بەڵگەیەکی هیچ ...!
2020-05-31 12:33:05
بەشیر غەریب
زۆرێک لەگەڵ دەم ئەکەنەوە باسی بەدیل ئەکەن و ئەڵێن ئەمانە بڕۆن کێمان بەدەستەوەیە بەبەڵگەی ئەوەی بەدیلێک نییە بۆ شوێنگرەوەی ئەم دەسەڵاتە ، ( تێناگەم کاتێک دەسەڵاتێک دێت و ماوەی نزیکەی سی ساڵ بەشەڕی ناوخۆو لەناوبردنی لێشاوێک لە هاوڵاتیەکانی خۆی سەرقاڵ ئەبێت ، سەدان هاوڵاتی خۆی تەنها بەتۆمەتی جیاوازی بیروڕای سیاسیەوە بێسەروشوێن ئەکات ، یاساکانی وڵات ژێرپێ ئەنێت و بەتەواوی مانا گوزەران و ژیان وگیرفانت داگیر ئەکات ، هەڵدەسێت بە نانەوەی فیتنەو بێئەندازە دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی بە دامەزراندنی چەندەها میدیای بێڕەوشتی و چەواشەکارو سێبەر ، تەواوی پرسەگرنگە نەتەوەیی و چارەنوسسازەکان پەک دەخات و ناکۆکی و دوبەرەکی و چاندنی ڕق و کینە لە ناو ناخی تاکی کورددا بەرامبەر بەیەکتر دروست ئەکات ، هەیبەتی کورد و پێشمەرگە لە ئاستی دونیای دەرەوەدا لەکەدارو سوک ئەکات ، سەدان هەزار مرۆڤی دڵسۆزی گەل و خاک بەهۆی سیاسەتی چەپەڵ و دوژمنکارانەی خۆیە دەربەدەر ئەکات ، پەروەردەو خوێندن و فێرکردن هەر لە باخچەی ساوایانەوە هەتا خوێندنی باڵاو زانکۆ پەک ئەخات و ڕیسوای ئەکات و یاری و قومار بەئێستاو ئایندەتەوە ئەکات ، تەواوی سەروەت و سامانی گەلەکەی بەتەواوی توانای خۆیەوە ئەدزێت و تەنانەت قەرزدارکردنی هاوڵاتیەکانیشی ، چەتەیی و گیرفانبڕینی هاوڵاتیەکانی بە باج و سەرانە بەڕێگای جیاجیا و فەرهودکردنی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی ، چەندان مرۆڤی نوخبە و دەستەبژێر و چاکەخواز و ئازادیخواز ترۆر ئەکات ، گەروی مەلاو ڕۆژنامەنوسەکانی پڕئەکات لە فیشەک ، سامانێکی بێشوماری ناشەرعی بەدزینی مافی هاوڵاتیەکانی پێکەوەدەنێت و لە بەرامبەردا دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەتاڵ ، کەسایەتیە گەورەو ڕەسەنەکانی کورد سوک و بێبایەخ پیشان ئەدات و لە بەرامبەردا گەورەکردن و بەڕەمزکردنی کۆمەڵێک مرۆڤی بچووک سیاسەتێتی ، هەتا ئێستا لە بەرامبەر بەڕێوەبردنی هەرێمێکی بچووک گەورەترین شکستی خواردووە نەیتوانیوە تا ئێستا خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان دابین بکات و توشی شەرمەزاری بووە ..... هتد )
تۆ بێیت و باسی بەدیل بکەیت ، ( لەگەڵ ئەوەی هەموو کات بڕوام وایە کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا مرۆڤی شەریفی تێدا ماوە ) بەڵام بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتێکی چەپەڵی لەم شێوەیە مرۆڤ نابێت بیر لە بەدیل بکاتەوە ، درۆیەکی شاخدارە ناکۆکی و ڕەخنەگرتنی بەتایبەت ئەو حزبانەی کە لەناو گاڵتەجاڕی بەناودەسەڵاتدان درۆیەکی شاخدارە ڕەخنەی ئەم کابینە ، ئەمانە ڕاست ناکەن ( یەک مەعدەن و یەک پاکێجن ) !
ئەوەی ئەمانە بەسەر ئێمەیاندا هێناوە دوژنمن بەدوژمنی خۆی ئەگەر زۆر داخ لەدڵ بێت هەرئەوەنەی پێ ئەکرێت ! ئەسڵەن دوژمن کێیە ؟ کاتێک ئەمانە دەستیان لەگەڵ هەموویان تێکەڵە !
ئیدی ئیشم بە بەدیل چییە و گومانم لەچی هەبێت ؟