Draw Media

فاشیزمی تورکی لە لوتکەی مەترسیدا

فاشیزمی تورکی لە لوتکەی مەترسیدا

2020-06-01 12:19:48



سەلاح خدر
گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی بارش چاکان خەڵکی ناوچەی ئاگری باکوری کوردستان بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە، شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ئالسانجاکی شاری ئەنقەرە لەلایەن ٣ ڕەگەزپەرستی تورکەوە هێرش کرایە سەری و بەچەقۆ کوشتیان.
بەپێی داتا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان فاشیزم و نەژادپەرستی و دەمارگیری ئاینی لەماوەی ١٨ ساڵی دەسەڵاتداری ئەردۆغاندا بەشێوەیەکی لە تورکیا هەڵکشاوە کە ئیدی لە غەیرە تورک و موسوڵمانی سونیی هیچ نەتەوە و باوەڕێکی دیکە ئاسایشی ژیانی مسۆگەر نییە، مەگەر ئەوانەی نکۆڵی لە نەژاد و باوەڕی خۆیان بکەن، لەپێشدا کورد دوای ئەرمەنیەکان، عەرەب، مەسیحی، عەلەوی و ئێزدی لەژیر هەڕەشەی جدی تورکە ڕەگەزپەرستەکاندان، ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر خۆیان و جێگا پیرۆزەکانیان.
ئەردۆغان لەساڵەکانی سەرەتای حوکمڕانیدا بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتداری خۆی هەڵمەتێکی تاکتیکی بەناوی کردانەوەی کوردی دەستپێکرد، تا ئەوەی قاچی داکوتا، ئیدی دەمامکەکەی فڕیدا و ڕووی ڕاستی خۆی (فاشیزمی کەسک)ی دەرخست لەگەڵ ڕەگەزپەرسترین حزب لەمێژووی تورکیا (پارتی نەتەوەیی تورکیا - مەهەپە) و ئەرگەنەکۆن و دەوڵەتی قوڵ و چەتە و مافیاکان یەکیان گرت و لەڕێی گۆڕینی یاسا و دەستورەوە دەستیان بەسەر تورکیادا گرت.
ئەردۆغان بەدروشمی هەموو شتێک لەپێناو تورک و تورکیادا، پەیماننامەی میساقی میللی و گەڕانەوە بۆ سنورەکانی عوسمانی هێنایە ڕۆژەڤەوە، لە هەوڵی داگیرکردنی کۆبانێ لەڕێی چەتەکانی داعشەوە و پاشان داگیرکردنی ڕاستەوخۆی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی و کاولکردن و کۆمەڵکوژی ناوچەکانی سوری ئامەد، جیزرە، سلۆپی، کاربۆران و چەند دەڤەری باکوری کوردستان، دەستوەردان لە کەرکوک و موسڵ، کردنەوەی بارەگای سەربازی نوێی لە نزیک موسڵ و هەرێمی کوردستان، دروستکردنی هێزی چەکداری پڕۆکسی لە تورکمان و سونەکانی عێراق و ناردنی هێز بۆ سوریا و لیبیا پیلانە مەترسیدارەکەی کرداری کرد.
بەردەوام لەڕێی میدیاکانی تورکیا کەدوای سیناریۆی کودەتای تەموزی ٢٠١٦ لەلایەن ئەردۆغان و هاوکارەکانیەوە وەک سوپا دەستی بەسەرداگیراوە، ژەهری نەژادپەرستی لەناو کۆمەڵگادا بڵاودەکرێتەوە، هونەرمەندانیش لەڕیی گۆرانی و فیلمەکانیانەوە وەک ئەوەی لە داگیرکردنی عەفریندا بینیمان بوونەتە پارچەیەک لەو پڕۆژەیە، بەپڕوپاگەندەی (هیچ نەتەوەیەک لە تورک پیرۆزتر و شەریفتر نیە، بەختەوەرترین کەس ئەوەیە کە تورکە) بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و کۆمەڵایەتی ئاستی ڕەگەزپەرستی لە تورکیا بۆ لەسەدا ٢٠٠ بەرزکراوەتەوە و ئەو فکرە مەترسیدارە سنورەکانیشی تێپەڕاندووە و تورکەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەشی لەخۆیدا کۆکردوەتەوە، لەو ڕێیەوە خۆیان لە دەسەڵاتداریدا هێشتوەتەوە.
میدیای لغاوکراوی هەنوکەیی تورکیا بەئاستێکی زۆر فکر و بۆچوونی کۆمەڵگای داگیرکردووە و سیستەماتیک ئاڕاستەی دەکات.
بەتایبەت دوای سیناریۆیی کودەتاکە هەزاران دەنگی ناڕازیی تیرۆرکران یان خرانە زیندانە و هەزارانی دیکە ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن.
ئەردۆغان لەڕێی حەسەن خەیریەکانی حکومەتی هەرێمەوە چەقۆی تورکی خستوەتە سەر ملی گەلی کورد و هەوڵی قوربانی کردنی دەدات، ڕۆژانە بارەگای نوێی سەربازی دەکاتەوە و خاک داگیر دەکات، بۆردومان کۆمەڵکوژی ئاشکرا دەکات، هێڵە ئیخوان موسلمینە کوردەکانی باشووریش پرسی چارەنوسازی نەتەوەیی کوردیان لەهەستیارترین سەردەمدا کردوەتە قوربانی هێڵی دەمارگیری ئاینی سونیی گوایە ئەردۆغان محەمەد مەهدی سەردەمە و پێشەنگایەتی مانەوەی ئەو هێڵەیان بۆ دەکات بەرامبەر خاچپەرست و رافزیەکان هەربۆیە بێپەردە پشتیوانی ئەو ڕەگەزپەرستیە خوێناویەی تورکیا دەکەن و فتوای بۆ دەدەن.
ئەردۆغان سودی لە پەرتەوازەیی و ناکۆکی نێوماڵی کوردی بینیووە، هەربۆیە تاکە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو فاشیزمە مەترسیدارە یەکبوونی نەتەوەییە ڕێگەی دووهەم نیە...

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand