Draw Media

هاوڕه‌گه‌زخوازی و تێكه‌ڵكردنی ماناكان 

هاوڕه‌گه‌زخوازی و تێكه‌ڵكردنی ماناكان 

2022-12-21 09:01:19


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
له‌ ڕاستیدا من وه‌ك خۆم هاوڕه‌گه‌زخوازی به‌ نه‌خۆشی ده‌زانم ، نه‌خۆشیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر پیسیش ، بڕواشم وایه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نانه‌ت له‌ رۆژئاواش بۆ كه‌سه‌كان بوێریه‌كی زۆری ده‌وێت به‌ ئاشكرا له‌ باره‌یه‌وه‌ قسه‌ بكات ، له‌ رابردوی دوردا له‌ رۆژئاوا سزای گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر بووه‌ ، ئێستا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی سیستمی لیبراڵیزمی جیهانی و نیو لیبرالیزم خه‌ونی گه‌وره‌یان ئه‌وه‌یه‌ گه‌شه‌ی مرۆڤایه‌تی و ئه‌و زیادبوونه‌ خێرایه‌ رابگرن ، هه‌موو رێگه‌یه‌ك بۆ به‌رگرتنی تاقیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ من لام وایه‌ ئه‌مه‌ش رێگه‌یه‌ك بێت بۆیه‌ هه‌رچۆنێكه‌ ئێستا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن و له‌ قوتابخانه‌سه‌ره‌تایه‌كانی هه‌ندێ‌ وڵاتیشدا بازاڕسازی بۆ ده‌كه‌ن ، ده‌نا ئه‌م بابه‌ته‌ش جگه‌ له‌ نه‌خۆشیه‌كی ناشرین چی تر نیه‌و له‌ داهاتوشدا له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌و له‌ سه‌ر ئاستی وڵاتانیش ڕووبه‌ڕووی ره‌خنه‌و له‌ قاو دانی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ ، گه‌وره‌ كردنه‌وه‌و باس و خواسی فراوانیشی له‌ باره‌یه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌ تێكدانی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و بوغزاندنی  یه‌كتر شتێكی ئه‌وتۆی لێسه‌وز نابێت .
یه‌كێك له‌ رۆشنبیرو خوێنه‌وارو ته‌نانه‌ت فه‌یله‌سوفه‌ هه‌ره‌ هه‌مه‌كارو ئاوه‌زداره‌كانی ئه‌مڕۆ " یۆڤاڵ نوح هه‌راری "یه‌ من سه‌ره‌ڕای سه‌رسامیم به‌ نوسین و گفت و گۆو دیداره‌كانی ، به‌ڵام تێناگه‌م بۆچی به‌ ناوی ئازادی ویست و حه‌زه‌وه‌ خۆی دانی ناوه‌ به‌وه‌ دا كه‌ شوی به‌ پیاوێك كردووه‌و به‌ ئاشكراش ده‌ڵێت دڵم بۆ ئه‌و لێیداو حه‌زم لێكرد ، یانی تۆ بڵێی بیرمه‌ندێك مه‌ترسیه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ قڕكه‌ری مرۆڤایه‌تیه‌ نه‌زانێت و ئه‌م جۆره‌ ڕه‌وتاره‌ دور له‌ ئاكاره‌ گشتی و كه‌سیه‌ش به‌ ئازادی لێكبداته‌وه‌ ، به‌ داخه‌وه‌م كه‌ ئه‌مه‌ پرسی ڕه‌گه‌ز گۆڕین نیه‌ به‌و مانایه‌ی كه‌سێك رێژه‌ی     چه‌ندی نێره‌و چه‌ندی مێ‌ ، ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵی مرۆیدا ژماره‌یه‌كی یه‌كجار كه‌مه‌و جێی هه‌ڵوه‌سته‌ نیه‌ ، به‌ڵام بابه‌تی هاوڕه‌گه‌ز بازی و ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت و روسیا به‌ ئاشكرا دژایه‌تی ده‌كات ، ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی تری بۆ بكرێت .
له‌ په‌نا بازاڕسازی دژبه‌رو ئه‌وانه‌ش كه‌ وه‌ك جۆرێك له‌ ئازادی مرۆڤ سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن ، كێشه‌یه‌كی تر سه‌ری هه‌ڵداوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ پێناسه‌و مانادانا ن به‌ ئاره‌زوی كه‌سێك ، بۆ هه‌ندێك چه‌مكی تر ، وه‌ك پێناسه‌ی جێنده‌رو هه‌روه‌ها فیمینزم و ئه‌و بابه‌تانه‌ ، له‌ راستیدا ره‌نگه‌ خوێندنه‌وه‌ی فیمینزم ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا له‌ باره‌یه‌وه‌ قسه‌و باسی زۆر كراوه‌و مێژویه‌كی درێژی زیاتر له‌ 150 ساڵی هه‌یه‌ ، زۆر جیاواز بێت له‌ هه‌مان بابه‌ت بۆ رۆژهه‌ڵات و كۆمه‌ڵی رۆژهه‌ڵاتی و به‌ تایبه‌ت كۆمه‌ڵی كورده‌واری ،هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێك سه‌رهه‌ڵدانی بزاڤه‌كه‌و سه‌ره‌تاكه‌ی بۆ سه‌ده‌كانی پازده‌و شازده‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ ، دواتریش ئه‌م بابه‌ته‌ لق و چڵی زۆری لێبوه‌ته‌وه‌ له‌ فیمینیزمی سۆسیالیستی و لیبراڵی و رادیكاڵ و تادوای، هه‌وڵدان بۆ داتاشینی ماناو وێنه‌ی نوێ‌ به‌م بابه‌ته‌و به‌ كار هێنانی به‌ مه‌به‌ست و بۆ كاری دیكه‌ له‌ كۆتایدا به‌ زیانی گشتی ته‌واو ده‌بێت ، ئه‌مه‌ بۆ جێنده‌ریش وایه‌ كه‌ له‌م ماوانه‌ی رابردودا خوێندنه‌وه‌ی سه‌یر، سه‌یری بۆ ده‌كرا و هه‌ندێك هه‌ر بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی لێهانبده‌ن به‌ شێوازی نا ئاوه‌زی پێناسه‌یان ده‌كرد, به‌ باوه‌ڕی من دوو بابه‌تی جێنده‌رو فیمینزم ده‌بێت به‌ جیا له‌ هاوڕه‌گه‌ز بازی ته‌ماشا بكرێن و ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌سته‌شیان له‌ سه‌ر بكرێت ، ده‌كرێت به‌ به‌رتاقای كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌ سه‌ر بكرێت و ناكرێت ئه‌م دوو بابه‌ته‌ گرێبدرێن به‌ هاوڕه‌گه‌زبازیه‌وه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ رابردودا له‌ لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ ئه‌وه‌ كرا .
هاوڕه‌گه‌ز خوازی نه‌ك ئازادی نیه‌ پێشێلكردنی ئازادیه‌و هه‌وڵێكیشه‌ بۆ له‌ مه‌نگه‌نه‌ دانی كۆمه‌ڵگه‌و تێكدانی په‌یوه‌ندی خێزانی و شێواندنی پێكه‌وه‌ییه‌ ، ئه‌مه‌یان پێویسته‌ به‌ هه‌ر جۆرێكه‌ له‌ قاو بدرێت ، چونكه‌ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌ره‌و شێواندن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌بات و چه‌كێكی مه‌ترسیداره‌ به‌ ده‌ست سیستمی ئێستای شه‌قاوه‌ی دنیاوه‌ بۆ سه‌رقاڵكردن و له‌ بیر بردنه‌وه‌ی خه‌م و ئازاری مرۆڤایه‌تی ، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆشبه‌ختی كورده‌واریه‌ ، ئه‌وه‌یه‌ هیچ رۆشنبیرو خوێنه‌وارو ئازادیخوازێك له‌ گه‌ڵ بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ نیه‌و كه‌س نه‌هاتووه‌ بازاڕسازی بۆ بكات ، بۆیه‌ به‌ باوه‌ڕی من ئه‌م بابه‌ته‌ ناكرێت ببێته‌ بابه‌تی قسه‌و باس وله‌ رێگه‌ی ئه‌و باس و خواسه‌وه‌ قه‌به‌ بكرێت .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand