Draw Media

گروپی خیانەتكاری 16 ئۆكتۆبەر كێن؟؟

گروپی خیانەتكاری 16 ئۆكتۆبەر كێن؟؟

2020-05-30 22:51:11



ساڵح ژاژڵه‌یی

بەڕێز مەسعود بارزانی، هەرێمی كوردستانی خستە گەمەی ئەسپی دۆڕاوەو بەوهۆیەوە نیوەی زیاتری خاكی كوردستانمان لەدەستدا. هەمولایەك ئاگاداری ئەو ڕاستییەن كە ئەو بڕیارە تەنها بڕیاری مەسعود بارزانی خۆی بو بەپشتیوانی گروپێكی ناو یەكێتی و هیچ پشتیوانییەكی نێودەوڵەتیمان نەبو.

ئەمریكا هاتە سەرخەت و داوای كرد بۆ یەك ساڵ ڕیفراندۆم دوابخەن و ئەوان ئامادەن نێوەندگیری بكەن و كێشەكانی نێوانیان لەگەڵ بەغدا چارسەر بكەن. بەڵام مەسعود بارزانی داواكەی ڕەتكردنەوە. ئێران بەئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند بەڵام مەسعود بارزانی گویێ بۆ نەگرتن.

 لەسەر ئاستی ناوخۆش بەگشتی هاوڵاِتیان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بون چونكە لای هەموان ڕون و ئاشكرابو، كە كاتەكە گونجاو نییەو سەركەوتن بەدەستنایەت، تەنها مەسعود بارزانی خۆیی و گروپێكی ناو یەكێتی سوربون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

تۆ سور بزانیت هیچ پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی و ناوخۆییت نەبێت. تۆ زۆر باش بزانیت ژێرخانێكی ئابوری بەهێزت نەبێت و ئەگەر ئێ ران و توركیا سنورت لەسەر داخەن، توانای خۆڕاگری تەنها مانگێكت نییە. تۆ بزانیت پاشەكەوتی موچەی مانگێكت نییەو بەدەمی خۆشت هاواردەكەی توكی سەرت قەرزە. تۆ خۆت بەدەستی خۆت سامانی ژێرزەوی و سەرزەویت تاڵان فرۆش كردبێت. تۆ باش بزانێت هێزێكی پێشمەرگەی تۆكمەو خاوەن چەك و پێداویستی و مەشق پێكراوت نییە. تۆ باش بزانیت هێزەكەی خۆت زۆر نابەرابەرە لەڕوی ژمارەو چەك و پێداویستییەوە لەگەڵ هێزی بەرامبەرت.

تۆ خۆت باش بزانیت تا ئێستا هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوت نییەو مێلیشیای حیزبیت هەیە. تۆ پێشوەخت بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستانت تەسلیم بە توركیا كردوەو چەندین بارەگای سەربازی و بنەكەی جاسوسی میتی توركی لێ دانراوە. تۆ خۆت باش بزانێت كە هێزی ئێرانی هاوكاری حكومەتی عێراقی دەكەن و كەسێكی وەكو قاسمی سلێمانی خۆی هاتۆتە ناو هاوكێشەكەوە.

لە هەموی گرنگتر ئەوەیە عێراق بڕیاری داوە بەهەر نرخێك بوە، كەركوك بگرێتەوە. كەواتە بە چ عەقڵیەتێكەوە ڕیفراندۆم دەكەی؟ ئەگەر كەسێك كەمێك هوشیاری سیاسی هەبێت چۆن بڕیاری ئاوا چارەنوسساز دەدات و ئایندەی وڵات و میللەتەكەی دەخاتە قومارێكەوە كە خۆشی زۆر باش بزانێت پێشوەخت دۆڕاوە. كەواتە ئەوپەڕی ئەحمەقییە شەڕ بكەی، ئەوپەڕی ژیرییە خۆت لە شەڕ ِبەدور بگریت.

كەواتە با پرسیار لە خۆمان بكەین چی وای لە مەسعود بارزانی و هاوئاوازە ڕیفراندۆمچییەكانی ناو یەكێتی كرد ئەو بڕیارە بدەن؟ بە بۆچونی من هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ:

1-مەسعود بارزانی بەئاگاداری نوێنەری ئەمەریكا ئیمزای كردبو كە شەڕی داعش تەواوبو، ئامادەیە لەو ناوچانە بكشێتەوە كە بەهۆی شەڕەوە دەكەونە ژێر دەستیانەوە بە شاری كەركوكیشەوە. لەبەرامبەر ئەوەشدا بڕی‌ 400 ملیۆن دۆلاری لە بەغدا وەرگرتوە. ئەوە قسەی عەبادی خۆیەتی. كەواتە مەسعود بارزانی بۆیە ڕیفراندۆمی ئەنجامدا، بۆ ئەوەی مەسەلەی وەرگرتنی ئەو پارەیەو فرۆشتنی كەركوك لەبیر خەڵك بباتەوەو خۆی وەكو پاڵەوان پێشان بدات.

2- پارتی هەرگیز پێگەیەكی بەهێزی نەبوە لە كەركوك و دەوروبەری. ئەو لایەن گرانەشی هەیبون بەهۆی دامەزراندنەوە بوە وەكو بندیوار. بەوهۆیەوە پارتی لە كەركوك هەمیشە خەریكی كاری تێكدەرانە بوە. ئەوان بونە هۆكاری ئەوەی دو ئاسایش و دو هێزی پێشمەرگەی جیاوازو دو بەرنامەی خوێندن هەبێت. ئەمانەش هەمیشە هۆكاری نا سەقامگیری بون لە كەركوك.

 كەركوك هەمیشە قەڵایەكی بەهێزی یەكێتی بوە. فەلسەفەی بنەماڵەی بازرانیش ئەوەیە : ئەگەر شۆڕشیان بۆ نەكرا، ناهێڵن لە بری ئەوان كەس شۆڕش بكات و ئەگەر كەسێكیش شۆڕی كرد ئەوان دەیڕوخێنن. ئەمەشیان بە كردەوە ئەنجامداوە. ئەوان دەڵێن ئەگەر ماستێك بۆئێمە نەبێیت با خۆڵی تێكرێت.

 لە ڕوانگەی ئەم فەلسەفەیەوە ڕیفراندۆمی ئەنجامدا. ئەگەر سەركەوت دەبێتـە پاڵەوانی نیشتمانی و. ئەگەر سەریش نەكەوت، كەركوك و زۆرینەی ناوچە كێشە لەسەرەكان كە قەڵەم ڕەوی یەكێتین لە دەستی دەدەن.

 كەواتە مەسعود بارزانی ئەگەر باران ببارێت ئاشی دەگەڕێت و ئەگەر باران نەبارێت جوتی دەگەڕێـت و ئەو هەر مسوەگەرە. مەسعود بارزانی چۆن توانی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات لە كاتێكدا نە پشتیوانی دەرەكی و نە پشتیوانی ناوخۆیشی نەبو؟

 مەسعود بارزانی باش ئەوەی دەزانی بەبێ بەشداری یەكێتی ڕیفراندۆمی بۆ ئەنجام نادرێـت بە تایبەتی كە كەركوك بنكەی بە هێزی یەكێتییە. مەسعود بارزانی توانی سود لە ناكۆكیەكانی ناو یەكێتی وەرگرێت. ئەویش عاقڵانە ئەو هەلەی قۆستەوەو بۆشاییە بچوكەكانی كردە دەلاقەیكی گەورەو كارێكی وای كرد ڕیگای دو سایدی لە نێوانیاندا دروست كرد.

ڕێكەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان، كە بە ڕێكەوتنی دەباشان ناسراوە، پارتی نیگەران كردبو.  هەندی كەسیش لەناو یەكێتیدا بە كۆنە قینی ڕابوردوی بەرامبەر بە كاك نەوشیروان و هەندێكی تریش لە ڕوانگەی ئەوەی بەرژەوەندی دارایی زۆریان هەیەو هەموی دەكەوێتە سنوری پارتییەوە، كەوتنە گەڕ و مەكتەبی سیاسی یەكێتیان لە پارتی نزیك كردەوەو لە گۆڕانیش دور كەوتنەوە.

تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی هەڕەشە لەو بەرپرسە كەركوكیانەش بكرێت كە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن. باسی ئەوەش كرا كە پارتی بڕێك پارەی داوە بە هەندێ كەس لەوانەی سەركردایەتی یەكێتییان لە پارتی نزیك كردۆتەوە.

بەڵام كۆمەڵێكیش لە ناو یەكێتی هەبون كە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بون. ئێستا كاتی ئەوە هاتوە بزانین خیانەتكاری ڕاستەقینەی 16 ئۆكتۆبەر كێن؟. كاتێك ڕیفراندۆم ئەنجامدرا، زۆرینە لەگەڵ ڕیفراندۆم بون. كاتێك ئەنجامەكەی خراپ بو كەركوك گیرایەوە، كۆیلەكانی پارتی كەوتنە لێدوان گوایە سەرۆك بۆ جیابونەوەی هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆمی نەكردوە.

باشە ئەگەر بۆ جیابونەوەو سەربەخۆیی نەبوە، یۆچی ئەم كارەساتەت بەسەر ئەم میللەتە هێناو نیوەی زیاتری خاكی كوردستانت لە دەستدا ؟ ئەگەر میللەتی كورد نەگبەت نەبێـت خاوەنی سەركردەی ئاوا دەبێـت خۆشی نەزانێت بۆچی ڕیفراندۆمی كردوە؟؟.

لە 16 ئۆكتۆبەردا هێزەكانی سوپاو حەشدی شەعبی بە هاوكاری ئێران و ئامادەبونی قاسمی سلێمانی، هێرشیان دەست پێكرد لە دەڤەری توزخزرماتوەوە. سەرەتا هێزەكانی پێشمەرگە بەرگرییەكی قارەمانانەیان كرد، بەڵام كە زانرا ناتوانن بەرگری بكەن و هێزی پێشمەرگە توشی كارەسات دەبێت، بڕیاردرا شەڕنەكەن و بەبێ شەڕ كەركوك چۆڵ بكەن. جگە لەوەی ژمارەیەك پێشمەرگە بونە قوربانی هەمو كوردانی توزخورماتو توشی ماڵ وێرانی و دەربەدەری و شەهێدبون و سوكایەتی پیكردن بون. لەو كاتەوە مەسعود بارزانی و هاوئاوازە ڕیفراندۆم چییەكانی ناو یەكێتی دەستەواژەی گروپی خیانەتكاری 16 ئۆكتۆبەریان بەسەر ئەوانەدا بڕیوە كە بڕیاری پاشەكشەیان داوە.

مەسعود بارزانی ئەوەی كردۆتە كراسەكەی عوسمان و هەمیشە ئەوە وەبیر كەركوكیەكان دێننەوە كە ئەوگروپی خیانەتكارانە بونە هۆكاری ئەو كارەساتە. ئەگەر ئەو گروپە بۆ  دەسكەوتی خۆیان بڕیاری پاشەكشەیان دابێت و ئەوەیان زانیبێت دەتوانن بەرگری بكەن، منیش سەد جار هاوڕام ئەو ناوەیان بەسەردا ببڕێـت.

بەڵام پێشتر زانراوە كە هێزی پێشمەرگە لە هەمو رویەكەوە، لە ئاستی گەورەیی ئەو شەڕەدا نییەو بەغداش بڕیاری داوە بە هەرنرخێك بوە دەبێ كەركوك بگرێتەوە. كەواتە لە كاتێكی ئاوادا شەڕكردن، واتە خۆكوشتن.

 لە حاڵەتێكی ئاوادا لەوە عاقڵانەتر نییە پاشەكشە بكەیت و هێزەكەت و میللەتەكەت لە شەر ِلادەی. شارەكە لە وێران بون بپارێزی و شەڕی خۆتڕێن نەكەی بەبی َعاقڵی ؟. بە بۆچونی خۆم باشتر وابو هەر لەسەرتاوە شەڕیان نەكردبایە. ئەو كات نەكەس شەهید دەبو، نە توزخورماتو وێران دەبو.

هەموشمان ئەو ڕاستییەمان دەزانی ئەگەر هەر شەڕ بەدەوام بوایە زۆرینەی پێشمەرگەی یەكێتی شەهید دەبون چونكە لە بەرەەی پێشەوەی بەرەی شەڕەكەدا بون. ئەوانەی پارتیش پاشە كشەیان دەكرد. ئەو كوردانەی ئێستا لە دەڤەری خانەقین و جلەولاو ناوچەكانی كەركوك شەهید دەكرێن، و دەربەدەر دەكرێن و دەغڵ و دانیان دەسوتێنن، لە نەبونی پێشمەرگە ڕو دەدات لەو ناوچانە.

ئەوەش لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە فاشیلەكەی مەسعود بارزانی و كروپە هاو ئاواز و ڕیفراندۆم چییەكانی ناو یەكێتی سەر بە مەسعود بارزانی ڕودەدەن. ئەی پێش ڕیفراندۆم گوێتان لە مەسعود بارزانی نەبو دەستی بەرز دەكردەوەو دەیفەرمو، بەقسەی كەس ناكەم و هەرچی ڕو بدات خۆم بەرپرسیارم.

 ئەوەتا مەسعود بارزانی و هاو ئاوازەكانی بە چاوی خۆیان دەبینن چییان بە سەر ئەم میللەتە هێناوە، بابزانین خۆی و هاو ئاوازەكانی كە لایەنگری ڕیفراندۆم بون چی بۆ ئەو خەڵكە دەكەن ؟.

 ئەوەتا لە ئێستادا لە كەركوك بە بەرنامە تەعریب دەستی پێكردوە. ئەگەر كەمێك ویژدانتان هەبوایە، كەمێك خۆشەویستیتان بۆ نیشتمان هەبوایە، دەبوایە خۆتان بكوشتایە لە بەرامبەر ئەو كارەساتەی بەسەر كەركوك و توزخورماتو و ناوچەكانی ترتان هێناوە.

 مەسعود بارزانی  سەری ئەو گروپەی ناو یەكێتی تاشی كە بونە پشتیوانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندوم و كڵاوی كردە سەریان و ئاوێنەشی دایە دەستیان.

باشە مەسعود بارزانی ریِفراندۆمی لە چی و ڕێگریكردن لە دانانی پارێزگارێكی كورد لە كەركوك لە كوێ‌؟. خەڵكینە باش بیری لێ بكەنەوە ئەمە لەمەتەڵ دەچێت. یان ئەم سەرۆكە نەخۆشی دەرونی هەیەو ئێمە پێمان نەزانیوە. كەسێك هوشیار بێت چۆن  شتی لەو شێوەیە دەكات.

باشە ئەگەر مەسعود بارزانی بۆ گێرانەوەی كەركوك ڕیفراندۆمی كرد، بۆچی لە ئێستادا ڕێگا نادات پارێزگارێكی كورد لەسەر پشكی یەكێتی دانرێت. هیچ نەبێ لەبەرخاتری ئەوانەی ناو یەكێتی كە لەبەر خاتری ئەو یەكێتییان خستە ناو ئەو گەمە دۆڕاوەو هەمو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆشیان بەدەستی خۆیان لە دەستدا.

مەسعود بارزانی لە ر ِێگای ئەو سیناریۆیەوە كە نەخشەی بۆ دانابو توانی ناكۆكی بخاتە ناو سەركردایەتی یەكێتی و تەنانەت دوای ئەنجامدانی كۆنگرەش ناكۆكیەكان هەر بەردەوامن. لە ئێستا كە پارتی و بنەماڵەی بارزانی  ناوی گروپی خیانەتكاری 16 ئۆكتۆبەر دەهێنن، هاو ئاوازەكانی بارزانیش لەناو یەكێتیدا زۆریان پی َخۆشەو بە حسابی خۆیان ئەوان دڵسۆزی ڕاستە قینەن.

 سەیركەن چۆن پارتی هێزێكی ناردە زینوی وەرتی بۆ پەلكێش كردنی سوپای تورك بۆ سەر پەكەكەو لەو كارەشی دا كڵاوی كردە سەر یەكێتی و بە وەزیرەكەی یەكێتی ئەو كارەی كرد و كەسیش ناتوانێت ڕەخنە بگرێت.

 بە بۆچونی من ئەگەر باسی خیانەت بكرێت، لەم كارەساتەدا، بەم شێوەیە : تاوانبار و خیانەتكاری ڕاستە قینە مەسعود بارزانی خۆیەتی كە گوێی بۆ كەس نەگرت.

 بەڵام گروپی ڕیفراندۆمچی و هاوئاوازەكانی مەسعود بارزانی لەناو یەكێتیدا، ئەگەر لە مەسعود بارزانی زیاتر تاوان بارتر نەبن، كەمتر نین. چونكە ئەگەر ئەمانە یەكێتیان ڕانەكێشایە ناو ئەم گەمە دۆڕاوەوە، مەسعود بارزانی نەیدەتوانی بە بێ یەكێتی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات.

 ئەوەشی كە ئەو گروپە ئەنجامیان داوەو فەرمانیان بە پاشەكشە داوەو لەگەل سوپای عێراقی ڕێك كەوتون و مەسعود بارزانی زاراوەی گروپی خیانەتكاری 16 ئۆكتۆبەری بەسەردا بڕیون، ئەنجامی ڕیفراندۆم بوەو لە ناچاریدا ئەوە كراوەو بەلای منەوە كارێكی زۆر باشیان كردوە. كەواتە لە ئێستادا  بۆ هەموان ڕونە كی َخیانەتی كردوە. تۆ ڕیفراندۆم بكەی بە تایبەتی بۆ گێڕانەوەی كەركوك. بەڵام كەركوكت لە دەستدا. بەڵام ئێستا بەغدا ئامادەیە پارێزگارێكی كورد دانێت، بەڵام بارزانی ڕازی نییە. خۆتان سەر پشك بن و پێناسەیەك بۆ ئەم سەرۆكە بدۆزنەوە چونكە بەدەگمەن شتی ئاوا لە جیهاندا ڕودەدات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand