رێگای سەختی شەفافیەت
2022-12-21 07:08:40
ئارام سەعید
هەرێمی کوردستان دوای راپەڕین لەچەند خاڵیکی گومرگیی و چەند فەرمانگەیەکەوە دەستی پێکرد، پاشان پارلەمان و حکومەت و ئێستا بە سەدان هەزار کارمەندو سەدان کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاردەکەن هەربۆیە مەترسییەکانی گەندەڵیش بەهەمان ئەندازە گەورە بووە.
خەڵک متمانەی بە نوێنەرەکانیان و دامەزراوەکانیان لە حکومەت و حزبدا نەماوە، چونکە هەر رۆژەی دەیان چیرۆکی گەندەڵی دەبیستێت لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە (سەرنج بدەنە تەنها لێدوانی پارلەمانتاران). یەکەم شت کە گەندەڵیی دەیکات ئەوەیە هاوڵاتی متمانەی بە حوکمڕانیی و دەسەڵات نامێنێت بەتایبەت ئەوکاتەی هەرخۆی تۆمەتبار دەگرێت و پاش ماوەیەکی کەم ئازادی دەکات...
لەم سەردەمەدا و لەسایەی سۆشیال میدیا جگە لە چیرۆکە راستەقینەکانی گەندەڵیی رۆژانە چیرۆکی هەڵبەستراویش هەیە کە بەشی زۆری پەیوەندی بە ناکۆکی سیاسی و پێشبرکێی بازرگانییەوە هەیە، بەڵام هێشتا ئاستی گەندەڵی هێندە بەرزەو دەسەڵاتیش بەردەوام باسی دژایەتی گەندەڵیی و چاکسازی دەکات، هەربۆیە کەس بڕوا بەو چیرۆکانە ناکات کە باسی شەفافیەت دەکەن، چونکە هەر ئەو دادگایەی بۆ دەستپاکی دامەزرا چۆڵترین دادگایە لەم هەرێمەداو هەر کەسیکی ئاسایی بپرسە دەزانیت گەندەڵییەکان لەلایەن ئەوانەوە دەکریت کە دەسەڵاتیان هەیە... بەسادەیی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە پێناسەکەیدا بۆ گەندەڵی نوسیویەتی" گەندەڵیی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە" هەربۆیە دەکرێت لەحاڵەتی گەندەڵیدا یەکەم کەس کە پەنجەی بۆ رابکێشرێت بەرپرسی سیاسی و دەسەڵات بێت.
لەبەرئەوەی گەندەڵیی کارێکی نایاساییە ئاشکراکردنی ئاسان نیەو بکەرەکانی لەسەرو یاساوەن و ئامرازی شاردنەوەی گەندەڵییەکەیان هەیەو لەخۆدەربازکردن لە یاسا پسپۆڕن، حوکمدان لەسەری ئەرکێکی قورس دەبێت، بەڵام زۆربەی حاڵەتەکانی گەندەڵیی کاتێک پەرەدەسێنێت کە کەسێک یان گروپێک دەسەڵاتێکی سەرو یاسا بەکاردەهێنن و دەسەڵاتەکانیان لەسەرو حکومەتەوە بێت لەکاتێکدا خۆیان ئەندامانی حکومەت یان حزبی دەسەڵاتن.
لەڕاستیدا تەشەنەكردنی گەندەڵی پەیوەندی بەلاوازبوونی یاساو پاشان دەربازبونی گەندەڵكار بووە لە سزا ئینجا پاراستنیان لە باوەشی حزبەكان و دروستكردنی پارێزبەندییەكی ساختە بۆیان. دیوێكی تری ئەم لاوازبوونەی سەنگەری بەرەنگاربوونەوە دژ بە گەندەڵیی شاردنەوەی زانیارییە لە دامەزراوەكانی چاودێری، پەرلەمان، دەستە سەربەخۆكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، راگەیاندن. هەرچەندە ئەم دامەزراوانە هەموو وەك یەك زاتی ئەوە ناکەن وەك پێویست ئەركی خۆیان ببیین، لە لێكۆڵینەوەو لیپرسینەوەو ئاشكراكردنی ئەو كەسانەی دەستدرێژییان كردوهتە سەر داهاتی گشتی.
خۆ ئەگەر بیر لە چارەسەریش دەکەنەوە ئەوا سەردانی ماڵپەری فەرمی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بکەن هەموو رێگا چارەکانیان نوسیوەو دەیان لێکۆلینەوەو ئەزمونی گرنگ باس دەکات... رێگاکان بۆ گەیشتن بە شەفافیەت سەخت و درێژن، بۆیە لەخاڵی سفرەوە دەستپێکردن مایەی دەستخۆشییە.