Draw Media

ئایا ململانێکانی عێراق،  چ پێوەندییەکی بە گفتوگۆکانی ڤییەناوە هەیە؟!

ئایا ململانێکانی عێراق،  چ پێوەندییەکی بە گفتوگۆکانی ڤییەناوە هەیە؟!

2022-08-07 12:59:07


مستەفا شێخ محەمەد

ئاشکرایە دونیا بەرەو دوو جەمسەری دژبەیەک ئەروات، لەم بارودۆخەدا کە جەمسەرەکان دژی یەک تییژتر ئەبن، لێکەوتەکان لە چەندیین شوێن تێئەپەڕن. 

 عێراق لە دۆخێکی ناهەمواری سیاسیی ئەژیەت، گەڕی سێیەمی ململانێکانی هێزە عێراقییەکان، بە دەستبەسەرداگرتنی پارلمان لە لایەن ئەندامانی( موقتەدا صەدر) دەستی پێکرد، ئەمە  بە چەند داواکارییەکی ناڕوون پەیوەستکراوە !

هەفتەی رابردوو، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دانیشتنی پارلمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، موقتەدا صەدر، لە رێگەی ئەندامانی حیزبەکەی، هەڵیان کوتایە سەر پارلمان و ئەوان کە لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردوو 73 کورسییان هێنابوو، دواتر دەستیان لە پارمانتاریی کشاندەوە، پرۆسێسی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێیان، لە عێراق  پەک خست کە بڕیار بوو هێزە شیعەکانی تر، دروستی بکەن. 

موقتەدا صەدر، پێش هەڵبژاردنەکانی 10ی تشریینی 2021،  واژۆ و بەڵێنی لە گرووپە شیعییەکان  وەرگرتووە، هەر کامێکیان براوەبوون، رێگە بدەن حکومەت پێکبهێنێت،    سەرەنج راکێشە، کەواتە ئەو پێشتر زانییویەتی کە هەڵبژاردنەکان چ ئەنجامێکی ئەبێت! کێ ئەم  یارییەی کردووە؟ بەڵام گرووپە شیعەکان لە چوارچێوەیەک کۆبوونەوە، بەپێی قانونی عێراق، فەشەلیان بە پڕۆژەی موقتەدا هێنا بوو. 

لەگەڵ ئەوەیشدا، چوارچێوەی هەماهەنگیی  کە کێبڕکێکاری  موقتەدایە، رەزامەندیی خۆیان، بە دووبارە  ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و هەندێک لە داواکانی صەدر نیشانداوە، بە شەرت و مەرجی خۆیان، بەڵام گرێکە لێرەوە توند ئەبێتەوە کە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەو پرسە بە رێکارە دەستورییەکان ئەبەستنەوە، ئەمەیش مانای ئەوە ئەگەیەنێت کە داواکارییەکانی صەدر رەت بکرێنەوە، بەڵام بە شێوەیەکی نەرم و دبلۆماسییانە، ئەمە ئەهێننە سەر زمان. 
 
ئەم هەنگاوەی صەدر، سەرەڕای هەبوونی هۆکاری ناوخۆ، لە وێنەی دژایەتیی لەگەڵ گرووپە شیعەکان، بە ئاشکرا هۆکاری دەرەکیی ناعێراقیی لە پشتییەوە ئەبینرێن، جێگەی پرسیارە، بۆچی لایەنگرانی صەدر، دژی ئێران هوتاف ئەکێشن؟ 

 ئێران و ئەمێریکا، دوو  هێزی سەرەکیی کارییگەرن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشبڕکێ لەسەر  پاراستن و بەهێزکردنی پێگەیان ئەکەن لە ناوچەکە،  خاوەنی پێوەندییەکی ئاڵۆزن، لە هەندێ مەلەف، هاوبۆچوون و ئامانجن، لە هەندێ مەلەفی تریشدا، دژ و دوژمنن، عێراق جێنفوذی هەردووکیانە، هاوکات، هەندێک جار، گرژییەکانیان لەسەر ئاستی گشتیی، لە عێراق دەرئەکەون، هەندێ جاریش هەردووکیان پێکەوە ئەیگوزەرێنن..

ئێران و ئەمێریکا دوای پێنج مانگ لە وەستانی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە ڤییەنا، پێویستییەکی زۆریان بە دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ، هەروەها بەدیهێنانی رێکەوتنێکی نوێ لەسەر مەلەفی ئەتۆمیی ئێران هەیە،  ئێران لەبەر باری دارایی و پاراستنی پێگەکەی لە ناوچەکە و ئەمێریکایش بۆ رووبەروبوونەوەی چاینە(صین) و روسیا، رێکەوتن لەگەڵ ئێران، وەکو  بابەتێکی کارییگەرە، ئەبینێت. 
 

  عێراق چ پێوەندییەکی بەو پرسە هەیە؟ یەکێک لە گۆرەپانەکانی  گوشارکردنی هەردوو  دەوڵەتە لەسەر یەکتریی، دەوڵەتی عێراقە، عێراق، یەکێکە لە زەنگیینتریین وڵاتە نەوتییەکانە، بەڵام  دەوڵەتێکی لاوازی هەیە، سەرەڕای سامانە زۆرەکەی، هێزەکان لە پاشکۆیەتیی کۆمەڵێک دەوڵەتی دراوسێ و دەوڵەتانی تر درێغییان نەکردووە، ئەمە وڵاتەکەی بە تەواوەتیی لاواز کردووە. 

هیچ کەسێک ناتوانێت  گرژییەکانی دوای هەڵبژاردنی مانگی تشریینی 2021 روویان  لە عێراق کردووە، لە پێوەندیی بە خواستە دەرەکییەکان داببڕێت، بە تایبەتیی کە هێزە عێراقییەکان بەسەر ئەجێندا دەرەکییەکاندا دابەش بوونە، نەک ئەجێندا نیشتیمانییەکان. 

پێئەچێت دوای دوژمنایەتییەکی زۆر، ئەو پیاوەی کە لەناو شیعەی عێراق، خۆی بە جێگرەوە و نەوەی ئیمام حسێن (رەزای خوای لەسەر بێت) دائەنێت، دوای دوژمنایەتییەکی زۆری ئەمێریکاییەکان، ئێستا چانسی خۆی لە دژایەتیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لەگەڵ ئێران و دۆستایەتیی و هاوپەیمانییەتیی ئەمێریکا ببینێتەوە!

ئەو پیاوێکە لەسەر سەروەتی  مەعنەویی خێزانەکەی بووتە یەکێک لە کەسە هەرە پۆپۆلارەکانی ناو عێراق، سەرەڕای بەشداریی کردەیی لە حوکمڕانییکردنی عێراق بە درێژایی نزیکەی 20 ساڵ، کەچیی  وەکو ریفۆرمخوازێکی هاوشێوەی ئیمامی حسێن، نماییش ئەکات.
 

بۆ ئەمێریکییەکان، گرنگە کەسانی وەکو موقتەدا بکەنە هابەشی سیاسەتەکانیان، چونکە لەم رێگەیەوە  ئەتوانن ئاسانتر وێنەی ئێران  ناشیریین بکەن، تەنانەت ئەتوانن  مەترسیی شەڕێکی ناوخۆییش لە نێوان هێزە شیعییەکان دروست بکەن، هەرچەندە، ئێستا  ئێران و ئەمێریکا دژی تێکچوونی دۆخی عێراقن، تا پێیانئەکرێت بە دوای ئامرازی دبلۆماسیی ئەگەرێن. 

هاوپەیمانەکانی ئەمێریکا و سوننەکانی خەلیج بە تورکیاشەوە، لەم قۆناغەدا توانیان گوشارێکی زیاتر، بخەنە سەر ئەو گرووپانەی لە ئێران نزیکن کە کۆمەڵێک، حیزب و کەسایەتیی نەخوازراون لە شەقامی عێراقیی، ئەمەیش رێگەخۆشکارە  بۆ ئاسانکردنی گفتگۆی  ئەتۆمیی  ئێران و ئەمێریکا کە لە رۆژی 4 ئابی  2022  بۆ جاری  پێنجەم دەستی  پێکردووتەوە. 

سەردانی ئەم مانگەی جۆو بایدن، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راستەوخۆ گرێدراوی پرسی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەیەتی. 

لێرەدا ئینسان ئەتوانێ بە ئاسانیی دەرک بەوە بکات، ئەوەی لە بەغدا ئەگوزەرێت، لە ماوەی دە مانگی رابردوو، لێکخشانێکی نەرمی ئێران و ئەمێریکایە، دواجار ئەگەر لە ڤییەنا نزیکبوونەوەکان بێنە ئاراوە، رەنگە دەمارەکانی توڕەیی موقتەدایش نەرم ببنەوە، شانامەکانی ریفۆرمیش ببنەوە بە میاوە میاوی دەوری مەنجەڵی پڕی دەسەڵات. 
نابێت ئەو ئەگەرە رەچاو نەکرێت کە رەنگە نزیکبوونەوەی ئێران و ئەمێریکا ئەبێتە هۆی دروستبوونی مۆدێلێکی نوێی سیاسیی لە عێراق.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand