Draw Media

شیكردنەوەیەكی سۆسیۆلۆجی بۆ شیعری (من چیم دەویست لە نیشتمان) 

شیكردنەوەیەكی سۆسیۆلۆجی بۆ شیعری (من چیم دەویست لە نیشتمان) 

2022-08-06 21:22:26


د. شۆخان مەحمود * 


من چیم دەویست لە نیشتمان
جگە لەوەی کە نانێک و
کونجێکی دڵنیایی و
گیرفانێکی بە حورمەت و
مشتێ هەتاوی ئارام و
بارانێکی خۆشەویستی و
پەنجەرەیەکی کراوەی سەر
ئاوازو عیشقم باتێ
من چیم دەویست
لەوە زیاتر کە نەیدامێ
بۆیە ئیتر نیوە شەوێ
دەروازەیەکییم شکاندو 
بە ئێجگاری چوومە دەرێ

     مێژووی نوسین و بڵاوكردنەوەی ئەم شاكارە وێژەییە بۆ زیاتر لە دەسال دەگەرێتەوە كە شاعیری گەورەو هەمیشە زیندووی كورد شێركۆ بێكەس نوسیوێتی ، ئەوەی لە و شیعرەدا بەرچاو دەكەوێت بوونی ئەو پەڕی نامۆیی و بێهیوایی تاكی كورددە، كە لە ئەنجامی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و نەبوونی عەدالەتی كۆمەڵایەتییەوە سیمای خەمساردی لە كەسێتی زۆربەی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردیدا درووست بووە، لەو بارەیەوە زانای سۆسیۆلۆجی (س.رایت میلز) پێیوایە كە خەمساردی یەكێكە لە دەركەوتەكانی لاوازی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی كە تیایدا تاك لەبەرامبەر جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی لەسەر شانێتی، خۆی بە بەرپرسیار نازانێت و هیچ پێبەستبونێكی بۆ پرسە سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانی و كۆمەڵایەتی و كلتورییەكان نییەو وەك كەسێكی دابڕاوو گۆشەگیر بەرامبەر بە روداو و دیاردە جیاوازەكان دەردەكەون .
    تاكی كورد بووەتە خاوەن ڕەفتاری خەمساردی سیاسی و بەشداری لەژیانی سیاسی وەك(پرۆسەی هەڵبژاردن، چالاكی سیاسی، خۆپیشاندان، لایەنگری و ئەندامێتی لەحزب و رێكخراو، گۆڕانكاری سیاسی، پرسی سیاسی، گروپی فشار) ناكەن، هاوكات بەشێكی زۆری تاکی کورد بە ئاراستەی لاواز بوونی هەست و پێبەستبوون( ئینتمای) نەتەوەیی و نیشتمانی ڕۆیشتوون، تەنانەت گرنگی بە پرس و بۆنە نەتەوەییەكان نادەن و شانازی بە مێژوو وخەباتی نەتەوەیشیانەوە ناكەن، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا حەز بە فیداكاری بۆخاك و نیشتمان ناكەن و لە ساناترین دەرفەتدا بیر لە كۆچ و جێهێشتنی نیشتمان دەكەنەوە، هەروەك لە هۆنراوەكەی شێركۆ بێكەسدا بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت . 
بەبڕوای ئێمە بوونی ئەم خەمساردییە سیاسیە لای تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی دەگەڕێتەوە بۆ ( نەبوونی یەكسانی و نادادپەروەری كۆمەڵایەتی، قەیرانە جۆربەجۆرەكان، گەندەڵی، چەقبەستوویی سیاسی...هتد   .) سەرەڕای ئەوەش ڕەفتاری سیاسی سەركردە و حزبە سیاسیەكان و جێ‌ بەجێنەكردنی ئەو بەڵینانەی لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بە خەڵكی دەدەن و بەكارهێنانی پۆست و دەسەڵاتەكەیان بۆ بەژەوەندی تایبەت ئەوەندەی تر تاكی کوردیان بێمتمانە وبێئومێد کردووە، بەجۆرێک تاكی كورد گەیشتۆتە بڕوایەك كە بەشداری ئەوان لە پرسە سیاسیەكاندا هیچ كاریگەرییەك دروست ناكات و ناتوانن ببنە هێزێكی كاریگەر بۆ دروستكردنی بڕیارو یەكلایی كردنەوەی پرسە سیاسیەكان، چونكە حزبە دەسەڵاتدارەكان سەرەڕای لەدەستدانی پێگەی