قەیرانی شەرعیەتی حوكمڕانی هەرێم
2022-10-06 13:07:53
سەرتیپ جەوهەر
درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان جگە لەوەی ناقانونییە، هاوكات زیانێكی گەورە بەدیموكراسی و سومعەی دامەزراوەكانی حوكمڕانیی دەگەینێت.
پەرلەمان هیچ دەقێكی قانونیی نییە خۆی تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، هەروەك ئەم كارەی پەرەلەمان پێچەوانەی مەنتق و بنەماكانی قانونە، چونكە پەرلەمان و پەرلەمانتاران شەرعیەت لەدەنگی دەنگدەرانەوە وەردەگرن، بۆیە ئەگەر بیانەوێ تەمەنیان درێژبكەنەوە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ دەنگدەران نەك بۆخۆیان تەمەنی خۆیان درێژبكەنەوە.
ئەم كارەی پەرلەمان زیانێكی ئێجگار گەورە بەدیموكراسی و دامەزراوەكانی حوكمڕانی دەگەینێت. بنەمای سەرەكی بوونی دیموكراسی بریتیە لەهەڵبژاردن، بەڵام بەمەرجێك هەڵبژاردن لەوادەی خۆی دووبارە ببێتەوە!
ئەوەی دەكرێت، تەنها درێژكردنەوەی پەرلەمان نییە، بەڵكو درێژكردنەوەی تەمەنی حكومەتیشە، واتە جگە لەپەرلەمان، حكومەتیش دەبێتە حكومەتێك لەدەرەوەی شەرعیەتی قانونیی. ئەنجامی ئەم بێقانونیی كردن و بێشەرعیكردنەی حوكمڕانیی كە چەندجارێكە دووبارە دەبێتەوە، نەهێشتنی متمانەی خەڵكە بەحوكمڕانیی، بۆیە دەبینین نزیكەی لە 70% خەڵك لەهەڵبژاردنی رابردوو نەچوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
راستیەكەی ئەم حكومڕانیەی هەرێم قەیرانیی جددی شەرعیەتی هەیە، دەبینین پەتای گەندەڵیی و ناشەرعیی بوون دامەزراوە رەقابیی و زۆر هەستیارەكانی گرتۆتەوە كە لەبنەڕەتدا دەبوو پارێزەری قانون و نەزاهەت و خاوێنی دامەزراوەكانی دەسەڵات بن. تۆ كە ئەنجومەنی دادوەریی كاری ناقانونیی بكات چ ئومێدێكت بە ئایندەی ئەم حكومڕانیە دەبێت. كاتێك دەستەی نەزاهە كە دەبوو پێشەنگی نەزاهەت بێت، كەچی خۆی ماوەكەی بەسەرچووەو باسی گەندەڵیش دەكات! یان كاتێك دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن ساڵانێكە بەسەرچووە، باسی چ هەڵبژاردنێك بكەین! دەستەی مافی مرۆڤیش بەسەرچووبوو، بەمدواییانە سەرۆكی نوێی دەستەكە داندرا، كەچی لەمرۆژانە لەهەولێر دەرگای بەندیخانەیان لێنەكرایەوە تاوەكو راپۆرتی چاودێریی خۆیان لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ بنوسن، كەچی رێگریان لێكرا سەردانی بەندیخان بكەن.