Draw Media

سەدر بەرەو کوێ؟

سەدر بەرەو کوێ؟

2022-08-11 10:59:31


سه‌ردار عه‌زیز

لە پاش گۆڕینی ڕژێمەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، هیچ کەسایەتییەکی تر هێندەی موقتەدا سەدر جێگای ئاڵۆزی و کێشەو نەیارێتی نەبووە. لە سەرەتاوە هەتا ئەمڕۆ ئەمریکاییەکان و نوخبەی شیعەو ئێرانیش بەئاستی جیاواز نەیارێتی دەکەن. بەڵام سەدر ئێستا بەهێزترین کەسایەتی سیاسی وڵاتەو لە ترۆپکی دەسەڵاتیدایە، ئایا لێرەوە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بزانین، دەبێت مێژوو و دیدی سەدر بۆ دۆخەکە بە وردی بزانین.

سەدر سەر بە خێزانێکی ناسراوە لە عێراقدا، لە مێژوی عێراقدا لەڕووی ئاینی و کۆمەڵایەتی و حکومدارییەوە هەمیشە پێگەیەکی دیاریان هەبووە. بەڵام خەسڵەتێک کە سەدرییەکان لە ئەوانیتر جودا دەکاتەوە، نزیکێتی سەدرە لە چینەکانی خوارەوە.

لە چەند مانگی پێشوودا چین- ناسی ناسراو ڤیکتۆر شیه Victor Shih کتێبێکی نوسی دەربارەی مامەڵەی نوخبەی سیاسی چینی لەگەڵ یەکتردا، بە تایبەتی لەلایەن ماوەوە، بە ناونیشانی هاوپەیمانی لاوازەکان. هەردوو ناونیشانی کتێبەکەو بە جۆرێک لە جۆرەکان میتۆدەکە، بەکارمان دێت بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە. سەدرییەکان بە پێچەوانەی نوخبە ئەرستۆکراتییەکەی نەجەف، خەڵکی پەراوێزخراوی ناو کۆمەڵگای شیعە لە خۆیان کۆدەکەنەوە، سڵناکەنەوە لە کۆکردنەوە کاوڵی و شروگی و زنجی و ڕەشپێستەکانی بەسرەو هەژاران و مەعدانەکان. ئەمە بەتەواوی پێچەوانەی مامەڵەی نوخبەی تری شیعەیە، کە زیاتر خۆی لە پارەدارەکان نزیک دەکاتەوە بە تایبەتی لەبەر بوونی سیستەمی خومس. کە جۆرێکە لە باج لە ئاینی شیعەداو پێنج یەکی داهات دەچێت بۆ ڕابەری دینی. مناڵی ئەم جۆرە لایەنگرانەبوون کە ڕۆژانی پێشوو لە پەرلەمان بوون و کەسێکی وەک موسەننا ئەمین بە سوک تەماشای دەکردن. سوک تەماشاکردنەکەی موسەننا ڕەنگدانەوە کەلتوری سوننی و نوخبەی شیعە بوو کە لەگەڵیاندا دەژی. یەکێک لەو خۆپێشاندەرانە بەناوی حەیدەرەوە بۆ واشنتۆن پۆست لێدوانی دابوو، خوازیاری ئەوەبوو کە گرتنی پەرلەمان هەتا کۆتایی هاوین بەردەوام بێت، چونکە ئەو لە هەموو ژیانیدا لە جێگای وەها فێنکدا نەخەوتووە.

بەهاتنی خەڵکی هەژاری عومارەو ناسریەو قەراخەکانی دیجلە بۆ بەغداو دروستبوونی شاری شۆرش، بەمەبەستی تەعریبی بەغدا، لە سیستەمێکی تایبەتی ئەندازەسازی و کۆمەڵایەتی، کە لەلایەن ئەندازیارێکی یونانییەوە [دۆکسیادێز] نەخشەی بۆ دەکێشرێت، قورسایی سەدرییەکان دەکەوێتە بەغدا. ئەم خەڵکە کە لە گوندەکانەوە دێن دەبنە بەشێک لەو پرۆسەیەی کە پێی دەڵێن بە گوندکردن، لەبری ئەوەی ببن بە شاریی، کەلتوری گوند بە سەر شاردا دەسەپێنن. بەڵام لەڕووی شوناس و باری دەرونی و دۆخی کۆمەڵایەتی پێویستیان بە ڕابەرێکە بۆ ئەوەی کۆیان بکاتەوە، هێزو مانا و نوێنەرایەتیان پێ ببەخشێت. موقتەدا هەموو ئەمەی بە میرات بۆ ماوەتەوە. ئەمەشە بنەمای نزیکبونەوەی موقتەدا لە شیوعییەکان.

هەندێک چاودێر ئەم توێژە بە نزیکەی 10%ی خەڵکی عێراق لە قەڵەم دەدەن. خەسڵەتی ئەم توێژە ئەوەیە بە ئاسانی دەستبەرداری سەدر نابێت. سەدر لە لایان تەنها سیاسییەک نیە، بەڵکو ڕابەرو پیرۆزو سەرچاوەی هێزو مانایە. گەر لە ڕەفتارەکانی موقتەدا بنواڕیت، بە دانیشتن لە سەر فەرش و لێخوڕینی ئۆتۆمبیلی بچوک و هاتنە ناوەوەی جەماوەر، هەموو نمایشن بۆ ئەوەی پێیان بڵێت ئێوەو شێوە ژیانەکەتانم لە بیر نەکردووە، ئەگینا هەموو دەزانن کە موقتەدا خاوەن داهات و سامانەکی زەبەلاحە.

موقتەدا ئێستا لەبەردەم ساتەوەختێکی ئێجگار ئاڵۆزدایە، ئایا چۆن بە سەر عێراقدا زاڵبێت، وەک تاکە ڕێگا بۆ ئەوەی لەناو نەچێت؟ ئەمە وەرچەرخانە لە دۆخێکەوە کە موقتەدا داوای ئەوەی دەکرد کە هەبێت وەک هێزێک، بەڵام ئێستا دەیەوێت هەبێت وەک خاوەنێک، وەک تەنها ڕێگای مانەوە. لەم پێناوەدا موقتەدا دەبێت سەرباری دەوڵەت دوو لایەنی تر کۆنترۆڵ بکات، ئەوانیش شیعەی عێراق و حەوزەی نەجەفە. گەر تەماشا بکەیت دەبینیت چۆن زمانی سەدر لەماوەی ڕابوردودا گۆڕاوە بۆ زمانێکی تەواو دینی، هەتا ئاستێکی زۆر تایفیی. هەندێک لە لایەنگرانی گۆڕانی بعزم حيدر والنبي مايضل كل ناصبي-یان دەگوتەوە لە پەرلەمان، لای هەندێک ناسبی مەبەست لێی سوننەیە. ناسبی مەبەستی لێی ئەوانەن کە ڕقیان لە ئەهلی بەیتە.

هەموو دەزانین کە موقتەدا ناتوانێت ببێت بە ئایەتواللە بەم زوانە. ئەم لایەنە یەکێکە لەو بوارانەی کە ڕەخنەگرانی وەک لایەنی لاوازی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. مارسین ئەلشەمەری یەکێکە لەو دەنگە لاوە دیارانەی کە وەک شارەزای حەوزە قسە دەکات و دەنوسێت، ئێستا سەرقاڵی گۆڕینی نامەی دوکتۆراکەیەتی بۆ کردنی بە کتێبێک کە تایبەتە بە میکانیزمی کارکردنی حەوزە، کاتێک ڕەخنەی لە موقتەدا گرت وەک کەسێکی وێناکرد کە خاوەنی ئەو پێگەو سەرمایەیە نیە کە بتوانێت ببێتە خاوەن دەنگی شیعە یان نوێنەری حسەین یان ڕابەری حەوزە. (جارێک لە گەڵ مارسین لە دیدارێکی دیسکی عێراقی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکیدا بووم، تەنها من و ئەو باسمان لە دەستدرێژی تورکی کرد، ئەو بە مەبەستی داکۆکی لە جەماعەتی چوارچێوە بوو، بەڵام من بۆ مەبەستی داگیرکاری کوردستان).

موقتەدا لەم هەوڵەیدا ڕوبەڕوی بنەماڵەی سیستانی دەبێتەوە، کە جۆرێک لە سیستەمیان داڕێژاوە بۆ چۆنێتی بەڕێوەچونی حەوزە بە تایبەتی لەلایەن کوڕەکەی سیستانیەوە، محه‌مه‌دڕەزا. بێدەنگبونی حەوزەو سیستانی لەم دۆخە باشترین بەڵگەیە کە حەوزەی نەجەف دژ بە موقتەدایەو ناوێرێت لە ترسی جەماوەر پشتیوانی چوارچێوە بێت. [دەبێت ئەوەمان لە بیرنەچێت کە سەدرو چوارچێوە پێکەوە تەنها سێ ملیون دەنگیان هەیە لە جەماوەرێکی نزیکە سی ملیونی].

بە دیدی هەندێک چاودێر، لە نێویاندا نیبراس کازمی، ئێران لە ماوەی ڕابوردودا دۆخی عێراقی لەلایەن خۆیەوە هەڵپەساردبوو، بە تایبەتی پاش قەیرانی ناو پاسداران و گۆڕینی سەرۆکی ئەو لایەنە. بەڵام لەماوەی پێشوودا مه‌حمدڕەزا پەیوەندی دەکات بە خامنەئیەوە بۆ هاوکاری لە ترسی سەدر. ئێرانیش ئەمە بە دەرفەت دەزانێت بۆ سود وەرگرتن لە دۆخەکە، چونکە ئێران نە دۆستی سەدرەو نە سیستانی چونکە هیچکامیان سەر بە سیستەمی ولایەتی فەقیه نین.

دیارە بێگومان ئێران کۆمەڵێک چەسپیوی هەیە لە عێراقدا، لەوانە حوکمی شیعە، پەراوێزی سوننە، پشتیوانی کورد بۆ حوکمی شیعە، دروستنەبونی ناسیونالیزمی عێراقی و کەسایەتی بەهێز، سەرنەکەوتنی دیموکراسی، رێگریی لە ئەمریکاو ئیسرائیل و کەنداوییەکان. بەڵام وەک محسن میلانی دەڵێت موقتەدا لە سەروی هەموو مەترسییەکانەوەیە. دیارە زۆر کەس موقتەدا وەک دۆستی ئێران لە قەڵەم دەدەن. موقتەدا دژنیە بەڵام ڕەنگە لە دەرەوەی پلانی خۆی جۆرێک لە شوناس دروست بکات کە شیعە پەرت دەکات، شوناسی شیعەی عێراقی تۆکمە دەکات.

ئەم خواستەی موقتەدا وەهای کردووە کە ڕکەبەرەکانی وەهای ببینن بە سەرکەوتنی هەوڵی لەناودانی ئەوانیتر دەدات. بۆ ئەمە ئەوەندە بەسە بگەڕێینەوە بۆ کوشتنی عبدالمجید خوئیی، ڕۆمانی فیتنەی کەنعان مەکیە وەک گوناهی سەرەتای عێراقی نوێ مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەکات. لای موقتەداش ڕونە، بە تایبەتی پاش ئاماژەدان بە مالیکی و پاشان دانانی سودانی کە مەبەستی ئیتار دانانی کەسێکە کە بیەوێت ڕوبەوڕی سەدر بێتەوە. هەرچەندە محمد شیاع سودانی ئەوەی لێڕانابینرێت کە ڕوبەروی سەدر بێتەوە، بەڵام وەک پیاوی مالیکی و لاوازبوونی، کە ناچاری دەکات بەوەی دەورە بدرێت بە کەسانی ترو زوو بکەوێتە ژێر ڕوداوەکانەوە، بەکاربێت بۆ روبەڕوبونەوەی سەدر. لەم ڕوانگەیەوە، ڕوبەڕوبونەوەی سەدر حەتمیە، بەڵام پرسی کات و گونجاوییە. ئایا ئەگەر ڕوبەروبونەوە روبدات چی ڕودەدات؟ ئەگەر سەدر سەرکەوتوبێت ئەوا کۆریایەکی باکوری دینی دروست دەبێت، ئەگەر ئیتار زاڵبن عێراق پەرتەوازەو پاشکۆی ئێران دەبێت. بەڵام روداوی گەورە ئەوە دەبێت ئایا سەدر لە شیعە جودا دەبێتەوەو وەک دروزو عەلەوی و ئیسماعیلی و ئەوانیتر دەبێتە تایفەیەک؟ هەتا ئەو ڕۆژە بە خوای گەورەتان دەسپێرم. لە هەمانکاتدا راڤەیەکی تر هەیە کە پشت بە تۆڕی نزیکی خزمایەتی نوخبەی ئاینی-سیاسی شیعە دەبەستێت، دۆخەکە بە تەواوی بە ئاڕاستەیەکی تردا دەبات. قسەکردن لە سەر ئەو تۆرە ئاڵۆزەو پێویستی بە ماندوبوونی زیاترە. کورد لە هەموو شتێک زیاتر پێویستی بە ناوەندێکی شیعە ناسییە، نەک لە روانگەی سوننییەوە، بەڵکو مێژوگەرایی و تیولۆجی و زانستی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand