Draw Media

ڕێگای گەشتن بە سەقامگیر

ڕێگای گەشتن بە سەقامگیر

2022-10-08 10:06:21


فارس نەورۆڵی

مرۆڤ لە حاڵەتی سروشتیدا هەموو ڕێگایەک دەگرێتەبەر بۆ بە دەسهێنانی حەزەکانی، کە زۆرجار زەبرو زەنگ و توندوتیژی تێدەکەوێت، بەڵام لە حاڵەتی مەدەنیبووندا کاتێک بە یاساو بە گرێبەست بەرژەوەندییەکان ڕێکدەخرێت، ئەوکات مرۆڤ لە دڵنیاییدا دەژی، مرۆڤ بۆ ئەوەی بگاتە سەقامگیری پێویستی بە کلتوری ناتوندوتیژی هەیە ئەوکات لەنێوان تاکەکاندا، لەنێوان نەتەوەو ئاینەکاندا، لەنێوان حزبەکاندا بەبێ زەبرو زەنگ هەموولا لە سەقامگیریدا دەژین.

کۆی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە نەتوانراوە ڕێبازی ناتوندوتیژی بکرێتە ستراتیج و پەروەردە (کاتێک من توندوتیژی بەکاربێنم دژی بەرامبەرەکەم پاساو دەدەمە ئەو توندوتیژبێت ئەگەر باوەڕی بە کلتوری ناتوندوتیژی نەبێت، بەڵام ئەگەر ناتوندوتیژیم بەکارهێنا ئەوە بەرامبەر ناچار دەبێ بکەوێتە حاڵەتی داکۆکیکردن لە خۆی لەبەرامبەر ڕایگشتی، بۆیە زەبرو زەنگ و توندوتیژی ناوبانگ دەزڕێنێ و پاڵپشتی بۆ بەرامبەرەکەی دروست دەکات لەنێو ڕای گشتیدا) وەک سەعدی شیرازی دەڵێ: (لەتەک دۆستدا نەرمی و لەتەک دوژمن هەڵکردن) لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کلتوری ناتوندوتیژی بریتیە لە تێکۆشان و هەوڵدان بۆ یەکێتی ژیان لە نێوان سۆزو بۆچوون و کارکردنماندا بۆ گەڕان بە دوای کلتوری ژیان، بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد بێ دەوڵەت و فرە دوژمن لەهەموو ئاستەکاندا، چ لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگا چ لەنێوان هێزە سیاسیەکان چ لەنێوان ئاین و ئاینزاکاندا چ لە نێوان کوردو دەرەوەی کورددا پێویستمان بە کلتورو فەرهەنگی ناتوندوتیژی هەیە ئەم ڕێگایە بۆ هەموو میللەتانی ناوچەکەش هەروایە بۆیە، ئەمە ڕێگا ڕاستەکەیە بۆ پێکەوە ژیان و سەقامگیری.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand