Draw Media

دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن

دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن

2022-08-05 12:53:07


هاوڕێ تۆفیق
ئێستا نزیکترین سیناریۆ بۆ دەربازبون لە بنبەستی سیاسی لە عێراقدا مەسەلەی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنیش دوپاتبکرێتەوە ،پێویستە گرنگترین پێداویستی و گریمانەی سیناریۆی دەستوریی و سیاسی رەچاو بکەین:
١: پەرلەمان پێویستە قانونی هەڵبژاردنی تازە دەربکات ،یان قانونە کۆنەکە هەموار بکات .ئاشکراشە دادگای فیدراڵی کاتی خۆی سکاڵای هادی عامری رەتکردەوە سەبارەت بە ساختەکاری ئەنجامی هەڵبژاردن. بەڵام لەگەڵ قەراری رەتکردنەوەکەیاندا  هاوکات داوا دەکەن کە ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی ئەلکترۆنی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو رەتبکرێتەوە، دادگای فیدراڵی دەڵێت؛ لە وڵاتە پێشکەوتوەکان ئەوانیش دەستبەرداری ئەژمارکردنی ئەلکترۆنی بوون، بۆیە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران دەستێوەردان بکات و ژماردنی ئەلکترۆنی هەڵبوەشێنێتەوە.  
٢: ئاشکرایە گرێکوێرەی قانونی هەڵبژاردن پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگدانە، کە ئایا بەشێوەی ئەلکترۆنی بێت ،یان ژماردنی دەستی؟ گروپی ئیتار بەتەوای دژی سیستەمی ئەلکترۆنین و داوای ژماردنی دەستی دەکەن، سەدرییەکان هێشتا بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆیان پیشان نەداوە! لەلایەکی تر کێشەی سیستەمی هەڵبژاردن دووبارە زەق دەبێتەوە ، ئایا لیستی تاکەکەسی پەیرەوبکرێت، یان لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی؟ هەڵبژاردنی پێشوو چونکە لیستی تاکە کەسی بوو، گروپی ئیتار کەوتنە هەڵەی کوشندەوە و بە باشی لە جەوهەری هونەریی قانونەکە تێنەگەیشتن. هەر بۆیە بە ژمارە دەنگیان زۆرە ،بەڵام ژمارەی کورسیان کەمە! خۆ ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردن دەستکاری بکەن، ئەوا بەڕەکە لە ژێر پێی سەدر دەردەهێنن! سەدر براوەی دەنگ نیە، بەڵکو براوەی کورسیە، بۆیە گرێکوێرەی قانونی هەڵبژاردن جارێکی تر بنبەستی سیاسی دروست دەکاتەوەو  رەنگە سەدر بیەوێ بە فشاری میللی هەرچیەک دڵخوازی قانونی هەڵبژاردن بێت بیەوێ بیکا.
٣: گروپی ئیتار بەتەواوی دژی کۆمیسۆنن و تۆمەتباریان دەکەن بە ساختەکاریی و لایەنگریی، دوو سیناریۆ لەم روەوە هەن:
أ: ژمارەیەک دادوەری تر بهێنن و لە شوێنی ئەم دادوەرانەی ئێستای کۆمیسۆن کاربکەن.
ب: بەشێوەی سازان و پشکپشکێنە کۆمیسۆن دروستبکەنەوە.
٤: بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێ، پێویستە بەرێگای دەستوریی بیت، ریگای یەکەم، لەسەر پێشنیازی سەرۆک وەزیران دەبێت و سەرۆک کۆمار رەزامەندی دەردەبڕێ. پاشان پەرلەمان بەدەنگدان رەهای سەرجەم ئەندامانی پەسەندی دەکات و پەرلەمان هەڵدەوەشیتەوە. بۆ ئەم رێگایە گروپی ئیتار تانەو رەخنەیان هەیەو دەڵێن ،بە گوێرەی بریاری تەفسیری دادگای فیدراڵی سەرۆک وەزیران کاربەڕێکەرەو مافی دەستوری نیە پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە رێگای دووەم بەردەستە، ئەویش پەرلەمان خۆی بە زۆرینەی رەهای دەنگی سەرجەم ئەندامانی هەڵبوەشێتەوە. 
٥: گروپی ئیتار دڵخۆش نین هەڵبژاردن لە ژێر سایەی حکومەتی کازمی بکرێت، بە پێچەوانەوە گروپی سەدری کازمی بە گرەنتی پرۆسەی هەڵبژاردن دەزانن. لەم دوو راییەدا، یان جارێکی تر کازمی بەم ئەرکە رادەسپێرێتەوە، یان حکومەتێکی راگوزەری یەک ساڵە پێک دەهێنرێت، کە ئەرکی سازدانی هەڵبژاردن بێت. 
٦: لەرووی هونەیی و لۆجستی و پلانی ئۆپراسیۆن کەمیسۆن بەلانی کەمەوە پێویستی بە ماوەی شەش مانگە هەتاوەکو بتوانێ دەنگدانی تازە ئەنجام بداتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand