نەوت وەك فاكتەرێكی بونیادی بۆ دەستێوەردان و یەكلاكردنەوەی ململانێكان
2022-12-19 06:37:20
ئەبو كاروان
نەوت سامانێكی سروشتی پڕ بایەخ و ستراتیجییە، داڕشتنی سیاسەتی نەوت لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە بەرھەمھێنەری نەوتن گرنگی خۆی ھەیە، كاتێك كە باس لە جەنگە جیھانییەكان دەكرێت بابەتی نەوتیش لەگەڵیدا دێتەكایەوە، هەروەها كێشەی نەتەوایەتی و نیشتیمانی بەشێكی زۆری وڵاتان، پەیوەستن بەپرسی نەوتەوە، زۆر جار لەبری خێرو خۆشی دەبێتە مایەی ئاشوب و ئاژاوەو سەرچاوەی بەڵاو نەگبەتی بۆ ئەو دەوڵەتانە بەگشتی و گەلەكانیشیان بەتایبەتی.
گەر بە نمونە عێراق وەربگرین دەبینین بەشێكە لەو وڵاتانەی كە نەوت ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی بۆ مەیسر نەكردوون و ھەرگیز سودیان لەنەوتەكەی نەبینیوە، دەوڵەتە زلھێزەكان و كۆمپانیاكانیان ھەمیشە بەشێك بوون لەو كودەتا خوێناویە سەربازیانەی لەو وڵاتە ڕوویان داوە، ڕوونترین نمونە كودەتای ڕەشی ھەشتی شوباتی ١٩٦٣ بوو كە ئەمریكاو بهریتانیا ڕۆڵی كاریگەریان ھەبوو تێیدا، ھەر پەیوەست بەم باسەوە بەپێویستمزانی لەسەر كەسایەتییەك بدوێم كە شایەتحاڵی ڕووداوەكان بووە ئەویش حەردان (تكریتی)یە. حەردان كەسایەتییەكی سەربازی و سیاسی بوو لە عێراق، لەنێوان شوبات و ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣دا فەرماندەی ھێزە ئاسمانییەكان بوو، دواتر جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری و ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی شوڕش بوو لە تەمووزی ١٩٦٨وە تا بوونی بەجێگری سەرۆك كۆمار لەساڵی ١٩٧٠، بەڵام بەفشاری سەدام ھەموو پلەكانیان لێوەرگرتەوە، پاشان كرا بە باڵیۆزی عێراق لە ئیسپانیا، ئەو بریارەكەی جێبەجێ نەكردو نەگەڕایەوە عێراق، چونكە دەیزانی ئەمە پلانی سەدامە بۆ لەناوبردنی، بۆیە چووە كوێت و لەوێ نیشتەجێ بوو، ئەوەبوو لە ٣٠ی ئازاری ساڵی ١٩٧١ بەفەرمانی سەدام لەكوێت تیرۆر كرا.
حەردان لە یاداشتەكانیدا كە لە ساڵی ١٩٧١ بڵاویكردوەتەوە، كە ھەر ئەو كتێبەش بووە ھۆكاری دەرمانخواردنی ھاوسەرەكەی و دواتریش تیرۆركردنی خۆی، بەوردی باسی كاریگەری وڵاتە زلھێزەكان دەكات بەتایبەتی ئەمریكاو بەریتانیا لە پرسی نەوت و ئەو كودەتایانەی لەعێراقدا ڕووییانداوە، لە بەشێك لە یاداشتەكانیدا دەڵێ: من و ئەحمەد حەسەن بەكر پەیوەندییەكی ھاوڕێیهتی و دۆستایەتی قووڵمان ھەبوو، چەند جارێك ھەستی خۆمم دەربارەی خراپی بارودۆخی عێراق و ئەوەی لەپشتی پەردەوە دەگوزرێ بۆ ڕوونكردەوە، ئەویش لەوەڵامدا بەپێكەنینەوە وتی: پشتی پەردە چ عەیبەیەكی ھەیە ئەوە نییە تۆی كردە وەزیرو منیشی گەیاندە سەرۆكایەتی، بێ دەنگبە با بە كپوكوڕی وەك خۆی بمێنێتەوە، ئەو لێرەدا مەبەستی لە ھاوكاری ئەمریكاو بەریتانیا بوو لە گۆڕانكارییەكان، لەڕێگای كودەتا سەربازییەكانەوە لە گەیاندنیان بەدەسەڵات. چۆن و بۆچی عهبدولڕەحمان عارف یان دوور خستەوە؟ لە سەردەمی حوكمڕانی عهبدولڕەحمان لەچاو عهبدولسهلامی برای، ھێمنی باڵی بەسەر عێراقدا كێشا بوو، كوشتن و تیرۆر تاڕادەیەك كۆتایی پێ ھاتبوو، جۆریك لە ئازادییەكان بەرقەرار بوو، فشار لەسەر حیزبەكان کەمبوو، هاتووچۆو و گفتوگۆ لەنێوان بزوتنەوەی كوردو حكومەتی ناوەند هەبوو، شەڕی ھەردوولا نەمابوو، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوە بوو بۆچی كودەتای ١٧-٣٠ی تەمووز ڕوویدا. لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا (حهردان تكریتی) بە ئاشكرا پەردە لەسەر ھۆكاری ئەنجامدانی كۆدەتاكە لادەدات و دەڵێ: پێش كۆدەتاكە بە دوو مانگ عهبدولڕەحمان عارف لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ھەمواری ڕێككەوتنە نەوتییەكان دەكات لەبەرژەوەندی كۆمپانیای (أیرب)ی فەرەنسی. ھەر لەوكاتەدا ئەحمەد حەسەن بەكر (ئەبو ھیثم) پەیوەندی پێوەكردم و یەكترمان بینی، ئەو وتی: ئەوەی ڕاگەینراوە ھەنگاوێكی خراپەو جێی ناڕەزایەتی ئەمریكاو بەریتانییەكانەو كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی عێراق و ئەو دوو دەوڵەتە، لەلایەكی ترەوە پێویستە ئەو ھەلە بقۆزینەوەو ھەوڵبدەین گۆڕانكاری دروست بكەین، بۆیە پەیوەندیمان كرد بە سەدام حسێنەوە كە ئەوكاتە لە لوبنان بوو، بۆئەوەی لەگەڵ سەفارەتی ئەمریكا گفتوگۆبكات بەمەبەستی ھاوكاریكردنمان، ھەروەھا لەگەل میشێل عەفلەق بۆ ھەمان مەبەست. لەدوای كەمتر لەھەفتەیەك سەدام وەڵامی داینەوە كە ھەردوو دەوڵەت ئەمریكاو بەریتانیا ھاوكاریمان دەكەن بەڵام بە دوو مەرج:- ١.پەیماننامەیەكی نووسراو لەنێوانماندا مۆر بكەین و بەپێی بەرنامەیەكی ھاوبەش دوای گۆڕانكاری و ئەنجامدانی كۆدەتا كار بكەین . ٢. پشت بەھێزەكانی ناوخۆ ببەستن. بۆ ئەوەی بیسەلمێنین وەك حیزبی بەعس كە خاوەنی جەماوەرێكی بەھێزین، بریارماندا خۆپیشاندانێكی جەماوەری دژی عهبدولرەحمان عارف ئەنجام بدەین، لەو خۆپیشاندانەدا شیوعییەكان و چەند كەسایەتی ئاینی بەشداربوون، ئێمە (ئەبو ھیثم، حهردان) چەند ھاوڕێیەكی تری بەعسی لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەرانەوە بووین. دوای ئەو چالاكییە جەماوەرییە سەفارەتی ئەمریكا لە لوبنان ئاگەداریانكردین كە ئامادەی ھاوكاری تەواون، هاوکات داوایان کرد پاش سەركەوتنی كودەتاكە پێویستە نەرمی بنوێنن لەبەرانبەر كۆمپانیاكانی نەوتی ئەمریكا، ئەمجارەیش مەرجەكانمان قبوڵكرد. دوای سێ ڕۆژ جارێكی تر سەفارەتی ئەمریكا ئاگاداری كردین كە لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانەكانی گاردی كۆماری تەنسیق و ھاوكاری بكەن (عهبدولڕەزاق نایف)، بهپێی ئەو پلانەی بۆتان دیاری دەكات کاربکەن، بۆیە شەوی ١٧ی تەمووز دوای جەولەیەك گەڕان بە سەیارەكەی عهبدولڕەزاق، لەسەر ھەموو شتێك ڕێككەوتین.
حهردان لە یاداشتەكانیدا لە شوێنێکی تردا دەڵێ: نامەوێ لەسەر وردەكاری چونیەتی كۆدەتاكە بدوێم، بەڵام ئەوەی جێی خۆشحاڵی ئێمە بوو، ئەوەندە بەئاسانی و بەپەلە جێبەجێكرا لەدەرەوەی بیركردنەوەی ئێمەدا نەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لایەنگرانی عهبدولڕەزاق سێ فیشەكیان لە دەرەوەی ژوورەكەی تەقاند، ئەوەبوو سەرلەبەیانی ١٧ی تەمووز عهبدلڕەزاق ھەردوو دەستی بەرزكردەوە خۆی دا بەدەستەوە.
ئەی كۆدەتاكەی دژ بە عەبدولڕەزاق چۆن بوو؟ سەرنج بدەن نەوت و ڕۆڵی ئەمریكاو بهریتانیا چ كاریگەری ھەبووە لەسەر ھێنانە سەر حوكمی عهبدولڕەزاق و پاشان دەرپەڕاندنی لە ماوەی ١٣ ڕۆژدا. حردان دەڵێ: دوای كۆدەتاكە بەشەش ڕۆژ، سەفارەتی بهریتانی بەشێوەیەكی نھێنی پەیوەندی پێوەكردین سەبارەت بەو سیاسەتەی كە عهبدولڕەزاق وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاندبوو. لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا (عهبدلڕەزاق دەخوازێت حكومەتەكەی سیاسەتێكی سەربەخۆیانە لەبواری پرسی نەوتدا پەیرەو بكات و پێداچوونەوە بەسەرجەم ڕێككەوتنەكاندا بكات کە لەنێوان عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكاندا كراون). ئەو لێدوانەی عهبدولڕەحمان بەس بوو بۆ ئەوەی سەفارەتی بهریتانیا گڵوبی سەوز ھەڵبكات بۆ گۆڕانكاری و لادانی عەبدولڕەزاق نايف و دۆستەكانی، ئەوەبوو ڕێككەوتن لەگەڵ بەعس بۆ بەڕێوەبردنی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان کە بریتیی بوون لە كۆمپانیاکانیان، بەوشێوەیە لە ٣٠ی تەمووزدا بەسەرۆكایەتی ئەحمەد حەسەن بەكر كودەتایان ئەنجامدا، لە ئاکامدا ئەو جەماعەتەیان لەسەركار لابردو دەریانپەڕاندن.
دوای سەركەوتنی كۆدەتاكەی ٣٠ی تەمووز بەسەركردایەتی بەكر (ئەبو ھیثم) ئەمجارەیان بەپلانی كۆمپانیای نەوتی عێراق-بەریتانی، سەرجەم ڕێككەوتنەكانیان لەگەل (كۆمپانیای أيرب)ی فەرەنسی ھەڵوەشاندەوە، تەنھا ڕێككەوتنیكی سنورداری كاتی عهبدولسهلام عارف دەربارەی گەڕان (تنقیب) بەدوای نەوت لە سامرایان ھێڵایەوە، حهردان دەڵێ پاساومان بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو ڕێككەوتنانە ئەوە بوو كە لەكاتی خۆیدا ڕێككەوتنێكی زاڵمانە بووە بۆیە پێداچوونەوە دەكەین بە ھەموویاندا، ھەروەھا حەردان دەڵێت، ڕێككەوتنێكی ترمان ڕەتكردەوە لەگەل فهرەنسییەكان، دەربارەی كڕینی فڕۆكە كە پێشتر لەكاتی عهبدولڕەحمان واژوومان كردبوو، پاساومان بۆ ئەو ڕەتكردنەوەیەش ئەوە بوو كە عێراق ژمارەیەكی زۆری فڕۆكەی ھەیەو پێویستیان پێ نییە. لە كۆتاییدا حردان دەڵێ: شایانی باسە دامەزراندنی سەعدون حەمادی بە وەزیری نەوتی عێراق لەدوای كودەتاكە، لەسەر پێشنیارو پێداگرتنی سەفارەتی بهریتانیا بوو لە عێراق، سەعدون حەمادی پێشتر ئەندازیار بوو لە كۆمپانیای نەوتی عێراق، سەیر ئەوەیە ئەو کەسە بەعسی نەبوو، شایانی ئاماژەیە لەو دەمەدا سەعدون بوو بە بەھێزترین وەزیرو بڕیارەكانی لەلایەن ھەمووانەوە جێبەجێ دەكرا، چونكە ئەوان دەستنیشانیان كردبوو، واتە سەفارەتی بەریتانیا.
بەڵێ ئەوەی باسمانكرد كاریگەری نەوت بوو لەسەر ئەو گوڕانكاری و كۆدەتایانەی كە لە عێراقدا ڕوویانداوە بەپشتگیری وڵاتە بەھێزەكان، ئەم نموونانە باشترین شایەتحاڵن لەناو جەرگەی ڕووداوەكاندا، کە حهردان تکریتی لە كتێبەكەیدا یاداشتی کردوون. لەمیانی ئەم سەرگوزەشتەی کەسێک کە ڕۆڵی گرنگی و ئاگاداری وردەکاری ئەو ئاڵوگۆڕانە بووە، دەردەکەوێت کە زلهێزەکان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیاندا هەرگیز سڵ لە هاوکاری هێزە ناسیۆنالیست و سەرکوتکەرەکاندا ناکەنەوە بۆ ئەنجامدانی کودەتا، بەتایبەت لە وڵاتانی خاوەن نەوت. لەو ڕوانگەشەوە دەتوانین بڵێین نەوتی کوردستانیش لەژێر دەسەڵاتی کورددا نییە هێندەی لەژێر دەسەڵاتی تورکیاو کۆمپانیا نەوتەکانی وڵاتە زلهێزەکاندایە، ئەگەرچی ئەمانەش لەم قۆناغەدا دەسەڵاتی دوو حیزبەکەیان ڕاگرتووە، بەڵام گەر چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم پرسە نەكرێت و لەدەستی ئەم كۆمپانیانە دەرنەھێنرێن سیاسەتێكی سەربەخۆیانە پەیرەو نەكەن ئەوا لە ئەنجامدا سەری خۆیشیان دەخوات و بارودۆخی گەلەکەشمان ڕوو لە نادیار دەکات.
* ئهندامی مهكتهبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان