Draw Media

درۆ بە تامی ئۆپۆزیسیۆن!

درۆ بە تامی ئۆپۆزیسیۆن!

2020-06-01 19:32:09



ئارام سەعید
دەگێڕنەوە رۆژێک ونستن چەرچڵ بە گۆڕستانێکدا دەڕوات و دەبینێت گۆڕێک لێی نوسراوە "لێرەدا پیاوێکی راستگۆ، سیاسیەکی سەرکەوتوو نێژراوە" چەرچڵ بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت" یەکەم جارمە لە ژیانمدا ببینم دوو کەس لەیەک گۆڕدا نێژرابن" کە دیارە مەبەستی ئەوەیە ئەگەر سیاسی بێت نابێت راستگۆ بێت.
ئەوکاتەی منداڵ بوین هەمومان پێمان دەگوترا درۆ خراپە، شورەییە، بۆیە وەک کرداریکی خراپ سەیرمان دەکرد، بەڵام گەورەکان مافی ئەو درۆکردنەیان هەبوو، بەهەمان شێوە سەرۆک بۆی هەیە درۆ بکات بۆ خوار خۆی بەس نابێت ئەوانیتر درۆ لەگەڵ سەرۆک بکەن، ئەگەر هاتوو درۆیان لەگەڵ سەرۆک کرد ئەوا بە خائین لەقەلەم دەدرێن، بەڵام سەرکردەو سەرۆک درۆ لەگەڵ لایەنگرانیان دەکەن، بەڵێنی درۆ بە جەماوەر دەدەن، بەڵام بۆچی بڕوا بە درۆکانیان دەکەین؟
ئەوکاتەی گوتاری سیاسیەک بلاودەکرێتەوە، یان پەخش دەکرێت مرۆڤ بۆئەوەی بڕیاڕ بدات لەسەر باشیی و خراپی گوتارەکە بڕیکی زۆر پشت دەبەستێت بە هەست و سۆز، ئەو پاساوەی دەیهێننەوە بۆئەوەی بڕیار بدەن لەسەر گوتارەکە رەنگدانەوەی هەست و سۆزی کەسەکان خۆیانە کە وادەکات بڕیاڕ بدەین ئەو سیاسیە راستگۆیە یان درۆزن، هەربۆیە زۆرکات تام و چێژ دەبینین لە درۆی سیاسیەکان و بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین بڕوامان بەو درۆیانە کردوە. هەر بۆیە ئەوانیش لە گوتارەکانیاندا پشت دەبەستن بە وروژاندنی سۆزی جەماوەر و دروستکردنی جیهانێکی خەیاڵیی، لەمبارەیەوە بیریارە گەورەکان کە نوسینی گرنگیان لەسەر درۆی سیاسیەکان هەیە ( کۆبری، هانا ئارنێت، دێریدا)پێیان وایە کرداری سیاسەتکردن لەمڕۆدا پەیوەست نیە بە عەقڵەوە، یان حەقیقەت، بەڵکو پەیوەستە بەو بۆچونانەی لەسەر خەیال بونیاد نراون، هەربۆیە سیاسەتکردن زۆرترین درۆی تیا دەکرێت.
جۆرج ئۆروێل رۆماننوس دەڵێت" زمانی سیاسەت وا دیزاین کراوە کە درۆ واڵێبکات وەک حەقیقەت دیاربێت و کوشتن وەک شتێکی بەڕێز نیشان بدات" گەر سەرنج بدەین یەکێک لە پێناسە گرنگەکان کە زۆر دوبارە دەبێتەوە لە سیاسەتدا ئەوەیە کە دەڵێن"سیاسەت هونەری مومکینە" ئەو کاتەی ئەو پێناسەیە هاتە کایەوە ئەوگومانە زیاتر بوو کە دەکرێت ئەو هونەرە درۆکردن بێت، واتە هونەرێک بەکاردەهێنیت بۆئەوەی شتیک بەدەست بێنیت ئیتر دەردەکەوێت ئەو هونەرە دەکرێت ئامانجێکی خەیاڵیی بێت کە ڕاست و عەقڵانی نیە..

درۆکردن تەنها بۆئەوانە نیە لە حوکمدان بەڵکو لە سەردەمی بەرگری و ئۆپۆزیسیۆنیشدا بەهەمان شیوەیە. لەخەباتی کوردایەتیدا بۆ بەرگری لە نیشتمان دژی داگیرکەر زۆر شەرعیەت بە درۆ دراوە، ئەویش لەپێناوی مەبەستی پیرۆزدا کراوە، یان دەیانگوت نابێت لەگەڵ دوژمن راستگۆ بین، رەنگە زۆر مرۆڤی پاک و بێگەردیش لەئەنجامی ئەو درۆیانە بوبێتنە قوربانی، چونکە گەل لەسەر ئەو درۆیانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکات کە لە پێناوی نیشتماندا بوە. جگە لەوەی خۆیان بەخاوەنی حەق دەزانی و پێیان وابوو ئامانجی باڵایان هەیە کەئەویش رزگارکردنی گەل ونیشتمانە لە داگیرکەر. ئێستاش بەهەمان شیوە لەپاڵ درۆکانی سیاسیی دەسەڵاتدا ئۆپۆزیسیۆنیش بەهەمان شێوە بۆ ئەوەی بگەن بەو دەسەڵاتە هەستی خەڵک بوروژێنن و زۆرترین دەنگ کۆبکەنەوە بەهەمان رێسای کوردایەتی شەرعیەت دەدەن بە درۆکردن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان و سەرکەوتن بەسەر دوژمندا،بۆ ئەوەی جەماوەر بروا بکات دەبێت دەستکاری واقیع و دەستکەوتەکان بکەن، تەنها جیاوازی درۆی هەردولا ئەوەیە درۆ بەتامی ئۆپۆزیسیۆن جیاوازە لە درۆ بە تامی دەسەڵات چونکە ئەو بەڵێنانەی لەکاتی ئۆپۆزیسیۆن بوندا دەیدەن ناتوانن لە دەسەڵاتدا جێبەجێی بکەن، بۆیە گوتارەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت کەدەچنە دەسەڵاتەوە.
ئەبراهام لنکۆڵن دەڵیت" ئەتوانی هەموان بۆ کاتێک هەڵخەڵەتێنیت، یان کۆمەڵێک خەڵک بۆ هەموو کات هەڵخەڵەتێنێت، بەڵام ناتوانی هەموو خەڵک بۆ هەموو کات هەڵخەڵەتێنیت" هەربۆیە درۆکردن ناتوانێت تا سەر بەردەوام بێت و هەموان هەڵخەڵەتێنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand