دەنگەكانی بزوتنەوەی ئیسلامیی چی لێدێت؟
2021-09-16 11:47:27
ئاری عەبدولەتیف
ـ بزوتنەوەی ئیسلامیی، نزیكەی (٧) ھەزار دەنگی ھەیە، بەس لە سنووری بازنەی (٣)ی ھەڵەبجە.
ـ بزوتنەوەی ئیسلامیی، دەتوانێت پارسەنگی ھێز بگۆڕێت.
بە فەرمیی، بایكۆتی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقمان كردووەو ناچینە پرۆسەیەك كە سەراپا نیشانەی پرسیاری ئابڕوبەرانەی لەسەرەو تەزویرات سەری مایەی دەخوات.
ئەمە بڕیاڕی سەركردایەتییەو تائێستا ھیچ بڕیارێكی تر بە شوێنیدا نەھاتووە، بزوتنەوەش كەم نییەو تەنیا لە پارێزگای ھەڵەبجە نزیكەی (٧) ھەزار ئەندام و كادرو دەنگدەرمان ھەیەو یەك دەنگیش بۆ ھیچ لیست و بەربژێرێك ناڕوات.
لە ھەر ئەگەرو پێشھاتێكی نوێش، سەركردایەتیی و كادرو جەماوەرمان دەرگایان كراوەیە بۆ بڕیارو بژاردەی تر بە ھەر جۆرێك بێت وەك بەشداریكردن و سوتاندنی كارتەكان و بەخشینی دەنگەكان بە دڵخوازی خۆمان و دەشتوانین لانی كەم بۆ كاندیدێك لە كاندیدە بەربژێرەكان سەنگی یەكلاكەرەوەی سەركەوتنی بین.
بەس لە زۆنی ھەڵەبجەو بازنەی (٣)دا، بزوتنەوەی ئیسلامیی دەتوانێت پارسەنگی ھێز بگۆڕێت، ئەمە جگە لە ناوچەكانی پشدەرو بتوێن و سلێمانی و ھەولێر و گەرمیانیش كە خاوەنی ھەزاران دەنگدەرو ئەندام و كادری دڵسۆزە كە چاوەرێی تەوجیھات دەكەن.
تەنیا كەسایەتییەكی بزوتنەوەی ئیسلامیی كە خۆی وەك مامۆستای زانكۆو چالاكوانێكی ناوچەكە بەربژێر كردووە، (م. حەسەن شێخانی)یە، بە ژمارەی (٥٤) لە بازنەی (٢)ی كەركوك و ھاوڵاتیان و جەماوەرو دەنگدەرانی بزوتنەوە دەتوانن لەو ناوچانەی كەركوك دەنگی پێبدەن و سەریخەن بۆ پەرلەمانی عێراق، لە ئەگەری ھەر ڕێككەوتن و دەسبارییەكی ئەو بەربژێرە ئیسلامییەدا لە ھەر حیزب و لایەنێك، ئێمە دەستمان كراوە دەبێت لە بازنەكانی تری كوردستان بەپێی بڕیار و ئیتیفاقیەی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوە، لەبەرامبەردا دەنگ بدەین.
بۆ بەرژەوەندیی ئیسلام و بەدەستھێنانی مافە دەستورییەكانی كورد لە بەغداو شەڕی خاك و سەروەریی و شایستە داراییەكان و ماددە جێبەجێنەكراوەكان، ئامادەی ھەر دانوستان و بەركەوتەیەكین بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ نوێنەرو لایەنە بۆ خواو نەتەوە سوڵحاوەكان بە تایبەت ئەوانەی سازش ناكەن لەسەر پاكێجی ئاین و یەك بڕگە لە مافە سروشتیی و دەستورییەكانی ئەم گەلە بەشخوراوە، ئەگەر ئەمەش نەكرا، یان ھەر بایكۆت و نەچوون بۆ دەنگدان یان چوون و زەڕب و سوتاندنی.