جەماوەرییان، بەڵام توانیویانە هەژموونی خۆیان بەسەر ژیانی سیاسیدا بسەپێنن و رێگری بكەن لە گۆڕینی هاوكێشەی سیاسیدا، ئەمەش سەنگ و قورسایی بەشداری تاكی لە پرۆسە سیاسیەكانی دابەزاندووە. لەلایەكی دیكەوە لاوازی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان و هەڵپەكردنیان بۆ بەشداریكردن و مانەوە  لە حكومەت و بەدەستهێنانی پۆست و پایەی حكومی، هێندەی دیكە سیمای خەمساردی سیاسیان لەكەسێتی تاكی كورددا چەسپاندووە، چونكە لەكاتێكدا كە زۆرینەی هاوڵاتیان لە دەسەڵات و شێوازی حوكمڕانی و ململانێ بەرژەوەندیخوازییەكانی حزبە دەسەڵاتدارەكان نیگەران و ناڕازی بوون، سەرەرای ئەوەی حزب و رەوتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش لەژێر كاریگەری دروشمی چاكسازیو گۆڕانكاری و بەدیهێنانی حوكمی رەشید، توانیان زۆرینەی دەنگە ناڕازییەكان لەدەوری خۆیان كۆبكەنەوەو بۆ بەرژەوەندی حزبی و كەسی و گەیشتن بە دەسەڵات بەكاریان بێنن، بەڵام لە ئێستادا و بە بڕوای ئێمە هێندەی تر دەنگە ناڕازییەكان نائومێدو دوورەپەرێز بوون و پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستانیان بەئاڕاستەی چەقبەستوویی برد . 
   هەموو ئەمانە هەڕەشەن لەبەردەم پرۆسەی پەروەردەو پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێك لەنێو خێزاندا گرنگی و هاندانی تێدانیە بۆ بەشداری تاك و ئەندامەكان لە پرسە سیاسیەكانداو هەستی نیشتمانپەروەری لە ناخی ئەندامەكاندا ناچێنرێت و تەنانەت زۆربەی جار دایك و باوك دور لە پێوەرە پەروەردەییەكان و بە بەرچاوی منداڵەكانیانەوە داخ و خەمی خۆیان بە حكومەت و حزبە سیاسیەكان دەڕێژن و ئۆباڵی خراپی و قورساییەكانی ژیانیان دەخەنە ئەستۆی ئەوان، هاوكات كەناڵەكانی تری پرۆسەی پێگەیاندنی وەك( قوتابخانە، زانكۆ، مزگەوت، حزب، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ڕاگەیاندن )یش لەو كاریگەرییە نەرێنیە بێبەش نەبوون و نەیانتوانیووە، تاكێكی بەئاگا لە ماناو بایەخی بەشداری سیاسی و پەیوەست بە پرسی نیشتمانی پێبگەیەنن، كە بێگومان  ئەمەش دەكرێت بە مەترسیەكی گەورە لە سەر ئایندەی كەسێتی كورد هەژمار بكرێت، چونكە لە ڕێگەی پرۆسەی پێگەیاندنەوە نەوە لە دوای نەوە دەگوێزرێتەوە وتاكێكی بێباك و خەمساردو رەشبین بەرهەمدێت .
ئەگەرچی شێركۆ بێكەس لە بنەماڵەیەكی نشتمانپەروەر و خەباتكاری هەرێمی كوردستان بووەو خودی خۆشی وەك پێشمەرگەو (وەزیری رۆشنبیری )بەشداری لە پرۆسەی سیاسی باشووری كوردستاندا كردووە، بەڵام هەرگیز لەبەرەی گەل و هەژاران لای نەداوەو لەئاست پرسە نشتمانی نەتەوەییەكاندا هەڵوێستی خۆی خستوەتەڕوو، جگەلەوەش هەوڵیداوە واقعی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی بكاتە كەرەستەی شعرەكانی و لەو چوارچێوەیەشدا سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە شاعیر لە شعری(من چیم دەویست لە نیشتمان)دا تەواو بە بێهیوایی و رەشبینی گەیشتووەو پێیوایە كە چارەسەركردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئەستەمە كۆچ و هەڵبژاردنی ژیانی تاراوگەو ئاوارەیی تاکە دەروازەی رزگار بوونە. 

*  مامۆستای زانکۆ، پسپۆری کۆمەڵناسی گشتی
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand