خنكاندنی رەشپێستێك ئەمریكای هەژاند ئەی كوردستان؟
2020-06-01 13:30:46
مەلا بەختیار
ماركس، وتەیەكی نایابی هەیە دەڵێ: جاری وا هەیە، روداوی بیست ساڵ لە یەك رۆژدا دەتەقێتەوە. جاری واش هەیە، لە یەك رۆژدا، روداوی بیست ساڵ دەتەقێتەوە.
ئەو وتەیە، ئێستا لە ئەمریكادا بەرجەستە بووە. لە (25/5/2020)دا پۆلیسێك، رقی هەڵدەستێو ئەژنۆی لە ملی (جۆرج فلۆید) پیاوێكی رەشپێستی بێگوناح گیر دەكاتو دوای (8) دەقیقە، دوا هەناسەی پێ دەدا. ئەم پۆلیسە، كە یەكێكە لە سەدان هەزار پۆلیسی ئەمریكا، بێئاگا بووە لەوەی هەر دەقیقەیەكی هەناسەلێبڕینی ئەو پیاوە، بەهاكەی هەژاندنی گەلانی ئەمریكایە، دژی حكومەتەكەی.
هەشت دەقیقە.. لە یەك رۆژدا، دەریخست كە گەلانی ئەمریكا، هەناویان لێوڕێژی زوخاوەو سێ مانگی كۆرۆناش، ئەو زوخاوەی جۆش جۆش داوە، تەنها ئەو هەشت دەقیقەیەی دەویست، كە ئەمریكایەكان قینی پیرۆزیان بتەقێننەوە.
هەشت دەقیقە، بۆ ئەمریكاو بۆ ژیانو بۆ دونیای جەنجاڵی سیاسەت، هیچ نییە. بەڵكو هەشتا ساڵیش بۆ مێژوو هەناسەیەكی كورتە. بەڵام، كاتێك روداوەكان، لە كورەی هەناوی رای گشتیدا جۆشی دەرونی دەخۆنو بۆ دەرەتانێك دەگەڕێن چەشنی گڕكان بتەقنەوە، نەك هەشت، بەڵكو دەقیقەیەكیش بەسە، گەلان دژی دەسەڵاتەكان راپەڕن!! كات، هەموو كاتێك، بە یەك پێوەر ناپێورێ. بەڵكو هەروەكو تیۆری رێژەیی پێویستە سەیری كات بكرێ. راستە كات هەر كاتە. بەڵام لە تیۆری رێژەییدا، زەمانو زەمینە، كاتو جوڵە، كات دەگۆڕن، بۆ نموونە:
مرۆڤ، دەقیقەیەك لەناو ئاگردا بێ، كاتەكەی لێ ناڕوات. بەڵام لە سەر كانیاوێكی سازگاری سێبەرداردا دانیشێ، كاتژمێرێكیشی لێ بڕوات، ئاگای لەخۆی نییە.
ئەم تیۆرە رێژەییە، لە دونیای سیاسەتیشدا دروستە. كاتێك كێشەی ئابوری، سیاسی، كۆمەڵایەتیو سایكۆلۆژی، لە هەناوی رای گشتیدا، پەنگی نادادپەروەری دەخواتو مەترسیەكی گەردونی وەكو كۆرۆناش، فشاری فیزیكی رۆدەچێنێ، دۆخی زلهێزێكی وەكو ئەمریكاش، لە هەشت دەقیقەدا دەهەژێنێ.
ئەمریكا، دوو سەدە و نیوە سەربەخۆیە. (230) ساڵە دەستوری هەمیشەیی هەیە. چوار ساڵ تێناپەڕێنێ هەڵبژاردن نەكات. لە هەڵبژاردنیشدا، گزی ناكرێ. یاسا سەروەرە. زلهێزە. یەكێكە لە زەنگینترینو رەنگینترین وڵاتانی سەر ئەرز. لە دەیان وڵاتدا، بنكەی سەربازی هەیە. بە چەكی ئەتۆمی دەتوانێ سەر ئەرز بكاتە مەرگەسات. دیموكراسیو ئازادی لەوپەڕیدایە. ژێرخانی ئەوەندە تۆكمەیە، لە سێ مانگی كۆرۆنادا، دەیان ترلیۆن دۆلاریان سەرف كردووە، پێیانەوە دیار نییە. كەچی ئەم وڵاتە زلهێزە، پۆلیسێكی هەڵە دەكاتو هاوڵاتیەك دەكوژێ.. دەهەژێ. ئەم هەشت دەقیقەیە، سەعاتێكی بیست ساڵەكەی ماركس بووە.
ئەگەر ئەو روداوە، بە وڵاتانی لەمەڕ كوردستان بەراورد بكرێ، هەقوایە، هێزە سیاسیەكانو حكومەتی كوردستان، واقیان لە دۆخی ناوخۆ وڕ بمێنێ.
كوردستان.. هێشتا هەرێمێكی فیدراڵە. بە بودجەی عێراق بەڕێوەدەچێ. یەك دۆلار پاشەكەوتی نییە. كیلۆیەك ئاڵتونی پارسەنگی دراویشی نییە. دەستوری نەنوسیوە. یاسا سەراپا سەروەر نییە. حكومەت قەرزاری پاشەكەوتی چەندین مانگی موچەخۆرانە. گەندەڵی بۆگەنی بەرزبۆتەوە. هێزو دەستەی گەندەڵپارێزی تەراتێن دەكەن. هەلپەرستان فەیسبوكیان گەرموگوڕە! هەژاران هەژارتر بون. بێمتمانەیی قوڵتر بۆتەوە. لایەنی كەمی راستگۆیەتی لەناو لایەنە سیاسیەكاندا نەماوە. ماستاوچیەكان قەزوانیان لە بازاڕ نەهێشتووە بۆ ماستاوی سەروی خۆیان!! بۆیە، هەتا دێت، دابڕانی مەترسیدار لەنێوان خەڵكو حكومەت رودەدات.
لە دۆخێكی ئاوادا، هەستی برینداركراوی خەڵك، لەسەر چزە. لەئەمریكادا، بە ناهەق كوشتنی هاوڵاتیەك قینی خەڵكەكەی بتەقێتەوەو هیچ بەربەستێك رێگای راسانیان لێ نەگرێ، ئاخۆ، لە كوردستانێكدا، كە لایەنی كەمی ئەو بەربەستە ئابوری، دەستوری، سیاسی، دەسەڵاتدارێتیو سیستەمی دیموكراسییەی ئەمریكای نەبێ، تاقە روداوێك، چی لە دۆخە قەیراناویەكەی كوردستان دەكات؟
دۆخ لە كوردستاندا دەكوڵێ. كەچی كۆبونەوەیەكی متمانەبەخشی نێوان لایەنە سیاسیەكان، لە پەرلەمان، لەگەڵ عێراق، چارەسەری موچەو بودجە، لەئارادا نییە. بەش بەحاڵی مەلا بەختیار، ئاوات ناخوازم روداوێكی بچوكی نەخوازراویش، لەم نیشتمانەم روبدات. بەڵكو ئومێدم وایە، چارەسەر بۆ كێشەكان، لەپێشەوەدا، قەیرانی ئابوری بدۆزرێتەوە. بەڵام ئەگەر دۆخەكە بە چارەسەرنەكراوی بمێنێتەوە، نایشارمەوە، هیچ دەستەبەرێكی سیاسی-كۆمەڵایەتی بۆ ناخی برینداركراوی خەڵك لەكوردستاندا نییە. دوور نییە، ئەمریكا لە هەشت دەقیقەدا بە كوشتنی هاوڵاتیەك هەژابێ، لە كوردستاندا، كەمتریش لەو كاتە، روداوێك، روداوی سیاسی نەخوازراو بهێنێتە دی!! تكایە، لەم راستییە تاڵە تێبگەن.. تكایە!!