نوێ ..... نوێبوونەوە
2020-05-31 13:50:42
پەیكار عوسمان
لە ڕوکەشدا (نوێ) شتێکە کە نەبووەو پەیائەبێ. موجەڕەد پەیابوونەکەی ئەیکاتە نوێ. مەسەلەن حیزب ئەگەر تەنیا قەپاغەکەی و هەر ئەوە وەرگرین کە ناوی حیزبە، لێرەدا "نەوەی نوێ" حیزبێکی نوێیە، چونکە لە تەمەندا دواحیزبە کە پەیابووە.
لە ناوەڕۆکیشدا (نوێ) مەساحەی جیاوازبوونە لەوەی کە هەیە. لێرەدا تەنیا پەیابوون و قەباغەکە ناتکاتە نوێ و ئەبێ ناو پاکەتەکە شتێکی جیاوازی تیابێ ئینجا نوێبوونێك ڕووئەدا. ئەمەش هەر ئەو ڕووداوەیە کە لە نەوەی نوێدا ڕووینەدا، چونکە ناوەڕۆکەکەی هەمان تاسوحەمامە.
بەڵام (نوێبوونەوە) پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە نیەو تەنیا لە شکڵدا ئەکرێ، چونکە ئەگەر دەسکاری ناوەڕۆك و جەوهەر بکرێ، ئیتر کارەکە لە "نوێبوونەوە"وە ئەترازێ بۆ "نوێ"، شتەکەش ئەبێتە شتێکی تر!
یەعنی نوێ هەر ئەو شتەیە کە لە جەوهەردا لەوەی پێشخوێ جیایەو ئەگەر جیاوازییەکە جەوهەریی نەبێ، نە ئەم ئەبێتە نوێ، نە ئەو ئەبێتە کۆن.
یەعنی "نوێ" پەیوەندی بەوەوە هەیەو ئەوەیە کە بە جەوهەرو ناوەڕۆك "لەو" جیاوازە. بەڵام "نوێبوونەوە" پەیوەندی بەخۆتەوە هەیەو ئەوەیە کە شکڵی ئێستات لە هی پێشتری خۆت جیاوازئەکەیت.
یەعنی "نوێبوونەوە" مەساحەی جیاوازبوونە لە خۆت. بەڵام "نوێ" مەساحەی جیاوازبوونە لەو.
یەعنی نوێبوونەوە ئەوەیە کە لە خۆت جیاوازبی و نوێ ئەوەیە کە لەو جیاوازبی.
بۆیە هەر لەڕێوە واز لە (نوێ)کە بێنەو ئەمەیان بۆ یەکێتی ناشێ. چونکە "بە ناوەڕۆك" یەکێتی نوێ نیەو هەمان مەعدەنی کۆنەکەیە کە پارتییە. بە تەمەنیش نوێ نیەو دوای ئەو دنیایەك حیزبی تر لەدایکبوون.
یەعنی یەکێتی بەهیچ جۆرێك لە ساحەی نوێبووندا نیەو ئەوەی هەیە تەنیا ساحەی نوێبوونەوەیەو هەنێ شتی ڕووکەشییە. ئەوەشی کە بۆ کۆمەڵگای ئێمەو بۆ یەکێتی خۆشی گرنگە، نوێبوونە نەك نوێبوونەوە!
"نوێبوون" بۆ یەکێتی و بۆ هەر حیزبێکی تری ئێمە، مەسەلەی فکرو ئایدۆلۆژیا نیە. سۆسیال دیموکرات و ییزم و ییست و و چەپ و ڕاست نیە.. بەڵکو تەنیا مەسەلەی دزی و نادزییە. چونکە تازە بمانەوێ و نەمانەوێ، دزی بووە بە جەوهەری حیزبایەتی ئێمەو نوێبوونیش پەیوەندی بە جەوهەرەوە هەیەو یەکێتیش جارێ دەسکاری ئەم جەوهەرەی نەکردوە تا "نوێ" بێت!
ئەوەی کە یەکێتی هەنێ گۆڕانکاریی لە هەیکەل و بەڕێوەبردنی حیزبا کردوە، ئەمە نە "نوێ"یە نە "نوێبوونەوە". چونکە شتەکان جگە لەوەی نوێ و جەوهەریی نین، تەنانەت لە شکڵیشدا نوێبوونەوە نین و کۆنبوونەوەو گەڕانەوەیە بۆ دواوە!
ئاخر گەڕانەوە بۆ نەفەسی جەلالیی و مەلایی شەستەکان، کوێ ی نوێیەو کوێ ی نوێبوونەوەیە؟ ئاخر بە بنەماڵەییبوون و بە ئەمنییبوون، کوێ ی نوێیەو کوێ ی نوێبوونەوەیە؟
لەڕاستیدا ئەوەی کە لە ناوەڕۆکدا لە پارتی جیاوازبوو، کۆمەڵەکەی ئارامبوو. باڵەکانی تری یەکێتی تەنیا لە ڕووکەشدا لە پارتی جیاوازبوون. دەی بۆ بەدبەختی ئەوەی کە توایەوە کۆمەڵەبوو، ئەوەشی کە مایەوە، ئەوەبوو کە هەمان ماهییەتی پارتیی هەبوو!
یەکێتی ئەبێ تێبگا، دروستکردنی گرژی لەگەڵ پارتی، حیکایەتێکی سواوەو نە نوێ دروستئەکا نە نوێبوونەوە، نە عەبایەکیشە چیتر "لێکچوونەکانی لە پارتی" ئەشارێتەوە!
یەکێتی لە ئەساسەوە لێکچوویەکی پارتییەو بەدرێژایی ئەم ٤٥ساڵەش جیاوازی خۆی لەگەڵ پارتیدا کەمکردۆتەوە، بەڕادەیەك کە بووە بە پارتییەکەی تری گیانی ئێمە. جا ئەم "گاحەقیقەتە" لە پشتی نمایشی دژایەتی پارتییەوە ناشاردرێتەوە!
لە دۆخی فەسادی سیاسییدا، نوێبوون تەنیا بڕێك ئەخلاقی سیاسییە، کە یەکێتی زۆر دوورە لەم جۆرە نوێبوونەوە،، چونکە فەسادی سیاسیی ئێمە، ئەگەر دوو کۆڵەکەی گەورەی هەبێ، دوای پارتی، یەکێتی کۆڵەکەی تریەتی، حیزبەکانی تریش وردە کۆڵەکەکان.
"نوێبوونەوە" دادی یەکێتی و هیچ حیزبێکی تری ئێمە ناداو تەنیا "نوێبوون" دەرمانی ئەوانە. نوێبوونیش ئەوەنیە کە یەکێتی دژی پارتی بێت، نوێبوون ئەوەیە کە یەکێتی خۆی پارتییەکەی تر نەبێت!
بەکورتی نوێبوونەوە تەنیا میکیاجەو نوێبوون تەنیا دزنەبوونە. ئاخر "دزبوون" کۆنی سیاسەتی ئێمەیەو نوێ تەنیا ئەوەیە کە سەر بەم کۆنە نەبێ.
حیزبی ئێمەش کۆن و نوێیان هەموویان لە دزبووندا کۆنن و تەنیا بە دزنەبوون ئەتوانن ببنە نوێ.