Draw Media

بەیەکەوە سزای مرۆڤایەتی و ئەمریکا ئەدا

بەیەکەوە سزای مرۆڤایەتی و ئەمریکا ئەدا

2020-05-30 10:55:52



دانا حەمەعەزیز
 
 دوێنێ دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیەکانی ئەمریکای لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی WHO پچڕاند و، بڕیاریدا تەواوی پشتیوانیە داراییەکانی بۆ ئەو ڕێکخراوە بوەستێنێ کەساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە.
دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،  سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە WHO گرت بەوەی شەفاف نەبوە و لەکاتی خۆیدا جیهان و ئەمریکای لە گەورەیی مەترسیەکانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە  ئاگادار نەکردۆتەوە. ئەم بڕیارەی ترەمپ، هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی بۆسەر چین بەتۆمەتی ناشەفافی و شاردنەوەی کەلێنەکانی دزەکردن و بڵاوبونەوەی کۆرۆنا. هاوکاتیشە لەگەڵ پچڕاندنی  پەیوەندیە تایبەتیەکانی ئەمریکا لەگەڵ هۆنك کۆنگ بەهۆی دەستێوەردانە ئەمنیەکانی چین لە کاروباری ئەو هەرێمە و لەقاڵبدانی دیمۆکراسی و تێکدانی سیستەمە تایبەتەکەی.  
دەسبەرداربونی ئەمریکا لە WHO، کاریگەریی خراپ لەسەر تواناکانی ئەو ڕێکخراوە بەجێئەهێڵێ بۆ پاراستنی تەندروستی کە خەمی هاوبەشی مرۆڤایەتیە، بەتایبەتیش لەم کاتەدا کە ئەرکێکی گەورە کەوتۆتە سەرشانی ڕکخراوەکە و زۆر لە وڵاتە هەژارەکانی دنیای سێ پشت بە کۆمەکە دارایی و تەندروستیەکانی ئەبەستن.
 هەرچەندە دوای ئەمریکا، ژاپۆن و ئەڵمانیا و بریتانیا و فرەنسا  پشتیوانی سەرکی ئەم ڕێکخراوەن، بەڵام بێگومان ئەم بڕیارەی ترەمپ لەم کاتەدا، تەندروستی گشتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دوچاری مەترسی گەورە ئەکاتەوە و ڕەنگە کارەکانی لە ئایندەیەکی نزیکدا بوەستێنێ، یان لە باشترین حاڵەتیدا ئەشێ هەژمونی وڵاتێکی ناتەندروست و ناشەفافی وەك چین بەسەر ئەم  ڕێکخراوە گرنگەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە زیاد بکا و، ڕۆڵی ئەمریکا وەك گەورەترین سەرمایەی ئابوری و زانستی سەر زەوی، لە سەرکردایەتی کردنی جیهان بەتاڵکاتەوە.
🔹ڕێکخراوی   WHO
🔹نیسانی ١٩٤٨ دامەزراوە.
🔹ساڵی ١٩٥١ دەست بەکاربوە.
🔹یەکێکە لە ڕێکخراوە گرنگەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان.
🔹بارەگای سەرەکی لە شاری جنێڤ ی سویسرایە.
🔹شەش بارەگای دیکەی  ناوچەیی و ١٥٠ ئۆفیسی لە وڵات و شوێنە جیاوەزەکانی جیهان هەیە.
ڕێکخراوی WHO  بەرپرسیارە لە تەندروستی گشتی نێودەوڵەتیی، ئامانجی سەرەکی  بریتیە لەدابینکردنی "بەرزترین ئاستی تەندروستی بۆ گەلان" .
 کاریگەری زۆرباشی هەبوە لە ڕوبەڕوبونەوەی پەتا و ڤایرۆسە کوشندەکانی وەك  smallpox، مەلاریا، کۆلێرا، سیل، HIV و لەپێشخستنی ڤاکسینی ئیبۆلا دا ڕۆڵی گرنگی بینیوە.
سیستەمی تەندروستی زۆربەی وڵاتە هەژارەکان پشت بە کۆمەکی ئەم ڕێکخراوە ئەبەستن.
بودجەی ساڵی ڕابردوی WHO  نزیکەی چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلار بوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand