سەردەمی زێڕین
2022-10-14 10:19:54
تەنیا کوردی
((ئەگەر کۆمەڵگەی بەختەوەر دروستبوو ھیچ ھێزێکی سیاسی ناتوانێ گرژی سیاسی و فەوزا بخاتە نێو کۆمەڵگە، ئێستا کاتیەتی کۆمەڵگەی کوردستانی خۆی تێست بکات و بازنەیەک بە دەوری ھەر ھێزێک بکێشێ کە بیەوێ سەقامگیری سیاسی و کۆدەنگی و تەبایی لەبار ببات، ئەم تێستە دەریدەخات کە ئایا کۆمەڵگەی کوردستانی بەختەوەرە یانیش ھێشتا کۆمەڵگەیەکی تەقسیمە.))
کۆمەڵگەی کوردستانی لەسەردەمی زێڕیندا توانی ھێزی ئەرێنی دروست بکات، ئەم دەستەواژەیە لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانی خرایە نێو ئەدەبیاتی سیاسی کوردستان کاتێک لە رۆژانی رابردوو لەمیانی گوتارێکیدا سەردەمی کارایی رێککەوتنی ستراتیژی پارتی و یەکێتی بە سەردەمی زێڕین راگەیاند.
سەردەمەی کۆمەڵگەی بەختەوەر لە کوردستان لە قۆناغی زێڕیندا بە ئاوەدانی دەستی پێکرد، ھێزی زیاتری دایە پێکەوەژیان و ھەرێمی کوردستانی لە ناوچەکەدا لە ڕووی دەسکەوت و دیپلۆماسی بەھێز کرد، ئەوکات ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بەیەکەوە لە حوکمڕانیدا کاریان دەکرد، ئێستاش بەرھەمی ئەو سەردەمە پێویستە بپارێزرێ و پارێزگاری لێبکرێ، چونکە لە ئەنجامی پەرتەوازەیی ھێزە سیاسییەکان کۆمەڵگە تەقسیم دەبێت و لێکەوتەی نەرێنی دەبێت و کار لە سەقامگیری ھەرێمی کوردستان دەکات.
لە کۆمەڵگەی بەختەوەردا خۆشەویستی بۆ نیشتمان زیاد دەبێت و ململانێی سیاسی و حزبی دەسکاری کۆمەڵگەی پێناکرێت، بەڵکوو لە کۆمەڵگەی بەختەوەردا ھەموو ململانێیەکی سیاسی و حزبی تێیدا وەک ھێزی ئەرێنی لە چوارچێوەی دیموکراسیەتێکی تەندروست رێکخراو دەبێت.
گەورە فەیلەسوفی پۆڵەندی جولیان کۆراب دەڵێت، ھەرکاتێک خەڵک ھەستیان بە ناسنامەی نەتەوەیی و ئاینیی لە مێژوویەکی ھاوبەشدا کرد کە بەیەکەوەی گرێداون، ئەوکاتە یەکگرتوو دەبن و کردەوەکانیان کاریگەر دەبێت و دەچێتە خزمەتی کۆمەڵگەی بەختەوەر.
ئەم فەیلەسوفە دروستکردنی ھێزی ئەقڵانی ئەرێنی بە بناغەی دروسکردنی کۆمەڵگەی بەختەوەر دەزانێ، ئەم ھێزە ئەرێنییە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی بەختەوەر دەیگەڕێنێتەوە بۆ حەفت بنەما و ھاوکێشە:
یەکەم..کاری ھاوباش.
دووەم..بەختەوەری بۆ ھەموان بەڵام لەسەر حسابی یەکتر نا.
سێیەم..رەوشتبەرزی ھاوڵاتیان و حیکمەتی سەرکردەکان.
چوارەم..پەروەردە لە پێناو زانست و رەوشتی باش دا.
پێنجەم..یاسای باش و رەوا.
شەشەم..مەعریفەی سیاسی.
حەوتەم..بەردەوامی نەوەکان.
لە کۆی ئەم خاڵانەدا:
-کاری ھاوبەش واتە دروستکردنی پێوەندی کۆمەڵگە لەسەر بنچینەی لێکتێگەیشتن، لەسەر بنەمای پێشکەوتن و یەکتر خوێندنەوە و یەکتر قبوڵکردن.
-گەڕانەوە بۆ ھاوبەشیکردن لە کەلتورێکی ھاوبەش، دۆزینەوەی خاڵی ھاوبەش لە ئاین و پێکەوەژیاندا.
-پتەوکردنی متمانە لەسەر بنەمای بەیەکەوە کارکردن بە ئامانجی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر کە دواجار لە بەختەوەری کۆمەڵگەدا خۆشەویستی بۆ نیشتمان قوڵایی خۆی وەردەگرێت و دەبێتە باوەڕێکی بەھێز.
-ئەزمونکردن بۆ دروستکردنی بەرگری کۆمەڵگە لە پێشکەوتن و پەروەردە و مەعریفەی سیاسی، بژێوی باش و ئابووری بەھێز، لەسەر بنەمای لۆژیک و یاسا، لەسەر بنەمای تێگەیشتن بۆ پێڕاگەیشتن بە گەشەکردنی حوکمڕانیەکی تەندروست لەسەر کارنامەی ھاوبەش و سەرکردەی داناو قیادەکردنی مۆدێرن بە ئامانجی کۆکردنەوەی ھەموان لە دەوری یەکتر، ئەمانە گشتی ئومێدێکن کە بەردەوامی دەداتە نەوەکان کە دوارۆژێکی گەشیان ھەبێت.
-لە کۆمەڵگەی بەختەوەردا تاک دووجار مرۆڤە جارێک بۆ ژیانکردن و تێگەیشتن لە سەنگی خۆی لە کۆمەڵگە و پێشخستنی، جارێک بۆ مرۆڤایەتی و گەیشتن بە پێناسەی ئەرێنی خۆی و باشترکردنی ئەدای لە پێشخستنی خۆیی و کۆمەڵگەدا.
ئێستا درەنگ نییە کە بتوانین ھەموو ھەوڵێک بکەینە کۆدەنگەیەکی بەھێز و ئەرێنی بۆ دروسکردنی بەرگری لە کۆمەڵگەیەکی بەخەتەوەردا.
ئەگەر کۆمەڵگەی بەختەوەر دروستبوو ھیچ ھێزێکی سیاسی ناتوانێ گرژی سیاسی و فەوزا بخاتە نێو کۆمەڵگە، ئێستا کاتیەتی کە کۆمەڵگە بازنەیەک بە دەوری ھەر ھێزێک بکێشێ کە بیەوێ سەقامگیری سیاسی و کۆدەنگی و تەبایی لەبار ببات، ئێستا کۆمەڵگە لە تێستدایە کە ئایا بوەتە کۆمەڵگەی بەختەوەر یان ھێشتا کۆمەڵگەیەکی تەقسیمە.