Draw Media

ئه‌م پارله‌مانه‌ی ئێمه‌: له‌ خه‌می کێ دان جگه‌ له‌خۆیان؟

ئه‌م پارله‌مانه‌ی ئێمه‌: له‌ خه‌می کێ دان جگه‌ له‌خۆیان؟

2022-10-09 14:04:42


نه‌وشیروان مسته‌فا

یه‌که‌م پارله‌مانی کوردستان که‌ ئه‌بو دوای 6 مانگ به‌ پێ‌ی رێککه‌وتنی هه‌ردو حیزبی گه‌وره‌ و، دوای 4 ساڵ به‌ پێ‌ی ئه‌و قانونه‌ی رێکی خست بو، دوباره‌ بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی ویستی سیاسی لای سه‌رکردایه‌تی هه‌ردو حیزب، هه‌ڵبژاردن دوباره‌ نه‌بوه‌وه‌ تا ئه‌مه‌ریکا هاته‌ عیراق و رژێمی به‌عسی روخان و، رێوشوێنی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ عیراق و له‌ کوردستان دانا.

کاتێ باسی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی پارله‌مانی کوردستان هاته‌کایه‌وه‌ له‌ ناو خه‌ڵک‌دا دو بۆچون هه‌بو:
یه‌که‌میان، داوای ئه‌کرد خه‌ڵک به‌گه‌رمی به‌شداری بکا له‌ هه‌ر 3 هه‌ڵبژاردنی کوردستان‌دا: ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان. ئه‌مانه‌ وایانئه‌زانی ته‌جروبه‌ له‌ رابردو وه‌رگیراوه‌. ئه‌مجاره‌یان پارله‌مان کارا و چالاکئه‌بێ له‌ ئه‌نجامدانی فرمانه‌کانی‌دا.

دوه‌میان، بێ هیوا بو له‌م پارله‌مانه‌ش، پێ‌ی وابو کۆپیه‌کی ئه‌وه‌ی پێشو ئه‌بێ و، ئه‌میش کارا نا‌بێ، ئه‌رکه‌کانی پێ جێبه‌جێ ناکری، چونکه‌ بڕیار له‌ ده‌س سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کان‌دا ئه‌مێنێته‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان‌دا هیچ سودێکی راسته‌قینه‌ی نابێ.

من خۆم له‌ گه‌ڵ بۆچونی یه‌که‌م بوم، به‌ هیوا بوم که ‌هیچ نه‌بێ پارله‌مان هه‌ندێ له‌ ئه‌رکه‌کانی جێبه‌جێ ئه‌کا، به‌ تایبه‌تی:

• چاودێری بودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌رێم و جۆری دابه‌شکردن و سه‌رف کردنی.
• لێپرسینه‌وه‌ی وه‌زیره‌کان و کاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌ته‌کان.

به‌ داخه‌وه‌ ئێمه‌مانان که‌ بانگه‌شه‌مان بۆ بۆچونی یه‌که‌م کرد و، داوامان له‌ هه‌مو ده‌نگده‌ران، له‌ کوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌، کرد به‌ په‌رۆش و گه‌رمیه‌وه‌ بچن بۆ ده‌نگدان ده‌رکه‌وت به‌ هه‌ڵه‌ چوبوین، چونکه‌ ئه‌میش ئه‌گه‌ر له‌وی پێشو لاوازتر نه‌بوبێ ئازاتر نه‌بو.

ئه‌گه‌ر به‌هانه‌ی پارله‌مانی پێشو هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێکی ناوخۆی خوێناوی بو که‌ به‌وان نه‌ئه‌کوژایه‌وه‌، ئه‌وا ئیستا یه‌کێتی وپارتی به‌ هاوپه‌یمانێتیه‌کی ستراتیجی به‌رامبه‌ر جۆری به‌ڕێوه‌بردنی کوردستان و جۆری به‌شداری له‌ داووده‌زگا ناوه‌ندیه‌کانی عیراق به‌ستروانه‌وه‌ته‌وه‌ و، حیزبه‌کوردیه‌کان و ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ جیاوازه‌کانی تورکومان و مه‌سیحی و فه‌یلی و ئیزیدی و شه‌به‌ک و کاکه‌یی.. له‌ ئیئتیلافێکی پارله‌مانی و حکومه‌تی فراوان دا به‌شدارن و، مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆ، هیچ نه‌بێ له‌م قۆناغه‌دا، له‌ گۆڕێ نیه‌. ئه‌بێ چی کۆسپێله‌ رێ‌ی ئه‌نجامدانی کاره‌کانیان‌ دا بێ؟ ئه‌و کۆسپه‌: ئایا سه‌رکۆماری عیراقه‌؟ ئایا سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌؟ ئایا سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌؟ ئایا سه‌رۆکی پارله‌مانه‌؟ ئایا سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و پارتیه‌؟

ئه‌ندامانی به‌ڕێزی پارله‌مان!
وا خه‌ریکه‌ ماوه‌ی قانونی‌تان له‌ ته‌واو‌ بون نزیک ئه‌بێته‌وه‌، کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ حسابیکی سه‌ره‌تایی‌تان له‌ گه‌ڵ بکه‌ین:
ئه‌گه‌ر منه‌تی په‌سه‌ندنی ده‌ستوری عیراقمان به‌ سه‌را ئه‌که‌ن، به‌بێ هیچ ئیعتیرازێ له‌ سه‌ر هیچ ماده‌ و بڕگه‌یه‌کی، به‌ کۆی ده‌نگ.. ئه‌وه‌ جێگه‌ی شانازی نه‌بو چونکه‌ ئه‌و‌ ده‌ستوره‌ چه‌ندین ماده‌ی نه‌شیاو و قابیلی گفتوگۆی تێدا بو، که‌ ئه‌بو ئیعتیرازی له‌ سه‌ر بگرن.

ئه‌گه‌ر منه‌تی نوسینی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستانمان به‌ سه‌ردا ئه‌که‌ن، ئه‌و ده‌ستوره‌‌ به‌ پێشه‌کیه‌ درێژه‌ کاڵ و کرچه‌که‌یه‌وه‌ و، به‌ هه‌مو ماده‌ باش و خراپه‌ درێژه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان و پێشکه‌وتوه‌کانیه‌وه‌ باشتره‌ بۆ خۆتانی ببه‌نه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر منه‌تی ئه‌وه‌مان به‌ سه‌ردا ئه‌که‌ن چه‌ند قانونێکتان بۆ رێکخستنی وه‌زاره‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کان و تازه‌ داهێنراوه‌کان داناوه‌، ره‌نگه‌ ئه‌وه ‌شێرپه‌نجه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌ڵاوسانی بیرۆکراتی بێ به‌رهه‌می له‌ وه‌زاره‌ته‌کان ‌دا کوشنده‌تر کرد بێ.

ئه‌گه‌ر منه‌تی ئه‌وه‌مان به‌ سه‌ردا ئه‌که‌ن هه‌مو جار، به‌ فه‌رمانی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کان کۆبونه‌ته‌وه، بێ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌م ه‌ترسیداره‌کانی،‌ بۆ پشتیوانی و په‌سه‌ندنی هه‌ڕه‌شه‌ ئاگراویه‌کانیان، له ‌تورکیا و عیراق و ئیران... به‌ مه‌ ئاڵۆزی سنوره‌کانتان گرژتر کردوه‌.

له‌ماوه‌ی 3 ساڵی رابوردودا زیاتر له‌ حه‌وت ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریکی له‌ بودجه‌ی گشتی عیراقه‌وه‌ هاتۆته‌ سه‌ر بودجه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، جگه‌ له‌ داهاتی ناوکوردستان خۆی. کوردستان به‌ درێژایی مێژوی خۆی بودجه‌ی وا گه‌وره‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. بۆچی رۆژی له‌ رۆژان پێتان دانه‌گرت بڵێن: تاووتوێکردنی بودجه‌ و، گوێزانه‌وه‌ی به‌شه‌کانی له‌ که‌رتێکه‌وه‌ بۆ که‌رتێکی تر و، ئینجا په‌سه‌ندنی جێبه‌جێکردنی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌یه‌.
ئه‌م چه‌ند ملیاره‌ کێ سه‌رفی کردوه‌ و چۆن و له‌ چی‌دا سه‌رف کراوه‌؟

له‌ ماوه‌ی 3 ساڵی رابوردودا گه‌نده‌ڵی به‌هه‌مو جۆره‌ دزێوه‌کانیه‌وه‌ له‌ ناو وه‌زاره‌ته‌کان و دائیره‌کانیان‌دا به‌ئه‌ندازه‌ی زیاد بونی بودجه‌که‌ زیادی کردوه‌. بۆچی رۆژی له‌ رۆژان پێتان دانه‌گرت بڵێن: فڵانه‌ وه‌زیر یا فیساریان بانگ بکه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ سه‌ر کاروباری وه‌زاره‌ته‌که‌ی و، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی له‌ سه‌ر بو به‌ ماڵ، باوه‌ڕی لێ بسێننه‌وه‌ و حه‌واڵه‌ی دادگای بکه‌ن.

له‌ ماوه‌ی 3 ساڵی رابوردودا چه‌ند جار خه‌م و په‌ژاره‌، سکاڵا و گازانده‌، ناڕه‌زایی و هه‌ڕه‌شه‌كانی خه‌ڵکتان برده‌ به‌رده‌م پارله‌مانه‌که‌تان و، گفتوگۆی جدی‌تان له‌ سه‌ر کرد و، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌یچاره‌سه‌ریتان دا؟

ئه‌وه‌ بۆچی که‌ دێنه‌ سه‌ر خواسته‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆتان: زیاد کردنی موچه‌ و ئیمتیازات، کڕینی سه‌یاره‌، کڕینی شوقه‌، وه‌رگرتنی زه‌وی، سه‌فه‌رکردن بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌... بیرتان رۆشن و چاوتان تیژ و زمانتان پاراوه‌، که‌چی له‌ ئاست خواسته‌کانی خه‌ڵک‌دا گوێتان گران و له‌ ئاست جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌ پارله‌مانیه‌کانتان‌دا له‌شتان قورسه‌؟

ئێوه‌ ئه‌ی ئه‌ندامانی به‌ڕێزی پارله‌مانی کوردستان! له‌ به‌رده‌م پرسیارێکی مێژویی‌دان: له‌ خه‌می کێ دان جگه‌ له‌ خۆتان؟

 

ئەم وتارە لە 2007/11/24 بڵاوكراوەتەوە 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand