Draw Media

تاكەی ئێمە وا بژین!

تاكەی ئێمە وا بژین!

2022-08-06 09:05:43


د.حیكمەت نامیق
ئێمەی كورد لەوەتەی بوونمان هەیە وادەژین ئەوە قسەی مێژوونوسان و كۆمەڵناسان و هەموو ئەوانەیە،  كە توێژینەوەیان كردوە لەسەر كۆمەڵی كوردی ئایا كێشەكە خودی كۆمەڵگاو كولتورەكەیەتی، یان دەسەڵات و ئەو هێزانەیە، كە بەدێژایی مێژوو جڵەوی  ئەو میللەتەیان گرتۆتە دەست، بەڕای من  كێشەی هەرە سەرەكی ئەو میللەتە تەنیا خۆیەتی و بەس، چونكە كاتێك خود گەشەی كردوو دروست بوولەڕووە  فیكریەكەی ئەوا لەبەرانبەردا دەسەڵاتیش بە هەمان ڕێڕەوی بیركردنەوەی كۆمەڵگاكەی هەنگاو دەنێ، دەسەڵات بەدەربڕینی من ڕەنگدانەوەیەكی بچوكی كۆمەڵگاكەی خۆیەتی، تا ئەقڵیەتی مرۆڤ نەگۆڕِێت مەحاڵە دەسەڵات بگۆڕێت ئەوە ڕاستیەكی بەرجەستەكراوە هەم لەڕووە زاستیەكەی هەم لەڕووە واقعیەكەی،  چونكە بەشێوەیەكی ڕێژەیی زۆر ڕۆژانە ئێمە دوڕوویی و پیسخۆری و گەندەڵی مرۆڤەكان لەسەر هەموو ئاستەكانی ناو كۆمەڵگا دەبینین بە گووتەی (بۆردێو) بەردەوام ئەوجۆرە مرۆڤانە هەمان ستڕاكچەر ی ئەو جۆرە ڕەفتارانە دووبارە بنیات دەنێنەوە، لێرەدا ئەوەی هۆكارە خودی پێكهاتەی كۆمەڵگایە بەمانایەكی دیكە پرسەكە هەموو ئەو ڕێساو هێماو هابیتۆسانەیە كە پێش وەختە مرۆڤ ئاراستە دەكات  لەسەر ئەو شێوە كولتورە ڕاهاتوە و دووبارەی دەكاتەوە لەنێو پڕۆسەی بەكۆمەڵایەتیبووندا، لێرەدا گۆڕانكاریكردن كاتێك دەگاتە بنبەست كە تۆ دووبارە هەمان كولتور بنیات بنێیتەوە. تاكەی ئێمە وابژین ئەو پرسیارەیە، كە پێویستە نەوەی كوردی لەسەر كۆی ڕەهەندەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی وسیاسی و ئابوری و سایكۆلۆژیدا لەخۆی بكات.بەشێكی زۆری كۆمەڵگا تا ئێستاشی باوەڕی بە شتی پڕووپوچ و خورافات هەیە لەم بارەیەوە بەناو پیاوانێكی زۆری ئاینی لەسەر پشتی ئەو كۆمەڵگا سادەیە بوونە خاوەن سەرمایەكی زۆری مادی بەهۆی سادەیی بوونی مەعریفی ئەو خەڵكە . 
پەروەردەو بەكۆمەڵایەتیبوون تابڵێی گرنگە بۆ دروستبوونی خودی كارا هەر ئەویش بەر پرسە لە شكست و سەركەوتنی كەسایەتی ، بەڵام ئەو فەزا كۆمەڵایەتیەی كە لێرە هەیە هەمیشە مرۆڤێكی دەستەمۆو تێكشكاو پەرت و بڵاو بێ ئامانج و پلان پەروەردەدەكات، نەوەی كوردی ئێستا ڕووبەڕووی دنیایەك كێشەی كولتوری و كۆمەڵایەتی بووەتەوە بەهۆی هەموو ئەو گۆڕانكاریە مێژوویی و كۆمەڵایەتیانەی كە لەدنیای دەرەوە ڕوویانداوە.بۆدروستبوونی تاكێكی هۆشیار پێویستە دووبارە بنیاتی كولتوری و كۆمەڵایەتی بخرێتە ژێر پرسیاری قووڵ و جدیەوە پرسیاری ئەوەی بۆچی تاك نەیتوانیوە خۆی بنیات بنێت بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەروروبەرو كۆمەڵگا بكات.
ترادیشنەكان  دەگۆڕێن ئەگەر مرۆڤ ئیرادەی گۆڕانكاری ترادیشنەكانی هەبێت ، بەڵام ئەو گۆڕینە دەبێ هاوشان بێت لەگەڵ گۆڕانی فیكری كۆمەڵایەتی، تا هزریی كۆمەڵایەتی نەگۆڕێت قسەكردن لەسەر گۆڕانی كۆمەڵایەتی سوڕانەوەیە لە دەوری بازنەیەكی بۆشدا. دروستبوونی ئەو فەزا فیكریە دەبێت  لەنێو خودی كولتورەكە خۆی سەرچاوە بگرێت ، تاكەی ئێمە وا بژین؟ ئەو پرسیارە گشتگیرەیە كە مرۆڤی زیندوو زرنگ  هەمیشە لەخۆی دەكات . ئەگەر دەسەڵات بەپێی تیۆری بنیاتیەكان بریتی ببێت لەوەی كە مرۆڤ خۆی دەسەڵاتە ئەوا هەر خۆی دەتوانێ سەروەر بێت و خۆی ڕزگار بكات و خودێكی كۆمەڵایەتی چالاك بنیات بنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand