بردنەوەیەک بە تامی شکست
2022-10-13 16:58:54
رێبوار کەریم وەلی
ئەمە دووەمجارە کە بەرهەم ساڵح لە بەرامبەر حزبەکەی خۆی شکست دەخوات. جارێک لە 2014 لە بەرامبەر فوئاد مەعسوم و ئەمجارەش لە بەرامبەر لەتیفی پشت بە فوئاد حوسێن قاییم! فوئاد بەخاوی، فوئاد بە کوڵاوی و فوئاد بە برژاوی!
*
لە سەرەتاوە دیار بوو کە رێککەوتنێکی ژێر بە بۆ ئاوت کردنی بەرهەم ساڵح لە مەنزومەی حوکمڕانیی یەکێتی هەیە. سەرەتا بە لاهور شێخ جەنگی دەستیان پێکرد و دوایی نۆرەی دکتۆر بەرهەم بوو، لێرەش بەولاوە نۆرەی کوڕانی کۆسرەت رەسوڵە.
*
پارتی نەیبردۆتەوە، یەکێتیش نەدۆڕاوە، لەو بەینەدا، بەرهەم ساڵح کراوەتە قۆچی قوربانی بۆ جێگیرکردنی پایەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی لە حوکمڕانیدا.
*
دەڵێن نەتیجە شەرتە. ئا وایە.
*
ئەگەر رۆژی یەکەم کوڕانی تاڵەبانی چوبانە لای پارتی و بیانگوتبایە زەحمەت نەبێ دەمانەوێ مێردی شازادەی پورمان کە یەکێک بووە لە عەڕابەکانی بڕینی بودجەی کوردستان بکەین بە سەرۆککۆمار، پارتی شاربەدەری دەکردن. بەڵام چاک پارتییان ناسیبوو بۆیە رێک خاڵی لاوازی پارتییان دۆزییەوە کە ئەویش رقی شۆڕشگێڕانە بوو لە بەرهەم ساڵح. ئەوان بە قۆنتەرات بەرهەم ساڵحیان بۆ پارتی کرد بە مێژوو!
*
پارتیش لە دۆڕان رزگاری بوو. پارتی سور دەیزانی تەنها رێگەی ئاوتکردنی بەرهەم ساڵح لێدانی بەرهەم ساڵحە بە یەکێتییەکی دیکە. چونکە ئەم پۆستە دەبوایە هی یەکێتی بێت و ناو ماڵی شیعەش وەک چارەسەری نە شیش و نەکەباب قەبوڵیان بوو. هەر لە رۆژی یەکەمەوە، لەتیف رەشید بە ئاگاداری و رەزامەندیی هەردوولا خۆی کاندید کردبوو، ئەو شتەی کە بەرهەم ساڵح لێی تێنەگەیشت و دەرسی لێ وەرنەگرت ئەوە بوو کە چۆن بڕوا بکات کە ئەو تاکە کاندیدی یەکێتییە!؟ قەت پرسیاری ئەوەی نەکرد ئەدی کاندیدی هاوبەش کێیە؟
*
ئەمما گورزی گەورە مالیکی وەشاندی و تۆڵەی خۆی لە بەرهەم ساڵح کردەوە، چونکە جاری پێشوو رێک پێچەوانەی رێککەوتنی پێشوەختە، عادل عەبدولمەهدیی بۆ سەرۆک حکومەت راسپارد. بۆیە ئەوجارەش گومان هەبوو ئەگەر دەربچێتەوە لە دەرەوەی رێککەوتن، کازمی راسپێرێتەوە. پێڕانەگەیشت.
*
ئەڵبەتە ئێرانیش ئەگەر یەک ددانیشی پێوە نەمابێ دەتوانێ بە پووکەکانی گۆشت لە عێراق بکاتەوە، سەدری وا کوژاندەوە کە کەلیمەی نیسابی لە بیر خەڵک بردەوە.