Draw Media

پوتین ئەتۆم بەکاردەهێنێت!

پوتین ئەتۆم بەکاردەهێنێت!

2022-10-09 12:04:21


د. دانا حه‌مه‌عه‌زیز

بە پلەی یەکەم ئەوەی لەم جەنگەدا پوتین ی شۆك کرد، دەرکەوتنی ئاستی سوپاکەی بوو وەك یەکێك لە سوپا خراپەکانی جیهان. سەد ساڵ زیاترە، سوپای ڕوسیا وەك دووەم بەهێزترین سوپای سەر زەوی گرەوی لەسەر دەکرێت، بەڵام شەڕی ئۆکرانیا، پێچەوانەکەی سەلماند. شکستی سوپای ڕوسیا، بەر لەوەی بەرزیی مۆراڵی ئۆکرانیەکان بێت، ئەنجامی بێ سەروبەرەیی و گەندەڵی سوپای روسیا خۆیەتی کە ڕەنگدانەوەی مۆدێلی حکومڕانی دیکتاتۆرێکی دەورەدراوە بە کۆمەڵێ ئۆلیگارژی ملیاردێر. نزمیی ئاستی تەکنۆلۆجیای سەربازی ڕوسیا لەم جەنگەدا سەلماندی کە هاوشێوەی پیشەسازییەکانی دیکەی زۆر لەوە لاوازترە لەگەڵ تەکنۆلۆجیای خۆرئاوا و تەنانەت وڵاتێکی وەك تورکیاش بەروارد بکرێت.

پوتین، هێشتا خۆی بە ڕابەری ڕوسەکان دەزانێ کە ژمارەیان هێندەی دانیشتوانی میسرە، ئەو بەڵێنی پێداون بە چەك بەسەر گەلانی ئەوروپا و جیهاندا بیان سەپێنێت، هاوشێوەی ئەو بەڵێنەی کاتی خۆی هیتلەر بە ئەڵمانەکانی دابوو. بەڵام ئەوەی لە بەرەکانی جەنگ دەگوزەرێ تەواو پێچەوانەی ئەم بەڵێنەیە، شکستی سوپای ڕوسیا و کۆڵەواریی تەکنۆلۆجیای جەنگی وڵاتەکەیان، ئەزمونێکی ترسناکە بۆ ڕوسەکان. خاڵە لاوازەکانی ئەم سوپایە، لە ئایندەدا پاراستنی یەکگرتویی خاکی ڕوسیای فیدراڵ وەك فراوانترین وڵاتی جیهان لە ژاپۆنەوە تا نەرویج، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

بۆ شەڕی ڕوبەڕوبونەوەی توڕەیی خەڵكی ڕوسیا، پوتین جگە لە سەرقاڵکردنیان بە خۆئامادەکردن بۆ بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆم، بژاردەی دیکەی پێ نیە. بەڵام بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم، بەر لە جیهان، هەڕەشەیە بۆ سەر ڕوسیا و بەر لەهەموان سەری پوتین خۆی دەخوات. دیکتاتۆرەکان داوای لێبوردن نازانن، بەرپرسیارێتی شکست و ماڵوێرانیەکانی جەنگ هەڵناگرن، ئەوان لە هیچ دۆخێکدا خۆیان بە شەرمەزار نازانن، لە سەر کەلاوەی شکستەکانیش خۆیان بە پاڵەوان دەزانن، ئەوان تام و شیرینی ژیان بە مردن ناگۆڕنەوە، پوتین وەك دکتاتۆرێکی ملیاردێر، لەجیاتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم، دەیەوێت بژی!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand