Draw Media

هێزە رەشەکەی قوباد و (دژە)تیرۆرەکەی کاکی

هێزە رەشەکەی قوباد و (دژە)تیرۆرەکەی کاکی

2022-10-10 09:32:00


رێبوار کەریم وەلی

لە تازەترینەوە کە بەحیساب (تەززاندنی)

رۆژنامەنووسی نەیارە. هێزە رەشەکەی کاک قوباد تاڵەبانی کە جاران لە ژێر فەرمانی کوڕی بەرپرسێکی دیکەی یەکێتی بوون (پۆڵۆ شاڵاو عەلی عەسکەری) دوای تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلی رۆژنامەنووسەکان لە سلێمانی، دەیانگرن و بەرەبەیانی رۆژی دوشەممە 10ی ئۆکتۆبەر رادەستی ئاسایشیان دەکەن.

هەر لەگەڵ ئەوە لە بازگەی عەربەت سوکایەتی بە پەرلەمانتارێکی پارتی دەکەن، کابرا بێدەنگ دەبێ، خۆی گوتەنی نیەتییان ئەوە بووە خوێن بڕژێت.

*

پێش ئەوە، ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی هەولێر لە دوو رۆژی رابردوودا، 14 کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسییەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە هەولێر دەستگیر دەکەن.

*

هەر ئەو رۆژەش (دژە)تیرۆری یەکێتی هەموو مێدیا ناوخۆییەکان لە بیتوێن کۆدەکاتەوە گەورەتری هەواڵیان پێیە و 85 کیلۆ حەبی پاراسیتامۆلیان نیشان دەدەن کە گوایە کریستاڵە و ئەوان گرتوویانە!

*

ئەسڵی قەزییە چییە؟ هەمووی لە دەوری تیرۆرکردنی هاوکار جافە کە بەپێی زانیارییەکان، تۆمەتبارە گیراوەکانی لای ئاسایشی هەولێر دانیان بەوە داناوە کە بە فرمانی سەرۆکی یەکێتی ئەو کارەیان کردووە، تەنانەت دەگوترێ خودی سەرۆکیش گوتویەتی کە ئەوان کوشتویانە، بەڵام با چارەسەری بکەین!

*

شەوی رابردووش تا بەرەبەیان لە هەولێر چاوەڕوانی وەڵامی پارتی بوونە بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکایەتییەکان، بەڵام بە نائومێدی گەڕاونەتەوە بەغدا.

پارتی لەناو ماڵی خۆی ئەتک کراوە و دۆسییەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف یش رەهەندێکی نێودەوڵەتی هەیە و ئەمریکییەکان بەوردی چاودێری دەکەن و زانیارییان دەدرێتێ. بۆیە پارتی سورە لەسەر ئەوەی دانپێدانانی تۆمەتباران بڵاو بکاتەوە. مەعلوم نییە کێ لە دەزگا تیرۆرییەکەی یەکێتی دەکرێتە قوربانی، بەڵام لێرە بە دواوە ئیتر ئەم جووت برایە، ئەهلییەتی ئەوەیان نییە لە هیچ پلە و پۆستێکی کوردستاندا بمێنن.

*

جووت برا، ئەوە سێ رۆژە خەریکی ئەوەن چۆن بتوانن پێش بەو کەیسە بگرن و وەک ئەوەی موراد کانی کوردەیی دیزە بە دەرخۆنە بێت. لەو پێناوەشدا، تەنانەت ویستویانە فەوزایەک دروست بێت، خەڵکی پارتی بگرن و لەگەڵ گیراوەکانی لای ئاسایشی هەولێر دیل بە دیلیان پێ بکەن!

*

لەوەش واوەتر مامەڵەکردن بووە بە پۆستی سەرۆککۆمار! پارتی دڵنیایە لەوەی ئەگەر بافڵ سور بێ لەسەر کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح، کاندیدەکەی پارتی دەیباتەوە، بۆیە ئەو مەسەلەیە گرنگیی ئەوەی نەماوە تا لەگەڵ یەکێتیدا یەکلایی بکەنەوە.

*

بۆ حکومەت و پارتی کەیسی تیرۆکردنی هاوکار جاف پێش ئەوەی مەسەلەیەکی ئەمنی بێت، دەبێ مەسەلەیەکی ئەخلاقی و ویژدانی بێت کە قاتیلەکان هێندە بێبەزەییانە و ترسنۆکانە کردوویانە کە تەنانەت رشتنی خوێنی ماڵ و منداڵی قوربانیشیان حەڵاڵ کردووە! ئەمە سەرەتاییەکی مەترسیدارە و ئەگەر پێش بە بڕیاردەر و جێبەجێکارەکانی نەگیرێ و سزا نەدرێن، هیچ کەسێک لە کوردستان هەست بە ئەمان ناکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand