤیدیۆ تازانەش کە بڵاوئەکرێنەوە، چیرۆکەکانی بەئەنقەست ئەگۆڕدرێن. زۆرینەی زۆری ئەوانەشی قسە لەسەر دۆخی ئێستای ئەفغانستان ئەکەن دوو بەرەن. بەرەیەکیان بە خەیر و شەڕ دژی بزوتنەوەی تاڵیبانن و بەهیچ شێوەیەک دان بە باشەیاندا نانەن و هەر لە هەوڵی ئەوەدان کە تاڵیبان وەک داعش و قاعیدە نیشانبدەن. بەرەیەکیشیان هەرچی پۆخڵەوات و خراپەکاری تاڵیبان هەیە لەژێر سۆزی ئیسلامیبووندا نابینن و دڵیان پێخۆشە. ئەوەی کە ڕوونە خەڵکی ئەفغانستان بە چاوێکی دوژمنکارانەوە ناڕواننە تاڵیبانی ئەمڕٶ، هۆکارەکەش ئەوەیە کە هێندە خراپەکاری و گەندەڵیان لە حکومەت و بەرپرسە سەربازی و ئیداریەکانی پێشوو بینیوە کە شەیتانیشیان پێ قەبوڵە نەک تاڵیبان. وەک ئەڵێن  ئەوەی دانی بیەشێت تەنها خۆی لە ئازاری دانئێشەکە تێئەگات! هێشتا زووە بڕیار لەسەر تاڵیبانی ئەمرۆ بدرێت، وەکچۆن دژایەتیکردنیان ناحەقیە ئاواش وەسفکردنیان بەهەمانشێوەیە. بزوتنەوەکە لانی کەم ساڵێک لە حوکمداری پێویستە بۆئەوەی بیسەلمێنێت کە خۆیان واتەنی بەنیازی ئەمارەتێکی ئیسلامی میانڕەون کە تیایدا هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای ئەفغانی تیایدا بەشداربێت. ئەڵبەتە دامەزراندنی هەر دەوڵەتێکی دینی (هەردینێکبێت) نمونەیەکی باشی حوکمداری نابێت لەزۆربەی وڵاتانی دونیادا، بەڵام بۆ ئەفغانستانێکی پەیوەست بە دین، ڕەنگە هەر ئەوەندەی ئەمارەتە شیعەکەی ئێران کارەساتبێت! بە تێروانین بۆ تەواوی ڕووداوەکانی ئەم وڵاتە لە سەرەتای جەنگی سۆڤیتەوە هەتا ئەمڕۆ، تاکە شتێک کە ڕوونبێت ئەوەیە کە ئەم گۆڕانکاریانە بەدەستێکی دەرەکی ئەجوڵینرێت و بەرژەوەندی زلهێزەکان چۆن بخوازێت هەرئەوە ڕووئەدات. ئەوەشی کە هەتا ئێستا نیمچە ڕوونە ئەوەیە کە وەکچۆن دروستبوونی دەوڵەتێکی بەهێزی شیعە زەرورەتێکبوو بۆ زلهێزەکان، ئاواش دروستبوونی دەوڵەتێکی سونەی چەکداری بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێزی هەردوو جەمسەرەکەی سونە و شیعە زەرورەتە. با پەلە نەکەین و چاوەڕێبکەین کە ڕوداوەکان بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئەڕوات کە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر لەسەری پێکهاتوون ، یان جارێکی تر بزوتنەوەی تاڵیبان هەڵەی جاری پێشوو دووبارە ئەکەنەوە و لەو خەتە لائەدەن کە بۆیان کێشراوە؟! با چاوەڕوانبین


ئەنوەر حسێن (بازگر) كشانەوەى هێزەكانى ئەمەريكا لە ئەفغانستان لە تەممووزى (2021)، سەرەتاى گۆڕانكارييەكى چاوەڕوان نەكرا و بوو لە ناوچەكە و تا كار گەيشتە ئەوەى لە مانگى ئابدا، تاڵيبان كابوڵى كۆنتڕۆڵكرد، پێش ئەم ڕووداوانەش، واشنتۆن لە (2020) كەوتە گفتوگۆ لەگەڵ تاڵيبان و چەندين گەڕى دانيشتنەكانيان لە قەتەر بەڕێوەبرد، ئەوە دواى ئەوەى ئەمەريكا هەزاران سەرباز و يەك تريليۆن دۆلار خەرجى و (38) هەزار مەدەنى كوژران و بيست ساڵ جەنگ درێژەى كێشا، بەڵام ئێستا گفتوگۆيان لەگەڵدا دەكات، لەگەڵ هێزێك كە كۆنەپەرست و تيرۆيستن و مەترسى لەسەر ئاسايشى جيهان دروست دەكرد، بەڵام ئێستا چاوى لە ڕابردوو پۆشيوە، پرسيارى گرنگ ئەوەيە، لە پاى چى؟  ئەوەى لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت، ئايا ئەمەريكا بۆ كشايەوە؟ مەبەست لەو ڕێككەوتنە چيبوو لەگەڵ تاڵيبان؟ ئايا بێزارى لە سيستم و دەسەڵاتى كابوڵ بوو، يان سياسەتى ديموكراتەكان بوو، جيا لەوەى ديموكراتەكان بەوە ناسراون، مامەڵە لەگەڵ ئيسلامى سياسى دەكەن، يان كۆتايهاتن بوو بە دەخالەتى ناوچەكە و جێهێشتنى بۆ ڕوسيا و ئێران، ئايا تاڵيبان دەبێتە مەترسى بۆ سەر تاران و ئەجێنداى واشنتۆن جێبەجێ دەكات؟ يان تاران وەكو ديفاكتۆ و هێزى مەنتقى قبوڵ دەكات، كە لە عێراق، سوريا، لوبنان، يەمەن و ئەفغانستان خۆى سەپاند و سەلماندوە؟ هەندێك لە چاودێران دەڵێن "واشنتۆن لەو ململانێيەدا لەگەڵ تاران سەركەوتوو نەبوە و پاشەكشەى كردوە".  ئەوەى گرنگە ئەوەيە، ئايا ڕووداوەكانى ئەفغانستان، نەخشەى نوێى ناوچەكە دادەڕێژێتەوە، يان فەوزا و شەڕى ناوخۆ و حكومەتى فەندەمێنتاڵ، بە فۆڕمێكى تر خۆى نوێدەكاتەوە؟  ئايا تاڵيبان ئەو بۆشاييە سياسى و سەربازى و موخابەراتييەى واشنتۆنى بە تەنيا پێ پڕ دەكرێتەوە؟ يان دەبێتە مەيدانى ململانێى ڕوسيا، ئێران، تاجيكستان، ئۆزبەكستان، توركمانستان، پاكستان، هيندستان و توركيا؟ يان گروپى قاعيدە و داعش دەبنە ڕكابەرى و نيوەى ئەفغانستان دەخەنە ژێر دەسەڵاتى خۆيانەوە، بەڵام ئەوەى ڕوونە، دەبێت بە واقيع، تيرۆر و تيرۆريزم گەشە دەكات و بازرگانى و بەرهەمهێنانى مادەى بێ هۆشكەر و بازرگانى كردن زۆرتر و زياتر دەبێت.  كە بێگومان هەيمەنەى ئێران بەشێوەيەكى بەرفراوان زياد دەكات و ڕەنگە ئێران باش ئيحتيواى ئەو يارييە بكات، چۆن لە پاش ڕووخانى حكومەتى نەجيبوڵڵا لە (1994) بورهانەدين ڕەبانى وەكو سەرۆك كۆمارى لايەنگرى خۆى دانا و دواتريش شەڕى نێوان كۆمەڵەى ئيسلامى ڕەبانى و حيزبى ئيسلامى حيكمەتيارى لێكەوتەوە.  لە (2015) و پاش دەركەوتنى داعش لە ئەفغانستان و ڕاگەياندنى ويلايەتى خۆراسان و ململانێى لەگەڵ تاڵيبان، نەوەد دەوڵەت بە ڕابەرايەتى ئەمەريكا شەڕى تيرۆريانكرد، بەڵام نە داعش، نە تاڵيبان و نە قاعيدە لەو وڵاتە لەناو نەچوون و ئەو دەيان مليار دۆلارەش، كە لە سوپا و حكومەتى كابوڵ خەرجكرا، نەك نەيتوانى ڕيفۆڕم و چاكسازى لەو وڵاتە بكات، بەڵكو بەرگەى يەك هەفتە هێرشى تاڵيبانى نەگرت، خۆ گەر ئەمە لە عێراق دووبارە ببێتەوە، وەكو ڕووداوەكانى (2014) حكومەت بەرگەى ئەو هێرشانە ناگرێت.  ڕوسيا، چۆن دەيەوێت بە ناوى لێدان لە داعش پەل بهاوێژێتە ئەفغانستان و توركياش بە ناوى پاراستنى فرۆكەخانەى كابوڵ و كۆنسوڵگەرييەكان خۆى بخزێنێتە ئەو وڵاتە و هەوڵەكانى ئێران بۆ پێكهاتنى گروپى ميليشيايى چەكدارى ئەفغانى لە ناوچە شيعەنشينەكان، كە لە پێنج هەزار چەكدار پێكدێت.  واتا ئێستا دوو زلهێزى ناوچەيى توركيا و ئێران، وەكو پاشماوەى دوو ئيمپراتۆريەتى عوسمانى و سەفەوى، دوو دەوڵەتى زلهێز، جيا لەوەى پەلدەهاوێژن بۆ هەموو ئەو بۆشاييە سياسييەى لە ناوچەكە دروستبوە، بۆ نمونە دەخالەتى توركيا لە (ليبيا و ئاوەكانى دەرياى سپى ناوەڕاست لە سۆماڵ، عێراق، ئەفغانستان، ئازەربايجان، سوريا، قوبرس و هەرێمى كوردستان) و ئێرانيش لە (يەمەن، لوبنان، سوريا، هەرێمى كوردستان، عێراق، ئەفغانستان، بەحرێن و ئەرمەنستان)، دەخالەتى توركياش لە ئەفغانستان، پاش گەڕانەوەى جەنەڕاڵ عەبدولڕەشيد دۆستەم، كە لە توركيا هێزەكەى ڕاهێنانى پێدەكرا و كوڕەكەشى لەوێ كۆلێژى سەربازى تەواو كرد، ئاماژەيەكە كە توركيا وەكو دەيەى نەوەدەكان بێ لايەن نامێنێت لە قەيرانەكانى ئەفغانستان و دەخالەتى جددى دەكات، گەر لە ئەفغانستان وەها دەخالەتێك دەكات، ئەى لە پاش كشانەوەى ئەمەريكا، چ ڕۆڵ و نەخشى دەبێت لە عێراق و هەرێمى كوردستاندا؟  ئەم چيرۆكە بۆ ئەوەيە، بڵێم "ئايا واشنتۆن بە نيازە لە عێراقيش بكشێتەوە؟"، واتا دووبارەبوونەوەى هەمان سيناريۆ و گۆڕانكارييە، گەر وابێت، ئايا تەنها لە باشوور و ناوەڕاست دەكشێتەوە، يان لە كوردستانيش؟ ئەگەر لە هەرێم و عێراق كشايەوە، چى ڕوودەدات؟ يان بە تەنها لە هەرێم مايەوە، ئاكامەكەى چى دەبێت؟ كشانەوەى ئەمەريكا لە عێراق و كوردستان، كاريگەرييە نێگەتيڤەكانى چەند هێندەى ئەفغانستان دەبێت؟ بەو دەليلەى بەغدا و هەولێر جيا لە بوونى ململانێى سەخت و دژوارى مێژوويى و ئيتينى، ناوەند، هەرێم بە مەترسى جددى دەناسێت.  كشانەوەى ئەمەريكا لە ئەفغانستان، ڕەنگە مسجێك بێت بۆ عێراقيش، كە لە ئەگەرى كشانەوەى هێزەكانى داعش، دەتوانێ ببێتە ميراتگرى حەشدى شەعبى سەر بە ئێران، ئەوە لە كاتێكدا واشنتۆن هاوشێوەى حكومەتەكەى غەنى ئەشرەف لە ئەفغانستان، بێ هيوا بوە لە حكومەتەكەى كازمى و حەشدى شەعبى لە عێراق.  ئەوەى مەترسى پلە يەكى ئەم ڕووداوەيە، ئەوەيە دەخالەت و هەيمەنەى سياسى و ئابورى و موخابەراتى تاران و ئەنكەرە لە عێراق و كوردستان هێندە بەهێزە، بە تايبەت ڕۆڵى تاران لە عێراقدا، بە پلەى يەكەم دێت لە ئێستاى وجودى ئەمەريكا و هێزەكانى هاوپەيمانانيش، چ بگات بە كشانەوەيان، كە ڕێك عێراق و هەرێم دەكاتە پاروويەكى چەورى ئاسان، بە تايبەتى كە زۆرتر مەترسى لەسەر هەرێم دروستدەكات، بەو پێيەى هەرێمێكە، كە بەغدا هەم نەيارييەتى و هەم عێراق، ئێران و توركياش دەيانەوێت بيخەنەوە سەر عێراق و لەو مەترسييە نەجاتييان ببێت، كە بە ناچارى لە هەلومەرجێكى بابەتى و ناوچەيى و جيهانى، دواى جەنگى سارد و شەڕى كەنداو بە ناچارى قبوڵيانكرد لە پاش ڕووخانى بەعسيش لە (2003) ديسان قبوڵيانكردەوە، بەڵام هەميشە لەو هەوڵى شكستپێهێنانى دابوون، كە بە هەڕەشەى دەزانن.  لە حاڵەتى كشانەوەى واشنتۆن، توركيا دەيەوێت پەلامارى موسڵ و تەنانەت كەركوك و ئێرانيش باقييەكەى بدات، ئەگەرچى لە ڕواڵەتدا هەر ئێستاش ڕۆڵ و دەخالەتى ئەوان كەم نييە و لە هەموو پرسە سياسييەكاندا ئەوانە دەخالەت دەكەن و بڕيار دەدەن.  پرسيارى گرنگ ئەوەيە، ديسان بۆچى واشنتۆن لە عێراق پاشەكشە دەكات؟ هۆكارى شكستى سياسى و سەربازييەتى؟ يان بێ ئومێدبوونييەتى لە عێراق و فشارەكانى ئێرانە لەسەرى، كە پەلامار دەدرێت و مەترسى لەسەر دروستدەكرێت؟ ئايا دەيەوێت عێراق بە قۆناغى فەوزا و شەڕى نێوان شيعە و سوننە و كورد تێپەڕێت، يان ببێتە مەيدانى ململانێى ئەنكەرە و تاران و ئەو مەسجە بدات؟ ئێمە هەوڵى زۆرماندا لەگەڵيان و بێ ئاكام بوو، بۆيە خۆتان دەبێت بەرپرسيارێتى ئەو قۆناغە هەڵبگرن.  ئەوەى كە زۆرتر و زياتر دەبێتە قوربانى ئەم بارودۆخە ناهەموارە، ڕەنگە هەرێمى كوردستان بێت، چ ئەوەى توركيا، جيا لەوەى چاوى لە موسڵ و كەركوكە، دەيەوێت كامپى مەخموور و بنكەكانى شەنگاڵى (يەبەشە) ڕابماڵێت و سنورەكانى نێوان ڕۆژئاوا و باشور و باكور لە دژى نەيارەكانى كۆنتڕۆڵ بكات.  قسەكانى ئەم دواييەى سلێمان سۆليۆ - وەزيرى ناوخۆيى توركيا لە شێرناخ كە وتى: بەمزووانە بە پێ دەچينە سوريا و عێراق و سڵاو دەنێرين بۆ براكانمان لە ليبيا، مانا و دەلالەتى زۆرى هەيە، كە هێشتا هەوڵى گەڕانەوەى ئەو ناوچانە دەدەن، بۆ ژێر دەسەڵاتى خۆيان، چونكە پێيانوايە شەنگاڵ نەك خاڵى پەڕينەوەى گەريلايە لە نێوان هەرێم و قەنديل و پێكەوە بەستنى لەگەڵ ڕۆژئاوا و هێزەكانى سورياى ديموكرات، بەڵكو خاڵێكى جەوهەرى و گرنگە لە پێكەوە بەستنى تاران بە باشورى لوبنان تا بەندەرى لازقييە لە سوريا، كە ئەنكەرە هيچ گومانى لەوەدا نييە، تاران پشتيوانى لە پەكەكە و هێزەكانى سورياى ديموكراتيش دەكات.  واتا لەم كێبڕكێ و ململانێيە سياسى و ئاڵۆزەى ناوچەكە بە تايبەت عێراق، هێشتا هەژموون و هەيمەنەى ئێران چەند هێندەى توركيايە، بەو دەليلەى هەم شيعە لە عێراقدا باڵادەستە، هەم ئێران مەيلى زۆرێك لە كوردەكانى باكور و سووننەكانى ناوەڕاستى عێراقى بۆ خۆى مسۆگەر كردوە، لە هەر پاشەكشەيەكى ئەمەريكا لە عێراق، ئێران باشتر لە لوبنان لەلايەن حزبوڵڵاوە، باشتر لە يەمەن لەلايەن حوسييەكان، باشتر لە ئەفغانستان ئيحتيواى دەكات و دەيخاتە سەر هيلالى شيعى و حەشدى شەعبيش دەكاتە هاوشێوەى حزبوڵڵا، بەمشێوەيە مەترسى داعشيش، كە هاوشێوەى تاڵيبان مەترسيدارە، نەك هەر مەترسييە لەسەر بەغدا و هەولێر، بەڵكو مەترسييە لەسەر هەژموون و هەيمەنەى ئێران، لەلايەكى ترەوە جيا لەوانە كۆتايى بە ڕۆڵى ئۆپۆزيسيۆنى ئێرانى و بە تايبەت كوردەكان دەهێنێت و بۆ توركياش ناوچەكە ئاوەڵاتر دەبێت بۆ دەرپەڕاندنى پەكەكە لە قەنديل، دواجاريش دوور نييە هەردووكيان لەسەر دابەشكردنى ناوچەى نفوز و هەژموونى خۆيان ڕێك نەكەون، كە بەشى ئەكسەرييەتى لەسەر پاشەكشەى ئەزموونى باشور و ڕۆژئاوا و تێكشكاندنى پەكەكە و ئۆپۆزيسيۆنى كوردى ئێرانە.  واتا پاشەكشەى ئەمەريكا لە عێراق و هەرێم، خەونێكە ئەنكەرە و تاران لە مێژە بە دواى هەل و دەرفەتێكى وەهادا دەگەڕێن، كە دڵنيام عێراق لەوەى ئێستا وێرانتر و هەرێميش تووشى گرفت دەبێت، كە هيوادارم هەرگيز ئەمە ڕوونەدات.  واتا كشانەوەى ئەمەريكا، قەيرانى زۆر و زەوەندى ئانى و خێرا بە دواى خۆييدا دەهێنێت، كە ديار نييە سيناريۆى دواترى وێرانى و فەوازى زۆرتر بێت و كورديش يەكێكە لە قوربانييەكان، يان بەو بيانووەوە خەريكى داڕشتنەوەى نەخشەيەكى نوێيە بۆ ناوچەكە، كە ڕەنگە كورديش شوێنى تێدا بگرێت و ئەمجارە دەستكەوتێكى هەبێت.  بەڵام لە هەموو حاڵێكدا، ڕووداوەكانى ئەفغانستان، تەنها ڕووداوێكى سادە نييە و هەر كەسێك قوڵ ئەو ئەگەر و ڕووداوانە نەخوێنێتەوە، بە كاريگەرييەكانى بەسەر كورديشەوە، هيچ لە وەزعى سياسى ناوچەكە تێناگات.   


کارۆخ خۆشناو   دوای کشانەوەی بەشی زۆری هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان، بزوتنەوەی تاڵیبان لە پێشڕەویەکی بێ وێنەدایە بەرەو کۆنتڕۆڵکردنی پایتەختی ئەفغانستان، لێرەدا گرنگە ئێمەی کورد چەند وانەیەک (وەک پەند و عیبڕەت) لە ڕووداوەکانی ئەفغانستان فێر ببین: 1- پشت بەخۆ بەستن: دەبێت لەم ڕاستیە تێبگەین کەوا ئەمەریکا هەتا ڕۆژی قیامەت لە هیچ وڵاتێک نامێنێتەوە، بۆیە گرنگە لە ئێستا بەدواوە هەرێمی کوردستان زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت بۆ بەهێزکردن و ڕێکخستنەوەی هەموو سێکتەر و دام و دەزگاکان، بە مانایەکی تر بەهێزکردنی ژێرخانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەقامگیری و پێگەوژیان و....هتد. 2- یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە: گرنگە هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر بکرێن، ئەویش لە پێناو دروستکردنی هێزێکی پێشمەرگەی نیشتیمانی، دوور لە دەستی کارەکتەرە حیزبیەکان، واتە بەهێزترکردنی ژێرخانی ئەمن و ئاسایشی کوردستان. 3- بەردەوام بوونی لەسەر پڕۆسەی چاکسازی: گرنگە لە ئێستا و داهاتووشدا پڕۆسەی چاکسازی بەردەوام بێت، ئەویش بە ئامانجی نەهێشتنی گەندەڵی لە هەموو سێکتەرەکاندا. 4- بەهێزترکردنی پردی پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات: ئەمەش لە ڕێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و بە دیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی زیاتر ئەنجام دەدرێت. 5- پەلەکردن لە نوسینەوەی دەستورێکی هاوچەرخ: پەلەکردن لە نوسینەوەی دەستورێکی هاوچەرخ بە مەبەستی زیاتر بەهێزکردنی دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان. ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کەوا (دیموکراتەکان و کۆماریەکان) گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کەوا نابێت ئەمەریکا چیتر (شەڕە بێ کۆتاکان) بکات و باج و خوێنی سەربازانی ئەمەریکا بەفیڕۆ بدات، هەروەک سەرۆکی ئەمەریکا (جۆ بایدن) لە بارەی ئەفغانستانەوە گووتی: ''دەبێ ئەوان شەڕ بۆ خۆیان بکەن''، ئەو قسەیەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەفغانییەکان واتە پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ هیچ وڵات و هەرێمێک هەتاهەتایی نییە، بۆیە ئەگەر وڵاتێک یان هەرێمێک نەتوانی بەرگری لە خۆی بکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە هیج کەس و وڵاتێک ئامادە نییە بۆ ئەبەد بەرگری لێ بکات، ئەم ڕاستیەی سەرەوە سادەترین وانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. لە کۆتاییدا پێموایە بە گوێرەی دەرەنجامەکانی دایەلۆگی ستراتیژی نێوان (عێڕاق و ئەمەریکا) ڕێگای تێناچێت ئەمەریکا هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێڕاق دووبارە بکاتەوە، چونکە بارودۆخی (خودی و بابەتی) نێوان عێڕاق و ئەفغانستان جیاوازن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک خاڵی هاوبەش و لێکچووش هەن لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا، بۆیە گرنگە ئێمەی کورد (سود و پەند و عیبڕەت) لە بارودۆخی ئەفغانستان وەربگرین و هەوڵبدەین کەم و کوڕیەکانمان چارەسەر بکەین و خۆمان بۆ هەموو ئەگەر و سیناریۆکان ئامادە بکەین.   


پەیڕەو ئەنوەر پێناچێت کابوول بکەوێت! بەتایبەت کاتێک ئەمەریکا بڕیاردەدات ٥٠٠٠ سەرباز بنێرێتەوە بۆ راگرتنی کابوول. ئەڤغانستان زیاتر لە ٤٠ ساڵە وەک کۆمەڵگەی دوای جەنگ و ململانێ Post Conflict Society دەردەکەوێت. سەرەتا سۆڤیەت لە جەنگی سارددا دەیکات بە مەیدانی جەنگ. دواتر تاڵیبان! لەکۆتاییدا ئەمەریکا دەیەوێت لەڕووی سیاسییەوە مۆدێرنی بکاتەوە. تا ئەم چرکە ساتە چەکدارانی تاڵیبان لەهەموو گۆشە و لایەکەوە لە پێشڕەوی، هێرشکردن و گلدانەوەی پانتاییدان. ئەم لاوازبوونەوەی حکومەتی ئەڤغانستان چەندین مانا دەبەخشن! گرنگترینیان: ١-بنیاتنانەوەی ئەڤغانستان لەناوخۆ خەیاڵ و فووتێکردنێکی گەورە بوو. ئەمەریکا و هاوپەیمانان پاڵنەربوون بۆ بنیاتنان، رێکخستنی کۆمەڵگە و پەیوەندیکردن بە دۆخی مەدەنیبوونەوە! وێنەکە لای حکومەتی ئەڤغانی شتێکی تر بوو. هیچ ویستێک نەبوو بۆ چوونە نێو ئەوم پڕۆژەوە! کایەی سوپا و سەربازی باشترین نموونەیە بۆ تێگەیشتن لەم پڕۆسەیە. ٣٠٠٠٠٠ سەرباز وەک ناو و موچە لەسەر کاغەز ئامادەیە بەڵام سەربازی فیزیکی و لەمەیدان کەمینەیەکی زۆر کەمن. ئەم دۆخە لە دەوڵەتی کرێخۆردا بووە بە دیاردە. عیراق بەهەمان مۆدێڵ رۆژانە سەربازی سەر کاغەز بەرهەمدەهێنێت.  ٢-نەتوانرا دەوڵەتسازی Building State و ناسنامە سەربخرێت لەو وڵاتەدا. هیچ گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نەیتوانی دۆخی مەدەنیبوون بێنێتەکایەوە. وەک تۆماس هۆبس دەڵێت<مرۆڤ گورگی مرۆڤە> هەموو گڕووپەکانی ئەڤغانستان هەڵگری ناسنامە و چوارچیوەی فکری جیاوازن و لەکاتی گەیشتن بەدەسەڵاتدا دەبن بە گورگی یەکتر. هەوڵدرا لەسەرەوە دیمۆکراسی بنیاتبنرێت، لەسەر ئاستی سندوق و فۆڕمی دەنگدان بەبێ بیرکردنەوە لە فەرهەنگی دیمۆکراسی! لەماوەی ٢٠ ساڵدا دەکرێت لەدامێنی کۆمەڵگەوە فەرهەنگێک دروست بکەیت دوو تیمی فوتبۆڵ بەشێوەیەکی دیمۆکراسی ددان بە ناسنامەی کۆمەڵایەتی یەکتر دابنێن. مەودای نێوان ئەڤغانستان و ئەمەریکا چەند کاتژمێرێکە بەڵام لەڕووی فەرهەنگی سیاسییەوە سەدان ساڵە. خەرجکردنی پارە بەتەنها لەسەرباز بەبێ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان سەرباز و کایەی مەدەنی ناتوانێت گەشەپیدانی سیاسی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.  ٣-فۆڕمی پەیوەندی نێوان <ناوەند و پەراوێز> گۆڕاوە. دەکرێت رۆڵ بە هێزە هەرێمییەکان بسپێردرێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشیاییەکە. کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەوە ناسراوە هەڵگری دینامیکییەت و گۆڕانی بەردەوامە، پرە لە جوڵە و رووداوی لەناکاو و تازە. چین، تورکیا و پاکاستان و چەند یاریزانێکی تر خۆیان ئامادەکردووە بۆ گەیشتن بە ئەڤغانستان بەتایبەت ئەو وڵاتە لەڕووی جیۆپۆلەتیک و چەند بوارێکی ترەوە زیندووە. چیڕۆکەکە بەرەو ئەوە دەچێت هێزە هەرێمییەکان ئاسایش و ململانێ هەرێمییەکان بەڕیوەببەن و ئەمەریکاش لەسەرووی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتییەوە پارێزگاری لە بەهاکانی بکات و نەهێڵێت لاوازتر بن و کاڵ ببنەوە. دیارە سەرباز بەلای ئەمەریکاوە چیتر ناتوانێت لەدەرەوە سیستمەکە بپارێزن! لەدیدی ئەوان شوێنی سەرباز ناوەوەی ئەمەریکایە نەک دەرەوەی.  کابوول ناکەوێت بەڵام وانەیەکی گرنگە بۆ ناوچەکە، بۆ عیراق و وڵاتانی تر بەچەندین ماناوە: مەرج نییە بەها سیاسییە نێودەوڵەتییەکان، پاڵپشتی هێزەکان، هاوسۆزی و هاوبەشبوونیان هەمیشە لەگەڵتدا بمێنێتەوە و راگری پایەکانی سیستمە ناوەکییەکە بن. جیهان لەگۆڕاندایە، بازاڕ و بنەمای جیۆپۆلەتیکی لەگۆڕاندان. پێگە و ناسنامە بۆ هەموو کیانێکی سیاسی لە کارلێکە سیاسییەکانی دێت! چۆن دەزگاکانت دروستدەکەیت، فۆڕمیان پێدەبەخشیت، مانا و ئەرکیان پێدەسپێریت و دواتر بەرگری لە مانەوە و دیمۆکراسیبوونی و ئۆتۆنۆمبوونیان دەکەیت. کابول نەیتوانی ئەم ئەزموونە بۆ خۆی گلبداتەوە، ناتوانێت خۆی رابگرێت لەبەرامبەر تاڵیبان. دیارە تاڵیبان ئەمڕۆ خۆی کراوەتر پیشاندەدات. دوور لە رادیکاڵیەت! گوایە ئێستا خۆی تازەکردۆتەوە و رێز لە مافی پێکهاتە و ژن و تۆلیرانس دەگرێت و گوێگرتن لە میوزیک ئاساییە. ئەڤغناستان بەرەو ئەوە دەچێت وەک دوو یەکە، سیستم و ناوەندی سیاسی لەیەک وڵاتدا دەربکەوێت بەردەوام لە قۆناغی جەنگ و پێکدادان بمێنێتەوە.


سه‌ردار عه‌زیز هەوڵ ئەدەم بە شێوازی مەلزمە، ئەم ڕوداوە ڕاڤە بکەم. پرسیارو وەڵامی کورت بۆچی ئەمریکا کشایەوە؟ نزیکەی ١٠ ساڵە کەس لە واشنتۆن باوەڕی بە ئەوە نەماوە لە ئەفگانستان هیچ بەرەوپێشچونێک بێتە ئاراوە، ئەمریکا زیاتر لە ٨٠ بلیون دۆلاری تیادا سەرفکرد. بەڵام وەک عێراق توێژێکی گەندەڵ لێی سودمەندبون. بۆچی تالیبان وەها بە خێرایی هاتنەوە؟ تالیبان لە گوندەکاندا بونیان هەبوو. حکومەت لە شار. هەرگیز تەواو نەبوون. پۆلیس و سەرباز چەند مانگ بوو موچەیان وەرنەگرتبوو. بۆیە وتیان شەڕ بۆ ئەشرەفخان ناکەین. لە کاتێکدا هەموو توانایەکیان هەبوو. کەواتە بونیادی سوپا تەنها چەک و ڕاهێنان نیە. ئایا بایدن چ قازانجێکی لێدەکات؟ خێراترین دەستکەوت ئەوەیە کە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی میدتێرمدا بە خەڵک بڵێت، جەنگی ناکۆتام کۆتایی پێهێنا. ئەمە خواستێکی گشتی خەڵکی ئەمریکایە. لە مەودوا کە سەردەمی تاک جەمسەریی تەواوبوو، دەبێت بە ووردی ئاگامان لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتە زلهێزەکان بێت. ئایا پاکستان چ ڕۆڵێکی هەبوو؟ پاکستان و تالیبان دۆستن. بەڵام پرسەکە لە جێگایەکی ترە. هیند هەوڵی دەدا لە ڕێگای بەندەری چابەهاری ئێرانییەوە دەستی بگاتە ئەفگانستان، ئەم پرۆژەیە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانی لێدەکرا. بەندەری چابەهار تەنها ٧٦ کم لە گواداری پاکستانییەوە دوورە. بەندەری گوادار پرۆژەی چین و پاکستانە لە دەریای عەرەبی و زەریای هیندی. هیند دەیویست پاکستان دابڕێت و ڕێگرێک بۆ پرۆژەی پشتێنە و ڕێگای چین دروست بکات. بە هاتنی تالیبانی دۆستی پاکستان ئەم پرۆژەیە وەستا. ئێستا تورکیا دەیەوێت بە هاوکاری پاکستان لە ناوچەکە ڕۆڵی هەبێت. ئایا کێ زەرەرمەندە؟ ئەگەر تالیبان دەستاودەست نەکەن وەک پەیمانیان بە قەتەرییەکان داوە، ئەوا دەکەونە ژێر ئابلۆقە. لە کاتێکی وەهادا دەبنە کێشە بۆ ناوچەکە و دەروبەری. هەندێک دەڵێن ئێران و چین زیانمەند دەبن، ئەگەر تالیبان هەزارە بچەوسێنێتەوە، ئایا ئێران بێدەنگ دەبێت؟ بەڵام بێگومان وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت سود لە تالیبان وەربگرن بۆ فشار لە سەر ئێران. ئەوەی لە ڕێگای داعشەوە لە عێراق بۆیان نەکرا. چ وانەیەکی تیایە بۆ ئێمە؟ کەوتنی کابول دەیان وانەی بە نرخی تیادایە لە هونەری حوکمڕانی. وەک کورد ئەفغانەکان مودموین بوو بن لە سەر پشتیوانی دەرەکی. گەندەڵی بەرفراوان بوو. شەرعیەت نەبوو. حکومەت لە خەڵک دابڕابوو. ئایا ئەمریکا تاوانبارە؟ هەندێک دەڵێن نەدەبوو بایدن بڕوات. هەندێکی تر دەڵێن هەرکەی ئەمریکا بڕۆشتایە ئەمەی ڕویدەدا، ناشکرێت بۆ هەتا هەتایە ئەمریکا لەوێ بێت. چی گرنگە؟ گرنگترین وانە کاتە. ڕەنگە لە کات و سەردەمێکدا ببیتە جێگای بایەخ. لەوە دڵنیابە بۆ هەتا هەتایی نیە. ئەگەر ئەو هەلە لە دەست بدەیت ئەستەمە بۆت بگەڕێتەوە.


عادل باخەوان لە دوو رۆژی ڕابوردودا دەیان پرسیارم لە بارەی ئەو بابەتانەی سەرەوە لێکراوە و چەندین هاوڕێی ڕۆژنامەنووس پەیوەندیان کردوە و بۆچونی منیان لەو بارەیەوە دقواکردوە. پاش سوپاسکردنیان من لەم خاڵانەی خوارەوەدا و بەکورتی و بەم شێوەیەەی خوارەوە بۆچونەکانی خۆم لەسەر ئەو بابەتانە دەردەبڕم و لە کاتێکی گونجاودا بەرنامەیەکی تایبەتیان لەگەڵ کەناڵێکدا بۆ تەرخاندەکەم. 1. هەموو ئەو تێزانەی کە پێیانوایە گۆڕینی گروپێک لە دەسەڵاتدا بە گروپێکی دیکە، گەرەنتی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نوێ بەدەستەوە دەدات تەواو دورە لە واقیعەوە. لابردنی تالیبان لە دەسەڵاتدا لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە و نیشتەجێکردنی گروپێکی دیکە، هیچ کاراییەکی ئەوتۆی لەسەر بیناکردنی کۆمەڵگایەکی نوێ لە ئەفغانستاندا نەبوو، بەپێچەوانەوە، بیست ساڵ دواتر، تالیبان بەو پەڕی هێزەوە دەگەڕێتەوە بۆ کابول، چونکە هیچ هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا، وەک تالیبان گوزارشت لە واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوری ئەفغانیەکان ناکات. تالیبان میوان نین، بەڵکو لە ماڵی خۆیاندان.  کۆمەڵگا لە مێژویەکی دروستدەبێت و لەمێژویەکیشدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت، نەک بە دەساڵ و بیست ساڵ. 2. ئایا ئەوەی کە لە ئەفغانستاندا ڕویداوە، ئەکرێ لە عێراقدا دوبارە ببێتەوە ؟ نەخێر، چونکە لە عێراقدا هێزێکی سەرتاسەری نیشتمانی وەک تالیبان بوونی نیە کە بتوانێت تەواوی نیشتمان کۆنترۆڵبکات. لە گریمانەی کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراقدا، ئەو ئەگەرەی کە زۆر بەهێزە و دەکرێت خۆی بەدیبێنێت، هەڵوەشانەوەی عێراقە. ئەوەی کە یەکێتی خاکی عێراقی لە ٢٠٠٣ وە تائێستا پاراستوە، ئەمەریکا و ئێرانن، بەبێ شەریکایەتی تاران و واشنتۆن، هیچ هێزێک نیە عێراق لە هەڵوەشانەوە بپارێزێت، بە داعش و حەشدی شەعبیشەوە. 3. مانەوەی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢ وە تا ئێستا هیچ پەیوەندی بەوەوەنیە کە ئابوریەکی بەهێز، سوپایەکی بەهێز، کۆدەنگیەکی بەهێز، دەستورێکی بەهێز، کێڵگەیەکی سیاسی بەهێزی هەیە، چونکە هەموومان دەزانین کە هەرێم هیچ یەکێک لەمانەی نیە. ئەوەی کە هەرێمی تا ئێستا هێشتوەتەوە تەنها و تەنها خواستی دەوڵەتانی سیستمی جیهانی و بەشێک لە دەوڵەتانی سیستمی هەرێمایەتیە. ئایا ئەمە وەک گەرەنتی بەسە بۆ مانەوە لەسەر ئاستی دوورە مەودا ؟ بێگومان نەخێر. باشترین بەڵگەش ئەفغانستانە. ڕاستە لە ئێستا و ئێرەدا هیچ ئاماژەیەک نیە بەوەی کە دەوڵەتانی سیستمی جیهانی پشت لە هەرێم بکەن، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە هەر وەک چۆن لە نێو دۆخێکی تایبەتدا دا دروستدەکرێت، ئاواش ئەکرێ لەنێو دۆخێکی دیکەدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت. 4. کۆتایی وەهەم ! کاتی ئەوە هاتوە کە ڕۆشنبیرە ئەفغانیەکان و عێراقیەکان و کوردەکان تێبگەن لەوەی کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا پرسێکی جددیان بەناوی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی و دەوڵەتی یاسا و چوونە نێو مۆدێرنیتێ بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە و ئەو دەستەبژێرانەی کە پێیانوایە سەفارەتەکان و قونسولیەکان لە هەولێر و بەغداد و کابوول فریادڕەسیانن، لە دەریایەک لە هەڵەدا نوقمبوون. ئەم دەوڵەتانە تەنانەت تالیبان و سیستمەکەیشی قبوڵدەکەن، بەمەرجێک تالیبان گەرەنتی وەڵامی پرسیاری ئاسایش و سەقامگیریی بداتەوە، ئیتر بەهەر ڕێگایەک بێت. 5. یەکێک لە پرسیارە کوشندەکانی ئەمەریکیەکان لە ئێستا و ئێرەدا بریتیە لە پرسی ڕێگرتن لە بەهێزبوونی داعش لە ئەفغانستاندا و ئەمەریکیەکان گەشتونەتە ئەو قەناعەتەی کە تاکە هێزێک بتوانێت کە ڕێگری لە داعش لە ئەفغانستاندا بکات بزوتنەوەی تالیبانە ! ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە وادەکات لە واشنتۆن کە بزوتنەوەی تالیبان وەک شەریکێک لە جەنگی دژ بە داعشدا قبوڵبکات. ڕێک وەک قبوڵکردنی حەشدی شەعبی وەک شەریک کاتێک کە جەنگی دژ بە داعشی دەکرد. ئەمەریکا پرانسیپی نیە، بەرژەوەندی هەیە. بەپێی یاسای ئەمەریکی، پارتی کرێکارانی کوردستان گروپێکی تیرۆریستە، بەڵام لە سوریادا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات ! ئەمە لە عێراقیشدا ڕاستە و پێوسیتە عێراقیەکان و کوردەکان وەک پێویست لەم پەیامە بگەن.


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)  لە سەرەتاکانی سەدەی ھەڤدەھەمەوە تۆماس ھۆبز کاتێک باس لە ھێز و دەسەڵات ئەکات لەو ڕاستییە سادەیە ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەسەڵات لە سەروەت و سامان دەچێت. سەروەت و سامان چەند زیادبێت ھێشتا دەیەوێت زۆرتر و زیاتربێت. لای ھۆبز لۆژیکی ناوەکیی دەسەڵات وەک لۆژیکی پارە لۆژیکێکە بەردەوام دەیەوێت بەھێزتر و گەورەتر بێت، مەگەر ڕووی بە دەسەڵاتێکی تردا بتەقێتەوە لە خۆی بەھێزتر بۆئەوەی سنوورێک بۆ حەزی ئاوسان و گەورەبوونی دابنێت. لە سەدەی نۆزدەھەمیشدا کارل مارکس باس لە لۆژیکی ناوەکیی سەرمایە دەکات و لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە سەرمایە چەند زیاتربێت و زیاتر کەڵەکە بکرێت، ئەوەندە زیاتر و زیاتر دەیەوێت زۆرتر و گەورەتربێت. بەمجۆرە ھەم لۆژیکی ھێز و ھەم لۆژیکی سەرمایە دوو لۆژیکی تەواو ترسناکن. مێژووی فیکر و فەلسەفە و بیرکردنەوەی سیاسیی ناو دونیای مۆدێرنیش ھەوڵدانێکی بەردەوامە بۆ سنووردارکردن و گەمارۆدانی ئەو دو لۆژیکە و بە عەقڵانیی و بەئینسانیکردنیانن.  ئەمڕۆ ئەم دوو لۆژیکە لە ھەرێمدا بە توندی ئامادەن و بەبێ ھیچ ڕێگر و چاودێریی و میکانیزمێک بۆ لێرسینەوە دەستبەکارن و دونیای ئێمە ڕووبەڕووی مەترسیی ھێجگار گەورە دەکەنەوە. لەم ھەرێمەدا، لەسەرێکەوە، کەڵەکەبوونێکی بەردەوام و چاودێرینەکراوی سەرمایە و دەسەڵات لە ئارادایە، کە دەرەنجامەکەی، لەسەرێکی دیکەوە، کەڵەکەبوونێکی زۆر و بەردەوامی پەژارە و ئازار و نەھامەتیی ئینسانییە. کەڵەکەبوونی سەرمایە و دەسەڵات لە دروستکردنی چەندان گەڕەکی فیرعەونیانە و چەندان کۆشکی شاھانەی ھاوشێوەی کۆشکی ئیمپراتۆرە مەستەکانی مێژوودا بەرجەستەیە، کەڵەکەبوونی پەژارە و ئازار و نەھامەتیش. لە دروستبوونی چەندان گەڕەکی بێئاو و بێخزمەتگوزاریی و بێئایندەدا ئامادەیە، کە ژمارەیەکی گەورە لە دانیشتوانەکانیان لە سادەترین مافی مرۆڤبوون و لە سەرەتایترین فۆرمی پاراستنی کەرامەت، بێبەشدەکرێن. ئەوەی ڕووئەدات دروستبوونی گەڕەکی ئیمپایەر و گەڕەکی باداوانە بەیەکەوە و لەپاڵیەکدا.  پێدەچێت لۆژیکی ئیشکردنی ئەم دوو جۆرە ناکۆکە لە کەڵەکەبوون بەدۆخێک گەیشتبێت نزیک لە لێواری تەقینەوە. ئەوانەی ڕۆژانە لەناو کارەساتەکاندا دەژین و پەژارە بە دوای پەژارەدا کەڵەکە دەکەن، خەریکە ھێدی ھێدی لە وردەکارییەکانی ئەو جیھانە ناشیرینە تێدەگەن کە بە دەوروبەریاندا دروستکراوە، ھۆشیاردەبن بەوەی لە چ ژینگەیەکی نائینسانیدا جێگیرکراون وبە چ جۆرە پەژارە و ئەگەرێکی فەوتانی سەرتاسەری، گەمارۆدراون. لەوە تێدەگەن لە ژینگەیەکدا نیشتەجێکراون بەردەوام بەرەو دواوە دەڕوات و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا تا دێت زیاتر و زیاتر جێدەمێنێت. ئەوەی دەیبینین ڕووتبوونەوە و دەرکەوتنی چۆنیەتی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکەی سەرەوە و نەبوونی ھیچ ئەگەرێکی ڕاستەقینەی دەسکاریکردن و گۆڕانکاریشە لەناو ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستەدا، مەبەستم لۆژیکی کەڵەکەبوونی ھێز و کەڵەکەبوونی سەرمایەیە. پێدەچێت ئەم ساتە ساتەوەختی ھۆشیاربوونەوەبێت بەو دۆخە نائینسانییە خنکێنەرە و گواستنەوەی ئەو ھۆشیاریەش بێت بۆ ئاستی ناڕەزاییدەربڕین.  بەڵام ڕەنگە ھەستکردن بە تەنھایی، تەنھاییەکی ڕادیکاڵ، ئەو ھەستە سەرەکییە بێت لەم ساتەدا ئەو ھۆشیارییە یاخیبووە لە چوارچێوەبدات. ئەو خانمە توڕەیە کە لەبەردەمی کامێرەکاندا بینیمان بە ئاشکرا ھاواریکرد: ”با بێن و بمکوژن و بمگرن". ئەو خانمە وەک بکەرێکی ناڕازیی لەوە ئاگادارە کە ئەگەری گرتن و کوشتن لە ئەگەرە نزیکەکانی بەردەمیەتی. گرتن و کوشتن بەشێکی ناوەکیی لۆژیکی کەڵەکەکردنی ھێز و لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایەن لە ھەرێمدا. بەڵام ئەم ھەستکردنە بە تەنھایی دەشێت وێستگەیەکی مێژوویی کاتیی بێت. دەشێت ساتەوەختی بەر لەدایکبوونی سەرەتایەکی تەواو تازەبێت بۆ پەکخستنی شێوازی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستە. مرۆڤ کە ئاوی نەبوو بیخواتەوە، سنوورێک بۆ ئازارەکانی نامێنێت.  یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی ئازاریش ئەوەیە کە نابینرێت، لە دەرەوەڕا نابینرێت، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا تەنھا ھەستیپێەکرێت و مرۆڤەکانی تر دەچنە پەیوەندیی جۆربەجۆرەوە لەگەڵیدا. ھەندێک ھەن ھەست بەو ئازارە دەکەن و لەگەڵیدا ھاوسۆز دەبن، ھەشە ئەو ئازارە ئینکار دەکەن و ھەموو ھەوڵێک بۆ داپۆشین و سڕینەوەی ئەدەن (وەک لە ھەڵوێستی موخاترەکەی گەڕەکەی باداوان لە ھەولێر بینیمان)، ھەشە گاڵتەی پێدەکات و پشتگوێی دەخات، وەک ئەو بەرپرسانەی ساڵانێکی درێژە لە دورەوە ئەو بێئاوییە دەیبینن و لەوەش بەئاگان کە ئەوان لە دروستبوون و گەورەبوونی ئەم کێشەیە بەرپرسیارن.


كارزان سه‌باح هه‌ورامی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌فغانستان هاتووه‌ كه‌ ئێستا ته‌نیا كابوڵی به‌ده‌ست حكوومه‌ته‌وه‌ ماوه‌ كه‌ ئه‌ویش ده‌كه‌وێت، ره‌نگبێت تازه‌ترین تاكتیك و په‌یامی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌  كشانه‌وه‌یان یه‌كسانه‌ به‌دۆخی ئه‌فغانستان، ئه‌م پێناسه‌یه‌ ته‌واو به‌سه‌ر عێراقیشدا دروسته‌، به‌ڵام كشانه‌وه که‌ ئه‌فغان زیاتر  له‌راده‌ستکردن ده‌چێت، دوای 20 ساڵ له‌رووداوه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ر ئه‌مه‌ باشترین ده‌رئه‌نجامی تاكتیك و پاره‌ و پلان و خوێنی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بوو به‌تایبه‌ت له‌م دوو وڵاته‌ عێراق و ئه‌فغانستان، ره‌نگبێت ئێمه‌ نه‌توانین خوێندنه‌وه‌ی ورد بۆ دۆخه‌كه‌ بكه‌ین به‌تایبه‌ت له‌ داهاتوو، چونكه‌ دیار نییه‌ پلانی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌كه‌ چییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌  ره‌نگ بێت ئه‌م جاره‌ پرسی تاڵیبان زیاتر له‌ تاكتیك بچێت، چونكه‌ شاندی باڵایان له‌ قه‌ته‌ره‌ و دانووساند ده‌كه‌ن، پێشووتریش شاندی تاڵیبان له‌ گفتووگۆدان بوون له‌گه‌ڵ واشنتۆن، ره‌نگ بێت ئه‌م جاره‌ دراوسێیه‌كی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌ بۆ ئێران و رووسیا و چین دروست بێت، ئه‌ویش (ده‌وڵه‌تی به‌ناو ئیسلامی تاڵیبانه‌)، ره‌نگه‌ دۆخه‌كه‌ وه‌ك پێش 2001 لێبێته‌وه‌ و ئه‌وێ ببێته‌ مۆڵگه‌ی تیرۆر، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ش په‌یدا بووه‌ كه‌ واقیتره‌،لێره‌دا پرسیاری زۆر دروست ده‌بێت، یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ یاریه‌كی گه‌وره‌ نه‌بێت بۆ ده‌بێت ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا قبوڵی بكات به‌شكستخواردوویی له‌ ئه‌فغانستان بێته‌ ده‌ره‌وه‌؟ و خۆیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م ره‌خنه‌ی رای گشتی و هاوپه‌یمانه‌كانیان، لێره‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌درێته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م جاره‌ تاڵیبان ده‌رسی له‌ رابردوو وه‌رگرتبێت، و بیه‌وێت یاریه‌كی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان بكات, ده‌نا چۆن رێگا به‌شاندی فه‌رمی تاڵیبان ده‌درێت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی زلهێزه‌كانی جیهان كۆببێته‌وه‌؟! له‌م لاشه‌وه‌ خه‌ریكه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌فغانستان ده‌رووخێنێت. ئێستا ترسی گه‌وره‌ دروست بووه‌ به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌فغانستان هات سیناریۆكه‌ی به‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی رێككه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا و عێراق ده‌بێت تا كۆتایی ئه‌مساڵ هێزه‌ شه‌ركه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌فغان روویدا هاوكێشه‌ی عێراقیشی پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌، ئه‌و ده‌نگه‌ به‌هێزه‌ی داوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات قۆناغ به‌ قۆناغ له‌ عێراق پاشه‌كشه‌ ده‌كات، هه‌ربۆیه‌ پێش ده‌رچونی ئه‌و هێزانه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پێشنیاری كۆنگره‌ی وڵاتانی دراوسێی عێراقی كردووه‌، كه‌ بڕیاره‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ له‌به‌غدا ئه‌نجام بدرێت، به‌شدار بوانی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ بریتین له‌ توركیا و میسر و ئه‌رده‌ن و سوریا و ئێران و ئه‌مه‌ریكا و سعودیه‌ و قه‌ته‌ر، عێراق له‌وه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ پێش ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌فغانی لێبێت، پێشووتر له‌سه‌ر پارێزگاری ئه‌م شێوه‌ به‌رێوه‌چوونه‌ی وڵات رێككه‌وتنی هه‌رێمایه‌تی بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا و ناكۆكیه‌كانی نێوان (توركیا و خلیج) و (خلیج و ئێران) و (سوریا و توركیا) بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به‌یه‌كجاری له‌نێوان ئه‌م گرفتانه‌دا هه‌ره‌س نه‌هێنێت. هه‌رچه‌نده‌ پێشنیاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ گرنگ و كاریگه‌ر بوو، به‌تایبه‌ت بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌ ده‌توانێت مانه‌وه‌شی بۆ خولی داهاتوو مسۆگه‌ربكات، به‌ڵام له‌ئه‌گه‌ری شكستی ئه‌م هه‌وڵه‌ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر عێراق به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ نه‌كات، ده‌چێته‌ به‌رده‌م دووبژارده‌ یه‌كه‌م شه‌ری ناوخۆیی، دووه‌م: دروستبوونی عێراقێكی ترسناك بۆ ناوچه‌كه‌. چونكه‌ بژارده‌ی ئه‌مه‌ریكاش له‌دژی ئێران له‌رێگای وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازیه‌وه‌، عێراقیش به‌ساغی لێی ده‌رناچێت، ئه‌مه‌ راستییه‌ بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی خوێنه‌ران كۆتایی مانگی رابردوو واشنتۆن زۆرێك له‌ گروپه‌چه‌كداره‌كانی عێراقی خسته‌ ئه‌و لیسته‌وه‌ كه‌ به‌هه‌ره‌شه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌زانێت. بابه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوار چێوه‌ی ئه‌م گۆرانكاریانه‌ گرنگه‌ و پێویستی به‌قسه‌كردنی زیاتر هه‌یه‌، سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانان كه‌ 68 ده‌وڵه‌تی جیهان له‌خۆی ده‌گرێت به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ په‌یامیان داوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ پشتیوانی له‌ هه‌رێمێكی به‌هێز و ئارام له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن، پێش كشانه‌وه‌ی هێزی شه‌ركه‌ریان پلانیان هه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ئیداره‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بكه‌ن، جارێكی دیكه‌ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ناگه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پشت تێكردنه‌ی كه‌ له‌ كوردستانیان كرد له‌ 16ی ئۆكۆتبه‌ر كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو له‌و شوێنانه‌وه‌ گه‌وره‌ترین گورز له‌ پێگه‌و باره‌گاكانی ئه‌مه‌ریكا درا، ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا دڵنیایی داوه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان كه‌ پشت له‌ هاوپه‌یمانه‌كانیان ناكه‌ن، ره‌نگ بێت بۆ رای گشتی و هاوپه‌یمانه‌كانیشیان بێت كه‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ روونه‌دات كه‌ له‌ 2017 كردیان. راسته‌ هێزی شه‌ر كه‌ری ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق نامێنێت, به‌ڵام سیاسه‌تێكی به‌هێز و دیپلۆماسیه‌تێكی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ بوونی ده‌بێت، دوای سه‌ری ساڵ ئه‌مه‌ریكا رێككه‌وتنی گه‌وره‌ی خۆی له‌بواری وزه‌ و ته‌ندروستی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بازرگانی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌خاته‌بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هه‌ولێر وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگی ناوچه‌كه‌ به‌به‌هێزی گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ی ده‌كرێت، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك ئه‌مه‌ پێویستی به‌ پلان و یه‌كگرتوویی ناوماڵی كوردستان هه‌یه‌، روویایه‌كی روون و یه‌كگرتوو بۆ قۆناغه‌كه‌ گرنگه‌، به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌ رۆڵی كورده‌وه‌ ده‌بێت كه‌ چۆن بتوانێت موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی بكات له‌به‌غدا، تائێستا كورد یاریكه‌رێكی به‌هێز نه‌بووه‌ له‌به‌غدا نه‌یتوانیوه‌ تاكیتكی نوێ بكات، سیاسه‌تكردن له‌ عێراقدا پێویستی به‌ كۆد هه‌یه‌، به‌شێكی هاوپه‌یمانییه‌، به‌شێكی هێزه‌ به‌شێكی هاوكێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌، كورد له‌نێوان ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌دا لایه‌نێكی هه‌ڵبژاردبوو كه‌ ئه‌ویش نه‌یده‌توانی به‌ته‌نیا دۆخه‌كه‌ بگۆرێت، بۆیه‌ ئه‌م جاره‌ ده‌بێت له‌رێگای هاوپه‌یمانی زۆرینه‌وه‌ی كورد بچێته‌وه‌ ناو بریاره‌كانی عێراق و رۆڵی هه‌بێت له‌ دانان و یه‌كلا كردنه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ی له‌رابردوو كراوه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.


کاروان عەلی شامار دوای زیاتر لە مانگێک بەسەر پلانگێڕی ٨ی تەمووزدا، وردە وردە کاردانەوەکان لەدژی پیلانگێڕیەکە دەردەکەون، خەریکە بەرچاوی یەکێتیەکان روناک بوەتەوە لەوەی کەهەڵسەنگاندنێک بۆ پیلانگێڕیەکە بکەن و زیانەکانی بژمێرن. ئێستا دەتوانین بڵێین دۆخی سیاسی یەکێتیی رۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپ بوون دەڕوات و تارماییەک بەسەر مێژوی ئەم هێزەدا باڵی کێشاوە، بەجۆرێک کە نەیارانیش خۆزگەی پێ ناخوازن، ئەم حزبە گەرچی سوڵتەیە، بەڵام جەماوەر بەجۆرێک لێی تەکیونەتەوە کەمێژوی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی یەکێتیەکانی خستوەتە مەترسیەوە. دابڕانێک لەنێوان پیلانگێڕەکان و جەماوەردا دروستبوە لەمێژوی یەکێتیدا وێنەی نەبووە. یەکێتی لەرابردوودا ھێزێکی گەورەو یەکلاکەرەوە بوو، ھەرچی ململانێکان بوون لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفە چێ کرابوو، ئەم فاکتەش یەکێتیی کردبوو بە نمرە یەک و بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشەکردندا بوو، جیاواز لە حیزبە سیاسیەکانی تر نموونەیەکی جوان و پرشنگداری پێشکەش دەکرد، وەلێ ھەنوکە ململانێکان لە پێناوی دەسەڵات و پارەدایە، بۆیە گەر دۆخی (ی ن ک)، بەمجۆرە بەردەوام بێ و پەنا نەبرێتە بەر ڕێگەچارەیەکی خێراو ژیرانە، ئەوا دور نییە ئەو حزبە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا گورزێکی گەورە و کوشندەی بەرکەوێ و لەلێواری شکست ھەڵوەرین نزیک بێتەوە، ئەمە فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو واقعێکە کە دێتەدی. لێرەدا بە چەند خاڵێک باس لەو مەترسیانە دەکەین کە لە دوای ٨ی تەموزەوە رووبەرووی خەڵکی سلێمانی و یەکێتی و کادیرانی حزبەکە بونەتەوە: ١. لە دوای ٨ی تەمووزەوە، خەڵکی سلێمانی لەژێر فشار و ھەرەشەی حوکمی سەربازیدایەو لە نا ئارامیدا ژیان بەڕێدەکەن، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و جوڵەی بازار و ژیانی کاسپکاران رووبەڕووی ھەڕەشەی جدی بونەتەوە. ٢. ئازادی ڕادەڕبرین سنوردارکراوەو لەھەندێک لە دامودەزگاکاندا ژوری ھەواڵگری تایبەت دروست کراوە بۆ ناسینەوەو لێپرسینەوەو سزادانی ئەو کەسانەی کە دڵخوازی عەرابەکانی پلانگێڕییەکە نین و تەسلیم بە ئیرادەیان نابن. ٣. رەشبگیری و ھەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵکی و دەرکردن و بڕینی قوتی دڵسۆزانی مام، ئەمە سەرباری کۆچی پەیتا پەیتای گەنجان لە شارە جیاوازەکانی ھەرێم و بەتایبەت زۆنی سەوز بۆ ھەندەران کە بەرێژەکی بەرچاو زیادی کردووە. ٤. ھێنان و بڵاوکردنەوەی ھێزێکی زۆری ھەواڵگری و سەربازی لە نەیارانی یەکێتیی بە نێو شاری سلێمانیدا لەم ماوەیەشدا جموجۆڵی ئەم ھێزانە زیادیان کردوە و لە ھەوڵی تیرۆر و دەست بەسەراگرتنی ئەو فیگەرانەن کە بەمەترسی و نەیاری خۆیانی دەزانن. ٥. ھەوڵدان بۆ دروستکردن و داتاشینی کەیسی بێ بنەماو جۆراو جۆر بۆ تەسفیەکردنی تێکۆشەران و یەکێتیی راستەقینەکان لە شاری سلێمانی. ٦. ھێزە ئیقلیمیەکانیش لە ھەوڵدان چەندین بنکەو بارەگای سەربازی ھاوشێوەی ھەولێر و دھۆک لە شاری سلێمانی بکەنەوە، بۆ کپکردن و تەسفیەکردنی بەرخودان و خەباتی کوردانی پارچەکانی تر کە پێشتر سلێمانی وەک پەناگەو سەرمەشقی خەباتی رزگاریخوازیان بووە، لە کاتێکدا لە ماوەکانی رابردوودا ھەرگیز جورئەتی ئەو کارەیان نەبووە. ٧. دابرینی ماڵی مام جەلال لە جەماوەر و بەشێک لە خەڵکانی دڵسۆزی یەکێتیی و دەرەوەی یەکێتیی لەوانەش (ئازادیخوان و رۆشنبیران و نوسەران و گەنجان و لاوان و وڵاتپارێزان و... ھتر). ٨. ھێنانە پێشەوەی مۆدیلێکی نوێی سیاسی (کودەتا)، کە ھیچ کات لەگەڵ پایەکانی دیموکراتیدا ناگونجێ و تەنھا لە وڵاتە دواکەوتوو دیکتاتۆرەکاندا رەواجی ھەیە. ٩. شێواندنی مێژووی سیاسی حیزبی شەھیدان و دروست کردنی خەوش و نەنگی لەسەر چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال. ١٠. بەردەوامی ئەم پلانگرییە دەبێتە ھۆی لەناوبردنی ھێلی نەتەوەیی و مێژوویی، کە لە سلێمانیەوە سەری ھەڵداوە و پاشان بۆ شارەکانی تر گواستراوەتەوە. ١١. پاشەکشەی شاری سلێمانی لە رووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوری و رۆشنبیریەوە، پێشتر ئەو پارێزگایە سەرمەشق و نمونەیەکی جوانی خانەخوێی کوردانی ھەرچوار پارچە بووە لەسەر ئاستی ھەرێم و ئیقلیمیدا. ١٢. پاشەکشەی جەماوەری یەکێتی و شەرعیەتدان بە بەردەوامی لاسەنگی ھێز و رێخۆشکردن بۆ دروستبوونی تاک حیزبی دەسەڵاتدارو دیکتاتۆر لە ناوچەکەدا. ١٣. شەرعیەتدان بە قاچاخچێتی و ھێنانی شمەک و کاڵای بەسەرچوو لەرێگەی دەروازە سنورییەکان چەن ھێندە زیادی کردوە بەتایبەت لە دوای ناردنی ھێز بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان. خولاصە، هەموو ئەم خاڵانەی خرانەروو بەشێکن لەو مەترسیانەی دوای ٨ تەمووز، کە ئەگەر بەزوویی چارەسەر نەکرێ و کۆتاییان پێ نەهێندرێت، نە یەکێتیی وەک حزب و نە سلێمانیش وەک پارێزگا شکۆیان دەمێنێت، وە هیچ شتێکیش نامێنێت کە یەکێتییەکان و هاوڵاتیان لەم سنورەدا شانازیی پێوەبکەن.


عەبدولڕەحمان راشید- رۆژنامەی شەرقولئەوسەت وەرگێرانی: فازل حەمەڕەفعەت باوەڕوایە رژێمی ئەفغانستان وەكو ئەوەی ئەمڕۆ دەیزانین، بەر لە كۆتایی ساڵ بە حكومەت‌و پەرلەمان‌و سیاسەتەكانییەوە كۆتایی بێت، رەنگە بەر لەم وادەیەش، سوپای ئەمریكا‌و وڵاتانی هاوپەیمان هەمویان كشاونەتەوەو كۆتاییان بە ماوەی 20 ساڵ بوونی سەربازی خۆیان هێنا، كە گەیشتە نزیكەی (150 هەزار) سەرباز لە رەگەزنامە جیاوازەكان، پاشان كورتبووەوە بۆ شكستهێنان لە یەكخستنی وڵات لەژێر دەسەڵاتێكی ناوەندیدا.  كشانەوەی ئەمریكا ئاشتی بە ئەفغانییەكان نابەخشێت، بەڵكو بۆشاییەك دروست دەكات كە رەنگە ببێتەهۆی دروستبوونی جەنگ لەچەند بەرەیەكەوە، پێدەچێت ئێران یەكێك لەو بەرانە بێت، ئایا دۆخە نوێیەكە مەترسییە لەسەر ئێران ؟ ئایا تالیبان دوژمنێكی ئاسایی رژێمی تارانە ؟ سنوری ئێران لەگەڵ ئەفغانستان نزیكەی (هەزار) كیلۆمەترە، ئەم سنورە زۆر درێژە، بەسە بۆ ترساندنی رژێمی ئێران لە دۆخی ئەفغانستان، چ ئەوەی دۆخێكی سەقامگیر بێت لەژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی تالیبان یاخود شەڕی ناوخۆیی رووبدات. دیارنییە كاروبارەكان چۆن دڕۆن، بەڵام هەڵەیە شیكاریی پەیوەندی ئەو هەرێمە بە جیهانەوە، ساكار بكرێتەوە.  رەنگە تالیبان دوژمنێكی دڕندەی ئێران بێت، بەرەی شەڕێكی خوێناوی بكاتەوە‌و ئەو تاڵاوە بە رژێمی ئێران بچێژێت كە خۆی بە وڵاتانی وەكو عێراق‌و یەمەنی كردووە‌و دەیكات، وای لێبكات بۆ یەكەمینجار بكەوێتە دۆخی بەرگیركردنەوە. تالیبان ئەو هاوپەیمانەی كە ئێرانییەكان ئارەزووی دەكەن‌و چەندین ساڵ دژی ئەمریكییەكان لە ئەفغانستان پشتیوانیان كردووە، جیاوازی مەزهەبی هەیە، تالیبان سوننەمەزهەبە‌و دژی رژێمی "وەلی فەقیه"ی شیعەیە، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی هەڵێنجانی ئەوە بكرێت ململانێ لەنێوان ئەو دوو دراوسێ توندڕەوەدا روودەدات، بەتایبەتیش كە تالیبان لە ساڵانی بەر لە دورخستنەوەی لە دەسەڵات پاش هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001ی دژی ئەمریكا كە لە ئەفغانستانەوە پلانی بۆ داڕێژرا، پشتی بە پشتیوانییەكانی ئێران دەبەست، ئێران پاڵپشتی سەربازی پێشكەشی بزوتنەوەكە كرد، سنوری خۆی بۆ ئەو سەركردانەی "قاعیدە" كردەوە كە هەڵاتبوون، باوەڕوایە ئەیمەن زەواهیری كەسی دووەمی قاعیدە پەنای بردوەتە ئێران‌و ساڵانی رابردوو لەوێ ژیاوە، دەوترێت مردووە‌و هەر لەوێ بەخاكسپێردراوە. هەروەها ئێران چاودێری خێزانی ئوسامە بنلادنی كرد‌و هێشتاش پاڵپشتكاری سەرەكی "حەماس"‌و "جیهادی ئیسلامی"یە لە فەلەستین كە هاوپەیمانی جەماعەتی "ئیخوان"ن. دیارترین سەركەوتنەكانیشی لە عێراق بەكارهێنانی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سوننە‌و رێكخراوە توندڕەوەكانی عێراق بوو دژی هێزەكانی ئەمریكا. ئێران‌و تالیبان ماوەی چەندین ساڵ هاوپەیمان بوون‌و رەنگە ئەم هاوكارییە بەردەوام بێت، لە كانونی یەكەمی رابردووەوە سەردانی وەفدەكانی تالیبان بۆ تاران چڕبووەتەوە‌و پێشتریش رێبەری باڵا بە ئاشكرا ستایشی تالیبانی كرد.  نامەوێت لە حوكمدان لەسەر تالیبان‌و سیاسەتەكانی بەشێوەیەكی گشتی‌و بەتایبەتی هەڵوێستی لەبارەی تارانەوە پەلە بكەم، بەڵام رابردوو شاهیدی دانایی بۆ بزوتنەوەكە نادات‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ رژێمی ئێراندا بەبێلایەنی نامێنێتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی دوو گروپی ئایدۆلۆژی ئاینیی چەكدار، كە بە هاوكاری یاخود جەنگ كۆتایی دێت. بەداخێكی زۆرەوە پێشبینی جێگیركردنی ئاسایش‌و كۆتایهاتنی ململانێ ناكرێت، جا حكومەتی ئەفغانستان بمێنێتەوە یاخود تالیبان دەست بەسەر كابولی پایتەخت‌و حوكمدا بگرێت، ركابەریی لەنێوان زلهێزەكاندا گەرمتر دەبێت، ئەفغانستان یەكێك لەو ناوچە كەمانەی جیهانە كە چینییەكان‌و روس‌و ئەمریكییەكان ركابەرێتی تێدا دەكەن، هێزی ناوچەیش هەن وەكو پاكستان‌و هیندستان‌و ئێران كە هەژمونی لۆكاڵییان لەوێ هەیە‌و دەیانەوێت بیپارێزن.   


چیا عەباس نوسەری ناوداری میسری توفیق الحکیم لە هەفتاکانی سەدەی پێشو نوسینێک بە ناوی ( نامەیەک بۆ خوا ) بڵاودەکاتەوە، تێیدا نوسیویەتی:  " خوای خۆشەویست، دەزانم تۆ بونت هەیە و زۆر نزیکی لێمان، باوەرم بە گەورەیی و بەهرمەندی و رەحمەتتان هەیە، بەڵام گەورەم بچێک گلەییم لێت هەیە، بەناوی گەورەتانەوە قسە دەکەن، ناو و ناوبانگت دەشێوێنن، ئەو چەند فلسەی هەمانە لە سەر ئێوە سەرفی دەکەن، من دەزانم ئێوە زۆر دەوڵەمەندن و هەرچی خەزێنەی کەونە لە بەر دەستداندایە، ئێمەش هەژار و ئێوەش دەوڵەمەند ....  بەرێزتان قبوڵ دەکات مانگانە لە موسڵمان و مەسیحی ٨٠٠ ملیۆن جونیە باجمان لێ دەسەنن تا مزگەوتەکانی بەرێزتان پاک و روناک راگرن و جەنابی بەگی موسڵمانیش دەچێت لە مزگەوت کەیفی پێوە دەکات ..... تاد". هەڵسەنگاندنێکی ورد و واقیعی بۆ رەوشی ئێستای هەرێم مرۆڤ تێدەگات لە چ دۆخێکی ئاڵۆزی هەڵتۆقاوی دەیان ساڵی رابوردودا گیرساوەتەوە. لە سایەی ئەم دۆخەدا گەلێک راوچی قولاپی بەختیان لە سوچێکی زۆلگاوەکەیدا گیرکردوە و خێر و بەرەکەتێکی زۆریان بردوە، سەرکردە و شۆرشگیری دێرزەمانیان تێدایە کە زۆر زیادە لە پشکی شایستەیان راو کردوە، بەتەنیشتی ئەمانیشەوە گەلێک هەڵتۆقیوی نوێ بە دەوری زۆلگاوەکە فرکەفرکیانە و بەهۆی تێرنەبونیانەوە دەستیشیان بە سوچێکی کەوا و سەڵتەی دێرزەمانەکانەوە گرتوە. بەشێک لە هێز و کاراکتەرە سیاسیەکان، تایبەت ئەوانەی لە مێژو هەڵگەراونەتەوە و پەچەی شەرمیان فرێداوە، هەنوکە بێ خاوەن و سەرلێشێواو لەبەر دەروازەی قەزا و قەدەردا هەڵکروزاون، لە گەڵ ئەوەشدا شیر و تیر لە یەکتر دەسونەوە، هەر یەک بۆتە حزبی ناو حزب: تاقم و دەوروبەری خۆی، میلیشیای خۆی، راگەیاندن و وتەبێژی خۆی، بازرگانی و کۆمپانیای خۆی، هەندێکیشیان زانکۆ و نەخۆشخانە و نوێنەرانی خۆی و .... هەیە، تێشیاندایە بیرێکی لە ئایندەی خۆی کردۆتەوە و تێگەيشتوە تاسەر ئەمەی بۆ ناچێتە سەر، بۆیە گیرفان و جزدانیشی لە دەرەوەی وڵات بەرێگەی چەند کۆیلەیەکەوە بۆ رۆژەکانی "تەنگانە" چەورتر دەکات. ئەمانە حزبیان کردۆتە خەیمەی ئەم هەریسە و بازاری عەکازە، بە شان و باڵاشیدا دەخوێنن، فرمێسکی تیمساح ئاساشی بۆ دەرێژن، دڵخۆشن لە بێ خاوەنیدا دەتوانن بە راست و چەپدا جۆرەها سەما بەرپا بکەن.  مایەی سەرنجراکێشانە هەمویان هەمان قەوان دەچرنەوە: کار بۆ مافەکانی میللەت، چاکسازی، خۆشگوزەرانی هاوڵاتی، ئازادی و دیموکراسی دەکەن، ٣٠ ساڵە ئەم بابەتانەیان کردۆتە پێشەنگی ریکلام بۆ مەیانی سیاسی و حزبیان، کەچی ئێستاش بۆ چارەکە و نیو موچەی هاوڵاتی روخساری کروزانەوەیان لە بەغدا نمایش دەکەن، جورئەتی ئەوەیان نیە دەستێک بە گیرفانی خۆیاندا بکەن. ئەم بابەتانەیان کردۆتە بنێشتە خۆشەی زاریان، لە سەرجەم ئەو کێشە و قەیرانانەی هەرێم و تەنانەت لە ناو ئەو هێز و حزبانەی دەوروبەری زۆلگاوەکەش بە زمانی درێژ و دەستنوسی خۆش و دەنگی بەرزی مسکێنەکانیان باس و نمایشیان دەکەن، گەر پێنج لە سەدی رۆبن هودیان بکردایە دەشیا لای مەردەم متمانەیەکی لەرزۆکیش سەری هەڵدایە. ئەمجۆرە فرۆشیار و هەڵتۆقیوانەی بازاری مەیانەکە و ناو و دەوری زۆلگاوەکە، وەک ئەوەی مەردەم نەیان ناسێت و کونەیان نەزانێت دەڵێن: کاتێک خۆپیشاندان بۆ مافەکانت دەکەیت و دەنگت لێمان بەرز دەکەیتەوە تەقەت لێدەکەین و لەوانەشە بکوژرێیت، مرۆڤ کوژەکان رۆبۆتی ئێمەن لە سەروی یاساوەن و نەکەن دەستیان بۆ بەرن.   کاتێک داوای ئازادی دەکەیت و چالاکی سەردەمانە ئەنجام دەدەیت دەتگرین و لە سوچی زیندان قایمت دەکەین، دواتر چی رودەدات لە دەستی خودایە. ئێمەی شۆرشگیران و نەوەکانیشمان هەمو سەردەمێک مافی خۆمانە ئەم وڵاتەمان چۆن بوێت وا بەرێوەی ببەین، گەر تۆزێک ئاقڵ و گوێرایەڵ بیت و لە دەرگاکامان بدەیت لەوانەیە خێرێکت پێ بکەین. شارەزا و خاوەن ئەزمونەکانیان باش تێگەیشتون قەیران و کێشە و ستەم و دزی و.. پێویستن بۆ سەپاندن و سەلماندنی دەسەڵات و هێزیان، بێجگە ئەمانە شتێکی ئەوتۆ لە هەبگەیاندا نیە تا پێشکەشی خاک و نەتەوەی بکەن، گرنگە مەردەم برسی بێت تا بۆ پارویەک نان لە دەرگایان بدات. لە نێو هێزەکانی کوردستان تەنها پارتی جێگیری و ئارامی پێوە دیارە، ئەمە مانای ئەوە نیە پارتی هێزێکی نمونەییە، بەڵام بە بەراوردکردن لە گەڵ هاوشەریکەکانی لێهاتوتر و شارەزاتر گەمەکان دەکات، هۆکاری بنەرەتی ئەمەش بونی مەرجەعێکی هەرەمی چەسپاوە، ئەم مەرجەعە دەسەڵاتی ئیدارەدانی تۆکمەی حزبەکەی هەیە، ئەوە لاوازی و بێدەنگی هاوپەیمانەکانی پارتیە کە بتوانێت تەواوی جڵەوی تەوەرە نیشتمانی و نەتەوەییە گرنگەکان بگرێتە دەست. ئەم دەسەڵاتە جێگیر و رەهایە هێزەکانی تری ناچار کردوە لە ریزدا سەرە بگرن تا لە قاپیەکەی بدەن. ئێستا لایەنێکی یەکێتی پێوستی بەوە نەماوە سەرە بۆ لێدانی قاپیەکەی پارتی بگرێت، چونکە سەرەرای گلەیی و بۆڵەبۆڵکردن ساڵانێکە پارتی لە ماهیەت و نیەت و داواکاریەکانیان تێگەیشتوە، زۆر ورد مامەڵەیان لە گەڵ دەکات و درێغیشی لێ نەکردون. نێو ئەو لایەنەی یەکێتی کاراکتەر هەن کە ساڵانێکە سەر و ژێرزمانیان دژایەتیکردنی پارتی بو، کەچی ئێستا ئارەزومەندانە و خۆبەخشانە لە بەرامبەریدا دەکروزێنەوە، نە ئەوەی پێشو و نەئەوەی ئێستاش، منیش پارتی بم بە ساردیەوە هەر دەستێک بەسەر شانیاندا دەنێم. لەم کەش و هەوایەدا بزوتنەوەی گۆڕان بە تواناترین و لێهاتوترین ئارایشتەکەری دۆخەکە و دەهۆڵ لێدەرەکەیەتی، زۆر چاوقایمانە باسی گۆرانکاری و چاکسازی لە حوکمرانیدا دەکەن، وەک حزب خاوەنی چەند زمانێکن، زۆربەی هەڵتۆقیوەکانی زۆلگاوەکە لەم هێزە کۆبەنەوەتەوە، ئەم گۆڕانە بەئاسانی روی شەنی لەو شوێنە دەکات بۆن و مەرامی شیرینی لێ دێت. ئەم هێزە ژێربەژێرە خاوەنی زۆربەی خەسڵەتە رەسەنەکانی سەردەمی لەدایکبونی نەماوە، بۆیە دەبینرێت بەرپرس و هەڵسوراوە هەڵتۆقیوەکانی بە چەندین زمان خۆیان نمایش دەکەن، کە مەبەستی سەرەکیان پاراستنی پێگە و بەرژەوەندیەکانیانە، ئەمانیش فێربون تا زۆرترت دەسکەوێت هێشتا هەر کەمە.  ئەولادەکانی گۆڕانی ئەم زەمانە چاوچنۆکانە رو لە هەمو لایەک دەکەن، پارتی ئیجازەیەکی بچوکی زۆر سنورداری مار و دوپشکی لە حکومەتدا پێداون، جێگای چاخورادن و دەمەتەقێکردنی بۆ جوملە راوێژکار و کارمەندەکانی سەر کاغەزی ئەم هێزەیان دابین کردوە، کەچی مێشێک میوانیان نیە و هەر هەڵپەیانە، خۆشیان وەک فریادرەس عەرز دەکەن. هیچ کێشەیەکیان نیە کێ دەبێتە سەرۆکی هاوپەیمانیە نوێکەیان لە گەڵ یەکێتی، هەر کەسێک بێت قبوڵی دەکەن، تەنانەت ئەوانەش کە زۆر تەعەدا و کاری قێزەوەنیان بەرامبەر گۆڕان کردوە، لە پێناوی مانەوەیان لە دەسەڵاتی گۆڕاندا پرەنسیپە رەسەنەکانی بزوتنەوەکەیان بەلادا داون، بۆیە زۆر شتیان قبوڵکردوە و تا ئەم چرکەیەش قبوڵیان دەکەن، وەک هێزێکی سەرلەقێنەری بێ ئیرادەیان لێهاتوە. جیاوازی هێزە ئیسلامیەکان کە بە ناو لە بەرەی ئۆپزسیۆندان لە گەڵ دو بەشداربوەکە لە حکومەتدا ئەوەیە کێشەی ناوخۆییان کەمە، مەرجەعی چەسپاوی ئاینییان هەیە، لە بواری سیاسیدا هەر هەمان قەوانی چاکسازی و عەدالەت و راستگۆیی و دەستپاکی دەچرنەوە، مەردەم هیوادارە گەر دەسەڵاتیان هەبێت هاوشێوەی برا موسڵمانەکانیان لە وڵاتانی دەر و دراوسێ نەبن.  لە سیاسەتدا شتێک نیە موتڵەق بێت، بینینی رێژەیی خەسڵەت و نیەتی کاراکتەر و هێزەکانی گۆرەپانەکە زۆر بەرچاو رەوشن دەکات، چی بکرێت و لە گەڵ کێ بکرێت و چۆن بکرێت، رەنگبێ ئەمە تەواوی تابلۆی مەبەست نمایش نەکات، بەڵام بێگومان هەنگاوێکە بەو ئاراستەیەدا.


سەعد ھەمەوەندی  دیارە چەند رۆژێکە لەزۆنی سەوز  ئاڵۆزیەک ھەیە لەنێوان دوو بەرپرسی یەکەمی حیزبی دەسەڵاتداری  ئەوێ ، گوایە یەکێکیان ئەوەی دی  بەوە تاوانبار دەکات، کە خیانەتی لە وڵات کردووە و شارێکی بە رۆژی رووناک فرۆشتووە ، ھەروەھا پێی وایە کۆنترۆڵی دەروازەکان و فرۆکەخانەی ئەوێی کردووەو کاری قاچاخچیەتیی بۆ بەرژەوەندی خۆی دەکات ، ھەر ئەوەندە نا بەڵکو پێی وایە ژەھری دەرخواردی  خۆی و دایکی داوەو تۆماری فیدێویی چەندین بەرپرسی لایە کە کاری سێکسی لەگەڵ ئافرەت و ھەندێ جاریش نێربازی دەکەن ، بەکاریان دەھێنێت بۆ ئەوەی بکەونە ژێر رکێفی ئەو ، بێجگە لە کۆمەڵێک تۆمەتی تر  کە پەیوەندی بە تەشهیر کردن و نووسینی بابەتی ڕۆژنامەوانی ھەیە .  ئەوەی سەرەوە دەنگ و باسی ئەو چەند رۆژەی میدیاو بەرپرسان و کەسانی ئاسایی ئەم وڵاتەن ، منیش وەکو تاکێکی ئەم  نیشتیمانە بەدیار جگەرەکەمەوە بۆی دانیشتم و بیرێکی قووڵم لێ کردەوە:  ئاخۆ دەبێت ئەم زاتە گەورەیە ویژدانی جوڵابێتەوەو ھەستی بە نەھامەتی ئەم شارە جوانەی (سلێمانی)  کردبێت یان ھەستی بەوە کردووە خەریکە لەناو دەچێت و بەرژەوەندیەکان لەدەست دەدات ..؟ ئەگەر ھەستی جوڵابێت  ، ئەی ئەو نەبوو بە شانازیەوە لەیەکێک لەکەناڵەکانی عەرەبی گووتی من بەتەنیا خیانەتم نەکردووە و واژۆی سی و حەوت ئەندامی سەرکردایەتیم لەگەڵە ! .  باشە خۆ قاچاخچیەتی و قۆرخکردنی ھەموو شتێک چەند رۆژێکی کەم یا هەفتەیەک و مانگێک نیە ، ئەوە چەندین ساڵە دەکرێت و خەڵک ھاوار دەکات ، بۆ چاکت نەکرد !.  تۆماری ڤیدێۆی سێکسی یەک و دوان نیە ، ئەوە نەریتێکە لەکۆنەوە ئێوە بەکاری دەھێنن لەگەڵ دوژمنان و ناکۆکەکانتان ! ، لەپاش وەفاتی مام ، ژەھر دەرخوارد کردن و کوشتنی رکابەرەکان و دوورخستنەوەی سەرکردایەتی کۆن بەزەقی دیاربوو ، تۆمەت خستنە پاڵ دڵسۆزەکان و کار کردن بۆ ئەجێندای دەرەکی و دژایەتی کردنی ماڵی بارزان بەھەزەرەھا نووسینی ئێوە بوو، لە سایت و پەیجە فەڕمی و سێبەرەکانتان ، بۆ ساتێکیش ھەڵوەستەت نەکرد...! ئەوەی لەسلێمانی دەگوزەرێت شەڕو ململانێی بەرژەوەندییەکانە ، ھیچ پەیوەندیەکی بەھێزی شەڕو خێردا نیە...!


ئاسۆ حاجی ئەمەریکا ئومێدێکی گەورەی بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی عێڕاق هەیە، بەوەی دەرئەنجامەکەی بە دانانی سەرۆک وەزیرانێکی دۆستی ئەمریکا کۆتایی بێت، لە هەژدە ساڵی رابردوو ئەمریکا گرەوی لە سەر دانانی سەرۆک وەزیرانێکی کردۆتەوە کە عێڕاق لە ئەمریکا نزیک و لە ئێران دوور بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ هەمووانیان بە یەک دەرئەنجام گەیشتووە کە ئێران زیاتر بەهێز بووە و ئەمریکاش زیاتر بێهێز و لاتەریک و بێزەوەرتر بووە. بۆچی هەمیشە ئەمریکا لە هاوکێشەی عێڕاق بە یەک دەرئەنجام گەیشتووە؟ ئەو پرسیارە هەقە ئەمریکا و ئەوانەی نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە دەکەن لە عێڕاق بە دوای وەڵامێکی لۆژیکی بگەڕێن، تا لە رێگەیەوە ئیدارەی نوێی وڵاتەکەیان لەو دۆخە خراپ و لەو نیگەرانیە قووڵە دەربهێنن کە تێی کەوتوون، لەو ترسەی کە لە دوای هەڵبژاردن کەسێکی سەر بە ئێران ببێتە سەرۆک وەزیران و هێزە پڕۆ ئێرانیەکان دیسان زۆرینەی پەڕلەمان پێکبهێنەوە و ئەوجارەیان پەڕلەمان و حکومەت بە یەکەوە داوا لە ئەمریکا بکەن وڵاتەکەیان جیبهێڵێ. سیاسەتی هەلە و ستراتیژیەتی پڕ لە کێماسی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای بەو رۆژە گەیاندووە، کە لە پاشەکشێی بەردەوام دایە لەو ناوچە گرنگەی جیهان، ئێران ئەو بۆشایانە پڕ دەکاتەوە کە ئەمریکا بەهۆی شکستهێنانی ستراتیژەتەکەی دروستیان دەکات، لە یەمەنەوە تا لوبنان کە بە ولاتانی کەنداو و عێڕاق و سوریا تێدەپەڕێ نموونەی زیندوو و قسە هەڵنەگرن لە سەر شکستی ئەمریکا. ئەمریکا لە ساڵی 2005 وە تا ئەمڕۆ لە رێگای باوەڕبوونی بە بەهێزکردنەوەی بەغدا وەک تاکە ناوەندی بڕیار، توشی ئەو هەڵە و شکستە هاتووە، چونکە لە کاتی هەبوون و بەهێزبوونی یەک ناوەندی بڕیار، پرسی زۆرینە و کەمینە دێتە گۆڕێ، کە لە عێڕاقدا شیعە زۆرینەن و کورد و سوونەش کەمینە، ئەوەشە وای کردووە لە پەڕلەمان زۆرینەی بڕیارەکان لە بەرژەوەندی ستراتیژی ئێران و لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکان بێت، بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگی شیعەکان نموونەی هەر دیارە، دەبێ ئەمریکا ئەوە بزانێ و لێی دڵنیا بێت کە دەرئەنجامی هەر هەڵبژاردنێک لە عێڕاق هەر بەو دەرئەنجامە دەگات، کە لە بەرژەوەندی شیعەیە و زۆرینەی شیعەش لە رێگای عەقیدەوە بە ئێران گرێدراون، کە ئەوەیان گرێدانێکی پیرۆز و هەمیشەییە، لە بەرامبەردا رەنگە کەمینەیەکی شیعە خۆیان لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بگونجێنن، چونکە وەک تاکتیک پێویستیان بەو خۆگەنجاندنە هەیە، وەک ئەوەی نوری مالیکی لە ساڵی 2006 کردی لەوەی ئەمریکا وەک دۆستی نزیک و باوەڕپێکراوی خۆیان بە دونیایان ناساند، دواتریش دلسۆزترین کەسی سوپای پاسداران دەرچوو، رەنگە لە گەڵ موقتەدا سەدریش هەر بەو ئەنجامە بگەن.. تاکە رێگا و چارەسەر لە بەردەم ئەمریکا ئەگەر درەنگ نەبێت، ئەوەیە دووربکەوێتەوە لەو روانگە کۆن و نەریتیەی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگەشتی و عێراق بەتایبەتی دەکات، کە هەمان روانگە و باوەڕی بەریتانیەکانە کە بۆ سەت ساڵی پێش ئێستا دەگەڕێتەوە کاتێک لە پەیماننامەی سایکسپیکۆ لەگەڵ فەڕەنسیەکان سنووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کێشاوە، ئەمریکا تا خۆی لەو وابەستبوونە مێژوویی و تەقلیدیە دەرباز نەکات و باوەڕی تەواو بەوە نەهێنێ کە عێڕاق پێویستە وەک وڵاتێکی فرەناوەند سەرلەونوێ بنیاتبندرێتەوە هەرگیز ستراتیژیەتەکەی سەرکەوتوو نابێت. بە قەدەر ئەوەش گرنگە ئەمەریکا پێویستە بەها و پێگەی هاوڕێ و هاوپەیمانەکانی خۆی بزانێ، تەنها وەک کارتی فشار و پارێزەرانی بەرژەوەندیەکانی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ نەکات، بۆ نموونە لە ساڵانی رابردوو ئەوە کڕۆک و شێوازی مامەڵەی ئەمریکا بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە بۆتە مایەی ئەوەی لە سەر ئاستی میللی ئەمریکا باوەڕی لە دەست داوە و خەڵکی کوردستان متمانەیان بە ئەمریکا نەماوە وەک دۆست، ئەوەش لە رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەری 2017 درزی تێکەوت و ئێستا فراوان بووە و بۆتە بۆشاییەک، رەنگە وەک هەموو ئەو بۆشایانەی ئەمریکا دروستی کردووە ئێران پڕی بکاتەوە. هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە تەک ئاڵای ئێران لە تاران ئەمریکا لە خەڵکی دیکە باشتر دەزانێ کە هەلەی پڕۆتۆکۆل نەبووە، بە دڵنیایەوە کۆنسلخانەکەشی لە هەولێر ئەو هەواڵە دەخوێنیتەوە کە سەرۆکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دێتە هەولێر بۆ ئەوەی هەماهەنگی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بکەن بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand