Draw Media

د.بەرهەم: خۆتان مەگلێننە ناو کێشەکانی یەکێتی

د.بەرهەم: خۆتان مەگلێننە ناو کێشەکانی یەکێتی

2022-12-22 12:31:34


كاوە محەمەد 

رۆژی (٩/٩/٢٠١٦) ئاڵا تالەبانیی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی؛ مەبەستمانە سبەی هەردوو فراکسیۆن (یەکیتی و گۆڕان) سەردانی مام جەلال بکەین و هەر لەوێ ئیئتیلافەکەمان (ئیئتیلافی هەردوو فراکسیۆن لەپەرلەمانی عیراق بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی) رابگەیەنین، (م.جەلال جەوهەر-رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەت و ئارام شێخ محەمەد-جێگری سەرۆکی پەرلەمان)یش پەیوەندییان پێوەکردم و وتیان؛ پێمانباشە بچن، کە لەگروپی فراکسیۆن بیرۆکەکەم بە هاوڕییان راگەیاند، وتم؛ منیش هاوڕام بچین، چونکە بۆ ئێمە باشترە تا زووە ئیئتیلافەکە رابگەیەنین، (هۆشیار عەبدوڵلا) وتی؛ بە باشی نازانم و ئامادە نابم، چونکە وا بکەین، دەبینە بەشێک لەململانێکانی ناوخۆی یەکێتی، دواتر (مەحمود رەزا) پێشنیاریکرد کە دوای ئەوە سەردانی (کۆسرەت رەسوڵ و د.بەرهەم)یش بکەین، م.جەلال-یش ئەو پێشنیارەی پێ باش بوو، قسەم لەگەڵ (ئاڵا) کردەوە، دوای راوێژ لەگەڵ سەرووی خۆی، وتی؛ ئێمە بۆ لای ئەوان نایەین، چونکە کە دەچینە لای مام جەلال، ئەو هی هەمووانە..

پاشان تەلەفۆنم بۆ (د.بەرهەم) کرد، وتی؛ پشتیوانی تەواوی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکەین، بەڵام ئێمە تا ئێستا کێشەی ناوخۆی یەکێتی و فراکسیۆنەکەی بەغدامان هەیە و داواکارین ئێوە خۆتان نەگلێننە ناو ئەو کێشانەوە، وتم؛ ئێمە کە دەمانەوێ سەردانی ئێوەش بکەین، مەبەستمانە بزانن بە یەک مەسافە لەباڵەکان دەوەستین، وتی؛ ئاساییە دانیشتنەکەمان بخەینە دوای جەژن ؟ وتم ئاساییە، ئەگەر ئامادەبن سبەی دەتانبینین، ئیتر خۆت قسە لەگەڵ کاک کۆسرەت بکە و وەڵاممان بدەنەوە، وتی؛ باشە..

سەردانی مام جەلال و راگەیاندنی ئیئتیلاف

رۆژی (١٠/٩/٢٠١٦) هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان، لەماڵەکەی خۆی لەدەباشان، سەردانی مام جەلال-مان کرد و لەهەواڵی تەندروستیمان پرسی، ئەو نەیدەتوانی هیچ قسەیەک بکات، بەڵام بە روخسار و ئاماژەکانی سەر رووی دیاربوو کە قسەکانمان دەبیستێت و خۆشحاڵە بە رێککەوتنەکە و بەیەکەوەبوونمان..دواتر هاتینە دەرەوە و لەبەردەم ماڵەکەی مام جەلال (من و ئاڵا تاڵەبانی) قسەمان بۆ رۆژنامەنووسان کرد و ئیئتیلافەکەمان بە فەرمی راگەیاند..


سەردانی (کۆسرەت رەسوڵ و د.بەرهەم)

داوایانکرد پشتیوانی لە(زێباری) بکەین

رۆژی (١١/٩/٢٠١٦) هەریەک لە؛(ئەمین بەکر، مەحمود رەزا، مەسعود حەیدەر و کاوە محەمەد) لەماڵی کۆسرەت رەسوڵ (ماڵە کۆنەکەی پارێزگاری سلێمانی)، سەردانی (کۆسرەت رەسوڵ و د.بەرهەم)مان کرد، من باسم لەوەکرد کە دوێنێ سەردانی جەنابی مام جەلال-مان کرد وەک سکرتێری گشتی و چەتری کۆکەرەوەی یەکێتی و هەر لەوێ ئیئتیلافەکەمان راگەیاند، دەمانەوێ ئەو پەیامە بگەیەنین کە ئێمە بە یەک دووری لەهەردوو باڵەکەی یەکێتی دەوەستین، هیوادارین ئێوەش بتوانن بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوانتان چارەسەر بکەن، کێشەی ناوخۆی یەکێتی کاریگەریی نەرێنی دەبێت بۆ سەر رێککەوتنەکەی نێوانمان، پێویستیمان بە پشتیوانی ئێوەشە بۆ ئیئتیلافەکەمان، لەگەڵ یەکڕیزیی کوردین لەبەغدا، بەڵام پارتی وەک چۆن لەهەرێم تاکڕەوانە رەفتار دەکات، لەبەغداش حیساب بۆ یەکڕیزیی کورد ناکات..

ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بۆ رێککەوتنەکە دەربڕی، (کۆسرەت رەسوڵ) وتی؛ من خۆم ئیمزامکردووە، بێگومان پشتیوانی لێ دەکەین، بەڵام وتیان؛ ئێمە کێشەمان هەیە و پێویستە مەنزومەی حزبی لەکوردستان گۆڕانکاری بەسەردابێت..دواتر (کۆسرەت رەسوڵ) بە روونی و (د.بەرهەم)یش لەژێر لێوەوە داوایانکرد کە لەپەرلەمان پشتیوانی لە(هۆشیار زێباری-وەزیری دارایی) بکەین تا متمانەی لێ نەسەنرێتەوە (ئەوکاتە زێباری لەبەردەم لێپێچینەوە و لێسەندنەوەی متمانەی پەرلەمان-دا بوو)، ئێمەش وتمان؛ ئەو کەسێکە تۆمەتبارە بە کۆمەڵێک کەیسی گەندەڵی، هەق نیە ئەمە بکرێتە پرسێکی نەتەوەیی وەک پارتی وێنای دەکات..

 

* بەشێک لەکتێبی (کورسییەک لەتەختەی مێژوو.. ئەودیوی رووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم)

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand