كێ براوە بوو ؟
2022-10-14 10:14:14
عەدالەت عەبدوڵڵا
لە كۆتاییدا، سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا. ئەوەی یاریكەری سەرەكیی ناو ئەم رووداوەیە كە زنجیرەیەك پێشهاتی تریشی بەدوادا دێت تەنانەت ئەگەر بە نەشتەگەریی زۆر گەورەشدا تێپەڕێت!، بریتییە لە هەریەكە لە ئێرانییەكان و بلۆكی چوارچێوەی هەماهەنگی.
ئەم دوو جەمسەرەی ناو هاوكێشەكە كە یەكێكیان دەرەكییەو ئەویتریان ناوخۆیی، لە بەرەبەرەكانییەكاندا سنورێكیان بۆ رەوتی سەدر دانا، خۆپیشاندانەكانیان بە خۆپیشاندانی پێچەوانەو ئاماژەی بەكارهێنانی هێز كپ كردەوە. كازمی كە دڵخوازی سەدر بوو رەتكردەوەو، سودانی-یش كە تاقیكراوەو رەتكراوی سەدرییەكان بوو گەیاندە قۆناغی ئەوەی هەر لە سبەینێوە دەست بە ئەركی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بكات.
لەوەش زیاتر، كاتێك كە موقتەدا هەڵوێستی لە ئاست سەرۆك كۆماردا گۆڕی و لەگەڵ مانەوەی د. بەرهەم ساڵح-دا بوو، مالیكی و دەوڵەتی قانون گەمەی پشتیوانییان لە كاندیدی یەكێتی بە چوارچێوەی هەماهەنگی گۆڕی و ناڕاستەوخۆش ئەو پەیامەیان بە یەكێتی-دا كە بۆ رازیكردنی بارزانی و پارتی پێویستە چاو بە پێداگرتن لەسەر كاندیدەكەیان بخشێننەوە، كاتێك كە سەرۆكی یەكێتی رۆژێك پێش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە تویتێكدا داوا لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات كە ئەوانیش بەرامبەر بە پشتیوانییەكانی یەكێتی بەوەفابن، مەبەستی بوو كە ناڕاستەوخۆ بۆ رای گشتی و بۆ ناوخۆی حزبەكەشی رابگەیەنێت كە سەرخستنی پلان (A) سەخت بووە، دەرچوواندنی د. بەرهەم تەنها لە ئیرادەی یەكێتیدا نەماوه، بۆیە پلان (B) كە سەرخستنی د. لەتیف رەشیدە، چانسی زیاتر دەبێت، بەتایبەتی كە پارتی لە بنەڕەتدا ئەوەی مەبەستی بوو ئەوەبوو كە پلان (A)ی یەكێتی سەرنەگرێت وەك ناڕاستەوخۆ لە پیرۆزباییەكەی بازانیدا لە سەرۆك كۆماری نوێ گوزارشتی لێكرا، هەرچی یەكێتییە ئەوا مەبەستی بوو، بە هەر نرخێك بێ، ئەو پۆستە، لەكۆتاییدا، هەر لەلای خۆی بێت، جا بۆ زەید بێت یان عوبەید..!
ئێرانییەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی توانیان تەنانەت قەناعەت بە یۆنامی و دیبلۆماتكارانی باڵوێزخانەی ئەمریكاش بكەن كە سەدرییەكان لەكۆتاییدا، دەبنە هۆكاری ئاڕاستەكردنی عێراق بەرەو نادیار، بەڵگەش ئەوەیە دواین ئاگاداركردنەوەی یۆنامی ئەوەبوو كە دەبێ هێزە عێراقییەكان بەبێ مەرجی پێشوەخت كۆببنەوە كە ئەوە هەر خۆی بەمانای رەتكردنەوەی تەعەنودی سەدرییەكان بوو. لەوەش زیاتر، ئەو دوو جەمسەرە، ئەو بلۆكەشیان پەرتەوازە كرد كە سەدرییەكان لەدوای هەڵبژاردنەكانی پارەوە پێكیان هێنابوو، توانیان سیادەو پارتی بهێننە ناو ئەو بەرەیەكەوە كە بە رواڵەت مۆركێكی نیشتمانیی هەیە، بەڵام لە گەوهەردا، ئیتاری!.
بە گشتی، گێمی یەكەمی، هاوكێشەكە تەواو بوو، ئێستا سودانی لەبەردەم ئاڵەنگاری پێكهێنانی حكومەتدایە، كێ بەشدار بكات؟ كێ رەت بكاتەوە؟، لەم رووەوه، رەنگە چوارچێوەی هەماهەنگی لە پشتی پەردەوە هەموو رێگایەكی پێ پیشان بدەن و هەموو ئاسانكارییەكی بۆ بكەن تەنانەت ئەگەر هەر هێزەی ناوی چوارچێوەكە تەماحی تایبەتیشی لە پشكی كێكی كابینەی نوێدا هەبێت!.
گەمەكە سەرەتایەتی، مەرج نییە نە سەدرییەكان سەیركەر بمێننەوە، نە شەقامی ناڕازیش، وەك چۆن ئەمریكییەكانیش چاودێریی رووداوەكان دەكەن و هەندێ وڵاتی هەرێمایەتییش!. پاشان سودانی تەنانەت ئەگەر حكومەتیش پێك بهێنێت خۆی لەبەردەم هێزێكی گەورەی سیاسیی بەرهەڵستكار و وڵاتێكی پڕ قەیرانا دەبینێتەوە كە روبەڕوبوونەوەیان یەكجار پڕوكێنەرە.