لەدوای (٦-١١-٢٠٢٢)ەوە بەناوی کێ وە قسە دەکەن؟
2022-10-08 11:04:47
ئارام سەعید
ئیدی نوێنەرایەتی ئێوە کۆتایی دێت، تا ئەوکاتە نوێنەرن و لەدوای ئەوەوە هەرچی بکەن و بڵێن بەتاڵە، بەڵام ئایا هەر ئێوەن کە شەرعیەتان نامێنێت؟ یان زۆرن ئەو حزب و دامەزراوانەی دەمێکە شەرعیەتیان نەماوەو هەر بەردەوامن؟ گەر راستگۆ بین بەتەنها پارلەمان نیە کە شەرعیەتی نەماوە بەڵکو زۆر لە سەرکردایەتی حزبەکانیش هەیە شەرعیەتی یاساییان نەماوەو سەرکردەکان بەردەوامن لە کارەکانیان، ئەنجومەنی پارێزگاکانیش هەروەها، بۆیە ئەو وادەیەی دانراوە بۆ نوینەرایەتی لەزۆر دامەزراوە کۆتایی هاتووە، هەر ئەوانەی شەرعیەتیان لەحزبدا نەماوە بە ئەندامەکانیان دەڵین ئەوانیش شەرعیەتی خۆیان لە پارلەمان درێژ بکەنەوەو ئەوانیش وەک ئەندامی گوێرایەڵی حزب فەرمانەکە جێبەجێ دەکەن.
ئەمە پاساو نیە بۆ پارلەمانتاران و سەرۆکایەتیەکەیان چونکە ئەوان لەبەردەم بەرپرسیاریتییەکی ئەخلاقی دان لەوەی درێژە بە نوینەرایەتیەک نەدەن کە کاتی بۆ دانراوەو سوێندیان خواردووە پابەند بن، بەڵام گرنگە لەوە بگەین لەم دەڤەرەی ئێمە دەمێکە سەردەمی نوینەرایەتیکردن و شەرعیەت بەسەرچووەو ئەوەی دەبێت بکرێت ئەوەیە لە خوێندنگایەکەوە تا رێکخراو و کۆمپانیاو حزب کە خۆی بە پەیڕەوەکەی دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و نوێنەر هەڵبژێرن پابەندبن بەو رێسایەوە دەنا هەتا ماوە هەر شەرعیەت لەژێر پرسیاردا دەبێت.
دەبێت پارلەمان پێمان بڵێت بەناوی کێوە؟ چۆن؟ بە چ یاسایەک نوێنەرایەتیەک درێژ دەکەنەوە کە ماوەی نوێنەراتیکردنیان دەستنیشانکراوە! گرنگە مرۆڤی راستگۆو بەویژدان بەرپرس و حوکمڕان بێت بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە سیستمێک هەبێت رێگە نەدات بە دریژکردنەوەی شەرعیەت بەپاساوی نابەجێ و هەڵخەلەتاندنی هاوڵاتیان.
لەبەغدا ئەگەر پارلەمان نەیتوانی یان نەیوست کارێک بکات سکاڵاکار دەتوانێت پەنا بەرێتە بەر دادگای فیدراڵی، بەڵام لە هەرێم شوێنێک ماوە بۆ سکاڵا لە پارلەمانی کوردستان؟