Draw Media

موچەی لە پەراوێزدایە

موچەی لە پەراوێزدایە

2025-09-08 13:31:49


(درەو):
موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی كاردا نییە، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی هەیە. 
سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی هەیە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئێستا بەسەردانێك لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكایە بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باكوری ئەتڵەسی. 
بەپێی قسەی كەسە نزیكەكانی، بڕیارە سودانی بگەڕێتەوەو خۆی سەرپەرەشتی كۆبوونەوەی سبەینێی حكومەت بكات. 
لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد راپۆرتی خۆیان لەبارەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و داهاتە نانەوتییەكان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی سبەینێی حكومەتدا بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵام ئەم پرسە هاوشێوەی دانیشتنەكانی پێشوو لە بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێدا نییەو پێشبینی دەكرێت لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەدا قسەی لەسەر بكرێت. 
ئەگەر هەردوو حكومەت بگەنە رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان (وەكو ئەوەی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە لە رێككەوتن نزیكن)، ئەوا دەبێت حكومەتی فیدراڵی بۆ (6) مانگی ئەمساڵ بەبێ گیروگرفت موچەی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات، ئەمە لەچوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا كە كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی دێت. 
لەبەرامبەردا دەبێت حكومەتی هەرێم هەم نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق بكات هەم رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand